ئەحزابی کوردی (٧١٤) بەڵێنیان یاوە هیچی جێ بە جێ نەکراوە !

Monday, 18/05/2020, 16:31

6598 بینراوە


ئایا دەزانیت لایەنەکانی بەشداربووی پەرلەمان و حکومەت بە شەش حزبی گەورەی بەشداربووی پەرلەمان و حکومەت (٧١٤) بەڵێنیان بە خەڵک داوە کە پشکی شێر بەر گۆڕان دەکەوێت کە بریتیە لە ٢٢٨ بەڵێن کە لە ماوەی ٢ ساڵ کارکردنی پەرلەمان و زیاتر لە ٧ مانگ کارکردنی بەناو حکومەت هیچیانی نەبردۆتە سەر لەم خولەی پەرلەمان و حکومەتتدا !
ئەم فۆرمەی خوارەوە بریتیە لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و بەڵێنەکانی لایەنەکانی بەشداربووی پەرلەمان و حکومەت، کە لەلایەن ڕێکخراوی RDO بڵاو کراوەتەوە ، کە لە ساڵی ٢٠١٩ پەیوەندیان بە بەندەوە کرد بۆ وەرگرتنی چەند داتا و زیانیارییەک لەسەر پەرلەمان و دانیشتنەکانیان و بەڵێنی لایەنەکان لە ناو حکومەتتدا

(بەڵێنەكانی شەش لیستی ناو پەرلەمانی كوردستان)

پڕۆژەی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكانی پەرلەمان كوردستان، بۆ ساڵی یەكەم تەنیا چوار لیستی گەورەی ناو پەرلەمانی دەگرتەوە، كە بریتی بوون لەپارتی دیموكراتی كوردستان (45) كورسی، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (21) كورسی، بزووتنەوەی گۆڕان (12) كورسی، نەوەی نوێ‌ (8) كورسی. بەڵام، لەساڵی دووەمدا، ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ دوو لیستی ئیسلامیش دەكەین، لیستی كۆمەڵی ئیسلامی لەكوردستان (7) كورسی و، لیستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (5) كورسی. لێرەدا لەخوارەوە ڕێژەو ڕادەی جێبەجێكردنی بەڵێنی لیستەكان لەماوەی (3) مانگی كۆتایی ساڵی (2019) دەخەینە ڕوو، ئینجا كۆی گشتی ڕادەی جێەجێكردنی بەڵێنەكان لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەم شەش لیستە دەخەینە ڕوو.
یەكەم: لیستی ژمارە (183) ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
پارتی دیموكراتی كوردستان (60) بەڵێنی هەڵبژاردنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) مانگی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ یەكێك لەم بەڵێنانەی خۆی جێبەجێ نەكردووە. هەروەها، لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگی كاركردنی پەرلەمانی كوردستاندا، لیستی پارتی هیچ یەكێك لەبەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ‌ نەكردووە كە بەدەنگدەرانی خۆیداوە.
دووەم: لیستی ژمارە (105) ی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان (183) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) مانگی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ یەكێك لەم بەڵێنانەی جێبەجێ نەكردووە. هەروەها، لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگی كاركردنی پەرلەمانی كوردستاندا، لیستی یەكێتیی تەنیا یەك بەڵێنی بەشێوەیەكی تەواو جێبەجێكردووە كە بریتی بوو لەبەجینۆساید ناساندنی تاوانەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بەرانبەر بەئێزدییەكان. نیوەی بەڵێنێكیتری یەكێتیی جێبەجێكراوە لەبارەی هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە، بەڵام نیوەكەیتری كە تایبەت بوو بەگێڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە، هێشتا جێبەجێ‌ نەكراوە. بەگشتی لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگدا، لیستی یەكێتیی تەنیا یەك بەڵێن و نیوی بەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ‌ كردووە كە بەدەنگدەرانی خۆیداوە.
سێیەم: لیستی ژمارە (148) ی بزووتنەوەی گۆڕان.
بزووتنەوەی گۆڕان (228) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، كە زۆرترین بەڵێنە لەنێو هەموو لیستەكاندا، لەماوەی (3) مانگی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ یەكێك لەم بەڵێنانەی جێبەجێ نەكردووە. هەروەها، لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگی كاركردنی پەرلەمانی كوردستاندا، لیستی گۆڕان تا ئێستاش هیچ یەكێك لەبەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ‌ نەكردووە كە بەدەنگدەرانی خۆیداوە.
چوارەم: لیستی ژمارە (134) ی نەوەی نوێ‌.
نەوەی نوێ‌ (50) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) مانگی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ یەكێك لەم بەڵێنانەی جێبەجێ نەكردووە. هەروەها، لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگی كاركردنی پەرلەمانی كوردستاندا، لیستی نەوەی نوێ‌ هیچ یەكێك لەبەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ‌ نەكردووە كە بەدەنگدەرانی خۆیداوە
پێنجەم: لیستی ژمارە (194) ی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان.
كۆمەڵی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (7) تەوەر، هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: سیاسی (9) بەڵێن، یاسایی (7) بەڵێن، ئابووری و خۆشگوزەرانی (13) بەڵێن، ئایینی (7) بەڵێن، پەروەردەو فێركردن (11) بەڵێن، كۆمەڵایەتی (11) بەڵێن، شەفافییەت و دادگەری (11) بەڵێن.
وەكو سەرجەم لیستەكانی تریش، بەشێك لەبەڵێنەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، بۆ نموونە:
- ڕێگریكردن لەتاڵانفرۆشی نەوتی خاوو بەرهەمەكانی و دەرهێنانی لەدەستی كەس و حزب.
- پەرەپێدان و پاراستنی بەها باڵاكانی كۆمەڵگە، لەڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەكانی وەكو خێزان، میدیا، مزگەوت، قوتابخانەو ڕێكخراوو یانەكانەوە، هەروەها گرنگیدان بەو هۆكارو شێوازانەی دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن لەچەسپاندن و پەرەپێدانی ئاكارو ڕەوشتی ئیسلامی.
- كردنەوەی شوێنی تایبەت بەنوێژكردن لەفەرمانگەو شوێنە گشتییەكان.
ئەم سێ‌ خاڵە تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵی ئیسلامیمان دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە، كە لەسەر سێ‌ بنەما دامەزراوەو بریتین لە (یاسادانان، پەسندكردنی بودجەو حیساباتی كۆتایی، چاودێریكردنی كاری حكومەت). بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی كۆمەڵ، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان. بێگومان بەشێك لەبەڵێنەكانیش بەڵێنی پەرلەمانین و دەكرێت لەپەرلەماندا كاریان لەسەر بكرێت و جێبەجێ‌ بكرێن، لەم لایەنەوە بەڵێنەكانی كۆمەڵی ئیسلامیی، بەراورد بە بەڵێنی لیستەكانیتر، بەڕێژەیەكی زیاتر بەڵێنی پەرلەمانین و كەمتر بەڵێنی وایان تێدایە دوور بێت لەكاری پەرلەمان، ئێمەش چاودێری ڕادەو ڕێژەی جێبەجێكردنیان دەكەین.
بەگشتی كۆمەڵی ئیسلامیی (69) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) مانگی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ یەكێك لەم بەڵێنانەی جێبەجێ نەكردووە. هەروەها، لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگی كاركردنی پەرلەمانی كوردستاندا، لیستی كۆمەڵ هیچ یەكێك لەبەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ‌ نەكردووە، كە بەدەنگدەرانی خۆیداوە.
شەشەم: لیستی ژمارە (119)ی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
یەكگرتووی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردۆتە سەر (11) تەوەر، هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشكراوە: حوكمڕانی ڕەشید (7) بەڵێن، دژایەتیكردنی گەندەڵی (6) بەڵێن، پێگەی هەرێمی كوردستان (9) بەڵێن، گەشەپێدانی ئابووری (37) بەڵێن، خزمەتگوزارییە گشتییەكان (19) بەڵێن، ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی (8) بەڵێن، ڕۆشنبیری و هونەرو وەرزش (9) بەڵێن، چاودێری كۆمەڵایەتی (9) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان (5) بەڵێن، ڕۆڵ و پێگەی گەنجان (8) بەڵێن، پاراستنی ژینگە (5) بەڵێن.
بەشێك لەبەڵێنەكانی یەكگرتووی ئیسلامی، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین، بەرنامەو كاری ڕۆژانەو ئاسایی حكومەتن، یا پرۆگرامی حكومەتن و دەبێت حكومەت جێبەجێیان بكات، یا تەنانەت بەحكومەتیش هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ ناكرێن، نەوەكو پەرلەمان، بۆ نموونە:
- دامەزراندنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەنێوان گەلی كوردستان و گەلانی دراوسێ‌ و ناوچەكە، بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی نێوانمان و دۆزینەوەی فۆڕمی نوێی پێكەوە ژیان لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەش.
- چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان و گێڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی مادەی (140) ی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.
- دروستكردنی ژمارەیەك بەنداوی گەورەو بچووك.
- گەیاندنی گازی سروشتی بەماڵان و شوێنە گشتییەكان.
- دروستكردنی یاریگاو كۆمەڵگەی وەرزشی.
ئەم پێنج خاڵە تەنیا وەكو نموونەیەك لەنێو بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتووی ئیسلاممان دەرهێناوە، ئەگینا بەڵێنی لەم شێوەیەی زۆری تێدایە، نموونەیەكی بچووكن لەبارەی گشتگیری بەڵێنەكان و ئەستەمی جێبەجێكردنیان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا، چونكە پێوەندییان بەكاری پەرلەمانییەوە نییە، كە لەسەر سێ‌ بنەما دامەزراوەو بریتین لە (یاسادانان، پەسندكردنی بودجەو حیساباتی كۆتایی، چاودێریكردنی كاری حكومەت). بەشێكی زۆری بەڵێنەكانی لیستی یەكگرتوو، بەشێكن لەكارنامەی حكومەت، نەوەكو پەرلەمان. بێگومان بەشێك لەبەڵێنەكانیش بەڵێنی پەرلەمانین و دەكرێت لەپەرلەماندا كاریان لەسەر بكرێت و جێبەجێ‌ بكرێن، ئێمەش چاودێری ڕادەو ڕێژەی جێبەجێكردنیان دەكەین.
بەگشتی لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (127) بەڵێنی بەدەنگدەرانی خۆیداوە، لەماوەی (3) مانگی ڕابردووی كارەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، هیچ یەكێك لەم بەڵێنانەی جێبەجێ نەكردووە. هەروەها، لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگی كاركردنی پەرلەمانی كوردستاندا، لیستی یەكگرتوو هیچ یەكێك لەبەڵێنەكانی خۆی جێبەجێ‌ نەكردووە، كە بەدەنگدەرانی خۆیداوە.

(دانشیتنەكانی پەرلەمانی كوردستان)

- دانیشتنی ژمارە (4) ی خوولی پایزەی پەرلەمانی كوردستان لەڕۆژی (15\10\2019) تایبەت بوو بەخستنە ڕووی دیدو ڕوانگەی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان.
- دانیشتنی ژمارە(5) ی خوولی پایزە لەڕۆژی (23\10\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە لەدوو خاڵ پێكهاتبون: خاڵی یەكەم تایبەت بوو بەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پێنچ پێشنیازە یاساو، یەك پێشنیازە بڕیار. خاڵی دووەمیش تایبەت بوو بەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان).
- دانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی پایزە لەڕۆژی (30\10\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لەدوو خاڵ، خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ دوو پێشنیازی یاسایی بەم شێوەیەی خوارەوە:
1) پێشنیازی یاسای (ماف و ئەركی نەخۆش لەهەرێمی كوردستان ــ عێراقدا).
2) پێشنیازی یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراقدا).
خاڵی دووەم و كۆتایی ئەم دانیشتنەی پەرلەمان، بریتی بوو لەدەنگدان لەسەر پێشنیازی یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنوری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان ــ عێراق) دا. دوای دەنگدان، یاساكە بەزۆرینەی دەنگ پەسەند كرا.
- دانیشتنی ژمارە (7) ی خوولی پایزە لەڕۆژی (13\11\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە پێكهاتبوو لەدوو خاڵ، خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پێشنیازە یاساییانەی خوارەوە:
1) (پێشنیازی یاسای بەرهەمە خۆماڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
2) پێشنیازی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی نەوت و لێدەرهێنراوەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
3) پێشنیازی یاسای بیمەی كشتوكاڵی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
4) پێشنیازە بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەهەرێمی كوردستان).
خاڵی دووەمیش بریتی بوو لەدانان و ئاڵوگۆڕكردنی ژمارەیەك پەرلەمانتار لەلێژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان و، پێكهێنانی (4) لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمان. خاڵی سێیەم و كۆتاییش، بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی هەندێك لەپەرلەمانتاران.
- دانیشتنی ژمارە(8) ی خوولی پایزە لەڕۆژی (4\12\2019) بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا بەرنامەی كار لەچوار خاڵی سەرەكی پێكهاتبوو.
1) خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخستنەڕوو و دەنگدان لەسەر پێداچوونەوەی چەند ماددەو بڕگەیەك لەسەر یاسای ژمارە(3) ی ساڵی (2019) كە یاسای (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەركراوە لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق)، كە بەبڕیاری ژمارە(4) ی ساڵی (2019) سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و، لەسەر داوای وەزارەتی گەشتوگوزار گەڕێندرابۆوە بۆ پەرلەمان.
2) خاڵی دووەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژە یاسای مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ ەرلەمان نێردرابوو.
3) خاڵی سێیەم بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی پەرلەمانتارێك لەبارەی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی قوربانیانی جینۆساید.
4) خاڵی چوارەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
- دانیشتنی ژمارە (9) ی ئاسایی خوولی پایزە لەڕۆژی (10\12\2019) بەئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بریتی بوو لە (3) خاڵ، بەم شێوەیەی خوارەوە:
1) خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
2) خاڵی دووەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازە بڕیاری (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان).
3) خاڵی سێیەم بریتی بوو لەقسەكردن و تاوتوێكردنی پرسی كێشەی كارەبای نیشتیمانی و سووتەمەنی لەوەرزی زستاندا.
- دانیشتنی ژمارە(10) ی خوولی پایزە لەڕۆژی (16\12\2019) بەئامادەبوونی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بەڕێوەچوو. كارنامەی دانیشتنەكە بریتی بوو لە (3) خاڵ.
1) خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای (چاكسازی لەخانەنشینی و مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازەكانیتر).
2) خاڵی دووم بریتی بوو لەدەنگدان بۆ پڕۆژە یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق) و، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند كرا.
3) خاڵی سێیەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
- دانیشتنی ژمارە (11) ی خوولی پایزە لەڕۆژی (18\12\2019) بەڕێوەچوو. ئەم دانیشتنە تایبەت بوو بەخوێندنەوەی دووەمی پڕۆژە یاسای (ماددە هۆشبەركان و كارتێكەرە عەقڵییەكان لەهەرێمی كوردستان ــ عێراق).
- دانیشتنی ژمارە (12) ی خوولی پایزە لەڕٍۆژی (24\12\2019) بەڕێوەچوو. بەرنامەی كاری دانیشتنەكە لەچوار خاڵ پێكهاتبوو.
1) خاڵی یەكەم بریتی بوو لەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە بڕیاری (ڕۆژانی بۆنە فەرمییەكانی نەتەوەی توركمان).
2) خاڵی دووەم بریتی بوو لەدرێژ كردنەوەی خوولی پاییزەی ساڵی یەكەم لەخوولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
3) خاڵی سێیەم بریتی بوو لەدەست لەكاركێشانەوەو گۆڕینی دوو ئەندام پەرلەمان لەلێژنەكاندا.
4) خاڵی چوارەم بریتی بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەی ئەندامێكی پەرلەمان سەبارەت بەسیاسەتی بەگەڕخستنی داهاتەكان لەهەرێمی كوردستاندا.

خوێندنەوەیەك بۆ كارەكانی پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (3) مانگی كۆتایی ساڵی (2019)

1) لەماوەی نێوان (1/10 ــ 31/12/2019) دا، كە دەكاتە (3) مانگ، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (9) كۆبوونەوەی كردووە، دەكاتە تەنیا (3) كۆبوونەوە لەمانگێكدا.
2) لەماوەی سێ‌ مانگ و لە (9) كۆبوونەوەدا، پەرلەمانی كوردستان تەنیا دوو یاسای دەركردوو، (یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان) و، یاسای (ڕیكلامی بازرگانی لەهەرێمی كوردستان).
3) یەكێك لەم دوو یاسایە (بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەسنووری شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان) كە لەدانیشتنی ژمارە (6) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (30\10\2019) دەنگی لەسەر درابوو، لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبڕیاری ژمارە(4) ی ساڵی (2019) سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دوای هەمواركردنەوەی ئەو بڕگانەی سەرۆكی هەرێم داوایكردبوو، لەدانیشتنی ژمارە(8) ی خوولی پاییزە لەڕۆژی (4\12\2019) دەنگی لەسەردراو پەسند كرا.
4) ئەم (2) یاسایەی لەماوەی ئەم (3) مانگە لەپەرلەمان دەرچوون، هەردووكیان پێشنیازە یاسا بوون و لەنێو پەرلەمان و، لەلایەن فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان ئامادەكراون و، ئیمزای پێویستیان بۆ كۆكراوەتەوەو، دەنگیان لەسەر دراوە، نەوەكو لەلایەن كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە وەكو پڕۆژە یاسا نێردرابن.
5) بەتەواو بوونی یەك ساڵ لەتەمەنی خوولی پێنجەمی پەرلەمان كوردستان، هێشتا هیچ پڕۆژە یاسایەكی حكومەت پەسند نەكراوە، هەر یاسایەك لەپەرلەمان پەسند كرابێت، لەلایەن فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانەوە وەكو پێشنیازە یاسا پێشكەشكراوەو پەسند كراوە.
6) لەڕۆژی هەڵبژاردنیەوە (30/9/2018) تاوەكو (31/12/2019) كە دەكاتە ساڵێك و سێ‌ مانگ، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (4) یاساو (11) بڕیاری دەركردووە. لەم بڕیارانە (10) بڕیاری تایبەت بووە بەڕێكخستنی ئیش و كاری و پەرلەمان و حكومەت، یەك بڕیاریشی تایبەت بوو بەجینۆسایدی ئێزدییەكان.
7) لەماوەی ساڵێك و سێ‌ مانگدا، پەرلەمانی كوردستان تەنیا (26) كۆبوونەوەی كردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە