ڕەمەزان ئەو مانگەی کە تامی جاران نادات

Monday, 11/05/2020, 13:07

12915 بینراوە


ئێمە لە وڵاتێکدا دەژین ئەوەی بمرێت پێی دەڵێن ئاسودەبوو ...

ژیان لێو ڕێژە لەو دنیا ئەفسانەیەی کە هەر لەمنداڵێوە هەستیان پێدەکەین و چێژ یان لی وەردەگرین یان قینمان لێیان دەبێتەوە ، بەڵام بەتێپەڕ بوونی کات و هەڵکشانی تەمەن ، ئەو کاتە خۆشانە لەبیر دەچنەوە و کاڵدەبنەوە ، گەر مرۆڤ بەختەوەر بێت ڕۆژێک یان کاتێک دێت ، هەمان خۆشی دەتوانێت ببینێتەوە و هەمان چێژی منداڵی بۆ بگەڕێتەوە . ڕەمەزان ئەو مانگە هەنگوینی یە بوو کە لەمنداڵیدا ئارەزووم دەکرد کە هە موو مانگەکانی ساڵ ڕەمەزان بوایە ، چونکە زۆر شتی نازدار لەم مانگەدا ڕووی دەدا و منی منداڵیش تا سەر عێسقان شەیدا دەبووم وحاڵم لێدەهات و دەکەوتمە ناو دنیایەک کە هەموو ڕۆژێکی بۆنی ژیانی نوێی لێدەهات .
کەمنداڵ بووم سڵیمانی هێندە زەبەلاح نەببوو جاکتر بڵێم ئەتک نەکرابوو وەک ئێستا ، ئەودەم کە ئێواران تۆپی ڕەمەزان دەتەقی ، زۆربەی خەڵکی شار گوێی لێدەبوو ، چونکە لەهەموو گەڕەکێک مزگەوتێک قوتنەکرابۆوە مەلایەکی ڕیشدار نەسیحەتی خەڵک بکات ، یان بەچیرۆکە پڕ مەهزەلەکانیان ژیانیان بەبەرچاو بخەن و بیان تۆقێنن ، ئەوسا لەئێوارانی ڕۆژی ڕەمەزاندا خەڵکی بۆ دڵنیابوون لە بانگدان دەچونە سەربان بۆئەوەی گوێان لەدەنگی تۆپەکە بێت . ئەودەم لەمزگەوتی گەورە کەماڵمان لەشەقامی مەولەوی بوو ، نزیکی مزگەوتی گەورەبووین ئیواران بەرلەبانگ دەیان سینی لوقم و شیرینی و خورما دەهات ، کەس خۆی نەدەواندو خاوەندارێتی نەدەکرد ،بێدەنگ لە نزیک حەوزە پڕما سیە ڕەنگاوڕەنگە دایان دەنا و جێیان دەهێشت ، ئێمەی منداڵیش چاوەڕوانمان دەکرد تا بڵندگۆکان شوتێکیان لێدەدا و بانگ حەوشە شۆراوەکەی پڕدەکرد لەدەنگی مەلایەکی دەنگخۆش ، کە بەعەرەبی بانگی دەدا، بەڵام هەستت بەکوردبونی دەنگەکەدەکرد ، نەک وەک ئێستا گوێت لەدەنگێکە کە ڕێک لەدەنگی بیابان دەچێت گەر مەلاکە کوردیش بێت ، هەر دەنگەکە ناشازە ، دوایش کە دەچوینەوە ماڵەوە ، بۆنی چێشتی دایک حەوشەکەی پڕکردبوو لە ژیان ، کەماڵمان گواستەوە هێشتا چێژی ڕەمەزان ون نەببوو پیاوێک لەگەڕەکەمان بوو پیان دەوت "مام دەروێش" ئەو بەخێرایەک تەپڵی پاشێوی لێدەدا ، لەدایکم دەپاڕامەوە کە بەئاگام بێنێت ، تاگوێم لە تەپڵەکەی مام دەروێش بێت کەبە ناو ترس و کەمینەکاندا دەڕۆی سەگوەڕ دەستی پێدەکرد و گەڕەکی خەبەر دەکردەوە ژیان دیسان دەهاتەوە ناو ماڵەکان ، بۆنیخواردن و شنەی شەماڵێکی فێنک هەموو گەڕەکی تەیدەکرد ، من لەژیانمدا نەکەس پێ ووتووم بەڕۆژووبە نە بۆخۆشم چرکەیەک ڕۆژووم گرتوە ، بەڵام ڕەمەزانم خۆش دەویست ،چونکە هەستم دەکرد ژیان چەندە خۆش دەبوو مرۆڤ شتێک هەبێت بۆی بژی ؟ ئێمە ماڵێکی مام ناوەندی بووین بەڵام پڕبووین لەژیان، دایکم بۆ سەلامەتی سەری ئێمە سەرفترەی دەدا بەفەقێکان کە بەگەڕەکدا دەهاتن بۆ کۆکردنەوەی خۆراک و نانی تیری بەخۆیان قوڵینەکانیانەوە لەدەرکی ماڵەکانیان دەدا ، گەنجە فەقێکان جامانەیان دەبەست بەسەریانەوە کورد بونیان لێدەباری ، نەک وەک مەلاکانی ئێستا کە عەبایەک دەدەن باشانیانا ، لەهیچ ناچن لەخۆیان نەبێت ژنانی گەرەک وەک دایک بەخشینەوەی ناوساجیا ڕۆڵیان نمایش دەکرد و بیرمە دایکم چەند پەنجایەک کە دەیبەخشێوە ، دەیووت بۆ سەلامەتی منداڵەکانم ، فەقیانەکەی دەکردەوە زۆر بەدڵخۆشێوە پارەکەی دەدایە دەست فەقێکان ، هەردایک نا زۆری ژنانی گەڕەک بەخشندەیان دەنواند ، ئەوە کەلتوری مانگی ڕەمەزان بوو .لامن ڕەنگە لای زۆربەی منداڵانی ئەو سەردەمە خۆشی ڕەمەزان ئەو جلە تازەو پێڵاوانەبوو کەبەر لەچەندڕۆژی جەژن بۆمانیان دەکرد و دەکڕی ، شەو لەژوور سەرمان دامان دەنا ،بۆنی چەرمی پێڵاوەکە هێشتا لەکەپومدایە پێڵاوی باتە بوو کە لەپێستێکی قایم دروستیان کردبوو ،لام وایە ئەودەم هەستم بەگەشتی بەهەشت دەکرد ، کە جلەکانم وەردەگرت ، ڕۆژی جەژن و جەژنانەی خزمان خۆشیەکی تری ئێمەی منداڵ بوو ، ئای بەمنداڵی چەنێک حەزم لەجەژن بوو ....!؟
دوا جار باسەکەمان لەسەر ئەوەیە ، ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەین ؟ ئەم وێنەیەی سەرەوە گەر بێمەبەستیش چرکێنرابێت ، ئەوە بە بڵاو بونەوەی ئازاری هەزاران برسی دەدات ،چونکە برسێکان چاو دەگێڕن. دوا جار ئێمە ژیان دەکەین تائەزمون بکەین ، نەک بکەوینە ژێر کاریگەری ئەم هەموو ئازارە کە نمایشی دەکەن بۆمان .
ئێستا ڕەمەزان وێنەیەکی ترمان دەداتێ کە پڕە لەئازار ، بۆیە دەڵێن : دیسان ڕەمەزان هاتەوە ...! ئێستا ڕەمەزان مانگی خۆ نواندن و نمایش کردنی خۆراک و سوکایەتی کردنە بەهەژاران و وێنەگرتنە لەکاتی بەخشینەوەی لوقمە نانێکدا ، ڕووداووکان زۆر ڕوودەدەن لەم مانگەدا . مرۆڤی وا دەناسم لەماوەی ١١مانگی ساڵدا شەوبوێر ناکات لەخواردنەوە ،کە چی لەڕەمەزاندا خۆی دەکاتە شەریفی مەکەو دەڵێ: دەست لەبتڵی بەتاڵیش نادەم ، لێم پرسی بۆچی ؟ لەوەڵامدا ووتی: نەک ئەو دنیا ڕاست بێت ...!؟. چونکە گەر لەڕەمەزاندا نەخۆیتەوە خوا ئیتر لێت خۆش دەبێت . ئاخر وەڵامی کوێی ئەم هزرە ترسنکۆکە بەمەوە ؟ فەلسەفەی ڕۆژووگرتن ، یان پارێزی و خۆ برسی کردن لە هەموو ئاینەکاندا هەیە ، تەنانەت لەناو ئاژەڵەکانیشدا ، کاتێک شێرێک یان پڵنگێک برینار دەبێت : دور دەکەوێتەوە و تابرینەکەی سارێژ نەبێت خۆراک ناخوات ، تەنها بەزمانی جێگەی برینەکەی دەلێسێتەوە ، گەر خۆی دەمی بەبرینەکە نەگات ئەوا شێرێک یان پڵنگێکی تر ئەوکارەی بۆ دەکەن . ئەو خۆ برسی کردنە لایەنی تازە بونەوەیە و ئارامی دانە بە ئۆرگانەکانی ناوەوەی گیاندارەکە یان مرۆڤەکە . لەم سەر دەمەی ئێمەدا پێچەوانەکەی ڕاستە ، خەڵکی خۆیان برسی ناکەن بۆ ئەوەی ئارامیان بۆ بگەڕێتەوە، یان لەڕووی تەندروستێوە تێی بڕوانن پشویەک بەن بە گەدەیان ، یان لەکاتی برسێتیدا بیر لەنەدارو هەژاران بکەنەوە . بەڵکو ڕۆژوو دەگرن بۆ ئەوەی خۆیان بوێنن .
جاران کەس پرسیاری لەکەس نەدەکرد داخۆ بەڕۆژوە یان نا ؟ نوێژ دەکات ، ئیماندارە یان بێباوەڕە . ئەگەر خاوەنی ئەم وێنەیە ئەمیری موسڵمانانی کۆمەڵ نەبوایە ، هێندە سەرنج ڕاکێش نەدەبوو ، دەمان ووت: سەیری ئەم مرۆڤانەبکەن چۆن خۆیان غەرقی ئەم هەموو خۆراکە دەکەن و بەزەیان بە گەدەیانا نایەتەوە ...!؟ بەڵام ئەمیر کە ئەم خوانە ی بۆ سازکراوە ،جودایە لە و خولەفایەی کە چیرۆکی دارکوڵانەکەی بۆ فریودانی منداڵەکانی ئەنجام داوە ، لەکاتێکدا ئەم وێنەی ئەمیری دەبینی گومانت لادروست دەبێت و دەپرسی داخۆ چیرۆکی دار کوڵانەکە ڕاستە یان ئەفسانەی مەلاکانە کە لەمینبەرەکاندا و لەمەجلیسەکاندا دەیگێڕنەوە ؟ پاشان گەلێک لەسەر شەقامەکانی ئەم هەموو هەژارە هەبێت ، ئەم هەموو هاودینە هەبێت کە شێوی شێویان نی یە. دەبێت ئەمیر ئاوا بەر خورد بکات ؟
ئێمە ئێستا لەسەر دەمێکدا دەژین ، تەنانەت خۆشێکانی منداڵیشیان لێ تێکداوین ، سەردەمێک کە نازانی مرۆڤ بوون چی یە ؟ سەردەمێک کە ڕابەرانی دین ناشرین ترین نمایش دەکەن ، لەهەموو دەرکەوتنێکیاندا ئازار دەبەخشنەوە . لەچیرۆکی شاعیرە شێتەکە کە کاک" ناسر حەفید" وەریگێرەوە جیمیس ویتە دەڵێت : "ئەوکاتەی دەستی هەژارێک دەگریت ، وەک ئەوە وایە کۆیلەیەک ڕاگری " ئێستا پەستا پەستا دەوڵەمەندەکان بۆ کۆیلەکردنی خەڵک کۆمپانیاکانیان خستۆتە گەڕ تا ئەوەی دەیبەخشنەوە مۆری خاوەن کۆمپانیاکەی پێوەبێت و منداڵی ماڵەهەژارەکان بزانن کێ خێری پێکردوون ، لەچ دنیایەکی پڕ شەرمەزاریدا دەژین مانگی ڕەمەزان نەک تامی جارانی نەماوە ، بەڵکو مانگێکە بۆ تێک شکاندنی ئیرادەی خەڵک و فێرکردنی خەڵک و ڕاهێنانی خەڵک بۆ قبوڵکردنی سواڵو سەدەقە ....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە