سەباح عەلی قارەمان

https://www.facebook.com/profile.php?id=100087679831919

https://www.facebook.com/sabahaliqareman


مستەفا حسن گەورە دوور لە دەنگی نیشتمان ماڵئاوای لێکردین

Friday, 08/05/2020, 1:47

5373 بینراوە


راستە هەمومان دەمرین٫ بەڵام مردنی سەربەرزانە هەموو کەسێک دەستی ناکەوێت٫ ئەوانەی ژیانی خۆیان وەک فتیلەی چرایەک ئەسوتێنن و ڕووناکی بە مرۆڤەکانی دیکە دەبەخشن٫ ئەوانە بەسەر بەرزی دەمرن٫ نەک ئەوانەی بەبێدەنگی دێن و بەبێدەنگی ئەڕۆن٫ یان دەبنە پاپاچینەی ستەمکاری٫ ئەوانە لەم کەونەدا وەک نەبوو دەژمێردرێن.
مستەفای حسن گەورە بەگەورەی لە دایک بوو و بە گەورەی سەری ناییەوە٫ مستەفا بیویستایە ئەیتوانی لەسەر خەبات و تێکۆشانی ڕابردووی ژیانێکی شاهانە بژیبایە٫ بەڵام چۆن بەگژ زوڵم و ستەمی بەعسی عەرەبیداچووە٫ ئاواش کۆڵی نەدا و دژی ستەمی بەعسی کوردیش لە خەبات و تێکۆشان نەوستا. بووبوو بە سمبوڵی جوانی٫ لە لوتکەی ئازایتیدا راوستابوو و پڕ بەگرووی بانگی حەقیەتیدەدا٫ دەیویست هەمووان لە عیبادەتی دژە ستەمکاریدا بەشداربین.
مستەفا ئاواتی کوردستانێکی خۆشگوزەران و ئایندەیەکی گەش بوو بۆ منداڵانی نیشتمانەکەمان٫ دوور لە دەستی ڕەشی حیزبی خێڵ و بنەماڵە و ئەنفالچی و خائینی و تاڵانچییەکان٫ لەو مەیدانەدا تا دوا هەناسە قسوری نەکرد.
مەرگی مستەفا ڕاستە بۆ ئێمە ناخۆشە و تاڵە٫ بەڵام کاردانەوەی خەڵکی ستەملێکراو چەوساوە لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بۆ مەرگی کاکە مستەفا٫ دەریخست خەڵکی چەوساوە چۆن پاداشتی مرۆڤە جوانەکان دەدەنەوە٫ ئەوانەی تەسلیمی ستەمکاری نابن و هەمیشە لەبەری خەڵکن.
ئێمە هەر ئەوندەمان لەدەست دێت٫ رێگای کاکە مستەفا بەرنەدەین و بەردوامبین لە تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری٫ ئاواتەکانی بەدیبهێنین٫ کە لە پێناویدا دەجنگا. درود بۆ رووحی پاکی کە لە غەریبی و دوور لە دەنگی نیشتمان بەبێدەنگی و بێکەسی سپاردی٫ بۆ هەمیشەیی ماڵئاوای لێکردن. کەلێنێکی گەورەشی لە دەنگی نارازی بەجێی هێشت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە