ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥

Tuesday, 06.02.2020, 3:09

2847 بینراوە


(بابەتێکی دۆکیۆمێنتاریە)

ڕەشید دوو سێ ساڵێک بو لە دوای مفاوەزاتی ساڵی حەفتا لە گوندی سارتكەی خۆشناوەتی ھاتبوە ھەولێرێ لە تەک ماڵە خۆرانیەکانی دی لە سەر جادەی کۆیێ لە سێتاقانی سەرێ گیرسابونەوە و لە بن دیواری باغی شاریش لە بەرامبەر کشکە پلێتەکەی مەکتەبەی سۆلاڤ ی جومعە ئاکرەیی ھەر لەسەر بوغچەکەی توتنەکەی ڕادەخست و دوو سێ سەفتە قەمیش و کاغەزی سیغارەی دەخستە سەر و ئیدی بێ حیساب جغارەی دادەگرتەوە و دەیپێچاوە و بیستی بە دەفلوسی دەدا بێ حیسابیش جغارەی بە جغارەی پێ دەکردەوە و ئەگەر لۆ دەست نوێژێکی مزگەفتی شێخەڵای یان خانەقایێ و یان کڕینی نانەکی فڕنی و سەمونەکی حەجەری و پێخۆرێکی سەرکە پیازێک و تەماتەیەک بوایە دەنا سبیلەکەی قەت لەبەر پژدێنی نەبو ھەر بە لا لێویەوە بو .
تورەگەیەکی مێوژی شەحادەشی پێ بو جار نا جار دەستی دەخستێ و چەنگە مێوژێکی ڕەشی گوندەکەیانی دەخستە دەوی .
تۆزەک لەولاتریش دوو سێ توتن فرۆشی دیشی لێ بو پینە دۆزێکیشی لێبو ئیشی نارچە لێدانی پێڵاو بزمار ڕێژ کردنی قۆندەرەی بو بەس ھەمو دەمێ ئیشی نەبو دوکانەکەی سامی عەوداڵی مەکینەی درومان و قاڵبی پێڵاوی تەنگیشی ھەبو دوو سێ کورسیۆکەی داریشی ھەبو ھەمو دەمێ گەنجی پرچ درێژ و خەنافسی جزمە و پانتۆڕی شارلستۆنی دەلینگ گەورە و کراسی تەسکی یاخە درێژ و قایشی بەرینی سەر بە ئاوزێنەی گەورەی لێ دادەنیشت بە دەگمەن نەبوایە یەکی ڕۆژنامەکیان ھەر لە دەست بو .
لە پێشەوەیش فافۆن فرۆشێکی لێ بو مەنجەڵ و مەقڵی و جامی فافۆن و مڵاکی قومی دەفرۆشت .
بەیبونی ژنی ڕەشیدی و ژن و کیژەکانی ماڵی حەمە ڕەشیدی حەمباڵی عارەبانچی بابی وەستا تایەر و نەعیمی ژنی مام مشیری کەناس ھەمو دەمێ لە چێشتانێ تانیوەڕۆیەکەی و عەسرەکەشی تا بانگی مەغریبێ لەگەڵ سێبەری ڕۆژێ جێی خۆیان دەگۆڕی و ھەر بەیەکەوە بون دوور نیە لەبەر ئەوە بوبێ خەڵکی یەک گوندی ببون .
نەعیم بێوەژنێکی جوانی پرچ لوسی ڕەش بو خۆشی ئەسمەرێکی کەڵەگەت بو زیاتر لە ژنی ھیندیە سورەکانی دەکرد منداڵی نەبو ھەمو دەمێ دەستی ڕاستی لەسەر کەمەرە توندە تەنگەکەی بو دەبێ لە بەر ناچاری بە مام موشیری شەلەی کەناس ڕازی بوبێ ، چونکە بۆنی خۆشی مام موشیری ھی زبڵی گەڕەکی شەھیدانی ناو دوو تای جەواڵەکەی و تەرسی نێرەکەرەکەی بەلەدیەی بو کە ئیشی کەناسی پێ دەکرد و ئالیکی کاو جۆی لەسەر حیسابی بەلەدیەی بو ، بەس ئەو فێڵی لە کەرەکەی دەکرد زیاتر پەلکە نانی ڕەق و پەلکە شفتی دەدایێ .
خدر و خالید و برایەکەی دیشیان کەر و عارەبانەیان ھەبو لە سەری کۆڵانێ بون ھەتاکو دوا دواییەکەی ئەو چەند ساڵی ڕابردو بێ دەنگ و بە قەناعەتەوە ھەر لە ناو خانیە کەونەکەی خۆیان بون پێش ئەوەی سەبی موسەلەح بکەن و لە ناکاو کەسێکی ملیۆنێر گۆتی بلۆک و شیش و پەنجەرە لۆخۆتان و بڕۆنە دەرێ دەیکەمە ھۆتێل و ئەوەش سێ چوار سەد دەفتەر دۆلار .
یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٤ ھێدی ھێدی نێزیک دەبۆوە ئەو ساڵەی دوایی ھەولێر زۆر ناخۆش ببو لەمێژ نەبو کەبابخانەکەی سەیدی نێزیک تاجریانی بەردەم مەچکۆی قومبەلەکی ئەمنانی لێ تەقی بۆوە و ساڵەک زوو تریش محەمەد حاجی لە بن قەڵاتێ لە نێزیک مەحکەمەی مێشکی بە سەلیەک فیشەکی دائیرەی ئەمن پژا بو کەوتبوە سەر جادەی و لە جۆڕکیان کردبۆوە .
ھەمو جارێ دوو سێ کەس دەھاتنە کن ڕەشیدی لە دەورەی توتنەکەی ھەر بە چینچکان بون و توتن کڕ نەبون بە لێو و بە پەنجە بە ئیشارەت قسەیان دەکرد و جار ناجاریش ئاوڕێکیان لە معاونیەتی مەرکەزی شورتەی خانەقایێ دەدایەوە و باسیان لە تڤەنگە سەمینۆفەکانی مەشجەبی دەکردەوە .
چەند شەوێکی مابو لۆ یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٤ ھەر وەستا تایەر ڕادیۆ فلێپسە پاتری وەسەتەکەی ھەبو ، پێ دەچو سەرمای زستانی ئەو ساڵە بە تەما نەبو زوو بڕەویتەوە ھەمو قۆڵتی پڕ ئاوی بەر ماڵەکان کە خۆڵەکەیان بۆ خۆڵەبانی سەربانەکان بە کار ھینا بو پڕاو پڕ لە ئاو بون و بە توێژاڵێکی شەختەی ئەستوریش بەستبوی .
عەسرەکەی دوو کەسەکە ھاتنەوە کن ڕەشیدی و لەگەڵ خۆیان بردیان و لای مەغریبێ دەرگای مەشجەبەکە کرابۆوە شورتەکانیش کەسیان لەوێ نەمابون ، یەکی تڤەنگێکی سەمینۆفی ڕوسیان کردە شان و ڕەختی پاکەتە فیشەکەکانیان لە پشتێ بەست و گەیشتنەوە سێتاقان زوو تر مشوری خۆیان خواردبو ، ئەوانی دی لەدەورەی ڕادیۆکە خڕ ببونەوە کەس ئیشتیھای خواردنی نەمابو لە جغارە و دیشلەمەی زیاتر .
دوای ئەوەی تێگەیشتن حکومەت حەقی کوردی نادا ژنەکان دەستیان بە پێچانەوەی نۆردیە نان و تەڕە پیاز و تور و مێوژی کرد ھەر یەکەی نیمدەرێک یان دۆشەکێک و شڕە بەرماڵ یان جاجمێکیان دا پیاوەکانیان و ئەوانیش خستیانە سەر شانی و بە بێ دەنگی و بە کش و ماتی لەگەڵ ھەزاران ھەزار کەسی دی لە کاروانێکی دوور و درێژی بێ چرپە بەرەو بەرزاییەکانی کەسنەزان و دەربەندی گۆمەسپانێ بەڕێ کەوتن ...
سێ چوار شەوی دواتر بە ھەمان ڕێ ڕەوی کاروانی پیادەکان سەدان زیل و ناقیلە و جێب قیادە و دەبابەی پڕ عەسکەر بەرە و ھەورازەکان کشان .
بەیبون ھەمو منداڵاکانی نواند بو بو خۆشی زگی لەبەر دەوی بو لۆ تاوێک ژانەکەی لێی نەدەگەڕا ، باران نم نم دەباریە سەر دیواری حەوشەکەیان ھەموی بە تەنەکەی ڕزیوی ڕوونی ڕاعی و نێرگز ھەڵچنرا بون ھەر یەکەی قانە گیایەکی لێ شین بوو ، ئەو لە کەلێنی تەنەکەکان لە دەبابە زنجیر قورسەکانی سەر جادەی کۆیە ڕادەما و بیری لای ھاوسەرەکەی بو .
ناردبویە لای ماڵ حاجی عوسمانیش گۆتبوی قورعانەکەی کەلام و ڵام لۆ بینن ڕەشید لێرە نیە نەبادا شەوە مەلۆتکەکەی بباتەوە .

(بەشی دووەم)

جادەی کۆیە یەک ساید و بێ شۆستە بو باریک و پڕ تاسە بو سەیتەرەکەش ھەر دوو سێ سەد مەترێک لەولا تری ماڵی ڕەشیدی بوو .
خێوەتێکی عەسکەری و دەور و بەرەکەشی بە خۆڵ ھەڵدرابۆوە لە ھەر چوار لای بە وایەری سەیار گڵۆپی زەردی شێستیان چەقاندبو بۆ ئەوەی لە بارانێی بپارێزن بنکی تەنەکەی ڕونیان لۆ بڕیبون گڵۆپەکانیان خستەبوە ژێری ، ڕەسمێکی ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حوسێنیشی لێ بو لە بنی نوسرابو ( قائيدان في مسيرة واحدة) یەک ڕێڕەوی باریک لە کن پلێتەکەی لەسەر ناوەڕاستی جادەی کە لێی نوسرا بو ( قیف ) بۆ ناو خێوەتەکە دەچو لە تەنیشت ڕەبایەکەش ناقیلەیەکی ڕوسی لێ بو دۆشکایەکی لەسەر بو لە دوای عەسرێ سەگە بەرەڵایەکانیش بۆیان نەبو لەو ناوە بێن و بچن .
نەوت بەتەواوی نەما و شەکر و چا قاتی بو نان و سەمون گچکە بونەوە و سڕە و شەڕی پێش فڕنەکان قەڵەباڵغ تر بو دەیانگۆت لەگەڵ ئاردی گێچی دەگەڵ دەکەن و شەڕ لەسەر پەیداکردنی سوتەمەنی لە بەنزینخانەی سەر ڕێی کەرکوکێ زیاتر بو .
یەکەم تەقەی ھێرشی عەسکەری سنوری ھەولێرێ لە بەرزاییەکانی دڵۆپە و گوندی کانی شاوێرد و شەرەبۆتی کرا ، پێشمەرگە لەو گرد و تەپۆڵکانەی ئەوێ ڕێی لە پێش ڕەوی عەسکەری دەگرت .
ھەشت مانگێک ئەو شەڕە بەردەوام بو پێشمەرگەی سادە زۆر داستانی مەزنی تۆمار کرد و ڕادیۆ بوە ئامێرێکی دەگمەن و ھەمو شەوێ خەڵک و کەس و کاری پێشمەرگەی لە دەوری کۆ دەبونەوەو دەستیان لەسەر دڵیان بو لە دەمی خوێندنەوەی ناوی شەھیدێک . مغاویری عەسکەریش بە دروشمی ( نفط العرب للعرب ) زۆر گوندیان سوتاند و لولەی تڤەنگیان خستە سەر سینگی ڕووتی زۆر ژنی ڕوو سووری کورد و لاقەی زۆریان کردن و زۆریان وەک ژان و ئازارێکی نادیار تا دوایی ژیانیان لە ھەناویان دا مایەوە .
ھەشیان بو لەو مغاویرانەی مێشکیان بە بیر و باوەڕی بەعس عەفلەقی شۆرابۆوە لە ئابلوقەی ھێزی پێشمەرگە دەرنەدەچون لە ھەڵەتە ھەزار بەھەزارەکانی گەلی عەلی بەگ بەو دروشمەی نەوت خۆیان ھەڵدەدێرا .
شۆڕش ئاشبەتاڵی پێ کرا ، سەدام گۆتی جەیبی عەمیل بۆ ھەتایێ ڕۆیشتن دوای ئەوەی کاکە تڤەنگەکەی دادەناو تەسلیم دەبۆوە و لە یەک قسعە ڵەگەڵ جوندیێک نانی دەخوارد .
ئەو دەم بەیبون بە خۆی و پێنج سەبیلۆکەکەی ژەمەکانیان کەم کردەو و پێخۆرەکانیان نەھێشت و بۆ شیرین کردنی تامی تاڵی چا پێنچ شەکرۆکەی پێنج فلوس باوی ترش و شیرینەکەیان کردە کڵۆی دیشلەمە .
پێش ئەوەی ھەناسە بەر کورد بکەوێتەوە و کێکی خۆشی ویتانەی ئێرانی بکەوێتە بازاڕ و کۆڵانەکانی ھەولێرێ و پێشە ئەوەی رەسمە جوانە ڕەنگاو ڕەنگەکانی کچە جوانەکانی ئێرانی بە جینسی تەسکی بەریان و قژە پەخشان بوەکانیان لە وێنەی گوگوش و نەسرین و ھایدە و مەھستی و حومەیرا و نوش ئافرین بچێتە سەردیواری ھەر ماڵێکی کورد .
بە ھەمان ڕێزی جاری پێشوی چونی خەڵک و پێشمەرگە بۆ سەرێ ئەو جارەیان بە تێکشکاوی و دڵی پڕ ترسی لێپیچینەوە لە ناو ڕێزی سەدان زیل لە ڕێگای شەقڵاوە بەر دەرگی قەزای بە خۆیان و تڤەنگە درێژەکانیان بە یاساوڵی سەدان عەسکەر و ئەمنی بەلدەی بەرامبەر متەوەستەی جمھوری تەسلیم بونەوە .
ئەو دەم ئێمەی منداڵ مەکتەبمان جێ ھێشتبو لە دەوری زیلەکان دەخولاینەوە .
دیارە رەشید لە پشتی بۆدی زیلە عەسکەریەکە منی دی بو گۆتی بڵێ بەیبونی رەشیدم دیتیە و دێتەوە ، یەک ڕکێب بە کۆڵانەکانی گەڕەکی کەناسان و شەھیدان و قاسیدی ھەواڵێکی ناگەھان بوم تا ڕێی کۆیە ...
ئەفسوس رەشید نەھاتەوە ...
بینە و بەردەی شکانی مەشجەبەکەی مەرکەزی شورتەی خانەقایان لەگەڵ کردبو ، تا لە ئێوارەیەکی درەنگ بە لاکە لاک دەگاتەوە سێتاقان و لە دەروازەی دیوارە بە تەنەکە ھەڵچنراوەکان دەچێتە ژورەوە بۆ بەیانی بەو دەرمانەی پێش ئازاد بونی دابویانی بە خوێنەوە دادەنیشێ و گیانی بوە پەپولەیەک لە کەلێنی دیوارە بە تەنەکە ھەڵچنراوەکان بەرە و ئاسمانی بێ کۆتای شار ھەڵفڕی .



(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4/5)