کۆمەڵگای کوردی و مۆرال و خۆشبەختی

Monday, 15/06/2020, 22:26

4760 بینراوە


مرۆڤەکان هەمیشە تامەزرۆی خۆشیەکانن، مرۆڤ تەنها کاتێك دەتوانێت خولیای خۆشیەکان بێت کە خۆشی بونی هەبێت. 
کاتێک لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراودا تاکەکان بە ژمارەیەکی زۆری لەبەرچاو بەختیار بن ئەوسا ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی خۆشبەختە. 
سەرنجی یەکەم بۆ نیشاندانی خۆشبەختی کۆمەڵگا بە پلەی یەکەم باری خۆشگوزەرانیەتی کە لە ئاستێکی باڵادایە. ئەوەی ئەمڕۆ زۆر زەق و لەبەرچاوە گوزەران و توانا ماتەریەکانی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردیە کە بۆتە پێوەرێك بۆ خۆشبەختی. 
بە دڵنیاییەوە باری گوزەرانی باش و لەبار ئاسودەیی و سەقامگیری دەبەخشێت لە بەرامبەر کەسانی خراپگوزەران و بێدەرەتان، بەڵام خاڵێ ناوەرۆکی سەرەتای خۆشبەختی بە پلەی یەکەم ئەوە نییە کە هەژاری بونی هەیە، بەڵکو لەلایەنێکی سەرەکیەوە لە بەراوردکردندایە؛ لەوەدایە کە ئەو هەیەتی و من نیمە. ئەو بەراوردە ڕۆڵی سەرەکی هەیە لەوەدا کە تۆشی نابەختەوەریمان دەکات. ئەم بەراوردە نوێیە لە کۆمەڵگاکەمانا لە سەردەمانێکدا هێندە جێگەی سەرنج و گرنگی پێدان نەبوو. ئەگەر چاوێك بخشێنین بە سەرەتا و ناوەندی سەدەی ڕابردودا کۆمەڵگاکەمان ترادسیۆنێلی بوو، ژیان تیادا سادە ساکار بوو، چاوەڕوانی تاکەکان گەلێك سنوردارتر بوو. زۆر لە بەتەمەنەکان باس لەوە دەکەن ئەو رۆژانەی قوبڵیان خواردبێت وەك جەژنێك وابووە لایان. بەو هۆکارەی هەڵبژاردەکان و ئاوات و چاوەڕوانیەکانیش کەم و سنوردار بون. بە پێچەوانەی ئەمرۆی کۆمەڵگای کوردی بەبەراوردکردن لەگەڵ ئەو سەردەمە تاك و خێزانەکان بەتواناترن لە وەدەستهێنانی ماڵ و کەرەستەی ماڵ و هۆکاری گوێزانەوە، بەڵام نابەختەوەرترن. ئەوەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تاکەکان چاوەڕوانی و ئاواتەکانیان زیاتر و بەربڵاو ترە. ئەمەش ناکرێت وەکو داواکاریەکی نا مەشروع و ناڕەوا تێیبڕوانرێت لەبەر ئەوەی ژیان و داواکاری و چاوەڕوانیەکانی ژیانی سەردەمە. 
کۆمەڵگاکەمان بە گشتی و نەوەی نوێ بە تایبەتی لەم سەردەمەدا هەمیشە بەدوای خۆشبەختیدا دەگەڕێن، بەڵام بە شێوازێکی نادروست. زۆر لەوانە دەیانەوێت لە ژیانی خۆنمایشکردن و لە ڕێگای شتە ماتەریەکانەوە بیدۆزنەوە ، ئەمەش بۆتە ستایلێکی نوێی ژیانیان؛ شێوازێکی ژیانی چالاکانە لە گەڕان و هەڵپە بەدوای شتە ماتەریەکانا تا لەو ڕێگایەوە خۆی و بونی خۆی نمایش بکات و لەو ڕێگایەوە خۆشبەختی بەدەست بێنێت ودەوروبەرەکەی بە خۆشبەخت تێیبڕوانن.
ئەمڕو تاکی کورد لە هەوڵی خۆ خۆشبەختکردن بەردەوام و بە ڕێگای جیاواز لە هەوڵدایە سەرنجی بەرامبەرەکەی بەلای خۆدا رابکێشێت، بەرامبەرەکەشی سەرنجی تەنها بۆ ماوەیەکی کورت رادەکێشرێت بەلای ئەو کەسە و ئامرازە ماتەریە نوێیەکەی، لە ماوەیەکی کورتا کۆتایی بەو سەرنجڕاکێشانە دێت و دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی بون. ئەمەش گەرچی بەردەوام لە دوبارەبونەوەدا بێت هەمیشە هەمان ئەنجام دێتەوە پێش، کاتێك شتەکان بێناوەرۆك بن، لە نمونەی ؛ کەرەستەکانی ناو ماڵو، خانوی سەرنجڕاکێش و ئۆتۆمۆبیلی مۆدێل باڵا و تایبەت و تەنانەت دبلۆم و بڕوانامەکانی زانکۆ دور یان لاوزی بواری زانستی و نمایشکاریەکان.
ئەم گەڕانە بەردەوامانە بەدوای نوێکاریەکانی ژیانی ماتەری و کەرەستەکانەوە بە مەبەستی خۆ نمایش کردن تاکی کوردی خستۆتە ژیانێکی جۆرێك لە دڵەراوکێوە، کە هەمێشە چالاك بێت بۆ گەڕان بەدوای ئەمرازێكدا کە خۆی لەو ڕێگایەوە نمایش بکات. ساڵانێكە تەنها لە چوارچیوەی شتە ماتەریەکاندا نەماوە و بە ئاراستەی تردا ڕۆیشتووە و بەرفراونتر بۆتەوە، دیاردەی ئەمڕۆی سوشیال میدیای کوردی باشترین نمونەیە. ئەم گەڕانە بێ ناوەڕۆکە تاکەکانی بە ئاراستەیەکدا بردووە کە لە کاتی نەدۆزینەوەی هیچ ئەمرازێك بۆ خۆ نمایشکاری توشی بێ هیوایی و سست بوون ببن. هەر بۆیە دەبینین کۆمەڵگاکەمان بەشێکیان بێهیوان و بەشێکیان لە دڵەراوکێی بەردەوامدان. 
 
بەشێکی زۆر لە خۆشبەختی لەوەدایە کە دەوروبەر گرنگیت پیبدەن و نرخت بۆ دابنێن، بەڵام کاتێك خۆت تەنها و تەنها بە مەبەستی نرخ بۆ دانانت و خوێندنەوەت لە هەوڵدا بیت گەلێك ئاستەمە بخوێنڕێیتەوە. نرخپێدان و گرنگی پێدانی تاکەکان لەلایان دەوروبەرەوە لەو رێگایەوە نایەتەدی کە بۆ ئەو مەبەستە کاری بۆ بکرێت، بەڵکو لە کاتێکدا بەدی دێت کە هەرگیز بیرت بۆ ئەو مەبەستە نەچوبێت و لەدەرەوەی ویستی خۆتەوە دەوروبەرت نرخت بۆ دابنێن، ئەوسا ئەوەش بەرەو خۆشبەختیت دەبات و خۆشبەختی بەرهەم دەهێنێت و بەختەوەر دەبیت، بۆ بەدیهێنانی بەختەوەری ناکرێت بەدوایدا بگەڕێت. خۆشبەختی لە شێوازی دیاریەك دایە کە پێت دەبەخشرێت بێ ئەوەی بە دوایدا وێڵ بیت، وەك ڕاکردنی منداڵێك بەدوای سێبەری خۆیدا.
خۆشبەختی هەمیشە لەدەست و ویستی خۆتا نییە، بۆ گەیشتن بە خۆشبەختی لە کۆمەلگادا پێویستە بەختیش یاوەرت بێت.  پێکهاتنی زەمینەسازی وهێنانەدی دەرفەتەکان بۆت ئەو هەلومەرجەت بۆ بهێننە دی کە لە توانا و ووزەتا بێت بەدوای خۆشی و خۆشبەختیدا بگەڕێت. لای گریکەکانی دێرین دەبوایە خواکان ( دایمۆن) خۆشیان بویستیتایە تاکو خۆشبەخت و سەرکەوتوبیت. ئەمڕو سیستەمی سیاسی و ئابوریی وڵاتەکان جێگای دیمۆنەکانیان لە تەواوی کۆمەڵگاکاندا گرتۆتەوە. ئەم دەرفەت و زەمینەسازیەش لە کۆمەڵگاکەماندا لە ئاستی نەبوندایە؛ سیستەمی حوکمڕانی هەرێمەکەمان دەرفەت و ئاسانکاری ئەوەی بۆ نەکردوین کە ڕوبەڕوی خۆشبەختی ببینەوە، بۆیە ناچارین جارێکی تر وەکو سەردەمی گریکەکان ناهۆشیارانە ناچار بین ڕو بکەینەوە دایمۆن یان خوای تاق و تەنها بە هیوای ئەوەی خۆشبەختیمان پێ ببەخشێت. ئەوەش دیاردەیەکی ڕۆژانە و لەبەرچاوە و جێگای نکۆڵی نیە کە بە لێشاو ڕوکردنە خوای تاق و تەنها و ئایین لە لایەن تاکەکانی هەرێمەکەمان ئەنجامی بێهیوابونە لە بەدیهێنانی خۆشبەختی، کە دەکرێت لە ڕێگای زەمینەسازی بۆکردن و هێنانەدی دەرفەتەکان بۆی کەم تا زۆر پێی بگەین.
سیستەمی دەسەڵات وەک دەزگای یەکەم دەبینرێت کە ئەو بەختە یان دەرفەتە بهێنێتەدی بۆ هاوڵاتیان تاکو خۆشی تیادا بدۆزنەوەو ببنە مرۆڤێکی(خوشبەخت). هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا خۆشبەختی پەیوەستە بە دەوروبەرەوە؛ بە مانای ئەوەی دەوروبەر چۆن تێت دەڕوانێت، کاتێك هەست بەوە بکەیت دەوروبەر بە چاوێکی نزم تێت دەڕوانێت چەندە ساماندار و خاوەندی پلە و پایەی بەرزیش بیت نابەختەوەری لە ناختایە. دەوروبەر ئاوێنەی خۆتە کە خۆتی لێوە دەبینیت. کە خۆشبەختی یەکتاکی نییە و تەنها لە پێوەری خودەوە تیی ناڕوانرێت.

دەرفاندن و شانسی دۆزینەوەی خۆشی و خۆشبەختی تەنها لەوەدا نەماوە کە سیستەمی دەسەڵات دەرفەتی ئەوەمان بۆ ناگونجێنێت، بەڵکو بەختی ئەوەشمان پێنادرێت لە ژیانی کۆمەڵایەتیشماندا ئازاد بین.ڕێبەستی و نەریتەکانی ژیانی کۆمەلایەتیش لایەنێکی گڕنگی تری لەبەرچاوە بۆ نابەختەوەربونمان. پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری کە دەبێتە رەگو ریشە و کاریگەری لەسەر پەروەردەی خێزانی تاکو ئەمڕۆ لە کۆمەلگاکەماندا لە ڕێگای هەڵبژاردنی هاوسەر لە لایەن کەسی سێهەمەوە ئەنجام دەدرێت و نەخشەی بۆ دەکێشرێت. ئەوەش هاوسەرگیری دەخاتە ناو پرۆسەیەکەوە بەبێ هەست و ویستی بە ئاگا هاوسەرەکان توشی پەشیمانی ناو دڵ و دەرونی دەکات، گەرچی زۆر جار گوشاری کۆمەڵایەتی هۆکاری بەردەوامی تا مردنی ئەو هاوسەرگیریانەن. ئەنجامی ئەوەش ڕۆڵەکانی ئەو هاوسەرگیریە دەکەونە ژیانێکی نابەختەوەر و لەدوا ئەنجامدا کۆمەلگایەکی لاوازی کۆمەڵایەتی پێکدێت. ئەمە تەنها نمونەیەکە و سەدان نمونەی لەو جۆرە لە کۆمەڵگاکەماندا باون و پەیڕەو دەکرێن.
خۆشبەختی تەنها پەیوەست نیە بە سکتێری و باری گوزەران، مەرج نییە کە مڕوڤ تێر بوو ئیتر خۆشبەختە! ئەوە ئاژەڵە کە هەمیشە خۆشی لەنان خواردن و جواندنەوە دەبینێت. مڕۆڤ لەدەرەوەی نانخواردن پێویستی تری هەیە. وە ك ئەوەی ئەرستو دەڵێت: “گرنگی لەوەدایە خۆشبەختی ناورۆکی بێت و پەیوەست بێت بە مامەڵەی رۆحەوە”.
مرۆڤی خۆشبەخت ئەو مڕۆڤەیە لە ژیانێکدا بێت کە مانای هەبێت بۆ خۆی و بۆ دەوروبەرەکەی. مرۆڤی خۆشبەخت ئەو مڕۆڤەیە کە بەردەوام لە گەڕاندایە بەدوای شتە پڕ ماناکان. هەربۆیە کاتێك کەسێك دەبینین بێزارە لەژیانیدا دەڵێت: ژیان بێمانایە!
زۆربەی فەیلەسوفەکان هەمیشە تیشك دەخەنە سەر ئەوەی کە مڕۆڤ دەبێت بەدوای مانادا بگەڕێت لە ژیاندا، تاکو نرخ بدات بە ژیان. لە مانادان بە ژیان لەڕێگای شتە بەنرخەکان خۆشبەختی دەدۆزرێتەوە، ئەوەش زۆر جار لە دەرەوەی خۆمانە؛ شتێک کە لە خۆمان زۆر گەورەتر و بەنرختر بێت بە ئاسانی بەدەست نەیەت. دەکەوێتە سەر هزری خۆمان کە لە چ بوارێکدا بەدوای خۆشیدا بگەڕێین. کاتێك مانا دەدەینە کەرەستە و دیاردە و ئارەزوە بێ نرخەکان ئەوسا خۆشیمان زۆر کاتی و تێپەڕ دەبێت و بە زویی دەمانگێڕێتەوە سەر خاڵی سفر. بۆیە لەشتە بەنرخەکانی ژیانا خۆشی دەدۆزرێتەوە، کە خۆی لە خۆیدا مانادارە، بەبێ ئەوەی ئێمە خۆمان مانای ڕوکەشی و دەسکردی پێبدەین. زۆر لە ئێمە ژیانی خۆی تەرخاندەکات بۆ منداڵەکانی و دەوروبەری بۆ خەبات و چالاکی و پێشمەرگایەتی یاخود ئایین یان موزیك یان زانستە مرۆییەکان و ... هتد. هەرکەس هەوڵ نەدات بەوەی کە بەدوای خۆشیدا بگەڕێت لەو شتانەی لەخۆی گەورەتربێت ناتوانێت خۆشی بدۆزێتەوە. لە هەوڵنەدان و ماندو نەبون و خۆ سەرقاڵ نەکردن بە شێوازێکی ڕاستگۆیانە مەحاڵە بگەیتە خاڵی خۆشبەختی. ئەوەش وات لێدەکات وەك مڕۆڤێکی خاوەن ژیانێکی پوچ و بێمانا لە خۆت بڕوانیت، لە ناخی خۆت و لە ئاوێنەدانەوەتا لەنێو دەوروبەرەکەت.

خودی پڕوسەی گەڕان بەدوای شتە بەنرخەکان خۆشیت پێدەبەخشرێت و دەبیتە کەسێکی خۆشبەخت. خۆشبەختی تەنها لە ئەنجامدا نییە، بەڵکو لە پرۆسەی گەرانەکەیدایە. کاتێك بە وەرزشەوانێك ڕابگەیەنرێت: تۆ پێویست ناکات لە مەشق و پێشبڕکێکەدا بەشدار بیت، بە بێ ئامادەکاری و بەشداریت مەدالیای براوەت پێدەبەخشرێت، بە دڵنیاییەوە نابەختەوەر دەبێت. بەختەوەری لە بزوتنەوەدایە، بزوتنەوەی بەمانا لە تەحەدا کردن. ئەمڕۆ کەسانێك لە کۆمەڵگا کەماندا کە بە بێ کارو هیلاکی و رەنجی شانی خۆیان دەژین بە ناوی خانەنەشینی و موچەی نارەوا یان سەرانی خاوەن پلە و پایە بەڵام دز و گەندەڵ و ناڕەوا بە دڵنیاییەوە لە ناخی خۆیاندا نابەختەوەرن، وەك ئەو وەرزشەوانەی بەبێ هەوڵ و هیلاکی مەدالیایەکی براوەی بێناوەرۆکی پێبەخشراوە. هەر بۆیە کۆمەڵگای کوردی بە خۆشگوزەران و بێدەرامەتەوە بەختەوەری تیادا بەدیناکرێت.
مۆڕاڵی خۆشبەختی گرنگی نییە بۆ ئەوەی تۆ خۆشبەخت بیت، بەڵکو گرنگی لە چۆنێتی مامەڵەتا هەیە. لە گەڵ خودی مامەڵەکردنی مۆڕاڵیت خۆشبەختی وەکو ئەنجامێك بە دی دەهێنیت. هەوڵ و مامەڵەکە دەبێتە بەرهەم. نەك بەرهەم بە بێ هەوڵدان. ئەم بەرهەمە بە ڕێکەوت دێتە پێش بە شێوازێك کە ئەوکەسەی مامەڵەی ئەخلاقی دەکات بۆ ئامانجی خۆش بەختی خۆی لە پلەی یەکەمدا بۆ بەرهەمەکەی نایکات، بەڵکو خۆشی لەکردارە ئەخلاقیەکەی خۆی دەبینێت پاشان بەرهەمی خۆشبەختی پێدەدرێت. تێکۆشان و پێشمەرگایەتی باشترین نمونەی کۆمەڵگاکەمانە ؛ هێچ پێشمەرگەیەك خۆش بەخت نەبووە لە سەرما و برسێتی و سەختی ناو دێهات و دەشت و چیاکان و شەڕ و بەیەکدادانی چەکدارانەی، بەڵکو لە پرۆسەی هەوڵەکەیدا خۆشبەختی بەدەست دێنێت، گەرچی هەرگیز بیری لە خۆشبەختی نەکردۆتەوە وەکو ئەنجامێك یان بەرهەمێك. تاکو ئەمڕۆش ئاوڕدانەوەی لەو مامەڵانە چەندە پڕ لە ئازار و نەهامەتی بوبێت دوبارە خۆشبەختی بۆ دێنێتەوە. ئەم نمومەیە ئەوە نیشان دەدات کە خۆشبەختی لە مامەڵە رۆحیەکاندا بەدیدێت بە شێوازێك کە ئەوکەسەی ئەو مامەڵە ئەخلاقیانە ئەنجام دەدات خودی خۆی لە یاد دەچێتەوە، مامەڵەکەی لە سەرنجێکی پرنسیپی و ئاییدیاڵیدا بەدی دەکات کە هەم کەسایەتی خۆی، هەم دەوروبەرەکەی خۆشی تیا دەبیننەوە. وەك ئاوێنەیەك خۆی تیا دەبینێت و دەوروپشتەکەشی ئاوێنەدانەوە دەبێت بۆی. سەرەڕای سەختی ئەم ڕەنگدانەوەیە دەبێتە لوتکەی خۆشی لێبینین. هەر بۆیە هێچ وێنەیەك لەلایەن مڕوڤی کورد ئەوەندەی وێنەی تێکۆشەرێك بە لوتکەی شاخێکەوە جێگای شانازی و سەرسامی و بەمانا نییە و وەك ئەوپەڕی لوتکەی سەربەرزی تێیدەرواندرێت. لێرەوە ماناو مامەڵەی ژیانی خۆشبەخت پێناسە دەکرێت. لە قوتابخانەی فەلسەفەی جولەکەدا باس لەوە دەکرێت گوایە ؛ خوا کاتێك پێکەنینی بە مرۆڤەکان بەخشی، ئەوکاتە بو کە بینی مرۆڤەکان بەدوای راستیدا دەگەرێن.
کاتێك خۆشبەختیش دەدۆزڕێتەوە کە تاکەکانی ناو کۆمەڵگاکەمان بە شێوازێکی ڕاستگۆیانە مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆکی خۆشبەختیا بکەن، بەبێ رەچاو کردن بۆ دۆزینەوە لە خودی خۆشبەختی خۆی وەکو ئامانج، بەڵکو وەکو مامەڵەکانمان کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەرهەمی خۆشبەختیمان پێدەبەخشێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە