مارکس و پرۆلیتار و روسۆ و شۆڕشی دوای کۆرۆنا

Monday, 04/05/2020, 3:54

8314 بینراوە


پرۆلیتار ئەو مرۆڤەیە وەک ئنگلس دەڵێت: ( کاتێک منداڵێک ماوەی دوانزە خولەک لە کارگەیەکدا ئیش ئەکات و نەچۆتە مەکتەب، هیچی تری نەبینیوە لە ژیانیاد جگە لە کارگە. لە تەمەنی سی ساڵیدا ئەو منداڵە دەبێتە کەسیکی توندوتیژو خراپەکار)!
مارکس و ئنگلس و زۆر لە کەسانی بورژوا هەوڵیان ئەدا کە پرۆلیتار لە بارەی چۆنێتی خۆشگوزەرانی و ژیانیان وشیاریان بکەنەوە، هەتا وەکو ڕاپەڕێت.
ئەمڕۆ ئەو پرۆلیتارەی کە ئنگلس باسی دەکرد لە ئەوروپا بوونی نەماوە. پرۆلیتارێکمان هەیە خوێندەوارە و ئایفۆنی بەدەستەوەیە، ئاگاداری رووداوەکانی جیهانە، هەرچەندە بە کولە مەرگی دەژی و موچەکەی بەشی بژێوی ژیانی ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ باشکردنی باری ژیانی ڕاشناپەڕێت، لەبەر ئەوەی کە ئەو خۆی هەرگیز بەبێ یارمەتی چینی بۆرژوازی نەیتوانیوە راپەڕێت، بۆرژوازیش لەهەمو سەردەمێکدا بەکاری هێناوە بۆ ڕوخاندنی سیستەمێک، لەبەر ئەوەی کە کاتێک بۆرژوا ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە بەیارمەتی هێزی پرۆلیتار ئامانجی خۆی وەدەست دەهێنێت، گوایە بە رووخاندنی ئەو سیستەمە باری ژیانی پرۆلیتار باشتر دەکات، تەنانەت هیتلەریش بە یارمەتی پرۆلیتار حوکمی گرتە دەست. ئەمڕۆ پرۆلیتار لە یارییەکە تێگەیشتوە و باوەڕی بە سەندیکاش نەماوە، هەر کاپیتالیسم خۆشی ئەو زانیاریانەی پێ داوە، جگە لەوەی کە ئەوروپا بۆ دەمکوتکردنی کرێکاری ئەوروپی کرێکارێکی زۆری بیانیان هێناوە، وەک لە فەرەنسا بە کرێکارەکانی ئەفریقای باکور، ئەم کرێکارانە جگە لەوەی بە مافی خۆیان رانابینن وەک بیانی ڕاپەڕن، لەهەمان کاتدا بەشێکی زۆریان لە سەر دینی ئیسلامن و لە کەلتورێکی ترن کە نامۆن بە داواکردنی مافی خۆیان، زیاتر داوای مزگەوتێک دەکەن بۆ نوێژکردن، جگە لەوەی، کە مولتی ناسیۆنال نایەڵێت بەهیچ جۆرێک ژمارەی بێکاریی دابەزێت کە جیهانگەرایی ئەو مافەی پێداوە کارگەکانیان بگوێزنەوە بۆ ولاتانی تر، بۆیە پرۆلیتار ڕازیە بەوەی بەهەر نرخێک بێت کە کارێکی دەس کەوتووە بەو هۆیەوە ناکەوێتە دەرەوەی کۆمەڵگە. سیستەمی دیموکراتییش تێی گەیاندوە کە دەبێت خزمەتی گشت بخاتە پیش خزمەتی خۆیەوە، لەبەر ئەوەی، هەمومان لەهەمان بەلەمداین و بە تێکچونی سیستەمەکە ئەویش بێ نان دەبێت، ئەگەر مارکس دەیوت: پرۆلیتار هیچی تر ون ناکات لەکاتی ڕاپەڕیندا جگە لە کەلەپچەی دەستی، ئەوا ئەمڕۆ پرۆلیتار ئایفۆنەکەی وندەکات کە بۆتە نیوەی توانای بیرکردنەوەی. بە پێچەوانەی ئەوەیشەوە، کە مارکس پێشبینی بۆ دەکرد کاپیتالیسم لە کۆتاییدا دادەڕمێت، بەڵام مێژوو دەری خست، کە کاپیتالیسم دەتوانێت خۆی بگونجێنێت، بەوەی کەهەندێک لە سیاسەتی چەپڕەوەکانیشی بۆخۆی بردووە. بەڵام خاڵی هەرە سەرەکی ئەوەیە، کە بۆرژوازی لەم ساتەدا مۆدێلێکی ئابوری تری پێ نییە، جگە لەوەی کاپیتالیسم پێشنیاری دەکات . ژیلێی ژۆنی فەرەنسا وەک کۆمۆنی پاریس بەبێ سەرکردە و ئایدیۆلۆژی، شکستیان هێنا.
مارکس دەیوت: (کاپیتالیسم بۆ بەرهەمهێنانی هەمیشە زۆرتر، بچوکترین کونج و ڕێی ئەم جیهانە دەگرێتە خۆی و هەموو سەرچاوەی سروشتی بەکاردەهێنێت، بە بێ وچان دەرئەنجامەکەی بە تێکشکاندنی خۆی و ژینگە کۆتایی دێت و دەڕوخێت) بەڵام کاپیتالیسم دەزانێت ئەگەر لەبەرهەم هێنان بوەستێت ئەوا دادەڕمێت، بۆیە دەزانێت لە بەردەوامبونیدا شانسێکی هەیە، هەربۆیەش خۆی دەگونجێنێت.
کاتێک مرۆڤ وەک مارکس تەنها لێکدانەوەی بۆ رووداوەکانی دەرەوەی خۆی هەیە و هیچ تێڕوانینێکی بۆ ناخی خۆی نییە، چارەسەرەکان زۆر ئاسانن، بۆیە مارکس وەهای دەبینێ، کە ئەو سیستەمە بە قوفلێک گرێدراوە و بە شکاندنی ئەو قوفڵە ئیتر هەموو گیروگرفتەکانی مرۆڤ چارەسەردەکرێن، لەبەر ئەوەی مارکس هەرگیز تێڕوانینی بۆ ناخی خۆی نەبووە: (خۆت بناسە). بەو پێیەش شیکاری بۆ سروشتی مرۆڤ نەبووە، هەوەس و ئارەزوە شاراوەکانی نەبینیوە، چونکە وەک چارەسەرێک بۆ ڕاکردن لە واقیعی ژیانی خۆی، هەمیشە لە نووسیندا بووە، هەر ئاواش پرۆلیتاری بینیووە: هەمیشە لە شۆڕش و لە ئکسێۆندا وەک خۆی لە نووسیندا، مارکس هێندە بە نووسینەوە خەریک بووە کە هەرگیز کاتی نەبووە تەنانەت بیر لە ماڵ و مندالەکەشی بکاتەوە. کاتێک لەگەڵ خێزانەکەیدا ئەڵمانیا جێدەهێڵێت و دەچێت بۆ ئینگلتەرا، ئەو بەهۆی ژنەکەیەوە کە فێری ژیانێکی ئەریستۆکراسی بووبوو، بەناچاری لە ئینگلتەرا لە خانووی گەرەکێکی هەژاردا دەژیان، کە نان نەبوو بیخۆن، لەبری ئەوەی بچێت کاربکات بۆ بژێوی ژیانیان، هەر بە نووسینەوە خەریک بوو، وەک چۆن خۆی دەیوت: (کاپیتالیسم ماشینێکی خستۆتە کار کە لەکۆتاییدا سەری خۆی دەخوات، وەک چۆن سەرەتان کاتێک دەچیتە خانەیەکەوە خانەکە لەناودەبات، خۆ ئەگەر بە ئاگا بوایە ئەوا لەو کارەی دەوەستا)، مارکسیش نووسینی کردبووە پیشەی وەک خەباتێک وەک خۆی دەڵێت مێژووی مرۆڤ مێژوی چینایەتییە، بەڵام ئەو وەک کاپیتالیسمێک بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو هەوڵی ئەدا و لەو پێناوەدا هەقیقەتی نەدەبینی، کە خێزانەکەی نانیان نەبوو بیخۆن، ئەم ئارەزوەش هەر هەمان ئەو هەوەسەیە، کە کاپیتالیسمی پاڵ پیوەناوە بۆ بەرهەم هێنان بەبێ وچان، بەبێ ئەوەی سەرنجی ئاکامی کارەکانی بدات. مارکس ئاگادار نەبوو بەوەی، کە هەمان یاری کاپیتالیسم دەکات، خۆ ئەگەر ئاگادار بوایە، ئەوا وەک جەلالەدینی ڕۆمی دەیدا بەسەری خۆیدا و دەیوت؛ خەتابارم گوناهبارم، بەڵام مارکس لەبەر ئەوەی وەک فەیلەسوفێک تەنها سەیری رووداوەکانی دەرەوەی خۆی دەکرد لە هەست و نەستی خۆی بێ ئاگا بوو، تەنانەت کاتێک ژنی ئینگلس دەمرێت بەچەند دێڕێکی سارد و سڕ سەرەخۆشی لێدەکات، وەک ئەوەی کە ئینگلس پشیلەکەی ون کردبێت، ئەویش هەر وەک کاپیتالیستێک گوێی بەوە نەئەدا کە پرۆلیتارێک لەژێر ماشینێکدا بپلیشێتەوە گرنگ ئەوەیە، ماشینەکە بخولێتەوە و قازانجی خۆی بکات، ئەگەر ئەو قازانجەش ماتریاڵ نەبێت.
لەوانەیە بڵیین : نەخێر، بۆ گەیشتن بە ئامانجێک پێویستمان بە خۆبەقوربانیکردنە، کەواتە کاپیتالیسمیش هەمان قوربانی ئەدات بۆ ئامانجێک. خۆ من ناڵێم گیروگرفتەکە تەنها هەوەس و ئارەزوەکانی مرۆڤە و دەبێت سروشتی مرۆڤ بگۆڕین، هەرچەندە مرۆڤایەتی بەرەو ئەو چارەسەرە دەڕوات، بەڵام ناتوانین باسی گۆڕینی سیستەمێک بکەین بەبێ ئەوەی باسی سروشتی مرۆڤ بکەین.
روسۆ دەڵێت ؛ (یەکەم مرۆڤ کاتێک پارچە زەویەکی سنوردار کرد و وتی: ئەمە هی منە، چەند کەسێکی ساویلکەشی دۆزیەوە کە باوەڕیان پێی هێنا، ئەوە بوو بە سەرەتای کۆمەڵگەی شارستانیەت). شارستانیەت واتە خاوەداریەتی هەموو گرفتێک لە خاوەنداریەتیەوە دەست پێدەکات، ئەوانەی، کە ویستیان بە سیستەمی کۆمۆنیسم مرۆڤی لێ بێبەش بکەن شکستیان هێنا. ساڵانی هەشتا، گۆرباچێڤ و پیرۆسترۆیکا کە هێشتا دەماری مارکسیەتیان تێدا مابوو، وایان باوەڕ بوو، کە دەتوانن بە پەروەردە و سەرزەنشتی کردن، مرۆڤ بگۆڕن، دەیانویست لەدوای سیستەمی کۆمۆنیسم، کە تاکەکانی خەونیان بە سەیارەی مارسیدز و کاڵاکانی سیستەمی کاپیتالیسمەوە دەبینی، ئاگاداریان بکەن، بە ڕێکلام و کاری هونەری و سینەما، بەوەی چۆن خۆیان هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەن، بەیانی هەڵسن بچن بۆ کارو واز لە ڤۆدگا خواردنەوە بهێنن، هەرچەندیان کرد نەیان توانی و شکستیان هێنا، ئەوەبو کاپیتالیسم هەموویانی خەبەر کردەوە و خستنیە کار، واتە خاوەنداریەتی.
ژان ژاک روسۆ وەک نۆوا هەریری و زۆر لە بیرمەندەکان باسی یەکسانی و کارەکتەری سۆشیالی مرۆڤی سەردەمی کۆکەرەوە و ڕاوکەر دەکەن، گوایە ئەوان مرۆڤی خراپەکار نەبوون، لەبەر ئەوەی کە خاوەنداریەتیان نەبوو، رۆسۆ دەڵێت: (بیرکردنەوەی مرۆڤی سەرەتایی بریتی بووە لە کاری سادە و ساکار، پێویستیەکانی کەم بوون، بۆیە بەئاسانی وەدەستی ئەخستن، سۆزی وەک سۆزی سروشتبون: خواردان، سێکس، پشوودان ئەو شتە باشانە بوون بۆی. گیروگرفتەکانی بریتیی بوون لە ئازارو برسیەتی، هیچ بەڵگەیەکیش نییە کە مرۆڤی کێوی بە کێوی نەمێنێتەوە، مرۆڤی کێوی مرۆڤێکی ساویلکەیە، (خۆی بۆخۆی) بەس بوو، ئاشتیخواز، مرڤێکی بە بەزیی بوو، بەسۆزبوو، بە پێچەوانەی مرۆڤی شارستانی، خۆپەرست نەبوو. مرۆڤی ڕاوکەر و کۆکەرەوەی دانەوێڵە نەبیریان لە داهاتوو دەکردەوە نە لە خراپە )
هەتا خاوەنداریەتیش بوونی هەبێت نایەکسانیش بەهەمان شێوە، ڕێژەی نایەکسانی بەندە بە رێژەی خاوەنداریەتییەوە، ئەمڕۆ پرۆلیتاریش خاوەنی ئایفۆن و زانیاریشە، ئەوەی لێی زەوت کراوە خەونی بە بۆرژوازیبونێتی، کە وا خەریکە بۆرژوازیش ئەو مافەی لێدەسێنرێتەوە، ئەوەی داوای دەکات تەنها بەرزکردنەوەی موچەیەتی هەتاوەکو ببێتە خاوەنی زۆرترین، ئەم ڕکابەرایەش بی سنورە.
روسۆ دژی خاوەنداریەتی نەبوو، بەڵام بۆ یەکسانی بوو لە خاوەنداریەتیدا، ئەوەش نایەتە دی کاتێک ئێمە هەمان توانا و هەمان مۆراڵیشمان نییە، بەڵام مرۆڤی ڕاوکەر و کۆکەرەوە، ئەگەر مرۆڤێکی خراپەکاریش نەبووە هەرچەندە ئەمە تیۆریە و نەسەلمێنراوە، ئەوا هەرگیز شارستانیەت نەیدەتوانی بیکات بە کەسێکی خۆ پەرست ئەگەر هەستی خاوەنداریەتی بوونی نەبوایە لە ناخیدا. چونکە مرۆڤ ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ڕابوردوی واز لە شارستانیەت بهێنێت، هەرچەندە بە بڕوای (نۆوا هەریری)، ئەو هەڵبژاردانەی کە بڕیاری لەسەرداون لە ڕابوردودا مەرج نییە چارەنووسی ئەو بووبن و مرۆڤ لە هەموو بورێکدا هەڵبژاردەی تری نەبووبێت: دین، مۆدێلی سۆشیال، ئابوریی . بەڵام ئەم هیچ ناگۆڕێت لەباسەکەمان چونکە شارستانیەت واتە خاوەنداریەتی.
لەو کاتەوەی کە لە کارگەکاندا ماشینمان دروست کرد بۆ بەرهەمهێنانی زۆرتر، ئیتر ئەوە بووە سەرەتایەک کە مرۆڤ دەسەڵاتی وردە وردە لە دەستدا. ئەگەر لە سەرەتای شۆڕشی پیشەسازییەوە بازووی کرێکار دەوری سەرەکی نەما لە بەرهەمهێناندا ئەوا لە سەردەمی ئەلگۆریتم و ژیری دەستکردا، دەوری بیرکردنەوەشی نامێنێت، وەک مارکس باسی کردبوو کە کاپیتالیسم ژیانێک دروست دەکات لە پێناوی بەرهەم هێناندا کە لە کۆتاییدا سەری خۆی دەخوات.
کۆرۆنا تەواو ژیانی خەڵکی گۆڕی، جیاوازییەکانی توانای وڵاتان دەرکەوت لەو بوارەدا، چەند ڕۆژێکی تر ژیان دەست پێدەکاتەوە، دوای کۆرۆنا ئابوری جیهان تەواو دائەڕمێت و لەهەموو جیهاندا خۆپیشاندان دەست پێدەکات، لە ئێستاکەوە خۆپیشاندان دەستی پێکردۆتەوە لە فەرەنسا، لەهەمان کاتدا خەڵکی سەرەیان گرتووە لەبەردەم ماکدۆنالد درایڤ. (نۆوا هەریری) لە دواهەمین کتێبیدا بەناوی : homo deus ئەڵیت: (چەند مانگێک پێش شۆڕشی فەرەنسی کەس نەیدەتوانی پێشبینی ئەو ڕووداوە بکات) مەبەستی ئەوەیە کە بلێت ئەویش چاوەڕوانی گۆڕانکاریەکی وەها دەکات لە جیهاندا لەبەر ئەوەی بارەکە گەیشتۆتە ئاستێک کە دەبێت بیگۆڕین، بێگومان گۆڕانکاری گەورە ڕووئەدەن لە هەمو جیهاندا، بەڵام وەک ئەوە نییە، کە ئێمە چاوەڕێی دەکەین .
رۆسۆ باسی گرێی سۆشیالی دەکرد، کە چۆن تاک بخاتە خزمەتی گشتەوە، لە سیستەمێکدام کە دانی پیادانرابێت لەلایەن کۆمەڵگەوە. بەڵام چین باسی قەرزی سۆشیال دەکات، کە چۆن تاکەکانی کۆمەڵگە پەیرەوی ئەو سیستەمە بکەن بەبێ ئەوەی ئەو سیستەمە هەڵبژێردرابێت، چین پرۆلیتارێکمان بۆ دروست دەکات کە سیستەمی دیموکراسی ئێرەیی پێ دەبات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە