تاوانی کوشتنی ووریا و میتۆدی مێژوویی

Saturday, 05.30.2020, 2:25

8167 بینراوە


پاش بڵاوکردنەوەی سێ بەشی بابەتێکم بەناوی (نەوشیروان مستەفا و کوشتنی شەهید ووریا) لە ماڵپەڕ و پەیجی کوردستان پۆست، لە پاڵ سوکایەتی پێکردن و کەف وکوڵی نەوشیروانپەرستی و جنێوە بازاڕییەکانی لایەنگرانی نەوشیروان مستەفا، چەندین کۆمێنتی هەمەجۆر کەوتنە سەر پەیجە جیاوازەکان کە زۆربەیان بریتی بوون لە بەڕەوا لەقەڵەمدانی تیرۆرکردنی کەسایەتییەکانی پارتی، ڕەوابوونی تیرۆرکردنی ووریا و ناوزەردکردنی بە جاسوس و خائین، تاوانبارکردنم بە درۆهەڵبەستن و بەکرێگیراوەیی و بێدەنگبوون لێی لە سەردەمانی ژیانی نەوشیروان و .... هتد.  پشتیوانیەکان و لە هەمانکاتدا ئەو بۆچوونە توندانە بەرامبەر قوربانییەکان و تاونبارکردنەکانم بوونە هەوێنی ئەوەی چەندین پرسیاری لۆژیکی ئاراستەی خۆم و بابەتەکە بکەمەوە. ئەو کاردانەوە جیاوازانە بە باشی و خراپیانەوە دەکرێت ببنە هۆکاری دەوڵەمەندکەردنی بابەتەکەم و گەڕان بەدوای لایەنە لاوازەکانی نووسینەکەم و پێشاندانی ئەو ڕووداوە بە شێوازێکی روونتر و بەهێزتر.
لەسەرتادا دەمەوێت دان بەوەدا بنێم کە گەلێك ئاستەمە تەواوی ڕاستییەکان وەك ڕۆژی رووناك بخرێنە روو. دەکرێت نەگەیشتن بە ڕاستیە موتڵەقەکان کۆمەڵێك هۆکاری دیار و شاراوە و تەنانەت زانستیانەی هەبێت. لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە شێوەیەکی گشتی پەنجە بۆ کۆمەڵێك بنەماکانی نووسینەوەی رووداوەکان و مێژوو ڕابکێشم. 

میتۆدی مێژوویی

میتۆدی مێژووی فێرمان دەکات، کە بۆ خستنە ڕوی ڕابردوی دوور و نزیك جا ئیتر هی هەر بوون و بوونەوەرێك، یان ڕووداوێك بێت لەسەر بنەمای سەرچاوە یان سەرچاوە جیاوازەکان و چۆنێتی دۆزینەوەی سەرچاوکان و شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ سەرچاوە هەمەچەشنەکان بێت. سەرچاوەکان دەتوانن مشتێك یان خەرمانێك لە ڕاستیەکانی ڕابردوت پێ بگەیەنن. بە شێوەیەکی گشتی سەرچاوەکان لە بوارە جیاوازەکاندا گەلێك لەیەکتری جیاوازن. سەرچاوەکان بۆ مێژووی مرۆڤایەتی وڵات یان ناوچەیەك و تاکەکان دەکرێت کۆمەڵێك شتی ماتەری بن. شوێنەوارەکان، پەیکەرەکان، ئێسك و پروسکی مردووەکان، تابلۆ، وێنە، فلیمەکان وسەرچاوە نوسراوە فەرمی و نافەرمیەکان، ئەرشیفەکان، نامەکان، بیۆگرافی و ئەوتۆبیۆگرافیەکان، چیرۆك و گێڕانەوە دەما و دەمیەکان و ...هتد، دەتوانن ببنە سەرچاوەی بنەڕەتی بۆ ڕوداوێك یان مێژوویەکی دیاریکراو. لە شیکردنەوەی هەندێك لەو جۆرە سەرچاوانەدا گەیشتنە ڕاستیەکان گەلێك ئاستەمە. بە تایبەتی لە باری بەدەست نەهاتنی پاشماوەی ماتەری کە ئامرازە تەکنیکی و کیمیاییەکان ڕۆڵی گرنگ لە پێشاندانی هەندێك لایەنی ئەو کەرەستانە و پاشان روداوەکان دەبینن. لەمڕۆماندا ئامرازە ئەلەکترۆنیەکانیش لەو بوارانەدا گەلێك سودمەندن. لەم نوسینەدا تەنها لەو سەرچاوانە دەدوێم کە پەیوەستن بە بابەتەکەوە.

وێنە و فلیمەکان

بۆ مێژوی تاکەکان و گەلان و ڕوداوەکانیان وێنە و فلیمە دۆکۆمێنتاریەکان وەکو سەرچاوە دەکرێت گەلێك سودمەند و لەهەمان کاتا دەکرێت گەلێك ئاڵۆز بن، بەو هۆیەوەی دەتوانرێت لە وێنە وفلیمە دۆکۆمێنتاریەکاندا تەزویر و دەسکاری کردنەکان و شێوزی دەرهێنانەکان ڕاستیەکان بشارنەوە و مانای تر ببەخشرێتە ڕوداوەکە و ئەو نرخە مێژووییەی نەمێنێت.
وێنەکان دەکرێت دەسکاری بکرێن و جۆرێك لە تەزویری تیا بەکار بهێنرێت. یەکیك لە ناسراوترین ئەو تەزویر و دەسکاریە مێژوییانە وێنەی سەرانی پارتی کۆمۆنیستی ڕوسیایە کە ستالین وێنەی ناکۆکەکانی (ترۆتسکی و بیژۆڤ)ی بە شێوازێك دەرهێناوە کە تەنها پسپۆرەکان و بینەری وێنە ئۆرژینێڵەکە دەتوانن هەستی پێ بکەن.


فلیمە بێدەنگە دۆکۆمێنتیەکان کە لە ساڵی 1927 وە وەکوسەرچاوە و بەڵگەی مێژوویی لە ئەوروپا بەکارهێنراون کێشەی گەورەیان ئەوەیە کە چۆن لە بزوتنەوەی ئەکتەرەکان تێبگەین و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ بکەین. فلیمە دەنگدارە دۆکۆمێنتیەکانیش لە 1950 وە وەکو سەرچاوە مێژوویەکان بە فراوانی بەکار دەهێنران و ڕونتر بون. بەڵام هەردو فلیمە بێدەنگ و دەنگدارەکان، بەهاوبەشی کێشەی ئەوەیان هەیە کە هەمیشە ڕوبەڕوی چەندین پرسیاری گوماناوی دەبنەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە مۆنتاژ کردن؛ ئایا دەرهێنەر هەندێك لەو هەڵبژاردنانە و ئەو سیناریۆیانەی بۆ چەواشەکردن زەقتر نەکردۆتەوە؟ ئایا زۆر سیناریۆی تر کە بۆ کەس و لایەنی تر جێگەی گرنگین پشتگوێ نەخراون؟ یان بە خێرایی گوزەریان پێ نەکراوە؟ ئایا دەرهێنەر و پێکهێنەری ئەم سەرچاوانە مەبەستی تایبەتی یان ئایدۆلۆژی یان حیزبایەتیان لە بیرا نەبووە و بەو مەبەستانەوە کاریان نەکردووە؟ لە پاڵ ئەم پرسیارانەش لە تەواوی سودوەرگرتن لە سەرچاوە و بەڵگەکان ڕێکەوت و پێویست (الصدفة و الضرورة) کاریگەری خۆیان گێڕاوە و دەگێڕن.
تاکو ئێرە دوان و پێناسەیە لەو ئامراز و سەرچاوانەی لە هەلومەرجی شاخ وپێشمەرگە و لە هەلومەرجێکدا کە ئامێرەکانی وەکو کامێرا و ئامێری فلیمگیری دەگمەن بوبێت. ئەگەر کامێرای وێنەو فلیمگیریش لێرە و لەوێ هەبوبێت تەنها بەدەست بەرپرسان و کەسانی دەسڕۆیشتووە بون. هێرۆی برایم ئەحمەد یەکێك بو لەوانەی بە کامێرەکەیەوە، لە هەر سەردان و گەڕانەوەیەکی لە ئەوروپاوە بۆ شاخ، وەکو کامێرەوانێکی دەگمەن نمایش دەبو. هێرۆ لە هەرشوێنێك بوایە زیاتربە کامێرەکەی شانیەوە دەناسرایەوە کە خانمی یەکەمی شاخە نەك هیچ ڕۆڵ و کاریگەریەکی تری. لە دەگمەنبونێکی ئاوای کامێراو بە تایبەتی کامێرای فلیمگیری کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە نەك ئاستەم بەڵکو مەحاڵ بووە کە دیمەنێکی نەخوازراو یان تاوانێکی سەرانی دەسەڵاتداری شاخ تۆماری فلیمکاری کرابێت یان وێنەی گیردرابێت و ببێتە بەڵگەی تاوان یان هەر کارێکی نەخوازراو بۆ پێشاندانی خەڵك و ڕای گشتی لەو سەردەمە و لەمڕۆماندا.

سەرچاوە نوسراوەکان

سەرچاوە نوسراوەکان دەکرێت لە گەلێك بواری فراواندا بن. لێرەدا پەنجە تەنها بۆ گرنگترینیان ڕادەکێشم. نامە و فەرمان و بیرەوەرییەکان کە دەکرێت بکرێنە بەڵگە بۆ ڕوداوەکان. بەڵام ئایا نوسینی کێ و بۆ کێ و بیرەوەریەکانی کێ؟ لە چوارچیوەی باسەکەمدا ئەوسەرچاوانە بریتین لە نوسینی دەسەڵاتدار و فەرماندەر بۆ جێبەجێکەر. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە؛ ئایا ئەوانە کە خۆیان بەئاگان لەوەی کە ئەو کارەی پێی هەڵدەستن تاوانە، هێندە بە ئاسانی نوسینەکانیان دەخەنە بەردەستی کەسانێك کە جێگەی ممتمانەی موتڵەقیان نەبن و پێشتر لە چەندین تاوانی تریان نەگلاندبێت؟ بەدەست هێنانی ئەو نوسینانە و ئەرشیف کردنیان تەنها خەیاڵی کەسان و نەوەیەکە کە لەو سەردەمە یان لە ڕوداوەکان بەدور و بێئاگا بون. وەکو ئەندامێکی دێرینی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە، زۆر بە ئاگا لە شێوازی نامە گۆڕینەوەکان دەتوانم بدوێم. یەکێك لە ئەرکە سەرەکیەکانمان لەو بوارەدا ئەوە بوو کە سەرجەم نامەکان جا چەندە نهێنی و گرنگ یان کەمتر نهێنی و گرنگ بونایە بە شێوازی سێگۆشە یان چوارگۆشە بە بچوکترین قەوارە بپێچینەوە، بەو مەبەستەی لە کاتی گوێزانەوەیدا و کاتێك توشی مەترسی گرتن بهاتینایە بۆ شاردنەوەی یان فڕێدانی یان قوتدانی ئاسان لەدەست بونایە. دەبوایە پاش خوێندنەوەی نامەکان بەزوترین کات بسوتێنرایە و هێشتنەوەیان بە بێ هۆکارێکی زۆر پێویست و ڕێگاپێنەدراو دەبوایە جێگای گومان لێمان و سزادانمان. نەخوازەڵا ئەو کارانەی کە پەیوەست بون بە ئیغتیالاتەکانەوە. جا ئەگەر نوسراو یان نامەیەك بۆ ئیغتیالاتی لایەنگرانی پارتەکانی تر جێگەی شانازی و هاندان نەبونایە و لەدوای ئەنجام دانیەوە لە ئیستگەی ڕادیۆدا وەکو هەواڵێك دژ بە دەسەڵاتی بەعس بڵاوبکرایەتەوە، ئەوا بێگومان زۆر زیاتر بە نهێنی و قایمکاریەوە گوێزراونەتەوە و لەناوبراون.
جێگەی سەرسوڕمانە سەرباری تەواوی ئەو هەلومەرجی خۆپارێزی و قایمکاریانە و لەناوبردنی خێرای بەڵگەکانیش ڕەنگە بەهۆی کەمتەرخەمی و پەیوەست نەبون بە پرنسیپە ڕێکخراوەییە توندەکانی ئەو سەردەمەی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە، یان بە دەستی ئانقەست و بۆ مەبەستێکی دیاریکراو هێشتا چەندین نامە و فەرمانی هەستیاری کۆمەڵە کەوتونەتە بەر دەست خوێنەران و ڕای گشتی و لە سەردەمانێکدا لە گۆڤاری (لڤین) دا بڵاوکراوەتەوە. 
تەواوی ئەو نامانەی خوارەوە لە لایەن سەرکردایەتی ناوخۆی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە نێردراوە، کە نەوشیروان مستەفا بەرپرسی ئەو سەردەمەی کۆمەڵە بوو. نامەی یەکەم؛ بە بەرواری ٩/٧/١٩٨١، داوکاری ئێعدام کردنی سدیق ئەفەندیە. نامەی دوهەم؛ بە بەرواری ٩/٩/١٩٨١، داواکاری ئیعدام کردنی فایەقە ڕەش و عەبدولی سوران و نوری حەمە عەلیە.

سەرکردایەتی ناوخۆ هەرگیز ئەو سەڵاحیەتەی نەبو بە بێ فەرمانی ناوەندی کۆمەڵە بڕیاری لەو تاوانە یان وەك لەو سەردەمانەدا کوێرانە ناومان دەنا ''چالاکیە شۆڕشگێریە'' مەترسیدارانە بدات. ئایا ئەگەر نەوشیروان مستەفا هیچ ئاگاداریەکی لەو تاوانانە نەبوبێت دەبێ کێ لێپرسراوی ئەخلاقی ئەو تاوانانە بگرێتە خۆی لە کاتێکدا لەلایەن ڕێکخراوەکەی ئەوەوە ئەنجام درابێت؟ ئەگەر ناوبراو لێی بێئاگابوو بۆچی نزیکەی 35 ساڵ بێدەنگی هەڵبژارد و نە خۆی و نە کۆمەڵە و نە ''چەترە گەورەکە'' یەکێتی، کە نەوشیروانی لە ژێردا بو هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەسەر تاوانبارکردنیان نەدا. ئەو چەترەی پاشان بەجێیان هێشت بە ناوی گۆڕانەوە. ئەو گۆڕانەی باشترین و دڵسۆزترین و ناڕازیترین لە لاوانی هەرێمەکەی بەلای خۆیدا برد، بەڵام تەنها ڕۆحی شۆڕشگێری و ناڕەزاییەکانی ئەوانیان پێ کپکردەوە و لەبار برد و بەرەو بێهیواییانی برد و خۆشیان خەوی هێنانەدی ئیمتیازات و پۆستەکانیان هاتە دی. بۆچی وەکو بزوتنەوەی گۆڕان هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەو بارەیەوە بۆ ڕای گشتی نەدا؟ ئەگەرئەو لایەنگران یان کارگێڕانەی پارتی مستەحەقی کوشتن بون بە تۆمەتی خیانەت و کارکردنی لە ژێرەوەیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەعس ئیتر بۆ بە ئاشکرا بانگەواز نەکرێت و بۆچی ''چالاکیەکی شۆڕشگێڕانەی'' ئاوا بەشانازیەوە لەو سەردەمەدا کە جێگای تێگەیشتنی زۆربەی خەڵکی کوردستان دەبو دانی پیا نەدەنرا؟. چ پێویستیەك بو لە ڕێگای ئیستگەکەی ناوزەنگەوە بخرێتە پاڵ ڕژێمی بەعس؟ هەمان ئەو پرسیارانەش سەبارەت بە شەهید ووریا و پرسیارگەلێکی تریش دوبارە دەبنەوە.
سەرباری داننان بە ڕاستیەکاندا لەلایەن شەهید ووریا، کە ئەو هەستاوە بەو تاوانانە بۆچی یەکێتی ئەوسەردەمە و نەوشیروان هیچ وەڵامیان نەبو؟ بۆچی هیچ لێکدانەوە و وەڵامێکیان نیە بۆ ئەو نوسراوەی کە داواکارە لە شەهید ووریا پەیوەندی بەهاوڕێ بایزەوە بپچڕێت و لەمەو بەر ئەو هەستێت بە تەواوی کارێکی ئیغتیالاتی ئەو سەردەمە کە لە نوسینەکاندا ڕازێنراوەتەوە بە '' کاری شۆڕشگێڕی'' ؟ وەك ئەوەی لەم نوسراوەی خوارەوەدا دەڵێت :( بڕیارمان دا پەیوەندیتان بپچڕین لە هاوڕێ بایز لەمەودوا بە هیچ جۆرێك و بە هیچ کارێکی پێشمەرگایەتی پەیوەندی پێوە ناکەن ، بۆیە دەبێت زۆر ژیرانە هاوڕێ (ووریا) خۆی لە هاوڕێ بایز دوربخاتەوە، ئێمەش لە لایەن خۆمانەوە ئاگاداری هاوڕێ بایز دەکەین کە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە هاوڕێ ووریاوە نەکات.
٢) دەستەکەی ئێوەش لەمەودوا دەبنە مەفرەزەی کۆمیتەی سەرکردایەتی ڕێکخستنی ناوخۆ هەموو فەرمانێك ڕاستە و خۆ لە کۆمیتەی سەرکردایەتیەوە وەردەگرن بە نامەی تایبەتی. )
لە نامەکەدا وا پێدەچێت ئەو بایز ناوە کە ناوی نهێنی بووە ئامادەی بە ئەنجام گەیاندنی ئەو تاوانانەی نەبوبێت بۆیە گۆشەگیرکراوە و ووریا جێگای گرتۆتەوە.

لە زۆربەی کۆمێنتەکانا لایەنگرانی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بە تایبەتی نەوەی نوێ کە سادەیی و خۆشباوەڕیان جێگای بەزەییە، بێئاگان لە تاوان و ڕوداوەکانی ڕابردو داواکاری ئەوەن کە بەڵگەی پێویست بخرێتە بەردەم خوێنەران. خۆشبەختانە ئەم بەڵگە نوسراوانە بونیان هەیە و ئەوەش ڕەنگە تەنها ڕێکەوت بوبێت کە ئەم بەڵگانەی هێشتبێتەوە. گەرچی مانەوەی ئەم چەند لاپەڕەیە بۆ من جێگەی سەرسوڕمانە کە بەڵگەی ئەنجامدانی تاوانەکانە و داواکاری جێبەجێکردنیەتی، لە بەڵگەکاندا تاقە ناوێکی تایبەتی و تەنانەت نهێنی نێردەر و فەرماندەری لەسەر نیە. ئەمەش ئەو ڕاستیە دەخاتە ڕو کە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکان بەرامبەر بەیەکتری لە نێوان چەتەکانی پارتی و یەکێتی بەرامبەر لایەنگرانی یەکتری ئیتر تاوانبار بوبن یان بێتاوان، خاوەندی ڕابرد و تاقیکردنەوەیەکی دەوڵەمەند و دێرینن. لەم حاڵەتەیاندا یەکێتی و کۆمەڵە بەرامبەر کەسایەتیەکانی پارتی.
ئایا ئەگەر ئەم چەند لاپەڕەیە وەکو بەڵگە و سەرچاوە لەبەردەستا نەبونایە ئیتر دەبوایە واز لە سەرجەم تاوانێکی سیاسی مافیا ئاساییانەی ڕابردو بهێنین؟ ئەگەر دادگاکانی دونیا بەو شێوازە داواکراوە کە بەڵگەکان تەنها دەبێت نوسراوە بن کاریان بکردایە ئەوا دور نیە مەزەندە بکرێت لە نێوان هەزار تاوانبارانی دونیا تەنها یەك تاوانبار بخرێتە چواردیواری زیندانەکانەوە. بۆیە ئەگەر نوسینەکانیش لەبەردەستا نەبونایە ئەو گێڕانەوانەی، نەوشیروان پەرستەکان ناوی دەنێن (ووتی ووتی) بە دڵنییەوە دەتوانن ببنە سەرچاوە و بەڵگە بەسەر تاوانەکەی نەوشیروان و تاوانەکانی سەرانی هەردو بنەماڵەی پارتی و یەکێتی و نەوشیروانیش.

ووتی ووتی یان سەرچاوەکانی گێڕانەوەی دەماو دەم؟

لەگەڵ دابەزینی بابەتەکەم ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەران و زۆربەیان لە ڕۆحی تاکپەرستیانەوە بە شێوازی نالەبار و هەندێکیش بە شێوازی ئاسایی و بە بێ بەکارهێنانی ووشەی ناپەسەند، وایان دەردەبڕی کە "ووتی ووتی" جێگەی باوەڕ نیە و ناکرێت پشتی پی ببەسترێت.
لە وەڵامدا بە ڕاشکاوەییەوە وەڵام دەدەمەوە و دەڵێم بە پێچەوانەوە سەرچاوەکانی گێڕانەوەی دەما و دەم یان ''ووتی ووتی'' دەکرێت جۆرێکی بنەڕەتی و هەندێك جار سەرەکی بن، بۆ خستنە روی ڕاستیەکان و داڕشتنەوەی مێژوی کەس و ڕوداوەکان. ووتی ووتی ناکرێت تێکەڵ بکرێت بە "قسەڵۆك " گەرچی بەداخەوە لە زمانی کوردیدا زۆرجار تێکەڵ بەیەك کراون. ووتی ووتی بریتیە لەو باسانەی دەکەونە سەر دەمی خەڵکانێکی زۆر و لەم دەم بۆ ئەو دەم دەگوێزرێتەوە و سەرباری کەم کردنەوەی یان زیادکردنی شتێکی دروستکراو نیە و ناوەرۆکێکی ڕاستەقینەی هەیە. ئەگەرچی فۆڕمی زاراوەکە و شێوازی ئاوازی دەربڕینەکە (ئینتۆناسی) لە بەهای کەمتر دەکەنەوە. بە پێچەوانەی ووتی ووتی. قسە و قسەڵۆك، دەکرێت شێوازێك بێت لە گەشتی بوختانێك بەسەر دەمی خەڵکانێکەوە کە هیچ بنچینەیەکی ڕاستیان نەبێت و تەنها بۆ ڕسواکردن یان بوختان دانە پاڵی کەسێك یان کەسانێکی دیاریکراو بێت. لە کۆمەڵگای کوردیدا زیاتر ئەو بابەتانە دەکرێنە قسەو قسەڵۆك کە پەیوەست بن بە کاری ناڕەوشتکارانە بە مانای تێڕوانینە کۆمەڵایەتیەکە لێی.
تەواوی گێرانەوەکان بە هۆی کات بەسەردا تێپەڕین گۆڕانکاری کەم تا زۆر، بنەڕەتی یان نابنەڕەتیان بەسەردا دێت کە هەندێ جار ڕاستیەکان دەشێوێنێت یان ڕاستیەکان فۆرم و شێوازێکی تر وەردەگرن.
سەبارەت بە یەکێك لە لایەنەکانی تاوانەکەی نەوشیروان مستەفا بە چەندین شێواز باسکراوە و داڕشتنەکان جیاوازن و ئەمەش ئەنجامی گێڕانەوەی دەما و دەم و ووتی ووتیە بە بنەماکانە.

یەکەم؛

هەڤاڵ کوێستانی لە بیرەوەریەکانیا وەکو شایەتێك لە دانپیانانەکەی نەوشیروان بەناوی ( ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هی هەموان بوو) لاپەڕەی ٩٢ و ٩٣ دا بەم شێوەیەی خوارەوە لە نەوشروان مستەفا دەدوێت. تەنها 14 ووشەی نەوشیروان مستەفا لەبەر دەم کەسوکاری ووریا بەسە بۆ ئەوەی کە لە سادەترین گوێبیست بگەیەنێت ئەگەر فەرماندەری ئەو تاوانەش نەبوبێت، ئەوا پشتیوانی سەد لە سەدی بووە. کاتێکیش سەرۆکی کۆمەڵە و کەسی دوهەمی ناو یەکێتی پشتیوانی تاوانێك یان کردارێك یان هەڵوێستێك بێت ئاستەمە کە بڕیاردەر و فەرماندەر نەبوبێت بۆ ئەو تاوانە یان ئاوا تێێ نەڕوانرێت. ئەگەر بڕیار دەری ڕاستەوخۆش نەبوبێت ئەوا پشتیوانی و پێگەکەی دەیکاتە بەشداری سەرەکی لەو تاوانەدا.
(کلیکی بەرگی کتێبەکەی هەڤاڵ کوێستانی بکە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە)

ئیسماعیل حەمە ئەمین سەبارە بە بیرەوەریەکانی هەڤاڵ کوێستانی، لە نوسینێکیا لە (کولتور مەگەزین) دا بە ناوی ( هەڤاڵ کوێستانی و ئاوتۆبایۆگرافیایەکی شەرمن) شەهید ووریا وەکو نمونەیەك دەهێنێتەوە و سەبارەت بە نوسینەوەی ڕوداوەکان لە لایەن کوێستانیەوە بە گشتی دەڵێت:(یان لە ڕوداوێك باس نەکەین یان کە باسکرا باز هەڵنەدرێت بەسەر جومگە سەرەکیەکانا). کاك ئیسماعیل لە زۆر لایەنی ئەو تاوانە دواوە و لە سەرەتا و لە دوا ئەنجامدا لە شەرمنی و بازهەڵدان دەدوێت بەسەر جومگە سەرەکیانا لە لایەن کوێستانیەوە کە یەکێك لە جومگە سەرەکیەکان تەور وەشاندنەکەی جەبار فەرمان بووە. ئەگەر کوێستانی بەسەر ئەوەدا بازیدابێت جێگای ڕەخنە و سەرنج نیە کە کاك ئیسماعیل بە پێویستی نەزانیبێت لە فڕینی هەڤاڵ کوێستانی بدوێت بەسەر ووردەکاریەکانی دەستی نەوشیروان لەو تاوانەدا. 

http://cultureproject.org.uk/kurdish/kuestane-and-ismail-book-review/

دوهەم؛

ئاشتی برایم ئەفەندی وەك ژنە پێشمەرگەیەکی دێرین لە نوسینەکەیدا دەڵێت:
(دواتر باوکی وریا چوو بۆ ناوچەکانی خۆشناوەتی بۆ دیتنی نەوشیروان مستەفا ئەمین. پرسیاری شوێنی کوڕەکەی کرد بوو. بەڵام وەڵامی نەوشیروان ئەوە بوو'' کە ئەو ئاگای لەو نییە. زانیاری نییە دەربارەی ئەوەی کە وریا لە کوێیە. پێێ ڕاگەیاند بوو کە بچێت بۆ لای تاڵەبانی لە گوندی یاخسەمەر لە دۆڵی جافایەتی)
ئەمەیان جگە لە تاوانەکە ئەو ڕاستیەی نەوشیروان زەقتر دەکاتەوە کە سەرباری ئەوەی بەرپرسی بەهێزترین ڕێکخراوی ناو یەکێتی بووە، کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان، و قوربانیەکە واتە ووریا بە هەر هۆکارێکەوە بوبێت ئەندامێکی کۆمەڵە بووە . بەڵام لەبری بە ئاگایی زیاتری خۆی و لەبری بەدوادا چونی تاوانەکە وەك ئەوەی مێش میوانی نەبوبێت، باوکی ووریای لە کۆڵ خۆی کردۆتەوە و ناردویەتی بۆ لای جەلال تاڵەبانی .ئەمەش جگە لە خۆدزینەوەی نەوشیروان لە ڕوبەڕوبونەوەی تاوانەکەی خۆی ناکرێ بە هێج شتێکی تر لەقەڵەم بدرێت.
ئەگەرچی بابەتی ئەم باسە نیە بەڵام ئەم کردارە لە ئاستی ئەندامێکی کۆمەڵەدا ( ئەگەر ئەویش بکوژەکەی نەبوایە ) شتێك نیە جگە لە بچوك نیشاندانی هەمیشەیی تەواوی سەرانی کۆمەڵەو تەنانەت کەسی دوهەمی شاخ بۆ تاڵەبانی.  (بڕوانە هەمان سەرچاوە لەو لینکەی سەرەوە) 

سێهەم؛

لە کۆمێنتێکدا بۆ نوسینەکەی ئاشتی برایم ئەفەندی (کەریم کەرکوکی) ناوێك نوسیویەتی؛(لە بیرت نەچێ کە نەوشیروان بە دەنگی بەرز لە کۆنفرانسی ٣ی کۆمەڵەی ڕەنجدەران ووتی ؛ ئەگەر ئێستا ووریا زیندوبێتەوە ئەوە هەر ئێستا بە شەق ئەچمە سەری و ئەیتۆپێنمەوە، هیچ کەسێك لە ئەندامانی کۆنفرانس نەیانوێرا بڵێن جق) . من لەو کۆنفرانسەدا نەبوم و یەکێك لە هۆکارەکانی هەڵنەبژاردنی من بۆ کۆنفرانسی ٣ بابەتی نوسینێکی تایبەتە، بۆیە لێرەدا لێی دەگەڕێم. بەڵام هەندێك لە هاوڕێیانم لەو کۆنفرانسەدا بەشدار بون. مەخابن ئەمڕۆ هەندێکیان بە هۆی نەوشیروان پەرستیانەوە پرسیاری ڕاستی ئەو قسەیە لێیان، ئاسنی سارد کوتانە. هەندێکیشیان بەهۆی وابەستەیی و بەرژەوەندیان بە سەرانی ئەمڕۆی یەکێتیەوە بە خۆ بچوککردنەوەی دەزانم پەیوەندیان پیوە بکەمەوە و وەکو هاوڕێیانی دێرین مامەڵەیان بکەم و ڕاستی و ناڕاستی ئەو دەربڕینەیان لی بپرسم. لە لایەکی تریشەوە بە هۆی ڕق و دژایەتی بەرژەوەندخوازیان دژ بە نەوشیروان، دور نیە ڕاستیەکان بەلاڕێدا ببەن و زۆر زیاتریشی بخەنە سەر. بۆیە ناچارم لە هەردو بەرەکە بگەڕێم و تەنها تێڕوانین و لێکدانەوەم بۆ ئەو شێوازی دوانەی نەوشیروان بێت، ئەو شێوازی دەربڕینی هێستریایی و سادیستیانەیە بەسە بۆ ئەوەی کۆمێنتەکە جێگای بڕوام بێت.
ئەوەی تاقە ڕۆژێك نەوشیروانی ناسیبێت ناتوانێت نکۆڵی لەو تایبەتمەندیانەی دوانەکانی بکات. لە کۆنفراسی 3 ی کۆمەڵە تەنها یەك کەس کە لەشارەوە چوبو، دەمامکی بەستبو، توانیبوی هاوارێکی ناڕەزایی لێ بەرز بێتەوە، ئەویش دکتۆر نەورۆز بو، ناوبراو یەکێك بوو لە لێپرسراوانی دێرینم. پاش زیاتر لە کاتژمێرێك دوانی تاڵەبانی، دکتۆر نەورۆز لە تەحەمولیا نامێنێت و وەکو ناڕەزایی هەلدەستیتە سەرپێ و بە بەرزکردنی مشتەکۆڵەی شۆڕشگێریەوە چەندین جار بەدوای یەکدا هاورا دەکات (بژی کۆمەڵەی ڕنجدەرانی کوردستان)، وەکو پەیامێك کە بە تاڵەبانی بڵێت ئیمە ئاراستەیەکین و تۆش ئاراستەیەکی تر، ئیتر بەس زۆربڵێی بکە لە کۆنفرانسەکەمانا و دەمو فڵقت داخە و لە کۆڵمان بەرەوە. جەلال تاڵەبانیش بە گاڵتەجاڕیەك و بە کەمڕوانین لە پەیامە ڕەواکەی دەڵی: باشە، باشە،باشە!. دانیشە، دانیشە!. ئێ با بژی... بژی کاکە ... با بژی ...بۆ نەژی؟. تەنها ئەم نمونەیە بەسە کە کۆمێنتەکەی (کەریم کەرکوکی) جێی بڕوا بێت و نەك لە ئاستی نەوشیروان کە بەرپرسی کۆمەڵە بو تەنانەت لە ئاستی تاڵەبانیشدا کە میوانی کۆنفرانسەکە بو تاقە ئەندامێکی کۆمەڵە نەیتوانیبو بڵێ (جق).

چوارهەم؛

وەك ئەوەی من نوسیومە لە دەمی بەختیارەوە ئەوەیە کە پێی ڕاگەیاندم لە سەردانی باوکی شەهید ووریا بۆ لای نەوشیروان (گوایە نەوشیروان مستەفا سەرەتا نکۆڵی لە ئاگادار بونی لە کوشتنی شەهید ووریا دەکات، بەڵام پاش ناڕەزایی و توندی باوکی ووریا بەرامبەری، پێی دەڵێت خەڵکانی خائین مستەحەقی کوشتنن و ئەگەر زیندوش ببنەوە دوبارە دەکوژرێنەوە) لێرەدا دەبینین نکۆڵی لە بە ئاگایی خۆی دەکات لە کوشتنی ووریا، بەڵام پاش ئەوەی وەك هەمیشە هەڵدەچیت، کوشتنەکەی بە ڕەوا دەزانێت ئەگەرچی لە شانی کەسی سێهەمی دەسوێنێت، (دەکوژرێتەوە نەك دەیکوژمەوە).

پێنجەم؛

هاوڕێیەکی تری ڕێکخستنەکانی ناوشارم بۆی باسکردم کە نەوشیروان نکۆڵی نەکردووە و بە باوکی ووریای وتووە ( ئەگەر لە گۆڕیش زیندو بێتەوە دوبارە بە سزای گەلی دەگەیەنمەوە). لێرەدا دانپیانانێکی ڕاستەوخۆیە.

شەشەم؛

لەپاڵ ئەمانەدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا چەدین کەسایەتی تر لەو تاوانە دواون، هەمویان شەرمنانە یان بە حەزەرەوە خۆ بەدوردەگرن لەوەی پەنجە بۆ نەوشیروان مستەفا ڕابکێشن لە کاتێکدا ناڕاستەوخۆ هەر گوێبیستێكی بەرنامەکە تێدەگات کە باس لە نەوشیروان مستەفایە . لەوانەش مەلا بەختیار، فایەق گوڵپی، حاکم فەرهاد، فوئادی مەجید میسری .

حەوتەم؛
لە دوانێکی ناو پاڵتاك پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتی بە بێ ئەوەی ناوی بزانرێت زۆر ڕاشاوانە باسی ئەو تیرۆرەی نەوشیروان مستەفا دەکات.

ئایا کام سەرچاوە یان کام ووتی ووتیە ڕاستە؟ تەوای ووتی ووتیەکان بەگشتی یەك ناوەرۆکیان هەیە و ئەگەرچی ووتەکانی هەمومان ئەم دەست و ئەو دەست پێکراوە، بەڵام ئایا هیچیان دەبنە بەڵگە بۆ پاکردنەوەی نەوشیروان لە تاوانەکە؟ ئەمە تاقە نمونەیەکە کە پێشانی دەدات زۆرجار گێڕانەوەکان یان وەکو ناڕازیەکان ناوی دەنێن ووتی ووتی دەما و دەم و بە هۆی تێپەڕینی کات و سەردەمەوە شێوازیان دەگۆڕدرێت بەڵام ناوەرۆك و ڕاستیەکان وون ناکەن.
گێڕانەوەکان لە تەواوی مێژووی مرۆڤایەتی و نەتەوەکەمان دەکرێت زۆر بە گرنگیەوە تێی بڕوانین. ئایا ڕوداوەکانی سەردەمانی شێخ سەعید و شێخ مەحمود و قازی محەمەد و مستەفا بارزانی و تاڵەبانی و شەهید ئارام و قاسملۆ و و مەسعود بارزانی و نەوشیروان و ...هتد زۆربەی زۆری بە باش و خراپەوە لە ڕێگای گێڕانەوەوە نەبون؟ کێ هەیە لە چەند وێنەیەك زیاتر شەڕی بەردەرکی سەرای لەبەردەستا بێت و تەنها لەو ڕێگایەوە بەرز بینرخێنێت؟ ئایا تەنها پشت بە گێڕانەوەکان و پاشان نوسینەوەیان نەبەستراوە؟
دەکرێت گێڕانەوەکان لە لایەن ناحەزانی کەسانێك و دژەکانیانەوە بە قەبەکاریەوە بگێڕدرێتەوە، بەڵام ئایا دەکرێت لەبەر خاتر و میزاجی لایەنگرانی ئیتر جێگەی باوەڕمان نەبێت و تەنها بە ووتی ووتی بێنرخی بکەین؟ ئەگەر تاوان و ڕوداوە نەخوازراوەکان لە لایەن تاکێکی دژ بە مەسەلە و کردار و ڕوداوە نەخوازراوەکە نەگێڕدرێتەوە و نەخرێتە سەر کاغەز ئەوا بە دڵنیاییەوە هەرگیز لایەنگران و پشتیوانانی ئەو کردارە لە ئاستی ئەو تاوانە دەم ناکەنەوە، نەخوازەڵا خستنیە سەر کاغەز.
بە دڵنیاییەوە گێڕانەوەکان کاتێك دەبنە جێی بڕاوی موتڵەق و قسەلەسەر نەکراو، کە خاوەندی گێڕانەوەکە یان نوسەری باسەکە وەکو ستایش و بەرزنرخاندنێك لە کردار و خاوەن کردارەکە بڕوانێت و پشتیوانی بێ قەید و شەرتی خاوەن کردارەکە و کردارەکانی بێت. بەڵام ئەوە گەلێك دەگمەنە ئەگەرچی مەحاڵ نیە، شتێکی ئاوا پەیوەستە بە سەردەم و شوێن و بیرکردنەوەی ئەو سەردەمانە بۆ ڕوداوەکان و ڕۆڵی گەورە دەگێڕێن. بۆ یەکەمین جار ژیان و ڕوداوەکانی پێغەمبەری ئیسلام لە لایەن بن ئیسحاق پاش ١٥٠ ساڵ لە مردنی پێغەمبەر نوسراوەتەوە و تا ئێستاش بە یەکێك لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان دادەنرێت و لە کۆلێژی ڕۆژهەڵاتناسی و ئیسلامناسیەکانی ئەوروپا نرخی تایبەتی خۆی هەیە. لە یەکێك لە گێڕانەوەکانی بن ئیسحاق بە شانازیەوە باس لە کارەساتی سەربڕینی زیاتر لە ٧٠٠ جولەکەیە لە ناوەندی بازاڕی مەدینەدا بە فەرمانی پێغەمبەری ئیسلام. ئەمە نمونەیەکی ڕونە بۆ ئەو گریمانەی کە باشترین بەڵگەی مێژوویی لە لایەن لەیەنگرانتەوە و شانازی پێوکردنی جێی باوەڕە. بەڵام ئەگەر بن ئیسحاق زیندوکەینەوە ئاستەمە بە ئەقڵی ئەم سەردەمەوە بە شانازیەوە ئەو ڕوداوە بگێڕێتەوە یان بنوسێتەوە. نە ئەمڕۆ و نە ٣٦ ساڵ لەوەوبەریش لە سەردەمێکی وادا نەبوین کە بن ئیسحاقەکانی نەوشیروان مستەفا کردارێکی ئاوا جێگای شانازیان بوبێت و ئەمڕۆ بە شانازیەوە لێی بدوێن یان بینوسنەوە؟! لەبەرئەوەی ئەوانیش پێی شەرمەزارن، بۆیە لە خەیاڵی ئەوەدا دەژین کە ئەو ڕوداوە و ئەو مێژووە و هاوشێوەکانی بۆ هەمیشە بسڕدرێتەوە. بۆیە خستنە ڕوی ئەو ڕوداوانە جێگای سەرسوڕمان نیە کە تەنها لە کەسانێك دەوەشێتەوە کە بێلایەنن یان لایەنگری ئەوانەن کە دژ بە نەوشیروان و ڕەفتار و تاوانەکانی بون.
گێڕانەوەکان وەکو تۆپە بەفری وان تا گل بکرێنەوە بەفراوی تر دەبن بەڵام ناوەرۆکیان لەدەست نادەن و کەم تا زۆر ڕاستیەکانیان تیا دەمێنێتەوە. گێرانەوەکان تەنها کاتێك دەبنە قسەڵۆك کە ڕاکردن بێت لە ڕاستیەکان، دەنا زۆربەی ڕاستیە مێژوییەکان یان لایەنی زۆر تا کەمی ڕوداوەکان بە گێڕانەوە و ووتی ووتی پیمان گەیشتون و پێمان دەگەن.
ڕاستە پێویستە بەرامبەر زۆر لە گێڕانەوە و نوسین و سەرجەم سەرچاوەکان بە گومان و ڕەخنەگر بین نەك رەشبین بین و بیخەینە لاوە. پێویستە خۆمان لە ڕەشبینی بێبنەما بپارێزین و سود مەند بین لە شێوازی کاری لێکۆڵینەوەکان. یەکێك لەوانە دەزگاکانی لێکۆڵینەوەیە لە تاوانەکان و دادوەر لە پاڵ گێڕانەوە و شایەتیەکانا بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی ڕوداوەکان. لەو دەزگایانەشدا هۆکار و پاڵنەرەکانیش (مۆتیڤ) بۆ ئەو ڕوداوانە بە خاڵێکی گرنگ و هەندێك جار سەرەکی وەردەگیردرێن.
مۆتیڤی تاوانەکان بەڕادەیەك کاریگەرن کە لە یەکێك لە بەناوبانگترین بڕیاری دادگایی بە لجیکا کە بە Parachute Murder (بکوژی پەرەشوت) ناسرابو پاش دادگایی و لێکۆڵینەوەی ٤ساڵ، ٣٠ ساڵ حوکمی زیندانی بەسەر ژنێکی تاونباردا درا (دوو ژنی خاوەند هۆبی پەڕەشوت لەیەك کلوب دا هەردوکیان پەیوەندیان بە پیاوێکەوە هەبو یەکێکیان لە پەرەشوتی ئەوی تریاندا تێکدانێکی تەکنیکی کردبو بۆ ئەوەی لە کاتی خۆفڕێدانا نەکرێتەوە و لە ناوچێت و خۆی تەنها لەگەڵ پیاوەکەدا بمێنێتەوە. قوربانیەکە پەڕەشوتەکەی پێ نەکرایەوە و لە چوار هەزار مەترەوە کەوتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی هات). ئەم بڕیارەی دادگا بە بێ هیچ بەڵگەیەکی نوسراوە و بە بێ هیچ گێڕانەوە و شایەتێك درا. ئەمە تەنها نمونەیەکە بۆ گرنگی مۆتیڤ لە ئەنجامدانی تاوانەکانا.
پاش دەرکەوتنی ڕاستیەکی زۆر سەبارەت بە کوشتنی سەرانی پارتی لە لایەن کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە لە کاتێکدا نەوشیروان مستەفا بەرپرسی یەکەمی ئەو ڕێکخراوە بو، پاش گۆڕانکاری هاتن بەسەر بیر و ڕای ووریا سەبارەت بەو تاوانانە و زۆر دیاردەی تری ناو شاخ و چەندین گێڕانەوە و ووتەی ووریا سەبارەت بە هەوڵی وەرگرتنەوەی نامەکان و شاردنەوەی و تێکچونی پەیوەندی نێوان نەوشیروان و ووریا، ئایا مۆتیڤ لەوە بەهێزتر دەبێت کە هۆکاری دوا کاری نەوشیروان کوشتنی ووریا بوبێت؟، بە تایبەتی لە کاتێکدا لە لایەن جەبار فەرمان وەکو نزیکترین کەسانی نزیك بە نەوشیروان ئەنجام درابێت؟.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە چەند لایەنێکی تری کاردانەوەی خوێنەران کە لە شێوازی نوسینی کۆمێنتەکانەوە خۆیان پێشان دەدەن، چەندین ڕاو پرسیار و سەرنج خراونەتە سەر ماڵپەڕ و ئەکاونتی خۆم و پەیجی کوردستان پۆست. ئەوانەش کاردانەوەی خەڵك و شەقامن و پپویستە جێگای گرنگیپێدان بن. ڕاو پرسیارەکان بەگشتی بریتی بون لەمانەی خوارەوە.
- ئایا کوشتنی سەرانی پارتی لەو سەردەمەدا و پاشان کوشتنی ووریا ڕەوا بو یان ناڕەوا؟
- بۆچی لەم کاتەدا و پاش مردنی نەوشیروان ئەم باسە زیندو دەکرێتەوە؟.
- ئایا چ بەرژەوەندیەك لەم باسەدا هەیە و دەسکەوتەکان چین؟
- لە پاڵ لایك و دەسخۆشیەکان و کۆمێنتی پشتیوانی، تاوانبارکردن و سوکایەتیپێکردن و جنێوێکی بێشوماری نەوشیروانپەرستان خزابونە کۆمێنتەکانەوە. تەواوی ئەوانە دەکرێت وەکو سەرچاوەیەکی بەسود بۆشرۆڤە و تێگەیشتن لە تاك و کۆمەڵگای کوردی باشور و کاریگەری پارت و لایەنەکانی مەیدانە سیاسیەکانی کوردستان لەمڕۆ و ڕابوردومان لە سەریان بەکار بهێنرێت.




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4.5/5)