ڕۆح و دوبارە ژیانەوە یان بەهەشت جەهەنم

Saturday, 30/05/2020, 18:53

10218 بینراوە


ڕۆح: 

پێناسەی ڕۆح: ڕۆح بریتیە لە وزەیەکی بزوێنەر کە خاوەنی مێمۆری سەربەخۆ نیە.
لەم گەردونەدا هیچ شتێک نیە بە بێ وزە بجوڵێتەوە، واتە لە مقەستێکەوە بیگرە تا فڕۆکەیەک دەبێت سەرچاوەیەکی وزە هەبێت تا بیجوڵێنێت..مرۆڤیش جودا نیە لە ئامێرەکان وەک چۆن کۆمپیوتەرێک پێویستی بە کارەبایە, واتە سەرچاوەیەکی وزە مرۆڤیش وەک کۆمپیوتەرێکی ئۆرگانیکی پێوسیتی بە وزەیە..جگە لەو وزەیەی کە لە ڕێگای خواردنەوە ڕۆژانە پێویستی پێیەتی و بەکاری دەهێنیت.

ئایا ڕۆح مێمۆری هەیە؟

 ڕۆح خۆی مێمۆری نیە، بەڵام هەموو یەکێک لە ئێمە لە هابێک بەستراوە لە ناو سەرچاوەی وزە، ئەو کارانەی کە لە ژیانماندا ئەنجامی دەدەین،هەمووی لەوێ تۆمار دەبێت(وەک چۆن لە کلاود داتای سێرڤەر هەڵدەگیرێت)، کەواتە کاتێک ڕۆحی تۆ لە جەستەی تۆدایە لە دوو شوێن تەواوی زانیاریەکان تۆمار دەکات، یەکێکیان لە مێشکتدایەو دووەمایان لەو هابەدایە(کلاودایە).

ئایا چۆن خەڵکانێک هەن دەڵێن ئێمە شتی ژیانی ڕابردومان لە یادە؟

 بۆ ئەوەی لەم پڕۆسەیە تێ بگەیت دەبێت کەمێک شارەزای زانستی کۆمپیوتەرو داتا بیت.
وەک گوتمان کاتێک مرۆڤ دەمرێت ڕۆحەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەی وزە ، کاتێک لە دایک دەبێتەوە ڕۆحەکە  بە فۆرمات کراوی دەگەڕێتەوە ناو جەستە تازەکە واتە مێمۆری نیە، لەبەر ئەوەی مێمۆریەکە لە ناو مێشکی مرۆڤدایەو کۆپیەکی لە ناو سەرچاوەی وزە تۆمار کراوە..کەواتە ڕۆحی تازە لەدایک بوو هیچ مێمۆریەکی نیە.. بەڵام حاڵەتی شاز هەیە، لەوانەیە نەگاتە ڕێژەی ١% ئەم کەسانە ڕۆحیان لە سەرچاوەی وزە بەستراوە و دەتوانن داتا کۆنەکان داگرنەوە ناو مێشکە تازەکەیان..واتە خۆی تەمەنی هێندە نیە تا زانیاری هەبێت بەڵام زانیاریە کۆنەکانی ژیانی ڕابردوی دادەگرێت بۆیە دەتوانێت شتی کۆنی وەبیر بێتەوە.
بەهەشت و جەهەنم

ئایا بەهەشت و جەهەنم بونی هەیە وەک لە دینی ئیسلامدا باسی لێوەکراوە؟

 بە بۆچونی من بە هەشت و جەهەنم لەسەر زەویە نەک لە شوێنێکی تر. واتە کە کەسێک دەمرێت ناکرێت لە قەبردا عەزاب بدرێ وەک مەلاکان باسی ئەم حاڵەتە دەکەن بە عەزابی قەبر ناوی دەبەن، بۆ؟ لەبەر ئەوەی هێشتا بە گوێرەی دینی ئیسلام قیامەت نەهاتوە تا قیامەتیش نەیەت کەس نازانێت کێ تاوابارە یان کێ پیاو چاکە و ئەهلی بەهەشتە. کەواتە ئەگەر تۆ لە قەبردا عەزاب بدرێیت ئەمە وەک سجنەکانی پارتی لێ دێت..پێش ئەوەی بزانن تۆ کێیت عەزابت دەدەن، واتە ئەم قسەیە لۆژیک نیە.. 

بەڵام بە بۆچونی من بەهەشت و جەهەنم لەسەر زەویە، چۆن؟

 نمونە کەسێک لەم ژیانەدا باش بوە خراپەی خەڵکی نەویستوە، چواردەوری خۆی خۆش ویستوە، زەرەری نەبوە، پیاوکوژ نەبوە، دز نەبوە، ئەم ڕۆحە بۆی هەیە لە ژیانی ئایندە بچێتە جەستەی کەسێک لە خانەوادەیەکی باش و وڵاتێکی ئارام تاوەکو ژیانێکی خۆش وئاسودە بەسەر بەرێت.

ئەی جەهەنم چۆنە؟

 نمونە کەسێکی خراپەکارە، ژیانی لە خەڵکی تریش تاڵ کردوە زەرەری هەیە بۆ خۆی و چواردەوری، ئەمە کەسە لە ژیانی ئایندەیدا لە وڵاتێکی هەژارو پڕ مەینەتی لەدایک دەبیت و ژیانی وای لێ دێت وەک ئەوەی لە جەهەنمدا بژی..

ئایا ژیان لە بەهەشت لەسەر بنەما دینیەکان خۆشە؟

 بە بۆچونی من ئەگەر کەسێک بچێتە ئەو بەهەشتەی دین باسی دەکات بە ماوەی مانگێک لە هەموو شتێک و لە ژیان بێزار دەبێت، بیهێنە بەرچاوی خۆت هەموو ڕۆژێک باشترین خواردن، بەیانی تا ئێوارە سێکس، بە پاڵکەوتنانەوە نان بخۆ میوە بخۆ بیکە... ئەم ژیانە بۆ مرۆڤ ناگونجێت..چونکە مرۆڤ هەمیشە حەزی لەوەیە هیواو ئاواتی هەبێت وە بۆ ئەو ئاواتە کار بکات تا بەدەستی بهێنێت...
ئێستا دێمە سەر دوبارە ژیانەوە لەسەر زەوی..

ئایا پاش مردن دوبارە لەسەر زەوی دەژێینەوە یان دەچینە بەهەشت و جەهەنم؟

 سەدەها نمونە هەیە کە مرۆڤ پاش مردن دوبارە دێتەوە سەرزەوی یان لە هەسارەیەکی تر بەڵام  لە ناو جەستەیەکی تازەدا، واتە هەموو ڕۆحێک کە دێتە سەر زەوی بە مەبەستی فێربوون دێت، ژیانی سەر زەوی وەک قوتابخانیەک وایە..ئەوانەی فێر دەبن دەتوانن بە زوی لەم مەنهەجی ژیانە سەرکەون بۆ مەنهەجی ئایندە، "لە بابەتێک باسم کردوە کە ئێمە لە دانسەتی سێدا دژین پاش ئەم دانسەتیە دەچینە دانسەتی چوار"
ئەوانەشی کە هێج فێرنابن و سود وەرناگرن لە وانەکانی ژیان، ئەوا هەر لەم دانسەتیە دەمێننەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، دانسەتی سێ ئەو دانسەتیەیە کە مرۆڤی تێدا دەژی و پێک هاتوە لە ٢٥١٩٤ ساڵی سەر زەوی..ئەوانەی لەو ماوەیەدا فێر نابن ئەوانە دەبێت دوبارە ٢٥١٩٤ ساڵی تر لێرە بممێنەوە.. کەواتە ئەگەر تۆ لە هەموو ژیانێکدا ٦٠ ساڵ بژیت ئەوا تۆ ٤٢٠ دەرفەتت هەیە بۆ ژیان وبۆ فێر بون تا بچیتە ئاستێکی باڵاتر..
ئەم ڤیدیۆیە لەسەر ئەو کەسانەیە کە هاتونەتەوە ناو ژیان لەسەر زەوی.

بۆچی لە زۆرێک لە دینەکان یان ڕۆحانیەکان دەڵێن ئێمە یەکین و سەرچاوەی یەک وزەین؟

 لە راستیدا ئەم بۆچونە تەواوەو لۆژیکە، بیهێنە بەرچاوی خۆت لە ماڵەکەتددا تۆ یەک خەتی ڕەئیسی کارەبات هەیە، بەڵام لە ناو ماڵەکەتدا تۆ هاتویت کارەباکەت دابەش کردوە، بۆ سەلاجە، تەلەفزیۆن، گلۆپ، غەسالە..ئەم ئامێرانە هەریەک سەربەخۆ کاردەکەن هەر یەک کارێکیان هەیە، بەڵام سەرچاوەی وزەکەیان تەنها یەک خەتە کە لە ڕەئیسیەکەوە هاتوە..هیچ یەک لە ئامێرەکان نازانن کە ئایا ئامێرێکی تر ئەو وزەیە بەکار دەهێنێت یان نا...لەبەر ئەوەی ئامێرەکان ئەو توانایەیان نیە کە بزانن..
ئیستا ئامێری تازە و زیرەک هاتوە کە دەتوانێت سکان بکات بزانێت سەرچاوەی وزە لە کوێ یە یان چەند ئامێر لەسەر هەمان وزە کار دەکەن..
نمونە: ئەگەر تۆ بە تەلەفۆنەکەت لە ڕاوتەێکی ئینتەرنێتەوە ئینتەرنێت  وەرگرێت، هەمان ڕاوتەر توانای هەیە ٢٥٤ خەت بدات، واتە ئەگەر بە بەرنامەی تایبەت سکان بکەیت دەبینیت ناوی راوتەرەکەت چیە، چەند ئامێری تری لێ بەستراوە ئای پی ئامێرەکان چەندەو چەند داتا بەکار دەهێنێت.. لەم ڕوانگەیە دەتوانیت بزانیت بۆ کەسانێک هەن رابردویان لە بیرە بەڵام زۆرینە ڕابردوی لە بیر نەماوە..
کەواتە بۆ ئەوەی ڕابردوی خۆت بزانیت دەبێت لە ڕێگای "Reincarnation" بەدوا چون بکەیت ئەوکات تۆ رێگا دەدەیت بە ڕۆحەکەت کە زانیاری ژیانی رابردو بهێنێتەوە..وەک گوتم هەموو ژیانی تۆ لەناو مێشکتدا و لە ناو سەرچاوەی وزەکە هەڵگیراوە..کاتێک جەستە دەمرێت مێمۆریەکانیش لەگەڵ خۆی دەمرێنێت بەڵام باک ئاپی مێمۆریەکەت واتە کۆپی پارێزراو هەیە لەناو سەرچاوەی وزەدا...
ئەمە کورتەیەک بوو لە باسی ڕۆح و بەهەشت وجەهەنم لەگەڵ ژیانی ڕابردومان...هیوام وایە ئێوەش وەک من چێژ لەم بابەتە وەرگرن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە