ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

ترامپ گوتی، سەددام چه‌كی كۆمه‌ڵكۆژی نه‌بووه‌!

Tuesday, 06.16.2020, 0:07

531 بینراوە


بۆچی دۆناڵد ترامپ پشتی 17 ساڵ له‌ده‌ستێوه‌ردانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حسێن چه‌كی كۆمه‌ڵكۆژی نه‌بووه‌، ئه‌م پاكانه‌یه‌ بۆچی بوو، خۆ هه‌موو دنیا شاهدن كاتێك ئه‌مریكا هه‌موو هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی"نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ناتۆش"ی پشتگوێ خست كاتێك هێرشی كرده‌ سه‌ر عێراق له‌سه‌ر ناوی رۆژهه‌ڵاتی ناوینی دیمۆكراسی و پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و پرۆژه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نوێ و پرۆژه‌ی بیكرهامیلتۆن و پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌سه‌ر چ ئه‌ساس و بنه‌مایه‌ك بوو.
ئه‌مریكا هه‌زاران كۆمپانیای راگه‌یاندنی جۆراوجۆری خسته‌ گه‌ڕ و رای جیهانی له‌وه‌ گه‌یاند كه‌ رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حسێن بووه‌ته‌ خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی و كۆمه‌ڵكۆژ بۆیه‌ش مه‌ترسیه‌ بۆ سه‌ر جیهان و ئاشتی هه‌رێمی و ئه‌وه‌ بوو له‌ 2003دا هێرشیان كرده‌ سه‌ر عێراق و رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی سه‌ددام حسێنیان رووخاند... ئه‌دی ئێستا چی گۆڕاوه‌ كه‌ ترامپ ده‌رده‌كه‌وێت و جاڕی نه‌بوونی چه‌كی كۆمه‌ڵكۆژی رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حسێن لێده‌دات، ئه‌گه‌ر گریمان وه‌كو قسه‌كه‌ی ترامپ بێ، ئێدی بۆچی هێرشیان كرده‌ سه‌ر رژێمه‌كه‌ی سه‌ددام حسێن، ده‌بوو ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا و حكومه‌ته‌كه‌ی ترامپ له‌ پێش هه‌موو رای جیهان داوای لێبوردنیان له‌گه‌لانی عێراق بكردبا، ئه‌ی كۆا بۆ چی ئه‌مه‌ رووی نه‌دا و كه‌سیش مێش مێوانی نه‌بوو بۆ ئه‌و وتانه‌ی كا ترامپ...
گه‌لی كورد به‌ده‌یان جار له‌سه‌ر ده‌ستی حكومه‌ته‌ خوێنمژ و دیكتاتۆره‌كه‌ی سه‌دام حسێن و به‌چه‌كی كۆمه‌ڵكۆژ له‌هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و بادینان قه‌تڵوعام كران، مه‌گه‌ر شیعه‌كان له‌دۆجه‌یل به‌چی قه‌تڵوعام كران، ئاخۆ مرۆڤ ده‌توانێت ببێژێت ئه‌م قسانه‌ی ترامپ ته‌نیا پاكانه‌یه‌كه‌ بۆ رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كه‌ی سه‌ددام حسێن و ته‌نیا لێدوانێكی سیاسی رووت و بێ پێوان بێت. ئاخر ئه‌مه‌ حه‌قاره‌تێكی ئاشكرا و به‌رچاو نیه‌ بۆ گه‌لی كورد و لایه‌نی شێعه‌ له‌عێراقدا.
ترامپ به‌م قسه‌یه‌ له‌م كاته‌دا ده‌بێت بیه‌وێت دڵی سووننه‌كان له‌عێراقدا خۆش بكات و به‌و شێوه‌یه‌ش هاوپه‌یمانیان له‌گه‌ڵدا ساز بكات و پشتیوانی ئه‌وانیش بۆ مانه‌وه‌ی خۆی و سوپاكه‌ی له‌عێراقدا خۆش بكات، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌ینێت كه‌ ئه‌مریكا بۆ سه‌نگه‌ر گۆاستنه‌وه‌یه‌كی له‌نێوان خۆی و لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان و روسیا حه‌قاره‌تێكی ئاوه‌ها مه‌زن و ئاشكرا به‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كانی عێراق بكات. به‌قه‌وڵی سیاسه‌تزانان، كاك ترامپ بازرگانێكی سیاسییه‌ و پێوان و پێودانگ بۆی زۆر گرنگ نییه‌، لێ نازانم بۆ چی لایه‌نه‌ سیاسی و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌ كورد و شێعه‌كان، رۆشنبیران و كه‌سایه‌تیه‌ ئاینی و مه‌زهه‌بی و نوسه‌ران و ئه‌دیبان ئه‌م حه‌قاره‌ته‌یان به‌مشێوه‌ قه‌بوڵ كرد و بێده‌نگیان له‌به‌رامبه‌ری هه‌ڵبژارد و خۆیان كه‌ڕ و لالأ كرد.  
به‌ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌مریكا له‌عێراق به‌رد له‌سه‌ر به‌رده‌وه‌ نه‌ما، ژێرخان و سه‌رخانی وڵات وێران بوو، كه‌س به‌كه‌س باوه‌ڕی و متمانه‌ی نه‌ما كه‌ بتوانێت رێڕه‌وی سیاسی وڵات بگرێته‌ ئه‌ستۆ و ئیداره‌دانی وڵات بكات، رێگایان بۆ ده‌ستێوه‌ردانی هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێیه‌كان له‌ئێداره‌دانی عێراقدا كرده‌وه‌، پێكهاته‌ مه‌زهه‌بی، ئائینی و ئه‌تنیكیه‌كانیان كرده‌ گژ یه‌كتردا، عێراقیان قه‌رزداری هه‌موو كه‌س و لایه‌نان كرد، به‌واتایه‌ك له‌واتاكان عێراقیان به‌گشتی وێران كرد و گیرۆده‌ی قه‌یرانێكی قوڵی ئه‌خلاقی، سیاسی، ئیداری، ئابوری و هتد، كرده‌وه‌ كه‌ نموونه‌كه‌ی نه‌بینراوه‌. ئێستاش سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی بێ شه‌رمانه‌ هه‌ڵده‌ستێت و ده‌بێژێت رژێمی سه‌ددام حسێن چه‌كی كۆمه‌ڵكۆژی نه‌بووه‌، ئه‌م قسانه‌ی ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا هاوشێوه‌ی رایه‌دارانی سۆید ناوه‌نده‌ دیمۆكراسیه‌كه‌ی ئه‌ۆروپایه‌ كه‌ پشتی 34 ساڵ نوێ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ئه‌وه‌ی ئۆلف پاڵمایا كۆشتووه‌ په‌كه‌كه‌یی نیه‌ و سه‌ر به‌جێگایه‌كی تر. هه‌رچه‌نده‌ قسه‌كانی رایه‌دارانی سۆید و ئه‌مریكا یه‌كیش نه‌بێت، به‌ڵام مه‌رامه‌ گڵاوه‌كانیان یه‌كه‌ و له‌خزمه‌تی ئه‌جیندا و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا ئه‌م زانیاریانه‌ له‌ئێستادا ده‌دركێنن. دركاندنی ئه‌م راستیانه‌ له‌ئێستادا هیچ زامێكی گه‌ل سارێژ ناكات و بگره‌ ته‌نیا كۆلانه‌وه‌ی برینه‌كانه‌ و هیچی تر. 
سه‌رۆكی ئه‌مریكا ویستی به‌گوتانه‌، لایه‌نه‌ سووننه‌كانی عێراق و به‌تایبه‌تی به‌عسیه‌ سه‌دامیه‌كان بۆ لای خۆی په‌ڵكێش بكا و به‌م گوتانه‌شی ده‌یه‌وێت شیعه‌كان و كورده‌كانیش بێده‌نگ بكات و پشتیوانیه‌كان بۆ مانه‌وه‌ی هێزی عه‌سكه‌ری ئه‌مریكا به‌هێزتر بكات. به‌هه‌رحاڵ نه‌ سه‌ددام حسێن مرۆڤێكی بێگه‌رد بوو به‌نیسبه‌ت گه‌لانی عێراق و بگره‌ مرۆڤێكی زاڵم و دیكتاتۆر هه‌تا بڵی و نه‌ش ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا رزگاركه‌ر و لایه‌نگه‌ری دیمۆكراسیه‌، بگره‌ هه‌ژه‌موونگه‌رایه‌كی ده‌سه‌ڵاتخواز و لایه‌نگه‌ری دیكتاتۆریه‌ته‌.




(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 5/5)