لە یادی تێرۆر کردنی (شەھید سەردەشت)

Monday, 04/05/2020, 18:14

5597 بینراوە


(بە درێژایی بیست و نۆ ساڵی ڕابردو ئێمە درێژە پێ دەری بەردەوامی ئەو دوو دەسەڵاتە تاوانکارەی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بوین وڕێگر بوین لە ناو چونیان)
---------------------

لەو بیست و نۆ ساڵەی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی ، سوپایەک زمان درێژ و زمان لوسی شوان غافڵکە و ھەڵخەڵەتێنەری میدیا و فەیسبوکپەیدا بون بۆ بەرژەوەندی خۆیان سڵیان لە ھیچ چەواشەکاریەک نەکردۆتەوە و زۆریان سێبەری دەسەڵات بونە و بە ویست و مەرامی وان بۆدەمێک چەقاوەسو و لەوغە چی بونە تا دەستیان گەیشتۆتە پلە و پۆستەکانیان لە ناو دەسەڵات و بەناو پەرلەمانە ڕیسوایەکە ئیتر لە ھێلکەچوینەوە و تەنیا جیقنەکەیان بۆ خەڵکە خەڵەتێندراوەکە ماوەتەوە .
دەسەڵات چەندە تاوان بارە ئەمانە بە بارتەقای ئەوان زیاتر بەر پرسیاری مێژون لە نەھامەتیەکانی خەڵکی نەزان و نەفام و ساویلکە .
بە درێژایی مێژوی ڕابردوی ئەو سەد ساڵەی بەربەرەکانی کورد و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان گرفتی گەورەی میلەتەکەمان لەگەڵ چینەبەناو خوێندەوارەکەی بوە نەک جیفڵقاوەکەی ھەمو دەمێ لەسەر پێ بوە بۆ قوربانی .
بیست و نۆ ساڵی حوکمی دەسەڵاتی کەمینەی بارزانی و تاڵەبانی ئەوەی تاوان و غەدر و ناحەقی بوە بەرامبەر ئەو خەڵکەیان کرد لە سوکسوکتریان کردن ، بەبەر چاوی خەڵک بە ئاشکرا بونە چاوەش و گەوادی داگیرکەران ، بە فیتی تورکیاو ئێران و ئەمەریکا ھەرچی لۆتی وپۆتی و سۆزانی و خۆ فرۆشی کۆن و ئێستایان کردە سەردەستی ئەو میلەتەی ھەزاران ساڵە بێ پەروا ئامادەی قوربانی بوە و تاکەناسنامەی ناسینەوەی قوربانی و شەھید بون بوە .
ئەو توێژە بە ناو ڕۆشنبیرە لێرە لە ناوە و ئەوەی تر لە دەرەوە ، ھێچ کامێکیان ئامادەی قوربانی ڕاستەقینە نیە بۆ گۆڕانکاری بنەڕەت وڕیشەیی بۆ کەم کردنەوە یان نەھێشتنی ھەژمونی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە یەک خایەن تر . بەڵکو بونەتە ھۆی ورژاندنی شارەزەردەواڵەی پیاوە بەکرێگیراوەکانی دەسەڵات لە ئاسایش و زێرەڤانی و دژە تیرۆر و لەوێ وەش بەگرت دان و ڕاوەدو نان و ھەتا کوشتنیشیلێ کەوتۆتەوە جا لەوێ کەوتونە ھەڵڕشتنی فرمێسکی درۆیینەی تیمساحی و بەیان نامە نوسین و کەمپین ڕاگەیاندن ، کە ئەمەش ھەرەھەڵوێستە ترسناکەکەیە کە یەکیان خەڵکی بێ ئومێد کردوە و ئەوەی تریشیان دەسەڵاتی زیاتر تەیار کردوە و خستویەتیە سەر پێ بۆ لێدان وکپ کردنەوەی پێش وەختە بۆ ھەر ھەوڵێکی مەترسی ڕاپەڕینی خەڵک .
بە کورتی ئەو بەناو توێژە ڕۆشنبیر و چالاکوان و ڕۆژنامە نوسەی ناوە وە و دەرەوە کار و کاسبیەکی ئاوایان دۆزیوەتەوە لەیەک کات بەحیسابی خۆیان خەڵک و خوا لە خۆیان ڕازی بکەن !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە