بزوتنەوەی گۆڕان بۆ فەزاحەتی 400 ملیار دینارەكەی قبوڵ كرد؟

Monday, 01/06/2020, 23:37

7560 بینراوە


پرسیارێكی گرنگ هەمیشە رووبەرووی بزووتنەوەی گۆڕان ئەبێتەوە كە ئایا خەباتی جەماوەرییەكە، بۆ گەیشتنی كۆمەڵێ كەس بووە بە پۆستی وەزیری یان بۆ چاكسازی و ریفۆرمی سیستەمی هەرێمی كوردستانە؟.
لەم كابینە نوێیەی حكومەتدا كە بزوتنەوەی گۆڕان بە وەرگرتنی وەزارەتەكانی دارایی، ئاوەدانكردنەوە، كاروباری كۆمەڵایەتی بەشدارە، ئێستا رووبەروی گەورەترین فەزاحەتی هەڵوێست بۆتەوە ئایا بەرژەوەندییەكانی وەزیرەكانی بپارێزێ و لەناو حكومەتدا بمێنێتەوە یا لەو حكومەتە بكشێتەوە مادام بەشدار نییە لەو گەندەڵیە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا حكومەتی بەغدا رایگەیاند كە (400) چوار سەد ملیار دینار لۆ موچە نێردراوە بۆ حكومەتی هەرێم، بەڵام حكومەتی هەرێم رایگەیاند كە ئەو پارەیە ئەدرێتەوە بە قەرزی (11) كۆمپانیای ناوخۆ كە قەرزیان لەسەر حكومەتە! ئەو كۆمپانیایانەش هی پارتی و یەكێتین، كەواتە ئاوات شێخ جەنابی وەزیری دارایی كە بە ئیمزای ئەو گوژمەكە وەرگیراوە چۆن قبوڵی ئەكات سەدان هەزار موچەخۆر كە هەندێكیان دەنگەری بزوتنەوە چاكسازییەكەی ئەو بوون، بێ نان و موچە بن لەپێناو تێركردنی كۆمپانیاكانی حیزب؟.
ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دووڕیاندایە كە ئەویش بەرژەوەندیی تایبەتی وەزیرەكانیەتی بەتایبەت وەزیری دارایی كە ئاواتی شێخ جەنابە، رێگاكەیتر كشانەوەیە لە حكومەت یان رەتكردنەوەی بەخشینی ئەو چوار سەد ملیار دینارەیە لەلایەن وەزیری داراییەوە.
بە كورتی ئەگەر ئاواتی شێخ جەناب كە سەرپەرشتی كوتلەی گۆڕان لەناو حكومەت ئەكات، ئەو فەزاحەتەی چوار سەد ملیار دینارەكە رەت نەكاتەوە، بە مانەوە و بێدەنگییان لەناو حكومەت، كۆتایی بە دروشمی گۆرانیش ئەهێنێ كە چەندین ساڵە جەماوەر چاوەروانی چاكسازی لێ ئەكات.
توانا گەرمیانی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە