هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


لۆمپەن‌قەڵەمەکانی ڕۆژهەڵات لە دیوەخانی بارزانی

Tuesday, 26/05/2020, 22:59

8162 بینراوە


لە هەمو دونیا کەسانی نەفس نزم، بێ‌ئەخلاق، تەمەعکار، بێکار و بێعار هەن کە بۆ دەربازبون لە کار و کاسبێکی پڕزەحمەت و شەڕافەتمەندانە دەبن بە مەقاشی دەستی خاوەن پارە و دەسەڵات.
--------------------------
بەشێکی زۆری خێڵی درۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژینگەی لەباری خۆیان لە تەختەپەینی کوردایەتی دیوەخانی بارزانی‌دا دیوەتەوە.
زۆربەیان هەڵقوڵاوی ناوچەی موکریانن؛ وەک عەلی جەوانمەردی، کامیل نەجاڕی(بۆکانی)، ئاوات عەلیار، مەلا برایمی جەهانگیری، ڕەحیم ڕەشیدی و ...
نانی خوساو، پۆست، ئیقامە، کارسازی و دەسکەوتی باشی بۆیان تێدا بوە؛ بێ‌ئەوەی ڕەنجی کار و ماندوبون بخەنە بەر خۆیان.
کەسانێکی دیکە وەک پەیمان حەیدەری و عیرفان قانعی‌فەرد جارێ لە جێگای دیکە ڕزق و ڕۆزی خۆیان دابین دەکەن کە لەوانەیە ئەمانەش وەک ئەستێرە کەریم و ئازاد جوندیانی ڕۆژێک بچنە سەر خوانی چەوری بارزانی. 
ڕووناکبیر و دڵسۆزانی کورد کە هەوڵ دەدەن ئەمانە لە زەلکاوی خەیانەت و خۆفرۆشی بکێشنەوە بەرەی گەل؛ لە دڵ و دەروونی پاکی خۆیان قەیاس دەگرن؛ پێیان وایە ئەگەر ئاگاهیان پێ بدرێ و وشیار بنەوە، دەگەڕێنەوە بۆ دونیای پاکی ئازادی‌خوازی، نیشتمانپەروەری، یەکسانی و مرۆڤ‌دۆستی.
بەڵام ڕاستێەکی تاڵ هەیە کە لێرەدا فەرامۆش کراوە.
لۆمپەن‌قەڵەمەکان گرفتی نائاگاهیان نیە. ئەوان زۆر باش دەزانن ئەم ڕانت و پارەیەی لە بنەماڵەی بارزانی و خاوەن دەسەڵاتەکان پێ‌یاندەگا، بەرهەمی خوێنی فرۆشراوی هەزاران سلێمانی موعینی، خەلیل شەوباش و ساڵە لاجانیەکانە،
بەرهەمی پاکسازی ڕۆژهەڵات بە دەستی قیادە مەوەقەتەیە لە ١٩٨٤-١٩٧٩
بەرهەمی تانکەکانی سەدامە لە ٣١ی ئابی ٩٦ بۆ داگیرکردنی هەولێر،
بەرهەمی قەتڵ عامی ٨٠ ڕۆژنامەنوس و پەرەستار و گریلای بریندارە کە لە ژێر چاوەدێری میتی تورک بێ سەر و شوێن کران (هەولێر ١٦ی گوڵانی ٩٧)
بەرهەمی خوێنی سەدان گریلایە کە لە ئاکامی ئۆپێڕاسیۆنی هاوبەشی بارزانی و سپای تورک گیانیان بەخت کرد.
بەرهەمی دروست کردنی پێشمەرگەی ڕۆژ و ئەنەکەسەیە لە ژێر چاوەدێری تورکیا بۆ لەبار بردنی شۆڕشی ڕۆژئاوا،
بەرهەمی ڕادەستکردنی ٦٣٠٠ ژن و منداڵی ئیزەدیەکانە بە داعش،
بەرهەمی گرێبەستی نەهێنی ڕادەستکردنی پەنجا ساڵەی نەوت و گازی باشورە بە تورکیا.
لۆمپەن‌قەڵەمەکان باش دەزانن کە هاوکاری بنەماڵەی بارزانی لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان ڕووداوگەلێک نیە بەستراوی ڕابردوو بێت و کۆتایی هاتبێت.
زۆر باش دەزانن کە بونی زیاتر لە ٢٠ مۆڵگەی ئاشکرای تورکیا لە زۆنی زەرد و فیتنەگێڕی لە زینی وەرتێ و ... درێژەی خیانەتەکانی مەلامستەفا و ئیدریس و مەسعودە.
دەزانن کە دوشمنایەتی شۆڕشگێڕانی چوارپارچەی کوردستان و دۆستایەتی داگیرکەران بۆ بنەماڵەی بارزانی کورت ماوە و تاکتیکی نیە؛ بەڵکە ئیستڕاتژی نەگۆڕیانە.
تەنانەت دەزانن کە لە دواڕۆژیش دا بنەماڵەی بارزانی وەک ئێستا و ڕابردوو مەقاشی دەستی داگیرکەران دەمێنێتەوە و خۆشیان لە ئامادەباشی تەواو دان کە ئەو کاتیش زوڕنایان بۆ بژەنن.
ئەمانە باش خۆیان ناسیوە، بەڵام ئێستاش ڕوناکبیران، ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانی کورد نەیان‌ناسیون.
لۆمپەن قەڵەمەکان هیچکات نابن بە کۆپی دەرەجە چواری ڕەئوف ئاکرەیی، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی کە نانی چەور لە دەست بدەن و شایەد گیانیشیان.
ئاسانترین، بێخەتەرترین و پڕ سودترین جۆری کوردایەتی و شۆڕشگێڕی‌یان! هەڵبژاردوە.
کوڕی خەڵک لە ڕێگای کوردایەتی و ئازادی دا کار، ماڵ و تەنانەت ژیانیشیان لە دەست دەدەن. بەڵام ئەمانە لە بێکاری و بێ‌نانی ڕزگاریان دەبێ، کاری پڕداهاتی وەک خەبەرنیگاری کوردستان ٢٤، ڕووداو، تەنانەت دەنگ و ڕەنگی ئامریکاش بە شاباش وەردەگرن.
چ کاسبیەکی وەها ئاسان و پڕسوود هەیە کە بە نێوی شۆڕشگێڕی و کوردایەتی پۆست، پلە و پارە، سەیارە، خانوی خۆش و ژیانێکی ئارام بۆخۆت مسۆگەر بکەی؟

ئاغا و نۆکەر زۆر لە یەک دەچن

بنەماڵەی بارزانی حەفتا ساڵە لە ژێر چەتری داگیرکەرانی کوردستان کوردایەتی دەکەن؛ یەک شەهیدیان نەداوە، بەڵام ژیانی شاهانەیان بۆ خۆیان و مناڵەکانیان دابین کردوە و بە دەیان میلیارد دۆڵاریان وەسەریەک ناوە.
نۆکەرەکانیشیان( شایەر، مەیتەر، لۆمپەن، چەقۆکێش و قەڵەمپیسەکان) بێ ماندوو بوون بە نێوی کوردایەتی، پیرۆزیەکانی کورد، ڕزگاری نەتەوەیی، سەربەخۆیی! و... لە سەرگوێلکی گەرم و نەرمی دیوەخان دەگەوزێن و لە بەرماوی چەوری بنەماڵە دەلەوەڕێن.
هەردوکیان خزمەتکارن. بنەماڵەی بارزانی خزمەتکاری داگیرکەرانی کوردستان و لۆمپەن‌قەڵەمەکانیش خزمەتکاری بنەماڵەن؛ نۆکەری نۆکەرەکە یان جاشولکەی جاشەزلەکەن. هەردوکیشیان لە ژێر نێوی کوردایەتی.

قەلەکەی شێعری پیرەهەڵۆ زمان‌حاڵ و ئیلهام‌بەخشی ژیانیانە:

«دەتەوێ زۆر بژی خۆش رابوێری
خۆ لە پەندم گەرەکە نەبوێری
وەرە وەک ئێمە بژی نزم نەوی
شەو لە سەر گەندەلە دارێک دەخەوی
خواردنی باشی کە تۆ نەتدیوە
گۆشتە بارگین و کەری تۆپیوە
کردنی چینە لە پەین و شیاکە
تاوتینی لەشە بۆ دڵ چاکە»

.................
با هەزار ساڵی قەلی ڕووڕەش بم
نەک بە هەڵۆیی لە ژین بێبەش بم

مەسعود بارزانی بە لاوی یەکەمین دەورەی فیرکاری سیاسی لە ژێر دەستی پسپۆڕانی سازمانی موسادی ئیسرائیل تێپەڕ کرد(دەیەی ١٩٦٠ز).
گرینگترین دەرسی دروستکردنی کەیسی سێکسی بۆ دۆستان و لایەنگرانی بو؛ کە مومکینە لە دواڕۆژ دا سەنگەر بگۆڕن.
بە پێی وتەکانی فڕانسۆ حەریری لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک لاوێکیان بۆ خوێندن و کاری سیاسی دەناردە ئوروپا، لە پێشدا لە کەرەج و تاران دەستدرێژی سێکسیان دەکردە سەر و فیلمیان لێهەڵدەگرت و دوایەش نیشانیان دەدایەوە.
پێی دەکوترا کە ئەم فیلمە لە دەست پاراستن دا پارێزراوە و بڵاو ناکرێنەوە؛ مەگەر خەیانەت لە پارتی بکەی و بچیە ناو حیزبێکی دیکە.
بە پێی سەرچاوەی باوەڕپێکراوی ناو پاراستنی پارتی عەلی جەوانمەردی یەکێک لەم کەسانەیە کە لە فیلمەکەی دا چەندین جار بە تەواوی ئەم کارەی لە گەڵ کراوە.
ئەگەر ئینکار دەکات با بچێتە تاقیگەیێکی پزشکی دادوەری لە وڵاتێکی دێموکڕاتیک. جا ئەو دەم ڕاستی و ناڕاستی ئەم ئیدعایە ئاشکرا دەبێت.

تیئۆری بونەوەر، ژێن و ژینگە

هەر گیاندارێک لە ژینگەی تایبەتی خۆی دا دەتوانێ بژیت. ژینگەی سیاسی مرۆڤ لەم یاسا سروشتیە بەدەر نیە.
ژێنەکانی مرۆڤ وەک کۆدەکانی بەرنامەی کامپیۆتێرن. هەشتا لە سەدی ڕەفتاری مرۆڤەکان ئاکامی ژێنەکانی ناو لەشیانە.
توێژی لۆمپەن هەڵگری ژێنی خوێڕیگەری و نەفس‌نزمین کەبە درێژایی مێژوو لە ناو کۆمەڵگای کوردستان ژیاون.
تا شەست ساڵ پێش ئێستا (دەورەی ئاغا و ڕەعیەتی‌) ئەرکی نۆکەر، مەیتەر، کوێخا، گۆپاڵ‌بەدەست، جاسوس، دەڵاڵ، گەواد، میرزا، لۆتی و شایەری دیوەخانیانی ئاغاواتیان دەخستە ملی خۆیان.
نەسلی ئێستایان وەک خەبەرنیگار، ڕۆژنامەنوس، بێژەرێ تەلەفزوێنی، مێدیاکار، شڕۆڤەکاری سیاسی، مێژوو نوس(مێژوو سازی) هونەرمەند، فیلمساز، گۆرانی‌بێژ، بانگخوازی ئایینی سیاسی سوننی سەر بە دەسەڵات ، مەلای دەرباری، پەڕەسێلکە( ئەو ژنانەی کە لە لایەن دەسگای پاراستن بۆ لەداوخستن، جاسوسی و گرتەی ویدۆیی سێکسی ئەرکدار دەکرێن) و ... ڕۆڵ دەگێڕن.
ئەمانە بۆ بژیوی ژیانیان خۆ لە کاری سەخت، کەم‌داهات و شەڕافەتمەندانە نادەن و چاویان لە بەرماوی خاوەنپارە و دەسەڵاتدارانە.
لە باری فکری سیاسی لە بەرەی ڕاستی سوننەتی دا جێ دەگرن. چونکە تەنیا حیزبە ڕاستگەراکان، فاشیستەکان و پارێزەرانی کۆنەپەرەستی و سیستمی چەوسێنەر دەتوانن ئەمانە بەکرێ بگرن.
بە گشتی دەتوانین وەک لۆمپەن پێناسەیان بۆ بکەین.
لە کۆمەڵناسی سیاسی دا یەکەم‌جار کارڵ‌مارکس دەستەواژەی لۆمپەن‌پرۆلتاریای ئافراند و بەکاری هێنا.
توێژێک كە پێگەی كۆمەڵایەتی چینەكانی خوارەوەی كۆمەلگای هەبوو، بەڵام لەبری هاوڕێیی وهاوكاری چینی هاوچەوساوەی خۆی، مەیلی لە مەقاش‌بوون بوو بۆ چین وهێزە کۆنەپەرەست و توتالیتەرو سەركوتكارەكانی كۆمەڵگا.
لۆمپنەكان لە بنەڕەتەوە ئەوانەنن كە لە وشیاری درۆینە و پیشە نەشیاوەكاندا ئەسیر دەبن و دەبنە گورزی سەركوتانەوەی رووناكبیران،چەوساوان، هەڵگرانی باوەڕی ئازادی و دیموكراسی.
لە سەنگەری ستەمکاری چینایەتی‌دان و دەتوانن یەك لە فاكتەرەكانی سەر هەڵدانی فاشیزم بن .
ماركس ئەمانە بە دەستەیێکی كۆمەڵایەتی كرم خواردوو، گەنیو و گەندەڵ و لاوانی لەڕێگا دەرچو پێناسە دەکا.
لۆمپەنەکان لە مەیدانی ئافراندنی بیر و مەعریفەی تازە کۆڵەوارن، تەنانەت ئەگەر بڕوانامەی بەرزی زانکۆشیان هەبێت.
ئەگەر بەرهەمی فکری هەمویان کۆ کەیەوە؛ ناتوانی کتێبێک یان تەنانەت یەک وتاری سەربەخۆ کە لە چوارچێوە و پرەنسیپی زانستە مرۆیییەکانی سەردەم نوسرابێ بدۆزیەوە.
کورتەباڵایی و فەقری فەلسەفی، سیاسی و زانستی خۆیان بە گۆڕینی مەیدانی بەرەنگاری چارەسەر دەکەن و ڕوو دەکەنە عەوامفریوی. موخاتەبی ئەوانە کەسانی کەم سەواد، ناوشیار و کاڵفامی کۆمەڵگان.
لە هەڵخەڵەتاندن و بە لاڕێ‌دابردنی جەماوەری ساویلکە بەتوانان. «وەک داستانی ئەو کۆلکە مەلایەی کە چو بۆ قوتابخانەی گەورەساڵان و لە جیاتی نوسینی مار، وێنەی ماری لە سەر تەختە ڕەشە کێشایەوە و خەڵکەکەی بەو قەناعەتە گەیاند کە مامۆستاکەیان بێسەوادە و دەبێ لە دێ دەر بکرێ.»
لە مەنتق‌دا هۆگری بەشی سەفسەتەن؛ لە ١٧ جۆری سەفسەتەش دا عاشقی ئاسانترین ڕێبازن بە نێوێ ڕەشکردنی لایەنی بەرانبەر کە بە فارسی پێی دەکوترێ (تخریب و تخطئه)
لەم ڕێگایە دا کەرەستەی ئاسانیان لە بەر دەست دایە وەک شایعەسازی، فتۆشاپ، بڵاوکردنەوەی خەبەری ناڕاستی بێ سەرچاوە بە بیانوی پاراستنی ئەمنیەتی کەسی خەبەرنێر و ...
لەم نێوە دا خۆراکی تەبلیغاتی ئامادە کراوی شەڕی تایبەتی میتی تورک لە دژی پ.ک.ک زۆرترین بەکارهێنەری هەیە کە لە لایەن لۆمپەنەکان بۆ خەڵکی ساویلکە کاوێژ دەکرێتەوە.
بەشێک لە پرۆپاگاندای دەزگای میتی تورک ئەمانەی خوارەوەن:
عەبدولا ئۆجەلان شیعەیە، پ ک ک بەکرێکیراوی ئێرانە، سەر بە بەشار ئەسەدە، مناڵان فریو دەدەن و دەیانڕفێنن، کوڕان و کچانی گەریلا کاری بێناموسی پێکەوە دەکەن، قەندیل پڕ لە حەبی پێشگیری و کاندۆمە، پ.ک.ک کافر و دژی ئیسلامن، ترانزیتی مەوادی هۆشبەر دەکەن، تیرۆریستن، دیکتاتۆرن و ....
بەرماوی دەسگای پاراستنی پارتی(پ.د.ک) بە سەر گوێگرانیان‌دا دەڕشێنەوە؛ دەڵێن پ.ک.ک دژی سەربەخۆیی کوردستانە، ئاڵای کوردستانی قەبوڵ نیە. (جێگای سرنجە کە ئەم ئاڵایەی باشور ئاڵای قازی محەمەد نیە. ئاڵای قازی قەڵەم و گوڵە گەنمی تێدا بو). دەڵێن قەندیلیان بە ئێران فرۆشت.
(لە ساڵی٢٠١١ دا بەشی دیوی ئێرانی قەندیل دوای دو مانگ شەڕی بێ‌وێنە و نابەرابەر و لەدەست دانی دەیان شەڕوان و فەرماندەی ئەفسانەیی بە ناوی سمکۆ بانە داگیر کرا و ئارەزۆی لۆمپەنەکان هاتە دی.)
بەڵام بۆ هەڵاتنی ١٥٠٠٠پێشمەرگەی پارتی بێ تەقاندنی یەک فیشەک لە بەرابەر ٧٠٠ داعشی لە شەنگالی ٢٠١٤ و بە کۆیلەی سێکسی‌کرانی ٦٣٠٠ کچ و ژنی کورد؛ دەڵێن ئەوە تاکتیکی بارزانی بو بۆ ڕاکێشانی سۆزی دەوڵەتانی دونیا!!!
ئەم جۆرە تەبلیغاتە نیشانی دەدات کە موخاتەبی لۆمپەنەکان خەڵکانی ساویلکە، ناوشیار، گەمژە، سادەلەوح، گەوج، کۆڵەوار لە تێگەییشتن و مەعریفەن.
جاری وایە وێنەی ڕاستیش بڵاو دەکەنەوە بۆ خاپاندنی بەشێک لە جەماوەری سوننی مەزهەب. وەک ئەم وێنەیەی خوارەوە.

وینەی عەبدوڵا ئۆجەلان لە نێوان پێغەمبەری مسوڵمانان و ئیمامی عەلی دەبیندرێ. بە درووشمی "ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" ساڵی ٢٠١٥ لە دژی ئیزۆلاسیۆنی سەر ئۆجەلان لە لایەن کۆمەڵەی عەلەویەکانی باکوری سوریا ئامادە کراوە.

دەیانهەوێ بە موخاتەبی سوننی بڵێن چاو لێبکەن کە ئۆجەلان بۆتە شیعە!
لۆمپەن‌قەڵەمەکان پێغەمبەری گەمژەکانن. دەنا هەر کوردێکی خاوەن بەهرەی هۆشی مامناوەند بۆ سەرێ بە دیتنی ئەم وێنەیە نە تەنیا ناخاپێندرێ، بەڵکو ئافەرین دەنێرێ بۆ کەسێک کە دوای سەد ساڵ کارەساتی کوردایەتی دەربەگی سونی توانیویەتی کوردانی عەلەوی و شیعە کە نیوەی کوردی دونیا و زیاتر لە نیوەی کوردی ڕۆژهەڵات پێکدێنن، لە گەڵ بیری نەتەوەیی و ئازادی دا ئاشت بکاتەوە.
ئەم توێژە کرمۆڵە هەمیشە لە ناوکۆمەڵگا دا هەبون و دەشمێنن. بۆیان فەرق ناکا لە خزمەت کام دەسەڵات دا بن. گرینگ ئەوەیە لە هەمو کاتێک دا چەتری دەسەڵاتێکیان لە سەر بێت؛ وەک میرنشینە کوردەکانی سەدەکانی پێشوی سەر بە عوسمانی و ئێران.
میرنشینەکان بە پێی نزیکی جوغڕافیایی و میزانی دەسەڵاتی هەر یەک لەم دو زلهێزە دەسەڵاتی ناوچەیی خۆیان لە گەڵ یەکێک لەم دو دەوڵەتە گرێ دەدا.
هاوژیانی میرنشین و دەوڵەت بۆ هەردوکیان پڕقازنج بوە. میرنشین ناوچەکەی بە ماڵیات، باج و خەراج و شەڕکەرەروە خستۆتە خزمەت دەوڵەت.
دەوڵەتیش ئاغایەتی ویراسی بۆ میر و بنەماڵەکەی مسۆگەر کردوە و لە هێرشی میرنشین و دەوڵەتی دیکە پاراستویەتی.
پوختەی ئیستڕاتژی بنەماڵەی بارزانی کە کۆپی میرنشینەکان کوردەکانە، ئەمەیە:

«دابین کردنی قازانجی دەوڵەت یان دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە پێناو پشتیوانی ئەوان بۆ ئاغایەتی بە سەر باشور دا»

ئەم ئیستڕاتژیە بەردەوام لە لایەن بنەماڵەی بارزانی کاری پێ‌کراوە و دەکرێ.
کوردانی باشور، باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بونە قوڕبانی ئەم ئیستڕاتژیە.
توێژی لۆمپەن وکرمۆڵی کوردەواری وەک ئاغاکەیان بێ‌ئاغا ناژین. هەو وەک دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشور دیتمان بە لاچونی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێراق زۆرینەی جاش و جاسوسی بەعس سەنگەریان گواستەوە ناو پارتی دێموکڕات.
ئەگەر پارتی توشی ئاشبەتاڵێکی دیکە وەک ١٩٧٥ بێت، لۆمپەنەکانیان ئاغایەکی دیکە بۆخۆیان دەبیننەوە.
ئەم توێژە ناتوانێ لە ژینگەیێکی ساغ و خاوێن‌دا بمێنێتەوە. وەک کرمی ئاسکاریس کە تەنیا دەتوانێ لە ناو ڕیخۆڵە دا بژیت؛ ئەگەر کرمەکە لە پیسایی دەربێنی و بیخەیە ژینگەیێکی پاک دەمرێ.
لە ناو زیپکەی پێستی مرۆڤ جۆرێک میکڕۆبی بێ‌هەواژی هەن؛ ئەگەر پێست بە سابون بشۆرێ کونەکانی پێست دەکرێنەوە و هەوای ئازاد دەگاتە میکڕۆبەکان کە پێی دەمرن و جۆشەکە لادەچێ.
تەبیعەت و یاساکانی باشترین ڕێنوێن و وەستای مرۆڤن. درکرێ بۆ چارەسەری گرفەکانی سیاسی کۆمەڵگا کەڵک لە تەبیعەت وەرگرین.
دەتوانین توێژی لۆمپەنی کۆمەڵگا بە کرمی ئاسکاریس و میکڕۆب بشوبهێنین و ڕێگە چارەی بۆ بدۆزینەوە.
تێکدانی ژینگەی ئەم توێژە دەبێ بکرێتە ئامانج. تاکەکانی کۆمەڵگا بە دانی ئاگاهی دروست وشیار بکرێتەوە تا ئاسان نەبنە نێچیری ئەمانە.
دەبێ لە جیاتی کوشتنی کرمەکان، زۆنگ و زەلکاوەکان ویشک بکرێن.
 

بەشێک لە خیانەتەکانی بنەماڵەی بارزانی دژ بە گەلی کورد: 

١-مەلا مستەفا بۆ ڕازی کردنی تورکیا ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا؛ دوکتور شوان و سەعید ئالچی کوشت. دەیەی ١٩٦٠ز
٢- سەدیق ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری، سلێمان موعینی، خەلیل شەوباش و مەلاڕەحیمی وەرتێ لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە شێوازی جۆراوخۆر وەک تیرۆر و ئیعدام قوڕبانی کران؛ و دەیان شۆڕشگێڕی دیکە بە زیندویی ڕادەستی ساواکی ئێران کرانەوە کە زۆربەیان ئیعدام کران.دەیەی ١٩٦٠ز
٣- دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دروست کرا و بو بە جێگای هیوای کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوریش. بەڵام کاردانەوەی تورک و ئێرانی لێکەوت. لە ساڵی ١٩٧٦ لە ماڵی دوکتور عەبدوڵای مەولەوی لە ژێر چاوەدێری نوێنەری ساواکی ئێران و میتی تورک قیادەی موەقەتی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق دامەزرا.
دەوڵەتانی ئێران و تورکیا سەرکوتی بزوتنەوەی چەکداری کوردی سێ پارچەی ئێران، ئێراق و تورکیایان پێ سپارد. چەک و تفاقی باشیان پێدان و ڕەوانەی کێوەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێراق کران.
٤- یەکەمین گورزی قورسی قیادە موەقەت بەر یەکیەتی نیشتمانی کەوت و لە کارەساتی حەکاری ٧٠٠ پێشمەرگەی لە دەست دا و ڕێبەرانی ئەم کاروانەش( عەلی عەسکەری، دوکتور خالید و حسێن بابە شێخ) دوای تەسلیم بون و گیرانیان بە ئارپیچی ئیعدام کران(١٩٧٨)
٥- بارزانیەکان دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە داگیرکرانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کارامەترین هێزی میلیشایی ژێر فەرمانی ئێران ڕۆڵیان گێڕا و تەنانەت ٦٠٠ شەهیدیشیان دا.
٦- لە ساڵی ١٩٨١ بە پیلانی مەلا حەسەنی ورمێ، مەسعود و ئیدریس بارزانی جەنازەی مەلامستەفا لە گۆڕ دەرهێنرا و تاوانەکەیان خستە پاڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران.
ئەم تاکتیکە بو بە هۆی ئەوەی کە چەکدارەکانی قیادە موەقەت باوەڕ بەو سیناریۆیە بێنن و بە رقێکی قووڵ بکەونە شەڕ. بە جۆرێک تەنانەت لە ڕۆژێک‌دا لە دۆڵی بایزاوای شنۆیە ١١پێشمەرگەی کۆمەڵە و ٢٢ی حیزبی دێموکڕاتیان کوشت.
٧- هەتا ساڵی ١٩٨٣ بە هاوکاری سپا و ئەرتەشی ئێران توانیان ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ورمێ، شنۆ و خانێ تا ئاڵوەتانی سەردەشت پاکسازی بکەن.

٨- بنەماڵە دوای ڕاپەڕینی١٩٩١ی باشور کە لە سەر دەستی لایەنگرانی یەکیەتی پێکهات، لە کەرەج و راژانی ورمێ گەڕانەوە سەر سفرەی ئامادە.
لە گەڵ یەکیەتی پارلمان و حکومەتی٥٠/٥٠یان ڕاگەیاند. یەکەمین بڕیاری ئەم پارلمان و دەوڵەتە ڕاگەیاندنی شەڕی دژی پ ک ک لە ژێر چەتری دەوڵەتی تورک بو. لەم خیانەتە دا یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە پێچەانەی مێژووی خۆی کە پشتیوانی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکە بوە، بو بە پاشکۆی پارتی(١٩٩٢)
«ئەم ڕووداوە نیشانی دا کە دۆستایەتی بنەماڵەی بارزانی خەتەرناکترە لە دوشمنایەتیان»
٩- پارتی دێموکڕات لە ساڵی١٩٩٤ بە پیلانی ئێران،تورکیا و ئێراق شەڕی دژی یەکیەتی دەست پێکرد. دوای چوار ساڵ توانی بە هاوکاری هەوایی، زەوینی و پارە و چەک و تفاقی زۆری هەرسێ داگیرکەر سەرکەوتن بە دەست بێنێت. 
١٠- پارتی لە ساڵەکانی ٨-١٩٩٧ بە هاوکاری تورکیا شەڕێکی خوێناوی دیکەی بە سەر پ ک ک داسەپاند. بە ئۆپێراسیۆنی هاوبەش لە گەڵ سپای تورکیا دژی گریلاکانی پ ک ک قەناعەتیان نەکرد و تەنیا لە ڕۆژێ ١٦ی گوڵانی ١٩٩٧ زیاتر لە حەفتا کادری ڕۆژنامەوانی، دەرمانی و گریلای برینداری پ ک ک لە هەولێر کۆمەڵکوژ کران.
وێنەی بەشێک لە کادرانی پ ک ک کە لە هەولێر کۆمەڵکوژ کران ١٩٩٧

١١- قۆرغکردنی داهاتی باشوری کوردستان کە بە نەوت و گاز و گومرک و ... ساڵانە زیاتر لە ٢٠ میلیارد دۆڵار دەکات.
دوای ٣٠ ساڵ ژێرخانی ئابوری باشور بە تواوی داڕماوە و ٢٧ میلیارد دۆڵاریش قەرزدارن.
١٢- داسەپاندنی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی باشور بە پیلانی تورکیا بۆ نانەوەی ئاژاوە؛ تا تورکیا بتوانێ لەژێر بەهانەی پاراستنی گیانی تورکمانەکان باشوری کوردستان و موسڵ داگیر بکات و خەونی سەد ساڵەی میساقی میللی تورکی ١٩٢٠ بێنێتە دێ.
بە هۆی هێرشی سپای ئێراق و هەڵاتنی پێشمەرگە ناوچە جێناکۆکەکان زوو داگیر کران و تورکیا هەلی بۆ نەڕەخسا تا باکوری ئێراق داگیر بکات. لە هەمان کات دا ٥١٪ی خاکی باشور کەوتەوە دەستی دەوڵەتی ئێراق.
**********************
بۆ زانستی زیاتر لە سەر بنەماڵەی بارزانی دەتوانن کتێبەکەی دوکتور قاسملو و مەلا عەوڵای حەسەنزادە لەم لینکە دا بخوێننەەو: (خیانەتەکانی قیادە مووقەتە بە نەتەوەی کورد)
https://globalgovernment2012.blogspot.com/2014/12/blog-post.html

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە