ئەمانەش خەباتیان کرد

Tuesday, 12/05/2020, 23:15

4555 بینراوە


لەسەروبەندی دووەم جەنگی جیهانیدا، لەو وڵاتانەی کە سوپای هیتلەر داگیری کردبوون ،هێزی بەرهەڵستکاری چەکداری درووستبوون. بەم هێزانە دەگووترا {پارتیزان} ، ئەم هێزانە ڕۆڵی مەزن و کاریگەریان هەبوو، لە زیان گەیاندن و ماندووکردنی سوپای داگیرکەر. بەمەش مەترسیەکی بەردەوام بوون بۆ داگیرکەران، ئەویش لەبەر ئەم هۆیانە:
+ هێزەکانیان نەبینراو بوون و لە هێڵی پشتەوەی دووژمندا چالاکیان ئەنجامدەدا .
+ چالاکیەکانیان لەناکاو بوو ،واتە خۆیان زەمان و مەکان و ئامانجەکەیان هەڵدەبژارد.
+ دەستگیرکردنیان تا ڕادەیەک ئەستەم بوو چونکە تێکەڵاوی خەڵک دەبوون و لەنێویاندا خۆیان دەشاردەوە ،یاخود لە دارستان و گوندەکاندا بنکەیان درووست دەکرد.
+ بەڕۆژی ڕووناک سەرانی سەربازی و ئیداری و ناپاکەکانیان ئیغتیال دەکرد.
+ هەموو جۆرە کارێکی تێکدەرانەیان ئەنجام دەدا ،لە تەقاندنەوەی هیڵی شەمەندەفەرەوە بگرە تا تەقاندنەوەی جبەخانە و کاروانی شمەکی سەربازی و بارەگاکانی نازیەکان .
ئەو وڵاتانەی هێزی پارتیزانی تێیاندا کارابوو بریتی بوون لە سۆڤیەتی کۆن، سەربیا ،یۆنان ،بولگاریا ، هەندێک وڵاتانی دیکەی بەلکان،ئیتالیا ،فەرەنسا پۆڵۆنیا ،چیک، و دانمارک و هەندێک وڵاتی دیکە.
تواناو هێز و جۆری چەک و ژمارەی ئەم هێزە پارتیزانانە وەک یەک نەبوون. هەروەها شێوازی جەنگەکانیشیان بەپێی قەبارەی هێزەکان دەگۆڕدران، بۆ نمونە پارتیزانەکانی سەربیا بەسەرۆکایەتی تیتۆ ،ئەوانەی یۆنان و بولغاریا و تاڕادەیەکیش ئیتالیا ئەمانە زۆر جار شەڕی بەرەیشیان دەکرد ،واتە بەرمبەر بە سوپای داگیرکەر دەجەنگان، بەمەش ناوچەی ئازادکراویان هەبوو، بەڵام دۆخەکە لەو وڵاتانەی توانایان کەم و دیاریکراو بوو ،بەشێوەی شاراوە و ناکاو چالاکیان ئەنجام دەدا.
درووستکەرو بزوێنەری زۆربەی ئەم هێزە پارتیزانانە حیزبە شیوعیەکانی ئەو وڵاتانە بوون ،هەروەها گرووپ و ئەحزابی دیکەش بەتایبەت سۆشیال دیموکراتەکان.
گەرەکمە لێرەدا تیشک بخەمە سەر چالاکی پارتیزانی لە دانمارک کە ڕۆژی 5.5 [75]ە مین ساڵڕۆژی ڕزگار بوونی ئەم وڵاتە بوو . لەوڕۆژەدا سوپای هیتلەر لە دانمارک خۆیان تەسلیم بە هیزی هاوپەیمانان و پارتیزانەکان کرد.
ڕیکەوتی [9.4.1940] سوپای هیتلەر دانمارک و نەرویجی داگیر کرد، بەهانەیان ئەوەبووە نەکا هێزەکانی هاوپەیمان پشتیان لی بگرن . دۆزینەوەی بەهانە بۆ داگیرکەر ئاسانە ،جا ئەوەش تەنها بەهانە بوو. دەرکەوت مەبەستیان پتر بۆ دەسکەوتی کانزایی و بەرووبوومی کشتوکاڵی و بەرهەمی دیکەی ئەم دوو وڵاتە بووە بۆئیدامەی جەنگەیەیان.
لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا سوپاکەی هیتلەر بە سەرکردایەتی جەنەراڵ [WERNER BEST]هەموو دانمارکی کۆنترۆڵ کرد.
ڕاستە داگیرکردنی دانمارک و ڕەفتاری سوپای نازی لە وڵاتدا جیاواز بوو لەچاو زۆر وڵاتی دیکەی داگیرکراو کە زۆر دڕندەو بێبەزەیی بوون و خەڵکیان بێهۆ دەکووشت و وڵاتیان وێران دەکرد. لە دانمارک ڕەفتاریان تا ئەندازەیەک ئەهوەن بوو ،بۆنموونە دەسەڵاتیان نەگۆڕی ،ڕێگەیان بە حیزبە نازیەکەی دانمارک نەدا دەسەڵات بگریتە دەست ،هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان دەکرا، جگە لە حیزبی شیوعی هەموو حیزبەکان ڕێگە پێدراوبوون بۆ کاری ئاشکرا . نازیەکان زۆریان بۆ خەڵک نەدەهێنا تا کاریان بۆ بکەن. بەڵام ئەوە ڕوون بوو کە لەپشتی پەردەوە نازیەکان چیان بویستایە بەدەستیان دەهێنا..
لەو دەمەدا سیاسیەکانی دانمارک دەیانویست بە هەرجۆرێک بێت وڵاتەکەیان لە کێشەی گەورە و بێبەزەییی نازیەکان بپارێزن ،بۆیە زۆر بە دیبلۆماسیانە ڕەفتاریان دەکرد .

( سەرهەڵدانی یەکەم گرووپی بەرهەڵستکار)

داگیرکردن لەهەر فۆرمێکدابێت هەر داگیرکردنەو فەراهەم کردنی سەختە.
بۆیە بەگژاچوونەوەی داگیرکەران بووبووە ئەرک و دەبوو هەنگاوی بۆ بنرێت. هەر هەمان ساڵ و پاش چەند مانگێک لە داگیرکردنی دانمارک ،ژمارەیەکی کەم لە هەرزەکارێ سەرکێش لە شاری [Ålborg] کە تەمەنیان لە نێوان [14-17] ساڵیدا بوو ،هاوکات هاو خوێندنگا بوون ،یەکەم گرووپی بەرهەڵستکاریان بە نێوی [کلوبی چەرچڵ]پێکهێنا.
چالاکیەکانی ئەم گرووپە پتر تێکدەری و تەقاندنەوە بوون، ئەو شوین و مۆلانەیان دەکردە ئامانج کە تایبەت بوون بە سوپای داگیرکەر ، واتە چەکدار نەبوون.
پاشان بەداویدا چەندین گروپی مەزن و بە دیسیپلین هاتنە کایەوە ،وەک گروپی [ KOPA ]کە سەربە پارتی کۆمۆنیستی دانمارک بوو. هەروەها گرووپەکانی وەک :
Holger Danske،L- gruppe، AMPA، Frit Danmark ،Polytekniker Bataljonen، Dansk Samling.
جگە لەم گرووپانە هەندێک هێز و لایەنی دیکە هەبوون کە بە ژمارەو چالاکی کەمتربوون، بەگشتی نزیکەی 15 گرووپ دەبوون .هەندێکیان لۆکالی بوون ،واتە چالاکیەکانیان تەنها لەو باژێڕدا بوو کە تێیدا دەژیان .هەشبوو کە چالاکیەکانیان هەموو دانمارکی دەگرتەوە بەتایبەتی گرووپەکانی [KOPA ، Holger Danske]
لە سالی 1943 دا زۆربەی ئەم گرووپانە بەریەکیان درووست کرد بە نێوی[BOPA] واتە کورتکراوەی پارتیزانی هاوڵاتیان ، وە ئەنجومەنێکیان دامەزران بە نێوی [ئەنجومەنی ڕزگاری میللی].
پاش ئەم ڕووداوە چەندین بریگادەیان درووستکرد کە هەر بریگادەیەک یا گرووپێک ژمارەیان لە [6] پارتیزان تێندەپەری وە هەر گرووپێک لەمانە زۆنەیەک یا دەڤدەرێک سەنتەری چالاکیان بوو. بۆ سەلامەتی گیانی ئەندامانی گرووپەکان هیچ گروپێک ئەندامانی گروپەکانی دیکەی نەدەناسی .
لە دواساڵی داگیرکردندا وە بەتایبەتی پاش ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە حاڵەتی دیفاعەوە کەوتنە هێرش و چەندین وڵات و دەڤەریان لە ئەوروپا رزگار کرد، چالاکیەکانی ئەم پارتیزانانە کەوتە قۆناغێکی نویوە.
ئەوەبوو ئەم هێزانە بە ئاشکرا و بەگرووپی گەورە بەڕۆژ و بەبێ ترس لەشەقام کۆڵانەکانی باژێڕەکانی دانمارکدا دەردەکەوتن و چالاکیان ئەنجام دەدا.
وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا ،ئەم هێزە پارتیزانانە سوپای هیتلەریان بە چالاکیە بەردەوامەکانیان شپرزەو ماندوو کردبوو، ترسیان خستبوە دڵی ئەفسەرو سەربازانی نازیەوە ، نەیاندەزانی کەی و چۆن لێیان دێنەدەست.
بۆیە دەمێک یەکێک یا چەند کەسێکیان لە کاتی چالاکیدا لێدەستگیردەکرا ، ڕاستەوخۆ لەوێدا گولەباران دەکران یا پاشتر لە سێدارە دەدران.خۆ گەر کەسێکیان ببێچەک دەستگیر بکرایە ، ئەوە ڕەوانەی کەمپە بەدناوەکانی ئەڵمانیا دەکرا.[KZ]
لە سەرەتای مانگی ئایاری 1945 دا بەمەبەستی دەرکردنی داگیرکەران یا تەسلیم بوونیان چالاکەیانیان چڕبوونەوە و زیانی زۆر لە هەردوو لا کەوت.

(کۆتایی جەنگ لە دانمارک )

لە ڕۆژی 5.5.1945 وێستگەی ڕادیۆی [BBC] بەشی دانمارکی هەواڵێکی بەپەلەی بلاوکردوە ئاماژەی بە خۆبەدەستەوەدانی سوپای هیتلەر کرد لە هۆڵەندە و باکووری ئەڵمانیاو دانمارک ،کە خۆیان تەسلیمی هیزە هاوپەیمانیەکان کردووە.
پاش ئەو هەواڵە بووە شایی ولۆغان و خەڵک لە باژێڕەکانی دانمارک بۆ دەربڕینی خۆشی ڕژانە سەرشەقامەکان.
ئەوەی سەیر بوو لە چەند جێگەو باژێڕێک هەندێک لە سەربازانی نازی وەک ئەوەی مێشێک میوانیان نەبێت مقاوەمەیان دەکردو لەگەڵ پارتیزانەکان شەڕیان دەکرد.ئەمەش بووە هۆی کوژرانی پتر لە {80} پارتیزان لەیەک ڕۆژدا.
ئەنجامی ئەوەی ئەو سەربازە یاخیانەی چەکیان دانەنا ،پاش ماوەیەک زۆربەیان کوژران و ئەوانی تر خۆیان تەسلیمی پارتیزانەکان و هێزی هاوپەیمانان کرد کە پتر سوپای ئینگلیز بوون و یەک دوورۆژ لەوەو بەر لە ئەڵمانیاوە گەیشتبوونە دانمارک.
ئەو ئەفسەرو سەربازە نازیانەی لە دانمارک بوون ،پاش خۆبەدەستەوەدان و چەککردنیان ، ڕێگەیان دان بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا بۆ نێو کەسوکاریان.

( ئەرکی پارتیزانەکان پاش کۆتایی جەنگ)

لەو 5 ساڵەی نازیەکان دانمارکیان داگیرکردبوو ژمارەیەکی زۆر دانمارکی وەک هاوسۆز و لایەندار یا بۆ پارە و پۆست چ ژن چ پیاو هاوکاری داگیرکەریان دەکرد کە ژمارەیان بە 4000 مەزەنە دەکرێت .
پارتیزانەکان مامەڵەیەکی شایستەیان لەگەڵ ئەم ناپاکانە کرد کە دەبوو هەر بەو جۆرە بێت. ،سەرەتا کەوتنە دەستگیرکردنیان و کۆکردنەوەیان لە چەند شوێنێکدا ،ئەویش بەمەبەستی پۆلێنکردنیان بەپێی تاوان و پاشان بە دادگایی کردنیان.
شایانی ئاماژە ئەوانەی کە بەرچاو بوون و زۆر ئازاری خەڵکیان دابوو وە دڵسۆزی نازیەکان بوون ،ئەوانەیان هەر لە جێدا دەکووشت یا لە دەشت و دارستانەکاندا فتیان دەکردن.
تەنانەت ئەو کیژە گەنجانەی کە تەنها پەیوەندی ئەوینداریان لە تەک ئەفسەرو سەربازە ئەڵمانەکاندا هەبوو ،وەهیچ جۆرە هاوکاریەکی نازیەکانیان نەکردبوو،ئەوانەشیان بەسزاگەیان، بەوەی سەریانیان پاک دەتاشی وسومبوڵی نازیەکانیان لەسەر لەشیان دەکێشاو بە شاردا دەیانگەڕاندن.
[کاتی خۆی بابەتیکم لەسەر ئەم کیژانە نووسی بەنێوی کچە ئەلمانیەکان]
پاش ئەوی پارتیزانەکان بە دڵسۆزانە ئەرکی خۆیان بەجێگەیاند ،ئیدی پێویستی بە بوونیان نەما ، بۆیە چەکەکانیان تەسلیمی دەوڵەت کرد و وەک هاوڵاتیەکی ئاسایی درێژەیان بە ژیانی خۆیان دا.
- پارتیزانی بە فاکت
• ژمارەی پارتیزانەکان بەژن و پیاوەوە بە پتر لە [8000] مەزەنە دەکرێت .
• لەو ماوەیەدا 2801 چالاکیان ئەنجام داوە.
• پتر لە 400 ئەفسەرو سەرباز و خۆفرۆشی دانمارکیان کووشتوە
• 861 کەسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەدا کوژراون.
• 82 کەسیان لە دواڕۆژی جەنگدا کوژران ،واتە 5.5.1945
• 93 کەسیان پاش دەستگیرکردنیان لە سێدارەدران یا بەدەستڕێژی گولە کوژران.
• 500 برینداریان هەبووە .
• 8000 جولەکیان بۆ سوید پەڕاندەوە لە مردن ڕزگاریان کردن.
• . چەندین ڕۆژنامەو بڵاوکراوەیان بە نهینی دەرکردوەو بڵاویان کردوەتەوە
• ژمارەیەک هاوکاریان هەبووە ، کاریان کۆکردنەوەی زانیاری بووە لە بارەی جموجوڵی سوپای نازی و هاوکارە دانمارکیەکانیانەوە.

ئەم پارتیزانانە لەو ماوەیەدا دەستبەرداری ژیانی ئاسایی و خۆشگوزەرانی بووبوون هەموو کاتی خۆیان بۆ خەبات تەرخان کردبوو، گیانی خۆیان خستبووە مەترسیەوە ،لەهەر چرکەیەکدا ئەگەری کوشتنیان لەسەر بووە ، ڕۆڵی مەزن و کاریگەریان هەبووە لە لێدان و لاوازکردن و شپرزە کردنی سوپای داگیرکەردا، هاوکات تۆوی بەرەنگاربوونەوەیان لە دڵی خەڵکدا چاند و ورەی خەڵکیان بەرزکردەوە..
پاش کۆتایی جەنگ ئەمانە :
*پۆزیان بەسەر خەڵکدا لێنەدا
*خەباتیان بە خەڵک نەفرۆشتەوە
* بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵیان نەدا
* داوای ئیمتیازاتیان نەکرد
* قۆرخی دەسەڵاتیان نەکرد
*کۆمپانیای تایبەتیان بە خۆیان دانەمەزراند
*کەسە نزیکەکانی خۆیان لە پۆستە باڵاکاندا دانەمەزراند
*وڵاتیان بە ئاسمان و سەرزەوی و ژێر زەویەوە لەسەر خۆیان تاپۆ نەکرد
*بەردەوام لە میدیاکانەوە درۆی سواویان بەگویی خەڵکدا نەدەدا
* شوینە جوان و بەنرخەکانیان بۆ خۆیان داگیر نەکرد
*بانکەکانی دانمارک و جیهانیان پڕ نەکرد لە پارەی دزراو
*سوپایەک لە مشەخۆر و بندیوارو قەڵەم فرۆشیان درووست نەکرد
*ئیمپراتۆریەتی میدیای زەبەلاحیان بە پارەی دزراوی خەڵک دانەمەزراند
*خانوەکانیان هیندەی گۆڕەپانێکی تۆپانی یا مەزنتر نەبوو
*منداڵکەنیان شاهانە نەدەژیان
*بۆ جوانکاری و لابردنی زیپکە و کڕینی ناوماڵ و جل وبەرگی نایاب بە فڕۆکەی تایبەت سەفەری وڵاتانی دیکەیان نەکرد
*هەریەکیان چەند هەزار حیمایەی نەبوو
*خەڵکیان برسی و بی موچەو بێژیانی شایستە نەکرد
ئەوەی بۆیان مایە و جێگەی شانازیان بوو ، ڕێز و خۆشەرویستی خەڵک و دیداری ساڵانەیان بوو کە پێکەوە بەدەم خواردنەوەی قاوەو بیرەوە یادەوەریە پڕ شکۆکانیان بۆ یەکتر باس دەکرد.

شایانی ئاماژەیە پاش کۆتایی جەنگ و بەمەبەستی یاداشت کردنی سەردەمێکی دژوار لە ژیانی دانمارکیەکان و هاوکات پێزانینێک بۆخەباتی پارتیزانەکان ، مۆزەخانەیەک بەناوی {مۆزەخانەی مقاوەمەت } لە کۆبنهاگن نزیک ماڵی شاژن کرایەوە .هەرچی پەیوەندی بەو زەمەنەوە بوو لەویدا نمایشکراون.
دوا شت گەرەکمە ئاماژە بەوە بکەم کە لە ئێستادا هیچ کام لەو پارتیزانانە لە ژیاندا نەماون. دوا کەسیان سالی [2017] لە تەمەنی {97} ساڵیدا بە نێوی [Jørgen Kieler] کۆچی دوایی کرد. ئەم پارتیزانە ساڵ [1944]لە چالاکیەکدا دەستگیر دەکرێت و پاشان سزای مەرگی بۆ دەردەکەن .خۆشبەختانە سزاکەی جێبەجێ ناکریت ،و پاش کۆتایی جەنگ مەرەخەس دەکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە