شه‌ڕى ئامۆزاكان و برسى كردنى خه‌ڵك

Saturday, 06.13.2020, 22:56

4692 بینراوە


هه‌ر به‌ڕاستى ئه‌وه‌ شه‌ڕى ئامۆزكانه‌ به‌رۆكى خه‌ڵكى ئه‌م وڵاته‌ى گرتوه‌ ، تۆ سه‌یرى میدیاو لایه‌نگرو زمانحاڵه‌كانیان كه‌ چۆن یه‌كتر شڵپ و شۆ ده‌كه‌ن و چۆن چۆنى یه‌كتر ده‌شكێننه‌وه‌ ، ئاخرئه‌وانى سه‌ر به‌ ئه‌وى ئێستا ده‌ڵێن ئه‌وه‌  كه‌ڵه‌كه‌ بووى 29 ساڵ گه‌نده‌ڵى و نادادى و سته‌مه‌و 27 ملیار قه‌رزه‌كه‌ش میراتى ئه‌وى پێشووه‌ ، كاكى شیك پۆشى پێشووش خۆى نا هاله‌كه‌ى ده‌ڵێن سه‌یركه‌ ئه‌م پیاوه‌ چۆن هبچى به‌ هیچه‌وه‌ نه‌هێشت و ناتوانێ هیچ بكات ، ته‌نانه‌ت داواى ته‌سلیم بوون و هه‌ڵكردنى ئاڵاى سپى لێده‌كه‌ن ، من دڵنیام ئه‌مه‌ شه‌ڕى ئامۆزاكانه‌و بازاڕى خۆیانى پێگه‌رم ده‌كه‌ن  ، ته‌نانه‌ت مه‌سعود بارزانیش كه‌ باوكى ئه‌مى ئێستاو مامى ئه‌وى پێشووه‌ ناتوانێ  هیچ هه‌نگاوێك بنێت بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و شه‌ڕه‌ى ده‌یان ساڵه‌ هه‌یه‌و ئێستا له‌ هه‌ر كات زه‌قتره‌و میله‌ت  به‌گشتى و كادیرو لایه‌نگرو هه‌وادارى پارتیشى به‌ تایبه‌تى تیا ده‌سوتێ .
شه‌ڕى ئامۆزاكانه‌ له‌ سه‌ر حسابى خه‌ڵكه‌ به‌گشتى ، به‌ڵام ئه‌ى سه‌رانى یه‌كێتى و گۆڕان و لایه‌نه‌كانى تر له‌ گوێى چیدا نووستوون ، گه‌لۆ ناكرێت هه‌موو خه‌ڵك سه‌یرى ئه‌و شه‌ڕه‌ بكات و كه‌سیش هیچ چاره‌سه‌رێكى ترى پێنه‌بێت ، ئه‌وانه‌ى رۆژانه‌ مژده‌و نوقڵانه‌ى خۆش و مزگێنى ده‌ده‌ن به‌ خه‌ڵك ، ئه‌وانه‌ى باسى لامه‌ركه‌زى ئیدارى و دارایى ده‌كه‌ن ، ئه‌وانه‌ى له‌ به‌رنامه‌كانى هه‌ڵبژاردنا باسى چاكسازى و چاره‌سه‌رى گرفته‌كان و ته‌نانه‌ت موچه‌ى كابانى ماڵیشیان ده‌كرد ، ده‌سته‌ پاچه‌ن و له‌ سه‌یر كه‌رێك زیاتر هیچى تر نین ، ئه‌مانه‌ دوو ئامۆزایان كردووه‌ به‌ دوو یه‌كه‌مى سه‌رى سه‌ره‌وه‌ى وڵات و خۆیشیان زه‌ق زه‌ق سه‌یر ده‌كه‌ن و خوا خوایانه‌ ئامۆزاكان سڵاوێكیان لێبكه‌ن .
ئێمه‌ با خۆمان فریو نه‌ده‌ین بێده‌نگى ئه‌مانى تره‌ ، ئه‌وانى به‌و جۆره‌ ده‌ست ئاوه‌ڵاكردووه‌ ، بێده‌نگى ئه‌مانه‌ خه‌ریكه‌ توڕه‌یى میله‌ت ده‌گه‌یه‌نێته‌ چڵه‌ پۆپه‌، ناكرێت تۆ لێره‌ دابنیشیت و لات وابێت ده‌سه‌ڵات به‌ قسه‌ى رووت چاك ده‌بێت ، ده‌سه‌ڵات له‌ ناوخۆیدا له‌ زۆرانێكى سه‌ختایه‌و هیچ تروسكه‌یه‌ك نیه‌ بۆ چاك بوون ، خه‌ڵكیش ده‌بێت واز له‌ داواى چوار سه‌ت ملیار دیناره‌كه‌ بێنێت و داواى ئه‌و هه‌موو ملیاره‌ دۆلاره‌ بكات كه‌ ده‌یان ساڵه‌ نه‌هه‌نگ و عه‌زیاكان ده‌یخۆن .