خۆپێشاندانەکانی ساڵی 82 دژ بە دڕەندەترین ڕژێم (بەشی سێهەم)

Saturday, 13/06/2020, 19:29

3510 بینراوە


(چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەریەکانم)

ئەو شەوە لە ماڵی خەڵات مامەوە و بۆ بەیانیەکەی کە دەبووە ڕۆژی سێهەمی خۆپێشاندانەکان پاش بانگی بەیانی تەسجیلەکەمان بە بانگەوازە تۆمارکراوەکەوە لەگەڵ خۆدا برد بۆ مزگەوتێك کە بەداخەوە ناویم لە یاد نەماوە، دەرگایەکی لەسەر گەڕەکی گاوران و دەرگاکەی تری لەسەر کۆڵانی قەزازەکان بو. کاتێك گەیشتینە مزگەوتەکە کابرای مجەورمان خستە ژورێکەوە کە قفڵێکی دانەخراو بە دەرگاکەوە بو دەرگاکەمان لەسەر داخستو تەسجیلەکەمان خستە سەر بڵندگۆکە و بە خێرایی و بەڕاکردن مزگەوتەکەمان بەجێهێشت. پاش چەند سەد مەترێك وازمان لە ڕاکردن هێنا و تەنها بە خێرایی دەڕۆیشتین. لە نزیکی 50 مەترێکەوە چەند چەکدارێکی دەسەڵات بەرەوڕومان هاتن و لەگەڵ هاواری ڕاوەستن (قف!) کەوتنە تەقە لێکردنمان. خەڵات بەرەوڕویان چو بەو مەبەستەی بگاتە ئەو کۆڵانەی چەند مەترێکمان ڵێوە دور بو تاکو خۆی دەرباز بکات، منیش لە جێگای خۆمەوە گەڕامەوە و بەڕاکردن بە ئاراستەی مزگەوتەکە چومەوە، بەرەو کۆڵانەکانی تری نزیك لە شەقامی سابونکەران. لەگەڵ وەرچەرخانەوەم گوێم لە دەنگی خەڵات بو کە فیشەکی بەرکەوت و پێکرا. چەند چەکدارێکیش بە (قف ، قف)ەوە بەدوامدا هاتن و تەقەیان لێ دەکردم. بە جۆرێك کە هەرگیز ناتوانم بڵێم چۆن و بۆچی نەیاتوانی بمپێکن و بۆچی وازیان لە بەدوادا ڕاکردن هێنا. لە یەکێك لە کۆڵانەکاندا کە شارەزای بوم خۆم بە دەرگای ماڵێکدا هەڵواسی و بازمدایە حەوشەکەیانەوە. کابرای خاوەن ماڵ تەمەنی لەسەر و چل ساڵیەوە دەبو هاوسەر و دوکچی منداڵکار و کوڕێکی حەڤدە هەژدە ساڵی هەبو، لێم نزیكبۆوە و بێدەنگ و بە بێ هیچ پرسیارێك بردمیە ژورەوە. لەوێش لێی پرسیم ئەو تەقانەیان لە تۆ دەکرد ؟ ووتم بەڵێ، بەڵام نازانم بۆچی، لە ماڵی پورمەوە دەگەڕامەوە! ووتی بۆ دەریان کردبوی بەم بەیانی زووە هاتویتە دەرەوە! ووتم چوم بۆ مزگەوت نوێژ بکەم و لەوێوە نیازم وابو بچم بۆ مەیانەکە. بە تەوسێکەوە ووتی نە سەروخەنافیزەکەت لە نوێژکەر دەچێ، نە دەستوپلت لە کرێکار. لە دڵێ خۆمدا لام سەیر بو کە هێندە ووریا و بە دیقەتە. هەروەك ئەوەی ئەو ووتی ماوەیەکی زۆر بوو کرێکاری خانوم نەکردبو بۆیە دەست و پەنجەکانم ناسک بوبونەوە و نوێژکەریش نەبوم.
هاوسەرەکەی بە خێرایی بیجامەیەکی بۆ هێنام و ووتی خێرا بیپۆشە بۆ ئەوەی کە هاتنە ژورەوە وا بزانن لێرە نوستویت. تاکو بیجامەکەم پۆشی دۆشەك و لێفەیەکی بۆ هێنام و ڕایخست و ووتی لەسەر ئەو دۆشەکە دانیشە و کە هاتن خۆت بکە بە نوستو. ئێمەش دەڵێین هاوڕێی کوڕەکەمانە. لە ناوی خۆمیان پرسی و ناوی کوڕەکەشیان پێوتم کە بەداخەوە لە یادم نەماوە. کابراش چەند جارێك لێی پرسیم خۆ پێشمەرگە و شتی وا نیت یان تەنزیم و قاچاخ ئەگەر شتێکی وایت قسە بکە با لە شوێنێکی باشترت بشارینەوە. منیش هەویەکەم دەرهێنا و پێشانم دا کە قوتابیم و وقاچاخ نیم (قاچاخ مەبەستی لەداواکراو بو لە لایەن دەسەڵاتەوە بۆ دەسگیرکردنی) .
پیاوی ماڵەکە پاش ئەوەی ڕاکە ڕاکەی قوات خاسەکان لە کۆڵانەکەدا نەما و هێمنی باڵی بەسەر کۆڵان و گەرەکەکەدا کێشایەوە، بە زەمیلەیەکی باغەوە بە ناوی نان کڕینەوە چووە دەرەوە. پاش بیست خولەکێك گەڕایەوە و ووتی برادەرەکەت بریندارە و بە ڕاکێشان هێناویانەتە سەر شەقامی سابونکەران و چاوەڕێی سەیارەن بێن بە دوایانا. بەڵام وەزعی لە خراپ نەدەچو، وا پێدەچێت قاچ و قولی بریندار بێت. منیش ووتم من تەنها خۆم بوم و ئاگادار نیم کەس بریندار بوبێت!
پاش خواردنی نانی بەیانی ماڵەکەم بەجێهێشت و زۆر بە شەرمەزاریەوە چوم بۆ لای بەرپرس و هاوڕێیانم کە خەڵاتم بە جێهێشتووە. پاش گێڕانەوە و باسی ڕوداوەکە دڵخۆشیەکی زۆریان دامەوە و پێیان ووتم خۆ بە بێ چەك بویت وهەر هیچت بۆ نەدەکراو خۆشت دەگیرایت و دوانەکانتان لەگەڵ یەکتری بەراورد دەکراو هەردوکتان تێدەکەوتن. لەوەش خراپتر دەنگی شریتەکە بە دەنگی تۆوە بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان بەدەستەوە نیە کە شتێك بەسەر خەڵاتا بسەپەێنن، باشتر کە تۆ نەگیراوی. پاشان دڵنیا بوین لەوەی کە خەڵات فیشەکێك بەر ڕانی کەوتوە و لە ژورێکی تایبەت لە خەستەخانەی جمهوری دەسبەسەر. بە برینداری دەستێکی بە قەرەوێلەی خەستەخانەکەوە کەلەبچە دەکرێت و دوو پاسەوانیش لەبەر دەرگای ژورەکەی دادەنێن. ئەوەی جێگای مەترسی زۆرمان بوو، ئەوەبو کە خەڵات برازی شەهید شەهاب و خزمی شەهید ئارام و مەلا بەختیار هاوسەری ڕوناك خانی خوشکی بو، هەروەها خەباتی برای لە شاخ بوو زۆر لە بنەماڵەکەیان یان شەهید بون یان لە شاخ بون. بۆیە گومان خستنە سەر خەڵات شتێکی لەبەرچاو بو گەرچی هیچ بەڵگەیەکیشیان نەبوبێت. هەربۆیە ملازم موحسین کاتێك بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیا دەچێتە خەستەخانە، لە نێوان وتەکانیا بە خەڵات دەڵێ.؛ ئێوە بۆ واز ناهێنن بەتەمان چەندی ترتان لی بکوژرێت؟.

بەهۆی مەترسی لە چارەنوسی خەڵات بیرمان لە پلانی ڕفاندنی کردەوە تا ئەو کاتەی لە خەستەخانەیە ئاسانتر دەبێت. پەیوەندیم بە حەمە حاسڵێیەوە کرد و پاش دوان سەبارەت بەو کارە حەمە حاسڵێ ئامادەیی خۆی پێشاندا کە لەگەڵ چەند کەسێکی هەڵبژاردەی خۆی بچنە خەستەخانەکە و پاسەوانەکان بکوژن و خەڵات ڕزگار کەن . پێش دەست بەکاربون و پلان دانان لە ڕێگای سستەرێکەوە کە برایەکی زۆر بە ناڕەوا بەدەستی ملازم محسین شەهید کرابو، پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانەوە هەبو بەردەوام پێویستیە پزیشکیەکانی لە خەستەخانە بەدزیەوە دەبردە ماڵەوە و بۆ ناردنیان بۆ شاخ دەیدایە ڕێکخستنی شار. لە ڕێگای ئەو سستەرەوە پەیوەندیمان بە خەڵاتەوە کرد و ئاگادارمان کردەوە کە بەو نیازەین. خەڵات بە بێ دودڵی ئەوەی پەسەند نەکرد و دڵنیای کردینەوە کە هیچ شتێکی بەسەردا ناسەپێنرێت و هیچ بەڵگەیەکیان لە دژی بەدەستەوە نیە و بەم نزیکانە ئازاد دەکرێت. هەروەك ئەوەی خەڵات پێشبینی کردبو ئاوا دەرچو پاش چەند ڕۆژێك ئازاد کرا.
ئێوارەی ئەو ڕۆژە لە ماڵی جەزای سەید مەجید مامەوە کە لە گەڕەکی شێخانی نزیك سەرای سلێمانی بوو. بەیانیەکەی کە دەبوە ڕۆژی چوارەمی خۆپێشاندانەکان کاتژمێری چواری بەیانی پاش نانی بەیانیەکی بەسەرپێوە، بە بڵندگۆیەکی دەستی و دەمانچەیەكەوە ماڵی جەزامان بەجێهێشت. پاش کەمێك دورکەوتنەوە لە سەرا من بە بڵندگۆکە بانگەوازم بۆ مانگرتنی گشتی دەکرد و حەمە جەزاش بە دەمانچەی ڕوتەوە چاودێری دەوروبەری دەکرد. هەردوکمان دەموچاومان بەستبو لە پشتی سەراوە چوین بۆ گەڕەکەکانی پیرمەسور و گۆیژە و سابونکەران وگاوران و خانەقا و سەرکارێز و پاشان سەرشەقام. بە تەواوی ئەو گەرەکانە دەوەستاین و بانگەوازەکەمان دەخوێندەوە. خەڵکی لەو دیوی پەنجەرەکانیانەوە تێیان دەڕوانین و هەندێکیش پەنجەرەکانیان دەکردەوە و پشتیوانی خۆیان بە شێوازی جیاواز پێشان دەدا. هەندێکیش بۆ پێشاندانی پشتیوانیان دەهاتنە بەردەرگا و لەگەڵمان دەدوان. بەشێك لەو ڕێبوارانەی کە چاویان پێمان دەکەوت خۆیان لێ دور دەخستینەوە و هەندێکیش دەیانەویست لەگەڵماندا بمێننەوە و هاوکاریمان بکەن. لێرەو لەوێش هەندێك لە بەتەمەنەکان دەیانەوت لەوەئەچی ئەمڕۆ (منع التجول) بێت!
دەوروبەری کاتژمێری شەش چوینە ماڵی هاورێیەکمان کە لەسەر شەقام بو. دەوروبەری کاتژمێری هەشت بڵندگۆ و دەماچەکەمان لای ئەو هاوڕێیە بەجێهێشت و بەرەو ناوشار و بازارەکان چوین. دەمانبینی دوکاندارێکی زۆر بە پیر بانگەوازی مانگرتنی گشتیەوە هاتبون. هەندێ لەو دوکانانەی لێرە و لەوێ کرابونەوە، وەکو کڕیار دەچوینە دوکانەکەوە و بە ناوی شۆڕشەوە ئاگادارمان دەکردنەوە لە پێویستە دوکانەکانیان دابخەن. کاتێك لێرەدا باسی ئەو جۆرە چالاکیانە دەکەم مەبەستم لەوە نیە کە تەنها من و حەمەجەزا و هاوڕێیانی شانەکەی ئێمە بەم کارانە هەڵدەستاین و ئەم بانگەوازەمان کردبێت . ئەم جۆرە کارانە پێشتر بەرنامەی بۆ دانرابو، چەندین گروپ و دەستەی تر وەکو ئێمە لە کاردا بون بۆ ئەو مەبەستە. بۆیە دەمانبینی وەکو ئێمە کەسانی تریش بە هەمان مەبەست دەچونە دوکانە کراوەکانەوە و لەگەڵیان دەدوان بۆ داخستنی و بە دەنگەوە چونی مانگرتنی گشتی. زۆربەی دوکاندارەکان بەگوێیان دەکردین و دوکانەکانیان دادەخست. هەندێکیشیان دەکەوتنە دەمە قاڵێ و دەیانوت جا ئەگەر دوکان دابخەین بە چی بژین؟ خۆ شۆڕش ماڵ و منداڵمان بەخێوناکات؟ دەگمەن کەلەڕەقی تیابو کە بە لەبەرچاو ونبونی ئێمە دوکانەکانیان دوبارە دەکردەوە.
ئەو ڕۆژە شارەکە بە تەواوی چۆڵ و کشومات بو بۆنی خوێن و کارەساتی گەورە دەهات. بێدەنگیەکی ترسناك باڵی بەسەر شارەکە و بازارەکانا کێشا بو. تەواوی قوتابیان نەچوبونەوە بۆ قوتابخانە، قوتابخانەکان تەنها مامۆستایان و بەڕیوەبەرەکانی لێ بو، تاق وتەرا قوتابیەکیش بچوایە بۆ قوتابخانە مامۆستاکان ئیزنیان دەدا. ڕۆژانی خۆپێشاندانەکان و پێش مانگرتنی گشتی قوتابیەکان بەردەوام لە دەوروبەری قوتابخانەکان یان لە حەوشەی قوتابخانەکەیانا خۆپێشاندان و گردبونەوەیان دەکرد و نەدەچونە پۆلەکانیانەوە. پیاوەکانی ڕژێم بەتایبەتی قوات خاسە و ملازم موحسین دەچونە ناو قوتابخانە و پۆلەکانەوە و بەبەرچاوی مامۆستایان و بەڕیوەبەری قوتابخانەکان بە کابڵ و دار لە قوتابیەکانیان دەداو دەسگیریان دەکردن و بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەمن و ئیستیخبارات ڕاپێچیان دەکردن.
ڕۆژی مانگرتنی گشتی ڕژێم بەتەواوی شپرزە بو بو. هەوڵیان دەدا بە هەمو شێوازێک خەڵکی هێمن بکەنەوە. بەڕیوەبەری ئەمن و ئیستیخبارت و سەرۆکی منەزەمەی حیزبی بەعس و پارێزگاری سلێمانی شێخ جەعفەر کۆبونەوەی خێرایان ئەنجام دابو بەو مەبەستەی چارێك بۆ وەزعەکە بدۆزنەوە و کۆتایی بە خۆپێشاندان و مانگرتنە گشتیەکە بهێنن.
دەوروبەری کاتژمێری یەکی پاشنیوەڕۆ پۆلیس و وقوات خاسە و جەیشی شەعبی بە بڵندگۆوە بە شاردا دەسوڕانەوە و داوایان لە خەڵکی دەکرد مانگرتنەکە بشکێنن و بچنەوە سەرکار و قوتابخانەکان و دوکانەکان بکرێنەوە. خەڵکی گوێگریان نەبون و لێرە و لەوێ خۆپێشاندان بەردەوام بو دوکانەکانیش بە داخراوی مابونەوە. لەو ڕۆژەدا من لەو خۆپێشاندانە بەشداربوم کە لەسەر ئەو شەقامەی سەروی مزگەوتی گەورە کە بۆ خەستەخانە و زانکۆی سلێمانی دەچو. ئەفسەر و سەربازەکانی ڕژێم بە بەراورد بە ڕۆژانی پێشو لەگەڵمان هێمنتر بون و زۆربەیان چەکەکانیان لەشانیان دانەدەگرت. تاقە کەسێك کە بەرچاوم کەوتبێت بە کامێرای ڤیدیۆییەوە وێنە و فلیمی خۆپێشاندانەکانی لە ناو خۆپێشاندرانەوە دەگرت کوردێکی ڕۆژهەڵات بو پێدەچو یەکێك لە ئەندامانی حیزبە کوردستانیەکانی دژ بە ڕژێمی خومەینی بێت.
بە هۆی نەرمی سەربازەکان و تەقە نەکردنیان هێندە لەیەکتری نزیك بوینەوە کە لێرە ولەوێ خۆپێشانداندەران دەکەوتنە دوان لەگەڵیان. ئە ئەفسەرەی سەرپەرشتی چەکدارەکانی ڕژێمی دەکرد بە پلەی رائید بو هەندێك لە خۆپێشاندەران تەوقەیان لەگەڵ ئەفسەر و سەربازەکان دەکرد و ئەملاولایان ماچ دەکردن و داوایان لێ دەکردن بێنە ناو خۆپێشاندەرانەوە و بەرگری لە خۆپێشاندەران بکەن و پێیان دەوتن ئێوەی عەرەبیش هەر قوربانی ئەم رژێمە دڕندەیەن. یەکیك لە خۆپێشاندەران کە ناوی (عەفان) بو دورونزیك یەکتریمان دەناسی، چووە بەردەمی ڕائیدەکە و بە دەنگێکی حەماسیەوە پێی ووت (انتم اخواننا، لاکن نعلە علی شرف صدام حسین) کابرای ڕائید بە شێوازێك وەڵامی دایەوە کە دەیویست هێمنی بکاتەوە پیی ووت ( یابە، احسن لك لا تحچی هل حچایە، صدام حسین شدخلە بالموضوع) من لای خۆمەوە ئیرەییم بە عەفان دەهات کە هێندە چاوقایمە. ئێمە لەو مشتومڕەدا بوین کە ژمارەیەکی زۆر لە پیکابی پڕ لە چەکدارەکانی ڕژێم گەیشتنە بەردەرگای مزگەوتی گەورە. ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکان نێڵ و چەکوش و قەلەمی بەناییان بەدەستەوە بو، بەڕیزە قفڵی دوکانەکانیان دەشکاند و دەڕابەکەیان بەرزدەکردەوە و بەجێیان دەهێشت. خۆپێشاندەرانیش بەرەو ڕویان دەچون و لە دورەوە هاواریان دەکرد و هوهایان لێ دەکێشان، هێندەمان نەزانی هوتافێکی حازر و تازە لە کورە دەرچو کەوتە سەردەمی خۆپێشاندەران ( سەربازی سەدام حسێن... قفڵ و دەڕابە شکێن!) سەربازەکان جاربەجار بەرەوڕومان دەهاتن بۆ بڵاوەپیکردنمان و تەقەیان بەسەرماندا دەکرد. بەڵام بە ئاشکرا دیار بو نەیاندەویست کەس بەربکەوێت و خۆپێشاندان و مانگرتنەکە زیاتر تەشەنە بکات. بەم شێوەیە کۆتایی بە مانگرتنی گشتی و خۆپێشاندانەکان هێنرا.
ڕۆژانی داهاتوش لێرە و لەوێ و لە هەندێ لە قوتابخانەکان لە قەوارەیەکی تەسك و کەمتر ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان درێژەیان هەبو، بەڵام گوشاری ڕژێم لەچاو سەرەتای خۆپێشاندانەکان زۆر کەمتر بو بۆوە. پشکنینی ڕۆژانەی سەرشاقام و بازاڕەکان وشەق و زلە لێدانی پیاوانی ڕژێم بە بێ هۆکار لە گەنجان و سوکایەتی پێکردنیان و داوای بەردەوامی هەویە لە هاوڵاتیان، بە شێوازێکی لەبەرچاو کەم بوبۆوە. ملازم محسنیش لە سلێمانی دور خرایەوە. وەك ئەوەی لە ناو خەڵکا بڵاوبوبۆوە گوایە ناردویانە بۆ سەرکوتکردنەوەی لایەنگرانی حیزبی دەعوەی ئیسلامی لە شارەکانی خواروی ئێراق. ئەوانەی لێرەدا باسمکردون زۆربەی ئەو ڕوداوانەن کە خۆم دور یان نزیك لە ناویدا بوم یان تیایدا بەشدار بوم و لێی بەئاگا بوم. لە زۆر شوێنی تری شاری سلێمانی خۆپێشاندان دەکرا.
لە تەلقیحەکەی سلێمانی و کارگەی توتن هاوڕێەکمان بەناوی مام ڕەزا کە ناوی نهێنیەکەی هاشم بوو کاری دەکرد. یەکێك لە کوڕەکانی کە لە من بەتەمەن تر بون پێشمەرگەی شاخ بو، خۆشی لەتەمەنی باوکم دا دەبو هەروەها لە سەرەتای شەستەکانا لەگەڵ باوکم بە هۆی هاوخەباتیانەوە لە ناو پارتیا یەکتریان دەناسی.بەهۆی سنورداری خوێندەواریەوە من کرابومە بەرپرسی مام ڕەزا. بە هۆی جیاوازی زۆری تەمەنمانەوە بۆ من ئاسان نەبو فەرمان و داواکاری ڕاستەوخۆی بەسەردا بدەم، بۆیە هەر داوایەکم لێ بکردایە پێم ڕادەگەیاند کە داوا و فەرمانی سەرکردایەتی ناوشارە! مام ڕەزا لە کارە کرداریەکاندا گەلێك چالاك و دڵسۆز بو. لە ڕۆژەکانی مانگرتنی گشتی دا توانیبوی لە ڕێگای هەوڵی ماندونەناسانەی و کاریگەری لە ناو تەنقیحەکەی سلێمانی، هانی مانگرتنی کرێکاران بدات. ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوانی کرێکار مانگرتنی خۆیان ڕادەگەیەنن. عەزیز خۆشناو کە بەڕیوەبەری کارگەی توتن بوو لەگەڵ چەند کەسێکی وابەستەی خۆی دەچێتە ناو مانگرەکانەوە و بە شەق و جنێوپێدان و سوکایەتی و تف لێکردنیانوو قژ ڕاکێشانی ژنەکان هەوڵی شکاندنی مانگرتنەکە دەدات. بەوەشەوە ناوەستێت و پەیوەندی بە دەزگاکانی ڕژێمی بەعسەوە دەکات بۆ سزادانیان. چەکدارەکانی قوات خاسەش بە بێ دواکەوتن دێن و دەکەونە ناو مانگرتوەکانەوە و پاش لێدان لە زۆربەیان هەندێکیان دەسگیر دەکەن و لەگەڵ خۆیاندا دەیانبەن و کۆتایی بە مانگرتنەکەیان دەهێنرێت.
چەندین جار بە دەستی خۆم ڕاپۆرتی توند و جدیم لەو بارەیەوە لەسەر عەزیز خۆشناو نوسی و ئاراستەی سەرکردایەتی ناوشارم کرد، کە کاردانەوەیان بەرامبەر بە عەزیز خۆشناو هەبێت و بە سزای خۆی بگەیەنن. وەڵامەکانی سەرکرایەتی شار تەنها ئەوە بو کە ڕاپۆرتەکانیان بە ناوەندی کۆمەڵە گەیاندووە و لە چاوەڕوانی وەڵامدان. لە پاڵ ڕاپۆرتەکانی خۆم و شانە سەرەکیەکەم لە بەرپرسانی هەندێ شانە سەرەکیەکانی تر و هاوڕێیانی تریشم داوادەکرد کە ڕاپۆرت لەو بارەیەوە بنێرن و دڵنیام کە ئەوانیش وەکو پشتیوانیەك بەوە هەستابون. بەڵام تەواوی ئەو ڕاپۆرت و داواکاری و ناڕەزاییانەمان ئاسنی سارد کوتان بو، هیچ شتێك بەرامبەر عەزیز خۆشناو نەکرا. ئەوەش بووە مقۆمقۆ لە ناو ئەنداماندا و لێکدانەوەیان ئەوە بو کە بۆیە هیچی بەرامبەر ناکەن لەبەر ئەوەی خزمی کەمال خۆشناوی سەرکردایەتی یەکێتیە و هەروەها مێردی (خەجێ) ی خوشکی دکتۆر مەحمود سۆرانیە و بەهۆی پەیوەندیە خزمایەتیەکانەوە چاو لە تاوانەکانی دەپۆشرێت . ئەمەش خاڵێکی تری ڕەش بو لە بیر و هەستی ئەندامانی کۆمەڵە بەرامبەر بە ناوەندی کۆمەڵە و سەرکردایەتی یەکێتی.
هاوکات لە لایەن قوتابیە کوردەکانی زانکۆی موستەنسەریەی بەغاو پەیمانگەی زەعفەرانیە و زانکۆ و پەیمانگاکانی موسڵ هەندێ گردبونەوە و خۆپێشاندان ئەنجام درا بەڵام زۆر بە زویی سەرکوتکرانەوە. زۆر لە قوتابیە کوردەکان لە ترسی دەسگیرکردنیان گەڕانەوە بۆ شارە کوردیەکانی خۆیان. قوتابیە عەرەبەکان تەنها بەسەرسوڕمانەوە تەماشاکەریان بو بون و پشتگیری و هاوکاری قوتابیە کوردەکانیان نەکردبو.لە دوای سلیمانی لە شاری هەولێریش خۆپێشاندان ڕویدابو بەتایبەتی لە لایەن قوتابیانی زانکۆوە. چەندین قوتابی کوژران و بریندار بون. لە شاری کەرکوکیش کوژراوو بریندار لە ناو خۆپێشاندەراندا هەبون.
بەداخەوە ژمارەی کوژرا و بریندارەکانم لە یادا نەماوە بەڵام لەو سەردەمەدا لە لایەن تەواوی پارت و لایەنە سیاسیە نەیارەکانی ڕژێم لەسەریان نوسرا و ژمارەکانیان تۆمار کراوە. گیراوەکان زۆر نەمانەوە و بەزویی ئازاد کران، ئەو ڕاپەڕینە جەماوەریە کە سەرتاسەری کوردستانی بە کەم و زۆریەوە گرتبۆوە تەواوی ڕێکخراوەکان لەسەریان نوسی و شیکردنەوەیان بۆ دەکرد . هەندێك جار لێکدانەوەی سەیر و سەمەرەشی بۆ دەکرا. تەواوی لایەنە سیاسیەکانی ساحەی کوردستان پشتگیری خۆپێشاندانەکان بون و بەرز دەیاننرخاند. کەم تا زۆر بەشداریان تیا کرد و ئەندامان و لایەنگرانیان ڕۆڵی خۆیان بە پێی توانا تیادا دەبینی.
ئەنجامەکانی خۆپێشاندان و مانگرتنە گشتیەکانیان بە دەسکەوتی لە قەوارەی خۆی زیاتر لە قەڵەم دەدا. لە سلێمانیدا یەکێتی ڕۆڵی سەرەکی و گرنگی بینی، پاشان بۆمان ڕون بۆوە لە قەڵادزێ و ڕانیە و شار و شارۆچکە زۆرەملیەکانی دەوروبەری ڕانیەو قەڵادزێ پارتی و حیزبی سۆسیالیست ڕۆڵی گرنگیان لە سەرهەڵدان و گەشەپێدانی خۆپێشاندانەکان بینی بو شان بەشانی یەکێتی. زۆربەی لایەنەکان هۆکارەکانی خۆپێشاندانیان دەگێڕایەوە بۆ زەبروزەنگ و تیرۆری بێسنوری ڕژێم و نەبونی هەمە جۆرێکی ئازادی و گرتن و کوشتن و سوکایەتی پیکردنی ڕۆژانەی پیاوەکانی ڕژێم بە هاوڵاتیانی کوردستان. هەروەها ئەو گیروگرفتە ئابوریانەی کە جەنگی ئێراق – ئێران هێنابونیە کایەوە .
کۆتایی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە