شەڕی نەرم!

Tuesday, 26/05/2020, 1:45

4905 بینراوە


لە جیاتی مێشکی رووناکبیریی کورد پڕ بێ لە داهێنان ودیرۆکی راستەقینەی نەتەوەکەمان،لە جیاتی نووسەر و لێکۆلەریی کورد بێ وچان حەول بداتا خەسارناسیی بۆ ئەو مێژوویە بکا، کە ٢٩ جار سەریهەڵداوە وه ەرجارێکیش بە شێوەیەک سەری لە سەرداناوە، لە جیاتی توێژەریی کورد بیر لە ئاشکراکردنی ئەو شکستانە بکاتەوە، کە حیزب و سەرکردەی حیزبیی بە سەر کوردیان هێناوە، باس لە شەڕی نەرم دەکا!
لە هەر قۆناغێکی هەستیاریی مێژووییدا ویرووسی شێرپەنجەیەکی ریشەکێش لە سەر هزریی ئەو چین و توێژەی کۆمەڵگا جەستەی وڵات دەتەنێ، کە بە خۆیان دەڵێن پێشهەنگیی چارەسەیی کێشەکانی کورد!تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لێوا و لێودەبن لە قسەی بێ بنەما و هیچ وپووچ. جگە لەوانەش خۆیان وەک رێ نیشاندەر و وەستا دەناسێنن وخەڵكی راستبێژیش نەسیحەت دەکەن.
بنەمای شەڕی نەرم لە لایان حیزب وسەرۆک و بەرۆکی کورد دەست پێدەکا. ئەوان زەمینەی ئەو شەڕە تیف تیفە دەدەن. بیانوو دەدەنە دەست داگیرکار تا کۆمەڵگا بخەسێنن. تاکەکان وەک ئامرازێکی بێ کاریگەر و بێ هەڵویست بەکار بێنن. بۆیە کاریگەریی شەڕی نەرم و کاریگەریی شەڕی گەرم بە روونی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان نیشآنداوە.

شەرێ نەرم چۆن دەستی پێکرد؟

خەمیرمایەی شەڕی نەرم خەڵكی تێکۆشەریی کوردستان نەبووە، بە تایبەت ئەو دەسەڵاتەی کە دوای سەددام باشووری کوردستانی داگیرکردوە بۆتە کەوا سووری پێش لەشکری شەڕی نەرم. شەڕی نەرم ئەوکات دەستی پێکرد کە دەبابە وعەسکری بەعسیان لە ٣١ ئابدا هێنایە سەر خاکی باشووری کوردستان و کاتێك کە بێسوود بارزانی گووتی: ئیدی سەددام دوژمن نییە و ئێمە بە دۆستی دەزانین!
شەڕی نەرم و بێ باوەڕیی خەڵك لە ئاست ئەو دووبنەماڵەیە کاتێك مەزن بوو، کە شەڕی خۆتڕێنی ئەو دووسیخۆرە بەرانبەر بە ئاواتەکانی کورد دەستی پێکرد. ئەوشەڕە کاتیك جێگای خۆی لە کۆمەڵگادا کردوە کە دەسەڵات بوو بە فیفتی... فیفتی! پارە و کورسی هاتە شوێنی خەونی سەدان ساڵەی نەتەوەی کورد بۆ سەربەخۆیی کوردستانێکی ئازاد و دێمۆکڕاتیک. شەڕی نەرم ئەوکات پەرەی سەند، کە قوونی دەسەڵاتی بارزانی وتاڵەبانی خۆی دەباوەشی ئێڕان وتورکیە هاویشت!
کام یەک لە کردوە و ئاکارەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە ئاست کێشەی کورد لە هی دوژمن باشتر بووە؟دەسەڵاتی ٢٨ ساڵەی ئەو دوو بنەماڵەیە کارێکی وای کردوە، کە خەڵک ئاوات بۆ سەردەمی حیزبی بەعس بخوازێ و بڵێ چاک نەبوو لەو سەردەمدا کەس برسی نەبوو! بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە جۆرێکی دیکە خەڵک کیمیاباران و ئەنفال دەکەن. بۆ خۆیان خاوەنی میلیاردها دۆلار و کەرەسەی پارە پێداکردنن، کەچی بە دانی ئەو شێوە لە موچە بە خەڵک، تاکی کوردیان فێری سواڵکردن کردوە! لە راستیدا ئامرازی دەستپێکی شەڕی نەرم خودی دەسەڵاتە، کە پەرەی پێداوە. هەنگاوی یەکەمیش نەبوونی متمانەیەی سیاسیی وک ۆمەڵایەتیە لە نێوان خەڵك و دەسەڵات و حیزبی سیاسیی! لە شەڕی خۆدڕێنی حیزبی نادێمۆکڕات بە رێبەرایەتی قاسملو وک ۆمەڵەی دژەرەنجدەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکەی ٤ ساڵی خایاند ٢٠٧ کادر و پێشمەرگە و لایەنگریی کۆمەڵە و حیزبی کومونیست کوژران، سەدان کەس بەشیک لە جەستەی خۆیان لەو شەڕەدا لە دەستدا! هەروەها ١٦٩ کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕات کوژران! زۆربەی ئەو کوژراوانە خاوەنی ژن و منداڵ بون. ژنەکانیان لەو پەڕی هەژاریدا دەژیان. بۆ ئەوەی ژیانی رۆژانەیان دابین کەن، مێردە کوژراوەکانیان تێکەڵاوی کوژراوەکانی کۆماری ئیسلامی کرد، تا لە دامودەزگای بونیادی شەهید سەر بە دەسەڵات مانگانە مووچە وەربگرن، هەروەها بە داخێکی یەکجار زۆر گران تاقمێک لەو ژنانەی کە لە سای شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات هاوسەرەکانیان لە دەستدابوو بەلارێدا بران. من پێم سەیرە باس لەوە دەکرێ نابێ شەڕی نەرم بکرێ دەگەڵ ئەو حیزبانە! ئەرێ شآیانی ئەوەن چەپڵەیان بۆ لێبدرێ؟ یان دەبێ بە تووندی رەخنەیان لێ بگێرێ؟

بە بیانووی شەڕی نەرم!

تاقمێک نووسەر و رووناکبیر و کەسایەتیی سیاسیی بێ لایەن کە خۆیان لە قەرەی کوردایەتی ونیشتمان پەروەریی داوە، لە سەر ئەو باوەڕەن، کە کۆمەڵگای کوردستان دەبێ بە دوور ڕابگێرێ لە گرتنی رەخنە و زمانی زبر بەرانبەر بەو دەسەڵاتەی کە لە باشوور هەیە. ئەوانە خۆیان ئاوا فریوداوە، بە بیانووی ئەوەی کە هەرچی بێ ئەو دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی کوردیە و دەبێ بە هەر قیمەتێک بێ بیپارێزین! چاندنی ئەو تۆوە لە ئەنفال و کیمیاباران مەترسیدارترە. ئەو دوو تڕاژیدیایەمان بە هاوکاریی ئەو دەسەڵاتە بە سەرهاتوە، رەنگە دووپات نەبێتەوە. بەڵام بێ دەنگیی وملدانەواندن بۆ دیکتاتۆڕی خۆماڵی، کوشتنی ژیان وهەستی وڵاتپارێزییە. رێك ئەو سیاسەتەی کە داگیرکار بە بێ هیچ هەزینەیەکی گران بە دەستی دەسەڵاتداریی کورد جێ بە جێی دەکا.
شێوەی پەیوەندیی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دەگەڵ تورکیە و ئێڕان رێک ئەو سیاسەتەیە کە ئەو دووبنەماڵەیە بەرێوەی دەبەن!
پرسیار ئەوەیە؟ باشە ئەرکی رووناکبیرو نووسەر و شآعیر و زانا و زانکۆکار و لێکۆلەر و توێژەریی کورد چییە؟ کورد ٢٩ جار سەری هەڵداوە! هەرجارێکیش بۆ ئەوەی دوژمن پێمان خۆش نەبێ، بێ دەنگیی کورد، کوردی بە دەست کورد بە کوشتداوە و حیزب وسەرکردەی کوردیش خەریکی پاراستنی کورسی و دەسەڵاتی خۆیان بون!
دەسەڵاتی دزسالار لە باشووری وڵات، رۆژنامەوان دەکوژێ! خەڵکی ئازادیخواز ترۆر دەکا! سامانی ئەو خەڵكە دەدزێ ودەیدا بە دوژمنی کورد! خەڵک برسی رادەگرێ! کۆشک و تەلار لە ناوخۆی وڵات وهەندەران بۆ خۆی سازدەکا! هیچ نەماوە بە سەر خەڵکی نەهێنێ، رێفڕاندۆمی شکستخواردو رادەگەیەنێ! کەرکوک بە بێ تەقە رادەستیی بەغدا دەکا! بەڵام بە بیانووی ئەوەی شەڕدەگەڵ ئەو دەسەڵاتە دەکەوێتە چوارچێوەیەک کە نەیار قازانجی لێ دەکا، کورد دەبێ بێ دەنگیی هەڵبژێردرێ!
سیاسەت و بەرێوەبردنی وڵات تەنیا بە ڕێکاریی یاسایی بەڕێوە ناچێ. ئەخلاق و ویژدانی ئەو مرۆڤانەی کە وڵات بەرێوە دەبن تەوەری سەرەکیە. چین وتوێژێک لە ناو کۆمەڵگای توڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وەک نووسەر و شاعیر و سەرۆک و بەرۆک و فەیسبوک و راگەیاندن و مێدیاکار و... دەڵێن:
بۆ ئەوەی دوژمن کەڵک لە شەڕی نەرم وەرنەگرێ و کورد تووشی چەند بەرەکی نەکا، دەبێ هەر چی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی کردیان و گووتیان، چون کوردن نابێ متتەقمان لێ بێ! دەبێ وەک کوێلە و نۆکەرخزمەتیان بکەین نەکا دڵیان لێمان بڕەنجێ.
کوشتنی رۆژنامەوان، ئازادیخواز، کەسیایەتی ناڕآزی، مامۆستای زانکۆ... بۆ حیزبە دواکەوتوەکان ئازادە! مادام کوردن و کوردیایەتیمان بۆ دەکەن! نەتەوەیەک دەتوانێ رزگاریی بێ، کە لە خۆی ڕا دەست پێ بکا، پاشآن بەرەنگاریی دووژمن بێتەوە. کورد لەو بوارەدا زۆر لاوازە!

بەڵێ شەڕی نەرم مەترسیدارە!

کەس ناڵێ ئەو شەڕە پێویستە، زۆر مەترسیدارە و دووژمن قازانجی لێدەکا، بەڵام ئەوەی دەبێ راوەستەی لە سەر بکرێ ئەوەیە ئەو شەڕە کاتێک تڕاژیدیا دەخوڵقێنێ، کە دەسەڵات هەڵبژاردەی کۆمەڵگا و زۆرینەی خەڵک بێ. دەسەڵاتیک، کە باوەڕی بە ئازادی و دێمۆکڕاسی هەبێ و خەمخواری نەتەوەکەی بێ. تاقمێک چەتە و ڕۆنیشتیی کەمپەکان بە یەکجاری لە خەڵک دابڕاون و جێگای متمانە نین. لە راستیدا ئەو شەڕە، شەڕی نەرم نییە، شەڕە بۆ لادانی چەتەکانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی. ئەوەی کە جێگای داخە تاقمێک کۆنە سیاسیی دۆڕاو خەریکی ژەنینی زووڕنان بۆ ئەوەی رەوایەتی بدەن بە دەسەڵاتی باشور و حیزبی کەمپنشینەکانی کۆیسەنجەق و زڕگوێز! ئەوانەن کە خزمەت بە دوژمن دەکەن. وا دەزانن چون دەسەڵات بە دەست تاقمێک کوێلەی کوردە دەبێ خەڵکی هەژار متتەقی لێوە نەیە و ملی کەج بکا بۆ کەسانێک کە لە سەر سامانی خەڵکی هەژار بوونە میلیاردێڕ!
لە باشووری وڵات دەسەڵات لە گەل دابڕاوە، هیچ پەیوەندیەکی بە نەتەوەی کورد نییە، ئەوان خاوەنی سامان و چەکداری خۆیانن، یان لادەچن یانژی شەڕ دژی ئەو دزانە، جا شەڕ نەرم بێ یان گەرم لە داهاتوودا درێژەی دەبێ.
سندوقی کورستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە