چیرۆکە پڕ ژانەکەی زیندانی ئیمراڵی

Thursday, 14/05/2020, 21:59

10507 بینراوە


دورگەی ئیمراڵی یان زیندانی ئیمراڵی، ئەو دورگەیەی، کە ماوەی ٢١ ساڵە "عەبدوڵا ئۆجالان"ی سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" تیایدا زیندانی کراوە، کە یەکێکە لەسەرکردە هەرە دیارەکانی گەلی کوردی.هەرچەندە ئۆجالان سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دواتر ئەو سزایە گۆڕدرا بە زیندانی هەتاهەتایی، پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەو زیندانە واتا ئیمراڵی داخۆ ماڵی کۆتایی ئاپۆیە!؟
لەدوای دەستگیرکردنی " ئاپۆ"وە، ئیمراڵی بووە بە ناوێکی ئاشنا لای گەلی کورد و جیهانیش.لەو ماوەیەشدا بەبەردەوامی هەست و نیگای بەشێکی زۆری گەلی کورد لەسەر ئەو دورگەیە بووە و هەیە.زۆرمان وای دەبینین ئیمراڵیش ببێتە دورگەی "رۆبین "زیندانەکەی نیڵسۆن ماندێلا.زیندانی ئیمراڵی لە ساڵی 1935 وە دروستکراوە دەکەوێتە سەر دورگەیەکی بچوک لەسەر دەریای مەڕمەڕەی سەر بە شاری ئیستەنبوڵ لە خۆرئاوای تورکیا، زیندانەکە لەبەرزترین شوێنی دورگەکە بنیات نراوە و 217 مەتر لەڕووی دەریاوە بەرزە.جگە لەزیندانیکردنی ئۆجالان، هەریەکە لە "عەدنان مەندەریس" یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی تورکیا و "فەتین روشدی" وەزیری دەرەوە و "حەسەن پۆڵاتکا" وەزیری دارایی کابینەکەی مەندەریس و یەڵماز گونەی دەرهێنەر و سینەماکاری بەناوبانگی کورد لەو دورگەیە زیندانی کراون، بەڵام وەک سەردەمی ئاپۆ، ئێرە نەبووە بەجێگەی سەرنجی جیهان.
مێژووی ئاوەدانی لەم دورگەیە بۆ رۆژگاری رۆمانەکان دەگەڕێتەوە، کە بە دورگەی "بەسبیکوس" ناودەبرا، دواتر دورگەکە بە کالۆلیمنوس (Kalolimnos) ناونرا کە وشەیەکی یۆنانیە.
ئەوکاتەی پارتی چارەسەر "پەچەدەکە" هەبوو، هەموو جارێک سەردانی لاپەڕەکەیانم دەکرد، چونکە هەفتانە پەیامی ئاپۆ، یان ڕاسپاردە و نامەکانی ئۆجەلانیان تێدا بڵاو دەکردەوە.ئاپۆ گەلێک شیرین، نامەکانی دەنارد، کە پڕبوون لە هیوا و داهاتوویەکی گەش و ڕووناک.کەمتر گلەیی لەژیانی دەکرد، زیاتر لەخەمی خەڵک و گەلەکەیدا بوو.تا جارێکیان ووتیان دەرمانخوارد کراوە و تورکان دەیانەوێت بە هێواشی لەناوی بەرن.ئەو پیاوە بەو حاڵەشەوە، کە گۆشەگیر کراوە، توانی دەیان کتێب بنووسێت.
گلەیی ئۆجەلان، گەیشتنی نامەکان بوو، کە درەنگ بەدەستی دەگەیشت، یان ڕۆژنامەکان، یان بڕینی هەواڵ و قرتاندنی نامەکان بوو، لەسەرو ئەوانەشەوە لە ڕێگەی ئەزمونی خۆیەوە ئاگای لەدنیا و لە نیشتمان بوو، نامەی وای هەبوو کە ئەووت ئازادانە لە گەڕەکەکانی ئامەد و مهاباد و سلێمانیدا سوڕاوەتەوە و زانیارییەکانی هێندە ناسک بوو، هێندە شارەزایانەب وو مرۆڤ هەستی بە ڕاستگۆیی و بەئاگایی وجەوامێری دەکرد.
ئاپۆ لەنامەیەکدا باسی ڕادیۆیەک دەکات، لەژوورەکەیدا بۆیان داناوە، کە تەنها کەناڵێک وەردەگرێت و لەڕێگەی ئەو ڕادیۆیەوە ئاگای لەهەموو هەڵچون و داچوون و نیشتمان و جیهانیشە.
ئاپۆ گلەیی هەبوو لە هەوای ژوورەکەی و لە دەنگێک کە ئازاری گوێکانی دەدات، بەڵام تاکە جارێک چییە باسی خۆراک و گوزەرانی تری نەدەکرد، ئەو دەیووت: لێرە لە ئیمراڵی بۆیە وا بەرخودم لەگەڵدا دەکەن، تا من خۆکوژی بکەم، یان واز لەداوای گەلەکەم بهێنم، بەڵام ئەوان بەهەڵەدا چوون، من نەخۆم دەکوژم نەواز لە داواکاریی گەلەکەم دەهێنم.پەنجەرەی ژوورەکەی ئاپۆ، ئەو پەنجەرەیەی تەنیا لەدیوی دەرەوە دەکرێتەوە.
جارێک چیرۆکی یەکێک لە نیگابانەکانی ئەو زیندانە دەگێڕێتەوە، کە لەکاتژمێر ٣.٣٠دەقیقەی شەوێکی ساردا پەنجەرەی ژووری ئاپۆدەکاتەوە و چایەکی بۆ دێنێ، شەوێکی سارد لەناو سەرمای دورگەکەدا، ئەو نیگابانە دەیەوێت مرۆڤبوونی خۆی بۆ ئاپۆ باس بکات، ئاپۆش چاکەی لەگەڵدا دەکات بە دوو بەشەوە، نیوەی دەخوا و نیوەکەی تری دەدات بە نیگابانەکە، ئەویش دەڵێ: "سەرۆک " بۆ هەمووی ناخۆی؟ دەڵێ: ئێمە دوو گەلی جوداین تۆ تورک و من کورد، وەرە با بە هاوبەشی ئەم چایە بخۆینەوە....!
کلیلی کەسێتی ئەم پیاوە لەچەمکی تێڕاماندایە، ئەو پەنجەرەی ژوورەکەی جێگەیەک بوو، کە لێوەی سەیری دنیای دەرەوەی دەکرد، لەوێوە دارێکی بەتەمەنی دەدی، دارێک ئیلهامی تێڕامانێکی قوڵی پێ دەدا، دارێک کە چۆلەکە و باڵندەکانی تر چەندین ساڵ بوو لەسەری دەنیشتنەوە، گۆرانیان دەچڕی و جریوەیان دەهات، لە چڵکانیەوە باز بازێنیان دەکرد و لەسەر دارەکەوە لە دەریا و ئاسمانیان دەڕوانی، دەفڕین و دەگەڕانەوە.ئاپۆ سەیری دەکردن و شاگەشکە دەبوو، وەک ئەوەی بڵێت: ئاها ژیان لەدەرەوە چەندە نازدارە، کێ ناڵێت لەو باڵندانەوە پەیامەکانی دەرەوەی زیندانی پێنەدەگەیشت؟ لە دارەکەی دەڕوانی ڕۆژە هەورەکان هەستی بەهەتاوە کزەکە دەکرد، بۆیە دەیووت: یان چاکترە بڵێین بەدارەکەی دەووت : دەزانی ڕێگەیەک نییە بۆ ئاشتی، چونکە ئاشتی خۆی ڕێگایە.
کە جەلاد و سەرجانەکان لە ڕێگەی خەفیەکەیانەوە دڵنیابوون، ئاپۆ ڕۆژانە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو سروشت لە ژوورە داخراوەکەیدا لەو دارە دەڕوانێت، هەر ئەو دارە پێی دەڵێت : ئەم دورگەیە مردوو نییە، دورگەیەکە، هێشتا نوقم نەبووە لە تاوان، تابلۆیەکە ڕەنگاو ڕەنگ، تۆش دەتوانی کامە ڕەنگ لات جوان و لەبەر داڵان بێت، تێی هەڵسویت، ئەوەتانێ جێگەماوە بۆ ڕەنگەکانی تۆش.
دارەکە دەیووت : من بەربەرەکانێی مێژوودەکەم.ئاپۆ لەگەڵ دارەکەدا دەکەوتە قسەکردن هەستی بەزیندوێتی دەکرد، دەیووت : داری نازدار من تەسلیمی نائومێدی نابم، ئەوەتانێ لە ناو کتێبەکانمدا کە دەیان نووسم باسی بەرگە گرتنی ئازار بۆ خەڵک دەکەم.داری هاوڕێم من ئێستا ناوەستم، هەر کاتێک ئەم دنیایەم جێهێشت، کاتی تەواوم هەیە بۆ پشودان.پاشان کە لە دارەکەی دەڕوانی وەرزشی هەناسەدانی دەکرد، دەیزانی دارەکە لەبەر ئاپۆ چۆن ئۆکسجین بەرهەم دێنێت.تا ڕۆژێک دوای ڕۆتینی ژیانی ناو ژووری زیندانەکەی، چێشتەنگاوێک کۆمەڵێک کرێکار بێئاگا لەو تاوانەی ئەنجامی دەدەن کەوتنە بڕینەوەی دارەکە، کە"ئاپۆ" هەموو ڕۆژێک لەگەڵیدا دیداری دەکرد.ئاپۆ زیاتر لە دڕندەی جەنگ گەیشت، هێواش هێواش مووکانی سەری ڕەنگی سپیان گرت و ئیتر لەمیحرابی کتێبخانەکەیدا دانیشت و تورکەکانی دی چۆن ئازاری ڕۆحی دەدەن! ڕۆژانی دواتر لەبەر پەنجەرەکەدا سەیری ئەو باڵندانەی دەکرد، کە چۆن سەریان لێشێوا بوو، وەک ئەوەی جێگەیەک نەبێت یان ماڵەکەیان ڕوخێنرابێت، دەهاتین بەدەنوک لە پەنجەرەکەیان دەدا و دەیان ووت : ئەوە بەهۆی تۆوە بوو ئێمە ئەو هاورێ و ماڵەمان لەدەست دا...داخۆ کۆتایەک هەیە بۆ ئەم محنەتە...!؟
ئێستا دوای ئەو مێژووەی کە دارەکەیان تێداکوشت، ئاپۆ لەبەر پەنجەرەکە دەوەستێت نیگای نوقمی فڕینی باڵندەکان دەکات، ئاپۆ لەبەر خۆیەوە دەڵێت : "ئافات چۆن قەڵاچۆ بکەین ؟ "
خەفەکە ڕاپۆرت دەنووسێت و دەڵێت : دەبێت باڵندەکان لەناو بەرین، یان سنورێک بۆ فڕینیان دابنێین بەسەر ژووی ئەم پیاوەدا نەفڕن و بەدەنوک لە پەنجەرەکەی نەدەن، تا لە تەنیایدا دەیخنکێنین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە