با و بۆرانێکی ترسناک

Monday, 04/05/2020, 22:59

6294 بینراوە


ئاشکرایە کورد وەک میللەتێکی ئازا و خۆڕاگر و قارەمان ناسراوە . بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ، ئەو ئازایەتییە نەیتوانیوە تۆڵەی ژێردەستی چەند ساڵەمان بۆ بکاتەوە و وەک نەتەوەکانی دراوسیێ پارێزگاری لە سەروەری خاکەکەمان بکات و دەوڵەتێکی وەک دەوڵەتەکانی تورکیا و ئێران و عیراقمان بۆ دابمەزرێنێت . ئەمەش بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە ، ئازایەتی بێ ئاوەز و هونەری سیاسەت ، جگە لە نسکۆ و نـەهامەتی ، هیچی تری لیێ سـەوز نابێ . ئەوتا بەردەوام وەک گۆشتی قوربانی وڵاتەکەمان بەسەر داگیرکەراندا دابەشکراوە ، مێژووی نەتەوەکەمان لە خوێن هەڵکیشراوە ، بەڵام نەمانتوانیوە پەند لەو هەموو کارەساتە خوێناوییانە وەربگرین ، کاتێکیش هەلێکی لەبارمان بۆ هاتۆتە پیشەوە ، بە نەزانی سەرکردە سیاسییەکان لە دەستمانداوە . دەوڵەتی عوسمانی دەڕوخێت ، جگە لە کورد هەموو میللەتەکانی ژیردەستی ئازاد دەبن ، ڕژێمی پادشایەتی ئێران و بەعسی فاشست هەرەس دەهێنن ، شا ڕادەکات و ملی سەدامیش بە پەتا دەکرێت ، بەڵام سەرکردەکانی کورد لە خەون و خەڵوەتا دەبن و ناتوانن سود لەو هەموو گۆڕانکارییە مەزنانە وەربگرن . چونکە بە ڕاستی سیاسەتێکی ژیرانەیان نەکردووە گوزارشت لە خواستی میللەت بکات ، بەڵکو ئەوەندەی بیریان لای بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵە و حیزبەکانیان بووە ، ئەوەندە بیریان لای دواڕۆژی نەتەوەکەیان نەبووە ، هەر بۆیە ئەو گۆڕانکارییە گەورانەیان لە دەستداوە ، هەموو جاریکیش کڵاویان کراوەتە سەر و بە دەستی بەتاڵ و ئاشبەتاڵەوە گەڕاونەتەوە چوارگۆشەی یەکەم . بێگومان بۆ زانینی هۆکارەکانی شکستی کورد ، نموونەمان زۆرە ، نە خۆماندووکردنی دەوێت ، نە پێویست دەکات لاپەڕە زۆرەکانی مێژووی ڕابوردوومان هەڵبدەینەوە ، بەڵکو تەنها تەماشاکردنێکی خێرای ئەو حکومڕانییە پاوانخوازەی هەرێم ، کە بۆ ٣٠ ساڵدەچێت بۆتە بەڵای سەری کورد و وەک زەروو بەربۆتە جەستەی شەکەت و ماندووی میللەتە داماوەکەمان ، ئەوا زۆر بە جوانی وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەمان دەداتەوە . ئەوەتا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا و لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک کوردستاندا ، سەرکردەکانی بەمجۆرە سەقەتەی ئەمڕۆ حوکمـڕانی دەکەن ، جا دەبێت باپیرە گەورەکانمان چۆن چۆنی بیریان لە چەمکی دەوڵەت و حوکمڕانی کردبێتەوە ، چەند بێ ئاگابووبن لە هونەری سیاسەت و چۆن چۆنیش هەموو جارێک ئاشبەتاڵیان پێکراوە و هەر جارەی بەشێک لە خاکی خۆیان لە دەستداوە . ئەوەی سەیریشە بەردەوام تێهەڵچوونەتەوە و کەوتوونەتەوە تەقوتۆق و دوای هەزاران قوربانی و ماڵوێرانی ، سەرلەنوێ لە خشتە براونەتەوە .. دوای ڕوخانی رژێمەکەی بەعس و هەڵوەشاندنەوەی سوپا زەبەللاحەکەی سەدام و پشتگیری تەواوی دنیا دەرەوە بۆمان . باشترین فرسەتمان بۆ هاتە پیشەوە ، جا ئەگەر سیاسییەکان بە عەقڵ سیاسەتیان بکردایە و وازیان لە تاج و تەخت و کۆکردنەوەی سامان بهێنایە و تا مردن بە کورسییەوە نەنووسانایە ، دیارە ئەوە باشترین فرسەتبوو بۆ داڕشتنی بناغەی دەوڵەتێک ، کە باڵای بە قەد باڵای تێکۆشان و قوربانییە زۆرەکانی نەتەوەکەمان بێت ، کەچی کاتێک بارزانی و تالەبانی یەکەم کۆبوونەوە لەگەڵ برێمەری حاکمی عیراقدا دەکەن ، لەجیاتی ئەوەی داوای سەربەخۆیی بکەن ، داوای پارە دەکەن ، هەر بۆیە برێمەر ئەو داوایەی بەلاوە زۆر سەیردەبێت و دەڵێت : ( ئەوکاتە زانیم بەرپرسانی کورد زیاتر بۆ پارە دەژین نەک بۆ ئازادی ! ) ... بێگومان قسەکانیشی ڕاستبووە ، چونکە پارتی و یەکێتی هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ، هەموو خولیا و سەودایەکی ژیانیان تەنها پارە بووە ، هەر بۆیەش پایە لەرزۆکەکانی حکومەت و پەرلەمانە کارتۆنییە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمیان لەسەر بنەمای بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی میللەتەکەی خۆیان داناوە ، هەر بەو سامانە زۆرەش ، توانیویانە بۆمانەوەی خۆیان هەزاران بندیوار و نۆکەری ئەڵقە لە گوێی لە خۆیان کۆبکەنەوە ، نە بیریشیان لە دەوڵەت کردۆتەوە ، نە بیریان لە ماف و ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییەکانیان . ئەوەی شایانی باسە مافی هاوڵاتییان ، یەکێکە لە نیشانەکانی کرانەوە و پێشکەوتن و ئارامی و ئاوەدانی . بێگومان هەر کۆمەڵگایەک بە باشی لە چەمکی ماف گەیشتبێت و بێ کەموکورتی پەیڕەوی کردبێت ، ئەوا لەو کۆمەڵگایەدا یاسا و یەکسانی لە سایەی ئارامی و ئاسایشدا سەروەر بووە و خەڵکەکەی سەربەرزانە ژیاون ، زۆر بە دڵسۆزییش ئەرکەکانی خۆیان جێبەجیێ کردووە . ئاشکرایە مافیش یەکێکە لە پێویستییە هەرە گرنگەکانی هەمووتاکەکان ، کە لەو کۆمەڵگایەدا دەژین ، جا ئەو تاکانە خاوەنی هەر ڕەگەزنامەیەک ، یان زمان و ئاین و شێوەیەک بن . چونکە ئەو مافانە هەقێکی تەواوی خۆیانە . دیارە ئەو مافانەش ، چ لە ناو دەوڵەتدا و چ لە دەرەوەیدا لە ڕێگای یاساوە پارێزراون و بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دیاریکراون ، هەر بۆیە نابێ بشێوێنرێن ، یان دەستکاری بکرێن ، تا ڕێگا لە زوڵم و چەوساندنەوە و ئازار و برسێتی مرۆڤەکان بگرێت . زۆر بە کورتیش مافەکانی تاک بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە :
١ – ئازادی ڕا دربڕین و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش
٢ – ئازادی ئاینە جیاوازەکان لە خواپەرستیدا .
٣ – مافی دادگایی عادیلانە لە دادگادا و بەندنەکردن بەبێ هۆ .
٤ – دۆزینەوەی هەلی کار و مافی دامەزراندن و وەرگرتنی پایە و پۆست .
٥ – مافی خۆ پاڵاوتن و دەنگدان بە ئازادی لە هەڵبژاردنی بێ فێڵدا .
٦ – مافی گەڕان بە دوای ژیانێکی شایستەدا .
٧ - دابینکردنی پەروەردەی خۆڕایی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان .
٨ – دابینکردنی مافی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان .
٩ - مافی هاوبەشیکردن لەو بڕیارە گرنگانەی پەیوەستن بە دواڕٶژی نیشتمانەوە .
جا چەند دەوڵەت پابەند و ڕەچاوی بنەماکانی مافی مرۆڤ بکات ، ئەوەندە هاوڵاتییان ئەو حکومەتە بـە حکومەتی خـۆیان دەزانن . بە پێچەوانەشەوە نەبوونی ئەو مافانە ، کاریگەری خراپ لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان بەجێدەهێڵێت و نیشتمانیان بۆ دەکات بە دۆزەخ ، لە ئاکامیشدا خەڵکی ئەو حکومەتە بە حکومەتی خۆیان نازانن و لە کاتی تەنگانەدا پشتی ناگرن و لێی دەبن بە دوژمن . هەر بۆ نموونەش لە کارەساتەکەی ١٦ ئەکتۆبەردا ، کە لە لایەن هێزێکی فشەڵی بێ ئەزموونی وەک حەشدی شەعبییەوە لە سەدا ( ٥١ ) ی خاکی پیرۆزی نیشتمانمان بە کەرکوکیشەوە لە دەستدا ، کەچی ئەوەتا نزیکەی ( ٣ ) ساڵ بەسەر ئەو نسکۆیەدا تێدەپەڕێت ، بەڵام لەو ماوە زۆردا ، نەمانبینی خەڵکە بەشەرەفەکەی کەرکوک و ئەو ناوچە داگیرکراوانە ، کە هەمیشە سووتەمەنی شوڕشەکانی کورد بوون و هەزاران قوربانییان بۆ ئازادی داوە ، تەنها بۆ جارێکیش بڕژێنە سەرشەقامەکان و دژی ئەو داگیرکارییە خۆپیشاندان و خرۆشانێک بکەن . یان بە سنگی ڕووتی پڕ باوەڕەوە هاوار بۆ گەڕانەوەی ئەو حکومەتە ناشیرینەی هەرێم بکەن . نەک هەر ئەوانەیان نەکردووە ، بەڵکو بە دڵێش ئاواتەخوازی نەگەڕانەوەی ئەو دەسەڵاتە پاوانخوازەی کوردن ، کە هیچییان لە داگیرکەران نەگەڕاوەتەوە . خۆ ئەگەر سبەینێ هەمان کارەساتی کەرکوک ڕووبەڕووی شارەکانی تری هەرێم ببێتەوە ، خەڵکی شەکەت و ماندووی ئەو شارانەش ، کە بە جارێک لە گیان و ژیانی خۆیان بێزارن و برسێتی لوولی کردوون ، وەک تۆڵەیەک هەمان هەڵویستی هاوڵاتیانی کەرکوکیان دەبێت . ئەمەش نیشانەی باوبۆرانێکی ترسناکە و سەرەتای ئاشبەتاڵێکی تازەیە ، بەمەش ئاوات و خەونی مێژینەی کورد ، دەبێ بە قوربانی پارە و کۆشکو تەلاری تاڵانی . ئاخر وڵات بە خەڵکی دڵسۆز دەپارێزرێت و گەشەدەکات و بەرگەی هەموو ڕەشەبایەکی شووم دەگرێت ، نەک بە کەسانی تاڵانچی و جاش و نۆکەری ئەڵقە لە گویێ ، کە بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان بە نیشتمانەوە نەبەستۆتەوە . هەر دوێنێ بوو جاشە بەکرێگیراوەکان ، کلکیان کردە ناوگەڵیان و هەتا توانییان ڕایانکرد و پشتیانکردە سەددام و یەک فیشەکیان بۆ نەتەقاند ، دڵنیاشم نۆکەرە ئەڵقە لە گویێ کانی دەوری ئەو حیزبە پاوانخوازانەش ، هەمان هەڵویستی ئەو جاشانەیان دەبێت ، چونکە ئەوانە لە ئاخوڕی پڕدا نەبێ کاوێژ ناکەن . وەک شەمشەمە کوێرەش وان ، چاویان بە ئازادی هەڵنایەت ، لە کوێ پارە و پۆست و تاڵانی هەبێ ، ئەوان لەوێن .

١ / ٥ / ٢٠٢٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە