لافاوی نوح لە نێوان زانست و ئایندا

Saturday, 30/05/2020, 23:14

8318 بینراوە


 کریستۆفەر هیچینز: ئەوەی بەبێ بەڵگە باوەڕی پێ دەکرێت، دەشکرێ بەبێ بەڵگە بەلاوە بنرێت.

بەشی یەکەم: چیرۆکی لافاوی نوح لە هەندێ شارستانیەت و ئایندا

چیرۆکی لافاوە مەزنەکە نەک تەنیا لە سێ ئاینە بەناو ئاسمانییەکاندا (ئیبراهیمییەکان) هەیە، بگرە یەکێکە لە ناسراوترین و بەربڵاوترین بابەت کە لە زۆربەی هەر زۆری شارستانییەت و ئاینەکاندا دەبیندرێت. ئەوەی تەوڕات و ئینجیل، پاشانیش قورئان ئاماژەیان پێ داوە، جگە لە چیرۆکێکی وەرگیراو لە شارستانییەتەکانی پێش خۆیان، بە کەمێک دەستکارییەوە زیاتر هیچدی دیکە نییە. بۆ نموونە، لێکۆڵەوە و نووسەر هانز شیندلەر بێلامی ژمارەی چیرۆکە ئاینییەکان و ئەفسانەی مێژوویی و کولتوری میلیی، دەربارەی لافاوەکە لە ٥٠٠ دانەش پتر دادەنێت.
ئەگەر سەرنج بدەینە ئەو چیرۆکە بە چییەتی و چۆنەتی گشت دیمەنەکانی وەک ڕووداوێکی ڕاستەقینە، ئەوا بێگومان ڕووبەڕووی زانست دەبینەوە لە چەندان بواری جۆراوجۆردا. چونکە زانست توانیوویەتی کارەساتی گەلەک گەورەی مێژووی کۆنی ملیۆنان ساڵی دەستنیشان بکات، بەڵام تا ئێستە هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە لەسەر ڕوودانی ئەم لافاوە بەو شێوەیەی کە لە ئاینەکاندا ئاماژەی پێ دراوە. لەڕێی گەلەک تۆژینەوە و لێکۆڵینەوە لە هەڵکوڵدراوەکان و زانستی چینگەلەکانی زەوی، کۆمەڵێک بەڵگە کەوتوونەتە دەست، بەوەی لە کۆندا لە نێوان ساڵانی چوار هەزار تا دوو هەزار ساڵ پێش زاین، چەندان لافاو ڕوویان داوە لە ناوچە جیاجیاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتیش لەو شوێنەی بە میزۆپۆتامیا ناسراوە، کەچی ئەمانەش هیچ یەکێکیان ڕووداوی لافاوێکی سەرتاسەری لە جیهان پشتڕاست نەکردۆتەوە.
ئاشکرایە کە لافاو وەک دیاردەیەکی سروشتی لە زۆر ناوچەی جیهاندا ڕووی داوە و ڕوو دەدات، لەبەرئەوەش مرۆڤی ئەو سەردەمانە پێیان نەکراوە بەرەنگاری ببنەوە، وای بۆ دەچوون کە سزایەک، یان چەکێکی خواوەند بووبێ بەرانبەر بە بەدکار و بێباوەڕان، پاشان کراوە بە ئافسانە و وەک چیرۆکێک داڕێژراوە، بەبێ گوێدان بە هیچ لۆژیکێک. زۆربەی ئەفسانەکان ئاوان و لە ڕووداوێکی ڕاستەقینە و ئاساییەوە سەرچاوە دەگرن، ئەو دەمەشی بە بەرگێکی ئاینی دادەپۆشرێن، ئەوا کۆمەڵێک بیروڕای پڕوپووچی نازانستی و باوەڕپێنەکراوی دەدرێتە پاڵ.
کێشەکە لێرەدا ئەوانە نین کە باوەڕ بەو چیڕۆکە ساد و ساویلکانە دەکەن، بگرە ئەوانەن لەبەر ئایندارییان، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە پاکانەیان بۆ بکەن و بە هەر شێوەیەک بێت لەگەڵ زانستییەکاندا بیان گونجێنن. مەبەست ئەوەیە بۆچی بیروڕا ئەندێشەیی و ئەفسانەییەکان بکرێنە بابەتگەلەکی هۆشەکی، لە کاتێکدا لایەنگرانی ئاینەکان هەرچیەکی لە ئاینەکانیاندا هاتبێت بەبێ بیرکردنەوە و پرسیارکردن باوەڕی پێدەکەن. بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندەواران و خاوەن بڕوانامەی بەرزیش هەن، ناتوانن جیاوازییەکان ببینن لە نێوان ئەو شتانەی ئەگەری ڕوودانیان هەیە، لەگەڵ ئەوانەی کە هەرگیز ڕێیان تێناچێ ڕوو بدەن، بێگومان چیرۆکی لافاوەکەش نموونەیەکی زەقە لەم پرسەدا. چونکە باوەڕهێنان بەم لافاوە بە هەموو لایەنەکانییەوە، وامان لێ دەکات باوەڕ بە گشت بۆچوونە ئەندێشەییەکانی دیکەش بکەن، بەبێ تێڕامان و گفتوگۆکردن. دەشێ هۆکاری بەڕاست زانین، ڕک و کینەی ئاینداران بێت بۆ بێباوەڕ و بێئاینان، بۆیە بە سزادانیان دڵخۆشن، بێ ئەوەی بیر لە نالۆژیکییەتی بنەمای چیرۆکەکە بکەنەوە.
چیرۆکی لافاوەکەی نوح وەک ئەفسانەیەکی وێناکراوە لە هۆشی کەسانێکی سادە و ساکار و نەشارەزا بە سروشت و دیاردەکانی، بەڵام لەبەرئەوەی لە پێشینانەوە نەوە لەدوای نەوە، لە دایک و باوکەکانەوەش بۆ منداڵەکانیان گوێزراوەتەوە، بەشێوەیەکی وا لە ناخیاندا دەچەسپێت کە نەکارن بەئاسانی دەستبەرداری ببنەوە. بەڵام ڕاستبوونی لەلای کەسانی تێگەیشتوو لەم سەردەمەی پشکەوتنی زانست، کێشەیەکی زۆر مەزنە، چونکە ئەم چیرۆکە بەهیچ شێوەیەک بەوەی کە لە ئاینەکاندا هاتووە و ڕاڤەی بۆ دەکرێت، لەگەڵ زانستدا یەک ناگرێتەوە.
ئاینداران بۆ بەرگریکردن لە ئاینەکەیان، بەتایبەتیش ئەوانەی بڕوایان بە لێکدانەوەیەکی پیت بەپیتی کتێبە ئاسمانییەکان هەیە دەربارەی لافاوەکەی نوح، لەمێژە خەریکی گەڕانن بەدوای بەڵگە بۆ کەشتییەکە و شوێنەواری لافاوەکە. هەندێکیان پڕوپاگەندەی ئەویان دەکرد کە گوایە لە باکوری کوردستان (باشوری تورکیا)، لە زنجیرە چیاکانی ئارارات، یان ناوچەی دیکەی وەک عیراق کەشتییەکە، یان شوێنی لەنگەرگرتنیان دۆزیوەتەوە، کەچی لە ڕاستیدا لە هەمووان جگە لە گوتەی بێبنچینە هیچیان لێ نەبیندرا. لە سەدەی بیستویەکیشدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان، دیسانەوە بانگەشەی دۆزینەوەی ئەو کەشتییە دەستی پێکردەوە. ئەمەش وای لە کەسێکی دەوڵەمەندی وەک مک گیڤرن (Daniel McGivern) کرد، بڕی ٩٠٠ هەزار دۆلار تەرخان بکات بۆ ئەو نێردە زانستییەی ئامادەیە بگەڕێت بەدوای کەشتییەکە، بەڵام هەر لەو دەمەدا گۆڤاری ناودار (National Geographic) ڕاستییەتی ئەو وێنانەی بەدوور زانی. دوا جار لە ساڵێ ٢٠٠٤ دەستەیەکی دیکە، هەواڵی دۆزینەوەی کەشتییەکەی بە کۆمەڵێک وێنەوە بڵاو کردەوە، کەچی ئەمەشیان تا ئێستە لەلایەن ڕێکخراوە زانستییەکان دانی پێدا نەنراوە.
تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم وامان دەزانی کە تەوڕات کۆنترین سەرچاوەیە بۆ چیرۆکی لافاوەکە، بەڵام پاشان هەڵەبوونی ئەو بۆچوونەمان بەدەرکەوت، چونکە لە ساڵی ١٨٥٣ دەقی چیرۆکی لافاوی بابلییەکان دۆزرایەوە. پاشان لە دوا ساتەکانی هەمان سەدە نێردراوێکی ئەمریکایی بۆ پشکنینی شوێنەوارە مێژووییەکان، چەند خشتێکی قوڕینی شارستانییەتی سۆمەریەکانی کەوتە دەست کە تێیاندا باس لە لافاوێکی مەزن دەکرێت.

شارستانییەت و ئاینەکان


سۆمەرییەکان:

کۆنترین شارستانیەتە لە مێژوودا، خاوەنی یەکەمین چیرۆکە دەربارەی لافاوەکە کە بۆ نێزیکەی هەزارەی سێیەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە. کورتەی چیرۆکەکە لە دەقە سۆمەرییەکاندا بەم شێوەیە هاتووە: خواوەندەکان بڕیار دەدەن هەموو مرۆڤانی سەر ڕووی زەوی بە لافاوێکی مەزن لەناو ببەن، بەڵام هەندێک لە خواکان دژی بڕیارەکە بوون، یەک لەوانەش خوایەک بوو کە ڕزگارکردنی تۆوی مرۆڤی گرتە ئەستۆ. لەو دەمەدا شایەکی چاکەکار و خواپەرست هەبوو بە ناوی (زیوسودرا)، بەمەش خوای ڕزگارکەر پەیوەندی پێوەکرد و هەواڵی لەناوبردنی ژیانی پێ ڕاگەیاند، داواشی لێ کرد کە کەشتیەک ئامادە بکات بۆ خۆی و خێزانەکەی و کەسە چاکەکان، جووتێک لە گشت جۆری ئاژەڵەکان. پاشان بارانێکی یەکجار بەخوڕ دەستپێ دەکات و دەبێتە هۆی لافاوێکی مەزن و لەناوبردنی سەرلەبەری مرۆڤ و زیندەوەران. دوای لافاوەکە کەشتییەکە لەسەر چیایەک دەوەستێت، چەند باڵندەیەک دەنێردرێن بۆ زانینی نیشتنەوەی ئاوی لافاوەکە، ئەو کاتەی باڵندەی دواجار ناگەڕیتەوە، ئەوا دەزانن کە لافاوەکە نەماوە، بەمەش ژیان جاریکی دیکە دەبووژێتەوە. لەبەر ئەو کردەوەیەی زیوسودرا، خواوەندەکان نەمری پێ دەبەخشن و دەبێتە یەکەمین مرۆڤی نەمر و لەلای خواکان شوێنێکی پێ دەدرێت.

بابلییەکان:

لە داستانە ناودارەکەی گلگامشدا بە وردەکارییەکی زۆرەوە ئاماژە بە لافاوەکە دراوە، بێگومان سەرلەبەری ئەم چیرۆکەش لە سۆمەرییەکان وەرگیراوە. کاتێک گلگامش هاوڕێکەی ئەنکیدۆ لەدەست دەدات، زۆر پێی ناخۆش دەبێ و هەوڵ دەدات ژیانی بۆ بگەڕێنێتەوە، بەمەش ڕوو دەکاتە ئەو دەشت و چیاوچۆڵە بۆ دۆزینەوەی نهێنی نەمرایەتی. بۆ ئەمە دەبوایە دەریای مردووەکان ببڕێ، تا بگات بە (ئوتناپشتیم)ی تاکە مرۆڤی نەمر، ئەمیش بەسەرهاتی خۆی لە چۆنەتی گەیشتنی بە نەمریی لەڕێی لافاوێکەوە بۆ دەگێڕێتەوە. ئوتناپشتیم هاوشێوەی چیرۆکی لافاوەکەی سۆمەرییەکان بۆ گلگامش باس دەکات، بەوەی کاتێک خواوەندەکان بێزار و تووڕە دەبن لە زۆربوونی ژمارەی مرۆڤەکان و کێشە و گرفتەکانیان، بڕیار دەدەن بە لافاوێک خەڵکەکان لەناوببەن. لەمەشیاندا خواوەندێکی چاک و بەبەزەیی (ئیا) ئەمەی پێ باش نابێ و ئوتناپشتیم ئاگادار دەکاتەوە، داواشی لێ دەکات کەشتییەک دروست بکات بۆ خۆی و ئەندامەکانی خێزان و کەسوکار و کارکەرکانی، لە گشت بوونەوەرەکانی دیکەش جووتێک هەڵببژێرێت بۆ ڕزگارکردنیان، ئەمیش ئەوە دەکات کە داوای لێکرا، کەشتییەکیش بەو شێوەیە دروست دەکات. ئەوەی شایەنی گوتنە لێرەدا تەواوی تایبەتمەندی و پێکهاتەی کەشتییەکە بە هەموو وردەکارییەکانەوە لە پێوانەکانی و درێژی و پانی و ژمارەی نهۆمەکانی و قیڕپۆشینی لەم چیرۆکەی گلگامشدا دیار کراوە. پاش ڕوودانی لافاوە مەزنەکەی کە چەند ڕۆژێکی خایاند، لە هەوری ڕەش و گرمە و بروسکەی توند و بەهێز، بارانێکی یەکجار بەخوڕ، تێکەڵبوونی ئاوی هەڵقوڵاو لەگەڵ ئاوی دەریا و روبارەکان، بووە هۆی لەناوچوونی هەموو زیندەوەرەکان جگە لە سەرنیشتەی کەشتییەکە. دوای ئەم کارەساتە گەورەیە، بارانەکە وەستا و کەشتییەکەش لەسەر چیای نیسور (Nisur) جێگیر دەبێت، پاشان ئوتناپشتیم کۆترێک دەنێرێت و وشکانی نادۆزێتەوە و دەگەڕێتەوە، جاری دووەم پەڕەسێلکەش وەک کۆترەکە دێتەوە، بەڵام ئەو دەمەی قەلەڕەشکەیەک دەڕوات و ناگەڕێتەوە، ئەوا دەزاندرێ کە لافاوەکە نەماوە و کۆتایی هاتووە. ئینجا ئوتناپشتیم و زیندەوەران و ئەوانەی لەگەڵین، دادەبەزن و جارێکی دیکە ژیان لەسەر ڕووی زەوی دەبووژێتەوە. ئەم چیرۆکە لە گشت لایەنێکەوە ڕێک وەک لافاوەکەی نوحی تەوراتە کە هەرچەندە پتر لە هەزار ساڵیشیان لە نێواندا هەیە.

میسرییە کۆنەکان:

گەلەک لە لێکۆڵەوەکان پێیان وایە، چیرۆکی لافاوەکە لە شارستانییەتی میسرییە کۆنەکاندا نابیندرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێ بزانین کە لە گفتوگۆی نێوان خواوەند ئاتوم و ئوزیریسدا ئاماژە بە لافاوێک کراوە.
ئاتوم - ئەی چی دەڵێیت دەربارەی ئەو ماوەیەی کە دەبێ لەم جیهانەی ژێروودا بەسەر بەرم؟
ئوزیریس - لێرەدا دەمێنیتەوە بۆ هەتاهەتایە، من بڕیارم داوە ئەوەی کە دروستم کردوون نەیان هێڵم، چونکە ئەم جیهانە دەبێ بە لافاوێک بگەڕێتەوە بۆ زەریای بێسەرەتا، بەڵام تۆ و چەند کەسانێکی دیکە دەهێڵمەوە.
بەم شێوەیە ئاتوم زەوی دەباتەوە ساتی دروستبوونی، بە لافاو گشت مرۆڤەکان لەناو دەبات، جگە لە ئوزیریس و هەندێکی دی، کەس ڕزگاری نابێت. لەبەرئەوەی ئەو بەشەی باس لە لافاوەکە دەکات تەواو نییە و لەناو چووە، بۆیە نەتوانرێ دەقی چیرۆکی لافاوەکە بکەوێتە دەستمان. لە لایەکی دیکەوە فەیلەسووفی ناودار ئەفلاتون دەڵێت: پیاوانی ئاینی میسرییەکان چیرۆکێک دەگێڕنەوە بۆ پەندیارێکی گریکی، گوایە ئاسمان چەند جارێک لافاوی ناردووە کە بووەتە هۆی ئەوەی نەوە نوێکان هیچ شتێکی پێشینەکانیان بۆ بەجێ نەمێنێت.

گریکی کۆن:

لەڕێی ئەفسانەی دوکالیۆنی گریکییەکان پێمان گەیشتووە، گەورەی خواوەندەکان زیۆس کاتێک تووڕە بووە لە مرۆڤەکان، بڕیاری ئەوە دەبێ کە بە لافاوێکی مەزن لەناویان ببات. لەو دەمەدا خواوەند پڕۆمیسیۆس دوکالیۆنی کوڕەکەی لە نیازی زیۆس ئاگادار دەکاتەوە و پێی ڕادەگەینێت کە دەبێ کەشتییەک دروست بکات، تا لەگەڵ ژنەکەی (پیرا) لەو لافاوە ڕزگار ببن. پاش لافاوەکە دوکالیۆن قوربانی پێشکەش بە زیۆس دەکات و ئەمیش لێی وەردەگرێت، لەسەر دەستی دوکالیۆن و ژنەکەی مرۆڤ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ژیان.

ئێرانی کۆن:

لە ئەفسانەیەکی کۆندا هاتووە کە ئەهریمەن بە فڕوفێڵ و ساختەکارییەوە دژایەتی میترای دەکرد، دەرەنجام میترا لافاوێکی بۆ زەوی نارد، جگە لە پیاوێک کە خێزانەکەی و هەندێک لە ئاژەڵەکانی دەخاتە ناو بەلەمێک، کەس ڕزگاری نەبوو. پاش بووژانەوەی ژیان لەسەر زەوی، پیاوەکە بە ئاگر زەوی پاک دەکاتەوە و سەرکەوێت بۆ ئاسمان، دەبێتە ڕێنیشاندەری مرۆڤە چاکەکان و پاراستن و ئاگادارکردنەوەیان لە کار و کردەوەکانی ئەهریمەن.

زەردەشتییەکان:

دوای ئەوەی ژمارەی مرۆڤ و ئاژەڵەکان گەلەک زۆر ببوون و جێیان نەدەبۆوە، خواوەند ناچار کرا زەوی فرەوان بکات، جاری دووەمیش بەهەمان شێوە، بەڵام کە سێیەم جار ئەمە ڕووی دایەوە، زەوی گەیشتە ئاستێکی وا کە نەتواندرێت دیسانەوە فرەوان بکرێت. بۆیە خوای مەزن ئاهوڕامەزدا لەگەڵ خواوەندە ئاسمانییەکان کۆبووەوە و بڕیار درا، بوونەوەرەکانی سەر زەوی بە لافاوێک لەناو ببرێن. خوا بە (میا)ی پیاوچاکی گوت، گەوڕێکی پەرژیندار دروست بکات تا جووتێک لە گشت جۆرە ئاژەڵەکان و تۆوی هەموو ڕوەکەکانی تێدا گل بداتەوە، بەمەش لە کۆتاییدا میا و زیندەوەرەکان ڕزگاریان دەبێت لە لافاوەکە.

هیندۆسەکان:

لەلای ئاینی هیندۆسیدا ئەم ئەفسانەیە تێکەڵە لەگەڵ گیانی هیندۆسیان و سروشت و بوونەوەرە زیندووەکان. چیرۆکەکە بەوە دەستپێ دەکات، کاتێک مانو دەفرێک ئاو لە دەریاوە دەهێنێت بۆ خۆشۆردن، دەبینێت ماسییەکی بچووکی تێدایە، کاتێکیش دەیەوێت بیگێڕێتەوە ناو ئاو، ماسییەکە لێی دەپاڕێتەوە کە ئەمە نەکات، تا نەبێتە خۆراکی ماسییە گەورەکان. مانوش داواکەی بەجێ دەگەینێت و بەخێوی دەکات، ماسییەکە گەورە دەبێ و دەتوانێ لەناو دەریادا بژیێت. بەڵام کەمێک پێش هەڵدانی بۆ ناو ئاو، ماسییەکە پێی دەڵێت کە ئەو بەرجەستەیەکی (ئەڤەتار) خواوەند ڤیشنویە و پێویستە ئاگادار بێت لە هاتنی لافاوێکی ترسناک، داواشی لێ دەکات کەشتییەک ئامادە بکات بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤە چاکەکان و ئاژەڵ و ڕوەکەکان. مانو ئەمانەی هەموو بەجێ گەیاند و بووە هۆی مانەوەی مرۆڤ و ژیان، پاشان کە کەشتییەکەی لەسەر چیایەک لەنگەری دەگرێت، دادەبەزێت و شانشینە نوێیەکەی دادەمزرێنێ و بە یەکەمین شا دەناسرێ لە مێژوودا.

گەل و نەتەوەی دیکە:

لە ڕاستیدا هیچ شارستانییەتێک و کۆمەڵگەیەک و ئاینێک نییە خاوەنی چیرۆکێک نەبێت بۆ لافاوەکە، بە شێوەیەک گەیشتووەتە لای گەلی ئەسکیمۆی نیشتەجێی سەهۆڵبەندانی باکووریش. ئەمانەش دەگێڕنەوە کە لە کۆندا لافاوێک گشت مرۆڤەکانی لەناوبرد، جگە لە دوو پیاو نەبێ، پاشان بەهۆی هێزی شاراوەی ئاینەکەیان یەک لەو دوو پیاوە خۆی کرد بە ژن، دەرەنجام توانیان زاوزێ بکەن و مرۆڤایەتی ببوژێتەوە.
لە چەندان کولتوری دیکەشدا دەبیندرێت لە سەرتاسەری جیهان، هەر لە ژوانگی چینییەکان و گەلانی تیبتییە کۆنەکانەوە بگرە، پێدا بچین بە گەلی ئیفوگۆی فلیپینییەکان و کامویەکانی تایلەند، گەلانی یێنیسێ و ئۆستیاکی ڕوسیای کۆن، چەندان وڵاتانی ئەوروپا و ئەسکەندەنافییە دێرینەکان، کابادی و مانگایای هۆزی دورگەکانی پاسفیک، پاسکادۆ و مایا و میوسکای گەلانی ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست و باشوور، ماونگ و ویرانگوی ئوسترالیا و مائۆری نیوزلاند، ناهوا و میچۆکان و تۆلتێکی مەکسیک، ناوچەکانی ئەفریکا و گەلانی گینیا و هۆزەکانی کوایای نێزیک دەریاچەی فیکتۆریای سەرچاوەی ڕووباری نیل.

سێ ئاینە بەناو ئاسمانییەکان؛

جووەکان:

لە تەوڕاتدا بەو شێوەیە هاتووە: خوا بینی کە خراپە گەلەک زۆر بووە لەسەر زەوی، بەمە لە دڵەوە هەستی بە خەمباری کرد، بۆیە بڕیاری دا گشت مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەرەکانی دیکە لەناو ببات. بەڵام لەبەرئەوەی نوح کەسێکی چاک و خواناس بوو بڕیارەکە ئەوەی نەدەگرتەوە، خوا ئاگاداری کردوە و فەرمانی پێدا کەشتییەکی مەزن دروست بکات و ناوەوەی بە قیڕ داپۆشێت، تا ئاوی نەچێتە ناو. خوا داواشی لێکرد ئەمانە لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت، لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو نێر و مێیەک، ژن و منداڵەکانی، خۆراک و پێداویستی بۆ گشت سەرنشینانی کەشتییەکە. لە کاتی دیارکراودا فەرمانی خوا بەجێ گەیندرا، چل شەو و چل ڕۆژ بارانێکی بەخوڕ باری، هاوکات لە سەرلەبەری کانییەکانی زەوی ئاو هەڵقوڵا. ئاو زیادی کرد و وای لێهات تەواوی زەوی داپۆشێت، بەمەش تێکڕای مرۆڤەکان و ئاژەڵ و باڵندەکانی جیهان مردن، ئەوەی ماویەوە تەنیا سەرکەوتووانی کەشتییەکە بوون، پاشان لافاوەکە نەماو کەشتییەکە لەسەر چیای ئارارات گیرسایەوە، لەوانەی کە ڕزگاریان بوو، ژیان جارێکی دیکە بووژایەوە.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژە پێکردنە، ئەم چیرۆکە وەک گوتمان لە بابلییەکانەوە وەرگیراوە، بەڵام نووسەری تەورات کە هەرچەندە ئەو ڕووداوەی بەچاوی خۆی نەبینیووە، ئەوەندە بوێریش نەبووە شوێنی لافاوەکە دیار بکات، بەڵام هەر ناپاکانە بەرگێکی خۆماڵی دەپۆشێتە چیڕۆکەکە و هەمووی دەداتە پاڵ خوای جووەکان. بەمەش پاڵەوانییەتی ئەو داستانە دەبەخشێتە کەسێک (نوح)، پاشان دەیکاتە باوکی گشت ئەو پێغەمبەرانەی کە خۆیان مەبەستیانە.

کرستییانەکان:

چیرۆکی لافاوەکە لە ئینجیلیشدا بەدەقی بنەڕەتی تەوڕات لە نامەی یەکەم و دووەمی پەتڕسدا دەبیندرێت. لە نامەی یەکەمدا هاتووە، کاتێک خوا لە سەردەمی نوحدا هەموو بوونەوەرەکانی نوقمی ئاو کرد، تەنیا نوح و چەند کەسێکی کەم نەبێ مانەوە. لە دووەمیشدا دەڵێت، بە مەبەست و گومڕاییەوە خۆیان لا دەدەن لەوەی، خوا بە وشەیەک ئاسمان و زەوی لە ئاو دروست کرد، هەر بە ئاویش جیهانی کۆنی لەناو برد. ئەمەش بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە لافاوەکە جیهانی بووە، نەک تەنیا لە ناوچەیەکی تایبەتی بێت. کەواتە ئینجیل سەرلەبەری چیرۆکەکە پشتڕاست دەکاتەوە و هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی لەلای جووەکاندا هەبووە. کرستییانەکان ئەو کارەساتەیان خستۆتە چوارچێوەی فەلسەفەیەکی خواناسی، سەرتاپای لافاوەکە و بانگەوازی نوح بۆ نەتەوەکەی، وەک ئاوی گیانشۆرین (مەعمودییە) و پاککرنەوەی و ڕزگاربوونی مرۆڤەکان لە تاوان و خراپەکاری دەناسێنن. عیسا بە لەشە مرۆییەکەی مرد و دوایی بە گیانەکەی ژیایەوە، هەر بەو گیانەش لەکۆندا مزگێنی بە خەڵک دەدا، کەشتییەکەش هێمایەک بووە بۆ لەشی عیسا کە توانی تاوانی مرۆڤایەتی بسڕێتەوە و ڕزگاریان بکات لە لەناوچوونی یەکجارەکی.

ئیسلام:

یەکێک لە گرینگترین و ناسراوترین ئەفسانە کە گواسترابێتەوە لەڕێی ئەو جووانەی کە چوونەتە ناو وڵاتانی عەرەب چیرۆکی لافاوەکەی نوح بووە، واتە پێش هاتنی ئیسلام گەلی عەرەب ئاشنا بوونە بەم ڕووداوە، لە گەلەک شیعرەکانی بەرلە ئیسلام ئاماژەی پێکراوە.
بەگوێرەی ئاینی ئیسلام خوا نوحی بۆ نەتەوەکەی نارد کە واز لە بتپەرستن بهێنن و خوای تاک و تەنیا بپەرستن، بەڵام کەسیان گوڕایەڵی نەبوون و بەردەوامییان بە گومڕایی و بێباوەڕی دا. لە قورئانیشدا هاتووە کە نوح لە ژیانە نۆسەدوپەنجا ساڵییەکەی هەمیشە داوای خواپەرستی لە گەلەکەی کردووە، کاتێکیش سوودی نەبووە، خوا فەرمانی پێ دەدات کە کەشتییەک دروست بکات بۆ ڕزگارکردنی باوەڕداران. موسڵمانان دەڵێن، لە مێژوودا هاوشێوەی ئەم کەشتییە نەبیندراوە، گوایە درێژییەکەی هەشتا، یان هەزار، یانیش دووهەزار باڵ بووە، باشترین جۆرە داریش بەکار هێندراوە لە دروستکردنیدا، گوتراوە کە نوح داری چاندووە و سەد ساڵ چاوەڕێی کردووە تا گەشە بکات، پاشان بەدەیان ساڵیش وشکیانی کردۆتەوە. هەروەها داوای لێکراوە بە قیڕ بپۆشێت و بیکات بە سێ نهۆمی، نهۆمی خوارەوە بۆ ئاژەڵە دڕندەکان، ناوەڕاستی بۆ مرۆڤ و سەرەوەشی کە داخراوە بۆ باڵندەکان. بۆ نوح ئاشکرا کراوە کە نیشانەی لافاوەکە هەڵچوونی تەنورەکان، یاخۆ هەڵقووڵانی ئاوی ژێر زەوییە لە دەمی خۆرهەڵاتن. بە دەرکەوتنی ئەم نیشانەیە نوح وەک چۆن فەرمانی پێکراوە، هەڵدەستێت بە بارکردنی جووتێک لە گشت زیندەوەرانی زەوی و چەند کەسانێکی باوەڕدار. کەسوکار و ئەوانەی کە باوەڕیان بە ئاین و خواکەی نوح هەبووە ژمارەیان گەلەک کەم بوو، هەندێک دەبێژن نێزیکەی هەشتا کەس دەبوون. ژنی نوح و کوڕێکی وەک زۆربەری هەرە زۆری خەڵکەکە بێباوەڕ بوون و سەرنەکەوتن بۆ کەشتییەکە. کاتێک کانییەکانی زەوی تەقینەوە و باران بەخوڕ دەستی پێکرد، ئاستی ئاو کشا و کەشتییەکەی بەرزکردوە، سەدوپەنجا ڕۆژ ڕێی کرد لەناو ئەو شەپۆلانەی هاوشێوەی چیا بوون. پاش ئەم کارەساتە و مردنی هەموو بێباوەڕەکان و بوونەوەرانی سەر زەوی، نوح کۆترێک دەنێرێت، کۆترەکەش پێیەکانی نوقمی قوڕ دەبن، لەگەڕانەوەیدا چڵە زەیتونێک لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بەمەش نوح دەزانێت کە ئاو نیشتۆتەوە.
زۆرینەی موسڵمانانیش وەک جوو و کرستییانەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لافاوەکە هەموو جیهانی گرتەوە، گشت مرۆڤ و دار و دەوەن و ئاژەڵ و باڵندەکان لەناو چوون، ئەو ڕایەش گەلەک باوە و لە قورئانیشدا ئاماژەی پێکراوە. بۆ ئەمەش ئیبنی کەسیر گوتوویەتی: هەموو ئاینەکان لە خواوە پێیان ڕاگەیشتووە و لە گشت سات و سەردەمێکیشدا لە پێشینانەوە نەوە لەدوای نەوە گوێزراوەتەوە کە لافاوەکە جیهانی بووە، هیچ کەسێکیش دوای لافاوەکە نەما، جگە لە سەرنشینانی کەشتییەکە. لە ئیسلامدا ئەو ڕایە هەیە کە دەڵێت، مرۆڤەکانی پاش ئەم ڕووداوە زەوی کە لەگەڵ نوحدا بوون، هیچ یەکێکیان نەوەیان نەخستەوە، کەواتە مرۆگەلی هەموو جیهان نەوەی نوحن.

تێڕوانینێکی لۆژیکییانە بۆ لافاوەکە

پێش ئەوەی بچینە سەر ڕەخنە زانستییەکان، بە پێویستی دەزانین لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی بڕوانینە لایەنەکانی ئەم چیرۆکە و لە ڕێی چەند پرسیارێکەوە هەندێ خاڵ دەستنیشان بکەین؛
- سەرەتا گەلەک لەوانەی دەیانەوێت ئەم چیرۆکە لەگەڵ ڕاستیدا بگونجێنن، دەڵێن گوایە خوا هەموو زەوی دانەپۆشت بە ئاوی لافاوەکە، چونکە دەزانن ئەمەیان هەرگیز لەگەڵ لۆژیک و زانسدا یەک ناگرێتەوە. هەرچەندە لە دێڕەکانی پێشوو بۆمان ڕوون بووەوە کە چیرۆکەکە لە بنچینەوە لە تەوڕاتی جووەکان وەرگیراوە، لەوێشدا گوتراوە کە لافاوەکە جیهانی بوو، هەر لەبەرئەوەش بووە داوا لە نوح کراوە لە هەر جۆرە بوونەوەرێکی زیندوو جووتێک هەڵبژێرێت بۆ ناو کەشتییەکەی، ئەگەر وا نەبووایە چی پێویستی بەوە نەدەکرد، چونکە ناوچەکانی دیکە گشت زیندەوەرێکی لێ هەبووە. یان بۆ کۆچیان نەکرد بۆ شوێنێکی دیکە؟ یاخۆ بۆ خوا تەنیا بێباوەرانی نەکوشت و تەواو، بۆچی جیهانی کاول کرد؟ جگە لەمانە ئەگەر لافاوەکە ناوچەیی بووبێ و تەنیا لەم ڕووبەرە بەرتەسکەدا ڕووی دابێ، دەرئاساییەکەی (ئیعجاز) ئەم چیرۆکە لە چیدایە؟
- بۆچی نەتەوەی نوح تاکە نەتەوەی سەر زەوی بوون لەو دەمەدا، هۆی چی بوو تەنیا لەو ڕووبەرە پەستێنرابوون، ئایە ئەمە لەگەڵ سروشتی مرۆڤ دەگونجێت؟
- ئەم رووداوە بۆ سەردەمانێکی یەکجار کۆن دەگەڕێتەوە لە مێژوو، چۆن توانرا کەشتییەکی گەورەی سێ نهۆمی بەم شێوەیە تەنیا لە دار و بەبێ بوونی کانزاکان دروست بکرێ؟ دەبێ چەند داری تێدا بەکار هاتبێت، ئایە دار بەبێ بڕینەوە و چاککردن و لووسکردن و بەتەختەکردن سوودی چییە؟ پاشان ئەم کەشتییە مەزنە پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار هەیە بۆ دروستکردنی، چۆن بە نوح و ئەوانەی لەگەڵی بوون کارێکی ئەوا ئەنجام درا؟
- دەبێ بەچی و چۆن نوح بەدوای ئەو ملیۆنان جۆرانە گەڕابێ لە جیهاندا؟ چۆن گەیشتە قووڵایی بیابانی گەرم و سەهۆڵبەندەکان بۆ ڕزگارکردنی جووتێک لە زیندەوەران؟ پاشان بەچی گوێزرانەوە، خۆ لەپشت نەکراون، ئایە هیچ ئامێرێک و ماشێنێک هەبووە لەو ڕۆژگارەدا؟ ئایە گواستنەوەی زیندەوەرانی کیشوەرەکانی دیکە و هێنانیان بۆ لای کەشتییەکە، دەبێ چەند ملیۆن قەفەزی ئاسنین و شووشەیی و پلاستیکی پێویست بووبێ، لە کاتێکدا ئەو کەرستانە لەو سەردەمەدا بوونیان نەبووە؟ ئەمڕۆکە بەو هەموو پێشکەوتنە لەتەکنەلۆژیا، بۆ نموونە وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکاش بە گشت توانایەکییەوە، ئایە پێی دەکرێت نێرینەیەک و مێینەیەک لە سەرلەبەری ڕوەک و ئاژەڵ و مەگەزەکانی جیهان کۆبکاتەوە؟
- ئەگەر ئاژەڵەکان خۆبەخۆش هاتبن، چۆن ئاژەلانی ئەمریکا و ئوسترالیا توانیان زەریاکان ببڕن و بگەنە نوح، پاش لافاوەکەش بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟ ئایە ورچی سەهۆڵبەندان پێی دەکرێت بیابان ببڕێت، تیمساح دەکارێت لە ئاوی سووێردا مەلە بکات؟ چۆن ماسییەکانی ئاوی سازگار لە ژیاندا مانەوە پاش تێکەڵبوونی ئاوی سووێری لافاوەکە؟ پێچەوانەی ئەمە، ئایە کەمبوونەوەی سووێری ئاوی دەریاکان بە هۆی بارانەوە، کاریگەری نییە لەسەر گشت زیندەوەرە ئاوییەکان؟
- قەبارەی کەشتییەکە هەر چەند گەورە بووبێ، ناکرێ جێی ئەو هەموو زیندەوەرەی تێدا ببێتەوە. ئەگەر لە هەموو لایەکەوە داخراو بووبێ تا باران نەچێتە ناوی، ئەی چۆن هەناسەیان داوە؟ چۆن شوێنێکی سارد بۆ ئاژەڵی ناوچەی سارد و شوێنی گەرم بۆ ئاژەڵی دەڤەڕە گەرمەکان دابین کرا؟
- چۆن توانرا ڕۆژانە بەو چەند کەسە کەمە، خۆراک (بەگوێرەی تەوڕات ١٥٠ ڕۆژ) بۆ ئەو هەموو بوونەوەرە دابین بکرێت؟ پاشان ئایە نابێ ئەوە ڕەچاو بکرێت کە گەلەک لە ئاژەڵ و مەگەزەکان یەکدی دەخۆن؟ چۆن ئەمانە جیاکرانەوە لە یەک، ئایە شێر و مەڕ بەیەکەوە دەبن، باڵندە دەبێ ئەو دەمە بۆچی وازی لە خواردنی مەگەز هێنابێ؟ ئەی سەدان تۆن لە پاشەڕۆک و بۆنە پیسەکەی چی لێکرا؟
- دەشێ ئاسایی بێت کە ئەو هەموو ساڵە نەتەوەیەک ئامۆژگاری بکرێ و خەڵکەکانی ئاگادار بکرێنەوە لە سزای خوا، کەچی گوێڕایەڵ نەبن. بەڵام نوح لەبەرچاویان ساڵانێکی دورودرێژ خەریکی دروستکردنی کەشتی بوو، پاشان کە بینییان ئەوا بارانێکی یەکجار بەخوڕ و نائاسایی دەبارێت، چۆن پەشیمان نەبووەنەوە و باوەڕیان بە خواکەی نوح نەکرد؟
- پاش لافاوەکە و هاتنە دەرەوەیان لە کەشتییەکە، مرۆڤەکان و ئاژەڵەکان و زیندەوەرانی دیکە چۆن توانییان بژین بەبێ بوونی خۆراک، ئایە ژینگە پێویستی بە کات نییە، تا ببووژێتەوە؟
- نەک ئاژەڵەکان، ئەی مرۆڤەکان بەچی جارێکی دیکە بە هەموو لایەکی جیهان بڵاو بوونەوە؟ بۆ هیندەسوورەکانی ئەمریکا و جێنشینە ڕەسەنەکانی ئوسترالیا لەو ناوچانەی خۆیاندا هەن، لەبەرچیش بوونە خاوەن ئاین و زمان و کولتوورێکی یەکجار جیاواز، ئایە گشت مرۆڤەکان هاوئاین و هاوزمان نەبوون، بۆچی ئەو شتگەلانەیان بۆ نەوەکانیان نەگواستەوە؟
- بۆچی خوا وەک ئەوەی لە ئاینەکاندا ناسراوە چاوەڕێی رۆژی دوایی نەکرد بۆ سزادانی بێباوەڕان و گومڕاکان؟ چۆن دەبێ ئەمانە لەسەر زەوی سزا دران، لە دوارۆژیش سزا بدرێن، کوا دادپەروەری؟ بۆ هەمیشە دوو کۆمەڵمان هەن، یەکێک لێرە و لەوێ سزا دەدرێت، هی واش هەیە تەنیا لە ڕۆژی دوایی؟
- ئایە بۆمان نییە بپرسین، بۆچی ڕوەک و ئاژەڵ لەناوبران؟ یان منداڵی ساوا بۆ بهێنرێتە ڕیزی گومڕاو تاوانکاران؟ دەبێ شوێنەواری گشت ئەوەی مرۆڤ دروستی کردبوو، پاش ئەو ڕووداوە چەندە مەترسیدار و تۆقێنەر بووبێ، لە بینینی ئەو کاولگەیە و هەزران لاشە شێواو و ڕزیوەی ئاژەڵان و ئەو کەسانەی کەسوکار و ناسیاو بوونە لە ژن و مناڵان؟ ئایە ئەم کۆمەڵکوژییە و لەناوبردنە یەکجارەکییە کاری خوایەکی بەخشندە و میهرەبانی بێسنوورە؟ چۆن دەبێ خواوەندێکی تووڕە و بێبەزەیی بڕیار بدات، مرۆڤەکانی سەر زەوی بە منداڵە ساوایەکان و گشت ئاژەڵ و ڕوەکێک لەناو ببات، تەنیا لەبەرئەوەی بە بەبوونی بەڵگە، باوەڕیان بە خوای ئاینەکەیان نییە.
دواجار پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین کە هیچ پێویست بەوە ناکات ئاینداران بێن و کۆمەڵێک ڕاڤەی نالۆژیکی و نازانستی دوور لە هۆشمەندی بهێننەوە. چونکە دەکارن بیر لە چەندان شێوازی جیاجیا بکەنەوە وەک چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتانە لەوانەش: کۆمەڵێک هەن وای دەبینن کە ئەم ڕووداوە لەڕێی دەرئاسایەکەوە بووبێ، بەوەی خوا لەڕێی پۆلە فریشتەیەکەوە بە ویستی خۆی، توانی بەدکاران لەناو ببات و چاکەکار و باوەڕدارانی بپارێزێت، بەبێ پێویستبوون بە چاودێری مرۆڤیش، هەموو زیندەوەرەکانی بۆ شوێنێکی ئارام برد، پاشانیش دابەشیانی کردەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی خۆیان؟ گەلەک لە ئایندارانی دیکەش هەن، لەو چیرۆکانە دەڕوانن وەک هێمایەک کە گێڕانەوەیان تەنیا وانەیەک بێت بۆ پەند لێوەرگرتن.
...............................
ئەمەی سەرەوە بەشی یەکەمی بابەتێکی دیکەیە لە نووسینێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە