بەڵگەی ناردنە دەرەوەی ٢٧ ملیار دۆلارەکە، کوردستانپۆست لە ساڵی ٢٠١٨دا بڵاوی کردووە (کلیک)


باوشتان بۆ سه‌رگردانی بكه‌نه‌وه،‌ هه‌تاوه‌كوو له‌ده‌ست دڵه‌ڕاوكێ و ڕاڕاییبوون ڕزگارتان بێت..!

Friday, 05.22.2020, 7:58

966 بینراوە


(چۆن چونی به‌ تێگه‌یشتن له‌ سه‌رگردانی، به‌سه‌ر په‌رێشانحاڵیدا زاڵبین..!)

نووسینی جه‌عفه‌ر خیام و وه‌رگێڕانی مه‌نسور جه‌لال..
ئكهارت تولی نووسه‌ر و مامۆستای مه‌عنه‌وی ئه‌ڵمان ده‌ڵێت، په‌رێشان حاڵی، ڕاڕائی و ئاڵۆزی هزری ، گوشاری ڕۆحی، سترێس و نیگه‌رانی، هه‌موویان له‌ جۆره‌كانی ترسن و به‌هۆی زیاده‌ڕه‌وی له‌ پێشبینی كردنی داهاتوودا و نه‌ژیان له‌ چركه‌ساتی ئێستادا، دێنه‌ ئاراوه‌ و خۆیان پیشانده‌ده‌ن.
Eckhart Tolle ئكهارت تولی

له‌ ڕاستییدا ژیان پێشبینی ناكرێ و ئێمه‌ ناتوانین پێشبینی بۆ ژیان بكه‌ین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌‌ ناتوانین له‌وه‌ دڵنیابینه‌وه كه‌‌ له‌ داهاتوودا چی ڕووده‌دات، سه‌رگردانی یان ناڕوونی به‌و واتایه‌ی كه‌ نازانین له‌ داهاتوودا چی دێته‌ ڕێمان.
هه‌ندێجار ‌ دڵنیا نه‌بوون و گومان، ده‌توانێ وه‌كوو باشه‌یه‌ك له‌یه‌كبدرێته‌وه‌،‌ چووونكه‌ ڕێگه‌ به‌ڕووی گۆڕانكارییدا‌ ده‌كاته‌وه،‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌وانه‌یه له‌ عه‌ینی كاتیشدا‌ ببێته‌ هۆی كێشه‌ و سه‌رئێشه‌ بۆمان..!
ئێمه‌ی مرۆڤ خوومان به‌ ڕاستییه‌ زانراوه‌كانی ژیانه‌وه‌ گرتووه‌ و له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه‌‌ زۆربه‌مان هۆگریانین، پێ هه‌ستان بۆ گۆڕانكاری ده‌توانێ ببێته‌ هۆی سه‌رگردانی له‌ داهاتووماندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌‌ مه‌یلی گۆڕانكاری یان خۆگۆڕینمان نامێنێت.
ئاینده‌مان نادیار و تاریكه‌، ئیتر چۆن بتوانین له‌ سه‌رگردانی ده‌ربازمان بێت و دڵنیابینه‌وه‌ كه‌ ئه‌و شتانه‌ی وه‌كوو ته‌ندرووستی، ماڵ و دارایی، یان هاوڕێ و هه‌بوونی هاوسه‌رێكی خۆشه‌ویست كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین‌، ئایا له‌ داهاتووشدا هه‌ر له‌گه‌ڵماندا ده‌مێننه‌وه‌..؟
له‌گه‌ڵ ناچاربوون به‌ مردن له‌به‌رانبه‌ر سه‌رگردانی و ئاینده‌ی نه‌زانراو كه‌ له‌ پێشماندایه‌، تووشی په‌رێشانی ئه‌فكار ده‌بین، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ش ده‌زانین له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌ر چركه‌ساتێكدا ژیانمان له‌ده‌ست بده‌ین، له‌ ڕاستییدا له‌وانه‌یه‌ هه‌ر چركه‌ ساتێك ببێت به‌ دواین چركه‌ساتی ژیانمان.
به‌گشتی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ ئارامی و ئاسایشی زیاتر بكه‌ین هه‌وڵده‌ده‌ین تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌توانین تێبكۆشین بۆ ئه‌وه‌ی ئاینده‌ له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانیه‌كانماندا یه‌كانگیربن‌ و به‌و جۆره‌ هێواش هێواش ژیان بخه‌ینه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆمانه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ تاكه‌ شتێك كه‌ له‌ كۆتاییدا به‌ده‌ستی ده‌هێنین ئه‌وه‌یه‌ كه گرفتاری‌ نیگه‌رانی له‌ ئاینده‌ و ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌بین كه‌ بۆیان تێده‌كۆشین، تووشی نیگه‌رانی و سترێس ده‌بین، به‌ هۆی نادیاربوون و ناڕوونی له‌ داهاتوودا ڕووخسه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ نامێنێته‌وه،‌ هه‌تاوه‌كوو تامی بوون له‌ چركه‌ساته‌كانی ئێستادا بچێژین. ‌
(ئالن واتس) ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر به‌های به‌ده‌ستهێنانی چر‌كه‌ساتێكی له‌ززه‌تبه‌خش له‌ داهاتوودا هه‌وڵدانی به‌رده‌وام و بێوچانی ئه‌مڕۆمان بێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت بیزانین كه‌ به‌دوای شتێكه‌وین كه‌ به‌ده‌ستهێنانی مه‌حاڵه‌، چوونكه‌ ئێمه‌ هیچ كاتێك ناتوانین ئاینده‌مان مسۆگه‌ر بكه‌ین، باشترین و وردترین پێشبینیه‌كانیش گریمانه‌ین، ئێمه‌ ده‌زانین به‌ ئازاره‌وه‌ ده‌ژین و ڕۆژێك دێت كه‌ مه‌رگ یه‌خه‌مان پێبگرێ، خراپترین ژیان و باشترین ژیانی مرۆڤ هه‌ر ڕۆژێك بێت ڕووبه‌ڕووی مردن ده‌بێته‌وه‌ و كۆتاییپێدێت، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر ناتوانین به‌بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ داهاتوو له‌ ئێستادا شادبین، كه‌واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه‌ كه‌ تێیدا ده‌ژین نامۆین و ناتوانین خۆمانی له‌گه‌ڵدا بگونجێنین.
پێتان خۆش بێت یان نا ئه‌وه ‌ڕاستییه‌ و ده‌بێت پێی ڕازیبین كه‌ ئێمه‌ ناتوانین پێشبینی داهاتوومان بكه‌ین، ناتوانین تێبگه‌ین كه‌ چه‌نده‌ خۆشه‌ویستی، سه‌روه‌ت، خۆشبه‌ختی یان ناخۆشی و نه‌خۆشی له‌سه‌ر ڕێگه‌ماندایه‌ و هه‌وڵدان بۆ مسۆگه‌ركردنیان داهاتووی ناڕوونمان تاریكتر ده‌كات، گرنگ نییه‌ چه‌نده‌ تێده‌كۆشین كه‌ ژیان بخه‌ینه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆمانه‌وه‌، چوونكه‌ له‌ كۆتاییدا هه‌ر چاره‌نووس به‌و ڕێگه‌ جیاوازانه‌ی كه‌ خۆی پێیدا تێپه‌ڕده‌بێ ده‌ڕوات و ئێمه‌ نائومێد ده‌كات.
بۆ ئه‌وه‌ی زاڵبین به‌سه‌ر ئه‌و ڕاڕایی و دڵه‌ڕاوكێ كوشنده‌یه‌دا كه‌ بۆ داهاتوو هه‌مانه‌، ‌ده‌بێت له‌و حه‌زانه‌ی بۆ كۆنتڕۆڵی ڕووداوه‌كان و ئه‌و فاكته‌رانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی تێكدانی پڕۆگرامه‌كانمان دووربكه‌وینه‌وه‌، نه‌بوونی دڵنیایی بكه‌ینه‌ باوش و پێكه‌وه‌ فێره‌ مه‌له‌ بین هه‌تاوه‌كوو له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌ قورسه‌كانی ژیاندا ڕێبكه‌ین و ببین‌ هاوڕێ و متمانه‌یان پێبكه‌ین كه‌ به‌ره‌و شوێنی نوێ و هه‌یه‌جان ئه‌نگیزمان ده‌به‌ن.
ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌و‌ ئه‌نجامه‌ چاوه‌ڕوانكاراوانه‌ی كۆتایی هه‌ڵبگرین، ئه‌وه‌ له‌ تواناماندا ده‌بێت هه‌تاوه‌كوو لێره‌ و له‌ ئێستای ژیانماندا هه‌ڵوێسته‌ بكه‌ین و بسكنین، به‌و شێوه‌یه‌ زۆرترین سوود له‌ هه‌ر چركه‌ساتێكی ژیانمان وه‌ربگرین و به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌و سۆز و گفتانه‌‌ بین كه‌ پێمان دراوه‌، سوپاسگوزار بژین.
ئه‌مه‌وێت ئه‌م مه‌قاله‌یه‌ به‌ چیرۆكێك له‌ فه‌لسه‌فه‌ی تائۆ كۆتایی پێبێنم، چیرۆكێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش، كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ده‌رك كردنی گۆڕانكاری له‌باتی هه‌وڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردن ده‌رده‌بڕێ و مه‌به‌ستیه‌تی دڵنیامان بكاته‌وه،‌ كه‌ تا چه‌ند داهاتوو نادیار و ته‌م و مژاوییه‌.
ڕۆژگارێك جوتیارێك ئه‌سپێكی گرانبه‌ها و تیژڕه‌وی هه‌بووه‌، ڕۆژێك ئه‌سپه‌كه‌‌ هه‌وساری له‌ده‌ست جووتیاره‌كه‌ ده‌پسێنێ و ده‌ڕه‌وی، خه‌ڵكی گوند بۆ ده‌ربڕینی هاوده‌ردی و پێناخۆشبوون سه‌ردانی جووتیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، جووتیاره‌كه‌ پێیان ده‌ڵه‌ت، (له‌وانه‌یه‌) سبه‌ی ئه‌سپه‌كه‌م بگه‌ڕێته‌وه‌ و شه‌ش ئه‌سپی تری كێوی به‌هێز له‌گه‌ڵ خۆییدا بهێنێت‌.
خه‌ڵكی گونده‌كه‌ بۆ به‌ختی باشی جووتیاره‌كه‌ ده‌نگی خۆیان به‌رزكرده‌وه‌ و خۆشحاڵیان ده‌ربڕی.
جووتیاره‌كه‌ دیسان ڕووی تێكردن و گوتی (له‌وانه‌یه‌) كوڕه‌كه‌م دووبه‌یانی بیهه‌وێ یه‌كێك له‌و ئه‌سپه‌ كێویانه‌ زین بكات و سواری بێت‌، به‌ڵام له‌ناكاو بكه‌وێته‌ خواره‌وه‌ و ده‌ست و لاقێكی بشكێت، جارێكی تر خه‌ڵكی گوند پێناخۆش بوونی خۆیان‌ ده‌ربڕییه‌وه‌.
جووتیار دیسان ڕووی تێكردن و گووتی (له‌وانه‌یه‌) چه‌ند ڕۆژێكی تر‌ سه‌ربازانی ده‌وڵه‌ت بڕژێنه‌ گوونده‌كه‌مانه‌‌وه‌ و هه‌موو پیاوه‌كان ڕه‌شبگیر بكه‌ن و ڕه‌وانه‌ی مه‌یدانی شه‌ڕیان بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی من ده‌ست و قاچێكی شكاوه‌ ببه‌خشرێ و له‌گه‌ڵ خۆیاندا نه‌یبه‌ن…!
خه‌ڵكی گوند دیسان ویستیان هاوار بكه‌ن و شوكرانه‌ بژێر بن، جووتیاره‌كه‌ له‌ناكاو جارێكی تر هاوری كرد و به‌ده‌نگی بلند گووتی..(له‌وانه‌یه‌…)…!




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 3/5)