ئەوانەی دژی مستەفا بوون، ئەوانە بوون، کە دەیانویست هەموو کەسێک وەکو خۆیان بێت

Wednesday, 20/05/2020, 4:48

6981 بینراوە


ئێمەش ئەقڵمان بەوە دەشکا، لە گیروگرفت بە دوور بین و سەری خۆشمان کز بگرین، وەک زۆر لە خۆفرۆش و قەڵەمفرۆشەکان خۆمان بە ئیشێکەوە خەریک بکەین و قازانجی لێ بکەین، بەڵام کاتێک میللەت دەکەوێتە نەهامەتییەوە، دەبێت کەسانێک هەبن، بەرەنگاری ئەو نەهامەتییە ببنەوە. ئەو ئەرکەش بەر ئێمە کەوت، کە بە وزەی پێشمەرگانەوە لە ساڵی 2000ەوە وەکو کوردستانپۆست درێژەمان بەو خەباتە دا.
هەشە لەو هەموو نەهامەتییەی، کە بەسەر ئەو میللەتەدا هاتووە و بە هەلی زانیووە، کە دەستەڵاتێکی خائین و پیسخۆر هەیە، ئەم خۆی لێ نزیک بکاتەوە، پێی سودمەند بێت،  بەراستەوخۆ، بە پێچ و پەنا هەندێک جار لە بەرگی رەخنە و ئۆپۆزیسیۆندا، لە خراپەکاری و خۆفرۆشتندا بۆ سودی تایبەتیی خۆیان هاوکاربوون.
مستەفای حەسەنە گەورە یەکێک بوو لەو کەسانەی، بە سەر هەموو بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بازی دا و قەڵەمی دژی ناپاکیی و پیسخۆریی و تاوان هەڵگرت.
مستەفا کە بۆ خۆی پێشمەرگە و خاوەنی دوو برای شەهید بوو، خەباتی خۆی و براکانی نەگۆڕییەوە بە پارە و بە پۆست. کاتێک سەرانی دەسەڵات ئەم نیشتیمانەیان دەفرۆشت، ئەو پەیامی خۆی واز لێنەهێنا، بە لای خیانەت و سیخوڕیی و دزی و تاڵانیی هەڵوێستی خۆی نەگۆڕی.
رێکخراو و حیزبەکەی خۆی، کە پێشتر بڕوای پێیان بوو، هەموویانی خستە ژێر پرسیارەوە و قەڵەمی لێهەڵ گرتن. خۆی لە دەستەی کوردستانپۆستدا دۆزیەوە.
مستەفا هەر بە قەڵەم چالاک نەبوو، بەڵکو هەموو لایەک شایەتن، کە هەر تاوانێک لە کوردستاندا کرابێت ئەم دەستەوەسان نەوەستاوە، بە کردەوە لە چالاکیی خۆپیشاندان و کۆمەک کردندا بووە. لە کەناڵی تەلەفیزیۆن و راگەیاندنەکانەوە وەک شێر نەڕاندوویەتی و هاواری کردووە. هەر دەست درێژییەک کرابێتە سەر کوردستان ئازاری ئەمی داوە و هەڵوێستی هەبووە. بۆ نموونە یەکێک لە چالاکییەکانی، کە دژی هێرشەکانی تورکیادا بۆ سەر کوردستان، مستەفا هەمیشە بە دەنگ ئاوارەکانی رۆژئاواوە دەچوو. دژی تیڕۆرکردنی رۆژنامەنووسان چالاکیی رێک دەخست. هەر ئەو بوو، پێی وتین کێ سەردشت عوسمانی تیرۆرکردووە.
مستەفا کەسوکاری شەهیدانی بە سەر دەکردەوە. لە هەر شوێنێک بۆی بلوایە قسەی هەق و دڵی خۆی دەکرد، بۆیە گرنگە هەموومان چاو لە مستەفا بکەین، تا لە نەترسیی و ئازایەتی و گیانی قوربانییداندا، نمونەی مستەفا زۆر بکەین، شوێن پێی ئەو هەڵبگرین، هەوڵ بدەین چاو لەو بکەین، لە نمونەی وەک ئەو بخەینەوە . دژی ئەوانە بیین، کە خراپەکارن، یان بۆ خراپەکار ئیش دەکەن.
ئەوانەش، کە دژی مستەفان، ئەو کەسانەن، کە ناهەقیان نییە حەزیان لە مستەفا و نمونەکانی بێت، چونکە دەیانەوێت نمونەی مستەفاکان بچوک بن و گەورە نەبن. ئەوان دەیانەوێت هەموو کەسێک وەکو خۆیان بێت، وەک خۆیان فاسید. وەک خۆیان قەڵەم بەدەستی دەسەڵات بن، کە دڵنیایین ئەمڕۆ لە ناخیشەوە ئیرەیی بە مردنی مستەفاش دەبەن، بۆیە لە ئیستاوە کەوتوونەتە تۆمەت هۆنینەوە و پروپاگەندەکردن و قسەی ناشرین دەچەڕن،!
مستەفا جگە لەوەی وڵاتپارێز و هەقپارێز و هەقبێژ بوو، مرۆڤێکی خۆشەویست، هاوڕێ دۆست، سەخیی و دەست بڵاو و قسەخۆشیش بوو. هاوڕێکانی خۆی خۆشدەویست نەک گیرفانی! بە داخەوە مستەفا نەخۆشی کۆرۆنا ژیانی کوژاندەوە، دەنا زۆرتر لە توانا و بەهرەی خۆی دەبەخشی.
ئەمڕۆ ئێمەش لە کوردستانپۆستەوە خەمی قوڵ و زیانی گەورەی خۆمان رادەگەیەنین. قسەکردنمان دەربارەی مستەفا هەر بەردەوام دەبێت، چاوەڕوانی نموونەی زیاتری وەک مستەفاین، کە جێگاکەی هەر گەرم بێت.
لە کۆتاییدا بە ناوی ستافی کوردستانپۆست سەرخۆشی لە خۆمان، لە خانەوادە و کەسوکارەکەی دەکەین، هەروەها سوپاسی هاوڕێ و ئەو دۆستانەش دەکەین، کە پەیوەندییان کردووە و نامەیان ناردووە، هەموو لایەکمانیان بەسەر کردۆتەوە.
سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین، کە خەمی خۆیان بۆ ماڵئاوایی لە کاک مستەفای حەسەنە گەورە دەربڕی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە