خۆپێشاندانەکانی ساڵی 82 دژ بە دڕەندەترین ڕژێم (بەشی دوهەم)

Wednesday, 10/06/2020, 10:58

3466 بینراوە


(چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەریەکانم)

وەك ئەوەی هاوڕێ نەورۆز پێی ڕاگەیاندبوین دەبوایە ڕۆژی هەینی پاش گردبونەوە لە گردی سەیوان، بە خۆپێشاندان بەرەو ناوەراستی شار بچین. هەروەها ئاگادری کردینەوە کە تەواوی ئەندامانمان و دۆست و لایەنگرانی ئەوانەی جێی متمانەن ئاگاداریان بکەینەوە. کاتێ چوینە سەر گردی شەهیدان کاتژمێری دەی بەیانی بو. لەو شەقامە پانەوەی کە بەرە و خانووە قوڕەکان و قرگە دەچو. نزیك بە قوتابخانەی ناوەندی کچانی کوردستان و نزیك بە قوتابخانەی زێوەر و جادەی سەرەوەی ئەسحابەسپی.
بەهۆی کۆبونەوەی دەستە دەستەی چوار تا حەوت کەس و کەمتر و زیاتر، هەست بە خۆ ئامادەکردن دەکرا بۆ خۆپێشاندان. دەروبەری کاتژمێری دە بەرە و سەرقەبران بە ڕێ کەوتین. ژمارەمان نزیکەی حەفتا تا سەد کەسێك دەبو. لە شەقام و کۆڵانەکانی تری نزیك بە گردی شەهیدان کەسانی تریش گربوبونەوە. لە کاتژمێری دیاریکراودا بەرەو سەرقەبران بەڕێ کەوتبون. ئەوەی چاوەڕێم نەدەکرد هاوسەرەکەی شێخ شەهاب بو لە خۆپێشاندانەکاندا. بەهۆی هات و چۆی بەردەوامم بۆ ماڵی خەڵاتی شێخ جەناب کە لەگەڵ ئەماندا دیوارێکیان بەین بو دور و نزیك یەکتریمان دەناسی دودڵ بوم لەوەی بۆ بەشداری لە خۆپێشاندانەکان هاتبێت و گومانم دەکرد بۆ سەردان لە گۆڕی شێخ شەهابی هاوسەری هاتووە.
بەگشتی بەرەو گردی شەهیدان بەڕێ کەوتین. کۆمەڵ کۆمەڵ بە گردەکەدا و گردی سەیواندا بڵاوبوینەوە. من لەگەڵ دەستەیەکدا بەشیوازی خۆپێشاندان و هوتاف کێشان بەرەو گۆڕی شەهید شەهاب چوم. پاش خوێندنەوەی هەندێك سرود و ووتەی هاندەرانە بەگشتی سەرقەبرانمان بەجێهێشت و دەستمان کرد بە خۆپێشاندان بەرەو شار. کاتێك لە گردەکە هاتینە خوارەوە و چوینە سەر شەقامە گشتیەکە بە ئاراستەی شار، سەیارەیەکی نەجدە لێمان دەرکەوت و لەسەرخۆ و بە حەزەرەوە لێمان نزیك دەبۆوە. خۆپێشاندەرانیش کەوتینە بەردباران کردنی و پەنجەرەکانیان شکاند. ناچار بە بەگ و بە خێرایی گەڕایەوە دواوە و دور و نزیك چاودێری دەکردین. پاش کەمێك پۆلیسەکان بە بێ چەك لە نەجدەکە هاتنە خوارەوە و بەرەو ڕومان هاتن. کاتێ گەیشتنە لامان تەوقەیان لەگەڵ چەند کەسێکی ناو خۆپێشاندانەکە کرد و ئەم لاو ئەو لای چەند کەسێکیان ماچ کرد. لە خەڵکەکە دەپاڕانەوە و ئامۆژگاریان دەکردن کە بڵاوەی پێبکەن و خۆیان بە کوشت نەدەن. دەیانوت ئەمە خەبات نیە ئێوە دەیکەن و ئەمە خۆ بەکوشت دانی خۆڕاییە. ئێستا سەگ و گورگەکانی قوات خاسە دەگەنە سەرتان و دەستتان لێ ناپارێزن .کەس گوێی لێ نەگرتن و هەندێ کەس قسەی نەشیاویان پێدەوتن، کە ئەگەر پیاو بونایە ئەو جلانەیان بۆ ئەم ڕژێمە لەبەر نەدەکرد. پۆلیسەکان ناچار ملیان نا بەرەو نەجدەکە و بە بێ هیچ کاردانەوەیەك دور و نزیك تێیان دەڕوانین.
پاش کەمێکی تر نەجدەیەکی تریش هات و ئەویش بە هەمان شیوە تەنها چاودێری دەکردین. هەندیك جار لە نەجدەکە دەهاتنە خوارەوە و تفەنگەکانیان بەدەستەوە بو، نە لولەی تفەنگەکانیان تێ دەکردین و نە تەقەیان دەکرد. نزیکەی سی خولەکێكی خایاند کە پیکابەکانی قوات خاسە گەیشتنە شوێنەکە. گەیشتن و دابەزین و تەقە کردنیان لە چەند چرکەیەکدا بو. لەسەرەتادا تەقەیان بە ئاسماندا کرد، پاشان تەقەیان لە خەڵکەکە کرد و چەند کەسێك بەرکەوتن. خۆپێشاندەرەکان بریندارەکانیان دەگوێزایەوە بۆ کۆڵانەکانی دەوروبەر و لەوێوە سواری ئۆتۆمۆبێلی ئەهلی دەکران و بەرە و خەستەخانەکان دەگوێزرانەوە. خۆپێشاندەران لەسەرسوچی شەقام و کۆڵانەکان لەگەڵ کەمبونەوەی تەقەدا دەڕژانەوە سەر شەقامەکان. قوات خاسە کان لە سەرەتادا کەسیان نەدەگرت، بەڵام ئەوەی بکەوتایە بەردەستیان، هێندەیان لێ دەدا توانای بەپێوە وەستانی نەمێنێت، ئیتر بەجێیان دەهێشت و لێی دووردەکەوتنەوە تاکو خۆپێشاندەران بیانگوێزنەوە. ئەم ڕاکە ڕاکەیە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند. خۆپێشاندەران بڵاوەیان نەدەکرد تاکو ئەوکاتەی پیاوەکانی ڕژێم هێزێکی زۆری تریان لە قوات خاسە و تەواری و سەیارەی قەفەزبەند هێنا و بەخەستی کەوتنە تەقەکردن لە خەڵکی و دەسگیرکردنی خۆپێشاندەران.
خۆپێشاندەران بە قۆچەقانی و دارلاستیك و بەردهاویشتن شەڕیان دەکرد. بەڕێکەوت چەند کەسێکیمان بینی کە دەمانچەیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابو. من و چەند هاوڕێیەك چوینە لایان و ئاگادرمان کردنەوە لەوەی کە کەس بۆی نیە لە ناوخۆپێشاندەرانەوە تەقە بکات و بەهانە بدەنە پیاوەکانی ڕێژێم قەلاچۆی خۆپێشاندەران بکەن. هەروەها پێمان ڕاگەیاندن ئەگەر کارێکی وا بکەن و بەهۆی ئەوانەوە خەڵکیێکی بێشومار بکوژرێت، دور نیە تاوانبار بکرێن بەوەی کە ڕژێم خۆی ئەوانەی ناردووە بۆ ئەو کارانە و بە مەبەستی ئەوەی بەهانەی بەدەستەوە بدەن بۆ کوشتنی زۆرترین کەس لە خۆپێشاندەران. ئەوانیش پاش کەمێك مشتومڕ بەگوێیان کردین و بەناوی ئەوەی دەڕۆن دەمانچەکانیان دەبەنەوە ڕۆیشتن و ئیتر نەمانبینینەوە . پاش ئەوەی هێزە زۆرەکەی ڕژێم گەیشت و تەقەیەکی زۆریان کرد، ئیتر بەهۆی ژمارەی زۆریان جورئەتی ئەوەیان تیا پەیدا بو کە دەستە دەستە خۆپێشاندەران تا قوڵایی ناو کۆڵانەکان ڕاو بنێن و خەڵکانێکی زۆر بگرن و کۆتایی بە خۆپێشاندانەکان بهێنن.
زۆربەی زۆری ماڵەکان دەرگاکانیان دەکردەوە یان درزێکیان بەکراوەیی بەجێ دەهێشت، دەیانزانی کە خۆپێشاندەران ڕادەکەنە ماڵەکانیانەوە. لەگەڵ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانەکە و گوشاری زۆری چەکدارەکانی ڕژێم و منیش بە هەمانشێوە چومە یەکێك لە ماڵەکانەوە. جگە لە خێزانەکە، کوڕێکی منداڵکاری سیانزە تا چواردە ساڵانەی چاوسەوزی تیا بو کە ئەویش پەنای بردبوە بەر هەمان ماڵ. پاش خزمەتێکی زۆر وهێمن بونەوەی کۆڵان و شەقامەکان ئەوسا ماڵەکەمان بەجێهێشت. پاش چەند مانگێك بۆم دەرکەوت کە ئەو منداڵە چاوسەوزەی وەکو من پەنای بردبووە بەر هەمان ماڵ برا بچوکی شەهید دلێر بو کە لە زنجیرە چالاکیەکی ناوشاردا شەهیدکرا بو. هەروەها برایەکی تری بە ناوی مەنسور ئەندامی ڕێلکخستنەکانی کۆمەڵە بو، سەردەمانێك بەیەکەوە کەوتبوینە شانەیەکەوە و بەهۆی سەردانم لە مەنسور براکەیم ناسیەوە و زانیم کێیە.
ڕۆژی سێهەم لە لایەن سەرکرادایەتی ناوشاری کۆمەڵە و لە لایەن ئیستگەی دەنگی کوردستانی یەکیتیەوە هانی خەڵکی دەدرا بۆبەردەوامی خۆپێشاندانەکان و بردنی بەرەو مانگرتن گشتی. یەکێتی لە ڕێگای ئیستگەکەیانەوە داوایان دەکرد کە خەڵکی و خۆپێشاندەران داوای ئازادکردنی زیندانە سیاسیەکان و گێڕانەوەی دێهاتە ڕاگوێزراوەکان بکەن. هەندێك لە ڕێکخراوە چەپ و مارکسیەکانی وەکو کار و بەشێك لە ئەندامانی کۆمەڵە داواکار بون کە خۆپێشاندانەکان بەرەو ڕاپەڕینی جەماوەری ببرێت و قەوارەیەکی زۆر گەورەتریان دەدا بە خۆپێشاندانەکان. لە شەواندا پێشمەرگەکانی یەکێتی دەهاتنە ناو گەڕەکەکانی قەراغ شار و هانی خەڵکیان دەدا بۆ بەردەوامی لە خۆپێشاندان و مانگرتنی گشتی و ووتار و دوانی هاندەرانەیان دەدا، بەوەش وورەی خەڵکیان بەرزتر دەکردەوە. شەوان لە گەڕەکەکاندا تا درەنگانێك خۆپێشاندان و گردبونەوەی جەماوەری درێژەی دەکێشا.

کۆمەڵە لەسەرەتاوە هەوڵی دەدا کە دروشمی حیزبایەتی بەرزنەکرێنەوە و خۆپێشاندانەکان پارچە پارچە نەکرێن. بەڵام بەردەوام دروشمەکانی یەکێتی دەکەوتنە بەرگوێ. بەتایبەتی هاواری ''یەکێتی نیشتیمانی ئاواتی هەمومانی'' بەردەوام بەرزدەکرایەوە. ئێمەی ئەندامانی کۆمەڵە گەرچی لەو سەردەمەدا هیچ ناکۆکیەکی لەبەرچاومان لەگەڵ باڵەکانی ناو یەکێتی نەبو، بەڵام بۆ ئەوەی خۆپێشاندانەکان لاواز نەبن و لایەنگرانی پارت و لایەنەکانی تر لە خۆپێشاندانەکان نەتەکێنەوە هەوڵمان دەدا ئەو دروشمانەی بەسەر شان و باهوی یەکێتیانا هەڵدەدرا لە دروشمی (بژی گەل.. هێزی گەل... حوکمڕانی بۆگەل) دا ونی بکەین و بێدەنگیان بکەین. یەکێك لە جارەکان بە هۆی ڕێگریمان لەوانەی زۆر بە حەماسەتەوە تەنها دروشمەکانی یەکێتیان بەرزدەکردەوە وایان دەزانی کە ئێمە سەربە لایەنەکانی ترین و یەکێکیان ووتی؛ '' ئەم مەلایی و قیادە مۆقەتانە لێرەش دەیانەوێ ببنە کەڵەشێر و هەر خۆیان بخوێنن''. ئەندامانی ئێمەش ئاگاداریان کردنەوە کە ئێمە هەرگیز پارتی نین و لە ئێوە زیاتر لایەنگری یەکێتین، بەڵام نامانەوێ خۆپێشاندانەکان بکەینە شەڕە دەنوکی جەلالی و مەلایی و دەمانەوێ دروشمە حیزبیەکان لە خۆپێشاندانەکە دوربخەینەوە و خەڵکانی باش و دڵسۆزی سادە زۆرن کە هێشتا دڵیان بۆ پارتی لێدەدات.
لەو سەردەمەدا لەو باوەڕەدا بوین کە ئێمەی یەکێتی و کۆمەڵە تەنها کەسانی تێگەیشتوین و هەمو لایەنێکی کۆن و نوێمان جگە لە خۆمان بە نەفام دەزانی بەڵام نەماندەویست لە هەلومەرجی وادا ڕوبەڕویان ببینەوە. بەو هیوایەی ئەوانیش لە داهاتووە بێنە سەر ڕێچکەی ئێمە ! ئەوەی ئەو وەڵامانەی دانەوە ئەندامێکی ڕێکخستنی کۆمەڵەمان بو بە ناوی هاوڕێ بۆیە بە (هاوڕێ هاوڕێ) بانگمان دەکرد، هەندێك جار بۆ پێکەنین بە ''دەبڵ هاوڕێ'' یان ''هاوڕێ دوجا'' بانگمان دەکرد. هاوڕێ کەسێکی زۆر چالاك و دڵسۆز و بەتوانا بو . قوتابی پۆلی شەشی ناوەندی بو کوڕی یەکێك لە خێزانە هەژارەکانی قەرەجاوا بو. سەرباری کارو چالاکیە ڕێکخراوەییەکانی و قوتابخانەی، لەسەر عەرەبانەیەکی دەستی پاقلەی کوڵاوی لە بازاڕ و گەرەکەکان دەفرۆشت بۆ گوزەرانی خێزانەکەی. هەمیشە لە سەندوقی عەرەبانەکەی هەندێك کتێبی قوتابخانە یان بابەتی تری تیابو بۆ خۆ ڕۆشنبیرکردن یان بۆ ئامادەکاری وانەکانی قوتابخانە و تاقیکردنەوەکانی .
پارتی و لایەنە سیاسیەکانی تری کوردستان لە خۆپێشاندانەکاندا ڕۆڵی زۆر کەم و نادیاریان هەبو. گەرچی لێرەو لەوێش دەمانبیست کە دروشمی لایەنەکانی تریش لە ناو خۆپێشاندانەکاندا بەرز دەبۆوە بەتایبەتی (بژی بارزانی و بژی پارتی)، بەڵام بە گشتی کەم و کەمبیستراو بون. ڕۆڵی کەم و لاوازی پارتی و بەگشتی بەرەی (جود) (الجبهة الوطنیة الدیمقراطیة ) کە لە لایەنەکانی پارتی، پاسۆك، حسك و حیزبی شیوعی عێراقی پێك هاتبو دەگەڕایەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە لە سەردەمی خۆپێشاندانەکان لە ناو شارەکان بە تایبەتی سلێمانی ڕێکخراوەکانیان کەم و لاواز و ناڕێکوپێك و پەرتەوازە بون. بە پێچەوانەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران کە ڕێکخراوێکی بەهێز و بە پرنسیپی توندی ڕیکخراوەییان هەبو لە ژێر سایەی سەرکردایەتی ناوشار. بەو هۆیەوە دەیانتوانی لە سەردەمە هەستیارەکانا کۆبونەوەی خێرا ئەنجام بدەن و بڕیارەکان بدەن و وەکو فەرمان یان بانگەواز لە ماوەیەکی خێراو کورتا بگەیەنرێتە تەواوی لایەنگران و ئەندامانیان لە سلێمانی و دەروبەری. ئەوەش لەڕێگای تۆڕێکی توند و تؤڵی بەیەکەوە گرێدراوی ڕیکخراوەیی ئەندامان بە شێوازێکی هەرەمی. کاتێ لە سەرکردایەتی ناوخۆوە بەیانێکیان بە چاپ بگەیاندایە لە ماوەی 12 کاتژمێردا دەگەیشتە دەست تەواوی ئەندامان، ئەوانیش لە ڕۆژ و کاتژمێری دیاریکراودا بە تەوای شاردا بڵاویان دەکردەوە و دەگەیشتنە دەست خەڵك .
ئێوارەی ڕۆژی دوهەمی خۆپێشاندانەکان وەك ئەوەی لە ڕێگای ئیستگەی یەکێتیەوە داواکاری بون، بەرپرسەکەم دکتۆر نەورۆز جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە هەوڵی ئەوەدا بین خۆ پێشاندانەکان بە ئاراستەی مانگرتنی گشتی بەرین. چەند دروشمێکی نوسراوە و چەند بانگەوازێکیشی لە ماڵەوە بۆ بەجێهێشتبوم کە بە شێوازی جیاواز بڵاویان بکەینەوە. منیش نسخەیەکی بانگەوازەکەم لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ ماڵی خەڵاتی شێخ جەناب
یەکەم کارمان ئەوە بو کە تسجیلە شڕێکی هەرزان بەها لە مەزاتخانەکە بکڕین و بە درێژایی چارەکێك شریتەکە بە بەتاڵی بهێڵینەوە. بۆ ئەوەی دەرودراسێ و دایك و باوکی خەڵات گوێیان لە دەنگ و هاوارهاواری تۆمارکردنەکە نەبێت، مێزێکی گونجاومان هێناو چەند لێفە و بەتانیەکمان دابەسەریدا و لە ژێر تیشکی لایتێکی دەستیدا، بانگەوازەکەی ڕێکخستنمان بۆ مانگرتنی گشتی لەسەر تەسجیلەکە تۆمار کرد. ئەوەش بەو مەبەستە بو کە تەسجیلەکە بە داگیرساوی لەسەر بڵندگۆی مزگەوتەکان دابنێین. لە هەمان کاتدا چارەکێك کاتمان هەبێت بۆ دورکەوتنەوە لە مزگەوتەکە و گەیشتنمان بە شوێنێکی بێمەترسی، ئەوسا دەنگی بانگەوازەکە بڵند ببێتەوە.
یەکەم مزگەوت کە ڕومان تێکرد مزگەوتی دودەرگا بو نزیك بە ماڵی خەڵات. کاتێك چوینە مزگەوتەکە نوێژی شێوان کرا بو تەنها چەند پیرەمێردێکی تیا مابو کە یەکێك لەوانە کەسێك بو کە زۆر لە خەڵکی سلێمانی دەیناسن (حاجی عارفی عەتار) ناسراو بە عارفە لچە. خەڵات لەبەر ئەوەی خەڵکی گەرەکەکە بو دەموچاوی خۆی بەستبو وای پێشاندا کە دەمانچەی لە باخەڵدایە و دەستی لە ژێر کراسەکەیدا دانابو لە ترسی کاردانەوەی ئامادەبوان، بە پیرەمێردەکانی ووت بچنە گۆشەیەکی مزگەوتەکە. منیش مجەورەکەم برد و سویچی موکەبەرەکەی داگیرساند و لەبری تەسجلەکە بۆ خۆ دەربازکردنی خێرا، بە بڵندگۆکە چەند جارێك بانگەوازەکەمان خوێندەوە و مزگەوتەکەمان بەجێهێشت. لە سەرەتادا بە ڕاکردن و پاشان ئاسایی بەرەو ماڵی خەڵات گەڕاینەوە.
زۆربەی ئەم کارانەمان بە بێ چەك ئەنجام دەدا چونکە مەترسی ڕوبەڕوبونەوەی پیاوانی ڕژێم زۆر بو. لە هەمانکاتدا دەمانزانی کە بە دەمانچەیەك و دو دەمانچەوە بەرگریەکی وامان پی ناکرێت و ناتوانین خۆ ڕزگار بکەین. بۆیە لە کاتی دەسگیرکردنمان و زیندانی کردنمان بە بێ بەڵگە دەرفەتی زیاترمان دەبێت بۆ نکۆڵیکردن و خۆ ڕزگار کردن.
پاش زیاتر لە بیست ساڵ لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیم بە خەڵاتەوە دەنگی نەناسیمەوە و نەیدەزانی کێم، منیش بۆ پێکەنین ووتم من ئەو کەسەم کە لە ژێر مێز و لیفە و بەتانیەکا چالاکیەکی ڕێکخراوەییمان بەیەکەوە ئەنجام دا! بە پیکەنینەوە ووتی؛ هاوڕێ پێشڕەو چۆن نازانم کێی، هەرچیەکم لە یاد بچێتەوە ئەوەم لە یاد ناچێتەوە!
کەسێکی نزیکم کرێچی ماڵی حاجی عارفی عەتار بو. حاجی عارف باسی بانگەوازەکەمانی لا کردبو، ئەویش بۆ خزمێکی ترمانی گێڕابۆوە و بە کورتی تاکو گەیشتە وە بە من چەندین دەمی کردبو. لەدواجاردا بوبوە چیرۆکێکی سەیر و قەبەکراو. گوایە مەفرەزەیەکی پێشمەرگە بە چەك و قەڵەباڵغیەوە هاتون و دەوری مزگەوتەکەیان گرتووە و چەند کەسێکیان هاتۆتە ژورەوە و قسەیان بۆ خەڵکەکە کردووە و پاشان بە بڵنگۆکە دواون! کاتێك کە بابەتی میتۆدی مێژوییم وەکو وانەیەکی زانکۆ دەخوێند هەمیشە ئەوەم بە یاد دەهاتەوە کە چۆن گێڕانەوەکان کلك و شاخی بۆ دروست دەکرێت و چۆن چالاکیەکی دو قوتابی لاویان کردبو بەو قەڵەباڵغیە و ئەو سیناریۆیە دروستکرابو.
کاتێك گەیشتینە ماڵەوە ڕاستەوخۆ کەوتینە پلاندانان بۆ ئەوەی بۆ سبەینێ بەیانیەکەی چۆن و لە کوێوە درێژە بە بانگەوازەکەمان بدەین بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرکردایەتی ناوشار بە مەبەستی بەردەوامی خۆپێشاندان و دەسپێکردن بە مانگرتنی گشتی.
کۆتایی بەشی دوهەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە