بانگەوازێ بۆ هێز و لایەن و هاوبیرانی نەتەوەیی و کوردستانییەکی بەڕوومەت

Monday, 04/05/2020, 18:48

3870 بینراوە


لە دیدی بەرپرسیارێتییەکی گەورە و ھەستێکی قوڵی کوردایەتییەوە، نیگەرانین بەو گرژی و ناکۆکی و ھەوڵ و پاساوھێنانەوانە بۆ زیاتر لاوازکردن و کەرتکردنی باشووری کوردستان...
لە کاتێکدا نیوەی باشوور جارێ لەژێر دەسەڵاتی پۆستاڵی ڕەشی حشدی وەحشی و سەربازەکانی قەعقاعدان و ھەموو دەستکەوت و ماف و ھەبوونی کورد لە باشووردا ھێشتا مرەکەبی سەر کاغەزە، ھیچ دەستەیەکی سیاسی یاخود ئەقڵێتێکی کولتووری یان زامنێکی نێودەوڵەتی نییە- لای ئەوانن!- داکۆکی لە کورد بکات... ئالەم کاتەدا کە ھێشتا نیوەی دروشم و ئامانجەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، ««فیدڕاڵی، مافی چارەنووس، کەرکوکی دڵ و قودس و ... ھتد»»نەھاتوونەتە دی ، وا جارێکی تر حکومەتی عێراق قووتی خەڵکی بڕیوە، لە چرکە ساتێکی ئاوھادا یەکریزی و پتەوکردنی سەنگەری خەبات و بەھێزکردنی بازووی کوردایەتی بۆتە ئەرکێکی سەرەکیمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە دەرەکی و سروشتییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ئێمە دێین و بە ناوی شار و دەڤەرێکی بچووک و لاسایکردنەوەی سەقەت و دیموکراسی و ھەق و ماف و دڕندوگی لەگەڵ یەکتردا، داوای ماڵ جیایی دەکەین. بەڕاستی چارەنووسی قەوارەکە و دەستکەوتەکانی دەخەینە ژێر مەترسییەوە...
ھیچ گومانی تێدا نییە، بایی ریال پۆلەتیک کێشەکانی ھەرێم دەبینین، بەڵام پێمان وایە کە پەرلەمان باشترین شوێنی یەکلاکردنەوەی کێشە و ململانێ و داخوازییە جەماوەرییەکانە...
بە ھیوای ئەوەی ھێز و لایەنە کوردستانییەکان ڕێگری لەھەر ھەوڵ و سیاسەتێک بکەن، کە یەکەی نەتەوەیی و مێژوویی و جوگرافیایی و سیاسی کوردستانی پێ لاواز بێت و دەرفەتی ژیانی نەتەوەیی ئەوە ببڕن، ٤-٥ شار نەتوانن پێکەوە چارەنووسیان گرێ بدەن. ئەوە ئاشکرایە شارێک بریتی نییە لە کوردستان، کوردستان جوگرافیا و نیشتمانێکە چەند شارێکی لە خۆی گرتووە..
ئەمە ئەرکی ھێز و لایەن و کەسایەتییە نەتەوەیی و نیشتمان پەروەرەکانە، ئەرکی سەرەکی رۆشنبیرانە دەنگی ناڕەزایی بڵند کەنەوە و جەماوەریش دەبێت، ھوشیار بە ئاگا بێت، لەو گەمە دۆڕاوەی بە ناوی ئەوەوە دەکرێت... کەواتە ھەرچی لەدەست ئەم دەستەوتاقمە بێت، لە گوشارھێنان بە شێوازی شارستانی و مانگرتن و دەنگ و رەنگ نیشاندان، درێخی نەکەن... چونکە ھەرکەس کە خاوەنی ھوشیارییەکی نەتەوەیی و قەدەر و ھەستێکی کوردبوونە، دەبێ ھەڵوێستی ھەبێت...
ئەوەی بەڵگە نەویستە و ھەموو دەیزانین، نەتەوەی کورد بە تێکڕا شەڕی داگیرکەرە دڕندە و نامرۆڤەکانی پێ ناکرێ، جا گەر بێت و چەکی « یەکگرتن» ی وەک گرنگترین چەک و فاکت ، بەدەستەوە نەبێت، چ دوژمن و چ دۆستیش بەھایەکی بۆ دانانێت.
بەکورتی و کرمانجی ڕۆژی چاو نووقاندن و گوێ ئاخنین و دەم داخستن نییە ..دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان، بەتایبەت حیزبە گەورەکان ، بە شێوەی سەرەکی بەرپرسن لەم دۆخە.... نابێت ئەوەش لە بیر بکرێ، سیاسەتی گەندەڵی و بێ پرۆژەیی و بێ بەرنامەیی و بێ خزمەتگوزاری و بێ دادی و ھەوڵی دژایەتی و ملشکاندنی یەکتر، دیاردە و ھەنگاوگەلێکی لەمە ترسناکتریشی بەدواوەوەیە. بۆیەکا گرنگە بەزووترین کات، گۆڕانکاری و چاکسازی لە بەرنامە و سیاسەتی خۆیاندا بکەن و بەرەو پیری ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ھەژار و بێدەرەتانەوە بچن.
بێگومان شاراوە نییە، تا سیما و مۆرکی دوو ئیدارەیی و پەرتەوازی سیاسی چارەسەرنەکرێ، دیاردە ترسناکەکانی گەندەڵی و بێ یاسایی و وێرانەیی بە دروستی چارەسەر نابێت....
ئێمە لەسەر ئەزموون و بنەمای مێژوو و خەبات و قوربانی ، دڵنیاین لەو ڕۆژەوەی ڕۆڵەی کورد، لە ھەر بەرە و ڕەنگێک بوو بێت!، بۆیە چەکی کردۆتە شان و قوربانی بە گیانی خۆی داوە، لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستاندا بووە، نەک بۆ شارێک و گەرەکێک...
بەراستی سەردەمی شارپەرستی و حیزبحیزبێنە لە دنیادا بەسەر چووە و جیھان بەدوای بەھێزکردنی ناوەند و دەوڵەتەکەی خۆیانەوەن و ھەر کەس بۆ بەدەوڵەتبوون تێدەکۆشێ...
ئێمە نەتەوەیەکین لە ھیچ پارچەیەکی نیشتمانەکەماندا مافی ژیانمان نییە و مافەکانی تریشمان بە ئاشکرا زەوت کراون...
ئەرکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی و مۆڕاڵی داوامان لێ دەکات، لە ھەموو کەس زیاتر گرنگی بە یەکێتی ناوخۆ و مەحکەمکردنی سەنگەری بەرگری و داڕشتنی میتۆدی خەبات بدەین.
کەواتە بە ھیچ لۆژیک و پێوەر و ئەقڵێتێکی نەتەوەیی و سیاسی و جوگرافیایی و تەنانەت ئەزموونی خەبات و مۆڕاڵیش، نابێت و ناکرێ، یەکنەگرتوو و غافڵگیر و سەرگەرمی کێشە ناوخۆییەکان بین و بەس و ھەڕەشە دەرەکییەکان لە بیر خۆمان بەرینەوە.
ئەوە داعش و حشدی وەحشی ئامادە کراون...ئەوانیش نەمێنێن، دەیان ھێز و گرووپ و ڕێکخراوی دیکە ساز دەدرێن... ئەوە دوژمنە زاڵمەکانی تورکیا و ئێران و ئێراق و سووریا، ئەوەی ئەم ڕاستییانە نادیدە بگرێ، خۆی بە ھەڵەدا دەبات و پێش ھەر کەس و لایەنێک پێستی خۆی لە دەباخانە دەدۆزێتەوە...! مێژووش لەم ڕووەوە پڕە لە وانەی دڵتەزێن....
جەماوەری بە ڕوومەت و ھێز و لایەنەکان...
پێویستە ھەموو بە یەک دەنگ ڕابن : دژ بە گەندەڵی و نایەکگرتوویی و ھەوڵی دابڕ دابڕکردنی نیوە بەشێکی پارچەیەکی ئازادکراوی وڵات...
ڕابن بۆ ڕێزلێنان لە خوێنی سەدان و ھەزار شەھید و ئاوات و ویست و خواستی ملیۆنان کورد...
ئاشکرایە... ھەر کەس و لایەنێک لەم ڕۆژەدا خاوەن ھەڵوێست نەبێت، یاری و گەمە بە گەوھەری پرسە نەتەوەییەکان بکات،
مێژوو حوکمی تیژ و گرانی خۆی دەدات بەسەریدا... مێژووش سەنگی مەحەکی ھەموو شتەکانە!!!
مێژووش دادگایەکی بێلایەنی حوکم گرانی ڕاست و ڕەوا و بە ویژدانە و ڕوحم بە کەس ناکات..
ژیان و مردن بۆ نەتەوەیەک بە ویژدان ئارامی و کەڵ ژیانەوە، ھەموو سامانی دنیا دێنێ... کەواتە ئەوەی بیەوێ سەربەرزانە بچێتە مێژووەوە، دەبێت، لەخۆیی و بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیا و حیزبەکەی ببورێ، بۆ ئەوەی لە ڕووبەری مێژووی تژی لەسەربڵندی و شانازیدا، جێی شایستەی خۆی بگرێ...
من لە ھەموو حیزب و لایەن و کەس و ڕۆشنبیرەکان دڵنیام، زۆر بەرپرسانە لەم دۆخە ترسناک و ناھەمووارەدا ھەنگاو دەنێن و گەشبینینم بە ئایندەیەکی باشتر لەوەی ئێستا بۆ نەوەکانی ئایندەمان....
دەنا ئاگری دۆزەخی ژیان و ئێستا و مێژوومان کڵپەكڵپێتی و لە سووتانی کەس شەرم ناکات...
بەھیوام ئەم بانگاشەیە لە بەندەیەکی بێ ناوونیشانی خەمخۆڕی نەتەوە و نیشتمانی کوردەوە، وەک بانگەواز و پەیامێکی بە پەرۆشانە و خەمخۆرانە وەرگیرێت...
لەگەڵ ئەوپەڕی سڵاوی کوردستانی خۆشەویستانەدا...
٢٠٢٠/٥/٤

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە