ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

خه‌متان نه‌بێت سه‌رۆك بۆمان پاشه‌كه‌وت ده‌كات

Saturday, 06.13.2020, 23:08

2621 بینراوە


بیرۆكه‌ى كۆكردنه‌وه‌و پاشه‌كه‌وتى پاره‌ له‌ لایه‌ن سه‌ركرده‌كانى باشورى كوردستانه‌وه‌  مێژویه‌كى كۆنى هه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاشبه‌تاڵى  ساڵى 1975 ئه‌وه‌ش  ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سه‌ركرده‌كانى كورد هه‌میشه‌ له‌ خه‌مى ئایننده‌ دابون . بۆیه‌ له‌وپه‌ڕى  شكست و نه‌هامه‌تیدا  بێ هیوا نه‌بون و هه‌میشه‌ مشورى دواڕۆژیان خواردوه‌ . سه‌رنجى ئه‌م نمونانه‌ى خواره‌وه‌ بده‌ن و ڕاستییه‌كانتان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت :  
1-  دكتۆر مه‌حمود عوسمان له‌ شۆڕشى ئایلولدا   كه‌سێكى زۆر  نزێكى مه‌لا مسته‌فا بوه‌. له‌ یاده‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌ڵێت : كه‌ ئاشبه‌تاڵ كرا ، شۆڕش خاوه‌نى  48 ملیۆن دینار بوه‌ ، كه‌ ئه‌و كات ده‌یكرده‌  144 ملیۆن دۆلار و به‌ پاره‌ى فرۆشگاكانى شۆڕشه‌وه‌و ئاودیو كردنى هه‌ندى ئالیاتى وه‌كو شۆفڵ و بیلدۆزه‌ر و شتى تریش   خۆى له‌  نزیكه‌ى 150 ملیۆن دۆلار  ده‌دا .
  له‌ درێژه‌ى قسه‌مانیدا ده‌ڵێت : مه‌لا مسته‌فا ئاودیوى كرد بۆ ئێران و دوایی بۆ ئه‌ورپا . سه‌یركه‌ن به‌ جۆرێك  پاشه‌كه‌وتى كردوه‌ ، تا ئێستا جگه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ى خۆیان كه‌سى تر نازانێت  ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ كوێێه‌ . ئه‌وه‌ش نیشانه‌ى كار قایمى و  نه‌هێنى پاراستن و مشوور خۆرییه‌ . 
2- ساڵى 1989 دواى ئه‌نفال ماڵم له‌ شارى سه‌قز دانا . ئه‌و كات به‌رپرسى ئیداره‌ى مه‌كته‌بى سیاسى بوم كه‌ باره‌گاكه‌ى له‌ چه‌مى قاسمه‌ڕه‌ش بوو . ڕۆژێكیان كه‌ له‌ سه‌قزبوم كه‌سێك هاته‌ لام و پێی وتم كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ى یه‌كێتى له‌و چایخانه‌یه‌  هه‌ر جنێو به‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌ده‌ن . پێی وتم بۆچى ناچى  گوێیان بۆ بگرێت بزانى چییان ده‌وێت .
دواى قسه‌كه‌ى  یه‌كسه‌ر ده‌ستیم گرت و یه‌ك ڕاست چومه‌ چایخانه‌كه‌ . دواى سه‌لام و چاك و چۆنى پرسیارم لێكردن بۆچى ئاوا توڕه‌ن ؟. یه‌كێكیان وتى چۆن توڕه‌ نابین  مانگى 3 هه‌زار تمه‌نمان پی َده‌ده‌ن  و به‌شى هیچمان ناكات. پێم وتن ئه‌گه‌ر دڵتان عاجز نابێت  ماگى داهاتو كه‌متریش ده‌بێته‌وه‌ چونكه‌ پاره‌ نییه‌ . هه‌ر له‌ ڕاستیشدا پاره‌ نه‌بوو چونكه‌ خۆم ئاگادار بوم .
سه‌یرم كرد كه‌سێك له‌ سوچێكى چایخانه‌كه‌ دانیشتوه‌و قسه‌ ناكات . وتم كاكه‌ بۆ نایه‌یته‌ پێشه‌وه‌و تۆش قسه‌یه‌ك بكه‌ى . وتیان وازى لێ بێنه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ى پارتییه‌ . به‌ فرسه‌تم زانى پرسیارم لێكرد ئێوه‌ موچه‌تان هه‌یه‌؟ . وتى به‌ڵى هه‌مانه‌ . وتم هه‌موو مانگێك وه‌رى ده‌گرن ؟. وتى نه‌خه‌یر وه‌رى ناگرین سه‌رۆك بۆمان كۆده‌كاته‌وه‌ . 
3- ساڵى 1987 پێشمه‌رگه‌كانى یه‌كێتى دوو كارمه‌ندى ئیتالییان له‌سه‌ر ڕێگاى قادر كه‌ره‌م  گرتبو كه‌ له‌ كۆمپانیایه‌ك كاریان ده‌كرد . دوایی له‌گه‌ڵ  كۆمپانیاكه‌یان ڕێكه‌وتن كراو ئازاد كران  له‌ به‌رامبه‌ر دوو ملیۆن دۆلاردا . 
هه‌ر له‌وساڵه‌شدا كه‌سێكى ترى بیانى  له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌كانى مه‌ڵه‌به‌نى سێوه‌ گیرابوو ، به‌رامه‌به‌ر ئازادكردنى ئه‌ویش بڕێك پاره‌ وه‌رگیرابوو ، به‌ڵام  نازانم چه‌ند بوو .
 له‌ كۆنگره‌ى یه‌كى یه‌كێتیدا مام ڕوسته‌م پرسیار له‌ مامجه‌لال ده‌كات  كه‌ پاره‌كه‌ چى لێكراوه‌ ؟ مامجه‌لال له‌ برى ئه‌وه‌ى چۆنیه‌تى خه‌رج كردنى ئه‌وپاره‌یه‌ بۆ ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ڕون بكاته‌وه‌ ،  خۆى توڕه‌ده‌كات و ده‌ڵێت :خۆ نه‌مان دزیوه‌ ..باسه‌كه‌ لێره‌دا كۆتایی دێت .  له‌و پاره‌یه‌ میقدارێكى كه‌مى دێننه‌وه‌ بۆ كوردستان ، به‌ڵام لانى كه‌م 2 ملیۆنى چاوى به‌ كوردستان  نه‌كه‌وێته‌وه‌و دوایی زانیمان  بۆمان پاشه‌كه‌وت كراوه‌ . 
4- مامجه‌ل و مه‌سعود بارزانى داواى چاوپێكوتن له‌ گه‌ڵ پۆڵ بریمه‌ر  ده‌كه‌ن. سه‌ره‌تا پۆڵ بریمه‌ر ترساوه‌ واى زانیوه‌ داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركوك ده‌كه‌ن ، به‌ڵام دوایی داواى یه‌ك ملیارو نیو پاره‌ى نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراك  ده‌كه‌ن كه‌ دواى ڕوخانى سه‌دام مابوو . ئه‌ویش یه‌كسه‌ر بۆیان ده‌خاته‌ ته‌یاره‌وه‌و به‌ره‌و كوردستان . ئه‌م پاره‌یه‌ش  پاشه‌كه‌وت كرا  له‌ لایه‌ن جوت سه‌رۆكه‌وه‌ . 
5-  ئه‌و كاته‌ى  كه‌ كۆمپانیاكانى ده‌رهێنانى نه‌وت هاتنه‌ هه‌رێمى كوردستان وئێمزا له‌سه‌ر 48 گریبه‌ست كرا ، بڕى 5 ملیار دۆلاریان وه‌كو شیرینى دایه‌ حكومه‌تى هه‌رێم . یه‌ك ملیار به‌ شێوه‌ى كاش بۆ هه‌ندى خزمه‌ت گوزارى . به‌ڵام 4 ملیارى ده‌خرێته‌ بانكێك  له‌ وڵاتى به‌ریتانیاو  به‌ دكتۆر به‌رهه‌م ده‌ڵێن ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌مان بۆ داناوى . 
دوایی هه‌ردوك سه‌رۆك  وه‌كو برا له‌ نێوان خۆیاندا به‌شى ده‌كه‌ن و بڕیارده‌ده‌ن بۆمان كۆبكه‌نه‌وه‌ . دوایی دكتۆر به‌رهه‌م له‌ په‌ڕله‌مان ده‌ڵێت : 4 ملیار دۆلارم ته‌سلیم مه‌كه‌ن ، ته‌نها 4 ملیۆن دۆلارم ته‌سلیم بكه‌ن . دیاره‌ ئه‌مه‌شیان كه‌وته‌ قورگى شێره‌وه‌ . 
6-  دواى ئه‌وه‌ى  حكومه‌تى هه‌رێم بڕیارى  سه‌ربه‌خۆیی ئابورى ده‌دات ،  كه‌ هه‌موو ئابوریه‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ بریتى بوو  له‌ ده‌رهێنان و فرۆشاتنى نه‌وت  و به‌ تاڵان بردنى  پاره‌كه‌ى  ،  كه‌ پاره‌ نه‌ماو هه‌موى دزرا ،حكومه‌ت تواناى پێدانى موچه‌ى نه‌ماو  بڕیارى پاشه‌كه‌وت كردنى موچه‌ى دا . واته‌ به‌ دوو مانگ جارێك موچه‌ى ده‌دا . وه‌كو ئه‌وه‌ى خه‌ڵك گێل بێت و خۆى نه‌زانێت پاره‌ كۆبكاته‌وه‌و پاشه‌كه‌وتى بكات .  
ئه‌م چه‌ند نمونه‌یه‌ى سه‌ره‌وه‌ كورته‌ مێژویه‌كن له‌ دیارده‌ى پاشه‌كه‌وت كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌ركرده‌كان و حكومه‌ته‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت و بۆته‌ به‌شێك له‌ مێژوى میلله‌ته‌كه‌مان .هاوڵاتى ئازیز ئه‌مانه‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌  باسمكردن ته‌نها به‌شێكى زۆ كه‌من له‌ چاو ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ى  له‌ فرۆشتنى نه‌وت به‌ قاچاخ. داهاتى گومرگه‌كان . داهاتى ناوخۆ . یارمه‌تى هاو په‌یمانان .
 داهاتى بازرگانى كردن . داهاتى ئه‌و هه‌موو كۆمپانیا زه‌به‌لاحانه‌ى هه‌ردوو حیزب . داهاتى فرۆشتنى ئه‌و هه‌موو زه‌ویانه‌ى حكومه‌ت  كه‌ ده‌یان فرۆشن  ،  كه‌ به‌ ده‌یان ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت . 
ئه‌گه‌ر له‌ كاتى خۆیدا ته‌نها  5 ملیار دۆلاره‌كه‌ى شیرینى نه‌وت  له‌ سێكته‌رى  ئاو و كاره‌باو و ڕێگاو باندا خه‌رج بكرابا ، تا چه‌ندین ساڵى تریش هه‌رێم كێشه‌ى نه‌ده‌بو.  
ئه‌گه‌ر ته‌نها نێوه‌ى  ئه‌و پارانه‌ى  له‌ لایه‌ن به‌رپرسه‌كانه‌وه‌  دزراوه‌ ، بۆ هه‌رێمى كوردستان خه‌رج بكرایا  له‌ ئێستادا  وه‌كو حكومه‌تێكى به‌هێز ده‌رده‌كوتین له‌ناوچه‌كه‌و ده‌بوینه‌ جێی سه‌رنج و متمانه‌ى  وڵاته‌ زل هێزه‌كان .
 دواجار نه‌ریتى پاره‌كۆكردنه‌وه‌ بوو به‌دیارده‌و گۆڕا بۆ پاشه‌كه‌وت و له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كرا  گوایه‌ بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى دارایی هه‌رێمى كوردستان . به‌ڵام له‌ ڕاستێدا ئه‌وه‌ پاره‌ كۆكردنه‌وه‌ نه‌بوو ، ئه‌وه‌ به‌ ماناى وشه‌ دزى و تاڵانى بوو  . به‌ڵام ئه‌وه‌ى  جێگه‌ى سه‌رنج و تێرامانه‌ ،  ئه‌وه‌ى جێگه‌ى  خه‌م و په‌ژاره‌ى هه‌مومانه‌  ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژێك له‌ رَۆژان  هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك  له‌وپاره‌ پشه‌كه‌وت كراوانه‌ نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ كاتێكدا زرۆریش پێویست بوبێت . كورد په‌ندێكى هه‌یه‌و ده‌ڵێت : ماڵى سپى بۆ ڕۆژى ڕه‌ش .
 ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ باروگوزه‌رانى هاوڵاتیان له‌ ئاستێكى زۆر خرابدایه‌  . گۆڵده‌مائیر  سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسڕائیل ده‌ڵێت : سه‌ركرده‌ ئه‌وه‌یه‌  سواڵ بۆ میلله‌ته‌كه‌ى بكات ، نه‌ك میلله‌ته‌كه‌ى بكاته‌ سواڵ  .به‌ڵام سه‌ركرده‌كانى ئێمه‌ واخه‌ریكه‌  كۆى كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌نه‌ سواڵكه‌ر . 
خوێنه‌رى به‌ڕێز و هاوڵاتیانى ئازیز : ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م كه‌ دیاره‌ده‌ى گه‌نده‌ڵى و دزى و تاڵانى له‌ هه‌موو وڵاتانى دونیادا  هه‌یه‌، به‌ڵام  ڕێكارى یاسایی زۆر توند ده‌گیرێته‌ به‌ر له‌ كاتى ئه‌نجامدانى  و لێپرسنه‌وه‌و سزادان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كارى له‌و جۆره‌ ده‌كه‌ن .  
به‌ڵام كاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركرده‌باڵاكانى ئه‌م میلله‌ته‌  كه‌ ساڵانێكى زۆره‌ خه‌بات ئه‌كه‌ن له‌پێناوى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان . له‌و پێناوه‌دا  خوێنى سه‌دان هه‌زار  هاوڵاتى ڕژاوه‌ . خه‌ڵك ماڵ وێران بوه‌ .
 سه‌رگه‌ردان بووه‌ .  ئێستا كه‌ فرسه‌تێكمان بۆ ڕه‌خساوه‌و توانیومانه‌ جۆرێك له‌ سه‌ربه‌خۆیی و ئازادى به‌ده‌ست بهێنین ، له‌ برى ئه‌وه‌ى  هه‌وڵ بدرێت  ژێرخانى ئابورى هه‌رێمى كوردستان  بنیات بنێین ، ژیانى خه‌ڵك چاك بكه‌ین  دواى كاره‌ساتى ئه‌نفال و كیمیا باران ، جێگه‌ى داخ و په‌ژاره‌یه‌ ، په‌نا ببرێته‌ به‌ر شاردنه‌وه‌ى سامانى هاوڵاتیان .
لێره‌وه‌ پرسارگه‌لێكى زۆرخۆیان قوت ده‌كه‌نه‌وه‌و داواى وه‌ڵام ده‌كه‌ن . كوڕم ده‌وێت خۆى له‌ قه‌ره‌ى وه‌ڵام دانه‌وه‌یان بدات به‌م شێوه‌یه‌ لێت دێنه‌ پێشه‌وه‌ په‌نجا به‌ چاوتا ده‌كه‌ن : 
ئه‌رێ به‌ڕاست سه‌ركرده‌ى كورد ئاوان ؟  سه‌یره‌ تا ئێستا ئێوه‌ سه‌ركرده‌كانى خۆتان نه‌ناسیوه‌ ؟  ئه‌گه‌ر باش ناسیوتانن  چۆن تا ئێستا هه‌ر له‌ پشتیانه‌وه‌  وه‌ستاون ؟ باشه‌ چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ له‌ پێناوى چێدا ڕژاوه‌ ؟  
 پێتان وایه‌ له‌ سێبه‌رى ئه‌م سه‌ركردانه‌ ڕزگارتان ده‌بیت و سه‌ربه‌خۆیی وه‌رده‌گرن ؟ بۆچى چه‌ندین ساڵه‌ به‌ ئامانجى خۆتان نه‌گه‌یشتون ؟ خه‌تاى خۆتان و سه‌ركرده‌كانتانه‌ یان دوژمنانتان ؟ پێتان وایه‌ ئێوه‌ میلله‌تێكى زیندون  یان میگه‌ل ئاسا . باشه‌ تاكه‌ى ئاوا ده‌مێننه‌وه‌ ؟ به‌ نیازنین  ڕێگایه‌كى نوێ  بگرنه‌ به‌ر بۆ ڕزگاركردنى خۆتان ؟ 
به‌نیازنین دژى ئه‌و سه‌ركردانه‌تاتن بوه‌سته‌نه‌وه‌ ؟  ئه‌مانه‌و سه‌دان پرسیارى تر وه‌ڵامیان ده‌وێت . منیش خۆتان سه‌رپشك ده‌كه‌م  و به‌ ئاره‌زوى خۆتان وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ .  
من لێره‌دا زۆر به‌ كورتى سه‌رنجه‌كانى خۆم  ده‌خه‌مه‌ ڕوو : به‌داخه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانى ئێمه‌ شایسته‌ى سه‌ركردایه‌تیكردن نه‌بون . میلله‌تى ئێمه‌ میلله‌تێكى هوشیار و زیندوو نییه‌ . سه‌یركه‌ن له‌سه‌ر كوژرانى ڕه‌ش پێستێك ، ئه‌و ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌یه‌ چۆن شڵه‌قا . ئه‌وروپاش شڵه‌قا .  
جیاوازى نێوان میلله‌تى زیندو و مردوو لێردایه‌ : میلله‌تى  مردوو وه‌كو مێگه‌ل وایه‌ و هه‌میشه‌ ده‌بێ شوانى هه‌بێت و كۆیان بكاته‌وه‌ . میلله‌تى زیندوو هه‌موو تاكه‌كانى خۆیان به‌سه‌ركرده‌و پێشڕه‌و ده‌زانن و له‌ كاتى پێویستدا ئه‌ركى خۆیان جێ به‌جێ ده‌كه‌ن و پێویستیان به‌كه‌سێكى تر نییه‌ ببێته‌ سه‌ركرده‌یان .
له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 200 هه‌زار ده‌رچوى په‌یمانگاو زانكۆ هه‌یه‌ . هه‌موو ساڵێكیش ده‌یان هه‌زارى ترى ده‌چێته‌ سه‌ر كه‌ ئه‌مانه‌ تا ئێستا بێكارن و هیچ ئومێدیكیش نییه‌  كارێكیان ده‌سكه‌وێت .
 دواى چه‌ند ساڵێكى تر جیلێكى مردوو دروست ده‌بێت و كچه‌كان ده‌بنه‌ پیره‌ كچ و كوڕه‌كانیش پیره‌ كوڕ . نه‌ك هیچ به‌رهه‌مێكیان نابێت بۆ كۆمه‌ڵگا  به‌ڵكو ده‌بنه‌ بارێكى قورس به‌سه‌ر كه‌س و كاریانه‌وه‌ و خۆشیان  ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌زران كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى . سه‌یركه‌ن له‌م هه‌موو قه‌یرانانه‌دا ئه‌م به‌ناو  نوخبه‌ خوێنده‌واره‌  نه‌ هیچ ڕوڵ و نه‌ هیچ  خه‌مێكیان هه‌یه‌.
 كارى ئه‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕۆژ بۆوه‌ ، بچنه‌ بازاڕ و له‌ ده‌ورى عه‌ره‌بانه‌ى موبایل و دوكانى موبایل كۆببنه‌وه‌ ، یان بچنه‌ كافه‌ تریاو نیرَگه‌له‌ بكێشن .  ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانى تریش خۆپیشاندان بكه‌ن ، له‌ برى ئه‌وه‌ى به‌شدارى بكه‌ن ، له‌ دووره‌وه‌ به‌ ده‌م جگه‌ره‌ كێشانه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كه‌ن و له‌ دڵى خۆشیاندا گاڵته‌یان پی َده‌كه‌ن . 
ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌مانه‌ خۆیان ڕێك بخه‌ن و بێنه‌ سه‌رشه‌قام  ، ده‌توانن سیسته‌مى حوكمڕانى بگۆڕن .  میلله‌تێك نوخبه‌ى خوێنده‌وارى  ئاوابێت ، به‌ میلله‌تى زیندوو ئه‌ژمار ناكرێت .  كاره‌ساتیش لێردا ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركرده‌كانیش پێویستیان  به‌ میلله‌تى ئاوا مێگه‌ل ئاسا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چییان بوێت و چۆنیان بوێت ئاوا بكه‌ن . 
. خوێنه‌رى به‌ڕێز ، هاوڵاتیانى ئازیز ئه‌گه‌ر به‌ وردى سه‌رنجى بارودۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان بده‌ین و شیكارێكى وردى بۆ بكه‌ین و خۆشمان نه‌خه‌ڵه‌تێنین ، به‌ ڕونى ده‌رده‌كه‌وێت  كه‌ ئه‌مه‌ى ئێستا ڕوده‌دات ، ئاشبه‌تاڵێكى سیاسیانه‌ى  له‌سه‌ر خۆیه‌ و قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانیش ئه‌ستێره‌ى له‌ ئاوا بوندایه‌و ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ ته‌نها ناوه‌و هیچى تر. سه‌رنجى ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ بده‌ن .
1- له‌ ئابورى سه‌ر به‌خۆوه‌ ، له‌ تاڵانفرۆشى سامانى ئه‌م نیشتمانه‌وه‌ ، هاتوینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى خۆمان ته‌سلیمى به‌غدا بكه‌ینه‌وه‌  هه‌موو مه‌رجه‌كانى ئه‌وان جێ به‌جێ بكه‌ین ، له‌ پێناوى موچه‌دا . 2- خاوه‌نى هێزێكى پێشمه‌رگه‌ى تۆكمه‌و یه‌كگرتو نین .
 3- له‌ سایه‌ى ڕیفراندۆمه‌كه‌ى مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ نیوه‌ى زیاترى خاكى كوردستانمان له‌ ده‌ستدا . 4-  پشتیوانى نێو ده‌وڵه‌تیمان نه‌ماوه‌ به‌ تایبه‌تى  له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاوه‌ ، دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم گرێبه‌ستى نه‌وتى له‌گه‌ل َڕوسیا مۆركردوو له‌ سه‌دا 60 بۆرى نه‌وتى هه‌رێمى پی َفرۆشتوه‌ . 
5-  باسى ماده‌ى 140 نه‌ماوه‌  ئه‌وه‌تا كوردى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان  ده‌كوژرێن و ده‌غڵ و دانیان ده‌سوتێنرێت  و كه‌س نییه‌ به‌رگرییان لێ بكات . 6-  به‌شێكى هه‌رێمى كوردستان به‌ كرده‌یی  له‌ ژێرده‌ستى توركیادایه‌و كه‌ى بیه‌وێت ، به‌ڕۆژێك  ده‌گاته‌ كه‌ركوك . زونى سه‌وزیش وه‌كو پارێزگایه‌كى ئێران وایه‌. 
7-  لاى هه‌موشتان ئاشكرایه‌ حاڵى په‌ڕله‌مان و  دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت چۆنه‌و ئه‌و په‌ڕله‌مانه‌ى ئێستا هه‌یه‌  شتێك نییه‌ جگه‌ له‌ گاڵته‌جارى و خۆ خه‌ڵه‌تاندن . په‌ڕله‌مانێك نه‌توانێ له‌ حكومه‌ت بپرسێته‌وه‌ دواى ئه‌و هه‌موو تاڵانیه‌و ئاگاى له‌ كه‌مترین حساباتى دۆسییه‌ى  نه‌وت نه‌بێت ، چۆن په‌ڕله‌مانێكه‌ . به‌شێكى زۆرى ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان  خه‌ریكى پاكانه‌كردنن بۆ حكومه‌ت  و شاردنه‌وه‌ى دزى و تاڵانى به‌رپرسه‌كان . 
8-   به‌رده‌وامى ناكۆكیه‌كانى  نێوان بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانى و هه‌ول َدان بۆ پاكتاو كردنى یه‌كترى   له‌ ساڵى 1964 تا ئێستا ده‌كاته‌ 56 ساڵ  كه‌ بونه‌ هۆكارى هه‌موو  نه‌هامه‌تییه‌كانى  ئه‌م میلله‌و هیوایه‌كیان بۆ ئاینده‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌.
9- هه‌موو داواكاریه‌كانى كورد له‌   به‌غدا هاتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى داواى بودجه‌ بكه‌ن و پله‌و پۆست وه‌رگرن . به‌ڵام ئه‌مانه‌ هیچیان ده‌سكه‌وتى نیشتمانى نین . له‌ هه‌موو كاتێكدا حكومه‌تى به‌غدا ئاماده‌یه‌ ئه‌وه‌ بۆ كورۆد بكات . ئه‌گه‌ر  زۆرینه‌ى پۆسته‌كانى به‌غداش  به‌ده‌ستى كورده‌وه‌بن ، ناتوانن هیچ ده‌سكه‌وتێكى نیشتمانى بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن . سه‌رۆكى كۆمار كورده‌ . چى پێده‌كرێـت بۆ كورد به‌ده‌ستى بهێنێت ؟ 
ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌  ئاماژه‌ى بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌  بۆمان ده‌ركه‌وتوه‌ ، ئومێد نه‌ماوه‌  له‌ ژێر سێبه‌رى حوكمڕانى  پارتى و یه‌كێتێتیدا هیچ ده‌سكه‌وتێك بۆ كورد به‌ده‌ست بێت  ، هه‌تا ئه‌مانه‌  به‌م شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كترى هه‌ڵس و  كه‌وت بكه‌ن .
 ئه‌گه‌ر به‌ وردى سه‌یرى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى بكه‌ى و ئه‌و هه‌موو قسه‌ ناشیرینانه‌ى به‌ یه‌كترى ئه‌ڵێن و  ئه‌و هه‌موو تۆمه‌تانه‌ى بۆ یه‌كترى دروست ده‌كه‌ن ، تروسكاییه‌ك به‌دى ناكه‌ى  كه‌ ئاینده‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ ڕوناك بكاته‌وه‌ . 
ڕۆژ له‌ دواى ڕۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان  به‌ره‌و ئاقارێكى خرابتر ده‌چێت . كه‌واته‌ پی ناچێت  ئه‌مانه‌ بتوانن ئیداره‌ى  هه‌رێمى كوردستان بده‌ن.   ئه‌گه‌ر كار هه‌ر ئاوا بڕوات . 
 ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێته‌ به‌رمه‌ترسى  له‌ناو بردنه‌وه‌  . كاتى ئه‌وه‌یه‌ ئۆپۆزسیۆنێكى كاراى خاوه‌ن به‌رنامه‌و ستراتیج  به‌ ئیراده‌یه‌كى پۆڵایینه‌وه‌  خۆى نمایش بكات و  بێـته‌ مه‌یدانه‌وه‌و  پێشڕه‌واتى جه‌ماوه‌ر له‌ ئه‌ستۆ بگرێت  ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ ناڕازیانه‌ له‌ ده‌ورى خۆى كۆبكاته‌وه‌و  ئه‌ركى مێژوویی خۆى جێ به‌جێ بكات . 
 بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان و هه‌رێمى كوردستان له‌م قه‌یرانه‌  ترسناكه‌ ڕزگار بكات و ببێته‌ جێگره‌وه‌ى هه‌ردوو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار . له‌ ڕاستیدا  له‌ ئێستادا كاته‌كه‌ زۆر گونجاوه‌  بۆ  پێكهێنانى به‌ره‌یه‌كى ئۆپۆزسیۆنى به‌رفراون ، چونكه‌ هیچ كاتێك به‌قه‌ده‌رئێستا جه‌ماوه‌رى ناڕازى زۆر نه‌بوه‌ .  
 ئه‌وه‌ش كارێكى زه‌حمه‌ت نابێت ئه‌گه‌ر  له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ ویست و ئیراده‌ هه‌بێت بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ . مرۆڤ ئه‌گه‌ر ئیراده‌ى هه‌بێت ، ده‌توانێت هه‌موو كارێك ئه‌نجام بدات  ،چه‌ند زه‌حمه‌تیش بێت .  ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌ هه‌مومان باش بیزانین ئه‌وه‌یه‌ ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێستا  هیچ له‌ خه‌مى ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان نین و  ته‌نها له‌ خه‌مى مانه‌وه‌ى خۆیاندان و ده‌ستییان لى بشۆن و  ئه‌وان له‌ مێژه‌  هه‌ر بۆخۆیان كار ده‌كه‌ن و خه‌ریكى پاشه‌كه‌وتن  بۆنه‌وه‌كانیان .  




(دەنگدراوە: 7 . زۆرباشە: 4/5)