بێ بایەخکردنى خوێندن لە هەرێمى کوردستان

Tuesday, 19/05/2020, 0:27

6429 بینراوە


لاى هەمومان ڕون و ئاشکرایە کە گەشەکردن و پێشکەوتنى ئاستى خوێندن  و  زانست و زانیارى  هۆکارى سەرەکین بۆ ئەو پێشکەوتنانەى لە بوارى پێشەسازى و تەکنەلۆجیاى سەردەم بەدەست هاتون . 
وڵاتە پێشکەوتوەکانى جیهان بەرنامەو پلانى تۆکمەیان هەیە بۆ ئەوەى لە بوارى زانستدا زیاتر بەرەو پێشوە بچن و هەمیشە لە کێبڕکیدان لەگەڵ یەکترى  لەو بوارەدا . پارەیەکى زۆر بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکەن و هەوڵ دەدەن زانکۆ و  پەیمانگاکانیان لە پلەى یەکەمدا بن . 
پێشکەوتنى بوارى زانست ، وابەستەیە بە  ئاستى پێشکەوتنى بوارى ئابورى و پیشەسازیشەوە . وابەستەیە بە بونى  کەرتى تایبەتى گەشەسەند و  هەبونى  ژێرخانێکى ئابورى بەهێز .
 هەتا کەرتى تایبەت بە هێزبێت و بوارى باز رگانى و پیشەسازى و کشتوکاڵ لە ئاستێکى گەشەسەندودابێت ، شان بە شانى ئەوە  زانست و  زانیارى وپڕۆسەى خوێندنیش  لە گەشەکردن و پێشکەوتنى بەردەوامدا دەبێت ..
لە وڵاتە پێشکەوتوەکانى جیهاندا  کۆمپانیا گەورەکان  بە تایبەتى  ئەوانەى لە بوارى تەکنەلۆجیاى پێشکەوتودا کاردەکەن ، بەشوێن کەسانى  پسپۆڕ و شارەزادا دەگەڕێن . جگە لە پێدانى موچەى باش ، پارەى زۆریشیان دەخەنە بەردەست بۆ ئەوەى بتوانن داهێناننى تازە بکەن . بۆیە نوێنەرى ئەو  کۆمپانیانە سەردانى زانکۆکان دەکەن و  هەواڵى ئەو خوێنکارە زیرەکانە دەپرسن کە لە قۆناغەکانى  کۆتایی خوێندنن و زانستەکەشیان بۆ کۆمپانیاکانى  ئەوان بەسودەو پێیان دەڵێن  کە خوێندنتان تەواو کرد ، لاى ئێمە  شوێنتان بۆ دانراوە . ئەمەش دوو گرینگى تایبەتى هەیە :
یەکەم : کۆمیانیا گەورەکان  بەردەوام لە کێبڕکێی یەکتریدا دەبن  بۆ ئەوەى تەکنەلۆجیاى تازە بەرهەم بهێنن و پارەى زۆر پەیدا بکەن .
دووەم :  خوێنکارەکانیش هەمێشە لە کێبڕکێی یەکتریدادەبن و هەوڵ دەدەن  زیاتر و زیاتر فێرى عیلم  و زانست ببن و بە زوویى کاریان دەست کەوێت  پارەى باش بەدەست بەهێنن و ژیانێکى شایستە بۆخۆیان دەستەیەر بکەن . کەواتە ئەم دوو جۆرە کێبڕکێیە دەچنە خزمەتى گەشە کردن و پێشکەوتنى کۆمەڵگاوە . 
 پڕۆسەى خوێندن  هەر لە قۆناغەکانى  سەرەتاییەوە تا دەگاتە قۆناغى زانکۆ و خوێندنى باڵا ، بە تەواوى سەر بەخۆیە لە هەموو دەست تیوەردانێک . 
 پڕۆسەى خوێندن لە وڵاتە پێشکەوتوەکان  بە جۆرێک بەرنامەى بۆ دانراوە  کە نەوەیەکى تازە  پێ بگەیەنن کە تەواو  شارەزابن  لەو بوارانەى هەڵى دەبژێرن بۆ ئەوەى بتوان بەشداربن لە بنیاتنان  و پێشکەوتنى وڵاتدا  . ئەو کەسەى  قۆناغى زانکۆ یان خوێندنى باڵا تەواو دەکات بە ماناى وشە دەبێتە کەسێکى شارەزاو لێهاتو و بنیاتنەر . 
 

خوێندن لە هەرێمى کوردستاندا

لە هەرێمى کوردستان حکومەت بەماناى خۆى نییە و حیزب ڕوڵى حکومەت دەبینێـت . حیزبیش هەرچى لە خزمەتى خۆیدابێت ئەوە دەکات . حیزب دەستى خستۆتە ناو هەم و دام و دەزگاو سێکتەرەکانى کارگێڕییەوە . بەو هۆیەوە  نە یاسا سەروەرە . نە پەڕلەمانتار ڕۆڵى هەیە لە بڕیارداندا   . نەوەزیر دەسەڵاتى خۆى هەیە . واتە  هیچ شتێک لە شوێنى خۆیدا نیەو هیچ کارێک بە بەرنامە ناکرێت . 
زانکۆکان بونەتە بارەگاى مەڵبەندى  یەکێتى و لقى پارتى . زوربەى مامۆستاکان  ڕۆڵى کادیرى حیزبى دەبینن . لە زانکۆکانى کوردستاندا پسپۆڕى  و شارەزایی و ئاستى زانست  نابنە پێوەر بۆ ئەوەى پلەى وەزیفى پی َبەرزبکرێتەوە . ئەگەر ئەندامى حیزب نەبى ، فەیلەسوفیش بیت بایەخى نیە.   
بە دەیان مامۆستاى زانکۆ هەیە بە نامەى بەرپرسێک  بە قبوڵ خاس لە زانکۆ وەرگیراوە . بە قبوڵ خاس  ماستەرو دکتۆراى وەرگرتوە . زوربەى  ئەو مامۆستایانە  نامەى ماستەرو دکتۆراکەشیان بۆ نوسراوەتەوەو هەشیانە لە ماڵەوە مەکتەبەشى نییە . کەواتە دەبی َئەمانە چۆن مامۆستایەکى زانکۆبن و ئەوانەشى لەسەر دەستى ئەمانە پەروەردەبکرێ، چییان لێ دەرچێت .
 هەندى لە مامۆستاکانى  زانکۆ  بە جۆرێک بونە  کۆیلەى حیزبەکان لە پێناوى وەرگرتنى پۆستدا ، ئابڕوى  مامۆستاى زانکۆیان بردوە .  ئێستا ئەم مامۆستا حیزبیانە بونە بەرپرسى مامۆستاکانى  پێشوى خۆیان و زانکۆکان بەڕێوەدەبەن .
 زوربەى مامۆستا شارەزاکان  کە حیزبى نین  لە زانکۆکان  پشت گوى َخراون و هیچ بەرپرسیاریەتێکیان  پی َنادەن .  ئاستى زانست لە زانکۆکانى کوردستان  لە بارو دۆخێکى  زۆر خرابدایە . خوێنکارەکان تەنها ڕۆژگار بەڕێدەکەن  تا بڕوانامەکە  وەردەگرن . چونکە هیچ هیوایەکیان بە ئایندەى خۆیان نییە . 
ئەم سیستەمى خوێندنە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستاندا هەر خوێندکارەکانى بی َهیوا نەکردوە ، بە هەمان  شێوە مامۆستا  دڵسۆز و بە ئەزمونەکانیشى  بی َئومید کردوە . مامۆستاکانى سەر بە حیزب پێویستیان بەوە نییە خۆیان ماندو بکەن و بەدواى زانستدا بگەڕێن  چونکە حیزبى بونەکەیان زامنى هەموو شتێکیان بۆ دەکات و خۆماندوکردنى پێویست نییە .
مامۆستا غەیرى حیزبیەکان و بە ئەزمونەکانیش سەیردەکەن  هەرچۆنێک  هەوڵ بدەن و چەند خاوەنى زانستى بەرزبن ، سودى نییەو  ڕێگایان پێ نادرێت نەخشەو پلانى گونجاو دانین بۆ پێشخستنى زانکۆکان . 
کەواتە ڕوحى کێبڕکى لەناو مامۆستاکانى زانکۆشدا نامێنێت  ئەوانیش وەکو خوێندکارەکان تۆشى نا ئومێدى دەبن . مامۆستاى حیزبى پێویستى بەزانست نییە . مامۆستاى غەیرى حیزبیش دەڵى  هەرچى بیکەم  حسابم بۆ ناکرێت . 
دواجار لە نێوان بێ ئومێدبونى  خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆدا ، خوێندن بە تەواوى بی َ بایەخ دەکرێت ، ئەوەش حکومەت لێی بەرپرسیارە . 
 ئەم  بێئومێد بون  و بێ بایەخکردنى خوێندنە هەر پەیوەست نییە بە قۆناغى زانکۆکانەوە،لە قۆناغى سەرەتایی و ناوەندى و ئامادەیش ، هەمان کێشەو گرفت هەیە . لەکوێ حیزبە دەستى هەبێت ، ئەویش وێران دەکات . بەڵام  ئەوەت ئەنجامە خراپەکانى لە قۆناغى زانکۆدا دەرکەوتوە .  
کارەساتى گەورە  هەر ئەوە نییە ئاستى زانست لە زانکۆکانى کوردستاندا  زۆرنزمە ، لەوە خرابتر ئەوەیە کە دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن هیچ هیوایەک نییە بۆ دامەزراندن چ لە لایەن حکومەتەوەو چ لە بوارى کەرتى تایبەتدا . دام و دەزگاکانى حکومەت فەرمانبەرى زیادەیان هەیە و پڕە لە بندیوار . کەرتى تایبەت هەر نییە . 
دەتوانم بڵیم  بۆ ماوەى شەش ساڵیش دەبی َتاکە تاکە یان مناڵى بەرپرسەکان نەبێت کەس دانەمەزراوە . تەنانەت  یەکەم و دووەم و سێیەمى زانکۆ و پەیمانگاکانیش شانسى دامەزراندنیان کەمەو هەموو ساڵێک خۆپیشاندان دەکەن و داواى دامەزراندن دەکەن . وەکو دەردەکەوێت  تا چەندین ساڵى تریش ئۆمێدێک  نییە بۆ دامەزراندن لە کەرتى گشتى و تایبەتیدا. 
کەواتە حکومەت   قۆناغى خوێندنى زانکۆى بە تەواوى بی َبایەخ کردوەو  هیچ کەس ئومێدى بەوە نییە کارێکى دەست کەوێـت  تەواوکردنى خوێندن و تەنها  ئەوەیە بڕوانامەیەکى سەرکاغەزى هەیەو  لە بوارى کردەییدا هیچ فێر نەبوەو  ئەو تۆزەى فێرێشى بوە ،  بە هۆى ئەوەى دانامەزرێت لە بیرى دەچێتەوە . 
 حیزبەکان   لە برى ئەوەى بەرنامەیان  هەبێت بۆ دەستەبەرکردنى ئایندەیەکى باش بۆ دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان و هەلى کاریان  بۆ بڕەخسێنن ، خەڵکێکى زۆریان چەکدار کردوەو کراونە  پاسەوان و  باخەوانى  بەرپرسان و بارەگا حیزبیەکان  . 
لە برى ئەوەى  حکومەت بەرنامەى هەبێت  کە خوێنکارێکى  کۆلیجى پزیشکى  کە خوێندنى تەواو کرد ، یەکسەر دایمەزرێنن لەبەر ئەوەى زۆرپێویستیان پێیان هەیە ، لە برى ئەوە  بە هەزارن پاسەوان لە بەردەرگاى  بارەگا حیزبیەکان  بە نەعلەوە دانیشتون و خەریکى گوڵەبەڕۆژە خواردنن و موچەى باشیشیان هەیە . 
کەواتە خوێندکار هیچ ئارەزویەکى بۆ خوێندن نەماوە .  چونکە حیزب خوێندنى بێ بایەخ کردوە  . خوێنکار هەر ساڵ بەڕێدەکات و هیچ ئومێدێکى بە ئایندەى خۆى نییە. 
کارەساتە گەورەو ترسناکەکە لێرەوە دەست پێ دەکات : 
ماوەى چەندین ساڵە بەردەوام گەنجەکان وڵات جێدێڵن و  بەرەو ئەوروپا دەکەونەڕێگا لە پێناوى ژیانێکى خۆشتردا . بەو هۆیەوە  ژمارەیەکى زۆر لە  کچان  ماونەوەو شویان نەکردوە . ماوەى چەندین ساڵیشە دەرچوانى زانکۆ و پەیمانگاکان  دانەمەزراون و  لە کەرتى تایبەتیشدا شانسى کارکردنیان نییەو  بێکار لە ماڵەوە دانیشتون .
 ئەگەر بارودۆخ ئاوا بڕوات چەندین ساڵى تریش هەر بەم شێوەیە دەبێت .  لەوانەیە تا ئێستا نزیکەى 200 هەزار هەر دەرچوى زانکۆ و پەیمانگاکان  هەبن  کە بەلانى کەمەوە نیوەیان کچن .
 کەواتە ئەگەر سەرنج بدەین دواى 10 ساڵێکى تر ژمارەیەکى بێ شومار لە  کچان دەبنە پیرەکچ و کورد واتەنى دەبێ لەماڵەوە پرچى سپى بهۆننەوە لە سایەى سەرى دەسەڵاتى پارتى و یەکێتییەوە .
 ئەمە لێرەدا ناوەستێت و تەواو نابێـت و کۆتایی نایەت .  دواجار کێشەى کۆمەڵایەتى  گەورەى بەدوادا دێت . کچ بچێتە دەرەوە  قسەو باسى لەسەر دروست دەبێت . ئەگەر لە ماڵەوە بمێنێتەوە  چ لەبەر قسەى خەڵک بێت یان نەبونى پارەوەبێت ، توشى نەخۆشى نەفسى دەبێت .  دواجار ئەمانە هەموى دەبنە کێشەى دایک و باوک و کەس و کار و کۆى خەمى کۆمەڵگا .  ئەمە کێشەیەکى ئێجگار گەورەیەو نامەوێت بچمە وردەکارى باسەکەوە.  
ماوەتەوە ئەوەى بلێم: دایک و باوکى ئازیز . ئەى دەرچوانى زانکۆو پەیمانگاکان ، خوێندکارە  ئازیزەکان کە ئایندەتان نادیارە .  مامۆستایان و پزیشکان و گشت موچەخۆران و کەم ئەندامان و خانە نشیانى داماو کاتى ئەوە نەهاتوە بیرێک لە ئایندەى خۆتان و نەوەکانتان بکەنەوە ؟؟؟. ئەوەى بەسەر ئەم میللەتە هاتوە ئەنجامى حوکمڕانى 29 ساڵى یەکێتى و پارتییە ، لە ئێستادا بارودۆخى هەرێمى کوردستان لە هەموو کاتێک خرابتر و ترسناکترە . 
کاتى ئەوە نەهاتوە هەمومان  بەیەکەوە  بەو دەسەڵاتدارانە بڵێین بەس نییە تاڵانکردنى قوتى ماڵ و مناڵمان .  هەرێمێک بە 23 وەزیر و 111 ئەندام  پەڕلەمانەوە  نەتوانیت موچەى هاوڵاتیان  دابین بکات ، باشتر نییە دەست بەردارى دەسەڵات ببن ؟؟  بۆچى  وازمان لێ ناهێنن ، چیتان لێمان دەوێت و چی ماوە پێمان نەکەن .
ئەگەر هەر وەڵامیان نەداینەوە حەقى خۆمانە دەست بکەین بە خۆپیشاندانى  ئاشتیانە . ئەگەر ئەوەش نەبوو بە چارەسەر  حەقى خۆمانە دەست  بەرین بۆ ڕاپەڕینێکى  سەرانسەرى چونکە چارەیەکى تر نامێنێت . ماوەتەوە ئەوەى بڵێم : هاوڵاتیانى ئازیزو خۆشەویست : هیچ کەسێک بە دیکتاتۆرى لە دایک نابێت ، ئەوە  بێدەنگى من و تۆیە دیکتاتۆر دروست دەبێت  . کە دیکتاتۆریش دروست بوو ،  بە ئاسانى  ناڕوات . 
 ئەوانەى دزى و تاڵانى دەکەن ، ناتوانن چارەسەرى دزیکردن بکەن . تەنها ڕێگا ئەوەیە  ئەو دزانە دوور خەیتەوە . ئەوانەى فێرى دزیکردن دەبن ، هەرگیز ناتوانن دەست بەردارى دزیکردن ببن بە خۆشى .
 ئەگەر ئێوە بیرێک لە خۆتان و کەس وکار و نەوەکانتان نەکەنەوە ، هەرگیز چاوەڕوانى  لە هیچ کەسێکیش  مەکەن بیر  لە ئێوە بکاتەوە . ئەگەر ئێوە خۆتان لە خەمى خۆتان  نەبن ، چاوەڕوانى ئەوەش مەبن هیچ کەسێکى تر لە خەمى ئێوەدا بێت  . 
 کەواتە  کاتى ئەوە هاتوە پەردەى بێدەنگى بدڕێنن و بێنە دەنگ و داواى مافى زەوت کراوى خۆتان بکەن .  ئەگەر ئەم بارودۆخەى ئێستاشتان بەدڵە پیرۆزبایتان لێ دەکەم . سەرى خۆتان کزبکەن و وەکو جارى جاران بارى خۆتان بەرن.  
12/5/2020


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە