له‌ بیر چوونه‌وه‌ى كه‌ركوك

Tuesday, 05.26.2020, 1:37

3128 بینراوە


چیرۆكێك ده‌گێڕنه‌وه‌ نازانم تا چه‌ند راسته‌ ، له‌ كتێبان نه‌مبینیوه‌ ، ده‌ماو ده‌م بیستوومه‌ ، گوایه‌ مه‌لا مسته‌فاى بارزانى سه‌باره‌ت كه‌ركوك گوتویه‌تى هه‌رچیتان له‌ سه‌ر دروست كردوه‌ بیبه‌ن بۆ خۆتان و زه‌ویه‌كه‌مان بده‌نه‌وه‌ ، نمونه‌ش به‌ سینیه‌ك دێننه‌وه‌ كه‌ بارزانى گوتویه‌تى سینیه‌كه‌ هى كورده‌و شته‌كانى سه‌رى كارگه‌و كۆمپانیاكان بۆ خۆتان ، ئه‌مه‌ سه‌باره‌ت به‌و شاره‌ى مه‌سعود بارزانى جێگره‌وه‌ى مه‌لا مسته‌فاو كه‌سێك كه‌ له‌ حه‌فتاو نۆوه‌ سه‌رۆكى پارتیه‌ له‌ دواى روداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر رازى نه‌بوو به‌ هیچ ناوێك كه‌ یه‌كێتى پێشنیازى بكات بۆ پارێزگارى ئه‌و شاره‌و راكان جبورى له‌ سه‌ر كورسى پارێزگاكه‌ هێشته‌وه‌، ئه‌و پارێزگایه‌ى هه‌ر مه‌لا مسته‌فا به‌ دڵى كوردستانى چواندووه‌، به‌شێكى زۆر له‌ كادیره‌ پارتیه‌ خوێنه‌واره‌كانى كه‌ركوك زۆر باش ده‌زانن ئه‌گه‌ر هه‌رناوێك له‌ 16ى ئۆكتۆبه‌ر بنرێت ، رازى نه‌بوونى بارزانى به‌ دانانى پارێزگارێكى كورد كه‌ یه‌كێتى بێت له‌ خودى روداوه‌كه‌ خه‌راپتره‌ .
له‌ یه‌ك دوو ساڵى رابردودا ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆو به‌به‌رنامه‌ش نه‌بووبێت ئازارى زۆرى كوردى كه‌ركوك دراوه‌ ، روداوه‌ جیاجیاكانى كوشتن و سوتاندنى ده‌غڵ و دان و رفاندنى خه‌ڵك ئه‌مانه‌ هۆیه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى رۆڵى كورد له‌و شاره‌ ، له‌ دوا هه‌نگاویشدا چه‌كدار كردنى عه‌ره‌بى سونه‌ به‌ بیانوى شه‌ڕى داعش ئه‌گه‌ر به‌ لۆژیك مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ بارو دۆخ و پێشهاته‌كان نه‌كرێت ده‌بێته‌ مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى بیركردنه‌وه‌ى عه‌ره‌بى ناوچه‌كه‌ بۆ پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌و یه‌كتر قه‌بوڵكردن و داننان به‌ كوردستانیه‌تى سینیه‌كه‌دا گۆڕانێكى ئه‌وتۆى به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ و تا ئێستاش به‌شێكى دیار له‌ هۆزه‌ عه‌ره‌بیه‌كانى سنورى كه‌ركوك هه‌مان بیركردنه‌وه‌ى شه‌سته‌كانیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ ئه‌وانى تر .
ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌شێكى زۆرى سه‌رچاوه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بیانوى خاوه‌ندارێتى خاك و پرسى بژێوى ، كه‌ من لام وایه‌ ئه‌گه‌ر له‌ رابردوودا پێشمه‌رگه‌ به‌ بیانوى بوونى داعش و گومانى په‌یوه‌ندى سونه‌ به‌ داعشه‌وه‌ هه‌ندێك ئازارى عه‌ره‌بى دابێت ، یان لێكدانه‌وه‌كه‌ لاى عه‌ره‌ب وا بووبێت و هانده‌ریش هه‌بووبێت كه‌ برینه‌كان گه‌وره‌ تر نیشانبدرێن ، ئه‌وه‌ نابێت ئه‌و راستیه‌ش فه‌رامۆش بكرێت كه‌ ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌بووایه‌ ره‌نگ بوو ناوچه‌ سونه‌نشینه‌كان و عه‌ره‌بى سونه‌ى كه‌ركوك زه‌ره‌رى گه‌وره‌ بكه‌ن بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت زیانه‌كانى عه‌ره‌بى سونه‌ به‌ ده‌ستى داعش له‌ موسڵ و تكریت و ئه‌نبار ته‌ماشا بكه‌ین .
ئه‌وه‌ى كه‌هه‌رێمى كوردستان به‌ گشتى و پارتى به‌ تایبه‌تى له‌ ئاستى سه‌ره‌وه‌ كه‌ركوكیان له‌ بیر كردووه‌ ، یاخود له‌ به‌رنامه‌و پلانى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌و پڕۆژه‌ى چاره‌سه‌رى ده‌ریانكردووه‌كه‌ركوك به‌ره‌و تونگه‌لێكى تاریك ده‌بات ، ره‌نگه‌ هه‌ندێكى وه‌ك دووباره‌ بوونه‌وه‌ى دیوه‌ نه‌رێنیه‌كانى مێژوو بێت ، بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ به‌ ده‌ورى بازنه‌كه‌دا نه‌خولێینه‌وه‌ ، ده‌بێت دوو ئه‌گه‌ر بێنینه‌ به‌رده‌م راى گشتى كه‌ركوكیه‌كان " ئه‌مه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌ستورى عیراقى و ماده‌ى 140و ئه‌و بابه‌ته‌ یاساییانه‌دا كه‌ عیراق و هه‌رێم بۆ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان ده‌بێت جێبه‌جێى بكه‌ن "
یه‌كه‌م : حزب و لایه‌نه‌ كوردیه‌كان به‌ هاوكارى خه‌ڵكانى ده‌ره‌وه‌ى خۆیان له‌ ته‌ك توركمان و عه‌ره‌بى شاره‌كه‌دا په‌یام و پڕۆژه‌و پلانى چاره‌سه‌ریان هه‌بێت و له‌ مه‌ودایه‌كى زه‌مه‌نیدا كارى له‌ سه‌ر بكه‌ن .
دوه‌م : له‌ ئه‌گه‌رى  سه‌رنه‌گرتن و سه‌رنه‌كه‌وتنى ئه‌گه‌رى یه‌كه‌مدا كه‌ من بۆ خۆم به‌ هۆى ململانێى كوردى – كوردى  به‌ تایبه‌ت پارتى و یه‌كێتى  زۆر ئومێدم پێنیه‌ ، پێویسته‌ خه‌ڵكى كه‌ركوك " خه‌مخۆرانى شاره‌كه‌ " كوردو توركمان و عه‌ره‌ب پڕۆژه‌و پلان و په‌یامى چاره‌سه‌رى خۆیان هه‌بێت  ، ئاگادارم ماوه‌یه‌كه‌ به‌ چڕى مقۆ مقۆى چى بكرێت و چۆن له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ بوونى هه‌یه‌ .
لام وایه‌ په‌یام و پلان و پڕۆژه‌ ده‌كرێت وه‌ك سێپێ ته‌ماشا بكه‌ین بۆ چاره‌ى گرفته‌كانى كه‌ركوك .
ئه‌مڕۆ كه‌ركوك و هه‌رێمى كوردستانیش له‌ به‌رده‌م قه‌یران و كاره‌ساتى قوڵدان و تا راده‌یه‌ك خه‌ریكه‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێته‌ مه‌یدانى كارو كرده‌وه‌ى وڵاتانى هه‌رێمى به‌ تایبه‌ت توركیا ، ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانى ئه‌ركى ئاكارى ئه‌وه‌یان له‌ ئه‌ستۆیه‌ له‌م قه‌یران و كێشانه‌دا رۆڵیان به‌رانبه‌ر خه‌ڵكى كوردستان هه‌بێت به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ ، ده‌وڵه‌تى عیراقیش له‌ پرسى ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى ده‌وڵه‌تێكى بێهه‌ڵوێست و نه‌بانه‌ ، به‌راده‌یه‌ك زۆر جار ده‌ستله‌ كارو بارى كه‌ركوك و موسڵ وه‌ردراوه‌ بێئه‌وه‌ى بوێرى هاتنه‌ ده‌نگى هه‌بێت ، له‌م بارو دۆخه‌دا ئه‌ركى كه‌ركوكیه‌كان  وه‌ ك خه‌ڵكێكى ته‌نیا قورسه‌و ده‌بێت له‌ هه‌ركات زیاتر پشت به‌ خۆیان ببه‌ستن .