سێ پڕۆژه‌ی فاشیلی سێ وه‌زاره‌ت

Saturday, 05.30.2020, 22:28

2964 بینراوە


سێ نمونه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و لێنه‌هاتویی و ناكارایی و بێ ئیراده‌یی له‌ چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌خه‌ینه‌ ڕوو، كه‌ ته‌نیا ئه‌و سێ نمونه‌یه‌ به‌سه‌ بۆ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

یه‌كه‌م: هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و ئابوری سه‌ربه‌خۆ.

 وێڕای دۆزینه‌وه‌ و ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ساڵێكیش نه‌وتی كه‌ركوك و بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری، له‌ بری ده‌وڵه‌مه‌ندی و خۆشگوزه‌رانی كه‌چی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ دواین لێدوانیدا ده‌ڵێت حكومه‌تى هه‌رێم 27 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌!، ئه‌مه‌ نه‌وتمان فرۆشتووه‌ ئه‌وه‌ حاڵی حكومه‌ت و میلله‌ت و بازاڕه‌، ئه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌وتمان بكڕیایه‌، ئاخۆ چه‌ند قه‌رزارده‌بوین؟

دووه‌م: پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری.

نزیكه‌ی ساڵێك ڕاگه‌یاندنه‌كان و موچه‌خۆرانیان سه‌رقاڵی پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران كرد كه‌ گوایه‌ بۆ چاكسازی و نه‌هێڵانی زیاتر له‌ موچه‌یه‌ك و موچه‌خۆرانی بندیواره‌، دیسان دوای ئه‌وهه‌موو خه‌رجی و هه‌ڵڵایه‌ی كه‌ بۆ پرۆسه‌ی بایۆمه‌تریانكرد، ئێسته‌ش هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ ملیۆنێك و دووسه‌د هه‌زار موچه‌خۆری هه‌یه‌، ئه‌مه‌ وێڕای دوو موچه‌ و زیاتریش هێشتا هه‌ر ماوه‌!

سێیه‌م: پێدانی كاره‌با به‌ ئه‌مپێڕ.

 وه‌زاره‌تی كاره‌با بۆ چاكسازی و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌ هه‌ده‌ردانی كاره‌با و زیادكردنی كاره‌بای گشتی هه‌ستا به‌ به‌ستنی بیست ئه‌مپێڕ و شانزه‌ ئه‌مپێڕ كاره‌با بۆ ماڵان، به‌ڵام دیسان پاش ئه‌و خه‌رجیه‌ زۆره‌ و به‌رنامه‌ گرنگه‌ی وه‌زاره‌تی ناوبراو، كه‌چی بڕی كاره‌بای گشتی له‌ بری ئه‌وه‌ی زیادبكات كه‌میكرد.
دواى 28 ساڵ له‌ ئه‌زمونى فه‌رمان ڕه‌وایی ئه‌وه‌ سێ پرۆژه‌ی به‌ناوو گرنگی هه‌رسێ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان و وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی كاره‌با بوون، ئیتر نازانم بۆ حه‌ق ناده‌ن به‌ هاوڵاتیان كه‌ باوه‌ڕ به‌ هیچ به‌رنامه‌ی كار و پڕۆژه‌ چاكسازیه‌كانتان نه‌كه‌ن.




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4/5)