دەزگای پاراستن بە نیازی تیرۆرکردن و کوشتنی کۆمەڵێک لە نەیارانی پارتییە


چیرۆکەکانی چیا: ئەوکاتەی دەبیتە شاهیدی چەند ڕووداوێک، دنیایەک نهێنی نەبیسراو و نەوتراو

Saturday, 05.30.2020, 2:28

13271 بینراوە


گولە تۆپێک کاروانچیەکی شەهیدکرد 

هەندێک دیمەن هەیە ، ڕەنگە تالەژیاندابم بیرم نەچنەوە چونکە لەناو قوڵای هزرما کڵۆمم دراون دور لەویستی خۆم ، کاتێک شەڕگەی قەیوان ماوەت دەستی پێکرد ،شەڕی بەرەی سیمایەکی ترسناکی لەناوچەکە دروستکردبوو هەموو چرکەساتێک یان فڕۆکە جەنگێکان دەهاتن ،وەک دەیان ووت : فڕۆکەکان لە بۆردمانی شارەکانی ئێرانەوە دەگەڕانەوە ، هەرچیەک لە هەگبەیاندا بمایەتەوە دەیانکرد بەسەر گوندو دۆڵ و شاخەکاندا ، زۆرجاران جێگەی وایان بۆردومان دەکرد کە هیچ ژیانی تێدا دەبوو ڕەنگە بەدایان ساڵ کەسێک ڕێگەی نەگەوتبێتە ئەو جێگەیە ، وەک دیاری سەرۆک بەلای بەعسێکانەوە کوشتنی داربەڕویەک و چۆلەکەیەک و مرۆڤێکی کورد لەو چیایە هەمان چێژی پێدەبەخشین . ماوەی چەند ڕۆژێک بوو لە بارەگای سازمانی خەباتدا کە چۆڵیان کردبوو ، ئێمە لەوێ بووین لە دەستی چەپی گوندی گاپیلٶن ، چونکە دەکرا دوژمن پێشڕەوی زیاتر بکات . دووهەمین ڕۆژبووی مانەوەمان بوو چێشتهەنگاوبوو تۆپبارانێکی تۆقێنەر دەستی پێکرد ، تۆپ لەهەموو جێگەی دەدا ، پاش کەمێک لەچیاکەی بەرامبەرمان دووکاروانچی و سێ ووڵاخ بەبنارەکەدا دەڕۆشتن ئەوت سەیری فلیمێکی ترسناک دەکەین تۆپ دوای تۆپ دەیان هاویشت ، لامان وابوو ئەو کاروانچیانەیان دیبێت و هۆکاری ئەم تۆپبارانە سەرچاوەکەی ئەوان بێت . ئەوان لەڕووتانێکە بوون گولە تۆپێک لەنزیکیان دای بەزەویدا لەئێمە وە دوربوون ، بەڵام بە دوربین سەیرمان دەکرد ، یەکێک لەکاروانچێکە کەوت ئەو هێسترەی کەڕەشمەکەی بەدەستەوەبوو دای بەزەوێکەدا ، کاروانچێکەی تر کە بەینیان چەند مەترێک دەبوو گەڕایەوە دوای دامرکاندنی دوکەڵ وساچمەو بەرد ، دیمان دەیدا بەسەرخۆیدا سەری لێشێوابوو پاش کەمێک لاشە هەنجن هەنجنەکەی لەیەکێک لەووڵاخەکاننا و بەستێوە هەستت بەفیزاعی دەکرد ،
ئێمە بڕیارماندا بچین بە هانایەوە ، ئەو ووڵاخەی ناوسکی هاتبۆ دەرەوە هەر دەجوڵایەوە ، کاروانچێکە ڕێک وەک ئەوەی لەسەر تەختی شانۆڕۆڵبگێڕێت ڕەشمەی ووڵاخەکەی واگرتبووکە ئەووت لە هێسترەکە دەپاڕێتەوە هیمەتێک بکات بۆئەوەی تەرمی هاوڕێکەی لەو هەردە جێنەمێنێت ... هەنگاوی گەورەی دانا وەک ئەوەی لەسەرهەورەکانەوە ڕێبکات زۆری نەبرد لەچاو وونبوو. ڕەتڵێک تۆپی تر بێدەنگی دوای ئەو دیمەنەپڕ ئازارەی شڵەقاند .

پینج داپیرە بەدیار زۆپایەکی دارەوە دانشتبوون

ئەنفالی یەکەم و چۆڵکردنی ناوچەکەو ڕۆیشتن بەرەو نادیار، کەلەچیاکە دابەزینە خوارەوە بەرەو گوندی سەرگەڵوو دوایش بۆ بەرگەڵوو بەبەردەم ئەشکەوتی تەشوێتاش و بارەگاکاندا کەچۆڵکرابوون و لەبەرگەڵوو کە مەرجەبێکی لێبوو لەبن نوالەکاندا ترسمان هەبوو کە گولە تۆپێک لێیداو تەقینەوەیەک دروستبێت کە زۆر کەس لەناوبەرێت ، کەبەوێدا هەڵدەهاتین ، بیرمە پیاوێکی جەوامێر وابزانم خەڵکی هەڵەبجەبوو بەرپرسی ئەم مەرجەبەبوو بەهەڵەدا نەچووبم ناوی کاک "شەوکەت" بوو دوایش ئەوێشمان جێهێشت و هاتینە بەرگەڵوو لای ڕادیۆی شۆڕش و زیندانی شۆڕش کە چۆڵکرابوو لەوناوەدا ئاسەواری شکستت دەدی بەر لەچەند ڕۆژێک کۆپتەرێکی پازدارانم دی کە پێشمەرگەی بریناری دەگواستەوە گەر پێشمەرگەکە شانسی هەبوایە لەهاتنی ئەم کۆپتەرەدا ، بەڵام ئێستا چەند لاشەیەک لێرە ڕێزکرابوون ، نازانم دوای نێژران یان جێمان ؟ لەپشتی گوندی چاڵاواوە ڕێگەیەک هەبوو سەرکەوتین کۆمەڵێک سندوقە فیشەک و ماتۆڕێکی چیاوی و کۆمەڵێک مەسینەی ڕەنگاو ڕەنگی نایلۆن سەرنجی هەڵهاتوانی ڕادەکێشا ، لە شەڕدا کە تێک دەشکێیت هەرچی شت هەیە بێبەها دەبەێت لەلات ، تەنها دەتەوێت لاشەت دەرکەیت . دوایی ڕۆشتنێکی پڕوکێن ئاسا کە گیانمان شەڵاڵی ئارەق ببوو گەیشتینە گوندی "گۆمەزەڵ" ئێمە هیچ نیازی مانەوەمان نەبوو واڕۆشتین کە گوندە کە جێبێڵین ، لەدوواماڵی گوندی گۆمەزەڵدا لەماڵێک دوکەڵێ زۆپادارەکەمان دی و بەرەو ڕووی چوین تا بزانین ڕێگە چەندەو لەکوێوە درێژە بەڕێگاکەمان بدەین ، لە ناو خانووە کەدا چەند داپیریەکمان دی کە لەدەوری زۆپاکە دا هەڵنیشتبوون ، ژمارەیان پێنج کەس بوو ،سەرتاپایان ڕەشپۆش بوون ، یەکی سەرپۆشێکی سپی وەک بەفریان بەسەرەوە بوو ، لەڕولاواز لەکتێبی مێژوو دەچوون لەدەموچاوی هەریەکەیاندا شەرەفنامەت بەدیدەکرد ، ئەم داپیرانە گیانیان لەدەستدابوو پێش مردن . وەک ئەوەی بڵێن ئەمڕۆ مردن هەڵەکانمان دروێنە دەکات ، زوڵمەت باڵی بەسەر ژوورەکەدا کێشابوو. دوکەڵێک پڕ دڕکەزی ژوورەکەی قاندەدا ،خەونی ئەوانە هیچ وێنەی تێدا نییە وەک منداڵی ساوا ، یەکێک لەدایە پیرەکان دەستی گرت بەچتری چاویەوە ،لەبەرخۆیەوە ووتی :"کوڕم هێشتا قیامەت نەهەتوە ئەوەتا دەسوتێین " دڵم پڕزۆڵ پڕزۆڵ بوو ، دڵەکانیان غەمباربوون چاوەکان پڕبوون لەفرمێسک .
ئەو شتەی ناتوانین بەووشە دەری بڕین لەڕێگەی بێدەنگیوە دەیڵێین ، ئێمە چیمان لەدەست دەهات ؟ وەک تێگەیشتین چاوەڕوانی کوڕەکانیان بوون تابێن بەدوایاندا و لەم میحنەتە ڕزگاریان کەن ، دەڵنن تاکاتێک مرۆڤێکت خۆش نەوێت لێیی تێناگەیت ، بەیتێکی مەولانەم بیرکەوتەوە کەدەڵێت : "دەردەدڵ لای کەسێک بکە ، کەهەم دەردی هەبێ و هەم دڵ " ئەم ژوورە گۆڕێکی بەکۆمەڵ بوو، من و کاوەی هاوڕێم تۆزێک داری ترمان بۆ هێنان دووخورما لەکۆڵەپشتەکەمداو بۆم جێهێشتن ، هیوامان خواست کەس و کارەکەیان زوو بێن بەدوایانا بیرمە کە جێمان هێشتن ووتم : بڵێی مردن ببێتە نەشئەی ڕەها بۆ ئەم داپیرانە ؟

دۆڵی شیخ حەمەدوو چەند ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو

دوای گوندی کۆمەزەڵ پاش کەمێک ڕۆشتن دەکەوتیە ناو تونێکی بەفرەوە کە بەناو دوو دیواری بەفردا دەبوو ڕێگەبکەیت ، لەڕێگەکەدا دەیان گاو گوێلک و بزن و مەڕی بێخودان و برسی لەناو بەفرەکەدا چەقیبوون ، لەسەرەتای ڕێگەکەدا دەیان مەنجەڵ و بەتانی بەورو سەرین و لباو پشتی و قاپ و قاچاغی بەجێماوت بەرچاو دەکەوت ، کە نیشانەی تێکشکانێکی سەیری وێنەدەکرد ، خەڵکی ناوچەکە بەنیازی گەڕانەوە و هاتنیان بۆ چەند ڕۆژێک بۆ دەرەوەی ئاوایەکانیان ئەم شتومەکانەیان هێنابوو ، دوای زانیبویان کۆچی ئەم جارەیان لە جاران و ساڵانی تر ناچێت ، کە لەمێژوودا چەند بارە بۆتەوە بۆمان ، لەسەر بەفرەکە بارو بارگەیان جێهێشتبوو تەنها توانیبویان گیانیان ڕزگارکەن ، دەمژمێرێک ڕێمان کرد زۆر خەڵکمان دی بەڵام ئەوەی سەیربوو دایکێک منداڵەکەی هەڵدایە بەفرەکەوە دوو منداڵی تری بەدەستەوەبوو منداڵێکیشی بەکۆڵەوەبوو کچە منداڵەکەشی منداڵێکی بەکۆڵەوە بوو ، ڕاستی من وام دەزانی شتومەکە کە فڕێ دا ، ئیتر کاوە ووتی : ئەوە منداڵە فڕێی دا ، هەڵمان گرتەوە کوڕێکی سێ چوار ساڵ بوو ناوی "دانا" بوو خەڵکی گوندێکی دۆڵی جافایەتی بوو ، تاکێ جزمەی سوری لەپێداوو دووچاوی گەش دەووت کانیەکی مەنگە ، هەڵدەلەرزی قەمسەڵەیەکم لەبەردابوو هی سوپای عێراقی بوو فەرۆیەکی گەرمی پێوەبوو، قەمسەڵەکە لەهینی دزی دەچوو بەبەری خۆشم هێندە گەورەبوو ، کەتەڕیش دەبوو بارێ داری دەویست تا ووشک دەبۆوە ، دام کەندوو لە دانام پێچا من و کاوە بەسەرە دە مانکردە سەر قەڵادۆشکان یان باوەشمان دەکرد ،کاوە خورمایەکی پێمابوو هێواش هێواش دەنگ دەنگ دەماندا بەدانا و بەڕێگەدا دەڕۆشتین ، خێزانەکەمان جێهێشت کۆڵێ نزای بۆکردین و ووتمان خەمت نەبێت دایە گیان . زانیامان باوکی منداڵەکان خەریکی دەرکردنی ماڵاتەکەیەتی نازانین بۆی دەرکرا ، یان ئەویش لەناو بەفرەکەدا جێی هێشت ؟ پاش کەمێک لەکەندڕێکدا ژنێک ژانگرتبووی کە ئێمە گەشتینەلایان ژنەکە کچێکی ببوو قەمسەڵەکەم لە دانا کردەوە و فەرۆکەی ناویم دابە پیاوە ڕیشنەکە کە تفەنگێکی پێبوو ماندووبوو هەستت بەداماوی دەکرد ، پڕبوو لەقسە بەڵام کێ لەوێدا حەوسەڵەی گوێگرتنی هەبوو ؟ دووژنی تریش بەدیارێوەبوون و قەمسەڵەکەم بەبێ فەروو کردەوە بەری هاوڕێ خنجیلانەکامان . ووتم: خۆزگە ئەم کچەیان ناو دەنا "بەفر" من لەژیانما نەم زانیبوو لەنیشتمانیەکەمدا بەفر وا زۆر دەبارێت ، بیرمە تەنها جارێک لەسلێمانی بەفرێکی زۆر باری کە گەڕەکەکانی پڕکردبوو ، نەگبەتیەکی تری ئەو گەشتی ڕاکرنەمان سکچونم بوو کە هێزی لەبەر بڕیبووم ، پاش ماوەیەکی باش لەڕێگە کردن ئیتر بەفر نەماو ڕەشایی دەرکەوت گەیشتینە سەر چەمی قەشان ئاوەکە هێندە بەتەوژم بوو هاژەی دەهات ، ئێرانێکان پردێکیان کردبوو پیکابێک دەهات کۆمەڵێ خەڵکی دەپەڕانەوە پردەکە ئەووت جۆلانێ دەکات ..! بەوحاڵە پەڕینەوە بەختی ئێمە پردەکە بەپێوە مابوو جارێ ، بەڵام نزیک بوو لەڕووخانەوە تەوژمێکی تری بارانەکە پردەکەی دەبرد ، باران دەباری ئاسمان هەورێکی ڕەش بوو، بەڵام بارانەکە نمە نمە دەباری ، ئەو جێگەیە پشتی گەڵاڵەو سەفرەو زەرون بوو ئێمە بەرەو گوندی شاناخسێ دەچووین ، لەناو پیکانەکەدا بووین تا بەچیاکەدا هەڵزنێ ، پاسدارێک شەرواڵێکی خاکی لەبەردابوو بەوبەرەوە لەبناری چیاکەدا لەناو کێڵگەیەکی میندا بوو تەلبەنەکەت دەدی ، نازانم مینی دەردەهێنایەوە یان مینی دەچاندا ؟ لەپڕێکدا ناڵەیەک هات و پاسدارەکەی برد بەحەوادا من دەستم خستە سەر چاوەکانی دانا و کڵاوی قەمسەڵەکەم کرد بەسەریا ....
هەر لەوکاتانەدابوو لەبەر سەختی ساڵ لە دیوی کانی توو زیاتر لە ١٠٠کەس لەهەموو تیرەیەک کەزۆریان منداڵ و دایکو باوکی هەڵاتتووبوولە ئەنفال ، لەناو بەفردا ڕەقبوونەوە کە بێدەنگ گوڕێکی بەکۆمەڵیان دروست کرد ، بیرمە هاوڕیەکمان هەبوو دەیووت ئاخ کورد یەلماس گۆنایەکی هەبوو ئەویش مرد تا ئەم تراژیدایە بکاتە فیلم .
گوندی شاناخسێ و پیاوێکی پیری نەخۆش و بینینی سەدان تەمی هەلاهەلای پاسدار

ئێوارە درەنگانێ گەیشتینە گوندی شاناخسێ خۆشبەختانە خێزانەکەی داناش گەیشتن ئەوان کۆڵێک ستایشیانکردین ،دەیان خێمەو ماڵۆچکە لەم ناوەدابوو شەومان بەڕێکرد سبەی چاوەڕنی بەڵگەمان دەکرد تا بچچینە ناو لەتێکی تری نیشتمان ، ئێرە لەشاری بانەوە نزیک بوو ، ئەوبەر چەمەکە گوندەکانی ڕۆژهەڵات بوو باران دەباری باران بواری نەدەدە لەپڕێکدا لەو بەرەوە کە چەمێک ئەم نیشتمانەی قاشکردبوو ،یەکەمین جارم بوو ببینم کە گردێک ڕۆدەچێت دەتوایەوە و گڵ و بەرد بەرەو چەمە دەچوو گڵێکی قاوەی ڕەنگ هێواش هێواش وەک فافۆنی گەرم کردوو دەتوایەوە ، دیمەنێکی چەند سەیربوو، سروشت بۆ وا توڕەیە لەم ساڵی ئافاتەدا...! ؟ چێشهەنگاوێک پیاوێکی پیر لەخێمەکە نزیک بۆوە کە لای شەهید "سالارحاجی دەروێش " بووین ووتی : کاکە دەمبەنە لای پاسداران تا دەرمانێکم بەنێ ، منیش ووتم منیش دێم منیش پێویستم بەدەرمانە ، کابینەیەکی گەورەبوو ئارمێکی خەستەخانە یان مانگی سور لەسەر دەروازەکەی بوو ،مامەی پیرەم برد دەکۆکی هەناسەی بۆ نەدەدرا گۆچانێکی پێبوو زانیم خەڵکی گوندی "قەرەنگوێ" یە دەرگاکەم کردەوە چی ببین ، چەندین تابووت کە پڕ بوو لەلاشە چەندین تەرم دانرابوو ،لەسەر بەتانێک کە نایلۆنیان ڕاخستبوو ژمارەیەک دەست قاچ سەری لەسەر دنرابوو ڕێک لە قەسابخانە دەچوو ، دکتۆرێک ڕیشدار بەرگێکی سپی خوێناوی لەبەردابوو هات ووتی: چی دەکەن لێرە ؟ یەک دوو پاسداری تریشی لێبوو ، ووتم :هاتووین نەخۆشین ووتی: دەرگاکەی ترە ئێرە دەرمانی لێنیە ، دیمەنێکی سەیربوو گەرمەی شەڕی ئێران عیراق بوو ، کەچوینە دەرەوە کۆپتەرێک نیشتەوە یەک دوولاشەی تری داناو بەخێرای ڕۆیشت هەموو کەس لێرە وەک کاژمێر دەجولاو کاری دەکرد ، من تاماوەیەکی زۆر ئەو دیمەنە لە مێشکم دەر نەدەچوو ، بەڕاستی جەنگ مرۆڤایەتی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئێمە بەرەو بانە ڕۆیشتین بۆ سبەینێ فڕۆکە جەنگێکانی بەعس هاتن و لەگوندی شاناخسێیان دابوو تەنها ناوی شاناخسێ بوو دەنا لە ساڵی ١٩٧٨وە گوندەکە داگیرابوو، هیچ ئاسەواری ژیان و گوند لەم ناوە نەبوو ئەو ڕۆژە ١٣ پێشمەرگە شەهید بوو زیاتر لە ٧٠٠ پێشمەرگەو خەڵکی هەڵاتووی گوندەکانی دۆڵی جافایەتی بریناربوو برایەکی منیش لەوێ بریناربوو کە لەلێواری مردن گەڕایەوە ،فڕۆکە جەنگێکان بەکیمیاوی لێرەیان دابوو . من براکەی خۆم دوای دوومانگ لە شاری ساری لەسنوری یەکێتی سۆڤیەت لەسەر دەریای ڕەش دۆزێوە لەمازندەران کە ماوەی٤٠ڕۆژ چاوی نەکرابۆوە .
ئێوارەیەک بەرلەچەند ساڵێک خەریکی ڕاهێنانی کاراتی بووم ، دوای یاری کردن نازانم جۆن باسی خەوبینین کرا ، منیش ووتم: من خەو زۆر کەم دەبینم ، بگرە هەر نایبینم ، بەڵام هەرجارێک خەودەبینم لەبەرزایەکەوە دەکەومەخوارەوە خەوەکانی من کابوسە، دکتۆرێکی هاوڕێمان هەبوو کە ڕاهێنانمان دەکرد پێکەوە و کەئیستا لەئەمەریکایە ووتی : دیارە تۆ لە لەووڵاتی شەڕەوە هاتوویت؟ من هیچم نەووت: بەڵام ئەو ڕۆژەی گوندی شاناخسێم بیرکەوتەوە ، کەچوشمە شاری "تاران " بۆ سۆراغی براکەم فەرماندارێکیان هەبوو کە ناوی "بونیادی شەهید" بوو لەوێ بەر لەدۆزینەوەی براکەم ئەلبومی کوژراوانیان پیشان دام کە لە ناو ئێران لەڕێگەی خەستەخانە یان لەناو خەستەخانەکان مردبوون ژمارەیەکی زۆری تەرمی تێک چووبوو ووتم : من چۆن بزانم ئەمانە کێن....! ؟

هیچ مەبەستێکی دیاری کراوم نییە لەپشتی گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەکورتانە ، تەنها ئەوەندە هەیە دەمەوێت بڵێم ، ئەمڕۆ کەسانی نامۆ و ترسنۆک و فایل ئەستور ، دەیانەوێت مێژووی ئەو هەموو ڕووداوە داگیرکەن و بۆخۆیانی بەرن و بیکەنە مێژووی کەسایەتیان کەنیانە ، وەزۆریان نەلەدور نەلەنزیک ئاگایان لەم هەموو ڕووداوەنەبوەو ئێستا هاتونەتە سەر حازری و فشە دەکەن بە شتێکەوە کە هی ئەوان نییە . ئەم چیرۆکانە بەردەوام دەبێت .