هەرکەسێک نەتوانێت بە (زمانی دایکیی) خۆی بنووسێت و بخوێنێتەوە، ئەو کەسە نەخوێندەوارە


حكومه‌تى فاڵ گرتنه‌وه‌و پێش بینى كردن .

Sunday, 24/05/2020, 4:27

2858 بینراوە


 له‌ هه‌رێمى كوردستان  حكومه‌ت نییه‌  به‌ مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ى ، جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى  سوڵتانى دوو بنه‌ماڵه‌ . حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان  و حیزب كراونه‌ چه‌تر بۆ پارێزگارى له‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌ و هه‌موو بڕیارێك له‌ پشتى ئه‌و سێ دامه‌زراوانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ ده‌درێت . 
سه‌رنج بده‌ن ئاشتى هه‌ورامى  وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان بوه‌ ، به‌ڵام وه‌زاره‌تى نه‌بوه‌و هه‌موو نه‌وتى كوردستانیشى تاڵان فرۆشكرد .
ڕێكه‌وتنى 50 ساڵه‌ى نه‌وت و غاز له‌گه‌ڵ توركیا مۆر ده‌كرێت و نه‌په‌ڕله‌مان و نه‌ حیزب و نه‌حكومه‌ت ئاگادارى نین .  حكومه‌ت قه‌رزداره‌ ، به‌ڵام كه‌س نازانێت  چۆن و بۆچى قه‌رزداره‌ . 
بۆرى نه‌وت به‌ پاره‌ى خه‌ڵك دروستكراوه‌ ، پارتى ده‌یفرۆشێته‌وه‌ .  تا ئێستا كه‌س ئاگاى له‌ ورده‌كارى ده‌رهێنان و فرۆشتنى نه‌وت نییه‌ و ڕێگاش ناده‌ن كه‌س باسى ئه‌و بابه‌ته‌ بكات .
 ئه‌گه‌ر سه‌رنجى ڕاپۆرتێكى  دیپلۆماتیك  مه‌گه‌زین  بده‌یت  زۆربه‌ درێژى  روِنى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پارتى نه‌وتى  هه‌رێمى كوردستانى كردۆته‌ بارمته‌ى سیاسى بۆ مانه‌وه‌ى خۆى له‌ ده‌سه‌ڵاتدا . چه‌ندین ملیار دۆلار پاره‌ى شیرینى كۆمپانیاكانى ده‌رهێنانى نه‌وت  وه‌ر ده‌گیرێت و هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ بۆخۆیانى ده‌به‌ن .  كه‌واته‌ شتێك نییه‌ به‌ناوى حكومه‌ته‌وه‌ .  
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ى  ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتى جوت بنه‌ماڵه‌ بوه‌ ،  ته‌نها بیریان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان كردۆته‌وه‌و زۆر كورت بین بون .  دواى 29 ساڵ  به‌ناو حوكمڕانى و به‌ڕێكردنى 9 كابینه‌ى حكومه‌ت ، ئێستا كارى حكومه‌ت بۆته‌ فاڵ گرتنه‌وه‌و پێشبینى كردن بۆ هاتن و نه‌هاتنى موچه‌ له‌ به‌غداوه‌ 
 دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت هیچى نه‌ماو كه‌وته‌ سه‌ر ساجى عه‌لى و به‌ ناچارى ته‌سلیم به‌ به‌غدا بونه‌وه‌ ، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك وه‌ڤدێك به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ به‌غدا . كاتێك وه‌ڤده‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانى ده‌گرن  و پرسیاریان  لى ده‌كه‌ن به‌م شێوه‌یه‌ وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ :
كۆبونه‌وه‌كان له‌ جه‌وێكى برایانه‌دا به‌ڕێوه‌چون . لێتێگه‌یشتنى باش  له‌ نێوان هه‌ردوو وه‌ڤد هه‌بوو . به‌ڕاستى زۆر موته‌فائیل بوین .  میواندارییه‌كى باشیان ه‌كردین . 
باشه‌ ئه‌وه‌ زۆر باشه‌  ئه‌ى مه‌سه‌له‌ى ناردنى موچه‌ و ماده‌ى 140 بوو به‌ چى  ؟.به‌ڕاستى ئێوه‌ زۆر سه‌یرن ئێمه‌ بۆچى چوین و ئێوه‌ باسى چێ ده‌كه‌ن . ئه‌ى نازانن ئێمه‌  بۆ وه‌رگرتنى به‌شه‌ بودجه‌ى  هه‌رێم چوین بۆ به‌غدا . كه‌ى كاتى ئه‌وه‌یه‌  باسى ماده‌ى 140 بكرێت ، ده‌تانه‌وێت ڕیسه‌كه‌مان لێ بكه‌نه‌وه‌ به‌ خورى .
 وه‌عدیان داوه‌ موچه‌ بنێرن . ئه‌ى ئه‌گه‌ر نه‌یان نارد هه‌رێم موچه‌ى فه‌رمان به‌ران ده‌دات ؟. خۆتان ده‌زانن  داهاتى هه‌رێمى كوردستان  به‌ش ناكات و حكومه‌تى به‌غداش  موچه‌و قوتى هاوڵاتیان بڕیوه‌. 
 كه‌واته‌ موچه‌ نادرێت ؟  ئه‌گه‌ر له‌ به‌غداوه‌ موچه‌ بێت بۆچى نایده‌ین ؟  ئێمه‌ له‌وه‌ گه‌یشتوین ، ئه‌ى ئه‌گه‌ر ، ئه‌گه‌ر سه‌وز نه‌بوو  موچه‌یان نه‌ نارد موچه‌ ئه‌ده‌ن ؟. به‌ڵى َ موچه‌ ئه‌ده‌ین  به‌ڵام به‌  پێی داهاتى خۆمان .
 ئه‌ى ئێوه‌  ناڵێن داهاتمان  نییه‌و به‌ش ناكات ، كه‌واته‌ چۆن موچه‌ ده‌ده‌ن ؟   به‌خوا له‌وه‌ زیاتر هیچمان پێناكرێت  . واته‌ ئه‌گه‌ر پاره‌یان هه‌بوو ، كه‌خۆیان ده‌ڵێن نیمانه‌  ،موچه‌ ده‌ده‌ن و ئه‌گه‌ر پاره‌شیان نه‌بوو به‌ڕۆژو ده‌بین.  به‌ جۆرێك سه‌ریان لی َتێك چووه‌ ، نازانن چۆن درۆكانیش ڕێك بخه‌ن .
ئه‌وه‌نده‌یان فاڵ گرته‌وه‌و پێش بینییان كرد كه‌ به‌غدا  به‌ نیازه‌ موچه‌ بنێرێت و فه‌رمویانه‌ موچه‌ى فه‌رمان به‌ران نابه‌ستینه‌وه‌ به‌ مه‌سائیلى سیاسیه‌وه‌ ، وه‌زیرى دارایی عێِراق هاته‌ ده‌نگ و ده‌ڵێت : 
ئه‌وه‌ى له‌ فه‌یسبوك ده‌نوسرێت و موژده‌ ده‌ده‌ن به‌ خه‌ڵكى كوردستان قسه‌ى ئێمه‌ نییه‌و تا ئێستا نه‌گه‌یشتوینه‌ هیچ بڕیارێك و هیچ ڕێكه‌وتنێك  نه‌كراوه‌  .
بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك فریوبده‌ن  بۆ ئه‌مه‌ش فاڵێك ده‌گرنه‌وه‌و ده‌ڵێن :
 ئه‌و بڕیاره‌ى حكومه‌تى به‌غدا ڕاست نییه‌.  چۆن به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى ده‌توانێت بڕیارێكى  له‌و شێوه‌یه‌ بدات  و ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌وه‌ بۆچۆنى كازمى نییه‌ .  باشه‌ ئه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ناڵێی :  ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌  بڕیاڕیارى كازمى نه‌بێت چۆن به‌ڕێوه‌به‌رێكى  گشتى ده‌توانێت بڕیارێكى له‌و شێوه‌یه‌ بدات ؟.  
ئه‌گه‌ر  وانییه‌ بۆچى كازمى  ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕه‌ت ناكاته‌وه‌  ؟؟ . دواى هه‌موو ئه‌م روداوانه‌ جه‌نابى  جوتیار عادل وته‌بیژى  جوت بنه‌ماڵه‌ ده‌ڵێت : ئێمه‌ ڕۆژانه‌ بڕى 250 هه‌زار به‌رمیل ڕاده‌ستى سۆمۆ ده‌كه‌ین و( ده‌بێ ) واته‌ پێویسته‌ له‌سه‌ریان . واته‌ ئه‌مه‌ ئه‌مره‌ و ده‌بێ  به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بنێرن . 
 باشه‌ ئه‌ى جه‌نابت  به‌ چ ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه‌ فه‌رمان به‌ حكومه‌تى عێراقى ده‌كه‌ى پاره‌ى موچه‌ت بۆ بنێرێت ؟ ئه‌و به‌ ئاشكرا پێت ده‌ڵێت : بودجه‌ى خۆت لاى خۆته‌و ئێمه‌ به‌رپرسیارنین  له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم . ئێستا تێ گه‌یشتن ؟؟ فه‌رمون بزانین ئه‌گه‌ر پاره‌یان نه‌نارد چى ده‌كه‌ن ؟. 
 دواجار به‌رپرسانى به‌غدا به‌ ڕاشكاوى به‌ وه‌ڤدى كوردیان گوتوه‌ كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ، تاخۆمان وه‌ڵامتان بۆ نه‌نێرین  مه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا . ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت  به‌غدا ده‌یه‌وێت به‌ ته‌واوى چۆك به‌ به‌رپرسانى هه‌رێم دادات و چۆنیان بوێت وابكه‌ن  .
 له‌ ئێستادا  هه‌رێم هیچ كارتێكى  به‌ هێزى له‌ ده‌ستدا نه‌ماوه‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا به‌كارى بهێنێت . دواجار له‌ ده‌ره‌وه‌ى ڕێكه‌وتن كازمى بڕیارى دا بڕى 400 ملیار دۆلار بۆ هه‌رێم بنێرێت   وه‌كو نیازپاكى . به‌ڵام لێره‌دا سه‌رنجتان ڕاده‌كێشم بۆ لێدوانێكى زۆر گرنگى  ئه‌ندامێكى  ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ( یوسرا ڕه‌جه‌ب ) كه‌ ده‌ڵێت : 
ئه‌و 400 ملیار دیناره‌ى كازمى ناردویه‌تى  ماناى  چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كان نییه‌ . له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتودا هێزه‌ عێراقیه‌كان داواى چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانى نێوان به‌غداو  هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن له‌ چوار چێوه‌ى ده‌ستورى عێراقیدا ئه‌ویش پاش ( هه‌مواركردنى )  لێره‌دا خاڵى هه‌ره‌ مه‌ترسیدار  (هه‌موار كردنه‌وه‌ى ده‌ستورى عێراقه‌) .  
دواجار ده‌ڵێت :چاوه‌ڕوان بن بزانین بۆ پاره‌ سازش  له‌سه‌ر  چ مافێكى گه‌له‌كه‌مان ده‌كرێ .  ئه‌گه‌ر به‌ حسابى كه‌مینه‌و زۆرینه‌ بێت ، هیچ به‌ ئاره‌زوى ئێمه‌ نابێت . ئه‌گه‌ر به‌ ڕێكه‌وتن و گفتو گۆشبێت ، ده‌بێ له‌ مه‌ركه‌زى قوه‌ته‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین .
 له‌ ئێستاداو دواى ئه‌نجامدانى  ڕیفراندۆم كورد هیچ كارتێكى له‌ده‌ستدا نه‌ماوه‌ و له‌ پێناوى  وه‌رگرتنى موچه‌دا ، ئاماده‌ن هه‌موو سازشێك بكه‌ن . پارتى دانانى فوئاد حوسه‌ینى  به‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان لاگرنگتره‌ .  
 ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ پێش بینیییه‌كه‌ى ئه‌و ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌ هاته‌ دی و یه‌كێتى به‌بێ ئاگادارى حكومه‌ت 176 زیندانى داعشى ته‌سلیم به‌ پارێزگارى كه‌ركوك كردرۆته‌وه‌  ، كه‌ هیچ گومانی تێدا نییه‌ ، كه‌ هه‌ندێكیان ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌ شه‌هید كردنى پێشمه‌رگه‌دا . 
هیچ پاساوێك نییه‌ بۆ ڕاده‌ست كردنه‌وه‌ى ئه‌و داعشانه‌ تاك لایه‌نه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ . به‌رپرسێكى یه‌كێتى ده‌ڵێت : به‌ڕاستى زه‌غتى زۆرمان له‌سه‌ربوو . ئه‌وه‌شمان بۆیه‌ كرد له‌ پێناوى خاكدا .
 باشه‌ به‌ڕاده‌ستكردنى ئه‌م داعشانه‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان  ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان؟؟.  ئه‌مه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌  حكومه‌ت بونى نییه‌و  ده‌سه‌ڵات ، ده‌سه‌ڵاتى دوو بنه‌ماڵه‌یه‌و به‌ پێی به‌رژه‌وه‌نمدى خۆیان هه‌ڵسو كه‌وت ده‌كه‌ن . 
هه‌مومان ده‌زانیین  كه‌  پاره‌یه‌كى زۆرى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌وه‌ به‌ تاڵان براوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات .  ئه‌وه‌شمان زانى كه‌ حكومه‌تى به‌غدا پاره‌ نادات  به‌ كورد . ئه‌ى نابیـَت ئه‌مانه‌ بیرێك بكه‌نه‌وه‌ خۆیان چى ئه‌كه‌ن ؟  پاره‌ دزراوه‌كان دێننه‌وه‌ ، به‌رده‌وام ده‌بن به‌م شێوه‌یه‌ خه‌ڵك برسى بكه‌ن ، یان ده‌ست به‌ردارى ده‌سه‌ڵات ده‌بن ؟؟ 
ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى  بڵێم : ئه‌ى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكى كوردستان ، مامۆستایان ، فه‌رمان به‌ران ، خانه‌ نشینان ، كرێكاران ، كاسبكاران ، كه‌م ئه‌ندامان ، جوتیاران ، خوێندكاران ، ده‌رچوانى زانكۆ و په‌یمان گاكان  كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ خوێندنتان ته‌واو كردوه‌و دانه‌مه‌زراون : ئه‌ى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان كه‌ مامه‌له‌  به‌ خوێنتانه‌وه‌ ده‌كرێت ، ئاسایش و پۆلیس ، كاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌ لێرده‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك بكه‌ین و هه‌مومان به‌ یه‌كه‌وه‌ بێینه‌ ده‌نگ و به‌م ده‌سه‌ڵات دارانه‌ى ئێستاى هه‌رێم بڵێن ئیتر به‌سه‌ .
له‌ هه‌رێمى كوردستاندا حكومه‌ت نییه‌ جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى سوڵتانى دوو بنه‌ماڵه‌ , شتێك نییه‌ به‌ناوى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ ، جگه‌ له‌ بێ سه‌روبه‌رى و تاڵانیه‌كانى  هه‌ر دوو بنه‌ماڵه‌وه‌ . 
 له‌ كاتیكدا هه‌رچى سامان و داهاتى ئه‌م  هه‌رێمه‌ هه‌یه‌ تاڵانیان كردوه‌و ئیفلاسیان  به‌ هه‌رێمى كوردستان كردوه‌ ، زۆر بێشه‌رمانه‌  ته‌نها له‌ پێناوى  وه‌رگرتنى موچه‌دا ، ئه‌وه‌ش بۆ مانه‌وه‌ى خۆیانه‌ نه‌ك له‌ خه‌مى هاوڵاتیاندابن ، گه‌ڕاونه‌وه‌ به‌غداو  مامه‌له‌ به‌ چاره‌نوس و ئاینده‌ى نیشتمان و ئێمه‌وه‌ ده‌كه‌ن . 
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ : ئایا ئێمه‌ به‌رپرسیار نین له‌ ئاینده‌ى ئه‌م نیشتمانه‌؟  ئایا ئێمه‌ به‌رپرسیار نین  له‌ ئاینده‌ى  نه‌وه‌كانى خۆما ن ؟  ئایا ئێمه‌ به‌رپرسیار نین له‌ خوێنى سه‌دان هه‌زار لاوى ئه‌م نیشتمانه‌ ؟ ئایا ئه‌م نیشتمانه‌  موڵكى ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌و بۆ ئه‌وانى جێ بهێڵین و  به‌ ئارزوى خۆیان مامه‌له‌ى پێوه‌ بكه‌ن ؟ ئه‌ى له‌ خۆمان ناپرسین  ئێمه‌ى  هاوڵاتى  چین و ئه‌ركمان چییه‌ ؟ .
به‌ڕاستى نه‌نگییه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا  كه‌ هه‌موو داواكاریه‌كانمان بێته‌ سه‌ر داواكردنى موچه‌ .  مامۆستایان بڵێن ئه‌گه‌ر موچه‌ نه‌درێت ، بایكۆتى تاقیكردنه‌وه‌كان  ده‌كه‌ین . فه‌رمان به‌ران  بڵێن بایكۆتى ده‌وام ده‌كه‌ین ، به‌ڵام له‌سه‌ر فرۆشتنى نیشتمان بێده‌نگبین . 
كاتى ئه‌وه‌یه‌ هه‌مومان به‌ یه‌كه‌وه‌و به‌ یه‌ك ده‌نگ هاوار بكه‌ین و بڵێین چیتر بیده‌نگ نابین و بڕژێینه‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و ڕاپه‌ڕێنى سه‌رانسه‌رى ده‌ست پی َبكه‌ین و  كۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتى سوڵتانى ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ بهێنین  كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ بونه‌ مایه‌ى ڕشتنى خوێنى سه‌دان هه‌زار لاوى كوردو  مامه‌له‌و سه‌ودا به‌ نیشتمانه‌وه‌ ده‌كه‌ن  و هه‌موو  هۆكارى نه‌هامه‌تیه‌كانى ئه‌م میلله‌ته‌  ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ن و كاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌ نه‌مێنن و دادگایی بكرێن . ئه‌گه‌ر ڕاستتان ده‌وێت و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ میلله‌تێكه‌ هوشیاربین ، ده‌بوو له‌سه‌ر گرتنى  خۆپیشانده‌رانى  دهۆك ،  له‌ هه‌موو شارو شارۆچكه‌كانى كوردستان خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕێن ده‌ستى پێ بكردبایه‌، نه‌ك لێگه‌ڕێن ، خۆپیشانده‌ران زیندانى بكه‌ن . 
قسه‌یه‌كى جوان هه‌یه‌ ده‌ڵێت : ئه‌گه‌ر دزه‌كان به‌ ئازادى به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا سوڕانه‌وه‌ دوو هۆكارى هه‌یه‌. یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ دزێكى گه‌وره‌یه‌ . یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ میلله‌ته‌كه‌ گه‌مژه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ . هه‌ردووكى ڕاسته‌ . حكومه‌ت له‌ حكومه‌تى ئێمه‌ دزتر نییه‌ .
 میلله‌تیش  له‌ میلله‌تى ئێمه‌ گه‌مژه‌تر نییه‌ . به‌به‌رچاوى خۆمانه‌وه‌ نیشتمان ده‌فرۆشرێـت ، ئێمه‌ ده‌فرۆشرێین ،داواى  موچه‌یان لێده‌كه‌ین  وه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌و پاره‌یه‌ موڵكى باوك و باپیریان بێت و به‌ عاره‌قى ناو چه‌وانیان بۆ ئێمه‌یان په‌یدا كردبێت . 
جان جاك ڕۆسۆ ده‌ڵێت : هه‌ر میلله‌تێك به‌بێَ مه‌رج خۆى بخاته‌ ژێر ده‌ستى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه‌ ،له‌ به‌رامبه‌ردا هیچ وه‌رناگرێت . دكتۆر عه‌لى شه‌ریعه‌تى ده‌ڵێت : جه‌نگاوه‌ره‌كان گیانى خۆیان به‌خت ده‌كه‌ن و جه‌نگه‌كان ده‌به‌نه‌وه‌ ، كه‌چى شانازیه‌كانیان بۆ كه‌سانێكه‌ هه‌رگیز مه‌یدانى جه‌نگیان نه‌دیوه‌ . ئه‌وه‌تا پێشمه‌رگه‌ شه‌هید ده‌بێت و بكوژه‌كه‌ى ئازاد ده‌كرێ له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسیدا . 
دكتۆر عه‌لى وه‌ردى ده‌ڵێت :  سته‌مكار هه‌ست به‌ سته‌م ناكات ، تا خه‌ڵك و ده‌ورو به‌ریان چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌ن . نیلسۆن مه‌ندیلا ده‌ڵێت : بێ ڕه‌وشترین سه‌رۆكه‌كانى دنیا ئه‌وانه‌ن كه‌ خه‌بات و ماندوبونیان به‌ میلله‌ته‌كه‌یان ده‌فرۆشنه‌وه‌ . 
ناسر حه‌فید ده‌ڵێت : له‌ كاتێكدا ده‌سه‌ڵات ئه‌م بارودۆخه‌ خراپه‌ى خولقاندبێت و سه‌رچاوه‌ى هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌كان بێت ، ده‌بێ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆمان چى بكه‌ین ، نه‌ك بیر بۆ ده‌سه‌ڵات بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌و چى بكات . 
ئاینده‌ى ئه‌م نیشتمانه‌ له‌به‌ر ده‌م  مه‌ترسى زۆر گه‌وره‌ى دوو بنه‌ماڵه‌دایه‌ . كاتى ئه‌وه‌یه‌ چیتر بێده‌نگ نه‌بین . ئه‌گه‌ر نه‌توانین هیچ بكه‌ین ، حه‌قى ئه‌وه‌شمان نییه‌  گله‌ییش بكه‌ین . ئه‌وه‌شى به‌سه‌رمان بێت ، خۆمان لێی به‌رپرسیارین . 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست