چیرۆکی لافاوی نوح لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە

Thursday, 11/06/2020, 0:17

9346 بینراوە


تۆماس هاکسلی: کارەساتە مەزنەکەی زانست لەوەیە کە دەتوانێ گریمانەیەکی جوان بەهەڵە بخاتەوە بە ڕاستییەکی ناشیرین.
-----------------------

بەشی دووەم: ئایە بوارە زانستییەکان پاڵپشتی ڕوودانی ئەم لافاوە دەکەن؟

ڕێبازی ئەزموونگەری وەک لە چەندان بابەتدا ئاماژەمان پێ کردووە، لە زانست و تۆژینەوەکانیدا باشترین ڕێبازە، لەبەرئەوەی لە بنچینەوە پشت دەبەستێت بە بەڵگە و ئەو ئەزموونە زانستییانەی کە دڵنیامان دەکەن لە ڕاستیەتی دەرەنجامەکانمان. زانست هە‌وڵ دە‌دات، هە‌موو ڕووداو و دیاردە‌یە‌ک ڕاڤە‌ بکات بەم شێوە‌یە‌ی کە هە‌یە‌، نە‌ک بە‌وە‌ی خە‌ڵکی دەیانە‌وێ، یان بە ‌باشی دە‌زانن. واتە ئەوانەی زانست بە بەڵگەوە دیسەلمێنێت، بواری ئەوەمان پێ نادات، بێین و بە ئارەزووی خۆمان تەنیا ئەوانە هەڵبژێرین کە لەگەڵ بیروڕا و ئاینەکەماندا دەگونجێن. زانای گەردوونناسی ناودار، کارل سێیگن دەبێژێت: زانست ڕاستییە پیرۆزەکان ناناسێت، دەبێ گشت گریمانەکانی بەرئەزموون بن، ناشبێت ملکەچی ویست و ئارەزووی هیچ لایەنێک ببێت، هەر شتێکیش لەگەڵ ڕاستییە زانستییەکان نەگونجێت، پێویستە بەلاوە بنرێ و فەرامۆش بکرێت.
لە بەشی یەکەمدا لە سەرچاوەی چیرۆکی لافاوەکە لای هەندێ شارستانییەت و ئاینەکان دواین، بەکورتیش بە تێڕوانینێکی لۆژیکییانە چەند سەرنجێکمان خستە بەردەست. بەڵام لەم بەشەدا دەمانەوێ بزانین، ئایە هیچ بەڵگەیەکی زانستی هەیە لە زیندەوەرزانی (Biology)، یان کەشناسی (Meteorologie)، یاخۆ زانستەکانی سەربە بواری زەویناسی (Geology) وەک‏، زانستی چینگەلەکانی زەوی (Biostratigraphy)، شوێنەوارناسی (Archaeology)، زەویکۆڵزانی (Paleontologie)، بۆ ڕوودانی لافاوێکی مەزنی جیهانی؟
سەرەتا ئەگەر هەر زۆر بەخێرایی بڕوانینە تەمەنە درێژەکەی نوح (٩٥٠ ساڵ)، دەبینین کە بە هیچ شێوەیەک لە زانستدا جێی نابێتەوە، چونکە هەموو هەڵکۆڵدراوەکان ئەوەمان بۆ ڕوون دەکەنەوە، تەمەنی مرۆڤی کۆن نەک لە تەمەنی نوح، بگرە لە مرۆڤی ئەمڕۆکەش گەلەک کورتتر بووە. زاناکانی ئەم سەردەمەمان بە تۆژینەوە جینەکییەکان دەتوانن بەوردی لە هۆکارەکانی پیربوون و خۆنوێکردنەوەی خانەکان تێبگەن. بەمەوەش پێمان دەڵێن، هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی مرۆڤەوە تا ئێستە، تەمەنی مرۆڤەکان لە نێوان ٢٠ بۆ ٧٠ ساڵ بووە، لە هیچ کات و سەردەمێکیش لە پڕێکدا و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو درێژبوونەوە، یاخۆ کورتبوونەوەی بەخۆوە نەبینیووە. زانستی بۆماوەیی بە پشکنین و شیکردنەوەکانی ترشی ناوەکی (DNA)، بۆ زانیارییە گلدراوەکان، پێمان ڕادەگەینن کە جینەکانی مرۆڤ، هەرگیز ڕێ بەوە نادەن کەسێک تا ئاستی ئەو تەمەنەی نوح لە ژیاندا بمێنێتەوە.
ئەگەر بچینە سەر چەند بابەتێکی زیندەوەرزانی دەربارەی لافاوەکە، دەشێ بپرسین، دانەری ئەم چیرۆکە چۆن بیری لەوە نەکردەوە کە بێجگە لە ئاژەڵەکان دەبێ نوح، لە گشت جۆرە ڕوەکێکیش چڵ و تۆوەکانیان لەگەڵ خۆی بار بکات، تا جارێکی دیکە ژیانی ڕوەکیی لەسەر زەویدا ببوژێنێتەوە، چونکە پاش ئەوی لافاوەکە چەندان مانگ (٦مانگ) جیهانی داپۆشی، بەچی ئەو هەموو ڕوەکەی کەوتنە ژێر ئاو ڕزگاریان بوو؟
پاش ئەمە جیهانی ئاژەڵان دێت کە گرینگترین بابەتە لەم چیرۆکەدا، ئەمەیان سەرلەبەری ئاژەڵ و باڵندە و مەگەز و جۆرە جیاجیاکان دەگرێتەوە، تەنیا کۆمەڵە مەڕ و بزنێک و مانگا و وشترێک نییە، وەک ئەوەی مرۆڤی کۆن تێی گەیشتووە. لە زیندەوەرزانیدا هاتووە، جۆرەکان بەلایەنی کەمەوە پێکهاتوون لە: ٥ هەزار شیردەر، ١٠ هەزار باڵندە، ٣٠ هەزار ماسی، ٦ هەزار وشکاوەکی، ٨ هەزار خشۆک، بە دەیان هەزار ئاژەڵی ئاوی و نێزیکەی ملیۆنێک مەگەز. جگە لە هەموو ئەمانەش زاناکان دەڵێن، چەندان ملیۆنیش هەن کە نەدۆزراونەتەوە و پۆلێن نەکراون لای مرۆڤ، ئەوانەی لە شوێنی سەختی وەک بیابانەکان، قوڵایی دەریاکان، سەهۆڵبەندان و ناو دارستانە چڕەکان دەژین. ئینجا با بەچاکی بهێنینە بەرچاومان، لە هەر جۆرێک لەمانە جوتێک هەڵببژێرین، دەبێ ژمارەیان ببێتە چەند و لەکوێشدا دەکارین جێیان بۆ بکەینەوە؟
بەڵام کێشە هەرە مەزنەکە ئەوەیە، ئەگەر خوا مەبەستی پاراستنی جۆرەکان بێت، پێویستە بزانێ بە جووتێک ئاژەڵ هەرگیز مانەوەی جۆرەکان چارەسەر نابێت. هەروەک لە چیرۆکی ئادەم و حەوا ڕوونمان کردەوە کە ئەستەمە هەموو مرۆڤەکان نەوەی یەک دایک و باوک بن، هاوشێوەی ئەمە لێرەشدا دەیڵێینەوە دەربارەی ئاژەڵەکان. دۆزەوە هاوچەرخەکانی سەبارەت بە شیکارە جینەکییەکان، بەڵگەی ئەوەمان پێ دەدەن کە هاتنی زیندەوەران لە جووتێک، پاشان زاوزێکردنی ڕاستەوخۆی نەوەکان لەگەڵ یەکدیدا، بە هیچ شێوەیەک ناچنە چوارچێوەی بنەما زانستییەکان. تۆژینەوەکان ئەوە دەردەخەن، ئەگەر زیندەوەران، یان جۆری ئاژەڵێک نەوەی جووتێک بوونایە، ئەوا لەبەر نێزیکبوونی جینەکییەوە ڕێژەی شێوان، کەمبوونەوەی بەرگریی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نەوە و بێچووەکانیاندا هێندە زۆر دەبوو، بوونیان بە کۆمەڵەی جۆرێک و بەردەوامبوونیان لە ژیاندا کارێکی مەحاڵ بێت. هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو کێشە و شێوان و نەخۆشییانە لە نەوەکاندا، بەندە بە جۆراوجۆری جینەکیی (Genetic diversity) کە گرینگییەکی یەکجار مەزنی هەیە بۆ پارێزران و مانەوەی زیندەوەران.
ئەمە بە بنەمایەکی ناسراو ڕوون دەبێتەوە لە زیندەوەرزانیدا کە دەڵێت، هەرگیز ناتوانرێ نەک لە دوو زیندەوەر، بگرە لە ٢٠ دانەش ژمارەی تاکەکانی جۆرە زیندەوەرێک زیاد بکرێ. ئەم بابەتە پێی دەگوترێت، باری ملەبوتڵی کۆمەڵەی جۆرەکان (Bottleneck of population)، بەوەی کەمبوونەوەی تاکەکان سنوورێکی دیارکراوی هەیە، هەتا ڕادەیەک کە مانەوەی چەند تاکێک، بۆ زۆربوونی ژمارەی ئەو جۆرە جارێکی دیکە گەلەک سەخت دەبێت. ئەمەش ئەو دەمە پەیدا دەبێ کە ژمارەی تاکەکانی جۆرە زیندەوەرێک هێندە کەم دەبێتەوە، دەرەنجام ئەم بڕە کەمە لە جۆراوجۆری جینەکیی، ئەو تاکانەی ماونەتەوە دووچاری مەترسییەکی گەورەیان بکات و بەرەو بنەبڕیی بچن. کاتێک جۆرە ئاژەڵێک دەگاتە لێواری بنەبڕبوون و هەوڵ دەدرێت لەسەر دەستی زاناکان، ژمارەی تاکەکانیان جارێکی دی پتر بکرێتەوە، دەبینین هەرچەندە زاناکان لە هەوڵەکانیاندا سەرکەوتووش بن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو جۆرە جیاجیاییە جینەکییەکەی لەدەست داوە، زێدە هەستیار دەبێ بە بڵاوبوونەوەی هەر نەخۆشییەک، یاخۆ گۆڕانێکی ژینگەیی، ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی بنەبڕبوونیان. بۆیەش ڕزگارکردنی ئەو ئاژەڵانەی لەژێر هەڕەشەی لەناوچوونن کارێکی یەکجار سەختە، هەتا ئەگەر ژمارەشیان تا ئاستێک زیاتر بکرێتەوە.
بۆ بابەتی ئاوی لافاوەکەش دەکارین بپرسین، ئەو ئاوە زیادەیە لەکوێوە هات تا بتوانرێ هەموو زەوی دابپۆشێت و گشت لوتکەی چیاکان بە ئیڤەرستی ٩ کیلۆمەتری ژێراو ببێت؟ پاشان چۆن زەوی جێگیر و هاوسەنگ مایەوە، چۆنیش توێکەکەی خۆی گرت، لە کاتێکدا هەمووی لایەکی جیهان کەوتە ژێر پتر لە نۆ کیلۆمەتر ئاو؟ لەوانەش گرنگتر ئەو ئاوە بەرەو کوێ ڕۆیشت و دزەی کرد؟ چونکە بەهیچ شێوەیەک ڕێی تێناچێت زەوی جێ هێشتبێ و بەرەو بۆشایی ئاسمان چوو بێت، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانن کە خوولی ئاو لە زەویدا داخراوە و هەر یەک خوولە لەوەتەی زەوی هەیە. ئەگەر بشڵێین لە بەرگەهەوای زەویدا ئەو ئاوە مابێتەوە، ئەوا شارەزایان دەڵێن کە چینەکانی هەوا لەباری ئاسایی زیاتر، هەرگیز ناتوانێ ئەو ڕێژە زۆرە هەڵمە بگرێتەخۆ. گریمان ئەو چینە ئەستوورە لە هەڵمـی ئاو بوونیشی هەبووایە، ئەوا دەکرا چەند جاری دیکە پاش ئەو مێژووە، لافاوی وا ڕووی بدابووایە و گشت جیهان ژێر ئاو کەوتبایە، بەڵام ئایە ئەمە بووە؟ ئەو دەمەی بۆ ماوەیەکی گەلەک درێژیش باران ببارێت، هەر ناکرێ هەموو جیهان بە گشت کیشوەرەکانی نووقمی ئاو ببێت، ئەگەر ژمارەیەکی یەکجار زۆر کانیش تەقیبێتەوە، ئەوا وای دەکرد کە توێکی زەوی بەتەواوی شی ببێتەوە و کەس نەتوانێت لەسەری هاتوچۆ بکات، هەروەها کانییە گەرمەکانی هەڵقووڵاوی ناخی زەوی، بڕێکی زۆر گازی ژاراویان بڵاو دەکردەوە کە کەس نەتوانێت هەناسە بدات، هەتا ئەوانەی ناو کەشتییەکەش.
ئەگەر بیر لە دەرئاسایەکیش بکەینەوە، دیسانەوە کۆمەڵێک کێشە دێتە بەردەم نوح و کەشتییەکەی، بەوەی ئەو ئاوە لەڕادەبەدەر زیادەی لە دەرەنجامی لافاوەکە پەیدا بوو، وای دەکرد کە کەشوهەوای زەوی بەتەواوی بگۆڕێت. بۆ ئەوەی ئەو جۆرە لافاوەش بشێ ڕوو بدات، وەک پێشتر گوتمان پێویستە چینێکی گەلەک فرەوان و مەزن هەڵمی هەوا هەبێ، بوونی ئەمە گەرمییەکی بەردەوامی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەوێت بۆ بەهەڵمکردنی ئاوی زەوی، ئەم گەرمییەش هەرگیز لە مێژوودا نەناسراوە، چونکە دەبووە هۆی توانەوەی سەهۆڵی جەوسەری زەوی، ئەم شتەش لە زانستدا نەسلمێندراوە کە لە هیچ ڕۆژگارێکدا ڕووی دابێت.
زانستی بواری چینگەلەکانی هەوا و کەشناسیش پێمان دەڵێن، ستوونێکی هەوا لەسەر مەترێکی چوارگۆشە لە زەوی، نێزیکەی ١٦ کیلۆگرام هەڵمی ئاو لەخۆ دەگرێت، لە هیچ بارودۆخێکدا ناکرێ پتر بێت لە ٢٥ کگم. لێرەدا با بزانین ستوونێکی ٢٥ کگم هەڵم، چینێکی ئاویی بە ئەستووری چەند لەسەر زەوی دروست دەکات، کاتێک وەک باران بێتە خوارەوە؟ کەواتە ٢٥ کگم، یان ٢٥٠٠٠ گرام ئاو، قەبارەیەکی ٢٥٠٠٠ سم٣ (سانتیمەتر سێجا) دەگرێت لە سەر زەوی. ئەو قەبارەیە ڕووبەری بنکەکەی یەک مەتر دووجایە، واتە ١٠٠سم جاران ١٠٠سم دەکاتە ١٠هەزار سم٢، ئێستەش بە دابەشکردنی قەبارە لەسەر ڕووبەری بنکە، واتە ٢٥هەزار دابەش ١٠هەزار یەکسانە بە ٢،٥سم. بەمەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەرچییەک ڕووی دابێت و ئەو لافاوە چەندە درێژەی کێشابێ، ناتوانێت لە دوو سانتیمەتر و نیو پتر ئاستی ئاو بەرز بکاتەوە، چونکە ئاو و هەڵمی لەمە زیاتر نە هەبووە نە دەشبێ هەبووبێ، ئەمە بەو مەرجەی زەوی هیچ ئاوێکیشی نەمژی بێت. ئەم ژمێرەیەی کە کردمان بۆ بەرزبوونەوەی ئاو بۆ ٢،٥سم، بە بەراورد لەگەل ئەوەی لافاوەکە تا ئاستی ئیڤەرستی ٩ کیلۆمەتری، ١ بۆ ٣٦٠ هەزار جارە! کەواتە ئەوەی ڕووی داوە هیچ لافاو نەبووە، بگرە باران بارینێکی زۆر ئاسایی بووە، لەبەرئەوەی بارانێکی ٤٠ ڕۆژە، تەنیا دەتوانێت بگاتە بەرزی ٢٥ میلیمەتر، ئەمەش دەکاتە کەمتر لە نیو ملیمەتر لە ڕۆژێک، نەک پتر لە ٢٠٠ مەتر لە ڕۆژێکدا بەگوێرەی چیرۆکەکە. لە ڕاستیدا ئەوانەی ئەو سەردەمە کۆنانە وایان دەزانی، زەوی ڕووبەرێکی تەختی بچووکە و لە هەموو لایەکەوە بە ئاسمان دەور دراوە، هیچ زانیارییەکیشیان دەربارەی هەواو چینەکانی نەبوو، بە بۆچوونی ئەوان باران لە ئاسمانی دەرەوەی زەوییەوە دێ، بۆیە دەکرێ بێسنوور ئاوی لێوە بێت. بەڵام ئەمڕۆکە کێ هەیە باوەڕی بەوە هەبێت، بارانی چل ڕۆژی بتوانێت هەسارەی زەوی نقووم بکات، لە کاتێدا زانراوە کە ڕووبەری ڕووی زەوی نێزیکەی ٥١٠ ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە!
لە لایەکی دییەوە، دەبووایە لافاوێکی مەزنی بەم شێوەیە نیشتەیەکی وا بەجێ بهێڵێت کە زاناکان بەئاسانی بتوانن، مێژووی ئەو لافاوە دیار بکەن، لەڕێی ئەو هەڵکۆڵدراوانەی کە پڕن لە تێکەڵەیەک لە ئێسکەپەیکەری مرۆڤ و ئاژەڵەکان. بەڵام زانستی چینەکانی زەوی بە هەموو شێوەیەک گریمانەی لەناوچوونی پێکەوەی هەموو زیندەوەرەکانی سەر زەوی لە مێژووەکی دیارکراودا بەلاوە دەنیت. مێژووی دێرینی زیندەوەران چەندان بنەبڕی بەکۆمەلێ بەخۆوە بینیووە لە چاخ و سەردەمە جیاجیاکان، بەڵام هیچ کامەیان لەناوچوونی سەرلەبەری زیندەوەرەکان نەبووە. گەورەترینیان ئەوە بوو لە کۆتاییەکانی چاخی پێرمی (پێش ٢٩٩ - ٢٥١ ملیۆن ساڵ) ڕووی داوە کە بە (مەرگی مەزن) دەناسرێت، بووە‌ هۆی نە‌مانی پتر لە‌ ٩٠%ی گشت زیندە‌وە‌رە‌ ئاویییە‌کان و ٧٠%ی سە‌ر وشکانییە‌کان، بە‌ تاکە‌ بنە‌بڕی دادە‌نرێ کە مێرووە‌کانیشی گرتە‌وە‌ (نێزیکە‌ی ٣٥%). ئەوەی دواجاریش کە بە بنە‌بڕی دایناسۆرە‌کان دەناسرێت، لە چاخی کریتاسی (گە‌چین) بووە بەرلە نێزیکەی ٦٥ ملیۆن ساڵ، ئە‌مە‌شیان یە‌کێکە‌ لە‌ بنە‌بڕییە‌ گەورەکانی مێژوو، لەبەرئەوەی لە‌ نیوە‌ی زیاتری (نێزیکە‌ی ٦٠%) گشت زیندە‌وە‌ران لە‌ناو چوون، سە‌رباری دیناسۆرە‌کان، خشۆکەکان، پترۆسۆریاکان (باڵندە‌ مە‌زنە‌کان) و چەندان جۆرە‌ ڕوە‌ک و ئاژەڵی گرتەوە. هۆکارەکانی ئەو بنەبڕییانە زۆربەیان بە گۆڕانی ژینگەیی درێژخایەن بووە، خۆ ئەگەر بە کارەساتی سروشتیش بووبن، دیسانەوە زاناکان ئەم دوو بنەبڕییە و ئەوانەی دیکە، هەرگیز بە ڕوودانی لافاوێک نابەستنەوە. لە ڕاستیدا ئەم لەناوچوونانە مێژووێکی هێندە کۆنیان هەیە کە بەهیچ شێوەیەک ناکرێ پێوەندییان نەک بە بابەتی لافاوەکە، بگرە بە مرۆڤەوەش هەبێت، چونکە سەرهەڵدانی مرۆڤی هاوچەرخ (هۆمۆ ساپیەن)، بەزێدەڕۆییەوە لە ٣٠٠ هەزار ساڵ تێناپەڕێت.
جگە لە زیندەوەرانیش، ئەگەر ئەو چیرۆکە ڕاست بووبێ، ئەوا دەمان توانی پاشماوەی گەلەک شار و شارستانییەتی ئەو دەمەی کە لە ئەنجامی لافاوەکە لەناو چوون بدۆزینەوە. کەچی بەگوێرەی شوێنەوارزانیش ناشێ ئەم لافاوە ڕووی دابێ، لەبەر مانەوەی شوێنەواری (چەتاڵ هویوک) لە تورکیا کە بۆ پتر لە ٧ هەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە، هەروەها شوێنەواری (تەلیلات غەسول)ی نێزیک دەریای مردوو، ئەویش پێش ٥ هەزار ساڵ پێش زاین خەڵکی لێ ژیاوە و ژمارەیەک خانوو بە خشتی قوڕین لەخۆ دەگرێت، ئەگەر لافاوەکە ڕاست بووایە، ئەم شوێنانە وەک خۆیان نەدەمانەوە.
دوای هەموو ئەوانە پێمان باشە لێرەدا کورتەیەک لە وتارێکی گەلەک بەهادار و گرینگی نووسەر و پسپۆڕی شارەزا لە زەویناسی لۆرێنس کۆلینز (Dr. Lorence G. Collins) بخەینە بەردەست، ئەوەی بابەتی ئەم لافاوەی بە چەندان خاڵ و بە بەڵگەی زۆر بەهێز بەهەڵە خستۆتەوە. پێویستە لە سەرەتاوە بڵێین، هەرچەندە ئەم وتارە پتر بۆ ئەوانەیە کە تا ڕادەیەک شارەزاییان هەیە لە بواری زەویناسی، هەروەها زۆربەی خاڵەکان ئاماژەن بە ناوچەیەکی تایبەتی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەلام لەبەرئەوەی لافاوەکە گوایە هەموو جیهانی گرتۆتەوە، بۆیە دەکرێ وەک کۆمەڵە بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوە بەکار بهێندرێت بۆ وەلانانی ئەم چیرۆکە ئەفسانەییە.


چەند بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کە لافاوەکەی نوح هەرگیز ڕووی نەداوە

دەبینین لایەنگرانی لافاوەکە لە ئایندارانی سێ ئاینە ئاسمانییەکە، یان ئەوانەی باوەڕیان بە دروستکردنە لەلایەن خواکانیانەوە (creationism)، بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن، کۆمەڵە بەڵگەیەکی هەڵە و نازانستی لە زەویناسی و زیندەوەرزانی بەکار بهێنن، بۆ دانپیانان بەم چیرۆکە ئاینییە. ئاینداران دەڵێن گوایە، بەردە نیشتووەکانی چاخی پاڵیۆزی (Paleozoic) لە دۆڵی مەزن (Grand Canyon) لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها نیشتووەکانی سەردەمی ناوەڕاست لە باکووری ئەو دۆڵە، لە کاتی لافاوە گەورەکەی (لافاوی نوح) پێش نێزیکەی ٤٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر، پێک هاتوون و شێوەیان وەرگرتووە.
لەبەرئەوەی ئەمانە بەرگێکی زانستییان بە بۆچوونەکانیان بەخشیووە، بۆیە ئێمەش هەوڵ دەدەین بە چەند بەڵگەیەکەی زانستی ڕاستەقینە بسەلمێنین کە ئەم لافاوە ئاینییە هەرگیز ڕێی تێ ناچێت ڕووی دابێت:-
- ئەو لێوارە تیژانە نەدەبوون ئەگەر ئەو لافاوە بوونی هەبووایە
داخورانی نیشتەنییەکانی دۆڵە مەزنەکە، ئەوانەی شێوەی پلیکانەیان وەرگرتووە لەگەڵ ئەو زیخ و چەو و کلسانەی لێوار نەرم و ئاسانن بۆ هەڵوەرین، ناکرێ بە ماوەیەک کەمتر لە ساڵێک بێنە چێبوون. بەو واتەیە ئەگەر بە کەمێک پاش لافاوەکە دروست بووبن، ئەوا ماوەیەکی زۆری دەویست تا وشک و ڕەق ببن، بەمەش شێدار دەبوون و نەدەبوونە هۆی پێکهێنانی ئەو لێوار و گۆشە تیژانە.
- نیشتووی خوێ هێندە ئەستورە کە نابێ بە ٤٠ ڕۆژان کۆبووبێتەوە
خۆی و گەچی نیشتوو لە ناوچەیەکی یوتای ئەمریکایی ئەستوری چینەکەی پترە لە ٦٠ مەتر، شێوەکەشی گەلەک سەیروسەمەرەیە کە هەرچەندە هاوتەمەنی کۆمەڵە بەردێکە لە گراند کانیۆن بەناوی (سوپای)، کەچی ئاینداران دەڵێن، بە هۆکاری لافاوەکە دروست بووە. هاوشێوەی ئەمانە نیشتەنییەکانی خوێ کە ئەستورییەکانیان دەگاتە نێزیکەی هەزار مەتر، لە سەرلەبەری چینەکانی زەوی و لە هەموو لایەنەکانی جیهان و لە گشت چاخەکاندا دەبیندرێن. ئەمانەش تەنیا دەرەنجامی بەهەڵمبوونی دەریاکانە و نابێ بەهۆی بەهەڵمبوونی ٤٠ ڕۆژەی باران بارینی ڕۆژانی لافاوەکە بن.
- دۆخی بیاباناوی گشتی لە ماوەی ڕوودانی لافاوەکە
گردە لمییە یەکجار زل و گەورەکانی چاخی ناوەراست کە لە پارکی زایۆنی نیشتمانیدا هەن، بەڵگەن بۆ بیابانبوون و بوونیان لە سەردەمی لافاوەکە لەو ناوچەیەدا.
- درزە قوڕینییەکان نابێ بە هۆی لافاوەوە پێک هاتبن
بوونی درزە قوڕینییەکانی پڕ لە هەڵکۆڵدراو لە تاپێتی کامبری (Cambrian Tapeats)، بەرزەکێکە لمی ئەستور و زبری کە بەرزی بەردە بەلوورییەکان دروستی دەکەن، بۆ پێش چاخی کامبری دەگەڕێتەوە و بەڵگەیە بۆ کەشێکی وشک لە دەمی لافاوەکەدا. ئەو درزانە دەشێ لە قوڕی ژێر ئاوێکی پەستێنراوی بەهێزدا بۆ ماوەیەکی درێژ بێنە بەرهەم، هەرگیز لە لافاوێکی خێرای چەند ڕۆژیدا پێک نایەن.
- شوێنەواری دڵۆپەکانی ئاو لە زۆر شوێنی جیهان و لە سەردەمی جیاجیاشدا هەن
لە هەموو لایەکی جیهاندا شوێنەوەرای دڵۆپەکانی ئاو لەناو قوڕی بەبەردبوو جێگیربوونە و پارێزراون، ئەمەش دژایەتی پەیدا دەکات لەگەڵ بوونی لافاوەکە، چونکە ناکرێ ئەمانە لەژێر ئاوی لافاودا بمێننەوە و لەناونەچن.
- قەوزەکان گەلەک لەمێژە بوونیان هەیە و نەیان دەتوانی بژین لە قوڵایی ئاوی دەریای پاش لافاوەکە
چینی گەچی هەندێ شوێن ئەستورییەکەی لە ١٠٠ مەتر پترە و دەرنجامی جۆرە قەوزەیەکە پێی دەگوترێت کۆکۆلیس (coccolith). ئەم چینە گەچییە گوایە بەهۆی لافاوەکەوە دروست بووە، بەڵام ئاشکرایە کە کۆکۆلیس پێویستی بەوە هەیە سەرئاو بێت، تا بتوانێت بە تیشکی خۆر لەڕێی کلۆرۆفیلەوە خۆراکی دابین بکات، بۆیە ناشێ لە قوڵایی سەد مەتر ژیابێ لە کاتی لافاوەکەدا.
- زیندەوەرە یەکخانەییەکان دوای مردنیان لە قوڵایی دەریاکان دەنیشن، بەڵام لەو شوێنانەدا بوونیان نییە کە چاوەڕێ دەکرێ هەبن
زیندەوەرە یەکخانەییەکانی ناسراو بە ڕادیۆلاریا، چینێکی ١٤٠٠ مەترییان پێک هێناوە لە قوڵایی زەریای هێمن، ئەمانە کۆمەڵە زیندەوەرێکی بچووکن کە توێکێکیان هەیە لە سیلکا و لەڕێی خۆرە وزە وەردەگرن بۆ خۆراکیان، بۆیە دەبێ لە نێزیک ڕووی ئاو بمێننەوە. ڕێژەی نیشتنی ڕادیۆلاریای مردوو بۆ قوولایی، یەکجار هێواشە بۆ دروستکردنی ئەو چینە ١٤٠٠ مەترییەی پاش نێزیکەی ٤٥٠٠ ساڵ لە لافاوەکە. ئێمە ئەو چینانە لە بەردی نیشتەی گراند کانیۆنی هاوتەمەندا نابینین، هەرچەندە بوونیان لە شوێنی دیکە جیهان زۆرە. ئاوی لافاوەکەی نوح هەرگیز نەی دەتوانی، ئەو هەموو جۆرە لە یەکخانەییەکان لەو گشت چینانەی زەوی دابەش بکات.
- بۆچی تۆزەگوڵەکان تێکەڵ بەیەک نەبوون و بڵاونەبوونە بەهۆی لافاوەکە، تا بگەنە ناوچەکانی دۆڵی مەزن؟
هیچ یەکە لە نیشتە بەردینییەکانی ئەم دۆڵە، هەڵکۆڵدراوی تۆزەگوڵی گژوگیا و دارە گوڵدارەکان و هی دیکەی تێدا نەپارێزراوە، کەچی لەناویاندا تۆزەگوڵی قەوزەکان و کەڕوەکان و ڕوەکە سەرخەسییەکان هەن. لافاوێک هەموو جیهان داپۆشێت، چۆن ئەم شتگەلە بچووکانەی کە لە هەمان سەردەمدا هەبوون تێکەڵ بەیەک نەکردووە، بەچی جووڵەی خێرای ئاوێکی هێندە زۆر، ئەوانەی جیاکردەوە لەیەکدی؟
- لالەی دەریا نابێ لە دەرنجامی لافاوەکەوە بوونی هەبێت لە گراند کانیۆندا
چینە جیاجیاکانی بەردە سورەکەی ئەو ناوچەیە، بە ملیاران لالەی دەریای تێدایە کە دەکرا بە هەموو جیهاندا بڵاو ببێتەوە، ئەگەر لە کاتی لافاوەکە زیندوو بوونایە، بێگومان بڵاوبوونەوەیان بە ساڵێک بەو شێوەیە ئەستەمە ببێت. هاوکات پێویستی بە بەلوورەکانی کالیسیۆم کاربۆنی هەیە بۆ گەیاندنیان بە گراند کانیۆن، چونکە ئەو بەلوورانە ماوەیەکی یەکجار زۆریان دەوێت بۆ دروستبوونیان (دەیان هەزار ساڵ) لە هەلومەرجێکی گونجاوی کیمیایی، بۆ بەبەرهەمهێنانی ئەو هەموو چینە بەردە بۆ لالەی دەریا.
- کوا هەڵکۆڵدراوی بەردە کلسییە نیشتووەکانی هۆکاری لافاوەکە؟
ئەگەر بەردە کلسییەکان لە ئەنجامی لافاوە مەزنەکەوە نیشتوون، دەبێ کۆمەڵێک لە هەڵکۆڵدراو لەخۆ بگرن کە ئاو لەگەڵ خۆی دەی هێنێت، کەچی ئەمە ڕووی نەداوە. نەک هەر لەم شوێنە دیارکراوە، بگرە لە زۆربەی لایەنە جیاجیاکانی ئەم جیهانە، نیشتەنییە بەردینییەکان هیچ جۆرە هەڵکۆڵدراوێکی ئاژەڵە ئاوییەکانیان تێدا نییە، ئەمەش شتێکی تەواو چاوەڕواننەکراوە، لە کاتێکدا لافاوێکی هێندە گەورە بوونی هەبووبێ.
- خەڵوزی نیشتوو بەڵگەی بوونی لافاوەکە نییە
لایەنگرانی لافاوەکە پێیان وایە، بوونی ئەو ڕێژە زۆرەی خەڵوزی نیشتوو لە جیهان بەهۆی لافاوەکەوەیە، کەچی بەپێچەوانەوە نیشتنی خەڵوز بەڵگەیە بۆ ڕوونەدانی ئەو لافاوە. چونکە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان پێش لافاوەکە و بوونی ئەو هەموو خەڵوزە، هەرگیز ناشێت کەوتنەوەی ئاگرەکە و کوژانەوەی تەنیا بۆ ئەو ٤٠ ڕۆژە بگەڕێتەوە.
- نیشتەی بەردەنی لێوارەکانی ڕووباری کۆلۆڕادۆ زۆر کۆنترە لە مێژووی لافاوەکە
لێوارەکانی زێی کۆلۆڕادۆ، تەمەنەکەی بە دوو شێوازی تەواو لێک جیا پێوانە کراوە، یەکێکیان تا ئاستی ٣٥٠ هەزار ساڵ دەکشێت، ئەوەی دووەمیانیش یەکجار کەمی بۆ دادەنێت کە ٣٨ هەزار ساڵە، بەڵام ئێمە ئەگەر تەمەنە کورتەکەش وەربگرین، دیسانەوە گەلەک کۆنترە لەوەی ئاینداران بۆ سەردەمی لافاوەکەی دادەنێن. بواری دیکەی زانستیش دەڵێت، ئەو شیوەی ڕووباری کۆلۆرادۆ بە ڕێژەیەکی ٨٠ تا ٤٥٨ مەتر لە هەر ملیۆن ساڵێک نەخشێندراوە، خێراییەکەشی دەوستێتە سەر جیاوازی ناوچەکانی شیوەکە بەگوێرەی خێرایی ئاوەکە، ئەمەش بەتەواوی ڕۆڵی لافاوەکە لە دروستکردنیدا بەدوور دەخاتەوە.
- بەردی گرانیت ماوەیەکی گەلەک زیاتر لە تەمەنی لافاوەکەی دەوێ تا وشک ببێتەوە
تۆژینەوەکان دەیسەلمێنن کە کریستاڵە زبرەکانی ناو گرانیتەکانی گراند کانیۆن، لە توێکی زەوی لە قووڵاییەکی پتر لە ٨ کیلۆمەتر چێ دەبن، لە گەرمییەکیش کە دەگاتە ٨٠٠ پلەی سەدی بەردەکان شل دەبنەوە، بۆ ئەوەش بەتەواوی سارد ببنەوە بۆ پێکهێنانی ئەو کریستاڵانە، پێویستان بە ٥ ملیۆن ساڵە. ئەمەش تەمەنێکی یەکجار درێژتریان پێدەدات کە زۆر زیاتر بێت لە تەمەنی لافاوەکە و هەتا تەمەنی زەویش کە لای ئاینداران لە ٦ هەزار ساڵ تێناپەڕێت! بەهەمان شێوە ڕێژەی داخورانی گرانیتی خودی ئەو دوو ناوچەیەی گراند کانیۆن و ڕووباری کۆلۆڕادۆ پێوراوە، دەکاتە بەشێک لە هەزار بەش بۆ هەر ئینجێک (٢.٥٤سم)، ئەمەشیان مانای ئەوەیە کە دروستبوونیان ملیۆنان ساڵی گەرەک بووە، نەک لافاوێکی ٤٠ ڕۆژی.
- ئەگەر لافاوەکە ڕاست بووایە، دەبووایە هەڵکۆڵدراوی زیندەوەرە دەریاییەکان گەلەک پتر بن
رێژەی ئەستووری بەردە نیشتووەکان خۆی دەدات لە ١٨٠٠ مەتر، ئەگەر تەنیا ٪١ی ئەو چینە پاشماوەی زیندەوەرە دەریاییەکانی تێدابێ کە لە کاتی لافاوەکە ژیاون، ئەو دەمە زیندەوەرە ئاوییەکان گۆی زەوییان دادەپۆشی تا ئاستی ١٨ مەتر، وەک گوێچکەماسی و ئیسفەنج و قەوزەی باسکراو. لەبەر زۆری ژمارەیان لە ماوەی لافاوەکە دەشێ ٪١ ڕێژەیەکی لۆژیکی بێت، کەواتە ڕێژەی ٪٠،١ ئەو واتەیەمان پێ دەبەخشێت کە ئەو ئاژەڵانە لە جیهاندا بڵاوبوونە و تۆپەڵ بوونە بەسەریەکەوە تا ڕادەی دوو مەتریش، ژمارەیە یەکجار زۆرەکەی کۆکۆلیس وڕادیۆلاریا و لالەی دەریاکان بەڵەگەن بۆ ئەم ڕاستییە. لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە، ئەگەر تەنیا هەڵکۆڵدراوی ١ زیندەوەر لە هەر ١٠ هەزار زیندەوەر کە لە سەردەمی لافاوەکە ژیابێ، ئەوەمان پێ دەڵێت کە نوح لە نێوان گەلەک زیندەوەرانی چاخە کۆنەکان ژیانی بەسەر بردووە، بەتایبەتیش هەزاران دایناسۆر، ئەمەش هەرگیز ڕێی تێناچێت و تەنیا ئەو کاتە ڕاستە، ئەگەر نوح پێش هەزاران ساڵ بەرلە لافاوەکەی ژیا بێت.
- چەندان جۆر بەتەواوی لەناو دەچوون ئەگەر لافاوێکی وا ڕووی بدایە، بۆ نموونە دار زەیتون
بەو ئەزموونەی چارلز مونڕۆی سێیەم ئەنجامی دا، دەرکەوت کە دار زەیتون دەمرێت کاتێک پتر لە سێ مانگ زیاتر لەژێر ئاودا بمێنێتەوە، ئەمەش لەگەڵ کاتە شەش مانگییەکەی لافاوەکە ناگونجێت. ئەی کۆترەکەی دوای لافاوەکە ئەو چڵە زەیتوونەی لە کوێ هێنا؟
- خودی کەشتییەکەش نەی دەتوانێ خۆی بگرێت بەرانبەر بەو شەپۆلە مەزنەی کە گوایە هۆکاری جووڵانی گردە لمییەکان بووە
دەشێ شەپۆلی بەهێزی لافاوەکە بتوانێت بەربەستی لمیی لێوار دەریا بۆ ١٠٠ مەتر بجووڵێنێت، بەڵام هەرگیز پێی ناکرێ بۆ هەزاران کیلۆمەتری ناو قوڵایی ئەمریکای ببات، واتە هیچ بەڵگەیەک نییە، بەوەی لافاو هۆکاری پێکهاتنی بەلوورە کلسییەکان و هەڵکۆڵدراوی بەردەکانی (Redwall) بێت. ئەگەر لافاوەکە هێندە بەهێز بووە، کەشتییەکە خۆی چۆن بەرگەی ئەو باوبارانە و شەپۆلە زل و بەرزانە گرت و تێک نەشکا؟
- ڕیزبوونی چەندان جۆر لە بەردی جیاجیا بەسەر یەکەوە دەرەنجامی هیچ لافاوێک نییە، بگرە پێویستی بە بوومەلەرزەیەکی توندە کە نە لە زانست و نە لەکتێبە ئاینییەکاندا هەیە
ئەو گوتەیەی دەڵێت، لافاو تاکە ڕاڤەیە بۆ داڕووتانەوەی ڕووی بەشی ژێرەوەی تاپێیتسی لمیی (Cambrian Tapeats)، لە ڕاستییەوە دوورە. لافاوێک هۆکاری شەپۆلێکی تسونامی هێندە بەرزبێ کە ببێتە هۆکار بۆ داڕووتانەوەی بەردەکانی جیهان، تەنیا لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەکی مەزن، یان گڕکانێکی زۆر بەهێزی بنەبانی زەریا دێتە کایەوە، ئەمەش نە لە زانست نە لە ئایندەکاندا ئاماژەی پێکراوە.
- ئەو بەردانەی کەگوایە لە کاتی لافاوەکە نیشتوون ماوەیەکی گەلەک درێژتریان لە ساڵێک دەوێت
ئەگەر ئەو باردانەی لە گراند کانیۆندا نیشتوون دەرەنجامی لافاوەکە بووبن کە هەمووی جیهانی گرتۆتەوە، دەبووایە بە ماوەی کەمتر لە ساڵێک لەژێر ئاو نیشتبن و ئەو شێوەیەیان وەرگرتبێ، بۆ ئەوەی نیشتنێکی بەردەوام و بەبێ پچڕانەوە نیشان بدەن. بەڵام لەڕاستیدا ئاوا نییە، بە نموونە بەردەکانی دیوارە سوورە کلسییەکان، بە شێوازێکن کە پڕن لە چاڵایی و کەندڕ و ئەشکەوت، ئەوانەی بەهۆی دڵۆپەی ئاوی باران دروست دەبن. کەناڵە ئاوییەکانی لە بەردی (Butte Formation)دا هەیە، دەگاتە قوڵایی نێزیکەی ٣٠ مەتر، لەبەرزترین چینی بەردە کلسییەکان (Muav limestone) و کەناڵەکانی نەخشێندراوی شیوی سوپرایز (Surprise Canyon) کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی دیواری سوور، ئەوەی درێژ دەبێتەوە بۆ دووری ٨٠٠ مەتر و قوڵایی ١٢٠ مەتر. ئەو هەموو جۆرە بەردانە دووچاری داڕووتانەوە بوونە بەهۆی ڕووبارەکان، شێوەگرتنیشیان پێویستی بە ماوەیەکی گەلەک درێژترە لە ساڵێک.
........................
ئەمەی سەرەوە بەشی دووەمی بابەتێکی دیکەیە لە نووسینێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی)
دارا سلێمان

سەرچاوەکان؛


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە