753هەزار تەن گەنم چۆلەکە خواردیتی و پارەی خەزێنەش پشەکە بردیتی

Monday, 25/05/2020, 16:24

5631 بینراوە


فشاری شەقامی عیراقی، هۆی سەرەکیی بوو، کە سەڕۆک وەزیرانی عیراق عادل عەبدولمەهدی دەستی لە کار کێشایەوە. سەرەڕای ئەوەی کە دەنگۆی ئەوە هەیە، کە کازمی زێتر بەلای ئەمریکای شکاندوە، بەڵام ئیران و ئەمریکا لە ئەنجامی بوونی کۆمەڵێک قەیرانی ئابووریی و تەندروستی لە عیراق، زووتر لە جاران ڕێککەوتن و کۆک بوون لەسەر هەڵبژاردنی کازمی بۆ سەڕۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە. لەبەر بوونی قەیرانی تەندروستی، شەقامی عیراقی چۆڵ بوو، هەلی بۆ نەرخسا کە ڕاستەوخۆ لە شەقامەوە دەنگی ببیسترێت، کە ئایا بە سەڕۆک وەزیرانی تازە ڕازین یان نا؟ هەر وەک چۆن هەڵوێستیان بەرامبەر عەلاویی و زورفی ڕوون بوو، توانیان فشار دروست بکەن، ڕێگربن لە سەرکەوتنیان لە هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە زەمینەیەک هاتە پێشێ، کە کازمی توانی ئاسانتر لەوانی دی ئەو پۆستە مسۆگەر بکات.
کازمی لێپرسراوی دەزگەی هەواڵگری عیراق بوو، واتە پێش بوونی بە سەڕۆک وەزیران، لەسەر ئاستی زۆرینەی سادە و شەقامی عیراقی، ئاگاداری ورد و درشتی ناڕەزاییەکانیان و داواکاریەکانیان بوو دژ بە حکومەتی عیراق، ناسینی ئەو کەس و لایەنانەی کە لەپشت پەردەوە فیتی زێتری دەنگی ناڕەزای شەقام دەدەن. ئەو دەربارەی ناتەبەییەکانی نێو پێکهاتەکانی گەلانی عیراق، کوتلە سیاسیەکانی نێو دەسەڵاتی حوکمڕانی و پەرلەمان، کەسایەتییە ئاینی و عیلمانیی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە زانیاریی هەبوو.
کازمی لێپرسراوی دەزگەیەکی هەستیاری وەک دەزگەی هەواڵگری و جاسوسی بوو، واتە ئەو ئاگاداری جۆر و سروشتی پێکهاتەی میلیشایاکانی سەر بە حکومەتی عیراقی و سەڕۆک حزبەکانی نێو پەرلەمان بوو. بێ گومان کازمی ئاگاداری تەواوی هێزی تێرۆریستی داعش بوو لە عیراق. وێرای هەموو ئەوانە ئەو شارەزایی یەکە بە یەکەی سەڕۆک حزبەکانە کە چۆن لەسەر پەتی ئەمریکا و ئیران یاری دەکەن. لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە کازمی تا پۆستی سەڕۆک وەزیرانی مسۆگەر کرد، ڕاستەوخۆ هیج یەک لە پلان و ستراتیژیەتی کار کردنی ئاشکرا نەکرد. بە پێچەوانەی عەلاوی، کە لەیەکەم هەنگاودا کەوتە هەڕەشە کردنی ئەوەی کە سیستەمی پشک و تەوافق لە عیراقدا ناهێڵێت، ملکەچی جێبەجێ کردنی داواکاری خۆپیشانداندەران دەبێت، کە ئەمانە هیچی لە بەرژەوەندیی پارت و تاکەکانی بەشدار بووی نێو پەیکەری حوکمڕانی عیراق نەبوو، لەبەرئەوە بوو جگە لەوەی کە شەقام بە جۆری هێنانە پێشێ ڕازی نەبوو لەسەر ئاستی سەڕۆک حزبەکان و پەرلەمانیش پشتیوانی لێ نەکرا.
کازمی پێش بوونی بە سەڕۆک وەزیرانی عیراق، زانیاریی تەواوی هەبوو کە گەندەڵی و دزی پەیکەری حوکمڕانی دەسەڵاتی عیراقی تەنیوە. واتە ئەو دەیزانی خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵە، نەوت نرخی دابەزیوە، کە سەرچاوەی سەرەکیی دەرامەتی عیراقە. قەیرانی تەندروستی و کڕۆنا هەیە، داعش جموجوڵی زێتر بووە، میلیشیای سەر بە ئیران دەسەڵاتدارە، دەنگی ناڕەزا بە نەمانی مەترسی کۆڕۆنا دێتەوە شەقام. کێشەی دەسەڵاتی حوکمڕانی گەندەڵی هەرێم هەیە. کێشەی دابینکردنی موچە هەیە. ژێرخان و سەرخانی ئابووریی عیراق داڕماوە. دەسەڵاتێکی سیاسی لاواز هەیە. ڕاگرتنی هاوکێشەی نێوان ئەمریکا و عیراق لە ئارادایە، بەڵام سەرەڕای ئەوانە ئەوجاش ئەو هەوڵی دا پۆستی سەڕۆک وەزیران وەربگرێت. لە ئاکامدا دوو پرسیار دێتە پێشێ، کە ئایا کازمی تەنیا بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی و بۆ ئەوەی ناوی بچێتە مێژووە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەڕۆک وەزیرانی حکومەتی عیراق بووە ئەو پۆستەی وەرگرت، یان بە ڕاستی دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هەموو تەحەدایانە بێتەوە؟
گرنگترین گرفت کە هەموو حکومەتەکانی پێش کازمی خۆیان لێ مات کرد، مەسەلەی هەڵدانەوەی مەلەفی گەندەڵی و دزی بوو، کە گەلانی عیراق هەردەم بە پەڕۆشەوە چاوەڕێ ئەوە بوون کە یەکێک لەو حکومەتانە دز و گەندەڵکارانی دەسەڵات ڕووبەڕووی دادگە بکات.
کازمی لە گوتارێکی لە میدیاکاندا دوای بوونی بە سەڕۆک وەزیران، ئەوجا ڕایگەیاند کە ئەو حکومەتێکی ڕادەست کراوە خەزێنەکەی بەتاڵە! ئەمە بۆ خۆی پرسیار دێنێتە پێشەوە کە ئایا وڵاتێکی وەک عیراقی دەوڵەمەند بە نەوت و سامانە سروشتیەکان، کە ١٧ ساڵە حکومەتەکەی نەوت دەفڕۆشێت بۆ دەبێت خەزێنەکەی بەتاڵ بێت؟
ئەم گوتارەی کازمی تەواوی حکومەتەکانی پێشوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە! کەواتە یەکەم هەنگاوی گرنگی حکومەتەکەی ئەو دەبێت ئەوە بێت، کە دەست بکات بە هەڵدانەوەی مەلەفی دزی و گەندەڵی دەسەڵاتدارانی حکومەتەکانی پێشوو و دانی تاوانباران بە دادگەی عەدلی عیراقی، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کازمی ئەوە دەکات یان نا؟ ئایا کازمی ئەو بوێرەی تێیدا هەیە ڕووبەڕووی حزبەکان بێتەوە و بڵێت: فڵانە کەس سەر بە فڵانە حزب دۆسەی گەندەڵی و دزی لەسەرە و دەدرێتە دادگە؟ ئەگەر کازمی ئەوە نەکات، ناتوانێت متمانەی شەقامی عیراقی مسۆگەر بکات، گەلێک بخاتە ژێر ڕکێفی حوکمڕانییەکی متمانە پێکراو کە لە ئەنجامدا چۆن دەنگی ناڕەزا لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا شەقامەکانی عیراقی تەنی بوو، بە دڵنیاییەوە هەمان کێشە لە چاوەڕوانی کازمیشدا دەبێت.
هەنوکە، لە زەمانی دەسەڵاتی حوکمڕانی کازمیدا، میدیاکانی عیراق لە زاری کازمی ئاماژە بەوە دەدەن کە خەزێنەی عیراق بەتاڵە. هەرێم ٢٧ میلیار دۆلار قەرزارە. ٧٥٣ هەزار تەن گەنم لە سایلۆی شاری نەجەف نەماوە و لێپرسراوانی ئەو دەزگەیە دەڵێن ٧٥٣ هەزار تەن گەنم لە سایلۆکەیان چۆلەکە خواردیتی!
هەنوکە ئەوەمان زانی کە ٧٥٣ هەزار تەن گەنم چۆلەکە خواردیتی! ئەدی هەرێم بۆ ٢٧میلیار دۆلار قەرزارە؟ ئەدی خەزێنەی دەوڵەت بۆ بەتاڵە؟ ڕەنگە دواتر حکومەتەکەی کازمی ڕایبگەیەنێت کە پارەی خەزێنەش، پشەکە بردیتی!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە