نەوشیروان مستەفا و کوشتنی شەهید ووریا (بەشی یەکەم)

Saturday, 23/05/2020, 15:15

56917 بینراوە


(چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەریەکانم)

 سەرەتا:
(داوا لە سەرشۆڕ و وابەستەکانی بنەماڵەی مەلا مستەفا و جەلال حسامەدین دەکەم، کە چاوەڕوانی لایك و کۆمێنتی خۆشحاڵی و دەسخۆشیتان لێناکەم. دڵنیابن لە خۆشەویستی ئێوە دژی نەوشیروانم نەنوسیوە. تەنها ئەوەندەی بەشێک لەو مێژووە کە من تێیدا ژیاوم ڕاستیەکانم خستۆتە ڕوو. دوێنێ و چەندین ساڵە و لە داهاتوشدا و سبەینێ، سەرانی دڕندە و خائین و سیخوڕی ئێوەش هاتوون و دێنەوە ژێر نوکی قەڵەمە تیژەکەم).

یەکەمین پەیوەندی ڕێکخراوەییم بە خزمانی شەهید ووریاوە

ماوەیەك پێش شەهیدکردنی ووریا بەرپرسی ڕێکخراوەییم کە برایمی حەمە عەلی بوو ، ئێستا دانیشتوی سویدە. ئاگاداری کردمەوە کە شانەیەکی ڕێکخستنی کۆمەڵە بڕی ١٢ کەسێک دەبن بە هۆی گیرانی بەرپرسەکەیانەوە لە ڕێکخستن دابڕاون و من هەوڵی دۆزینەوەیان بدەم و پەیوەندیان بۆ پێکبهێنمەوە. تەنها ناوی بەرپرسەکەی ئەو دەستەیەیان دەزانی مامۆستا محەمەد (ناسرا و بە حەمە حاسڵی) ئێستا بەرپرسێکی دژە تیرۆری یەکێتیە. لە ڕێگای پورزاکانمەوە عوسمان و خالیدی شێخ عومەر قەرەداخی حەمە حاسڵیم دۆزیەوە و پەیوەندیم پێوە کرد. حەمە حاسڵی وەك ئەوەی ئاگادارکرابوم چەند کەسێکی تری لەگەڵدا بوو. حەمە حاسڵی و هەژار ناوێکی هەمان دەستەم کردە شانەیەك وسەرپەرشتیم دەکردن. لە یەکەم یەکترناسینەوە بۆم دەرکەوت کە ئەو دەستەیە گەلێك ناکامڵ بوون بە کاری ڕێکخراوەیی و پاراستنی نهێنیەکان. هەربۆیە زۆر لە خەڵکانی دەرەوەی ڕێکخستنەکان و دانیشتوی گەڕەکەکەیان دەیانزانی ئەمانە سەر بە ڕێکخستنن. سەرباری خوێنگەرمی و دڵسۆزیان جۆرە مەترسیەك بوون بۆ سەرخۆیان و پۆلەکەی منیش، بۆیە وام بە باش زانی لە ڕیزەکانی دەرەوەی پۆلەکەمەوە دایانبنێم و خۆم ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیان بکەم. لە ڕێگای هەژارەوە ئەندامێکی تریانم ناسی بە ناوی بەختیارەوە کە خۆی و ڕێبواری برای زۆر جار کاری لۆجستییان بۆ ئەنجام دەداین بە تایبەتی دەرمان و فیشەك و پێویستی تریان بۆ دەبردینە شاخ و لەو کارانەدا گەلێك شارەزا و چاونەترس بون. ئێوارەیەك چاوەڕوان نەکراو هەژار هات بە دوامدا بۆ قوتابخانەکەم کە لە شەشی ناوەندی ئێواران دەمخوێند. پێی ڕاگەیاندم کە بەختیار لە لایەن ڕژێمەوە فەرمانی گرتنی دەرچووە و ملازم موحسین بەدوایدا دەگەڕێت. بەختیار هاوکاری خێزانێکی عەرەبی هەڵهاتوی لە خواروی ئێراقەوە کردبو بۆ گەیشتنیان بۆ ناوچە ئازادکراوەکان. خێزانەکە لە هێرشێکی سەربازیی ڕژێم دا دەسگیرکرابون و ئیعترافیان لەسەر بەختیار کردبوو. ئەمە خۆی لە خۆیدا بە بێ ئاگاداری ڕێکخستن کارێکی هەڵە و سەربەخۆ بوو، وە سەلماندنی هەڵسەنگاندنەکەی من بوو بەرامبەر ئەو دەستەیە. دەسبەجێ چوم بۆ ماڵی ئاسۆ ئیسماعیل و برایەکی لە خۆی بچوکتر بە ناوی ئاکۆ و دوو خوشکی ئاسۆ چیمەن و چرۆ لەگەڵما هاتن بۆ ئەوەی وەکو خێزانێك بێینە بەرچاو و گومانمان لێ نەکرێت. بە تەکسیەك بەختیارمان هێنا بۆ ماڵی خۆمان بەو مەبەستەی سبەینێ بیگەیەنمە دێی کانی بەردینەی نزیك سەرچنار. بۆ بەدبەختی ئێمە ئەو ڕۆژە ئەردەڵانی برام لەگەڵ عومەر عەرەب و مەفرەزەکەیان چالاکیەکی چەکداریان لە سلیمانی دا ئەنجام دابو. پاشان هەرزەکارانەو ڕامبۆ ئاساییانە سەردانێکی ماڵی ئێمەشیان کردبوو بۆ چا خواردنەوە!. ئەوەش منی زیاتر خستبووە دڵە ڕاوکێوە لەبەر ئەوەی دەترسام ڕژێم لەوە ئاگادار کرابێتەوە و بێنە سەرمان و بەختیار لە ماڵی مندا دەسگیر بکرێت. ناچار تاکو بەیانی لە سەربان مامەوە و پاسەوانی بەختیارم کرد، بۆ سبەینێ بەختیارم خەبەر کردەوە و بە سەلامەتی گەیاندمە کانی بەردینە و تەسلیمی مەفرەزەیەکی پێشمەرگەم کرد کە لە ناوچەکەدا بوون.
پاش شەهید کردنی ووریا بەختیار و ڕێبواری برای خۆیان تەسلیم کردەوە بە ڕژێم، ئەوکاتە زانیم کە ئەم دوانە ژن برای شەهید ووریا بوون. ڕێبوار کەمێك دەشەلی و ماوەیەك لە زیندانی کەرکوك دەسبەسەربو لە کاتی ئەشکەنجەدانا قاچێکیان شکاندبوو، بەڵام زۆر بە وورە و بڕواوە تاکو ئەو ڕوداوە لە خەبات و چالاکی دا بوو. بەختیار جاربەجار بۆ کاری ئیغتیالات دەهاتەوە سلیمانی سەردانێکی منیشی دەکرد. تەنانەت چەند جارێکیش بۆ کاری شۆڕش بە ناسنامەی تەزویرەوە نێردرابو بۆ بەغدا.
لەو کاتەوەی ئاگادار بوینەوە لەوەی بەختیار خۆی تەسلیم کردۆتەوە جۆرێك مەترسیمان تیا دروست بوو بوو، کە بەهۆی شه هید کردنی ووریا لە لایەن خودی یەکێتیەوە بەختیار و ڕێبوار کاردانەوەی خراپیان هەبێت و ئەندامانمان توشی بەڵایەك بکەن. هەربۆیە من و هەندێك لەو ئەندامانەی ئەوان دەیانناسین لە ماڵەوە نەدەماینەوە و لای هاوڕێیانی ترمان دەنوستین. بەڵام ئەوان سەلماندیان کە ئێمە بە هەڵەدا چوین و هیچ کاردانەوەیەکی نابەجێیان نیشان نەدا و بە پاکی خۆیان مانەوە. بە تێپەربونی چەند هەفتەیەك مەترسیە نابەجێکەمان لە بەختیار و ڕێبواری برای لە دڵماندا ڕەویەوە.
ڕۆژێك لە دەرگای ماڵەوەمان درا، کاتێك دەرگاکەم کردەوە، بەختیار وەك میوانێکی چاوەڕوان نەکراو لەپێشم دا وەستابوو، پاش ڕامانێکی کورت و چاکو چۆنیەکی گوماناوی و سارد فەرموم لێ کرد وهاتە ژورەوە، لا شعوری سەرێکم بردە دەرەوە و سەیری ئەم لاو لام کرد. بەختیار ڕوی تێکچو بەڵام بە زەردەخەنەیەك شاردیەوە و بە ناوە نهێنیەکەمەوە ووتی: هاوڕێ هوشیار تۆ بڵێی ئەوەندە بێ ویژدان و خراپکار بم کەسێکی وەکو تۆ و ئەندامانی تر تەسلیم بەم ڕژێمە بکەم؟! بە هەرشێوازێك بوو بێزاری و دڵگیری بەختیارم ڕەواندەوە و وەکو جاران کەوتینە دوان بۆ یەکتری بە تایبەتی کە زانی من لە باڵی مام جەلال و نەوشیروان دوورم. ڕاشکاوانە کەوتە باس وهۆکاری خۆ تەسلیم کردنەوەی و کارەساتی شەهیدکردنی ووریا.

(چۆنێتی شەهید کردنی ووریا لە زمانی بەختیارەوە)

بەختیار بە بێ شاردنەوە و پێچ و پەنا لەوە دەدوا کە ووریای مێردی خوشکی لەلایەن جەبار فرمانەوە و بە فەرمانی نەوشیروان مستەفا شەهید کراوە. بە پێێ ووتەکانی بەختیار شەهید ووریا پەیوەندی ڕاستە و خۆی بە نەوشیروان مستەفا وە هەبووە و بۆ هەر کارێکی ئیغتیالات نامەی لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە بۆ نێردراوە. ووریا تەواوی نامەکان دەهێڵێتەوە. هێشتنەوەی نامەکان لەو کاتەوە دەسپێدەکات کە ووریا دەبیستێت ناڕەزاییەکی زۆر لە ناو خەڵکی سلیمانی دا دروست بووە ئەنجامی کوشتنی ئەو کەسایەتیانەی سەر بە پارتی، بە تایبەتی شەهید نوری حەمە عەلی کە ژمارەیەکی بێشومار بەشداری پرسە و ناشتنی بوون.
پاش ئەوەی بێباوەڕی لە نێوان نەوشیروان و شەهید ووریا دروست دەبێت نەوشیروان داوا لە ووریا دەکات نامەکانی تەسلیم بکاتەوە. ووریا دەکەوێتە ئەو باوەڕەوە کە وەرگرتنەوەی ئەو نامانە هەنگاوی یەکەمە بۆ شاردنەوەی ئەو تاوانانە. پاش سوربونی نەوشیروان لەسەر وەرگرتنەوەی نامەکان ووریا دەخاتە ئەو باوەرەی کە پاش ڕادەستکردنەوەی نامەکان دوور نیە بۆ کۆتایی بە گومان لەسەر یەکێتی خودی ووریاش لە ناو ببرێت. بۆیە ووریا هەمیشە وەڵامەکەی ئەوە دەبێت کە ئەو نامانە موڵکی ئەون و ئەگەر نامەکان ڕادەست بکاتەوە واتە خۆی تاوانبار دەکات بەوەی بە بێ هیچ فەرمانێك و سەربەخۆ ئەو کارانەی بە ئەنجام گەیاندووە.
پاش ئەوەی نەوشیروان مستەفا بێ هیوا دەبێت لە وەرگرتنەوەی نامەکان، کارەکە ڕادەستی جەبار فرمان دەکات، جەبار فرمان و هاوکارەکانیشی پاش ئەوەی میوانداری ووریا دەکەن لە پشتەوە بە تەور و بە بێ دەنگی و بە بێ فیشەك شەهیدی دەکەن و لاشەکەی لە نایلۆنەوە دەپێچن و لە شاخی کەرکەر فڕێی دەدەن.
باوکی ووریا کاتێك دەچێت بۆ وەرگرتنەوە و ناشتنی لاشەی کوڕەکەی چاوی بە نەوشیروان مستەفا دەکەوێت و پێی دەڵێت من ناڕازی نیم لەوەی کوڕەکەمتان کوشتووە بەڵام ئەگەر کوڕەکەم تاوانبار و خائین بوو دەبوایە پاش دادگایی کردنی ئاشکرا لەبەرچاوی خەڵکیدا گولەبارانتان بکردایە نەك بەو شێوە شاراوە و دڕندانەیە لە ناوی بەرن. گوایە نەوشیروان مستەفا سەرەتا نکۆڵی لە ئاگادار بونی لە کوشتنی شەهید ووریا دەکات، بەڵام پاش ناڕەزایی و توندی باوکی ووریا بەرامبەری، پێی دەڵێت خەڵکانی خائین مستەحەقی کوشتنن و ئەگەر زیندوش ببنەوە دوبارە دەکوژرێنەوە.
جا ئایا ئەم گێڕانەوەیەی بەختیار تا چەند ڕاستە و سەرچاوەکانی چی بووە ئەوە تەنها وەڵامی لای بەختیار و ئەوانە هەیە کە نزیك بە تاوانەکە بوون.

هۆکاری دروست بوونی بێباوەڕی لە نێوان نەوشیروان مستەفا و شەهید ووریا ؟

وەڵامی ئەم پرسیارەم چەند ساڵێك دوای شەهید کردنی ووریا درایەوە. ساڵی ١٩٨٥ کاتێك لە ئۆردوگای پەنابەری ئێران بووم لە کەرەج، ئاشناییم بە دوو ئەندامی دێرینی کۆمەڵەوە کرد، ئەوانیش مامۆستا نەبەز و کامەران بون، دوو کادێری لاوی شار و پاشان شاخی کۆمەڵەی ڕنجدەران بون. ئەگەرچی ناسینی ڕاستەوخۆیان بۆمن نوێ بو بەڵام پاشان زانیم ئەو دو ئەندامە کاریگەری زۆریان لەسەر ڕێکخستنەکانی ناوشار و ئێمەش هەبووە بە بێ ئەوەی من ڕاستەوخۆ بیانناسم و ناویان بزانم. مامۆستا نەبەز و کامەران بە هۆی هەڵوێستی ناڕەزاییان بەرامبەر سەرانی کۆمەڵە و هۆشیارکردنەوەی پێشمەرگە و کادیرانی شار و شاخ لە گەندەڵی و ناڕەواییەکان و جیاوازیەکانی ژیان و خۆشگوزەرانی بەرپرسان و پێشمەرگە و سەرباری ئەوانەش پشتیوانی کردنی بیری ئێراقی بوبونە کەسانی نەخوازراو لای زۆر لە سەرانی یەکێتی و کۆمەڵە. لە نوسینێکما بە ناوی(چه‌ند ڕاستیه‌کی مێژووی سه‌باره‌ت به‌و تێکۆشه‌رانه‌ی تاڵه‌بانی به‌ منداڵی مته‌ته‌ریف ناوی هێناون ).کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
وام نوسیبو کە شەهید دلاوەر زانیاری بۆ ڕێکخراوەکانی ناو شار و پۆلی شەهید دلاوەر دەنارد. پاشان هاوڕێیانی دێرینم پێیان ڕاگەیندم کە ئەوە شەهید دلاوەر نەبووە، بەڵکو مامۆستا نەبەز و کامەران بون. دوائەنجام نەوشیروان مستەفا مامۆستا نەبەز و کامەران بانگ دەکات بۆ سەرردایەتی و پاش محاسەبە کردنیان پێیان ڕادەگەیەنێت کە وا باشترە چەك دابنێن و بچن بۆ خاریج! بەشێوازێك پێیان دەڵێت کە تێدەگەن داواکاریەکەی هەرەشەیەکە لەسەر ژیانیان. ئەوانیش ناچار دەبن چەك دابنێن و ڕو لە ئێران بکەن بە مەبەستی چونیان بۆ دەرەوەی وڵات. تاکو پێش هاتنم بۆ بەلجیکا ساڵی ٨٩ پەیوەندیم پێیانەوە مابو لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا دەژیان. لە باسی شەهید ووریادا ئەوان دانیان بەوەدا دەنا کە ووریایان لە زۆر لە گەندەڵی و نارەواییەکانی شاخ هۆشیارکردبۆوە. ئەمەش مەترسی لە لای نەوشیروان مستەفا دروست کردبوو کە ڕۆژێك لە ڕۆژان شەهید ووریا نهێنیەکان ئاشکرا بکات، هەربۆیە داوای نامەکانی کردبۆوە و مەسەلەکە بەو ئەنجامە گەیشت کە شەهید ووریا ببێتە قوربانی، وەك ئەوەی خۆی چەندین کەسی تری کردبووە قوربانی گوێڕایەڵی و باوەڕی کوێرانە. لە ژێر دروشمی زەبر و زەنگی شۆڕشگێڕانەی سەرانی کۆمەڵە و یەکێتی.

(کۆتایی بەشی یەکەم)

بەشی دوهەم 
شەهید ووریا و پرسیارە بێ وەڵامەکان
گۆڕان و تاك پەرستەکان
ووریا و ڕەشەکوژی سەران و کادێرانی پارتی لە سلیمانی

1- نەوشیروان مستەفا و کوشتنی شەهید ووریا (بەشی دووەم)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە