لە مەرگى مستەفا گەورەدا بێ هەڵوێستى پەکەکە

Saturday, 09/05/2020, 13:30

9959 بینراوە


چەند رۆژێکە مستەفاى حەسەنە گەورە بەجێى هێشتووین،داخ و خەفەت و ئەسەرێکى گەورەى خستۆتە ناخمان ، ئەوەى کە ئەو پیاوەى ناسیبێت یان ئاگادارى کارو چالاکى و نووسین و دیدارەکانى بوبێت، دەزانێت کە خوالێخۆشبوو چەند کەسێکى  هەق بێژ و بوێر و چاونەترس بوو، لەلایەک بنەماڵەکەیان قوربانى وخوێنیان بۆ خەبات و شۆڕشى کورد بەخشیوە، لەلایەکى تریشەوە تەمەنى گەنجى و جوانى خۆى بۆ کوردایەتى و نیشتمانەکەى  تەرخان کردووە، هەر ئەوەندەش نا بەڵکو وەک لە نووسین و یاداشتەکانیدا باسیکردوە کە دۆست و هاوکار و پاڵپشتێکى بەهێزى پەکەکە بووە لەدەڤەرى راپەرٍین و پشدەر ـ بەهۆى ئەوەوە پەکەکە پەلى هاویشتوە و گەورە بووە و لەنێو جەماوەردا ناسێنراوە، هەروا بێتەوە ئەو ساڵانەى باسی دەکات ماڵیان بەردەوام جمەى هاتوە لە گەریلا و بەرپرسان و دۆستانى پەکەکە ، وەک بارەگا شوێنى حەوانەوەى برایانى پەکەکە بووە، بەجۆرێک هەڤال جومعە کەسى دووەمى پەکەکە چەندین جار سەردانى کردون، ماوە ماوە لەوێ ماوەتەوە و، وەک یەکێک لەئەندامانى ئەو خێزانەى لێهاتووە. کە بەجۆرێک بێشکەى منداڵە ساواکەى راژاندووە، کە لە یاداشتەکانیشیدا ئاوا باسى هەڤاڵ جومعە دەکات:
 هەڤاڵ جومعە وەک کەسێکى سادە ومیوانێکى رۆح سووک کەوتە یاریکردن لەگەڵ کچەکەمدا، کە ئەوسا تەمەنى چوار ساڵانبوو. یاریەکەیان تا دەهات گەرمتر دەبوو، هەڵبەت مناڵێکى چوار ساڵە چۆن دەزانێت کە ئەمە هەڤاڵ جومعەیە و نابێت پێ لەقەى لێ بدات، یان سوارى کۆڵى بێت و بیداتە بەر زللە. هەڤاڵ جومعە لەدڵەوە دەتریقایەوە، گەریلاکانیش بەلایانەوە سەیر بوو ئەم یاریکردنە، یەکێکیان خۆى بۆ رانەگیراو وتى:هەڤاڵ مستەفا چۆن دەبێت کچەکەت ئاوا بکات، ئەوە هەڤاڵى مەزنە، منیش وتم هەڤاڵ گیان هیچ نىیە،هەڤال جومعە خۆى حەزى لەم بەزمەیە.
ساڵانى نەوەدەکان بارودۆخى ئابوورى کوردستان زۆر خراپ و بێ حاڵ بووە، بەجۆرێک خەڵک فریاى خێزانى خۆى نەدەکەوت، کەچى هەڤاڵانى پەکەکە بیست بۆ سى کەس بەردەوام لە ماڵى کاک مستەفا دەحەوانەوە و خزمەت دەکران، باروخەکە هەرچەنێک قورس زەحمەت بوو، بەڵام بەنیسبەت  کاک مستەفاوە ئەوە شتێکى سروشتى و ئاسایى بووە، چونکە هەمووکات گیانى هاوکارى و شۆڕشگێرى و مرۆڤ دۆستى لەناخیدا چرۆى کردوە، بنەماڵەکەیان سەرو ماڵیان فیداى شۆڕش و خەبات کردوە.هەمیشە قوربانى دەر و گیان بازى رێگەى کوردایەتى بوون.
 ئەوەى کە جێگەى ئەسەف و ناخۆشییە بۆ من، بێدەنگى و بێ هەڵویسَتى مت بوونى برایانى پەکەکەیە، کە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە و، بەیەک دێریش خەمبارى و پەرۆشى خۆیان دەرنەبڕیوە، لەکاتێکدا مستەفا گەورە هەمیشە و بەردەوام لە ئەوروپاش داکۆکى و پشتیوانى خەباتى پەکەکە و باکورى کردوە، لە مێدیاکانى پەکەکەدا چەندین دیدار و کور و چاوپێکەوتنى لەسەر ئەو پرسانە سازدا و بەداخەوە  بۆ بێ هەڵوێستى پەکەکە و خۆدزینەوە و خۆگێل کردن لە هەمبەر کەسانى ئازادى خواز و هەق بێژ. من لەبرى پەکەکە و سەرانى ئەو پارتە داواى لێبوردن لە بنەماڵەى بەڕێزیان دەکەم و لەبرى ئەوان هەست بە شەرمەزاریى و کەمایەسى دەکەم.
-----------------------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە