موستەفا حەسەنە گەورە نمونەی مرۆڤی یاخی و تێکۆشەر

Thursday, 07/05/2020, 22:11

4892 بینراوە


دەگمەنن ئەو مرۆڤە باڵایانەی بە گەورەی لەدایک دەبن و بەگەورەی دەژین و هەر بەگەورەییش دەمرن٫ هەندێک مرۆڤ هەن گەر بە کارەساتی سروشتیش بمرن هەر وا هەست دەکەین کە شەهیدن چونکە تەمەنێک لەلێواری مەرگدابوون و سەرکێشیان بە ژیانی خۆیانەوە کردووە. لەنمونەی ئەو مرۆڤانەش کاک موستەفا حەسەنە گەورە یە. تەمەنێک هەڤاڵی شاخ و چەک بوو بەربەرەکانێی لەگەڵ مەرگدا دەکرد و نیوەی ژیانی لە خەبات و تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا بەڕێ کرد٫ هەر دوابەدوای ڕزگاربوونی کوردستانیش لەسەر دەستی کەسانی پاک و دڵسۆزی وەک کاک موستەفا٫ دەسەڵاتێکی دیکەی ناحەز و عەبەس لە فۆڕمێکی نوێدا دەستیان گرتەوە بەسەر هەرێمدا٫ دوبارە کاک موستەفا گەورە هاتەوە ناو مەیدانی تێکۆشان بۆ ئازادی گەلێکی چەوساوەو خێر لەخۆنەدیوو . ئەم جارە کاک موستەفا چەکەکەی داناو قەڵەمی هەڵگرت ٫ لەشاخەکان هاتە خوارەوە و لەگەڵ گەلدا چووە سەر شەقامەکان ٫ دەنگی تفەنگەکەی کپ کرد و هاواری کرد بۆ ڕای ئازاد و ژیانێکی ئازاد. گەر بە خێرای چاوێک بخشێنین بە ژیانی ئەم پیاوەدا دەبینین هەموو تەمەنی خۆنەویستانە لەبەرەی گەلدا تێکۆشاوە٫ گەرچی هەمیشە ڕوبەڕوی هەڕەشەو چاووسورکردنەوەکانی سەرانی هەردوو بناماڵە دەبۆوە بەڵام ڕۆژبەڕۆژ ئەم کەڵە پیاوە گەورەتر و سورتر دەبوو لەسەر بەردەوام بوونی. وەک بەختیار عەلی دەڵێت "مرۆڤی شۆڕشگێڕ موڵکی خۆی نییە" کاک موستەفاش هەموو تەمەنی وەک پێشمەرگە خۆنەویستانە بۆ ئازادی نەوەی دوای خۆی ژیا. گەرچی من تەنها دوو جار دەرفەتی بینینی کاک موستەفام هەبوو بەڵام هەر لەیەکەم ئاخاوتنماندا تێگەیشتم هەندێک مرۆڤ هەن ناتوانرێت بوەستێنرێت و لەبیربکرێن٫ هەرزوو هەستم بەپێویستی کەسانی هاوشێوە کرد بۆ کۆمەڵگایەکی زیندوو ٫ پیاوێک پڕ لە وزە و پڕ لە مەعریفەت ٫گەر لەناو ئەم گێژا و ژاوەژاوی سیاسەتمەداران و مەسڵەحەتچییەکانی حیزبدا تەنها کەسانێکی جوان مابن نمونەی وەک کاک موستەفایە هەر لەگەڵ بینینیدا تێگەیشتم هێشتا مرۆڤی خاوەن بەهەڵوێست و جوامێر ماوە ٫هەر کەسێک گەر بۆ یەکجاریش ئەم پیاوە دەنگ دلێرەی بینیبێت درکی بە پاکی و ڕاستگۆی کاک موستەفا کردووە. هەر تاکێکی هۆشیار و یاخی دڵگرانە بەم کۆچە ناوەختە. جێدەستی کاک موستەفا بۆهەمیشە دەمێنێتەوە و شوێنی بەهیچ کەس پڕناکرێتەوە. بەڵام دڵنیای دەدەینە هەردوو بنەماڵەی خێڵەکی کە هاوڕێ و هەڤاڵە ئازاکانی کاک موستەفا لە سەکۆی بەرەی خەڵک و کوردستان پۆستەوە درێژە بە بەخەباتی مەزنی "موستەفا حەسەنە گەورە" دەدەن.
نامرن ئەو مرۆڤە تێکۆشەرانەی وا لە دڵی تاکی هۆشیارو یاخیدا دەژین..
باڵا دەروێش

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە