نەوشیروان مستەفا و کوشتنی شەهید ووریا (بەشی دوهەم)

Sunday, 24/05/2020, 15:56

35813 بینراوە


سەرەتا: (داوا لە سەرشۆڕ و وابەستەکانی بنەماڵەی مەلا مستەفا و جەلال حسامەدین دەکەم، کە چاوەڕوانی لایك و کۆمێنتی خۆشحاڵی و دەسخۆشیتان لێناکەم. دڵنیابن لە خۆشەویستی ئێوە دژی نەوشیروانم نەنوسیوە. تەنها ئەوەندەی بەشێک لەو مێژووە کە من تێیدا ژیاوم ڕاستیەکانم خستۆتە ڕوو. دوێنێ و چەندین ساڵە و لە داهاتوشدا و سبەینێ، سەرانی دڕندە و خائین و سیخوڕی ئێوەش هاتوون و دێنەوە ژێر نوکی قەڵەمە تیژەکەم).

(چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەریەکانم)

شەهید ووریا و پرسیارە بێ وەڵامەکان

هەندێ جار باسێکی دیاریکراو بە جۆرێك ئاراستەی خۆی وون دەکات کە ئیتر هیچ پەیوەندیەکی لە دور و نزیکەوە بە ناوەرۆکی ئەو بابەتەوە نامێنێت و بەرەو بن بەست دەچێت. ئەوەش هەل و مەرجێك دێنێتە گۆڕێ کە کەسانی تری کەم تا زۆر بە ئاگا بۆ تێگەیشتنی زیاتر و دۆزینەوەی ڕاستیەکان دوو دڵ بن لە بەشداری کردن لە باسەکەدا و بە تەم و مژاوی بمێنێتەوە.
لە ڕێگای ئەم نوسینەوە نە دەمەوێت کەسان و لایەنێکی دیاری کراو تاوانبار بکەم و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکاری بهێنم، نە دەمەوێت پشتیوانی لایەنێکی دیاریکراو بکەم. مەبەستی سەرەکیم ئەوەیە هەڵوێستی خۆم دەرببڕم بەرامبەر دیاردە دزێوەکانی شاخ و گوێزانەوەی بۆ شار و دەسەڵاتدارانی بەناو چاکخواز و ئۆزسیۆنی هەرێمەکەمان، وەك هەمیشە دەمەوێت ڕێگر بم لە بێدەنگیم و بەشداری نەکردنم لە خستنەڕوی ئەو مەسەلانەی کەم تا زۆر لێیان بەئاگا بوم و لێیانەوە نزیك بوم و بەشێك بوون لە ڕابوردوی ژیانی ڕێکخراوەییم.
بێدەنگی و پەسەند کردنی زۆر دیاردە و ڕوداو بە هۆی هەل ومەرجی گوایە ناسك و کات و شوێنی نەگونجاو زۆر ڕاستیان زیندە بەچاڵ کردووە یان لە تاریکیدا شێوێنراون. ڕەنگە هەڵبژاردنی بێدەنگی لە شوێن و کاتێکی دیاریکراودا بۆ کەسانێکی وابەستە بە ئامانجێکی دیاریکراو بە میتۆدێکی دبلۆماتکارانە جێگای تێگەیشتن بێت، بەڵام بۆ کەسانێکی سەربەخۆ و دوور لەو هاوکێشانە هیچ مانایەکی نیە جگە لە سەری خۆ کزکردن و لاسایی کردنەوەی تاك و لایەنە حیزبیەکان و لەدەستدانی باوەڕ بە خۆ بوون و خۆ کردنە زیندانی وویست و ڕاستیەکانی ناو دەرونی خودی خۆ. خۆ لادان لە کارەساتی شەهید ووریا خۆ لادانە لە ڕاستیەکی تاڵ و پێشاندانەوەی بەشێکی ئەو ئاوێنەیەی کە لە ڕێگای ئەوەوە ڕوداوە دزێوەکانی سەردەمێکمان دێنێتەوە بەر چاو، بەچاوپۆشین لە ڕونی یان تەلخی ئاوێنەکە، پێویستە بۆ دوبارە نەبونەوەی لێی سودمەند بین. شەهید کردنی ووریا و زۆر لەوانەی بەدەستی ئەو شەهید کران کەسان و بابەتێکن کە جێگای گرنگی پێدانن و تاوان و ڕوداوەکان بەشێکن لە خۆمان و ڕابوردومان و ڕاستی خۆمانن. ئەو تاوانانەن کە لە سەردەمانێکدا بە ئاسانی پێمان پەسەند دەکرا و هێندە سەری خۆمان پێوە نەدەیەشاند. خۆشبەختانە لەگەڵ فراوان بونی ئاسۆی تێگەیشتنمان و ئاشنابونمان بە دونیای شارستانی ئەو ڕوداوانە نەك لە یادمان ناچنەوە، بەڵکو بەردەوام ڕوبەڕومان دەوەستنەوە. شەهید بوونی ووریا و قوربانیەکانی هێندە ناسۆر بوون کە تەنانەت لەو سەردەمی دڵڕەقی و دڵ کوێریەی خۆمان و ڕێکخراوەکەمان نەماندەتوانی خۆمانی لێ لادەین. هەموان کوێرانە گوێڕایەڵ بوین و جێبەجێکەری بنەمای؛ (فەرمانەکە جێبەجێ بکە!. ئەوسا لێدوانی لەسەر بکە) (نفذ ثم ناقش) بوین. سەرجەم کارێكی باش و خراپی سەرانی کۆمەڵە و یەکێتی وەك ئەندام و لایەنگرانی خوێنگەرم پیرۆزمان دەکرد. سەرباری ئەو تایبەتمەندیانەمان هێشتا ئەو ڕوداوە هێندە هەستیار بوو کە بوە هۆکاری ئەوەی لە ناو هێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی ناوشاردا جۆرێك لە پرسیاری پڕ لە گومان و مشت و مڕ دروست بکات. ئەو پرسیارانەی کە تاکو ئێستا سەرانی تاوانباری یەکێتی و کۆمەڵە لە ئاستیدا بێدەنگن و هیچ ڕونکردنەوەیەکیان دەربارەی بۆ ڕای گشتی و ئەندامانیان نەخستۆتە ڕوو. تاکو ئەمرۆ کەسێك نیە بە ئاگاداریەکی هەمەلایەنەوە وەڵامێکی گونجاوی پرسیارەکان بداتەوە. کەس و باڵەکانی کۆن و نوێێ ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەران و یەکێتییش تەنها لە هەوڵی تاوانبارکردنی کەسان و باڵەکانی بەرامبەریان و بۆ سوود وەرگرتن لەو تاوانانە، ڕاستیەکانیان تەماوی تر و ئاڵۆز تر کردووە.
وەکو تاقیکردنەوەی تایبەتیم و بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە تاوانەکە لە سەدەمانی جیاوازدا پەیوەندیم بە کەسانێکەوە کردوە کە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕوداوەکە بوون و تەنانەت بە ئاگابون لە بەشداری کەرانی شەهید کردن و گوێزانەوەی لاشەکەی شەهید ووریا بۆ شاخی کەرکەر. بەداخەوە لەبەر هەر هۆکارێك بوبێت نەیانویستووە وەڵامی پرسیارەکانم بدەنەوە. دڵنیاشم لەوەی کە کەسانێك هەن و هێشتا لە ژیاندا ماون و زۆر بە ئاگان لە ووردەکاریەکانی ئەو ڕوداوە بەڵام ئامادە نین کەمترین زانیاری نوێ بخەنە سەر باسەکە. ئەگەرچی هەندێك لەو کەسانە هیچ بەرژەوەندیەکی مادی و تایبەتیان نەبێت بەڵام هەندێ وابەستەیی و پەیوەندی تایبەتی و سۆزی تاك و کەس پەرستی بونەتە ڕێگرێك لەوەی بتوانن ئەوەی لە دڵیاندایە بیخەنە سەر دەم وسەر کاغەز و ڕاستیەکان بخەنە ڕوو،کە بە دڵنیاییەوە ئێستا و ڕەنگە لە دواڕۆژدا زیاتر خۆیان لەگەڵ ویژدانیان دا بکەونە ململانێ و ئازاردانی یەکتری.
نوسین و باسەکانی من و چەندینی پێش منیش بە تەنها ناتوانن وەڵامی تەواوی پرسیارەکان بن، بە تایبەتی کە وەرگیراوی ووتە و دوانەکانی کەسەکانی دەرەوەی ڕوداوەکەن، ئەگەرچی هەندێکیان کەسانی نزیکی شەهید ووریا بوون. بەڵام نوسین لەسەر ئەو ڕودااوە دانانی بەردێکی ترە لەسەر دیواری ڕاستیەکان و دڕەندەیی سەرانی شاخ بەرامبەر نەیارەکانیان.

گۆڕان و تاك پەرستەکان

لەبەر ئەوەی باسەکە سەبارەت بە نەوشیروان مستەفایە بە پێویستی دەزانم چەند شتێکی زیاتر بخەمە سەر لاپەڕەکانی بیرەوەریەکانم. بەلجیکیەکان شتێك جێگای دودڵی و مەترسی بێت دەڵێن جارێ ئەنجامی مەدە و دوو جار بیری لێ بکەرەوە ! بەڵام بە هۆی تاقیکردنەوەکانی خۆمەوە دەڵێم؛ وا باشە لە باسی نەوشیروان مستەفا چوار جار بیری لێبکرێتەوە. نەك لەبەر ئەوەی خودی نەوشیروان مستەفا جێگای مەترسی بێت، بەڵکو ئەوانەی کە لە نەوشیروان مستەفا دەڕوانن وەکو مەعسومێك و لە بەرگی مرۆڤایەتی دەیبەنە دەرەوە و بە پیرۆزیەکی پێغەمبەر ئاسا تێی دەڕوانن. تەنانەت ئەوانەی ڕیزەکانی گۆڕانیان بەجێهێشتووە بە پڕۆگۆڕان و ... ئەوانی تریشيوە. هێشتا هەروەك چۆن ملکەچەکانی پارتی و یەکێتی لە مەسعود بارزانی و تاڵەبانی دەڕوانن و تەقدیسیان دەکەن ئەوانیش ناو‌هێنانیانی نەوشیروان مستەفای (ڕەوانشاد و باوکی هەژاران!) بە خەتی سوور دەزانن.

ووریا و ڕەشەکوژی سەران و کادێرانی پارتی لە سلیمانی 

لە ماوەیەکی کورت و لە ناکا و لە لایەن دەستانێکی نادیارەوە کۆمەڵێك کەسانی خاوەن ڕابورد و خەباتی دێرینی (شۆڕشی) ئەیلول لە ناو سلێمانی شەهید کران، کە بریتی بوون لە (عەبدولی سۆران ، سدیق ئەفەندی، شەفیق ئاغا (ناسراو بە شەفیق لایین)، نوری حەمە عەلی، قادر محەمەد ناسراو بە (قالەی حەمە چاوەش یان بە قادر بەنا)، هەروەها کەسێکی تریش بریندار کرا و لە مردن ڕزگاری بو ناسراو بە فایەقە ڕەش.
ئەم کەسانە بە گشتی کەسانی خراپ و ناخۆشەویست نەبون، لە سەردەمانی شاخیان و شاری سلیمانی. تەنها کەسێکیان کە بە گەندەڵ و لوتبەرز باسی دەکرا و لە ناو خەڵکیدا خۆشەویست نەبوو شەفیق ئاغا بوو.
شێوازی کوشتنەکان هەمان شێواز و تایبەتمەندی ئیغتیالاتەکانی یەکێتی پێوە دیار بوو نەك دەزگاکانی ڕژێم کە بە دەگمەن ڕەشەکوژیان ئەنجام دەدا. یەکێتی ئەوانەی لەناوی دەبردن ئیتر هەر لە نەیارە سیاسیەکانیانەوە تاکو پیاوانی دەسەڵات و خۆفرۆشەکان زۆر بە نهێنی و لە ڕێگای دەستەی دوو تا سێ کەسیەوە بە بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەك و چاوەڕوان نەکراو بە ئەنجامی دەگەیاند. ئەو ئەندام و پێشمەرگانەی یەکێتی کە کاری ڕەشەکوژیە هەستیارەکانیان ئەنجام دەدا زۆر بە ووردی لە ئامانجەکانیان نزیك دەبونەوە و تەقەیان لێ دەکردن و بە دەگمەن بە برینداری بە جێیان دەهێشتن. زۆربەی ئەو کارانەشیان بە دەمانچە و لە ڕۆژی ڕوناك دا ئەنجام دەدا و ئەو کەسانەی بەو ڕەشە کوژیانە هەڵدەستان نە کەسانی توند ڕەو بوون نە تێرۆریست و نە شەیدای خوێن ڕشتن بوون، بەڵکو سەربازانی دڵسۆز و گوێڕایەڵ و بە باوەڕ بوون و ئەو کارە ترسناکانەی ئەنجامیان دەدا لە سەرجەم بەرژەوەندی یان ڕق وکینەیەکی تایبەتی خۆیان بەدور بو. زۆر لەوانە برا و هاوڕێ و خۆشەویستی ئێمە بوون و هەرگیز ناتوانین بە پیاو کوژ و تاوانبار تێیان بڕوانین. بەڵکو کردنیان بە پیاوکوژ لەلایەن دەستە ڕەشەکانەوە کردنیانە بە قوربانی هاوکێشە سیاسیە ئاڵۆزەکانی سەردەمەکەی خۆیان و سەرانی ساغ و سەلامەتی ئەمڕۆمان، کە پاش مردنیشیان هێشتا بەسەرگردەکانەوە لە ئاستی پەرستندان.
کوشتنی سەرانی پارتی لە شاری سلیمانی شۆکێکی گەورەی بۆ زۆربەی دانیشتوانی شارەکە دروست کردبوو، جێگەی پرسیاری دۆست و دوژمنەکانیان بوو. کەسانێکی زۆر بە داخ و پەژارەوە لەو ڕەشەکوژیەیان دەڕوانی و هیچ لایەنێکی ئەرێنیان لەم پلانە تاوانکاریەدا نەدەبینی. ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵە لە پێش هەموو کەس و لایەنێکەوە گومانمان لە ڕێکخراوەکەی خۆمان بوو کە بەو تاوانانە هەستابێت. بەرپرسانی سەروی خۆمان و سەرکردایەتی ناوشاریش بێئاگاییان لەو ڕوداوانە دەردەبڕی. لە سەردانێکم دا لەگەڵ بەرپرسەکەی ئەو سەردەمەم (حەمە جەزای سەید مەجید برای دلێری سەید مەجید) بۆ سەکردایەتی لە ناوزەنگ، چاومان بە فەرەیدن عەبدولقادر کەوت، فەرەیدون کە زانی لە سلێیمانیەوە هاتوین بە سەرسوڕمانێکەوە لە حەمە جەزای پرسی؛ ئەرێ ئەوانە کێ دەیانکوژێت و بۆچی دەیانکوژن ؟ جەزا بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاریەوە پێی ووت؛ وەڵا ئێمەش ئەو پرسیارە لە ئێوە دەکەین، ئەرێ کاك فەرەیدون ئەوە کێ دەیانکوژێت؟!. پاش ئەوەی دەمامکەکانمان بەستەوە و هاتینەدەرەوە تەنها هەردوکمان بووین، جەزا بە توڕەیی و قینێکەوە ووتی. ئەو کوڕی گەوادە وا دەزانێت کەرین!، تەمسیلی دەکات و گاڵتە بە ئەقڵمان دەکات!. لە بنەڕەتدا سەردانەکەی جەزا بۆ لای مەلا بەختیار بوو، مەلا بەختیاریش بە هەمان شێوە بێئاگایی خۆی پێشان دەدا بەڵام جەزا نەدەچووە مێشکیەوە کە سەرانی کۆمەڵە لەو روداوانە بێئاگابن. حەمە جەزا کە تاکو ئێستاش کەسێکی نزیك لە مەلا بەختیارە، یەکێکە لە ئەندامانی دێرینی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە و لە سەرەتای حەفتاکانەوە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕوداوەکانی ناوشار بووە و بە هۆی پەیوەندی زۆر و فراوانیەوە هەرشتێك لە شارەکەدا ڕویبدایە بە ئاسانی بەدوادا چونی بۆ دەکرد و دەیزانی شتەکان چۆن و لە کوێوە بوون و کێ پێی هەستاوە. هەربۆیە گومانەکانی بێ بنەماو سەرپێی نەبوون.
جگە لە نوری حەمە عەلی، تەواوی ئەو قوربانیانە کەسانێك بون کە بە هۆی باوکمەوە لە منداڵیمەوە دەمناسین و میوانداریان کردوین و میوانیان بوین. سدیق ئەفەندی و عەبدولی سۆرانم لە ماوەت و لە تەمەنی نۆ ساڵیمەوە دەناسی و لە سەردانی بەردەوامم وەکو منداڵێك بۆ بارەگای لقی چواری پارتی کە چەند ماڵێکمان لە نێواندا بو وە باوکم بەرپرسی بوو،هەمیشە شیرینیان بۆ دەکڕیم و ڕوی خۆشیان بەرامبەرپێشان دەدا و دەستیان بەسەرمدا دەهێنا. شەفیق ئاغا لە کۆتایی حەفتاکانەوە لە سلیمانی دراوسێمان بوو ماڵەکەمان بەرامبەر بەیەکتری و چەند مەترێك لەیەکتریەوە دور بوین. یەکێك لە قوربانیەکی تری ئەو دەستەیە قادر بەنای خەزوری باوکم بوو لە هاوسەری دوهەمیەوە، قادر بەنا لە سەرەتای شەستەکانەوە لە پاڵ کاری وەستایی دا کاری ڕێکخراوەیی و ئیغتیالاتی بۆ پارتی ئەنجام دەدا، پاش ئاشکرا بونی دەچێتە شاخ وەکو کادرێکی پارتی لە خۆبوردوانە دەست بەکار دەکات و ماوەیەكیش وەکو ئەندامی لقی چوار لە کاردا دەبێت. پاش ڕێکەوتی ئازاری ١٩٧٠ وەك نوێنەری پارتی دەبێتە جێگری سەرۆکی نەقابەی کرێکارانی ئێراق و لە بەغدا دادەنیشێت. تەواوی ئەو چوار ساڵە لە لایەن حیزبی بەعسەوە هەوڵی کڕینی دەدرێت بەڵام ئەم سەجەم ئیمتیازاتێك و هەڕەشە و ترساندنێکیان پشتگوێ دەخات. ساڵی ١٩٧٤ لە دوا ڕۆژەکانی نزیکبونەوەی هەڵگیرسانەوەی شەردا، هەوڵی گرتنی دەدرێت و بەخت پشتیوانی دەبێت خۆی ڕزگار دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ سلیمانی، پاشان بۆ ناو شۆڕش. لە دوای ئاشبەتاڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ سلیمانی و لە تەمەنی سەر و پەنجا ساڵیەوە بۆ گوزەرانی خۆی و خێزانەکەی سەربەرزانە دوبارە کاری وەستایی خانوبەرە دەست پێ دەکاتەوە. ناسینی قادر بەنا بۆ من دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی هەشت ساڵیم لە دێی هەڵەدن و لە یادمە کە لەپاڵ ئەوەدا ئەندام لقی پارتی بو چۆن بە جلوبەرگی کرێکارانەوە بەدەستی خۆی چەندین پردی بە کەرەستەی سادە بۆ دێی هەڵەدن دروست کرد و بە ڕێکخستنی گەنجانی هەڵەدن کاری بۆ بەردڕێژکردنی هەندێ ڕێگای سەرەکی دەکرد. ئەم مرۆڤە بە مانای پڕ بە پێستی ووشەکان کەسێکی خۆشەویست و کۆمەڵایەتی و سادە و کرێکاری بوو. ئەگەرچی لەسەرەتای ناسینی وەکو باوکی باوەژنەکەم کەسێکی نەخوازراو بو لای من و خوشك و براکانم، بەڵام میهرەبانی و ڕوخۆشی لەگەڵمان بە شێوازێك بو وەکو باپیری ڕاستەقینەی خۆمان تێی بڕوانین. کوشتنی بۆ من جێگای داخ و تێنەگەیشتن بوو، تا ئێستاش لە یادمە و بەداخەوەم بۆی.
(کۆتایی بەشی دوهەم)

2- نەوشیروان مستەفا و کوشتنی شەهید ووریا (بەشی سێهەم)

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە