نەوشیروان مستەفا و کوشتنی شەهید ووریا (بەشی سێهەم)

Monday, 25/05/2020, 5:43

38009 بینراوە


(چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەریەکانم)

سەرەتا:
(داوا لە سەرشۆڕ و وابەستەکانی بنەماڵەی مەلا مستەفا و جەلال حسامەدین دەکەم، کە چاوەڕوانی لایك و کۆمێنتی خۆشحاڵی و دەسخۆشیتان لێناکەم. دڵنیابن لە خۆشەویستی ئێوە دژی نەوشیروانم نەنوسیوە. تەنها ئەوەندەی بەشێک لەو مێژووە کە من تێیدا ژیاوم ڕاستیەکانم خستۆتە ڕوو. دوێنێ و چەندین ساڵە و لە داهاتوشدا و سبەینێ، سەرانی دڕندە و خائین و سیخوڕی ئێوەش هاتوون و دێنەوە ژێر نوکی قەڵەمە تیژەکەم).

نامە کوشندەکانی مەسعود بارزانی 

پاش کۆتایی پرسەی قادر بەنا لە ڕێگای باوکمەوە کۆمەڵێك ڕاستی نوێم بۆ دەرکەوت. باوکم گەرچی بە ئاگا بو لە کارکردنی من لە ناو ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە، هەرگیز ناڕازێتی خۆی پێشان نەدەدا و هەمیشە پێی دەگوتم؛ گرنگ نیە لەگەڵ کێ کاردەکەیت و هەڵگری چ بیر و ئایدۆلۆژیایەکیت گرنگ ئەوەیە دژ بە گەل و خاکی خۆت نەبیت. باوکم پێی ڕاگەیاندم کە ماوەیەك پێش ئەو تاوانکاریانە لە لایەن مەسعود بارزانیەوە نامەی تایبەتی بۆ ئەو و قادر بەنا و سەجەم ئەوانەی شەهید کراون و کەسانی تریش هاتووە. ناوەرۆکی نامەکان بریتی بون لە داوای مەسعود بارزانی بۆ ئەوەی ئەوانە هەستن بە زیندوکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پارتی لە سلیمانی و دەور و بەریدا، بەڵام باوکم وەڵامی نەرێنی دابۆوە و ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵیان دەرنەبڕیبو بەو بیانووەی کە تەمەنی پەنجا ساڵی تێپەڕاندووە. هەروەها لە وەڵامدا نوسیبوی کە لە ڕوی فیزیکیەوە و بەهۆی نەخۆشیەوە توانای کاری نهێنی و ڕێکخراوەیی نەماوە. لەو سەردەمانەدا باوکم هەمیشە ئەوەی دوبارە دەکردەوە کە مەسعود و ئیدریس بارزانی و کوڕەکانی ناتوانن و شایەنی ئەوە نین ببنە جێگرەوەی مستەفا بارزانی. باوکم تەواوی تەمەنی بە سەرنج و ڕێزێکی بێپایانەوە لە خودی مستەفا بارزانی دەڕوانی و لە سەردەمی کۆماری مەهاباتەوە هاوکاری بوو. لە لایەکی تریشەوە لەوە دەدوا کە نایەوێت جارێکی تر خێزانەکەی بخاتەوە بەر مەترسی ڕاکردن و بێباوکیەوە. هەروەها بەهۆی ناسراویەوە لای ڕژێم بەردەوام لە ژێر گومان و چاودێریدا بوو. ئەوەش کۆسپ و ڕێگریەکی تر بوون لە سەری و خۆشحاڵ بوم بەوەی کە ئامادەیی خۆی بۆ دەستبەکارکردنەوە لەگەڵ پارتی دەرنەبڕیبو بە کورت و بەکوردی لە ترسا بوبێت یان بەهەر هۆکارێکەوە بوبێت جێگای تێگەیشتن بو بۆ من.
جێگای سەرنجە ئەوانەی داواکەی مەسعود بارزانیان پەسەند کردبوو سەرجەمیان کوژران و بریندار کران و کەسێکی وەکو باوکم کە ئامادەیی هاوکاریکردنی نیشان نەدابوو بە مردنی خوا مرد!.
هەموو تاوانێك هۆکارێك یان چەند هۆکارێکی لە پشتەوەیە. تاکو ئەمڕۆ لێکدانەوەی من بۆ ئەو تاوانانەی لە لایەن یەکێتیەوە ئەنجام درا، یەکێك لە هۆکارەکانی نامەکانی مەسعود بارزانی بوو، کە لەو سەدەمەدا بە یەکێتی هەزم نەدەکرا دوبارە پێشبڕکێی لە سلیمانی و دەوروبەریدا بۆ دروست ببێتەوە. بە تایبەتی کە ئەو سەردەمە یەکێتی باوەڕی توندی بە خۆی هەبوو وەکو پارتی پێشڕە و ڕۆڵی خۆی بگێڕیت و تەنها شێری مەیدان بێت.

نامەکانی مەسعود بارزانی بۆچی؟

پرسیارێك کە ناکرێت خۆمانی لێ لابدەین ئەوەیە کە بۆچی لەو سەردەمەدا مەسعود بارزانی کەوتبووە خۆی بۆ زیندوکردنەوەی ڕێکخستنەکانی پارتی لە سلیمانیدا ؟ ئەو ڕوداوانە چی بوون کە بانگەوازی لاوازی ڕێکخراوەیی پارتیان کرد و سەرانی پارتی بەو ئاراستەیەدا برد کە دەبێت کاری جدی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بکەن؟. لەلایەن زۆر لە ئەندامانی ڕێکخستنەکانی ناو کۆمەڵەی نزیك لێمەوە لێکدانەوەمان ئەوە بو کە جگە لە دوژمنایەتی و قین و شەڕی نفوز و دەسەڵاتی دێرینی نێوان جەلالی و مەلایی، خۆ پێشاندانەکانی ٨٢ هۆکارێكی ڕاستەوخۆ بوبن بۆ هۆشیارکردنەوەی سەرانی پارتی لەوەی کە نەیتوانیوە کەمترین ڕۆڵیان لە شاری سلێمانیدا هەبێت. ئەوەش بێگومان هۆکارەکەی دەگەڕایەوە بۆ لاوازی تا ڕادەی نەبونی شانە و ڕێکخراوی نهێنی پارتی لە شارەکەدا. هەر بۆیە بە تێڕوانینی هەموان گرنگترین پاڵپێوەنەری ناردنی ئەو نامانە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٢ بوون. ئەو خۆپیشاندانانە لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیەوە ڕێکخران و ئاراستە دەکران، پاشان سەرانی یەکێتی پشتیوانی بەرفراوانیان بۆ پێشاندا ولەکاتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ ڕژێمی ئێراقی وەکو گوشارێك بەکاریان هێنا لەسەر ڕژێمی بەعس. لە خۆپێشاندانەکانا سەرباری هەوڵدان بۆ بەکارنەهێنانی دروشمی حیزب و لایەنێکی سیاسی دیاریکراو هەمیشە مۆرکی یەکێتی بە خۆپیشاندانەکانەوە بوو. ئەگەر لێرەو لەوێ لایەنگرانی پارتی نوزەیەکی بژی پارتی و بژی بارزانیان لێ بهاتایە لە ناو تەوژمی دروشمی (یەکێتی نیشتیمانی ئاواتی هەمومانی) دا نەبیستراو دەکرا. یەکێتی بە تایبەتی کۆمەڵە ڕێکخستنێکی بە ژمارە کەم و بە چۆنایەتی بەهێز و پۆڵایینی لە سلیمانی دا هەبوو. هەروەها سەرکردایەتیەکەی نزیك بوون لە شارەکانەوە. لە ناو شاریشدا ڕێکخستنی کۆمەڵە سەرکردایەتیەکی تایبەتی بە ڕێکخستنەکانەوە هەبوو. لە پاڵ ئەو ڕێکخستنەشدا بەرپرسە سەربازیەکانی یەکێتی کەس و شانەی تایبەتی خۆیان هەبوو کە هەواڵی بۆ دەبردن و کارئاسانی بۆ چالاکیەکانیان دەکرد. بە پێچەوانەوە پارتی جگە لەوەی سەرکردایەتیەکەی لە ناو ئێران وسنورەکانی ئێران بون. هیچ ئۆرگان و ڕێکخستن و سەرکردایەتیەکی ناوشاریشیان نەبوو. تەنها بونێکیان ئەوە بوو کە پارتیە دێرینەکان و لایەنگرانیان لە ڕێگای هەندێ مەفرەزەی بچوك و بەرپرسە سەبازیە کانی ئاستی خوارەوەیان پەیوەندیان پێوە دەکردن. ئەمەش بۆ پارتی مەسەلەیەکی کوشندە بوو. خۆ پیشاندانەکانی ٨٢ ئەو کەم و کورتیەی پارتیان زیاتر لەبەرچاو زەق کردەوە و مەسعود بارزانی هەوڵی دا بەو ڕێگایەی سەرەوە سەرکردایەتیەکی ناوخۆی شاری سلێمانی پێك بهێنێت کە کاری بنیاتنانی ڕێکخستنێکی لامەرکەزی لە شاری سلیمانی و دەوروبەری لە ئەستۆ بگرێت. 
(لە دوا ئەنجام دا دەتوانم بڵێم؛ هۆکاری نامەکانی مەسعود بارزانی هەست بە لاوازی ڕێکخستنی پارتیە دێرینەکان بو . کوشتنی هەندێك لەو ناسراوانەی پارتیش ئەنجامی نامەکانی پێشتر و دوای خۆپێساندانەکانی 82 ی مەسعود بارزانی بون. ئەو تاوانانەش بونە هۆکاری کوشتنی شەهید ووریا.)
کۆتایی

1- نەوشیروان مستەفا و کوشتنی شەهید ووریا (بەشی یەکەم)


تێبینی کوردستانپۆست: سەبارەت بە کەیسی کوشتنی وریا (رەزاق وەستا وەهاب) ئەو نووسینەی خاتو ئاشتی برایم ئەفەندی بخوێنەرەوە، کە کاتی خۆی لە کوردستانپۆست بڵاوکرایەوە، ئیستا نووسینەکە وەستێنراوە، لەبەر ئەوەی بەم زوانە یاداشتەکانی لە توێی کتێبێکدا بڵاودەکرێتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە