ئەو پرسە بۆ ئێستا و ئایندە وەڵامی بڕواپێکەری پێدەوێ

Wednesday, 20/05/2020, 14:31

9017 بینراوە


رۆژی 19 / 5 / 2020 سێیەمین ساڵڕۆژی کۆچکردووی رێکخەری گوران نەوشیروان مستەفایە، بۆیە دەمەوێ هەندێ سەرنج لەسەر یادکردنەوەکەی بدەم، بەهیوام گورانەکان، ئەگەر وەڵامیان هەیە، وەک ئەو بانگەشانەی شەو و ڕۆژ دەیکەن، بەگیانێکی دیموکراسی و بوێرانەوە وەلام بدەنەوە. نەوەک وەک کۆیلەکانی مەلامستەفا و جەلال تاڵەبانی پاساوی بێ مانا  بدەنەوە بۆ داپۆشینی هەڵە و تاوانەکان! هەر وەکو ئەوەی باس لە میژووی کۆن وشۆڕش و خەبات بکەن، تا بەوە پاساو بۆ هەڵە و تاوانەکان بهێننەوە و پەردەپۆشی بکەن! چونکە ئەوە هەڵسەنگاندن و رووداویکی گەورەیە، کە لە مێژوودا ناشاردرێتەوە، دەبێت وەڵامێکی بڕواپێکەر بەخەڵک بدرێتەوە، ئەگەرنا ئەمڕۆش بێ دەنگی لێ بکرێ، سبەی نەوەکانی داهاتوو باسی دەکەن .
ئەگەر سەرنج و ڕەخنەش لەسەر مێژووی نەوشیراون بدەین بەرلە دروستبونی گۆران و بەسەر ئەمەشدا باز بدەین ، بەلام مافی خۆمانە، دروشمەکانی بەکرداری ١٠ساڵەی خەباتی لە لوتکەی گۆران بپێوین. هەروەک خۆشی لەنامەیەکدا لەسەر پەرلەمانتارەکانی گوران وتوویەتی، کاتێک داوای ئوتوموبیلیان کرد، لەبەیانامەیەکیدا ووتی: پێوەری راستگویی هەرکەسێک لەهەڵسەنگاندنی کەسێتی، مولک و پارەیە. بۆیە لێرەدا ئێمەش دەپرسین ئەی نەوشیروان مستەفای کۆچکردوو بۆ خۆی کاتێک لە یەکیتی هاتە دەرەوە و زۆرترین پێداگری لەسەر، شەفافیەت، دژایەتی بنەماڵەبوون، موڵک داگیرکردنی گشتی و نەوەی سیاسییەکان دەکرد! ؟ ئەی خۆی، تا چەند لەگەل ئەو دروشمانەدا راستگۆ بوو، توانی یەکانگیر بکات؟
نما و چیای نەوشیروان ، چۆن بوونە خاوەنی ئەوهەموو مووڵک و پارەیەی ، کە هەموومان دەزانین ئەو موڵکانە گشتیین و دزراون.
بۆچی نەوشیروان مستەفا نەیتوانی نمونەیەکی جیا و بەپێی بانگەشەکانی خۆی کاری لەسەر بکات و جیاوازتر  لە مەلامستەفا، جەلال تالەبانی لەدوای مردنی خۆی جێ بهێلێ؟
ئەگەر هەوادارانی ئێستای نەوشیروان بڵێن ئەوا کوڕەکانی لەسەر خۆیان تاپۆیان نەکردوە، راست ناکەن ، چونکە چەندین بەڵگە هەیە، کە نەوشیروان هەر لە سەرەتای وەرگرتنی ئەو گرد و موڵکانە دەبوو ئامادە نەبووایە ئەو موڵک و ماڵە گشتییانە، کە لە تالەبانی وەرگرت، لایەنی کەم لەسەر گورانی تاپۆ بکردایە، نەک لەسەر خۆی و بڵێت ئەوانە مووڵکی خۆمە و وەکو یەکێتیی حەقی ئەوەمان هەیە، کە ئەوانەم هەبێت! خۆ ئەگەر بلێن لەترسی ئەو سەرکردانەی ئێستا وای کردوە، ئەوەش بەهانەیەکی زۆر لاوازە، چونکە دەکرا وەسیەتنامەیەک بنوسێ کە ئەوە دەبیت بگەڕێندرێتەوە بۆ موڵکی گشتی، هەڵبەت ئەمەش لە کاتی بونی دەسەڵاتێکی نیشتمانی!
بەکورتی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری کۆچکردووی گوران، خۆی مێژوونوسێکی بەتوانا و سیاسیەکی ووردبین بووە، بۆ لەمەدا بە مێژوودا نەچۆتەوە و بۆ وەکو سیاسییەک پێشبینی داهاتووی نەکردووە!؟ بەتایبەتی باش دەیزانی ئەو کارەی چۆن لە ئێستا و ئایندە، لەسەر مێژووی خۆی و کەسێتی دەکەوێت پێی هەڵدەسەنگێنرێ!
نەوشیروان مستەفا زووتر و دووەم ساڵ دەیزانی کە ماڵئاوایی لە ژیان دەکات، نە سەرکردایەتیەکی باشی دوای خۆی بەجێ‌هیشت ، نە لەسەر موڵک و ماڵەکەی، نمونەیەکی باشتری لە مەلامستەفا و قاسملۆ و تالەبانی پیشانی خەلکی دا، ئەمە لەکاتیکدا بەئاستی هەموو سەرکردەکان هەر خۆی بانگەشەی دەکرد بۆ داژیەتی داگیرکردنی موڵک و ماڵی گشتی، هەروەها بە زیناکردن و خیانەت لەگەل خاکدا پێناسە دەکرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە