جۆرج فلۆید ڕووی ڕەشی سەرمایەداری و دیکتاتۆریەتی تڕەمپی دەرخست

Thursday, 04/06/2020, 8:21

3166 بینراوە


ڕۆژی دووشەممە کە دوایین دووشەممەی مانگی ئایاری(٢٠٢٠) بوو، پۆلیسێکی ئەمەریکی سپی پێست لە شاری مینیاپۆلس لە ویلایەتی مینیسۆتا بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە هاووڵاتییەکی ڕەشپێست کە ناوی(جۆرج فلۆید) بوو خنکاند.
خنکاندنی جۆرج فلۆیدی تەمەن چل و شەش ساڵ تاوانێکە ئەمەریکای هەژاند، بەو هۆیەوە لە دەیان شاری ئەمەریکا خۆپیشاندان دەستیپێکرد. ئەوەی کە لە ئەمەریکا لەسەر دەستی پۆلیسە سپی پێستەکە ڕوویدا شتێکی تازە نیە پێشتریش تاوانی لەو جۆرە لەلایەن پۆلیسە سپی پێستەکان دژ بە ڕەش پێستەکان ڕوویداوە. کێشە لەوەدایە دوای تاوانەکە یاسا پۆلیسە تاوانبارەکە سزا نادا یاخود بەبیانووی ئەوەی باری دەروونی تەواونیە سەربەست دەکرێت. دیارە پۆلیس لە ئەمەریکا جۆرێک لە پارێزبەندی یاسایی و پیشەیی و بگرە سیاسیشی هەیە، بۆیە بە تێڕوانینی سیستەمی سەرمایەداری ئەمەریکی و دیموکراسیەتی ڕووکەشی لیبڕاڵیی ئەو ووڵاتە ئەوەی ڕوویداوە ڕووداوێکی نۆڕماڵە!
خودی ئەو تاوانەی کە لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێست ئەنجام دراوە بە پلەی یەکەم هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی چەپەڵی سەرمایەدارای جیهانی کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، چونکە ئەو سیستەمەیە جیاوازی چین و ڕەنگ و ڕەگەز و باوەڕ لە نێوان مرۆڤایەتی و خودی گەلی ئەمەریکا دروستدەکات و بەکاری دێنێت بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی.
ڕەنگە ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئەمەریکا دەژین لایان سەیربێت چۆن لە ووڵاێکی دیموکراتی وەک ئەمەریکا مرۆڤ وا بە ئاسانی بەدەستی پیاوانی دەسەڵات دەکوژرێ، بەڵام ئەوەی لە فەلسەفەی مارکسی تێگەیشتبێت دەزانێ ئەوەی ڕوویداوە یا لە داهاتوو ڕوودەدات حەقیقەتی ئەمەریکا و سیستەمی سەرمایەدارییە، بەڵگەش ئەوەیە وەک دەیبینین دۆناڵد ترەمپ هەزاران گاردی کۆماری و پۆلیسی چەکدار و هێزی سڤیلی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەلی خۆی دەخاتە ئاماددە باشی و هەڕەشە لە خۆپیشاندەران و گەلی ئەمەریکا دەکات، سەرکۆنەی حاکمی ویلایەتەکان دەکات کە چۆن تا ئێستا هێزیان بەکارنەهێناوە، ڕێنماییان دەکات بەدەستێکی پۆڵایین لە خۆپیشاندەران بدەن و دەستگیریان بکە و دە ساڵ زیندانیان بکەن!
ئەگەر ئەو شێوازە مامەڵەیە لەهەر ووڵاتێکی تر بەرامبەر هاووڵاتیان بکرابا، ئەوا خودی ترەمپ دەیگووت ئەوە دیکتاتۆریەتە نابێ وابێت، نموونەوەش دەستوەردانەکانی ئەمەریکایە لە ووڵاتی فەنزوێلا و هەڕەشەکانی دۆناڵد تڕەمپە دژی(نیکۆلاس مادۆرۆ)ی سەرۆکی فەنزوێلایە.
ئەوەی ترەمپ لە ڕۆژانی ڕابردوو بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئەمەریکا کردی هێرشە بۆ سەر خودی دیموکراسیەتە ڕووکەشەکەی ئەمەریکا و دەرخەری دیکتاتۆریەتی خودی ترەمپە سورە. گرنگە گەلی ئەمەریکا لە داهاتوو بزانی کێ هەڵدەبژێرێ بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، لەبەرئەوەی پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا کە لەلایەن دەنگدەری ئەمەریکی و نوێنەرەکانیان لە کۆنگریس بڕیاری لەسەردەدرێ، گرنگە بۆ ڕەشپێستەکان و تەواوی ئەمەریکیەکان و بۆ سەر ئاسایشی جیهان، بەتایبەتی کە سیستەمی سەرمایەداری لە دوا قۆناغەکانی داڕمانی ئەخلاقیدا ژیان دەکات، جیهانیش لەسەروبەندی گۆڕانی جەمسەربەندی زلهێزەکاندایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە