لاپەڕە پرشنگدارەکان لە خەرمانەى مرۆڤە بوێرەکانە

Tuesday, 12/05/2020, 22:31

4233 بینراوە


هەموو مرۆڤێک دەئاخفێ، بەڵام لە هەموو مرۆڤێک بوێری نییە.. هەموو مرۆڤێک شت دەبینێ، بەڵام لە هەموو مرۆڤێک جەسارەت نییە کە راستیەکانی بینی مەردانە پەردە لەسەر راستیەکان هەڵماڵێ و رووى راستەقینەى کەس و رووداوەکان نمایش بکات..هەموو مرۆڤێک شت دەبیستێ، بەڵام لە هەموو مرۆڤێکدا ئەقڵ و ژیری بەگەڕ ناخرێ تا بەدواداچوون بۆ شتەکان بکات و هەقیقەتەکان بە پاککراوى پێشکەش بکات.
تەمەن رێگر نییە بۆ گوزارشتکردن لە دیدەگیری دەوروبەر، زام هەر زامە لێرەبێ یا لەوێ، ئەفسوس ژمارەى ئەو نووسەرانە کەمن کە قەڵەمەکەیان بۆ راستکردنەوەى رەچەى کۆمەڵگا دەخەنە کارو مەبەستیانە لەو رێیەوە کۆمەڵگا بەرەو ئاقاری راستەشەقام ببەن.
کاک مستەفای حەسەنە گەورە سەرەرای رابردووى پاک لە بزوتنەوەى رزگاریخوازى نەتەوەیی و ئەو تەمەنە پڕ سەروەریەى بە نیشتمانى بەخشی، لەتەک هەموو ئەمانەدا قەڵەمبەدەستێکى جوامێرو بوێرو خاکەڕا بوو، لە وەتەری بابەتە هەستیارەکانى دەداو بابەتەکانى رۆژی دەوروژاند، من هەرچەندە لەرێینووسینەکانیەوە پێی ئاشنا ببووم، لە نووسینەکانیەوە ئەو پیاوە نورانیەم دەخوێندەوە کە چەند لەخەمى خاک و خەڵک دایە، چەند حەز بەدادپەروەری دەکات و چەندە ئارەزوویەتى داهاتوویەکى گەشتر بۆهەرێمەکەمان بخوازێت.
هەڵبەتە مردن ئەو بەربەستەیە رێ لە کاروانى خەبات دەگرێ و لە خاڵێکدا دەیوەستێنێ کە ئیتر دەبێ هاورێیانى درێژە بەو رەوتە بدەن کە تا دوا هەناسەى ئاواتى بۆ کوردستانێکى سەربەخۆ دەخواست.
روحت شاد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە