لامەرکەزییەتی ئیداری و ململانێی سیاسی

Tuesday, 12/05/2020, 22:33

5438 بینراوە


پێش هەموو شتێک ڕەمەکی سیاسی کە خۆیان چ خوێندنەوە و ئاگاییەکیان نییە و لە دەمی پۆپۆلیستەکانی پارتی و عەلی جوانمەردییەکانەوە لامەرکەزییەتی ئیداری بەوە دەبینن کە بۆ بەشکردنی هەرێم و خستنەوە پاڵی سلێمانیە بە عێراق ، سا دوور لەو ژاوەژاوە بابزانین لامەرکەزییەتی ئیداری چییە؟
لامەرکەزییەتی ئیداری پێدانی دەسەڵاتی زیاتری ئیدارییە بە یەکە ئیدارییەکانی شارەکان، بەشکردنی دەسەڵاتی ئیداری و کارگێڕیە لە نێوان سەنتەر و یەکەی ئیداری شارەکان، پێدانی بەپرسیاریەتی زیاترە بە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانییەکان. بۆ ئەوەی وێنایەکی ڕوون لە بابەتەکە بگرین، دەکرێ لەسەرەتاوە بڵێین هەر شارێک داهات و خەرجی و کاروباری تایبەت بە خۆی هەیە کە جودایە لە هی شارەکانی تر. زۆرکات لە سیستەمی مەرکەزییەتدا و لە مەرکەزەوە ناتوانرێ تێگەیشتنێکی مەیدانی و درووست بۆ کێشە ئیدارییەکانی شارەکان بێتە ئاراوە و لەگینە شارێک گرنگییەکی زیاتری پێ بدرێ وەک لەوەی پێویستە، وە شارێکی دی کەمتر لەوەی پێویستە ڕەچاو بکرێ
کاتێک لامەرکەزییەتی ئیداری پەیڕەو دەکرێ، کۆمەڵێ دەسەڵاتی ئیداری دیاریکراو دەچێتە سەر ئەستۆی شارەکان و بەرپرسیاریەتییەکانیان زیاد دەکات، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە پێڕاگەیشتن و دەستڕاگەیشتن بە کاروباری ئیداری شارەکان خێراتر دەبێت و هەموو شتێک لە چاوەڕوانی مەرکەزدا نامێنێتەوە. سا پێدانی ئەم دەسەڵاتە ئیدارییانە بە پارێزگار و شارەوانییەکان هەروەک لەناوەکەیدا دەردەکەوێ لە سنووری ئیداریدا دەمێنێتەوە و تێپەڕ ناکاتە سەر بڕیارە چارەنووس سازەکان، تەنێ ئەوەیە بڕێک ئازادی زیاتر دەداتە شارەکان ؛لە بابەتە ئیدارییەکان و ڕاپەڕاندنی کارەکان خێرا دەکات
لێرەوە لامەرکەزییەتی ئیداری چ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییەو مانای دامەزراندنی جوگرافیایەکی تازە نییە و ڕێگەخۆشکردنیش نییە بۆی. ئەگەر لامەرکەزییەتی ئیداری ڕەچاو بکرێ نە هەرێم دابەش دەبێت و نەش چ گرفتێکی سیاسی دەکەوێتەوە. دواجار هەموو دەسەڵاتە چارەنووس ساز و گرنگەکان هەر لە بابەتی سەروەری خاک، دیپلۆماسییەت و خەرجی و داهاتی گشتی وڵات و کاروباری جەنگی لە دەست هەرێم و سەنتەردا دەمێنێتەوە. ئەوەیشی کە دەچێتە سەر دەسەڵاتی شارەکان لە چوارچێوەی دیاریکردنی داهات و خەرجی شار و بەگەڕخستن و خەمڵاندنیان، ڕێکخستنی بۆنەکانی شار، دیاریکردنی فەرمانبەر و کارگوزاری شارەوانی و ئیدارە خۆجێیەکان، بڕیاردان لەسەر بارە نەخوازراوەکانی شار، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی شار..هتد

بیرۆکەی لامەرکەزییەت لە مێژوودا دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی فەرەنسی، ئەوە شۆڕشی فەرەنسی بوو کە خەمە ڕامیارییەکانی کردە ڕۆژەڤ و چارەسەری بۆ دۆزینەوە. هەنووکە ئەمریکا لە باری ئیداریدا لامەرکەزییەت پەیڕەو دەکات، هەر ئەوەشە کە گرێنتی باڵەنسی ئیداری ڕاگرتووە، ئەوەتا (ئەلێکیس دی تۆکیۆڤیل) ی بیرمەندی ڕامیاری لە کتێبە بەنرخەکەیدا کە سێ ساڵی بۆ نووسینی تەرخان کردووە بە وردی باس لە دیموکراسی ئەمریکا دەکات لە ڕوانگەی ئیدارییەوە.
لە کارنامەی حکومەتی هەرێم لە بەشی کارگێڕی مادەی یەکدا هاتووە : یەکێک لە کارە گرنگەکانی حکومەتی هەرێم کارکردن بۆ لامەرکەزییەت دەبێت. سەرباری ئەوەش لە کۆی پەیڕەو و کارنامەی جڤاتە کوردییەکاندا لە مێژووی نوێوە هەتا هەنووکە لامەرکەزییەت کراوتە نێو کارنامەوە و جختی لەسەر کراوەتەوە، هەر لە دیموکراتەکەی ئێرانەوە هەتا دیموکراتەکەی عێراق، هەر لەیەکێتیەوە هەتا کۆمەڵەکان و ئەوانی تریش.
بۆچی لامەرکەزییەت گرنگە؟
سەرباری ئەو تایبەتمەندیانەی لە سەرەوە باسمکرد، لەباری واقیعدا و لە سەرەتاترین باردا بە پەیڕەوکردنی لامەرکەزییەتی ئیداری ئیدی چ ناوچەیەک بە فەرامۆشی نامێنێتەوە و بۆ بەڕێکردنی کاروبارە ئیدارییەکان هیچ شارێک لە چاوەڕوانی مۆڵەتپێدانی مەرکەزدا نامێنێتەوە. بۆ وێنا ئیدارەی گەرمیان کە خاوەنی ئەو هەموو قوربانییەن و بەشێکی زۆری نەوت و سەرچاوە سرووشتتیەکانی هەرێم لەوێ دەردەهێنرێن، کەچی زێدەتر لە پەنجا گوندی بێکارەبا و خوێندنگەن، چەمچەماڵ کە سەرجەم غازی هەرێم لەوێ بەرهەم دێ، زێدەتر لە بیست گوندی بێکارەبایە. ، بودجەی تەرخان بۆ ئیدارەی زاخۆ ١٨٠ ملیۆن و هی ئیدارەی گەرمیان ١٠ ملیۆن
کەواتە ئەم هەڵا و هەنگامەیە چییە کەوتۆتەوە؟
پارتی و یەکێتی سەرانی کوردایەتی خێڵ دوای ئەوەی لە هەموو بانگەشەکانیان بۆ دەوڵەتمەداری و ئابوری سەربەخۆ پەژێوان بوونەوە وا هەنووکە دەرگای پایتەختەکانی دوژمنی عەرەب و فارس و تورک دەکوتن بۆ دەستگیرۆیی و دەربازی. بۆ ئەوەش بە سەرقاڵکردنی خەڵک بە شەڕی لاوەکی یەکترەوە، گەرەکیانە شکستە گەورەکە بشارنەوە. ئەوان دەزانن ڕەمەکێکی بێشووماری سۆزپەروەر و گەمژە هەن، بە هەموو شتێک دەبزوێن و بڕوا بە هەر چەوتییەک دێنن ئیدی کاریان مەیسەرە
ئایا لامەرکەزییەت چ گۆڕانکارییەک لە هەرێمدا دێنێتە ئاراوە؟
بە ڕوانین لە ڕۆڵی ئیدارەی هەرێم لە ڕابردوودا نە یەکێتی و نەش پارتی نەیانتوانیووە ئیدارەیەکی درووست بەڕێوە بەرن و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین بکەن و حکومڕانییەکی تەندرووست فەراهەم بکەن. ئاشکرایە حوکمڕانی ئەم دەسەڵاتە کە بە خوێن و قوربانیدانی سەدان هەزار مرۆڤ بەرهەم هات ئەوان کردیانە حکومڕانی کلیپتۆکراستەت و بەربەرییەتێکی بێشوماریان خوڵقاند، کێشە لە جۆری سیستەمەکاندا نییە بەڵکو لە ئیرادەی پشتی سیستەمەکەدایە.
دواجار سیحری لامەرکەزییەتیش دادی پاشاگەردانی ئەوان ناکات و لە چوارچێوەی درووشمدا دەمێنێتەوە، . هەروەکو چۆن نەیانتوانی لە پەیڕەوی حیزبەکانی خۆشیاندا نەیانتوانی بیکەنە کردار و ڕەچاوی بکەن، بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە بۆ ئەوە نییە بڵێین ئیرادەیەک نییە بۆ دابەشکردنی هەرێم و لەناوبردنی ئەو چکە ئەزموونەی بەدی هاتووە، چ یەکێتی و چ پارتی دەستکەلای دووژمنانن و ئەگەر داوایان لێبکرێ بێشک دوو کەرتی دەکەن، هەروەک ئەوەی ئێستا لە واقیعدا هەیە. بەڵام ئەگەر یەکێتی بیەوێ سلێمانی جیاکاتەوە ئەوا ناتوانێ چ کەڵکێک لە لامەرکەزییەتی ئیداری وەرگرێ بۆ ئەو بابەتە
ئیدی لێرەوە عەلی جوانمەردییەکان تەلەفۆنی سەرجادەن و پارەیان تێدەخرێ و قسەیان پێ دەکرێ. ئەوانەشی چاو لە دەمی خەڵکن بۆ دەستکەوتنی ڕاستییەکان وەک ڕەمەکی بێ فکر دەمێننەوە و ناتوانن ڕاستیەکان ببیننەوە و هەمیشەش وەک لەیستۆک یاری بە سۆزیان دەکرێ

ڕۆمان میرە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە