ڕێگایەک بۆ مرۆڤبوون

Saturday, 16/05/2020, 22:24

4633 بینراوە


٤ کاف...ڕێگایەک بۆ مرۆڤبوون
------------------------------
ناوی پەڕتووکێکە لەلایەن ناسر حەفیدەوە نووسراوە و لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە
پەڕتووکەکە ١٨٦ لاپەڕە یە لەگەڵ پاشکۆی ناوی ئەو سەرچاوانەی کە سودی لێوەرگرتووە و ٣٣ بابەت یان وتار لەخۆ دەگرێت کە دەتوانرێت بە پێی بابەتەکان بکرێن بە سێ بەشەوە .
بەشی یەکەم: پێک ھاتووە لە 6 دیدە لەمەڕ ماف و خۆبەدەستەوەدان و کۆڵنەدان و شۆڕش ھەڵگیرسان .
بەشی دووھەم: پێک ھاتووە لە 5 بابەت دەربارەی پرۆژەی ڕێکخستن و جۆرەکانی کۆنتراکت.
بەشی سێھەم: پێک ھاتووە لە 21 بابەت/ وتار دەربارەی پرنسیب و سەخڵەت و ڕێنماییەکانە، كە پێویستن بۆ ڕێكخستنەوە و بنیاتنانی كۆمەڵگەی كوردی.
کاک ناسر لە بری پێشەکی بۆ پەڕتووکە، کە بە «پێش خوێندنەوە» دەست پێدەکان، تێیدا واتای چەند وشە و زاراوەیەکی بەکارھاتوو ڕوون دەکاتەوە .
بەشی یەکەم بە بابەتێک دەست پێدەکات لە ژێر ناونیشانی ھەق سواڵ ناکرێت، کەچی لە کوردستان گەل و تاک سواڵی مافەکانی خۆیان لە دەسەڵات دەکەن، چاوەڕوانن دەسەڵات بە چاوی سۆزەوە ڕەحمیان پێبکات و مافەکانیان بداتێ، بەڵام دەسەڵات ئەو ڕەحمەیان پێناکات.
نووسەر مووچەی وەک نمونە ھێناوەتەوە، کە مافی ئەو کەسەیە کاری کردووە و مافی خۆیەتی ھەق دەستەکەی لە کاتی خۆیدا وەرگرێت، بەڵام دەسەڵات موچەکەی ناداتێ و ھیچ حسابێکیشی بۆ ناکات. کێشەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ھەڵەی کەسەکە، یان گەل چونکە بەبێ ھیچ مەرجێک دەنگیان داوە بە دەسەڵات و خۆیان ڕادەستی دەسەڵات کردووە، ھیچ کۆنتراکتێکی سیاسی لە نێوان گەل / تاک و دەسەڵاتدا واژۆ نەکراوە.
بە بۆچوونی نووسەر چارەی ئەو ڕەوشەش بە دەست گەلە، بەڵام ھەر دەبێت لە تاکە کەسەوە دەست پێبکات و ھەر ئەندامێکی کۆمەڵگە دەبێت سەربەستیی خۆی وەربگرێتەوە، ئەو مافەی کە بەبێ ھیچ کۆنتراکتێک لە ڕێی دەنگدانەوە بەخشیویەتی بەدەسەڵات لێی بسەنێتەوە.
کاک ناسر لە بۆچونەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت ئەم ڕەوشە ناھەموار و پڕ شکستە، کە ئەمڕۆ باڵی کێشاوە بەسەر کورددا مانای ئەوە نییە، مێشکی تاکی کورد لە ڕووی بایۆلۆجیەوە جیاوازبێت لە مێشکی گەلانی دیکە، بەڵکو لە جۆری بەکارھێنانی مێشکەکەوە جیاوازە . لەمڕۆدا لەشی تاکی کورد ئەقڵێکی کەی خراوەتە سەر بۆ کارکردن بۆ کەسانی کە. سەیریش لەوەدایە کە ئەوانەی ئەو ئەقڵەیان خستۆتە سەر کورد، بەوە ڕازی نابن، کورد خۆی بدات بەدەستەوە و کورد نەبن، بەڵکو دەیانەوێت بەبەردەوامی کوردبن بۆ خزمەتی ئەوان، ھەروەک حیزبە شیوعی و ئیسلامی و سەلەفی و کۆمەنیستەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان پەیڕەویان کردووە و دەیکەن. بەو پێیەبێت کە خۆبەدەستەوەدان کورد لە بەڵاکان ڕزگار نەکات، دەبێت کۆڵنەدان چارەسەری گرفتەکانی گەل و تاکی کورد بکات، ئەویش بە لێکردنەوەی ئەو ئەقڵەی، کە بەزۆر لکاندویانە بە لەشی تاکی کوردەوە و گەڕاندنەوەی ئەقڵە ئەسڵیەکەشە بۆ لەشی تاکی کورد، تا بتوانێت بە ئازادی بەکاری بھێنێت بەدەر لەو ھەموو لەمپەر و کۆدانەی کە ناھەمواری مێژوویی و ھەلومەرجی پڕگرفتی ھەنووکەیی ژیان دروستیان کردووە. بەکارھێنانی ئەقڵیش بە ئازادی مانای ھەڵگیرسانی شۆڕشە، بەڵام ئەو شۆڕشە لە چەکدا نییە، بەڵکو لەو ئەقڵەدایە، کە چەکەکەی پێ ھەڵدەگرێت و مەیدانەکەیشی تاکی کورد خۆیەتی، کە دەبێت مێشکی خۆی بە جۆرێک بگۆڕێت تا گەشەکردنی ئەتیک و مۆڕال لە ناخیدا بچەسپێت ئینجا دەتوانرێت کۆمەڵگا بگۆڕرێت و ڕەوشەکە بە ئاراستەیەکدا ببرێت، کە گەل و تاکی کۆمەڵگا بگەنە مافەکانی خۆیان و بوونی خۆیان وەک مرۆڤێکی کورد بسەلمێنن.
لە بەشی دووھەمی پەڕتووکەکەدا، کە بەناوی پرۆژە و ڕێکخستنە نووسەر ئاماژە بەوە دەدات، ئەگەر کەسێک یان گەلێک نەیەوێت سواڵی مافەکانی بکات و دژی خۆ بەدەستەوەدان بێت، کۆڵنەدات و ئامادەی شۆڕش بەرپاکردن بێت، لە ھزر و مۆراڵ ودیسیپلینی خۆیدا فەلسەفەی (٤ ک)ی پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە ئامانج. مەبەست لە (٤ ک) ئەو چوار ڕێکەوتنەیە، کە دەبنە ڕێخۆشکەر بۆ بنیادنانی بناغەیەکی دونیایی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و پێکھێنانی دەسەڵات.
ئەو چوار کۆنتراکتەش بریتین لە:
کۆنتراکتی سروشتی، کۆنتراکتی کۆمەڵایەتی، کۆنتراکتی سیاسی و کۆنتراکتی کات.
نووسەر بە دوور ودرێژی، زۆر بە وردەکاریی و شرۆڤە کردنەوە باسی ناوەرۆک و گرنگی و ھۆکارەکان و پێداویستەکانی ھەر چوار کۆنتراکتەکەی کردووە..
لەبەشی سێھەمی پەڕتووکەکەدا کە لە 21 بابەت یان وتار پێک ھاتووە، دەربارەی ئەو پرنسیب و سەخڵەت و ڕێنماییانەن کە پێویستن بۆ ڕێکخستنەوە و بنیادنانی کۆمەڵگایەکی کوردی کە تاکەکانی سەربەستی خۆی وەربگرێتەوە ولە بێ ماف و ملکەچێکی دوێنێوە ببێتە مافدارێکی سەربەست و سەربەرزی ئەمڕۆ تا بتوانێت دەسەڵاتدارانێک ھەڵبژێرێت کە ئەرکیان دابین کردنی ھەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بێت بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگایەک کە ھاوڵاتیان تیایدا یەکسانبن و توانایان بەسەر ژیانی خۆیاندا بشکێت و خۆیان بڕیاری چارەنوسی خۆیان بدەن.
لە وتارەکاندا دوو دیاردە ڕەتدەکرێتەوە کە تاوەکو ئەمڕۆش خەڵکانێکی زۆر لە کوردستان خۆیانی پێوە ھیلاک دەکەن یەک لەوانە ھەوڵی چاکسازی لەناو دەسەڵاتداراندایە کە بەلای کاک ناسرەوە ئەوە باوەڕێکی ھەڵەیە كە وابزانرێت ئەو پارت و دەسەڵاتدارانەی کە بەرپرسیارن لە قەیرانێک ئامرازیشبن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و نابێت ھیچ پێشنیار و پرۆژەیەکی چاکسازی بخرێتەبەردەمیانەوە.
دیاردەی دووھەمیش ئەوەیە کە پارت و حیزبەکانی کوردستان بە درێژایی مێژوو ئایدۆلۆجیان لەدەرەوە ھێناوە و مێشکی گەلەکەیان لە خوارەدە پێ لەقاڵب داوە و لە ڕێگای ێیسلامەوە کوردیان ملکەچی عوسمانیەکان کردووە و لە ڕێگەی کۆمۆنیزمەوە کوردیان ملکەچی گەلانی داگیرکەر کردووە. ڕاستی ڕەھا ئەوەیە کەمادەم بزوتنەوەی سیاسی کورد لە بنەڕەتدا وزە لەو سەرچاوە سروشتیە وەردەگرێت کە گەلی کورد دەیەوێت خۆی حوکمی خۆی بکات دەبێت ئایدۆلۆجی وشیارکردنەوە و سەربەخۆی گەلی کورد لە خودی سروشتی کوردەوە ھەڵقوڵابێت.
لە کۆتایی بەشی سێھەمدا چەندین ڕێنمایی خراونەتە ڕوو بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگا و گەلی کورد لە ڕووی بەڕێوەبەرایەتی و ئابووری و تەندروستی و سەربازی و کشتوکاڵی و دادوەری و مافی تاک و جەندەر و خزمەتگوزاری و ڕێکخراوی سەندیکایی.
بەلای منەوە پەڕتووکەکە بۆشاییەکی گەورەی لە کتێبخانەی کوردیدا پڕکردوەتەوە و دەکرێت پەڕتوکەکە ڕیزبەند بکرێتە ناو گروپی فەلسەفەی سیاسی کە بە واتای فەلسەفەی بەڕێووبردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگەیە و ژیانی تاکەکانیەتی. بنچینەی فەلسەفەکەش بە سەربەخۆیی ھزر و مێشک و بیر و ھۆشی تاکە کەس دەست پێدەکات. بۆ ئەوەی تاکە مرۆڤەکە بتوانێت خۆی بیربکاتەوە و بڕیاربدات دەبێت ئابووری و بژێوی سەربەخۆبێت ، کە تاک خۆی بڕیاری دا ئەوکاتە کۆمەڵگاش بەبێ سەخڵەت و بێ پێویست بە مەرجەع و سەرۆک دەتوانێت بڕیاری خۆی بدات.
گرنگی پەڕتوکەکەش لەوەدایە کە چەندین بۆچوون و پێشنیار و پرسیار و ھۆکاری قەیرانەکانی وروژاندووە کە شایانی چەندین جۆر خوێندنەوە و سیمینار و ۆرک شۆپ و ڕاڤە کردنن بۆ لێکۆڵینەوە و چۆنیەتی سود لێوەرگرتنیان. وە ئەگەر زەمینە لە ئارادا بێت دەتوانرێت چەندین بەش لە پەڕتووکەکە بکرێتە پرۆژەیەک بۆ
ڕێکخراوێکی فریادڕس بۆ گەلی کورد.

لە کۆتایشدا کۆپلەیەک لە بۆچوونەکانی نووسەر کە زۆر پڕمانایە دەخەمە ڕوو.
”گەلێک نەتوانێت لە ڕاستی خۆی ئایدۆلۆجیەک بۆ خۆی ڕێکبخات ، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە بە ئایدۆلۆجی داگیرکار
گوزارشت لە ژێردەستی خۆی بکات”
بەختیار بیارە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە