ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

کتێبی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی ـ بەرگی سێیەم و خوێندنەوەیەکی خێرا و چەند سەنجێک...

Tuesday, 06.09.2020, 6:32

300 بینراوە


بەشی ٢ ـ ٣
مەسعوود محەمەد ١٩١٩ ـ٢٠٠٢
بە ئاماژەدان بە بەرهەمەکانی مەسعوود محەمەد و پۆلێنکردنی گوتارەکەی بۆ گوتاری فەلسەفی فیکری و کۆمەڵناسی و زمان و ژینگە و سروشت و گوتاریی نەتەوەیی،کاک عەتا دەست بە شرۆڤەی بەشێک لە بەرهەمەکانی مامۆستا لە ٤٤ لاپەڕەدا دەکات.
مامۆستا بەوە ناسراوە خاوەنی جیهانبینییەکی گەلێ فراوان و پڕ لە هزر و ڕەهەند و گوتارە. بایەخی بیرکردنەوە و نووسینی ئەم بیرمەندە، بەتایبەت پانتاییەکی هێجگار فراوان و بەرین لە کایەی ڕۆشنبیریی و گوتاری نەتەوەییدا داگیر دەکات. قەرەداخی پەنجە بۆ ئەو قۆناغە سەختە ڕادەکێشێ کە نووسەر ململانێی فیکری تێدا ئەنجام داوە. هاوکات دەیەوێ بڵێ گوتاری نەتەوەیی ئەم جیاواز بووە بە خەسڵەتی قوڵتر و دەوڵەمەندتر و بابەتیتر و زانستییانەتر، لە گوتاری داخراو و دەمارگیری کاژیک و پاسۆک.
قەرەداخی لە سەرەتادا باش چووە بۆ دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی گوتاری نەتەوەیی لای مەسعوود محەمەد. لێ دەربڕینی ئەم پێناسەیە بۆ ئەو مەبەستەیە بە خێرایی بگاتە سەر ناوی کاژیک و پاسۆک بە نیازی خراپەوە هەوڵی خۆڕایی شێواندنی بیر و ڕێبازیان بدات. ـ دیارە مەبەست لێرە مەبەستی من تەنها ڕاستکردنەوەی هەڵە و پووچاندنەوەی ئەو بۆچوونە داتاشراوانەیە لەسەر مەسعوود محەمەد و ئەوانی تریش بە کاژیک و پاسۆکیشەوە،نەک خوانەخواستە کوێرانە دوای هەڵە و کەموکوڕی و ناتەواوی ئەمانە بکەوم و داکۆکییان لێ بکەم. یاخود رەخنەگرتنم لەمانە بەلاوە تابوو بێت! ـ .
مامۆستا چ پەیوەندییەکی ئۆرگانی بە هیچ کام لەم دوو کۆمەڵە و حیزبەوە نەبووە. ئەو فەیلەسوف و بیرمەندێکی خاوەن فیکر و جیهانبینی سەربەخۆ بوو، لە کایەی ڕۆشنبیری کوردیدا، بە هزر و قەڵەم و هەڵوێستەکانی سەرگەرمی خزمەتکردن بوو. هەرگیزیش داوای نەکردووە کەس دوای بکەوێت. ڕاستە نەتەوەییەکانی کورد بەشێکیان، بەتایبەت هاوبیرانی پاسۆک سەرسامن بە جیهانبینی مامۆستا و زۆریشیان لێی نزیک بوون و تەنانەت لەسەر داخوازی دەستەیەک لە هاوبیرانی پاسۆک لەنیوەی دووەمی حەفتاکاندا، مامۆستا دەستی لە بەرگی چوارەمی حاجی قادر هەڵگرت و دەستی دا نووسینی بەرگی دووەمی مرۆڤ و دەوروبەر.
لە سەردەمی کاژیک زۆر دڵنیا نیم، بەڵام وەک ئاماژەم پێداوە لە سەردەمی پاسۆک دا، بەشێکی زۆری هەڵگرانی بیری نەتەوەیی ، بە چاوێکی بەنرخ و هێژا و گەورە و بەرزەوە لە تێز و جیهانبینییەکانی مامۆستایان ڕوانیووە. بیروبۆچوون و نووسینەکانی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند و بە پێزی بەهێزکردنی زانیاری و زانین و لۆژیکە، لەمەڕ چەمکی کوردبوون و دۆزی ڕەوای کوردەوە. ئەمەش وای کردووە بۆ هاوباوەڕانی بێتە ئامڕازێکی باش و دروستی خۆ چەکدار کردن بە بژێوی فیکری و دەوڵەمەندکردنی خەرمانی زانیارییەکان و فراوانترکردنی ئاسۆی تێڕوانین،لەمەڕ پرسگەلە جۆراوجۆرەکان. بەتایبەتی لە سەردەمانێکی کە بیری نەتەوەیی بە هەموو دوورییە مێژوویی و سیاسییەکانییەوە بە ئایدۆلۆژیای بێگانە و نامۆ، زۆر بە چڕی وەک هەمیشە ئابڵوقە درا بوو، دەویسترا ئاڕاستەی سروشتی خۆی لەدەست بدات و خۆی بکاتە هەڵگر و سەرباز و پاسەوانی بیر و ڕێبازێک، کەم و زۆر پەیوەندییەکی گەوهەری بە پرسی کوردەوە نەبوو، هێندەی لە خەمی پرۆلیتاریا جیهانی بوو، بە گشتی و کرێکاری میللەتە سەردەستەکانی کورد و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەتایبەت. بە گوتەیەکی تر،کورد بێتە ئەو بەشەی لەسەری پێویستە قوربانی بۆ گشت بدات. واتە هەر شت لە پێناوی مۆسکۆ و سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی. ئەمەش دروشمێکی ناوەی کۆمۆنیستەکان بوو.
قەرەداخی لەو پێناسەی مامۆستا بۆ کوردایەتی دەکات، سێ بنەمایان لێ هەڵدەبژێرێ (ژیری،دڵسۆزی،زانستکاری). جگەلەوەی ئەم دیاردانە لە گوتاری مامۆستادا بەرز دەنرخێنێ، پێی وایە بەرۆگرانی ئەم بیرمەندە وانەبوون و پەیڕەوی ئەم دروشمەیان نەکردووە. با لەم ڕووەوە بە نموونەیەکی زیندوو وەک وەڵام بدەمەوە:
هەر بۆ زانیاری خوێنەر و کاک عەتا پاسۆک هەر لە ڕسکانییەوە دروشمی(چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە)ی، بەرز کردەوە. بڕیاری دابوو ١٠ ساڵی سەرەتای خەباتی بۆ خۆپێگەیاندن و ئامادەکاری شۆڕش بێت. ٥/٦ هاوبیرانی خوێندەوار و خاوەن قەڵەم بوون، تەنانەت فەرماندە سەربازییەکانیش دەرچووی ئەکادیمیا و شارەزای قووڵی مێژوو و هەڵکەوتی کورد بوون. کاک عەتا چونکە قسەی بێ بەڵگە دەکات و ئامادە نەبووە ئەدەبیاتی پاسۆک بخوێنێتەوە، یا خوێندوێتییەوە و نکۆڵی دەکات باسیان بکات!. بۆیەکا دوور لە بابەتێتی، شەلم کوێرم کوتەک بە هەر چواردەوری خۆیدا دەهاوێژێ. خۆ لە مەیدانی دڵسۆزیش دا، ئەوە هەموو خەڵکی کوردستان گەواهی دڵسۆزی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە و هاوبیرانی پاسۆکن. لایەنی زانستیش ئەوەش تا ئەو پەڕی شیاو/ مومکین لەبەرچاو گیراوە، دیارە نەک بمەوێ بڵێم پاسۆک لە تاقیگەی زانکۆیەکدا دانیشتووە و خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستی بووە، بەڵکە باوەڕمان بە زانست و پێشکەوتنەکان هەبووە و لەسەر ئەم بنەمایە بیرکردنەوەمان بۆ دیاردەکان هەبووە.
مرۆڤ پێگە شایستەکەی خۆی لە هزری مەسعوود محەمەددا پێ دراوە و باسکراوە. هیچ بەهایەک ناکەوێتە سەرووی گرنگی و سەنگ و ڕۆڵی مرۆڤ لەم گەردوونەدا. مرۆڤیش بە هۆش و غەریزە و حەز و ئاوات و داهێنانەکانییەوە. ئالێرەدا ڕووبەڕووی ڕەخنە و سەرنجێکی قەرەداخی لەسەر مامۆستا مەسعوود دەبینەوە، کە لە گۆشەنیگای مارکسێتەوە دەڵێ: " مەسعوود محەمەد بایەخی مرۆڤ بە گرنگتر دەزانێ لە پاڵنەری ئابووری بۆ مێژوو". وەک دەزانین مامۆستا خاوەنی کتێبی"بۆچوونێک لەسەر لێکدانەوەی مرۆیی مێژوو"ە لەسەر ئەمەوە و بە دوور و درێژی داکۆکی لە بۆچوونەکەی خۆی دەکات. لە زۆر بەرهەمی دیکەشدا بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە.
عەتا دەڵێ: " مەسعوود دژی ئەوە بووە جەماوەر فریو بدرێ و حیزب وەک ئامراز بە گرنگ نازانێ بۆ گەیشتنە ئامانج"... ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ مامۆستا بیرمەندێکی پراگماتیکی و ریالیستی بووە و لەسەر زەمینەی واقیع قسەی کردووە و مامەڵەی ئەنجام داوە. مێژووی بە پێوەری واقیع خوێندۆتەوە و ئەوەی مرۆڤ کردوویەتی و ئەنجامی داوە، بەلایەوە زۆر گرنگترە لە دەقی تیۆرییەکان. هەربۆیەکا " واقیع بە باوکی فەلسەفە"ناو دەبات.
قسەی مامۆستا لەسەر نەبوونی دەرەبەگ و نەبوونی بانک و سەرافێک لە کوردستاندا، ئەوەش ڕوون و زەلالە، عەتا دەیەوێ بڵێ: بەلای مەسعوودەوە خاوەن موڵک و ئاغا دەوڵەت دروست دەکەن نەک چینی بۆرژوازی/ چینی ناوەندی. ئەم خاڵەش بەردەوام دەکوتێتەوە، لەبەر ئەوەی تێزێکی هاوشانە بە پێوەر و بنچینەی بیری مارکسی و ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژوویی. من زۆر ناچمەوە سەر ئەم تێڕوانینە، هێندە هەیە کاک عەتا قەت لە فەزای ئەم چەند ڕستەیە و چەند وشەیەکی تر و هەندێ تۆمەتی هەڵبەستراو دەربازی نابێت. جا ئایا هۆکارەکەی نەزانینە، یاخود چ مەبەستێکی تری هەیە؟ ئەوە جارێ دیار نییە!.
ناسیۆنالیزم و دەوڵەت دروست کردن، بە بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و مۆدێرنێتە دەزانێ. بەڵام مادامێکی چینی ناوەندی لە کوردستاندا هەڵگری ئەم بیرە نییە، واتە چینی کرێکار یاخود سیستەمی فیۆداڵ نەبووە و پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی کورد بە ناسروشتی و دادەنێ و دواتر کە بە قۆناخی سەرمایەداری ناگات/ نەگەیشتووە، بە مایەی سەرهەڵنەدانی ناسیۆنالیزمی لە کوردستاندا دادەنێ.
جارێ لە سەر مێژووی ناسیونالیزم، لە ئەوروپاش یەک دەنگییەک نییە. Hans Kohn گەورە مێژوونووسی ناسیۆنالیزم،دەڵێ: ئەم دیاردەیە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەوە سەری هەڵداوە. هی ترییان هەیە شۆڕشی فەرەنسا بە سەرەتا دادەنێ و هەشە دەیبەستێتەوە بە سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەییەوە. با لێرەدا لە کاک عەتا بپرسین، خۆ نەتەوەکانی کاتالان و باسک و ئیریش و سکۆتی، بە قۆناغی دەرەبەگیدا تێپەڕیوون و چینی ناوەندیشیان هەبووە و لە هەناوی شۆڕشی پیشەسازیشدا بوون، ئەی بۆ نەبوونە خاوەن دەوڵەت؟!.
باشە خۆ ئەوە لە مێژە قۆناغی سەرمایەداریمان جێهێشتووە و لە پۆستکۆلۆنیالیزم و پۆست مۆدێرنە و گلۆبالیزم و دیگیتالیزەبوونداین، کەچی لەم دوو دەیەیەی ڕابردوودا چەندین دەوڵەت دروست بوون، چەندان نەتەوەی تریش لە هەوڵدان بۆ بوونە دەوڵەت.
وەک نموونە لەم سەردەمی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا٢٠٢٠، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، خێراتر گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندی خۆیان، ئامادە نەبوون گوێ لە فەرمانی برۆکسل بگرن. هەر دەوڵەتێک سنووری بە ڕووی ئەوی تردا داخست و سەرگەرمی ناوماڵی خۆی بوو. بەواتایەکی دیکە، بایەخی دەوڵەت جارێکی تر بەرز هەڵکشایەوە. تا دەوڵەت و سیستەمەکەش دیکتاتۆر بێت،باشتر چارەسەری کێشە و هەڕيشەکان دەکات.ئەمەش بۆ خۆی ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر نییە،لێ لەسەر زەمینەی واقیع ئەمە دەبینین. خۆ گەر وانییە! دەبوو بە قسەی ئەوانەی کەوتوون بە شەوارەی تیۆریدا و دەڵێن: دنیا بۆتە گوندێکی بچووک و سنوورەکان بەرەو کاڵبوونەوە دەچن و دەوڵەت باوی نەماوە و بۆ تەنەکەی خۆڵ! لەو گوندەدا سەدان دەوڵەتی بەهێزمان دییەوە، نەک ئامادە نەبوون سنوورەکانیان هەڵگرن، بەڵکو تۆختریشیان کردەوە ڕێگای خۆیان گرتەبەر.
کاک عەتا ئەم دابەشکارییە مارکسییەی وەک پێوەرێکی یۆنیفێرساڵی گرتووە بەدەستەوە و یەکبینە وەک قاڵبێکی فیکری بۆ هەر قسەکردن و خوێندنەوەیەک دەیخاتە کارەوە. پێموایە ئەم خاڵە کاک عەتا دەگەڕێنێتەوە چوارچێوەی یەکەم و سەرەتای ئەلفوبێ ساکارەکەی لە مێژوودا بۆتە لیتاو، یاخود بێدەرچە و زیانێکی بە نووسینەکانی کاک عەتا پێش هەر کەسێکی تر گەیاندووە و خستوونیەتە خانەی نابابەتێتی و دوور لە واقیعەوە. ئاخر دیار نییە کاک عەتا بۆ وا خۆی بێئاگا دەکات، دەنا ڕاستییە مێژوویەکان هێندەی مانگی چواردە بە ئاسمانەوە دیارن، ناکرێ خۆیان لێ نەبان بکرێ. ڕوانگەی ماتریالیزمی مێژوویی و تیۆرییەکەی مارکس بە گشتی، لای مامۆستا مەسعوود رەتکراوەتەوە و لەگەڵ ئەم ڕەوتە مێژووییەدا بە دڕێژایی نووسینەکانی لە ململانێیەکی فیکری قووڵ و بابەتی دابووە و مامۆستا جێ دەستی تاقانەی لەم بوارەدا وەک بیرمەندێکی سەربەخۆ لە کایەی فیکردا زۆر بە جوانی دیارە.
هەموو ململانێ و بگرە و بەردەی مامۆستا لەگەڵ ئەم ڕێبازەدا، لە چوارچێوەی فیکر و رۆشنبیریدا لەسەر ئەوە بووە کە تێزەکانی مارکس، توانای خوێندنەوەی تەواوی واقیعی کۆمەڵگای کوردی نییە و پێی نامۆیە و چارەسەری دەردەکانی ناکات. دەنا نێتی مەسعوود بەرپاکردنی شەڕێکی بێئاگایانە و نەزانانە و خۆڕاییانە نەبووە لە دژی ئەم بیر و ڕێبازەدا. ڕەنگە گەر ئەم دیاردەیە بەو شێوە سەقەتە لە کوردستاندا ساز نەبووایە، کە بووە مایەی خەرجکردنی کات و وزە و فیکرێکی زۆر مامۆستا و چەندانی دیکەش، ئێستا دەیان شاکاری ترمان لەسەر نالی و مەحوی و حاجی قادر و زمان و مێژووی کورد بە پێنووسی مەسعوود محەمەد لەبەردەستدا بوایە!.
مەسعوود محەمەد لە بایەخ و کاریگەرێتی هۆکاری ئابووری کەم ناکاتەوە، وەک عەتا و زۆر لە هاوشێوەکانی تێی گەیشتوون، بەڵکە ئەم هۆکارە بە بزوێنەری سەرەکی مێژوو و کۆمەڵایەتی نازانێ. بەڵام لە پرسی بەدەوڵەتبووندا، و بەتایبەت دۆخی کورددا بە یەکێ لە فاکتە یەکلاکەرەوەکانی دادەنێت. دەبێت ئەوەش بڵێن گەر مرۆڤ خۆی باڵادەست نەبێت و هوشیاری ئاگایی و لێوەشاوەیی نەبێت، گەورەترین سەرمایەی ئابووریشی لەبەردەست بێت، نەک دەوڵەت!، هیچی پێ دروست ناکات. کەواتە دیسان ئابووری ملکەچی مرۆڤە و مرۆڤ کاری پێ دەکات و مێژووی پێ تۆمار دەکات.
سەیروسەمەرە لای کاک عەتا بەوە گەیشتووە، دەوڵەتی ئیسرائیل بە بەرهەمی مۆدێرنێتە دەزانێ و گەلی ئیسرائیلیش بە بەرهەمی ئەو دەوڵەتە دەداتە قەڵەم. بەڕاستی یان قەرەداخی زۆر بێئاگایە لە مێژوو!، یاخود خۆی نەبان دەکات. دەوڵەتی ئیسرائیل ئیرادەی نەتەوەیی هەموو جوولەکە دروستی کرد. بەتایبەت دوای مانیفێستەکەی Theodor Herzl، نەک چینی بۆرژوای قۆناخی سەرمایەداری. ئەرێ لەو سەردەمەدا ئیسرائیل خۆی کوا و چینی بۆرژوا و سیستەمی سەرمادایەری لە کوێ بوو؟! پاشان دبلۆماسێتێکی کارا لەسەر دەستی وایزمان و بڕیارێکی نێودەوڵەتی زلهێزەکانی جیهان و پەیمانی بەلفۆڕ ئیسرائیلی سازدا. جوولەکەی پەرشوبڵاوی هەموو دنیا ڕوویان تێکرد و لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا یەکەی گەل باشتر هارمۆنی بوو. لەڕێی لێخشان و تێکەڵی رۆژانە و پێکەوە و ژیان لەسایەی یەک سیستەم و پەروەردە و ملکەچبوون بۆ یەک یاسا و خوێندن و فێربوون بە یەک زمان، زمانێکی مردووی ناو مێژوو زیندوو کرایەوە. دەوڵەت گەلی جوولەکەی تێهەڵدراوی ناو مێژووی، دوای چەندین سەدە، پێکەوە گرێ دایەوە و تۆکمەتر و نزیکتر کردەوە و ئێستا زۆر پێشکەوتوون. ئەمە مێژووی دەوڵەتی ئیسرائیلە نەک قسەی باقوبریقی ناو کتێب و خەونە بەتاڵەکانی مۆدێرنێتە!!.
ئەوە زانراوە کە مامۆستا مەسعوود دوای شەپۆلی باو نەکەوتووە. ڕەنگە تاکە گوناهی ئەم خاڵە بێت، کە بە تاقانەیی لەمەیداندا مایەوە. ئاخر کاتێ مارکسیزم جێی ئایینی گرتووە و هەرکەسێ لەم هێڵ و تەوژەمە دەربچووایە، وەک شەیتان بەر نەفرەتی زۆربەی هاودەمەکانی خۆی دەکەوت. مەسعوود تاکە قەڵەم بەدەستی سەربەخۆیە، خاوەن بیروڕای جیاوازە لە ڕەوتی باودا.
وەک لە سەرێ ئاماژەمان پێدا، لە بیرکردنەوە و جیهانبینی مامۆستا مەسعووددا، پێگەی مرۆڤ و قورسایی و پیرۆزی و سەروەری لە سەنتەردایە. مێژوو و کۆمەڵایەتی بە موڵکی مرۆڤ دەزانێ و مرۆڤ خۆی پاڵەوان و بزوێنەرە، نەک هۆکاری تری وەک پاڵنەری ئابووریی. مارکسییەکان زۆر جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکەنەوە. لەم ڕووەوە بەرهەمەکانی مامۆستا پڕن لە نموونە و وەڵام. قەرەداخی هەتا پێی وایە مەسعوود باوەڕی بەوەیە دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات. ئەم ریزبەندییەی قەرەداخی کردووەیەتی، هیچ ڕاستییەکی تێدا نییە. مەسعوود کوردی بە نەتەوە زانیوە، بێ ئەوەی خاوەنی دەوڵەتیش بێت. کەواتە پێش دەوڵەت نەتەوە وەک بوونێکی عەقڵی هەیە و لە پرۆسێسێکی دوورودرێژدا بە هاوکاری کۆمەڵێ فاکتی گرنگ دەبێتە خاوەن دەوڵەت.
مەسعوود کار لە ڕووبەری فراوانی مێژوودا دەکات و دێت مێژوو دەخوێنێتەوە و ئیستی لەسەر دەکات و بە تێڕامانی قووڵ و بیرکردنەوەی وردەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و ئاکامگیری لێی هەڵدەهێنجێنێت. ئەو نایەت بە شێوە کلاسیکییە باوەکەی تا ئێستا پێمان فرۆشراوە!، بە زنجیرە وتاری حیکایەتئامێز، مێژوو لە سێبەری ئایین و ئایدۆلۆژیادا بخوێنێتەوە، نەخێر بە چاوی خۆی تەماشا دەکات و بە ئەقڵی خۆی بیری لێ دەکاتەوە و بە پێی واقیعەکە قسە و بڕیاری لەسەر دەدات. ئەم نەهاتووە بە قاڵب و تیۆریی ئامادەکراوەوە چاکی کەواکەی لێ بەلادا بکات، مۆدە خوازراوەکە بسەپێنێ و دادڕێ بەسەر مێژووی نەتەوەکەیدا. ئەگەر هاتوو خاوەن تیۆریی وتی: لە فەرەنسا فیوداڵ وای کرد، ئەویش بڵێ لە ناوچەی پشدەر، فڵان ئاغا وای کرد. یاخود باسی قۆناخی سەرمایەداری کرا، بڵێ کورد بەرەو پۆست ئیمپریالیزمی باڵا هەڵکشاوە.
من پێموایە کۆمەڵناسان و مێژوونووسانی دیکەی کورد، هەم دیلی دەستی کاریگەرێتی فاکتی ئایدۆلۆژیا و ئایین بوون و لە دەستەبەتاڵییان دا یاخود ناواقعیبوونیاندا ڕازی بوون لەم ڕوانگەیەوە باسی مێژوومان بۆ بکەن، هەمیش هێندەی مەسعوود توانای بیرکردنەوە و بوێری دەربڕینیان نەبووە. هەربۆیە کاری مەسعوود محەمەد لە تێکڕای ئەوەی ١٠٠ ساڵی ڕابوردوو پێشکەشمان کراوە تەواو جیاوازە. ئاخر ئەم دێ و وەک نەتەوەیەکی بندەست و دابەشکراو لە کورد دەڕوانێ و ئامادە نییە بەراوردی بکات بە نەتەوەیەکی خاوەن قەوارە و کیانی سەربەخۆ. لە هیچ خاوەن تیۆرییەکیشی ناسەلمێنێ، بەیەک هاوکێشە و حوکم و چاو لەم دوو هەقیقەت و دیاردەیە بڕوانێ، بیان خاتە تای یەک تەرازووەوە. ئەمەش خاڵێکی زۆر گەوهەری بیر و هزر و تێڕوانێنی مامۆستایە بۆ دۆزی نەتەوەکەی، کە دەکاتە بەخشینی شوناسی ئێمە و دیاریکردن و سنوور کێشان بۆ تایبەتمەندییەکانی شوناسی ئەوان!. لەم ڕووەوە دەڵێ:
" خواستنی چاویلکەی میللەتی بەهێز لەلایەن میللەتی بێ هێزەوە، بۆ تەماشاکردنی کۆمەڵایەتی و مێژوو، کە لە جێگە و کاتی جودادا سەری هەڵداوە، وەک خواستنەوەی چاوی دەوڵەمەندە لە لایەن هەژارەوە".
کاک عەتا هەتا ئێرە پێبەپێ لەگەڵ بیروڕاکانی مامۆستادا، دروست هەنگاو هەڵدێنێ و وێنە ڕاستەقینەکەی مامۆستا و هزر و بیریمان بۆ نمایشت دەکات و بێ ڕتووش و جوانکاری و گەزومقەستی سانسۆر! هەقی پێویست دەبەخشێتە مامۆستا. دواتر قەرەداخی ئاماژە بۆ گوتاری هیومانیستی مەسعوود دەکات و نموونەیەک لە وتەکانی مامۆستا دێنێتەوە:
" پێشخستنی دەوری مرۆڤایەتی لە شیکردنەوەی کۆمەڵایەتی و مێژووییدا جگە لەوەی کە تاکە ڕێگەی بەرەو ڕاستییە لە تەجرەبەشدا دەردەکەوێ کە ئیمکان نییە بێ ئەو پێشخستنە شرۆڤەی ڕووداوەکانی مێژوو و کۆمەڵایەتی لە هیچ کوێرە ڕێگایەکەوە بکرێ". ئەوجا دەگاتە بۆچوونێکی تری هەستیاری مەسعوود کە پێی وایە کۆمەڵگای کوردی قۆناخی دەرەبەگی نەبووە، وەک گەلانی تر ـ لە ڕاستیدا ناڵێ هەر نەبووە، بەڵکە وەک سیستەم و کولتوور پاشماوەیەکی ئەوتۆی بەرچاو ناکەوێت و وەک ئەوان نەبووە ـ. چونکە مارکس مێژووی مرۆڤایەتی دابەشی چەند قۆناخێک دەکات کە فیۆدالیزم یەکێکیانە. کاک عەتاش دەیەوێ لەم ڕوانگە و تێزەوە هەڵسەنگاندن بۆ گوتاری مەسعوود محەمەد بکات و بە جۆرێک لە خەیاڵ و ناواقیعی ناوزەدی بکات. بۆیە بیروڕای نووسەر بەرامبەر مامۆستا مەسعوود دەگۆڕێ و ئەم بۆچوونە بە کفر و ناواقیعی و لادان دادەنێ.
لەگەڵ ئەوەشدا کە قەرەداخی باوەڕی وایە فیۆدالیزم نەبۆتە سیستەم، لەبەرئەوە توانای نەبووە دەوڵەت دروست بکات. کەچی نەبوونی ئەم ئەڵقەیە لە مێژووی کورد دا دەکاتە مایەی ماڵوێرانی و هۆکاری نەگەشتن بە ئاواتەکان. لەبەئەوە پێی وایە گەر کورد قۆناخی فیۆداڵی هەبوایە دواتر بە سەرمادایەری دەگەیشت و چینی ناوەند یان بۆرژوازی نیشتمانی سەری هەڵدەدا و و کرێکار پەیدا دەبوو و بەو پێیە دەوڵەت دروستکردنیش ئەرکی ئەم چینەیە. قەرەداخی بەناوی مەسعوودە دەڵێ: لە قۆناخی فیودالیدا چینی باڵا یان خاوەن موڵک واتە ئاغا و بەگ و شێخی خاوەن زەویوزار دەوڵەتی نەتەوەیی دروست دەکات". لە ڕاستیدا هەردووکی یەکن، بەڵام بەو پێناسە و خاسێتانەی باس لە فیۆدالیزم دەکرێ، لە کوردستان دا نەبووە، ئەمە قسەی مەسعوود محەمەدە نەک شتێکی تر.
بەکورتی عەتا دەڵێ: دەرنەکەوتنی سیستەمی فیوداڵی کاریگەری لەسەر قۆناغەکانی پاشتریش هەیە و نیشانەی گەشەکردنێکی ناسروشتی کۆمەڵگای کوردەوارییە و ئاشکرای دەکات، ئەم ناتەواویی و بزری ئەڵقەی گەشەکردنە، هۆکاری سەرەکی دەرنەکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردییە.
بۆچوونێکی تری تایبەت بە گوتاری مەسعوود، وەک یەکەم کەس کە ئاماژە بە هۆکاری " لەبەرڕۆیشتنی ئابووری ـ نزیف اقتصادی" بۆ بەدەوڵەت نەبوون کورد دەکات.
راستە کورد لە مێژووی خۆی زۆر دەسەڵات و میرنشین و تەنانەت دەوڵەتیشی دروست کردووە ـ جەمیل ڕۆژبەیانی عەبدولرەقیب یوسف و زۆری تریش باس لەمە دەکەن ـ بەڵام دەوڵەتەکان سەرتاسەری نەبوون و تەمەن کورت بوون. چونکە دەسەڵاتدارەکانی دەوروبەری بەهێزتر بوون. تۆپۆگرافی کوردستانیش وا هەڵکەوتووە، ناوەندێکی بەهێزی تێدا دروست نەبێت و ئابووری تێدا کۆبێتەوە. هەمیشە شارە گەورەکان نزیک بە سنووری کوردستان ، نووساو بە دەوڵەت و دەسەڵاتە نەیارەکانییەوە بووە. ئەمەش لە ڕووی ئاساییشی نەتەوەییەوە خاڵێکی لاوازە، ئابووری بەئاڕاستەی دەرەوە ڕەوتی وەرگرتووە،نەک ڕووەو ناوەوە، چونکە پایتەخت یاخود ناوەند دەبێت، دوورە دەست بێت لە هەڕەشەی دوژمنەوە و جێی کۆبوونەوە و گلدانەوەی ئابووری بێت.
مەسعوود دەڵێ:" ئەو گەلەی بە مافە بنچینەییەکەی نەتەوایەتی نەگەشتووە، جارێ پێی نەناوەتە مەیدانی گۆڕانی مێژوویی، وەک ئەو منداڵەی جارێ لە پزدانی دایکی نەهاتۆتە دەر".
ئەم وتە کتومت مانای وایە کاتێ بێ دەوڵەتیت ناتوانی ئامادەی سەر شانۆی مێژوو بیت. کەچی قەرەداخی بۆ مەرامە ئایدۆلۆژییەکانی خۆی دێ و بە ئاقارێکی تردا، دیسانەوە بۆلای مارکسمان دەباتەوە و دەڵێتەوە: نەتەوە کاتێ بوونی هەیە کە دەوڵەتی هەبێت. ئەمەش واتە دەوڵەت نەتەوە دروست دەکات، یان بێ ناسیۆنالیزم نەتەوە دروست نابێ و گوتەیەکی گێلنەر دێنێتەوە" ناسیۆنالیزم نەتەوە دروست دەکات" و ئەوجا گوتەکی هۆبزباومیشی دەکات بەسەردا"ناسیۆنالیزم بێ دەوڵەتی نەتەوەیی هیچ مانایەکی نییە" بەم شێوازە پەلکێشمان دەکات تا بڵێ: دەوڵەت بەرهەمی مۆدێرنەیە و نەتەوەش بەرهەمی پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەتە.
لێرەدا پرسیارێک خۆی قووت دەکاتەوە و لە قەرەداخی دەپرسین: کوا چینی فیۆداڵ و سەرمایەدری تورک و فارس و عەرەب؟، پێمان بڵێ گەر کۆلۆنیالیزم دەوڵەتی بۆ قوت نەکردنایەوە، ئایا بە هەزار ساڵی تریش دەیان توانی دەوڵەت بە خەباتی خۆیان دروست بکەن؟؟!!.
عەتا سەبارەت بە ٣ کتێبە دیارەکەی مامۆستا مەسعوود لەسەر حاجی قادر، ئاوها دەنووسێ:
١ـ ڕوانگەی خوێندنەوەی باری مێژوو و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردەواری.٢ـ خوێندنەوەی هەمەلایەنە و پڕ وردەکاری کۆیە. لێرەدا مەسعوود محەمەد بە ناوچەپەرست و هەرێمپەرست ناودەبات. بەڕاستی بۆچوونێکی نالۆژیکی نا عەقلانێت و نابابەتێتی و سەرلێشێواوی بە کاک عەتاوە دیارە، چونکە لەژێر تینوتاوی سیاسەتی زاڵی ناوچەگەریی و سلێمانچێتیدا نقووم بووە. شاری کۆیە بایەخی مێژووی سیاسی و فەرهەنگی و هونەری خۆی هەیە و لەگەلێ لە شارە گەورەکانی ئەوسا و ئێستای کوردستان لە پێشترە. لەم شارەدا دوو بنەماڵەی دەستڕۆیشتوو، هەبوون. ئەوە واقیعی کۆمەڵاتی کوردە، نەک مەسعوود سازی دابێ. بنەماڵەی جەلیزادەی خودی مامۆستاش نەک لە کۆیە بگرە لەتەواوی کوردستانی ئەو سەردەمەدا و تا ئێستاشدا ناوناوبانگیان هەبووە و جێدەستیان دیارە بە مێژووی شارەکەوە، لە ڕووی خوێندن و زانستەوە و لە ڕووی پێگەی کۆمەڵایەتیشەوە. جا چۆن نە بۆ نەوەی مەحوی و بێکەس و گۆران، جێی شەرم و ڕەخنەیە، گەر باسی ئەم شاعیرانەیان کرد بێت، نە بۆ مەسعوودیش خەوش و گوناحە، باسی باپیر و باوکی بکات، لە کۆنتێکسی مێژوویدا. شتێ گوناح و شەرم و خراپە هەڵیبەستی، نەک باسی شتێک بکەیت، کە بوونی هەقیقی هەبووە. ٣ـ باسی حاجی قادر و ژیانی، شیعری، چوون بۆ تورکیا، کەسێتی و هەڵوێستی دەکات. بەڵام ئاماژە بە باوەڕی ناکات!. لەم لێکۆڵینەوە درێژەکەیدا کە قەرەداخی کردوویەتە سەرچاوەی باسەکەی، مامۆستا مەسعوود باس لەدوو خەسڵەت و بنەمای گرنگ دەکات ( زمان و نیشتمان) بۆ دروستبوونی هەستی نەتەوەیی. عەتا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم تێزە، دێ باس لەسەردەمی هاتنی ئیسلام دەکات و دەڵێ: کورد زمان و خاکی هەبوو، لێ هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێ لەو قۆناخەدا هەستی نەتەوایەتی هەبووە"؟. ناچارین دیسان بڵێین، قەرەداخی یان خۆی بەهەڵەدا دەبات، یا نایەوێ باسی ڕاستییەکان بکات!؟. مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کورد بە گشتی بەشی هەرە زۆری بەرگری لە هاتنی ئیسلام کردووە. گۆڕی و کافر و شەهیدان لە کوردستاندا بەڵگەیەکی بێ چەندوچوونە. لەلایەکی ترەوە، ئەوەی کەوتە بەردەست لەشکری ئیسلام سووتێندرا، تاڵان کرا، خاپوور کرا، فەوتێندرا. بەواتایەکی تر ئەگەر نیشتمانێ داگیر بکرێ، ئەوە داری بەسەر بەردییەوە نامێنێ. تەنانەت ئیسلام نەهات کوردستان داگیر بکات و دەسەڵات بداتە دەست حاکمێکی کورد. وە هیچ کام لە داگیرکەرەکانی تریش کاری وایان نەکرد، هەرچی هاتووە وڵاتی کوردی کاول کردووە خۆی کردۆتە حاکم بەسەرییەوە.
بەهەرحاڵ قەرەداخی دەیەوێ بڵێ: مادامێکی مەسعوود باوەری بە پاڵنەری ئابووری نییە، وەک لە تیۆری مارکس دا هاتووە، ئەوە بیروڕاکانی ئایدیالیستین و بنەمای زانستیتان نییە و خەیاڵ ئامێزن. بەڵێ عەتا دەیەوێ بگاتە وێستگەی خەباتی چینایەتی ئەو شتەی مەسعوود محەمەد باوەڕی پێی نییە، تەنانەت باوەڕی بە کۆمۆنیزمە، بەڵام بێ ئەم بڕگەیەی خەباتی چینایەتییە.
تۆ سەیری ئەم بازبازێنە بێ سەروپایەی کاک عەتا بکەن!. چەند پەڕەیەک لەمەو پێش دەڵێ: گوتاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی مەسعوود بارگاوین بە ڕەگەزە نەتەوەییەکان و دەبێتە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی. کەچی پاش تۆزێ وەک بڵێی بیری دەکەوێتەوە! کە مەسعوود هاوباوەڕی مارکس نییە لە پرسی ئابووریدا، دەست بۆ خەیاڵ و قەڵەمەکەی شل دەکات و بابەتێتی دەدۆڕێنێ و بۆچوونە نادروستەکەی بەو وشە ڕیزکراوانە دەردەبڕێ.
دوو کۆپلەی نووسین لە گوتاری مامۆستا دەهێنینەوە، کە جەختی بێ سازش لەسەر بیروباوەڕەکانی دەکات: " ئەوەی خۆ دەکاتە لەمپەر لە پێش هەنگاوی کوردایەتی، بە قەناعەتی من نوێژەکەشی دروست نییە، حەجەکەشی دروست نییە و هەرچی ناوی لێ دەنێت دروست نییە، ئەوە فیکری منە و ئیمانی منە".
" کوردایەتی وجود ـ بوونە ـ کەینونەیە هەبوون، پێویستی بە کراس نییە، پێویستی بەوە نییە پێستێکی لەبەر بکەی، کوردایەتی بریتییە لە حەقیقەتێک وەک خۆم مرۆڤم هەروەها کوردم، چەند مرۆڤم، چەند کوڕی باوکی خۆمم، ئەوەندەش کوردم. کوردایەتی بوێرییەکی ڕەسەنە لەمن کە مومکین نییە بیسڕمەوە".
عەتا بۆ ئەوەی بە تۆپزی بیسەلمێنێ خەباتی چینایەتی هەبووە، باس لە جیاوازی و جۆری خوێندنی منداڵی هەژار و دەوڵەمەند دەکات. جارێ وەنەبێ مەسعوود محەمەد داکۆکی لە دەوڵەمەند کرد بێت. جا برالە خۆ ئێستا چەپی کورد دروشمی خەباتی چینایەتی نییە، لە کاتێکدا منداڵی بەرپرسەکان هەموو هەلومەرجێکی خوێندیان فەراهەمە و هەژار بە دوای قووتی ڕۆژانەوەیەتی. ئەی کوا خەباتی چینایەتی؟. قەرەداخی گوناحێكی ترش دەکات، مەسعوود بەوە تاوانبار دەکات، کە خۆی لە چینێکی سەرەوە بووە تێروتەسەل ژیاوە، بۆیەکا ئاگای لە ژیانی خەڵک نەبووە. سەرەتا نازانین کاک عەتا سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مارکسی هەژار و ئێنگلیسی دەوڵەمەندی هاوڕێی چ دەڵێ؟!، مارکس بە پارەی ئەو دەوڵەمەندە دەژیا؟. بۆ ئەم دەربڕینە لەمەڕ مەسعوود محەمەدەوە، هەق بوو جارێ بچێ لە خەڵکی کۆیە بپرسێ و یا لەوانەی مەسعوودیان ناسیووە و لەگەڵیدا ژیاون، تا بزانێ ئەمە وابووە یاخود نا!؟... وەک مامۆستا خۆی باس دەکات و زۆریشمان دیومانە و بیستوومانە، لەسەرەدەمی وەزیریی و سەرۆکی کۆڕی زانیاری کوردیش دا کە میوانی هەبووە، لەسەر کورسییەکەی خۆی دانەنیشتووە. لەمە خاکەڕاییتر!. بەڵێ ڕاستە وەک بنەماڵەیەکی ڕەگداکوتاوی کۆن، بووە بوون، لێ جیا نەبوون لە هەژار و دەوڵەمەندی شارەکەی خۆیان و کەس ئەوەی پێوە نەدیوون، کە ئەمان خۆیان پلەیەک بەرزتر نیشان دەدەن. دیسان دەڵێ: مەسعوود باوەڕی بە چینی خوارەوە نییە. چونکە ئەو دێت بۆ پرسی نەتەوەیی بایەخ بە تاک دەدات و لە شیعردا بەدوای هەستی نەتەوایەتی دەگەڕێ، لە بری ئەوەی باسی چینێک بکات!. دیارە چینەکە دەبێت پرۆلیتاریا بێت، چونکە کاک عەتا بەس ئەوە دەناسێ و دەزانێ و باوەڕی پێیەتی!.
ئاخر بۆ پیاوێکی بێ ئاگا قسەیەکی لەم جۆرە، قبوڵە، لێ نووسەرێکی وەک کاک عەتا باش دەزانێ مێژووی نووسینی ئێمە بە شیعر دەستی پێکردووە. شیعریش ژانرێکی زۆر بەهێز و کرنگی دنیای ئەدەبە. گەلێ لە فەیلەسووفەکانی وەک ئەرستۆ و هایدێگەر لەسەر شیعریان نووسیوە. هایدێگەر دەڵێ: "ئەوەی من لە ڕێی فەلسەفەوە وتوومە، دەمێکە مالارمێ بە شیعر گووتوویەتی". پێناسەیەکی تر بۆ فەیلەسوفەکان ئەوەیە: " فەیلەسوفە مەزنەکان شاعیرن". ئیدی نازانم بۆچی دەبێت خەوش بێت مامۆستا مەسعوود لە سەر شیعر کار بکات، کە شیعر بۆ خۆی گوزارشتی لە بوون و مێژووی کورد کردووە؟!..شیعر تاکە چەک بووە، دەروازەی دەربڕین، میکانیزم و زمان و ئامڕازی گوزارشت بووە.
خاڵێکی تر ئەوەیە قەرەداخی دەیەوێ وا باس بکات، گوایە مامۆستا مەسعوود بەهۆی کۆیەچییەتییەکەیەوە دەیەوێ گەورەیی حاجی بەسەر نالی و سالم و کوردیدا بشکێنێتەوە. ئەوەی ئاگادارە، باوەڕی بەم بۆچوونە نییە. چونکە مەسعوود محەمەد لە ڕووی شیعڕێتەوە باس لە حاجی ناکات، کە پێشترە لە نالی و هەڤاڵەکانی، بەڵکو لە ڕووی کوردایەتییەوە. ئەمەش ڕاستییە و هەرکاتێ باسی مێژوو هەست و بیری نەتەوەیی دەکرێ بەدوای ناوی خانیدا، حاجی قادر دێت، نەک نالی. زۆرینەی مێژوونووسان و نووسەرانی کورد لەسەر ئەمە کۆکن. لە نووسینێکدا خوێندمەوە گوایە دڵداری شاعیر وتوویەتی : " شیعرە جوانەکانی نالی لەگەڵ شیعرە ئاگرینییەکانی حاجی قادر لە مێشکمدا لەسەر سەرۆکایەتی ئەدەبی شەڕیان بووە، کۆتایی ئەو شەڕە سەرکەوتنی حاجی قادر بوو". جەخت دەکەمەوە لای مامۆستا تەنها لە ڕووی کوردایەتییەوە حاجی پێش نالی بووە و بەس. ئەوەتا مامۆستا دوو کتێبی شاکاری ( چەپکێ لە گوڵزاری نالی و دەستەودامانی نالی) لەسەر نالی نووسیووە و زۆر زۆر بەرز نرخاندوویەتی و پێی وایە کورێ نەتەوەیەکی بندەست نەبووایە زۆری لە شاعیرانی دەوروبەر ـ حاز و سەعدی و موتەنەبی ،هەڵۆـ تێپەڕاندووە.
قەرەداخی لەمەش زیاتر دەڵێ: مەسعوود گەڕان و هاتووچۆی مەلا و فەقێکانی لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا بە ڕایەڵەیەکی هەستی نەتەوەیی دەزانێ.
بەندە لە کتێبی "جیهانبینی نەتەوەییانە لە هزری مەسعوود محەمد دا" بە دوورودرێژی باسی ئەم دوو خاڵەم کردووە و بیڕوڕاکانی مامۆستام شرۆڤە کردووە. خوێنەر دەتوانێ لەوێ زۆر بەتێروتەسەلی جیهانبینی مامۆستا مەسعوود بخوێنێتەوە. بەکورتی سەبارەت بە شیعر ئەوە گوناحی مامۆستا نییە، بەڵکو مێژووی نووسراوی کورد ئەوەی تا ئێستا هەیە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێی شیعرەوە پێمان گەشتووە. خانی مەم و زین دەکاتە بیانوو بە شیعر بیروڕا و ئایدیاکانی خۆیمان پێ ڕادەگەیەنێ. ئەڵمانەکانیش هەمان شێوە مێژوویان هەیە، لەم کۆنتێکسەدا، هەمیشە باس لە شاعیرانی وەک ئاڕند Ernst Moritz Arndt و کلۆپشتۆک Friedrich Klopstock و هتد دەکەن. ئینگلیز باس لە شەکسپیر Shakespeare دەکات. خاڵی دووەمیش مەسەلەی فەقێکان دەق دەکاتە ئیۆرییەکەی گەورە بیرمەندی ناسیۆنالیزم Karl Wolfgang Deutsch بەناوی کۆمۆنیکاسیۆنی کۆمەڵایەتی و ناسیۆنالیزم. ئەم تێزەش جگە لە مەسعوود محەمەد هیچ نووسەر و مێژوونووس و کۆمەڵناسێکی کورد پەی پێی نەبردووە. بەڵێ ئەوە واقیعی تاڵی کوردستانە، نەک یۆتۆبیای ناو دەقەکان!.
بەم جۆرە عەتا بۆ ئەوەی ڕەخنە لەم دوو خاڵە گرنگە بگرێ، دەڕوا تا دەڵێ: بۆیە بەشێک لە پایەکانی گوتاری مەسعوود بێ ڕەگوڕیشە دەبن لە بۆشاییدا بەهەڵواسراوی دەمێننەوە.
ئەوەمان باس کرد، کە مەسعوود بنەمای ئابووری بۆ بەدەوڵەت بوون بە گرنگ دەزانێ و لێی بێ ئاگا نییە، بەڵام بە باوەڕی ئەو ئەم فاکتە پاڵنەر و بزوێنەری مێژووی کۆمەڵایەتی مرۆڤ نییە. ئەمە دوو پرسە زۆر جیاوازن. جا یا ئەوەتا قەرەداخی لێی تێنەگەشتووە یاخود بە زۆر تێکەڵیان دەکات و نازانێ چۆن لێیان هەڵ بێت. بە واتایەکی تر هەر دەوڵەت دروستکردن مێژوو نییە، چونکە دیسان دروستکردنی دەوڵەتیش هەر داهێنانی مرۆڤە.. وەک کارل دویچ دەڵێ : گرنگترین داهێنانی مێژووی مرۆڤ،دەستگای دەوڵەتە".
گەلێ میللەت هەن ئابووریشیان نەبووە دەوڵەتیان هەیە، ئابوورییان هەیە و دەوڵەتیان نییە. لێ لە دۆخی کورددا مامۆستا مەسعوود،باس لە هەڵکەوتە جوگرافیاییەکە و بارودۆخی سیاسی گەمارۆدراوی کوردستانی کردووە، لە نێو ٣ زلهێزەکەی ئێران و بابل و ئاشووردا. پاشان کوردستان هەمیشە پێخوستی زۆرینەی شەڕەکانی ئەوان بووە، هاتوون و چوون کوردستانیان کاول و تاڵان کردووە. سەیر لەوەدایە قەرەداخی ئەم خاڵەش دەبەستێتەوە بە مارکسەوە و دەیەوێ قسە لەسەر ژێرخانی کۆمەڵایەتی بکات. بۆیە دێت و دەڵێ: دواکەوتنی سەرهەڵدان و دەرکەوتنی هەست و هوشیاری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزمی کورد، بەهۆی کۆنەبوونەوەی سەرمایە لە کوردستان. پێکنەهاتنی ژێرخانێکی پتەو رۆڵی هەیە لە دروست نەبوونی سەرخانێکی سەرخانێکی پتەو. هەموو کەس دەزانێ دەوڵەت چەند کاریگەری دەکاتە سەر تیفتیفەدان و پتەوکردن و چلوورەبەستنی هەستی نەتەوەیەتی سەرلەبەری هاوبەش.
قەرەداخی باش دەزانێ مامۆستا مەسعوود بەرپرسی زانکۆی کامبیرج یان سۆربۆنە و چەند پەیمانگا و دامەزراوی لەبەردەستیایە و کۆمەڵێ ئاسیستێنت و هاوکاری ، هەبێت ئامادەکاری و کارئاسانی بۆ بکەن و ئەویش بە کەماڵی ئیسراحەت دەستی بگاتە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان بە هۆی تەکنەلۆژیا و ئینەرنێتەوە، کرتەیەک لەسەر ـ ویکیپیدیا ـ بکاتزانیاری دەستکەوێ و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکات. بەڕاستی لام سەیرە بۆ قەرەداخی وا دەکات؟ هێندە ناواقیعییە ناتوانێ بارودۆخی مەسعوود محەمەدێک و هەلومەرجە سەختەکەی و رۆژگارەکەی وەک خۆی بهێنێتە بەرچاو و تێی بگات. ئەمە لەوە گەڕێ گەر هەزاران نوسینی ئاکادیمیایی و زانستیشی بەرهەم بهێنایە، کە زەمینەی لە کوردستانی دواکەوتوو و هەژار و نەخوێندەوار نەبوو. مامۆستا دەبوو چ بکات ! کە خەڵک تێی نەگا و ئاوڕی لێ نەداتەوە. هەر لەم ڕوانگەوەیە مەسعوود بەزمانی واقیع، واتە ژیانی رۆژانەی خەڵک دەنووسێ و واقیع بە باوکی فەلسەفە دەزانێ..
خاڵێکی تری قەرەداخی لەسەر مەسعوود محەمەد ئەوەیە لە گوتاریدا، ئایین و دەوڵەت لێک جیا دەکاتەوە و بایەخی بۆ پەروەردە و زانین هەیە. Fichte فیشتەی گەورە فەیلەسووفی ئەڵمان دەڵێ: " گەر بتەوێ نەتەوەیەک ڕزگار بکەیت،لە ڕێی پەروەردە دەبێت". هەر ئەم فەیلەسووفە وەک تاکێکی هەڵکەوتوو، لە سەردەمی داگیرکاری ئەڵمانیا لەلایەن ناپلیۆنی فەرەنساوە،وەک تاکێکی هەڵکەوتوو ماۆستای زانکۆ، بەچەند وتارێک کە بەناوبانگە (چەند وتارێک بۆ نەتەوەی ئەڵمان))، ڕۆڵی ڕۆشنبیرانەی خۆی وەک تاکێکی هەڵکەوتوو دەگێڕێ. ڕۆسۆ Rousseau وەک تاکی هەڵکەوتوو و هەڤاڵەکانی لە شۆڕشی فەرەنسادا ڕۆڵیان گێڕا.
ئەوەی جێی سەرنجە قەرەداخی دەڵێ: مەسعوود لە بری دەوڵەت وشەی کیانی سیاسی بەکار دێنێ. پێموایە هەردووکی یەک مانایە و حکومەتیش لەسایەی دەوڵەتدا هەیە. مەسعوود لەزۆر تێکسدا وشەی دەوڵەتی بەکار هێناوە، جارجارەش کیان. ڕەنگە کاک عەتا بیەوێ( قەدەغەکراوەکانی / ممنوعاتی)!! سەردەمی سەددام لەبیر خۆی بباتەوە. بە کورتی کاک عەتا جارێک پێمان دەڵێ: مەسعوود خاوەن گوتاری مێژوویی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیی تەواوە و جارێکی تر بە پێچەوانەوە. بەهەر جۆڕێک بێت،بەدوای بچووکترین نەنگی مەسعوودەوەیە!.
کورد دەڵێ: قسە هەزارە و دووی بەکارە.. مامۆستا بە چەندین شێوە پێناسەی کوردایەتی کردووە، بە کەینونە،بە بوون/ وجود بەوەی کوردایەتی لای ئەو وەرزی نییە تا ئەوەی دەڵێ: ئیمانم کوردایەتی و کوردایەتی بەدیلێکی بە شەرەفە بۆ هەر کوردێکی بەشەرەف.
خاڵێکی هێجگار زەق لە نووسین و ژیانی فیکری مەسعوود محەمەد پرسی چەپ و کۆمۆنیست بەتایبەت هی کوردە و عەتاش چەند لاپەڕەیەکی بۆ تەرخان کردووە، کە لە ڕاستیدا ئەوە پێویستی بە خوێندنەوەی سەربەخۆی بابەتەییانە هەیە. هیچ بەنیاز نەبووم لێرەدا قسەی لەسەر بکەم، لێ چونکە کاک عەتا ڕاستییەکانی ئاوەژوو کردۆتەوە، ئۆباڵی کارەکە دەکەوێتە ئەستۆی. قسەی منیش ڕوو لەوانەیە کە هێشتا شەوارەی تیۆرییەکە بەری نەداون.
هێندەی بەندە لە هزری مامۆستا گەشتبێت، کێشەی مامۆستا دژایەتی مارکسی چەپ نییە بەڵکو ڕەتکردنەوەی هەندێ بڕگە و باوەڕ نەبوون بەهەندێکی تر و ڕەخنەیەکی بابەتی زانستییە، لە تیۆرییەکە و هەڵوێستیان ئەو بەرەیە، سەبارەت بە دۆزی نەتەوایەتی کورد. لە ڕێگای تیشک هاوشتنە سەر تیۆرییەکە و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانە و نیشاندانی ڕێگای ڕاست و دروست و هەڵکردنی چرای ڕووناکی هەق و ڕاستی و زانستەوە، کە تێکڕای بۆ خۆشەویستی مرۆڤە.
مامۆستا مەسعوو، وتەیەکی جوانی هەیە و دەڵێ:" کۆمیۆنیستی کورد ئەگەر با بدنەوە بەرەو ئامانجەکانی قەومایەتی و چارەنووسی نەتەوایەتی کورد، بادانەوەیەک کە پێداویستی بیروباوەڕێکی تازەیان بێ، لە هەموو تاقمێک زیاتر دەتوانن خزمەتی کورد بکەن. چونکە هەم پێوەندی دۆستایەتییان بەملاو بەولادا شریتەی کێشاوە ـ ئەمە ساڵی ١٩٨٤، نوسراوە شورەوی و بلۆکی سۆسیالیستی پایەدار بوون .هەڵۆ ـ هەم پتر لە خەڵق قسەیان لێ دەسەلمێندرێ".
ئەم باسە لایەنێکی فیکرییشی هەیە، لێرەدا ناچێنە ناوییەوە، بە کورتی بەلای مامۆستاوە هۆش و ئەقڵ، وەک خەسڵەتی تایبەتی مرۆڤ، هۆکاری هەرە سەرەکی باڵادەستی و سەروەری مرۆڤ پێکدێنن لەم گەردوونەدا. کەواتە بێ خەباتی چینایەتی تیۆری مارکسیزمیش دەچێتە ریزی هەموو ئەو هیپۆتێزانەی پێشتر هەبوون!.. مەسعوود وەک پێشتریش باسمان کرد دژی قاڵبی ئامادە و فیکرەی شەختەکردووە، تەفرەدانی جەماوەر، کە کۆی مرۆڤە بەتاوانی بێ پاساو دادەنێ و حیزبایەتیش بەو مۆدێلەی پێشکەشکراوە قێزەونە. گەلێ بایەخ بە ڕۆڵی تاک دەدات، تا کۆمەڵگایەکی خاوەن ئیرادەی مەحکەم و نەلەقیو بهێنێتە کایەوە و گەلێ پرسگەلی دیکە. بە شێوەی گرنگ راستی و هەق دەبێت شەرەفی هەموو شتێک بێت.
قەرەداخی کاتێ دەیەوێ باسی هەبوونی ململانێ چینایەتی بکات، وەک بەڵگە ئاماژە بە گەشەی خێرای پارتی کۆمەنیستی عێراق دەکات لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابووردوودا. بەڕاستی سەیرە گێچی چاوی کاک عەتا ئەم دیاردەیەی خوێندۆتەوە، وەک بەڵگە بۆ بنەمایەک، خۆی وتەنی بە زانستی دەزانێ!. جارێ ئەو دیاردەیە ڕەنگدانەوەیەکی خێرای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بوو. دوور لە ناوەوەی جیهانی سێیەمدا، لە نموونەی عێراقی تازە دروستکراودا! دەستێکی گوماناوی هانی تەشەنەکردنی ئەم بیرەیان داوە و تەنانەت زۆر بەڵگە و قسەوباس لەسەر ڕۆڵی ئینگلیز لەم بارەوە هەیە!. گەرچی بەداخەوە تا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلی بابەتی لەسەر هاتنی ئەم بیرە بۆ کوردستان نییە، لێ ئەو نموونە کوردانەی لە پارتە کۆمەنیستەکانی تورکیا و ئێران و عێراق و سووریادان، بەشی هەرە زۆریان نموونەی کەسانێک، کە بە هیچ جۆرێک ناکەونە خانەی خاوەن گوتاری نەتەوەیی کوردی یاخود تەنانەت کوردستانیش. ئەوە شێخی کۆمەنیستەکان خالید بەگداش و زۆری تریش لەوانەی ناو پارتی کۆمەنیستی تورکیا و ئێران و عێراق.. هەرچەند دواتر سەرانی کوردی ناو کۆمەنیستی عێراق بەهۆی بەردەوامی کاریگەرێتی شۆڕشی کوردەوە، نێزیکتربوونەوە لە پرسی نەتەوەیی و بەپێی قۆناخە جیاوازەکان ددانیان بە مافی کورد تا دیاریکردنی مافی چارەنووس هێناوە. ئێستا گەر بێت سەیری ناجۆری لە نێوان خەباتی نەتەوایەتی ئەوەی ئەوان دەیانکرد بەناوی خەباتی چینایەتییەوە بکەین، کتومت دەکاتە تورکیاچێتی و ئێرانچێتی و عێراقچێتی و سووریاچێتی. لەبەرئەوەی باسەکەی قەرەداخی ! لێرەدا ئەوانەی عێراق زیاتر بە نموونە وەرگرین، کە چەند هەنگاوێکی باش لە پێش ئەوانی ترەوەن.
بە نموونە: حیزبی شیوعی عێراق و بەرەیەکی زۆر بەرفراوانی چەپ باوەڕییان بەوەیە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەشێکە لە بزووتنەوەی عێراقی بۆ دیموکراتی و سۆسیالیزم و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بە مەرجەکانی خۆیانەوە!! و بزووتنەوەی عێراقیش بەشێکە لە هی عروبە و ئامانجی عروبەش دژایەتی ئیمپیریالیزم و تێکشکاندن و لەناوبردنی زایۆنیزمە. جا بە ڕیش هەمووان، ئەم دروشم و ئامانجانە هەرگیز لەگەڵ تاکە سەرەداوێکی کوردایەتیدا دێتەوە؟!.
تۆ وەرە چەپ بیت و لە قەندیل و دۆڵی مەجیدخان و سەرچیای جودیی و دەشتایی قامیشلۆوە ئەمە بانگەواز و باوەڕ و تێکۆشان بێت!، بێ سێ دوو دەکاتە ڕێگریی و باوەڕنەبوون بە بزاڤی نەتەوایەتی کورد. کوێرەوەری لەوەدا خەستتر دەبێتەوە چەپی تورک و فارس و عەرەبیش لەهەمان ڕوانگە و پێگە و جوگرافیاوە هەمان باشگاشە بکەن!. واتە لە کوردستانەوە دیموکراسی بۆ ئەنقەرە و تاران و بەخدا و دیمەشق بەرن. ئەم مۆدێلی شوورەوییە، ئا لەو شوێنەدا شکستی خواردووە کە مۆسکۆ خۆی دیموکراسی تێدا نەبووە. ئۆردووی سوور بەزۆری پارتی کۆمەنیستی لە زۆربەی ئەوروپای رۆژهەڵاتی و وڵاتانی ژێر چنگی رووسیادا، هێنایە سەر تەختی دەسەڵات. دەنا ئەم حیزبە کۆمەنیستانە، بە ڕێگای شۆڕشی پرۆلیتاریایی یاخود بە دەنگی جەماوەر و هەڵبژاردن دەسەڵاتیان نەگرتۆتە دەست. هەربۆیەشە لە ئاکامدا بە شنەیەکی کەمی گلاسنۆست و پێرۆسترۆیکا داڕمان و بەشێکیان خوێنڕێژییان ئەنجام.
کەواتە تێڕوانینێکی وەک ئەوەی پارتی کۆمەنیست بۆ پرسی نەتەوەی کورد، وزە و توانا و هێزی نەتەوە هەڵدەمژێ و بەلارێیدا دەبات. دەیخاتە سەر ڕێچکەی بەرەو خەباتێکی خوێناوی بێ بڕانەوە بۆ پرۆلیتاری جیهانی. ئەوە نییە یەکەم سکرتێری پارت کۆمەنیستی عێراق فهد دەڵێ: نحن نرید حزب العمل ولا حزب الامل،واتە ئێمە (پارتی کارمان دەوێ نەک پارتی هیوا)،ئاماژەیە بۆ پارتی هیوا بە سەرۆکایەتی ڕەفیق حیلمی. کاتێکیش خۆی دێتە سەر دەسەڵات، تۆی لەبیر نامێنێ و خۆی بە پۆلیس و دەزگای هەواڵگیریی دەوڵەت بەگشتی و ئامرازەکانی تری تۆقاندنی مرۆڤ دەپارێزێ.
بەم شێوەیە دەبینین قەڵا و میحرابی نوێژکردنی چەپ مۆسکۆ بوو، هەتا ئێستاش بۆ زۆریان هەروایە!، ـ هەرچەندە نابێت لە بیر بکەین، بەشێکی بەرچاوی چەپی کورد دوای ڕووداوە تراژیدیاکانی هەڵەبجە و ئەنفال و گڵاسنۆست و پێرۆسترۆیکا و داڕمانی دیواری بەرلین و کۆتایی شەڕی سارد، ئاسۆیەکی نوێی فراوانیان لەبەردەمدا واڵا بوو، لەوێوە تێڕوانینێکی باشتریان سەبارەت بە پرسە هەستیارەکان لا دروست بوو. هەر زوو هەوڵی دیاریکردنی ناسنامەی چەپایەتی کوردستانیان دا و هەوڵی تۆمارکردنی مێژوویەکی پڕ لەسەروەرییان بۆ خۆیان دا .
مۆسکۆ ئەوکات هەتا ئێستاش هەمیشە و بەردەوام دۆستی پترۆدۆلاری داگیرکەرانی کوردستان بووە. نەک لایەنگری بزاڤی کوردایەتی، بەمەرجێک لەوەش ئاگادار بووە، کە باڵێکی هەرە سەرەکی کورد لە خۆیان بووە. کەچی بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و چاوچنۆکی بەرژەوەندی ئابووری خۆیان دەهاتن و دەبوونە پارێزەر و پشتیوان و ئەندازیاری هاوکاری دەوڵەتە داگیرکەرەکان و پشتتیان دەکردە کورد. پریماکۆڤ ڕاوێژکاری رژێمی عێراق بوو وەک ئەندازیاری ڕێکەوتنامەی ٤ ساڵەی ئازار و دواتر نەخشەی ڕاگوێزانی گوندەکانی سەر سنوور و خزاندنیانە ناو ئۆردوگا زۆرەملێکانەوە، بەناوی کۆمەڵگای مۆدێرنەوە.
مۆسکۆ سەددام و جەمال عەبدولناسر و حافز ئەسەد نەگۆڕیوەتەوە بە هەرچی سکرتێری حیزبە کۆمۆنیستەکانی ناوچەکەیە. پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە بوو، بەناوی داکۆکیکردن و مانەوەی دەوڵەتی سۆسیالیستەکەی رووسیاوە، دواتر دەوڵەت و میللەتانی جیهانی کۆمۆنیزمیشی ـ شورەوی،ئەلبانیا،یوگسلافیا،کۆریا و پارتە کۆمۆنیستەکانی ڕۆژئاوا ـ کردە چەندین بەرەوە و هەر لایەک بەپێی بەرژەوەندی خۆی دەیویست هەنگاو بنێ. لەتەک ئەو ڕاستییانەی سەرێ، دەبێ بڵێین، لەکوردستان مارکسایەتی وەک شەپۆلێکی مۆدە وەرگیراوە. ئەوەی هەبووە ـ بەشی هەرە زۆری ـ بە وتەی جەمال نەبەز "مارکسی ئەنقەرەیی و تارانی و بەخدایی و دیمەشقی" بووە. بیرمەندێک لەم ڕووەوە دەڵێ: " ئەوە چ کەڵکێکی هەیە بۆ مرۆڤ، فێری خوێندن و نووسین ببێت و بەڵام ئەقڵ و بیری بۆ خەڵکی تر بەجێبهێڵێت".
بەداخەوە تا ئەو سەردەمەی ڕۆڵ و کاریگەرێتی نێودەوڵەتییان هەبوو، ئەمانە نەهاتن سوود لەم ئەم بیر و ڕێباز و تیۆرییە وەرگرن و بیکەنە چەک و باوەڕ و ڕێبازێکی کوردیی و بخەنە کار بۆ پرسی ڕزگاری و سەربەخۆیی خاک و نەتەوە. وەک ئەوەی کوردایەتی باوەڕی پێیەتی بۆی تێدەکۆشێ.. هەر بۆ مێژوو لە ئەدەبیاتی پاسۆک دا چەندین وتار و بانگەواز هەن، داوای دروستکردنی پارتێکی کۆمەنیستی کوردستانی دەکەن. پاسۆک لەگەڵ ئەوەدا بوو، ئەم پارتە دروست بێت و لە گەلێ لاوە هەوڵی دا و لە دەست پێکردنیشدا، هاوکاریی کردووە و ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانی دەربڕیوە.
بەڵام بەداخەوە، ئەوی بە بیری کۆمەنیستی و چەپایەتییەوە سیاسەتی دەکرد، ملکەچی مۆسکۆ بوو. مۆسکۆش چونکە هەموو ماڵی خۆی لە شووشە بوو!، داگیرکەری گەلێ وڵات و نەتەوە بوو، ڕێگەی بەم جۆرە مۆدێلە نەدەدا. بۆیەکا ئەمانیش کتومت بەپێچەوانەی ویست و داخوازییەکانی کوردەوە کاریان کرد. ئەمەش ئێستا بۆتە مێژوو بە کەس ناسڕێتەوە، جا با هەزارانی وەک قەرەداخی چاوی خۆیان لەئاستیدا بنوقێنن. کۆی ئەم باسانە و زۆر شتی تریش کە نە ئامانجی من و نە ئامانجی ئەم نووسینەیە ـ کاک عەتا وروژاندوویەتی ـ، دەیسەلمێنن، بەڵێ ئەو جۆرە بیرکردنەوە سیاسەتە چەپایەتییە، بەڵگەی زیندووی ئەو زیانەن، کە لە کوردیان داوە و بزاڤی کوردایەتیان پێ لاواز کردووە. لەمە زیاتر نموونەی دیکە زۆرە بیهێنمەوە.
با تەماشای پارتی چەپی ئیسرائیلی بکەین، تا ئێستا نزیکەی ٤ـ٥ لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی سەر بە پارتی کرێکارانی ئیسرائیل بوون و واتە چەپ بوون. کەچی کەسیان نەهات هەڵوێستەیەک بنوێنێ، مێژووی ئیسرائیل قڵپ بکاتەوە و دەوڵەت بڕوخێنێ. وەک ئەوەی چەپی کورد دەیویست هەموو شتێکی کوردی بڕوخێنێ، کە بەدەستی کرێکار بەرهەم نەهاتووە و شۆڕشەکانی کورد بشێوێنێ، لەبەر ئەوەی بەدەستی پرۆلیتاریا هەڵنەگیرساون و هەرچی خەسڵەت و بنەمای تایبەت بە کوردبوونە بسڕنەوە و باوەڕی پێ نەکەن، چونکە لەگەڵ تێزەکانی مارکسدا هاوجووت نایەنەوە. بەواتایەکی تر سەرلەبەری مێژوو و کۆمەڵایەتی و هونەر و زۆر لایەنی تری کورد ڕەت دەکرایەوە، بەنازانستی و ناسروشتی دادەنران، چونکە پێچەوانەی بنەماکانی مارکیسیزمن...
هەرگیز گوێمان لێ نەبووە کۆمۆنیستی فەلەستینی و عەرەبی بڵێن خەباتی ئێمە، بەشێکە لە خەباتی جەماوەری ئیسرائیل!. بەهەقەت پێویستە کۆمۆنیست و چەپی کورد پێداچوونەوەیەکی بابەتی و بێلایەن بکات بەم مێژووەدا، هەڵسەنگاندنێکی وردی مێژوویی بۆ ڕابووردی بکات، تا ئاسۆی ئایندەیان زۆر گەشتر بێت و بتوانن ئەوانیش شانبەشانی بیر و هێزەکانی تر، رۆڵی کاریگەرتریان هەبێت لە خەباتی سەربەخۆیی و ئەو ئامانجانەی هەڵیان گرتووە.
جارێکی تریش جەخت دەکەمەوە من بۆ خۆم خۆشحاڵم بەم دنیا کرانەوەیە و ئەو گۆڕانە ئەرێنییەی بەسەر جیهان و ناوچەکەدا هاتووە. بەرەیەکی فراوان لە کەسانی چەپی نەتەوەیی هوشیار و خاوەن هەڵوێستی کورد دەبینم. ئەم وەرچەرخانە گەرچی درەنگیش هاتووە، لێ دیسان مێژووە و نیشانەی گەشی بەرەوپێشچوونە، چونکە بە هەموو دڵنیاییەکەوە چەپەکانی ئەم بەرەیە گەر لە دووڕیانێکدا سەرپشک بکرێن لە نێوان نەتەوایەتی و نێونەتەوایەتیدا، ئەوە بێ سێ و دوو یەکەمیان بۆ خزمەتی دووەمیان هەڵدەبژێرن.
قەرەداخی لە کوێوە ئەم باسەی زیندۆکردۆتەوە چ مەبەستێکی هەیە؟ ئەوە خۆی دەزانێ بەڵام لە میانەی باسەکەدا ئەوەی بۆمان ئاشکرا دەبێت، لە پاڵ کۆمەڵێ هەڵوێست و مێژووی خراپ و بیرکردنەوەی ناواقیعییەوە، جارێکی تر هێرشێکی گەورە دەکاتە سەر کاژیک و پاسۆک تاوانباریان دەکات بەوەی خاوەن جەماوەر نین، چونکە داخراون.. ئەو برا بەڕێزە پێمان ناڵێ ئایا جەماوەر لەگەڵدابوون بەتایبەت لە دەڤەرەی ئێمەدا بەڵگەی چییە؟
" ڕاستی باوەڕ لە ژمارە زۆریی لایەنگرانیدا نییە، وەک ئەوەی ناڕاستی لە ژمارە زۆریی ئەوانەشدا نییە،کە ڕەتی دەکەنەوە" مەسعوود محەمەد لە گووتەیەکی نێزیک B.Russell دەڵێ: " تەنانەت گەر هەمووش لەسەر بیروباوەڕێک بن، دەشی هەر هەموو هەڵەبن.
سەددام و ئەسەد لە هەڵبژاردنەکاندا%٩٩ دەنگییان بۆ تۆمار دەکرا... خومەینی و ئەردۆغان زۆرینەیان لەگەڵدا بووە. ئەو سێ چوار پارتە گەورەی کوردستانیش زۆرینەی خەڵکیان لەگەڵ دایە. باشە ئەمانە نیشانەی ئەو گوتارە و واقیبوون و جەماوەری بوونی بیر و فەلسەفە و رێبازەکەیانن!!!، یاخود؟؟؟؟؟. پێموایە کاک عەتا بۆ ئەو شێوازە لە خوێندنەوەی چ مەسعود محەمەد و چ ئەوانی تر و کاژیک پاسۆک ، چەند ئامانجێکی لەبەرچاو گرتووە:
ـ ناشیرینکردنی بزاڤی نەتەوایەتی لە لەسەر دەستی کاژیک و پاسۆک دا، کە مێژووی بیری نەتەوەیی پێک دێنن، هەر نەبێت لەم چەند دەیەیەی ڕابووردوودا.( ئەمەش نەک بەو مانایەی بمەوێ بڵێم: ئەم حیزبانە نموونەی هەرە باڵا و پێرفێکت و بێ کەموکوڕی ستراکچەر و گوتار نین!). ناشیرینکردنەکەش لە ڕێگای کوتانەوە و جوینەوەی ئەو بەیت و بالۆرەیەی لە پەنجاکانەوە دژ بە کوردایەتی دەهۆڵی بۆ لێ دەدرێت. واتە کاک عەتا شتێکی نوێی نەخستۆتە سەر وتراوە بێ ماناکان. پێم وایە ناوەڕۆکی کارەکەی قەرەداخی و پەیامەکەی سیاسییە، نەک لێکۆڵینەوەی بابەتی و ڕەخنەی دروستکەرانە.
ـ پاساو هێناوە بۆ چەپی کوردی هێشتا ڕەدووی مۆسکۆ کەوتوو، چەپێکی لەو مۆدێلە کە لەمەیداندا، شکستی خواردووە و چۆتە مۆزەخانەوە و شەمەندەفەری مێژوو بە کۆمەڵێ بەپرسیارێتی و هەڵەی زەقەوە بەجێی هێشتوون.
ـ ڕازیکردنی دڵی کەسانێک!، لایەنێک کە حەزیان بەورووژاندن و جوینەوەی ئەم جۆرە باسانەیە و وەک دەڵێن: تا گۆم بشڵەقێن و ئەوان مەلەی خۆیانی تێدا بکەن.
کەواتە گەرچی لە سەردەمی پۆست مۆدیرنیزم و گلۆبالیزم دا دەژین، کەچی کاک عەتا گەنگەشەی دیاردەکانی سەردەمی کۆمۆنەی سەرەتاییمان لەگەڵدا دەکات. وا هەست دەکەم کاک عەتا بە خەیاڵ و بیرکردنەوە، هێشتا لەسەردەمی پێش مانیفێستی کۆمۆنیزمدایە.



(دەنگدراوە: 0)