کوردستانپۆست قوتابخانەیەک بۆ فێربوون، پەروەردەیەک بۆ یاخیبوون


بنەمای ئەنترۆپی چییە؟ ئایا گەردوون لەپێناو مرۆڤدا دروست بووە؟ (بەشی دووەم)

Sunday, 05.17.2020, 1:20

1878 بینراوە


(ڕیچارد فاینمان دەڵێت: کاتێک سەرنج دەدەیتە گەردوون و لە یاسا و ڕێساکانی دەگەیت، بیرۆکەی ئەوەی کە هەموو شتەکان بە شێوەی شانۆیەک ڕێکخراون، تا خوا سەیری زۆرانبازی مرۆڤ بکات لە نێوان چاکە و خراپەدا، دەبێتە گریمانەیەکی گەلەک بێمانا و ڕاڤەی هیچ شتێکیش ناکات.)

(ڕاستە سەرهەڵدانی مرۆڤ نەخشەی بۆ کێشراوە؟)

وەک لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتە ئاماژەمان پێی دا، پێگەیەکی گرینگی لایەنگرانی بنەمای ئەنترۆپی ئەوەیە کە دەڵێن، ڕێکوپێکی گەردوون لەوەدایە کە چەندان بڕی فیزیکی هەن زۆر بەوردیی داندراون، ئەگەر تا ڕادەیەکی یەکجار کەم بگۆڕدرێن، ئەوا لەمێژ بوو دەبووە هۆی ڕێگرتن لە بەرەوپێشەوەچوون و گەشەکردنی گەردوون بەو شێوەیەی کە هەیە، بەمەش ژیان پەیدا نەدەبوو لەسەر زەوی. مەبەست ئەوەیە لەبەرچی ئەو بڕانە ئەم بەهایانەیان هەیە و بە جۆرێکی دیکە نین؟ ناسراوترین نموونەش ئەو 7.7 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵتەی (mev) ئاستی بوونی وزەی پێویستە، بۆ پێکهاتنی کاربۆن کە توخمی سەرەکییە بۆ ژیان لە ناخی ئەستێرە فرەمەزنەکان و تەقینەوە گەورەکانی سوپەرنۆڤا.
کاتێک زاناکان لەم بۆچوونانەیان کۆڵێیەوە و تۆژینەوەیان لەسەر تەمەنی ئەستێرەکان ئەنجام دا، بە لەبەرچاوگرتنی چەندان هۆکار و بڕی نەگۆڕەکان لە سروشتدا، بینییان کە بە گۆڕانێکی هەرەمەکی تا ڕادەیەکی زۆر و هەستپێکراویش لەو بڕانەی ئێستەیان، دیسانەوە وا دەکات ئەستێرەی گەلەک گەورە بە تەمەنێکی ملیاران ساڵێ بێتە چێکردن (ئەوانە ئێستە پێویستیان بە ملیۆنان ساڵە تا بگەنە دەمی پەیدابوونی کاربۆن و توخمە قورسەکانی دیکە)، هەروەک چۆن خۆری ئێمە ملیارێک ساڵی ویست تا ژیان لەسەر زەوی بێتە کایەوە. بوونی ئەستێرەی تەمەندرێژ، ژمارەیەکی زۆر لە ئەگەرەکان ڕێ دەدەن بەوەی ژیان بێتە بەرهەم، کەواتە گەردوون بەو شێوازە وردە ڕێک نەخراوە بۆ سەرهەڵدان و گونجانی ئەو تایبەتمەندییە.
لەلایەکی دییەوە هەندێ لە زاناکان هەڵسان بە گۆڕانی بڕی شەش دانە لەو نەگۆڕانە بە چەندان ئاستی زۆر لێک جیا، کەچی لەگەڵ ئەوەش بۆیان بەدەر کەوت کە هەر ئەستێرە و هەسارەکان پەیدا دەبن، پاشان ژیانیش دروست ببێت. سەرباری ئەوە دەبێ بگوترێت، بەبەرهەمهاتنی کاربۆنی سەرەکی بۆ تەنۆلکە زیندەکییەکان و ژیان، بەند نین بە ژمارە 7.7 تا ئەو ڕادەیە، بگرە دەوەستنە سەر کارلێکە تیشکاوەرییەکانی ناو ئەستێرەکانی کە لەسەرەمەرگن. بەکورتی زاناکان دەڵێن، ڕکخستن و دانانە وردەکانی بڕە نەگۆڕەکان بۆ پێکهاتنی کاربۆن، گوتەیەکی هەڵەیە و پەیدابوونی توخمەکان بە هۆکاری کارلێکە ناوەکییەکان کردارێکی هێندە ئاڵۆز و سەخت نییە.
زانای ناوداری فیزیکی هاوچەرخ ستیڤن واینبێرگ (Steven Weinberg)، خاوەنی نۆبڵە لە داهێنانەکانی بۆ یەککردن لەنێوان هێزە لاوازەکان و کاریگەریەتی کارۆموگناتیسی و پێوەندییان بە تەنۆلکە سەرەتاییەکان، گەلەک بەوردی لەسەر بنچینەیەکی زانستی و پسپۆڕییەکەی لەو بوارەدا، بە وتارێک وەڵامی هەموو ئەو بۆچوونە هەڵانەی لایەنگرانی بنەمای ئەنترۆپی داوەتەوە. لێرەدا پێمان باشە ئاماژە بە چەند بەشێک بدەین کە پێوەندییان بەم بنەمایەوە هەیە:
ئاشکرایە کە لەکۆندا گەردوونەکەمان چەندان بەڵگەی هەبووە لەسەر بوونی نەخشەسازییەکی ژیرانە بەدەست جۆرێک لە (هێزە ژیرەکان)، کێ دەتوانێت ئاگر و باران و هەورەبروسکە و بوومەلەرزە دابهێنێت؟ لەتەک ئەمانە توانا جوان و سەرسڕکەرەکانی بوونەوەرە زیندووەکان، وایان نیشان دەداین کە دەبێ دروستکەرێک هەبێ بایەخێکی تایبەتی بە ژیان بدات. بەڵام ئەمڕۆکە ئێمە تێگەیشتنمان بۆ ئەم شتانە هەیە، ئەوانەی کە هەموویان بە هۆکاری هێزە فیزیکییەکان ڕوو دەدەن، بە کاریگەری یاسا ناکەسایەتییەکان. ڕاستە ئێمە بەو ئاستە نەگەیشتووین تا بەتەواوی بزانین یاسا بنەڕەتییەکانی زاڵن بەسەر گەردووندا چین، ناشتوانین دەرنجامێکی گشتی هەڵێنجێنین لەو یاسایانەی کە شارەزاییمان لێیانەوە هەیە. بۆ نموونە، هۆشی مرۆڤ گەلەک ئالۆز و سەختە بۆ تێگەیشتن کە هاوشێوەی کەشوهەوایە! چونکە ئێمە هەرچەندە ئەو یاسایەی کە پێیەوە بەندە ناسراویش بێت لەلامان، کەچی هەر ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین، ئایە باران پاش مانگێکی دیکە دەبارێت یان نا؟
بۆچوونم ئەوەیە ئەگەر ئێمە گریمان لە شوێنکدا جێدەستی نەخشەسازێک هەیە، ئەوا بێگومان ئەو شوێنە بنەما سەرەکییەکانە، یاسا دوایەکییەکانی سروشت، کتێبی ڕێساکانە، ئەوەی کە گشت دیاردەکانی سروشت بەڕێوە دەبات. ئێـمە جارێ نازانین ئەو یاسا دوایەکییانە چین، بەڵام تا ڕادەیەک بەوە گەیشتووین کە هیچ هێزێک (هێزی ژیان) بوونی نییە ببێتە هۆکارێک بۆ ژیان، یاسا سروشتییەکانیش تا ئاستێکی یەکجار دوور یاسای ناکەسیین، چی ڕۆڵێکی تایبەتیش ناگێڕن بۆ بوون و سەرهەڵدانی ژیان. وەک گوتەکەی فاینمان، ئەگەر لە گەردوون و یاساکانی تێبگەین، ئەوا بوونی خوایەک بۆ سەیرکردنی زۆرانبازی نێوان چاکە و خراپە هیچ مانایەکی نابێت.
لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە کە فیزیا زۆر لە گریمانە ئاینییەکان باشترە، بۆ ئەوەی زانیارییەکی گونجاومان پێ بدات دەربارەی جیهان و گەردوون. چونکە هەرچەندە فیزیازانەکان ئەگەر نەشتوانن وەلامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی یاساکانی سروشت بەم شێوەیەن و بەجۆرێکی دیکەی جیاواز نین، بەڵام لانیکەم دەتوانن ڕاڤەیان بکەن، لە کاتێکدا ئەو یاسایانە تا ڕادەیەک جیاوازییان هەبێ لەگەڵ ئەوانەی کە هەن. بۆ نموونە، کەس ناتوانێت بیر لە جێگرەوەیەکی لۆژیکی و پتەو بۆ فیزیای کوانتەمی بکاتەوە، بە بڕێکی زۆر کەمیش لە جیاوازییەکان. چونکە گۆڕێنی گەلەک سادە و ساکار لە یاساکانی فیزیای کوانتەمی، دەبێتە هۆی چەندان دەرەنجامی نەرێیی و نالۆژیکی دیکەی جۆراوجۆر. ئەو دەمەی بتەوێت فیزیای کوانتەمی و بیردۆزی ڕێژەیی ئەینیشتاین لێکگرێ بدەیت، ئەوا نالۆژیکییەکەی پتر دەکەیت. هەر جارەشی هەوڵ بدەیت بە شێوازێکی جیاواز لە باری ئاسایی خۆی ڕێکی بخەیت، ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی شتگەلەکی بێمانا و نالۆژیکی، یان ئەگەرە بێکۆتاکان دەبیتەوە. بەڵام لەبەرانبەر ئەمانەدا گریمانە ئاینییەکان، لە ڕادەبەدەر شل و خاو بەدەر دەکەون، بەبێ بوونی هیچ ڕێگرییەک بۆ بیرکردنەوە لە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە خوایە جیاجیاکان.
هەندێ لە فیزیازانەکان بیرۆکەیەک دەخەنە بەردەست، بەوەی کە هەندێک لە نەگۆڕە گەردوونییەکان بەشێوەیەکی وا ناوازە ڕێکخراون و پێکەوە بەندن، تا ڕێخۆشکەر بن بۆ سەرهەڵدانی ژیان، بەمەش وای بۆ دەچن، ئەمە بەڵگەیە بۆ بوونی نەخشەسازێک کە گرینگی دەدات بە ژیان. بەڵام من پێم وانییە بانگەشەکەیان ڕاست بێت، لەبەرئەوەی یەکێک لە ناسراوترین بیرۆکەی لایەنگرانی "بڕە نەگۆڕ و ڕێکوپێکەکان" پێکهاتەی ناوکۆکەی گەردیلەی کاربۆن و تایبەتمەندییەکانیەتی. ئەو تەنانەی لە خولەکە سەرەتاییەکانی پاش تەقینەوەی مەزن هاتنە بەرهەم، زۆربەیان هایدرۆجن و هیلیۆم بوون بەبێ بوونی هیچ یەک لە توخمە قورسەکانی وەک، کاربۆن، نایترۆجن و ئۆکسیجن، ئەوانەی کە کەرەستەی سەرەکیین بۆ بوونی ژیان. توخمە قورسەکانی لە زەویدا هەن، دوای سەدان ملیۆن ساڵ لە تەقینەوەی مەزن لە ناخی یەکەم بەرەی ئەستێرەکان پەیدابوونە، پاشان بەشێوەی تۆز و دووکەڵێک بڵاوبوونەتەوە و کۆمەڵەی خۆری ئێمەیان پێکهێناوە. لە هەنگاوی یەکەمدا، بە زنجیرەیەکی دوورودرێژ لە کارلێکە ناوەکییەکان، دواجار بووە هۆی چێبوونی توخمە قورسەکان لە یەکەمین بەرە لە ئەستێرەکان، ئەمیش سەرهەڵدانی ناوکی کاربۆن بوو لە سێ ناوکی هیلیۆم. کەواتە کاربۆن لە دەمی تەقینەوەی مەزن پەیدانەبووە، بگرە لە گەردووندا بڵاوبۆتەوە بەشێوەی خۆڵەمێشێک لە دەرەنجامی تەقینەوەی ئەستێرە مەزنەکان، ئەمەش بەشێک بوو لەو ماددەیەی کە لە بەرەی دووەم و سێیەمی ئەو کۆمەڵە ئەسێرانەی کە هەسارەکانیان لەخۆ گرتووە پێکهاتوون، کۆمەڵەی خۆری ئێمەش یەکێکە لەوانەی بەرەی سێیەم.
لەڕاستیدا ئەگەری پێکهاتنی کاربۆن بەشێوە ئاسییەکەی (بەکەمترین وزە و زێدەترین جێگیریی گەردیلەی کاربۆن)، هێندە کەمە دەتوانین بڵێین هەر نییە، وەک دەرنجامێک بۆ پێکدادانی ناوکەکانی هیلیۆم، بەڵام دەشێ بڕێکی زۆر لە کاربۆن لەناو ئەستێرەکاندا بێتە بەرهەم، ئەگەر وزەیەک لە 7 م.ا.ڤ. پتر بوونی هەبێ لە وزەی کاربۆن لە باری ئاسایی و جێگیریدا (ئەو وزەیەیە کە هاوتای وزەی ناوکۆکەی سێ دانە هیلیۆمە)، لەبەر چەند هۆکارێک گەردیلەی کاربۆن ناتوانێت چێ ببێت لەو دەمەی کە وزە بەرزتر بێت لە 7.7 م.ا.ڤ. لە وزەی ئاسایی. ئەم وزەیەی پێویستە بۆ پێکهاتنی گەردیلەی کاربۆن، زۆر بەئاسانی لەناو ئەستێرەدا لەڕێی سێ ناوکەی هیلیۆم دێتەبەرهەم. دوای ئەمە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە، بۆ هاتنەکایەی گەردیلەی کاربۆنی ئاسایی، لەبەرئەوەی کاربۆنی لە دۆخی تێشکاوەری و ناجێگیردا، بەرەبەرە شی دەبێتەوە دەگۆڕێت بۆ کاربۆنی جێگیر. خاڵی هەستیار بۆ سەرهەڵدانی کاربۆن، بوونی وزەیەکی تا ئەو ئاستەیە کە بشێت لە ئەنجامی لێکدانی سێ گەردیلەی هیلۆمەوە لەناو ئەستێرەکاندا بێتەکایەوە.
بە ئەزموون سەلمێندراوە، گەردیلەی کاربۆن لەم دۆخە تیشکاوەریی بوونی هەیە کە خاوەنی وزەیەکی بەرزتر لە 7.65 م.ا.ڤ بێت لە دۆخی جێگیردا. بە یەکەم نیگا وا هەست دەکرێت کە ئەمەیان گەلەک نێزیکە لەو وزەیەی کە کاربۆن تێیدا نەکارێت پەیدا ببێت، ئەمەش دەکاتە 0.05 م.ا.ڤ. کە لە 1٪ ی 7.65 کەمترە. لەم خاڵەدا نەگۆڕەکانی سروشت بەدەر دەکەون وەک ئەوەی بە شێوەیەک ڕێکخرابن تا ڕێخۆش بکەن بۆ پەیدابوونی کاربۆن.

بەڵام ئەگەر بەوردی بڕوانینە ئەم بابەتە، دەبینین کە بڕە ڕێکوپێکەکانی نەگۆڕەکان، بەو ڕێکوپێکییە نییە. چونکە ئێمە ئەو دەمەی سەرنج دەدەینە هۆکاری ئەوەی کە کاربۆنی تیشکاوەر وزەیەکی کەمتری دەوێت لە 7.7 م.ا.ڤ. لە وزەی کاربۆنی باری ئاسیی، ئەوا وەڵامی ئەو مەتەڵەمان بۆ ئاشکرا دەبێت. لەبەرئەوەی لەو ئاستەدا (وزەی پتر لە 7.7 م.ا.ڤ.) گەردیلەی کاربۆن بە دوو قۆناغ چی دەبێت نەک یەک: سەرەتا دوو ناوکە هیلیۆم یەک دەگرن بۆ پێکهێنانی هاوتایەکی ناجێگیر لە توخمی (بیریلیۆم)، ئەویش کە بیریلیۆم هەشتە، ئەوەی هەندێک جار پێش شیبوونەوە تیشکداوەرییەکەی دانەیەکی دیکە لە هیلیۆم لەخۆ دەگرێت و کاربۆنی دۆخی ناجێگیر دێتەبەرهەم، پاشان ئەمەشیان بەتیشکاوەری شی دەبێتەوە بۆ کاربۆنی ئاسایی. کۆی وزەی ناوکەی بیریلیۆم8 و ناوکەی هیلیۆمی جێگیر خۆی لە 7.4 م.ا.ڤ. پتر دەدات لە وزەی ناوکەی گەردیلەی کاربۆنی جێگیر، بەمەش ئەگەر وزەی دۆخی تیشکاوەری گەردیلەی کاربۆن 7.7 م.ا.ڤ. پتر بێ لە وزەی دۆخی ئاسایی، ئەوا تەنیا لە دەرنجامی لێکدانی ناوکەی هیلیۆم و ناوکەی بیریلییۆم8 دروست دەبێت، کاتێک کۆی وزەی ئەم دووانە بەرزتر بێت لە 0.3 م.ا.ڤ. ئەمەش وزەیەکە ئەگەری دەستکەوتنی یەکجار کەمە لەو گەرمییەی لەناو ئەستێرەکاندا هەیە. کەواتە ئەوەی بایەخێکی یەکلاییکەرەوەی هەیە بۆ بەبەرهەمهێنانی کاربۆن لە ناو ئەسێرەکاندا، ئەو 7.65 ملیۆن ئەلیکترۆن ڤۆڵتە نییە کە وزەی گەردیلەی کاربۆنی تیشکاوەری بەرزتر لە کاربۆنی جێگیر و ئاسایی، بگرە ئەو 0.25 م.ا.ڤ. کە کۆی وزەی هیلیۆم و بیریلیۆم8 و کۆی وزەییەتی لە دۆخی جێگیریدا. ئەم جیاوازییەش زۆر دوورە لەوەی کە بڵێین، دەبێ پتر بێت لە 0.05ی وزەی پێویست بۆ هاتنەکایەی کاربۆن، ئەوەی ڕێژەکەی دەگاتە 20٪ی جیاوازی ئەم وزەیە و 0.25 م.ا.ڤ. جیاوازی نێوان وزەی ناوکەی هیلیۆم و بیریلیۆم لە دۆخی تیشکاوەری و جێگیریانەوە، ئەمەش گەلەک دوورە لەوەی پێی بگوترێت بڕێکی ڕێکوپێک.
ئەو نەگۆڕەی کە تا ڕادەیەکی زۆر وەک بڕێکی ڕێکوپێکی تەواو بەدەر دەکەوێت بەرەو ئاراستەی پێکهاتنی گەردوون و ژیان، چڕی وزەی بۆشاییە، ئەوەی کە هاوکات بە نەگۆڕی گەردوونی دەناسرێت. ئەم نەگۆڕە دەتوانێت گشت بەهایەک وەربگرێت، بەڵام بەگوێرەی بنەما و یاسا سەرەتاییەکان، مرۆڤ وای بۆ دەچێت کە هەر دەبێ ئەم نەگۆڕە گەلەک مەزن بێت، دەشبێ ئەرێیی و نەرێییش بێت. ئەو دەمەی ئەم نەگۆڕە گەورە و ئەرێیی بێت، وەک هێزێکی لێک دوورکەوتنەوە کار دەکات لەنێوان تەنەکان، ئەوەی بە پتربوونی دووری نێوانیان بڕەکەی زیاتر دەبێت. واتە ئەم هێزە لە سەرەتای سەرهەڵدانی گەردوون دەبووە هۆی ئەوەی نەهێڵێت ماددەکان لەگەڵ یەکدیدا کۆببنەوە، ئەم کۆبوونەوەیەی ماددەش هەنگاوە بنەرەتییەکانی هاتنەکایەی گەلەستێرەکان و پاشان ئەستێرەکان و هەسارەکان و دواجار مرۆڤ بوون. کاتێکیش بەهاکەی گەورە و نەرێیی بێ، وەک هێزێکی بەکێشکردن دەکەوێتە کار و وای دەکرد ڕێ لە فرەوانبوونی گەردوون بگرێت و هەر زوو ئەوەی هەبووە بتەپێتە ناوە خۆیەوە و هیچ بوارێک لەبەردەم هاتنی ژیاندا نەبێت. بەڵام لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان پێمان دەڵێن، ئەو نەگۆڕە بڕ و بەهاکەی یەکجار بچووکە، زۆر بچووکتریشە لەوەی بنەما سەرەتاییەکان پێشبینییان دەکرد. زۆر زووە بۆ بڕیاردان و ڕاڤەکردنی ئەوەی بۆچی بەتایبەتی ئەم نەگۆڕە گەردوونییە هێندە بچووکە. بە پێشکەوتنی زانستە گەردوونییەکان، گەلەک ئەگەر خراوەتە بەردەست، بۆ زانینی ئەوەی لەبەرچی بڕی ئەم نەگۆڕەیان بەو ئاستەیە، بەهاکەشی لەگەڵ چەندان نەگۆڕە فیزیکییەکاندا، وا دەبیندرێن کە ڕێکوپێکن و گونجاون بۆ سەرهەڵدانی ژیان؟
بەپێی بیردۆزەکانی فرەوانبوونی پشێوی، ئەوەی کە (ئەندرەی لیندی) و ئەوانەی دیکە پێشکێشیان کرد، دەشێ گەردوونی ئێمە بە تەقینەوە مەزنەکەی، تەنیا بەشێک بێت لە ژمارەیەکی لەڕادەبەدەر لە تەقینەوە مەزنەکان کە بەدرێژایی کات ڕوو دەدەن، هەر تەقینەوەیەکیش لەگەڵ کۆمەڵە نەگۆڕێکی جیاجیا دێتە ئاراوە لە نەگۆڕە سەرەکییەکان. ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە گەردوون، ئەوە گەردوونەی (گەردوونە هەرە مەزنەکەی خاوەن تەقینەوەکان)، چەندان بەشی بە بڕی جۆراوجۆر تێدایە، لەوانەی ئێمە ناویان دەبەین بە نەگۆڕە سروشتییەکان، بەمەش هێندە سەخت نییە، تا تێبگەین بۆچی ئەو نەگۆڕانە دەبنە خاوەن بڕ و بەهایەکی وا کە ڕێ بدات بۆ پەیدابوونی ژیان. هەموو ئەمانە بەو واتایەیە، زۆربەی ئەو تەقینەوە مەزنانە چەند بڕێکی نەگۆڕ بەبەرهەم دەهێنن کە یاریدەر نین بۆ ژیان، بەرانبەر بەمانەش ژمارەیەکی کەم لەم تەقینەوە مەزنانە بڕە نەگۆڕی وا دەهێننەکایەوە رێ بدەن بە سەرهەڵدانی ژیان. لێرەدا هیچ پێویست ناکات پەنا ببردرێتەبەر داهێنەر و نەخشەسازێکی چاک و میهرەبان، بۆ ڕاڤەی ئەوەی بۆچی لەو هەموو بەشانەدا تەنیا لەم بەشەدا (ئەم گەردوونە) ژیان هەیە؟ چونکە لە گشت ئەوانەی دیکەی کە ژیانیان تێدا نییە، کەسێکیشی لێ نییە بپرسێت، بۆچی لێرە ژیان نییە؟ هەر کاتێک یەک لەو بیردۆزانە ڕاستبوونیان سەلمێندرا، ئەوا بوونی داهێنەرێک بۆ بەوردیی دانانی بڕە نەگۆڕەکان، وەک ئەوەیە ببێژین، "ئای خوا چەندە جوان ئێمەی لەسەر هەسارەیەک داناوە کە لە هەموو لایەکەوە بۆمان گونجاوە، هەر لە بوونی ئاو و هەواوە بگرە، تا دەگاتە هێزی بەکێشکردنی زەوی و پلەی گەرمییەکەی، لەبری ئەوەی بمان خاتە سەر هەسارەیەکی وشک و چۆڵی وەک زاوە، یان پلوتۆ" ئاشکرایە کە لەسەر ئەمانەی دیکەی کۆمەڵەی خۆر، جگە لەزەوی هیچ یەکێکیان ئەو هەلومەرجانەیان تێدا نییە، بۆ بوونی ژیان و پەرەسەندن.
وەک گوتمان ئەم شێوازە پێی دەگوترێت، بەڵگەهێنانەوە بە بنەمای مرۆیی، ئەوەی وای بۆ دەچێت کە بڕە فیزیکی و یاسا سروشتییەکان، هەر خۆیان بەبێ هیچ ڕاڤەیەک بەم شێوەیە دانراون، بۆ ئەوەی ئێمە هەبین، ئەمەش تەواو ورێنەیەکی زانستییە. بڕ و بەهای ڕاستەقینەی نەگۆڕی گەردوونی، لەم دواییانەدا پێوانە کراوە لەڕێی چاودێریکردنی جووڵەی ئەستێرە مەزنە دوورەکان لێمانەوە. ئەوانە وامان لێ دەکەن بتوانین دەرنجامێکی گرینگیان لێوە بەدەست بهێنین، بەوەی بڕەکە هێندە بچووکە کە هیچ کاریگەرییەکی نەبێ لەسەر پێکهاتن و دروستبوونی گەلەستێرەکان. ئێستە بەتەواوی نازانین، ئایە بەڕاستی (گەردوونێک) بوونی هەیە کە نەگۆڕەکانی جیاواز بێت لەوەی ئێمە؟ تۆژینەوەیەکی لەم جۆرە بێهیوا نین لێی، چونکە دەشێ ئێمە بگەینە وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەگەر زانیاریمان پتر بێت لەوەی ئەمڕۆکە هەمانە، دەربارەی بیردۆزی تەنۆلکەیی هێزی بەکێشکردن.
گەردوون هێندە فرەوان و مەزنە کە لەوانەیە بێسنوور و بێکۆتاش بێت، بۆیە پێویست ناکات سەرسام ببین ئەگەر لەو ژمارە یەکجار زۆرە لە هەسارەکان، ژمارەیەکی کەمیان یاریدەری هاتنی ژیان بن. ئەو ڕۆژنامەنووسەی چاوپێکەوتن دەکات لەگەڵ ئەوانەی لۆتەرییان (یانەسیب) بردۆتەوە، وا هەست دەکات شتێکی ناوازە و سەیر لەبری ئەواندا ڕۆڵ دەگێڕێت، بەڵام دەبێ ئەوە بخاتە بەرچاوی کە خەڵکانێکی گەلەک زۆریش کە بە هەزاران جار لەوان پترن، گفتۆگۆیان لەگەڵدا ناکرێ، چونکە هیچیان نەبردۆتەوە. کەواتە بۆ بڕیاردانمان لەسەر ئەوەی، ئایە ژیانی ئێمە بەرهەمی هەڵبژاردنی سروشتییە (داروین)، یانیش دەستکردی داهێنەرێکە، لێرەدا دەبێ تەنیا لەخۆمان بپرسین، ئایە دەکرا ژیانی ئێستەمان باشتر بووایە لەو ژیانەی کە لەڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە هاتووە؟ پێویستە ئەوەش لەبیر نەکەین کە بڕیارەکەمان بێلایەن نابێت، لەبەرئەوەی تەنیا ئێمەین کە باسی ئەم کێشەیە دەکەین.
پاش گوتەکانی واینبێرگ و گشت ئەو بابەتانەی ئاماژەمان پێیان کرد، دەبێ ڕاشکاوانە بڵێین، ناسراوە کە تەنۆلکە ورد و هەرەبچووکەکان پێکهێنەری گەردیلە، یان ماددەن، ماددەش بنەچەی سەرەکی گشت شتێکە لەم گەردوونەدا، بۆیە ئەگەر بمانەوێ بۆ نموونە بارستایی، یاخۆ هێزە ناوەکییەکانی کە ئەم تەنۆلکانە لێکگر‌ێ دەدەن، بە بڕێکی یەکجار کەم بگۆڕین، ئەوا ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر بارستایی پڕۆتۆن و نیۆترۆن، دەرەنجام گشت ئەو هاوکێشە و یاسایانەی بەمانەوە بەندن دەگۆڕێن، گۆڕانی ئەمانە دواجار وا دەکات گەردوونیش بگۆڕێت. بەڵام لێرەدا پرسیارە گرینگەکە ئەوەیە، ئایە بوونی یاسا، یان گەردوونێکی جیاواز، هەمان واتای لەناوچوون و وێرانبوون دەگەینێت؟
گەردوون پڕە لە پشێوی، ئەم پشێوییەش بەگوێرەی یاسای دووەمی تێرمۆداینامیک هەمیشە لە زیادبوونە، تاکە هۆکاری هەستکردنمان بە ڕێکوپێکی، لەبەر بچووکیمان و ئەو تەمەنە کورتەیە کە لەژیاندا دەمێنینەوە بە بەراورد لەگەڵ تەمەنی گەردوون. گریمان گەردوون بۆ ئاست و ماوەیەکی دیارکراو گونجان و ڕێکخستنێکیشی تێدا بەدی بکرێ، ئایە دەکرێ دەرنجام ببێتە بەڵگە بۆ بوونی داهێنەرێک؟ ئەو پرسیارەش هەردەم خۆی قوت دەکاتەوە، ئایە ئێمە بوونمان دەبێ ئەگەر یاسا و ڕێساکان نەشێن بۆ بوونمان؟ ئایە ئەمڕۆکە دەتوانین بیسەلمێنین کە گەردوونەکەمان یەکەم و دوا گەردوونە کە بەتایبەتی بۆ ئێمە دروست کرابێ؟
تێڕوانینمان بۆ شتگەلە شاراوەکانی ئەم گەردوونەمان زانیارییەکی زۆرمان پێ دەدات دەربارەی شێوازی کارەکانی، بەڵام ئەگەر هەموو هەوڵەکانمان تەنیا بۆ ئەوە بێت، بگەڕێین بەدوای پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤایەتی و ڕۆڵی ڕاستەقینەی مرۆڤ وەک چاودێرێک بۆ گەردوون، یان وردبوونەوە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بوونی گەردوونەکەمان بەو ڕێکوپێکییە، ئەوا وامان لێدەکات نەتوانین بەتەواوی لە گەردوون تێبگەین، بۆیە دەبێ خۆ بەدوور بگرین لە قووڵبوونەوە لە بنەمای ئەنترۆپی چەوت.
.........................................................
ئەمەی سەرەوە بەشی دووەمی بابەتێکە لە نووسینێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی)
دارا سلێمان



(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)