هێلکەی کوڵاو

Thursday, 04/06/2020, 7:05

4991 بینراوە


ساڵی ۱۹۹٨ ئەو کات تەمەنم ۱٤ ساڵ بو چەن ساڵێک بو وازم لەخوێندن هێنا بو .
بەدوای ئەوە بوم ئیشێک بدۆزمەوە چونکە گوزەرانمان زۆر خراپ بو.مناڵێکی ئەوەندە عەجول بوم، چۆلەکە بەئاسمانەوە باڵی بشکایەخێرا دەستیان بۆ من درێژ ئەکرد.لاسار و زۆر جوڵە بوم، بەڵام منداڵێکی بێ ئەدەب و بێ چاو وڕوو نەبوم.
لەو تەمەنە هەستم بە بەرپرسیاریەتیەکی تەواو دەکردلەئاست بژێوی خێزان، کرێچیەکی ماڵی مامم هەبو نزیکی ماڵی ئێمە بو ناوی کاک بەکر بو. یەک کچی بچوکی هەبو،تەمەنی پێنج ساڵ بو ناوی دڵنیا بو. خێزانەکەی ناوی حەیات بو،
بەهۆی ئەوەی نزیک ماڵی ئێمە بون و کرێچی ماڵی مامم بون، تا ڕادەیەک هاتۆ چۆ و تێکەڵیمان هەبو. بەڵام کاک بەکرم بەدەگمەن ئەبینی،ڕۆژێک لەحەیات م پرسی،
- کاک بەکر چ ئیشێک دەکات ؟
- وتی لەئیشە شەوان دێتەوە. بەیانی ئەڕوا نەم دەزانی چ ئیشێک دەکات. بەیانیەک وەک بۆسە بۆی دانیشتم تا لەماڵ هاتەدەرەوە چومە پێشی،
-کاک بەکر چۆنی ؟
-باشم کاکە فەرموو
-کاک بەکر ئەو خانوەی تۆی تێدای هی مامی منە
-ئێ باشه کاکە فەرموو چیت دەوێت
-کاک بەکر تۆ چ ئیشێک دەکەی ؟
-بۆچی ؟
-دەمەوێت ئیش بکەم .
-باشە ئیش بکە ئیش کردن شتێکی باشە ،
-کاک بەکر دەزانم باشە بەڵام ئیش نیە بیکەم
-باشە کاکە من لەتۆ تێ ناگەم چیت دەوێ ؟
-بم بە لەگەڵ خۆت بۆ ئیش .
-کاکە تۆ بچوکیت و ئیشەکەی منیش بۆ تۆ نابێت ،
-قەینا کاک بەکر سەیرم مەکە بچوکم دووساڵ دەبێت ئیش دەکەم. بەڵام ئێستا ئیشم نیە دەمەوێت بمبەی لەگەڵ خۆت بۆئیش؟
-ئەی تۆ ناچیە قوتابخانە ؟
-نا وازم هێناوە
-باشە بەڵام دەبێت دایکت و باوکت ڕازی بن ئەوکات لەگەڵ خۆم ئەت بەم بۆ ئیش ،
-بەپێکەینەوە کاک بەکر من باوکم نەماوە
تەنیا بەدایکم دەڵێم ئەویش ڕازی ئەبێت ،چونکە هیچمان نیە لەماڵەوە پێی بژین ."پێکەنینەکەم بەئازار بو نەم دەزانی دڵ خۆش بم بەوەی باوکم نەماوە تەنها ڕازی کردنی یەک کەسم پێویستەیان دڵ گران بم بەوەی کە من لەم تەمەنە بچوکە بچمە بەر کار کردن بەهۆی بێ باوکی"
ئێوارە بەدایکمم وت کە ئیشێکم بینیوەتەوە ،ئەویش وتی باشە بچۆ وتم ئەیەوێت تۆ ڕازی بیت ئەو کات بچم .شەو کاک بەکر گەڕایەوە لەئیش دایکمم لەگەڵ خۆم برد و چوم بۆماڵی کاک بەکر ،
- کاک بەکر ئەوە دایکم ڕازیە من لەگەڵ تۆ بێم بۆ ئیش.
-باشەکەواتە میش ڕازیم . بەیانی سەعات شەش حازر بەدەرەچین ،بەیانی سەعات پێنج هەستام چومە بەردەرگا تا کاک بەکر دەرچولەماڵ "کاک بەکر ئیشی قاچاغی دەکرد لەبەینی شاری موسڵ و شاری هەولێر بەیانیان لەهەولێر پاکەتی جگەرەی دەبرد بۆ موسڵ .ئێواران لەموسڵ قوماشی دەهێنایەوە بۆ هەولێر "بەڕێ کەوتین چوینە بازاڕی شێخەڵا دوو کارتۆن جگەرەمان کڕی، خستمانە تەکسیەکەوە بەڕێ کەوتین بۆ گەراجی موسڵ . کەگەیشتین کابرایەک هاواری ئەکرد موسل موسل موسل ،تەمەنی لەدەوری چل و پێنج ساڵ دەبو. ڕوخسارێکی تاڕادەیەک ئەسمەری تۆخ سمێڵی تەواو زەرد ببو لەبەر دوکەڵی جگرە،چاوی بەئێمە کەوت کەلەتەکسیەکە دابەزین .خێرا هات دیاربو پێشترکاک بەکری بینی بودەیزانی ئەچین بۆ موسڵ.کاک بەکر وتی تۆ بەپێوە بوەستە بۆ ئەوەی بو پارەی نەفەرێکی تر نەدات.شوفێری پاسەکە وتی ئەوە نابێت بەپێوەبوەستێ گەورەیە. دوای بێنەو بەردەیەکی زۆر بەپێوە وەستام و بە پارەی نیو نەفەر ،بەڕێ کەوتین دوای بڕینی چەندان بازگەی پێشمەرگە و حکومەتی بەعس گەیشتینە موسڵ ،پاکەتی جگەرەکانمان بردە شوێنێک بازاڕێکی قەرەباڵغ و پڕ ژاوە ژاو هاوار هاواری کاسب کار و پیسی شەقام و بۆنێکی ناخۆش مێشکی مرۆڤی کاس ئەکرد . لەوێ کاک بەکر پاکەتەکانی ساغ کردەوە و کردی بەپارە لێی پرسیم.- برسیت نیە؟ وتم بەڵێ برسیمە .چوینە دوکانێک لەفە وتی چی ئەخۆی؟ وتم گەس ئەخۆم. " لەفەی گەس ئەوکات یەکێک بو لەوشتانەی پێم وابو قەت تامی ناکەم" وەستاکە لەفەیەکی پێ دام و دانیشتم گازی بچوک بچوکم لێ ئەدا تازوو تەواو نەبێت، بەڕێ کەوتین بۆ شوێنێکی تر کە ئەوێش تا ڕادەیەک قەرەباڵغ بو. بەڵام پاک تر و بێ دەنگ تر بو پڕ بو لەدوکانی قوماش جۆرەها قوماشی ڕەنگا و ڕەنگ هەڵواسرابون و لەبەر دەم دوکانەکان ئەوەنەی باڵای مرۆڤ تۆپی گەورە گەورەی قوماش دانرابون ،چوینە دوکانێک کاک بەکر سڵاوی کرد و دانیشتین خاوەن دوکانەکە ناوی ئەبو مریەم بو .
کابرایەکی هێمن و بەتەمەن بو چاویلکەیەکی گەورەی لەچاوبو پیاوێکی تر کە شاگردی بو دوو چای هێنا داینا،
"من بەهۆی ئەوەی دوای تەواو کردنی پۆلی سێ ی سەرەتایی مانگێک لەپۆلی چوار خوێندم هەدێک وشەی عەرەبیم دەزانی وەک ناوی ئاژەڵەکان و دەرگا و پەنجەرە و باڵندە"
ئەبو مریەم بە شاگردەکەی وت بۆچی چایت بۆ ئەو کوڕەنەهێناوە؟ کاک بەکر وتی ناخوات "سەرتای مانگی یانزە بوبەڕۆژ گەرمایەکی تاقەت پڕوکێن لەشەودا دونیا تەواو سارد ئەبو" کاک بەکر دوو فەردەی پڕ کرد لەقوماش. بیرمە قوماشەکەقەدیفەی مۆر بو، فەردەکانی حازر کردبون بۆ پشتە کۆڵ. دوو قایشی پێوە دورا بو وەک ئەوجاتنایانەی کە لەپشت دەکرێ "چەن ئاواتم بو جانتایەکی لەو شێوەیە بخەمە پشتم بۆ قوتابخانە ئەوکات فەردەیان لەشێوەی جانتا دەدوری کتێب و دەفتەرمان دەکردە ناوی بەڵام من حەزم لەو شێوازە بو کە دەکرایە پشت"یەکێک لەفەردەکانی خستە سەر پشتی من و هەردوو قۆڵم خستە ناو قایشەکان. بەڕێکەوتین بۆ سەرجادەی گشتی کە جسرێکی لەسەر بو لەدوورەوە دەم بینی .کات یەکی نیوەڕۆیە و تاڕادەیەک کەشوهەوا گەرمە،قوماشە کە ئەوەندە قورس بو نەم دەتوانی بەتەواوی ڕێ بکەم وەک سەرخۆش بەلا دا ئەهاتم. سەیری پردە ئاسنەکەم دەکرد لەدڵی خۆم دەم وت تۆ بڵێی بگەمە ئەوێ و بەر نەبمەوە؟
کاک بەکر پێی وتم خۆ قورس نیە ؟
- نا قورس نیە ،
-بەڵێ قورس بو! بەڵام نەم دەویست وا خۆم نیشان بدەم کەخەریکە پشتم دەشکێت .چونکە لەوە دەترسام ئەگەر وابڵێم بۆ بەیانی نەم هێنێتەوە بۆ ئیش ،نزیکەی دووسەت بۆ سێ سەت مەترمان مابو بۆ پردەکە کە شەقامە گشتیەکە بو "نازانم من هەستم کردوە مرۆڤ بۆ کەسێکی ئازیزی بۆ ئازارێکی زۆر بۆ هەرشتێک بگری . بەڵام من بۆ لەماندوێتی دا پێم وابو دەبێ بگریم" چەن هەنگاوێک کەوتمە پێش کاک بەکرەوەگریانێکی قوڵ دایگرتم بەڕادەیەک لەبەر فرمێسکەکانم پێشی خۆم نەئەبینی، گەیشتمە شەقامەکە و فەردەکەم کێشا بەزەوی داو لەسەری دانیشم چاوەکانم بەقۆڵی بلوزەکەم سڕی. کە وەک پێشینان دەڵێن بت کردایەتە قوڕگی مارەوە ئەیخنکاند .تەکسیەکمان ڕاگرت بۆ گەراجی هەولێر. بەرامبەر گەراجی هەولێر دابەزین. ئەوێ کۆمەڵێک چێشت خانەی لێیە کە بۆن و بەرام بەتەواوی مرۆڤی گێژ ئەکرد بەتایبەت ئەوکەسانەی کە زۆریان برسیە. برسی لەیەک ڕۆژدا نا بەڵکو ئەوکەسانەی لەچەندین ژەم ژەمێک نانیان نیە بیخۆن،لەتەکسیەکە دابەزین بینیم چەن پیاوێک و ژنێک دانیشون ئەوانیش کۆڵە قوماشیان پێ بو. کاک بەکر سەلامی لێیان کرد وتی خێرە بۆ دانیشتون
وتیان ڕێگا خۆش نیە "من لەوە تێنەگەیشتم مانای چیە" ژنەکە تەمەنی چل ساڵ زیاتر دەبو. کەمێک قەڵەو بوو ئافرەتێکی جوان بو بەڵام ماندوێتی بەئاسانی بەڕوخساریەوە دەبینرا، ناوی "هەمین "بو لەکاک بەکری پرسی کاک بەکر ئەمە کوڕی تۆیە ؟
-نا ئەمە دراوسێمانە لەگەڵ خۆم هێناومە
-ئەی خوا بت گرێ چۆن دڵت دێ بۆ ئەم ڕێگا و ئیشە هێناوتەبۆئێرە؟
-کاک بەکر وتی خۆی ئەمەی ئەوێ .هەمین لێی پرسیم
-بۆچی هاتوی بۆ ئێرە تۆ کەست نیە ؟
- کەسم هەیە من بە پرسی دایکم هاتوم بۆ ئیش کردن
-کوڕەکەم ئەم ئیشە بۆ تۆ نابێت
-ئەی باوکت چۆن هێشتی ؟
- من باوکم مردوە، دەستی کردە ملم .
- وای چەن قسەی خۆشە "ڕاستی من نەم دەویست بگریم
چونکە نەم دەویست لەپێش چاوی کاک بەکر بێ هێز دەرکەوم"هەمین دەستی کرد بەگریان"
-کوڕەکەم منیش هاوسەرەکەم نەماوە بۆیە توشی ئەم دەردەسەری و ڕاکە ڕاکەی ژیان بوم دوو مناڵی بچوکم هەیە نامەوێت بێ نان بن .هەمین بەردەوام گوڵە بەڕۆژەی دەخوارد و جار جار هەندیکیشی دەدا بەمن. من کەلەبەیانیەوە تەنیا یەک لەفەم خواردوە سکم ناڵەی ئەهات لەبرسان قاچەکانم ئازاریان هەبو. لەسەر قوماشەکە پاڵ کەوتم خەریک بو خەو بم باتەوەلەپڕ یەکێک هات.
-هەستن ڕێگا باش بوە. بەدوو تەکسی هەمو ئەوانەی لەناو گەراجەکە ئیشی قاچاغیان دەکرد دەرچوین . هەمین منی خستە بەینی خۆی و کاک بەکرەوە.لەکۆتا شەقامی موسڵ کە بەرەو هەولێر دەڕۆیشتین خۆرخەریک بو ئاوا دەبو.سەرم کەوتە سەر شانی هەمین و خەوم لێ کەوت، نازانم بۆ دەت وت ساڵانێکە ئەوژنە دەناسم و لێم نزیکە زۆر میهرەبان بو.
لەپڕ خەبەرم بەدەنگی سەربازەکانی بازگەیەک بۆوە دەیان وت دابەزن! چاوم کردەوە کەسێک سەرێ هێنابوە ناو سەیارەکە.سمێڵی بەلا لێوەکانی دا شۆڕ بوبۆوە. زۆر لێی ترسام
دابەزین کاک بەکر لەگەڵ یەکێک لەسەربازەکان ڕۆیشت تا قسە لەگەڵ ئەفسەری بازگەکە بکات. پاش چەن خولەکێک هاتەوە وتی دەی سەرکەون . دیار بو پارەی پێ دابون .چونکە گوێم لێ بو وتی تا کۆتایی حیسابەکە لای منە، گەیشتینە بازگەی دووەم دونیا بەتەواوی تاریک بو بو. لەوێش کاک بەکر دابەزی پارەی پێ دان و بەڕێ کەوتینەوە، لەبازگەی سێیەم بەشەق و زلە و جنێو دایان گرتین. قوماشەکانیشیان هێنایە خوارەوە. من یەک زلەم خوارد ،بەڵام خودا ئەزانێ هەرگیز ئەو دیمەنەم بیر ناچێت کە سەربازێکی عەرەبی عێراقی چەن بەبێ ڕێزی و بەبێ وێژدانی زللەیەکی لەهەمین دا جنێوی پێی ئەدا، ئێمەیان بەقوماشەکانەوە بەسەیارەیەکی سەربازی برد بۆشوێنێک ڕەبایەیان پێ دەوت. شوێنێکی ترسناک بو من لە هەمین جیا نەدەبومەوە .کاک بەکر و سێ پیاوی تریش لەولاوە سەریان کز کردبو وەستابون.چادرێک کە چرایەکی تێدا ئەسوتا شوێنی حەوانەوەی فەرماندەی ئەو ناو چەیە بو، سەربازێک بانگی کاک بەکری کرد بۆ ناو چادرەکە. گوێم لێ دەنگی بەرز بو جنێوی پێ ئەدا.دواتر بانگی ئەوانی دیکەشی کرد پاش کەمێک .بەجنێودانەوە دەری کردنە دەرەوە سەربازەکە دووبارە هاتەوە.بانگی هەمین ی کرد.هەمین دەستی منی بەرنەدا چوینە پێشەوە. وتی لەگەڵم وەرن ڕۆێشت بۆناو چادرەکە. چوینە ژورەوە ئەفسەرێک دانیشتبو لەسەر قەرەوێڵەکەی جگەرەیەکی لەدەست بو. بەتوڕەیی قسەی لەگەڵ هەمین دا کرد لەوەتێگەیشتم وتی ئەو مناڵە چی تۆیە وتی کوڕمە هەستایەوە چەن شتێکی تری وت هەمین ئارەقەی کرد. لەڕوخساری دا بەئاسانی هەستم بەوە کرد کە کە نیازی ئەفسەرەکە چیە.دەستی برد بۆ دەستی هەمین بەڵام هەمین پاڕایەوە گریا تێ ئەگەیشتم بە ئەفسەرەکەی ئەوت خاتر اللە، ئەفسەرەکە هاواری کرد سەربازەکە بەئاماژە وتی بۆ دەرەوە. هاتینە دەرەوە ، دوو بارە بانگی کاک بەکری کرد. پاش کەمێک کاک بەکر هاتە دەرەوە وەتی داوای پارەیەکی زۆر ئەکات ئەگەر ئەو بڕەی پێ بدەین هیچمان بۆ نامێنێتەوە. گوێم لێ بو یەک لە قاچاغ چیەکانی دیکە وتی بەکر بڕۆ پێی بدە بانەجاتمان بێت .کاک بەکر پارەکەی پێدا و ئەفسەرەکە وەک ئەوەی هاوڕێی چەن ساڵە بن بەگەرمی تەوقەی لەگەڵ هەمویان کرد. کە گەیشتە من شتێکی وت تێ نەگەیشتم. سەیری هەمین م کردو لێم پرسی .
- چی ئەڵێ؟
- ئەڵێ ئاگات لەدایکت بێت
-وتم ئەگەر پیاو خراپی لەم شێوەیە نەبێت تۆ چ پێویستت بەئاگا لێ بونە.
ئەفسەرەکە وتی ئەڵێ چی دیار بو هەمین نەی وێرا وەک خۆی قسەکەی منی پێ بڵێ ، سەربازێکی لەگەڵ ئێمەنارد تا ڕێگامان پیشان بدات چونکە هەم نەدەبو بەڕێگای ئۆتۆمبێل دا بڕۆین چونکە بازگەی دیکەمان لەپێش بو. هەم کاک بەکر نەی دەویست چیتر پارەیان پێ بدات. هەم ڕێکەوتنەکەیان وابو کە تا بازگەی پێشمەرگەکانمان ببات، ڕێگایەکی دورمان بڕی بەپێ تاگەیشتینە شوێنێک پێشمان ئاو بو پردێکی ئاسنیش لەتەنیشتمانەوە بو. بەڵام سەر پردەکە ئەم سەری بازگەی حکومەتی بەعس بو ئەوسەری بازگەی پێشمەرگە بو دوای گفتو گۆیەکی کورتی بەینی ڕێ نیشان دەرەکە و کاک بەکر بەڕێ کەوتینەوە. لەکاک بەکر م پرسی
-بۆکوێ ئەڕۆین ؟
-دەبێت لەو ئاوە بپەڕینەوە .خۆم گەیاندە هەمین وتم -ئەوەبەڕاست وا ئەڵێ؟
- وتی بەڵێ
نازانم هەر من ئەوکات دەترسام یان لەڕاستی دا ئاو لەشەوان دا سام ناکە ؟ لێواری ئاوەکە پڕ بو لەدرەختی بێ گەڵا. نزیک بوینەوە سەربازەکە وتی لێرەوە بڕۆن لقێکی درەختەکە نزم بوبو بەدەستی ڕای کێشا تا هەموتێپەڕین کاتێک من ویستم تێپەڕم لقی درەختەکەی بەردا کێشای بە ناو چەوانما وەک ئەوە بو شتێکی گەورە بەر سەرم بکەوێ ئازارێکم پێ گەیشت کە ناتوانم باسی بکەم قوماشە کەم دانا هاوارم کرد .
-سەگی سەگباب بۆچی بەرت دا منت نەبینی ؟ کاک بەکر خێرا هات دەمی گرتم .
- چی ئەکەی ئەوەتا لێمانەوە دیارن ئەتەوێت ئاشکرا بین و کۆڵێکی تر پارە بدەم؟ ناوچەوانەکەی تۆ ئەوەنە شومە لەوەتای لەم ڕێگایە ئیشەکەم وەک ئەمشەوم بەسەر نەهاتوە. هەمین هەرچۆنێک بێت ژیری کردمەوە، سەربازەکە گەڕایەوە ئێمەش بەرەو ئاوەکە ڕۆیشتین "ئاوەکە زۆر قوڵ نەبو لەهەندێک شوێن تا پشتێنەم دەهات بەڵام سارد بو "بەهەر حاڵێک بێت بەو بارە قورس و سەرما و ماندوێتیە پەڕینەوە. لە پشتی بازگەی پێشمەرگەکانەوە دەرچوین. لەوێ کۆمەڵێک قاچاخ چی دیکەلەبەردەم ڕیزە دوکانێک کە هەمویان چۆڵ بون ئاگرێکی گەورەیان کردبۆوە.دیار بو ئەوانیش بەناوئاوەکەدا پەڕیبونەوە و خۆیان وشک دەکردەوە. لەدورەوە بینیم جلوبەرگەکانیان هەڵمی لێ بەرز دەبو.قوماشەکەم دانا و نزیک بومەوە لەئاگرەکە
هێواش هێواش خۆمان وشک دەکردەوە.
پاش کەمێک هەمین هەندێک داری خستە تەنەکەیەکەوە بەئاگرەکەوە بردیە ناو یەکێک لەدوکانەکان.ئەو پێی خۆش نەبو لەبەر چاوی ئەوانی دیکە دا بوەستێ چونکە ئەو وەجبە قاچاغ چیەی بەباشی نەدەناسی،بانگی کردم چوم لەنزیکی تەنەکە ئاگرەکە دانیشتین. هەمین لەناو قوماشەکانی خۆی پاکەتێک جگەرەی دەرهێنا. هەڵە نەبم بریلاند بو ڕەنگی پاکەتەکە شین بو جگەرەیەکی لە تەنەکەی ئاگرە کە داگیرساند . لێم پرسی
-جگەرە دەکێشی؟
- بەڵێ بۆ خراپە
- نا
- دەزانم عەیبە ژن جگەرە بکێشێت
- نا دایکیشم جگەرە دەکێشێ ،تا بەتەواوی وشک بوینەوە زیاتر لەشەش جگەرەی کێشا
- زۆر بریسیمە لێرە هیچ نیە بیخۆم ؟
-کەمێک لەولاتر عەرەبانەیەک هەیە لەفە ئەفرۆشێ بەڵام بڕواناکەم بەم شەوە درەنگە لەوێ مابێت. کاک بەکر بانگی کرد هەستن ئەڕۆین.چومەلای کاک بەکر وتم.
-زۆر بسیمە ناتوانم بەڕێگا دابڕۆم
-لێرە هیچی لێ نیە ئێستا ئەڕۆینە سەروتر لەوێ چەن تەکسیەک ئەوەستن و عەرەبانەی لەفەشی لێیە ئەگەر لەوێ مابێت، بەڕێ کەوتین قوماشەکەی من بەشی خوارەوەی تەڕ بوبو زیاتر قورس بو کەمێک ڕۆیشتین. لەدورەوە ڕوناکی گڵۆپێکم بینی وەک ئەوەی دەڵێن لەچرای دز دەچو.تانزیکتر بوینەوە بینیم عەرەبانەی لەفەکەیە. کۆڵە قوماشەکەم دانا و بەرەو عەرەبانەکە ڕام کرد.نزیکەی دەمەترم مابو بگەمە عەرەبانەکە. نەم پرسی چی ماوە چی هەیە سەلامم نەکرد.
-مامە لەفەیەکم بدەرێ "لەفە فرۆشەکە پیاوێکی کەمێک پیر و زەعیف سەری سپی بو"
-ڕۆڵە بەخواهیچمان نەماوە !
تەنیا یەک هێلکەی کوڵاوماوە لەگەڵ یەک سەمون
- باشە بم دەرێ "دەزانن هێلکەکە هی بەیانی بو سەمونەکەش کۆن بو" بەڵام بۆ مرۆڤێک کە لەتەواو ڕۆژ دا تا کات یەکی شەو جگە لە لەفەیک و کەمێک گوڵە بەڕۆژە هیچی نەخواردبێ زۆر وابزانم خوارنێکی نایابە، نازانم ئەو لەفەیە بۆ ئەوەندە خۆش بو کە هەرگیز بیری ئەو ساتەم ناچێتەوە نازانم هی ئەوە بو ماندو بوم یان دەمێک بو هێلکەم نەخواردبو؟ دوای ئەوەی لەفەکەم خوارد هەر کەس بەتەکسیەک گەرایەوە بۆ شوێنی خۆی. هەمین ئەم لاو لای ماچ کردم و پێی وتم.
- چی دیکە مەیەرەوە بۆ ئەم ڕێگایە
- تۆش نایەیتەوە ؟
- ئەمە ئیتر ژیانی منە. ماچی کردم و خواحافیزیمان کرد، گەیشتینەوە ناو شار و بەرەو ماڵ دەڕۆیشتین وتم.
- کاک بەکر ڕۆژانەکەم بدەرێ
- بەیانی ئێستا کاتی ئەوە نیە . گەیشتینەوە ماڵ دابەزیم ماڵەوە هێشتا نەخەوتبون چاوەڕێیان دەکرد کە ئاخۆ بۆ چی ئەوەندە درەنگ هاتینەوە.دوای چەن ڕۆژێک لە بێدەنگی کاک بەکر دیار بو دەیویست ڕۆژانەکەم پێ نەدات یان وەک ئەوەی لەبیری نەبێت, ڕۆژێک چومە سەر ڕێگای و پێم وت ڕۆژانەکەم پێ بدە تەنیا من لەماڵەوە کاردەکەم ئێستا هیچ شتێکمان نیە بیخۆین . کاک بەکر هەژدە دیناری سویسری پێ دام و وتی جارێکی دیکە لەگەڵ من نایەی بۆ ئیش ، ئێستا من گەورە بوم و هەمین یش ئەگەر لەژیاندا مابێت پیر بوە، نازانم کاک بەکریش دوای ئەوەی لەخانوەکەی ماڵی مامم ڕۆیشتن چی بەسەر هات، بەڵام هەمو ئەمانە ئێستا لەهزر و بیرکردنەوەکانم دا یادێکی زیندون بەهیوام هەمین ئەم یادەوەریەی منی بەرچاو بکەوێت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە