پێناسەیەک لە سەر ڕەگەزپەرستی، ئەمەریکا و کەنەدا

Tuesday, 06.16.2020, 0:11

1848 بینراوە


ڕەگەزپەرستی مێژوویەکی درێژی لە کۆمەڵگای مرۆییدا هەیە کە بە یەکێک لە بنچینەکانی نادادپەروەری کۆمەڵگا پێناسە دەکرێت. کۆیلەداری و بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە بەشی جیانەکراوەی مێژووی ئەمەریکایە. بەڵام با بە چاوێکی کۆمەڵناسانە سەیری دیاردەی ڕەگەزپەرستی بکەین، کە چییە و چۆن ڕاڤە دەکرێت؟ ڕەگەزپەرستی ئەنجامی دەمارگرژی و جیاوازی دانان لە نێوان گروپێک زیادەخواز و چەوسێنەر(زۆربەی جار زۆرینەکان) بە سەر خەڵک و گروپێکی تر کە زۆرجار کەمینەن، خۆ دەنوێنێ و لە سیستمێکی سەرمایەداریدا زۆرتر دەبینرێت. پێناسەی کەمینە لە کۆمەڵناسیدا بریتییە لەو پێناسەیە کە کەمینە خۆی بە خۆی یان زۆرینە پێی دەبەخشێت. هەروەها دەکرێت جیاوازبوونی نەتەوە یان کەلتوور (زمان، جل و بەرگ، چێشت کردن، باوەڕ) و زۆر جارێکیش ڕەنگی پێست و شێوازی ڕوخسار، پێوەری جیاوازییان بێت. ئەو خاڵانەی کە کەمینەیەکی پێ پێناسە دەکرێت:
۱.كەلتوورێكی تایبەت
٢.هەست کردن بەوەی كە بەشێكیت لە دەستە یان كۆمەڵێكی تایبەتی مرۆیی
٣.هەست کردن بەوەی كە ئەم گرووپ و كۆمەڵە جیاوازە لە تاقمەکانی دیکە
٤. بوونی پێناسەی تایبەت بەو كۆمەڵە
٥. حەز و هەست بەرانبەر بەو كۆمەڵە و هەڵبژاردنی ناوچەیەكی جیوگرافی بۆ ژیان، دەتوانێ لە شارێک یان خود گەڕەكێکیش بێت.
لە ئوتاوای پایتەختی کەنەدا زیاتر ١٥٦ کەمینە و نزیک بە ٧٠ زمانی جیاواز، بوونی هەیە. یەک لە پێنجی خەلکی کەنەدی ئەوانەن کە بە زمانێکی جیا لە ئینگلیزی و فەرەنسی دەئاخڤن. تا پانزە ساڵێکی تر لە ٣٦% دانیشتوانی ئوتاوا ئەوانەن کە لەدەرەوەی کەنەدا لە دایک بوون. قبووڵ کردنی بوونی جیاوازی کەلتووری و نەتەویی، بە واتای بوونی مافێکی تایبەت نییە.
هەرچەندە مێژووی ڕەگەزپەرستی بۆ ئەوروپا دەگەڕێتەوە، بەڵام هەنووکە لە خۆمان دەپرسین کە ئایا ئەمەریکاش کانگای ڕەگەزپەرستانە؟ لە بیرمان بێت ئەوانەی کە ئەمەریکایان داگیرکردووە ، هەرئەوانەن کە لە کیشوەری ئەورووپا هاتوون. ئایا لە یاسای ئەمەریکا ڕەگەزپەرستی ڕێگاپێدراوە؟ ئەی لە کەنەدا ڕەگەزپەرستی چۆن پێناسە دەکرێت؟ ئەم پرسیارانەمان لا دەوروژێنێت، ئەویش لە کاتێکدا کە ڕووداوی کوشتنی ئەمەریکییەکی ڕەنگین پێست ''جۆرج فڵۆید'' لە شاری مەنیاپۆلیس بە دەستی پولیسێکی سپی‌پێست، دەردی کۆرۆنای قووڵتر و لانکی دیموکراسی و ئازادی، تووشی قەیرانێکی نوێ کردەوە. بەڵام لە بەرانبەر ئەو توندوتیژییەی پۆلیس، خۆپیشاندەران تەنیا ڕەنگین پێستەکان نەبوون بەڵکو سپی پێستەکانیش بەشداری بەرچاویان هەبووە. تەنانەت هاوسەری ئەو پۆلیسەی کە تۆمەتبارە بە کوشتنی "فڵۆید"، بۆ هاودەنگی لە گەڵ خەڵک، لە مێردەکەی کە ڕەفتارێکی ڕەگەزپەرستانەی کردووە، جیا بوویەوە. لە ژێر گوشاری خۆپیشاندەراندا، ئەو پۆلیسەی کە جۆرج فڵۆیدی کوشت و هەروەها سێ پۆلیسەکەی تر لە لایەن دادگاوە، بە تاوانی کوشتن ڕووبەڕووی سزای قورس دەبنەوە. ترامپ لە بەرانبەر ئەم ڕووداوەدا ژیرانە هەڵسوکەوتی نەکرد، لە باتی هێورکردنەوەی وەزعەکە، بە هەڕەشەکردن، نەوتی بە سەر ئاگردا کرد. تەنانەت وەزیری بەرگریش پشتیوانی لەو هەڵسوکەوتەی ترامپ نەکرد. لە ئەمەریکا خەڵکی رەنگین پێست تووڕەن لەوەی کە مێژووی چەوساندنەوەیان دووبارە دەبێتەوە و زۆرێک ترامپ بە هۆکاری بە هێزبوونی گرووپە سپییە ڕەگەزپەرستەکان ( باڵادەستی سپی) دەزانن. ڕاپۆرتێک لە کەناڵی سی بی سی کەنەدا ساڵێک دوای سەرکەوتنی ترامپ باس لە زیادکردنی هەستی ڕەگەزپەرەستی تا ئاستی ٦٠٠بەرانبەر لە شەقامی کەنەدا دەکات.
هەر چەندە کۆیلەداری و ڕەگەزپەرستی بە گشتی لە یاسای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆتایی هاتووە، بەڵام بیرۆکەی ڕەگەزپەرستی لە کەلتووری ئەمەریکادا لە نێو بیر و هزری ژمارەیەکی بەرچاو لە سپی پێستەکان بەدی دەکرێت. لە ئەمەریکا لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانە ڕەگەزپەرستی بە تایبەتی بەرانبەر بە ڕەنگین پێستەکاندا دەبیسرێت و دەبینرێت و هەندێک جار بە ئاسانی هەست پێ دەکرێت. کۆمەڵناس ئاڕنۆڵد ڕەوز (١٩٥١) بڕوای وایە کە ڕەگەزپەرستی "باوەڕە” و تاک لە کەسانی تری کۆمەڵگا فێری دەبێت. زۆر جار هەڵسوکەوتەکانی کەسایەتییە سیاسی و دیارییەکان بە ئاشکرا بانگەشەی هەمان بیرۆکەی ڕەگەزپەرستی دەکەن. تەنانەت ئایینیش کەوتووەتە ژێر کاریگەری سیاسەت وهەر بۆیە لە ئەمەریکا ئایینی کریستیان، قەد بە کردار نەیتوانی بانگەشەکەری دادپەروەری و یەکسانی بێت و بگرە خۆی بەشێک لەو چەوساندنەوە باوەی وڵاتەکە بووە، تا ئەو ڕادەیە ئێستاش لە ئەمەریکا کەلیسای ڕەش پێستەکان لە سپی پێستەکان جیاوازە. هەر بۆیەش ''محەمەد عەلی کلەی'' کریستیانی بە ئایینی سپییەکان ناو دەبرد و هەر ئەوەش بوو کە ئایینی ئیسلامی هەڵبژارد. بەڵام بە پێچەوانەی بانگەشەی ئیسلام بۆ یەکسانی، ئایا ''محەمەد عەلی کلەی'' دەیزانی کە تا ئێستاش لە ناو موسڵماناندا و بە تایبەتی عەرەبی موسڵماندا جیاوازی لە نێوان ڕەش و سپی و نەتەوکانی غەیری عەرەبدا دەکرێت؟ نموونەی سودان و یان تەنانەت باشووری عێراق کە ڕەشپێستەکان بە (عبید) ناو دەبرێن و تا ئێستاش وەکوو دیاردەیەکی ئاسایی چاو لێ دەکرێت و زۆر باسی لێ نەکراوە! لە نێو موسڵماناندا ڕەگەزپەرستی تا ئێستاش هەیە و کورد دیاریترین قوربانی ئەم دیاردەیە. مەبەست ئەوەیە کە ئەگەر موسڵمانێکی ئەمەریکی وایزانێت کۆمەڵگای ئیسلامی بەریئە لە رەگەزپەرەستی تەنیا با سەردانی تورکیا بکات.
لە ئەمەریکادا ، لە سەردەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کە ئۆباما ناوزەد کرابوو، هاوار و گازەندەی بەرەی ڕاست واتە کۆماریخوازەکان کە دژ بە ئۆباما بوون، ئەو هەستی ڕەگەزپەرستییە دەردەکەوت. سەرۆکی ئێستا، دوناڵد ترامپ، ئاڵنگاری ڕەسەن بوون، واتە ئەمەریکی بوونی ئۆباما دەبوونەوە، کە گوایە لە ئەمەریکا لە دایک نەبووە و بە پێی یاسای ئەو وڵاتە مافی سەرۆک کۆمار بوونی نییە. هەرچەندە ئەم یاسایە لە وڵاتێکی وەک کەنەدا هیچ پێوانەیەکی نییە، واتە لە کەنەدا بوون بە شارومەندی (سیتیزن) ئەو وڵاتە بەسە بۆ ئەوەی کە بتوانی خۆت بۆ بەرزترین پێگەی ئیداری ئەو وڵاتە، واتە سەرۆک وەزیران (ئەڵبەت "شاژن" تەنیا هێمایەکی ڕەمزییە) هەڵبژێریت. بۆ نموونە "ژان کرێتیەن" سەرۆک وەزیرانی ساڵانی نەوەدەکان، لە دایک بووی کەنەدا نەبوو، کەچی سەرۆک وەزیرێکی دیاری لە مێژووی کەنەدا هەژمار دەکرێت. هەروەها ئۆجاڵ دوسانج کە کرا بە سەرۆک وەزیرانی ئەیاڵەتی بی سی لە کەنەدا، بە ڕەگەز هیندی بوو و لە کەنەداش لە دایک نەبووە.
بە هەموو ئەوانەی کە باس کرا لە ئەمەریکا و کەنەدا ڕەگەزپەرستی واتە ڕەیسیزم لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیدا، لە سێ شێوەدا خۆ دەنوێنێ. یەکەم شاراوە ، دووهەم، ئیداری ، سێیەم، یاسایی و حقوقی لە خوێندنەوەی کۆمەڵناسیدا پێناسە دەکرێت.
١. ڕگەزپەرستی شاراوە: لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی تاکدا بە دی دەکرێت کە لە گفتوگۆیەکی کورتدا لەوانەیە هەست پێ بکرێت. ئەم هەست پێکردنە، لە کاتی کارکردندا زیاتر بەرچاو دەکەوێت، لە کاتێ مامەڵەی ڕۆژانەدا، لەوانەیە لەمرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر بگۆڕدرێت. زۆرجار لە فرۆشگایەکدا لەوانەیە فرۆشیارەکە زۆر بەگەرمی بە دەمی کەسێکی نامۆ و بێگانەوە نەیەت ، بەڵام کاتی لە گۆشەیەکەوە ئاوڕ دەدیتەوە، هەمان فرۆشیار لە گەڵ کەسێکیتر ڕووگەشترە، زۆرتر دەدوێت و زۆرتریش هاوکاری دەکات، کە ئەمانە لە خانەی ڕەیسیزمێکی شاراوە دا پێناسە دەکرێن.
٢. ڕەگەزپەرستی ئیداری: ئەم چەشنە ڕەگەزپەرەستییە بریتییە لە هەڵسوکەوتی نائاگایانە یان ئانقەز و سیسماتیکی تاک یان دەزگا و کۆمپانییەک کە ڕەگەزپەرستی شاراوەی تیادا بە ئاشکراتر دەبینرێت. ئەگەر سەرنج درابێت و بەچاوکراوەیی چاودێری هەندێ دامودەزگا کرابێت، ئەم چەشنە ڕەگەزپەرستییە لە هەندێ دامودەزگا و کۆمپانییە ئەمەریکی و کەنەدییەکانیشدا بە دی دەکرێت. ماوەیەکی زۆر و تەنانەت ئێستاشی لە گەڵدابێ لە کەنەدا زۆربەی بەرپرسی دامودەزگا دەوڵەتییەکان و ئەهلییەکان خەڵکی سپی بوون."بی سی فێری" واتە دەزگای کەشتیڕانی کەنەدی لە ویلایەتی بریتش کۆڵۆمبیا کە حکومییە، زۆربەی کرێکارەکانی سپی بوون، کە ئەو ڕێژەیە دوای گازندەیەکی زۆر گۆڕانکاری بە سەرداهات. وێڕای پێشکەوتنی زۆر بۆ چەسپاندنی یەکسانی ، بەڵام ئەو خاڵە لاوازانە، لێرە و لەوێ هێشتا هەر بە دی دەکرێت. بە گشتی ئێستا لە کەنەدا، زۆرتر بیروڕای هاوبەشە کە خەڵکانێکی تایبەت بۆ مەرام و پلانێکی سیاسی و یان کۆمەڵایەتی کۆدەکاتەوە، کە دەتوانێ هەموو جۆرە خەڵکانێک پێکەوە گرێ بدات.
٣. ڕەگەزپەرستی یاسایی: ئەم رەگەزپەرستییە لە چوارچیوەی یاسادا و بە ئانقەز جێگیر کراوە کە بریتییە لە پشت گوێ خستنی نەتەوەیەک یان ڕەگەزێک لە چوارچێوەی یاسای وڵاتدا. لە مێژووی کەنەدا زۆرجار باس لە بوونی هەندێ کەمینە (کە مێژوویەکی دوور و درێژیان لە سەر خاکی کەنەدا هەیە) نەکراوە و ڕۆژانە لە وانەی مێژووی زانکۆکاندا لە بەردەم خوێندکارێکی خۆجێیی نکۆڵی لە درکاندنی ڕاستی ڕووداوە مێژووییەکان کراوە. هێشتا بە ڕوونی لە مێژووی ئەمەریکادا و کەنەداشدا، دان بە داگیرکاری موڵکی خۆجێیییەکان واتە نەیتیڤەکان و ئەبۆریجناڵەکان ناکرێت و کەمتر باس لە هەژاری و چەوساندنەوەیان دەکرێت. تەنیا لە کارەساتی قوتابخانە شەوانەڕۆژییەکان بۆ منداڵانی خۆجێیی لە کەنەدا، کە بە تاوانێکی نوێ لە مێژووی ئەو وڵاتەدا هەژمار دەکرێت تا ساڵی ١٩٩٦ بەردەوام بوو، نزیک بە ٦ هەزار منداڵی خۆجێیی کە گوایە پەروەردەی ئایینی مەسیحی دەکران، لە ناو بران و تەنانەت حکومەتی کەنەدا دانی بە ئەو تاوانەدا نا و بە فەرمی داوای لێبوردنی کرد. ئبۆریجناڵەکان تەنانەت ئەو ستەمە بە جنێوسایدێکی کەلتووری دژ بە خۆیان لە لایەن حکومەتی کەنەداوە ناو دەبەن. سیستمی ڕەگەزنامە و باری شارستانی ئەمەریکا بە ئاشکرا جیاوازی ڕەگەزی دەکات و پۆلێن کردنی کۆمەڵگای ئەمەریکا لە سەر ڕەنگی پێست و ڕەگەز دانراوە. پێکهاتەی کۆمەڵگای ئەمەریکا لە سەر بنەمای ڕەگەز و نەتەوە لە پێناسە دەوڵەتییەکاندا پێناسە دەکرێت، و بریتییە لە سپی و ڕەشپێستی ئەمەریکی،هسپانیک(لاتین) ، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی (شایانی باسە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا پێش ١١سپتامبەر، بە سپی پێناسە دەکران)، خۆجێیی ئالاسکایی، خۆجێیی هەوایی، ئاسیایی، هندی ئەمەریکی، چینی ئەمەریکی، ژاپۆنی ئەمەریکی..…
سەیرە، بە ئیسپانییەکی ئەورووپی سپی دەگوترێت، لە حاڵێکدا کە ئیسپانییەکی ئەمەریکای لاتین کە لە بنەڕەتدا لە ئسپانیا هاتوون، بە هسپانیک پێناسە دەکرێت.هەر ئەم دەستەبەندییە وەکوو جیاوازی دانان بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ لە نێو شارومەندانی ئەمەریکادا پێناسە دەکرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە پێی هەموارکراوی یاسای بنەڕەتی ئەمەریکا، کە لە ساڵی ١٨٧٥ پەسەند کراوە، هەموو ڕەگەز و نەتەوەکانی نێو ئەمەریکا لە بەردەم یاسادا یەکسانن. لە ساڵی ١٨٩٦ دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاری دا کە مافی یەکسان بە ڕەشپێست و سپی پێست بدرێت و ئەبێ دەوڵەت پێداویستی بەرانبەر بۆ هەر دوو ڕەگەز دابین بکات. تەنانەت وای لێهات کە رەنگین پێست بۆی نەبوو ئاودەسی سپییەکان بە کار بێنێت یان پێ بە نێو مەلوانگەی سپییەکاندا بنێت. ئەڵبەت ئەم جیاوازییانە لە دوای شەڕی دووهەمی جیهانییەوە کەمتر دەبووییەوە و ئەو سنووربەندییە ڕەسمییانە تا دەهات کەمڕەنگتر دەبوو، بەڵام لە هەڵسوو کەوتی خەڵکدا جیاوازییەکان هەر دەبینرا. ساڵی ٢٠٠١ لە جەکسونڤیلی فلۆریدا دەژیام، گەڕەکی سپی و ڕەشەکان لە یەک جیاواز بوون، گەرەکە ڕاقییەکان ئەو گەڕەکانە بوون کە کەمترین ڕەشپێستی تیادا دەژیا, تەنانەت دەگووترا خانووی فڵان گەڕەک زۆر گرانە، چونکە ڕەشپێستەکان تا ١٥یان ٢٠ ساڵیتر بەوێ ناگەن. لە ڕاستیدا، کاریگەری کوێلەداری هێشتا کاریگەری لە هەژارمانی خەڵکی ڕەشپێستی ئەمەریکیدا ماوە، ڕاسیسزمی شاراوە و ئیداری وەک پشکۆی بن خۆڵەمێش لە نێو کەلتووری هەندێ خەڵکی سپیشدا هەر ماوە، هەر بۆیە پولیسێکی سپی زۆربەی جاران بەرانبەر بە تایبەتی ڕەشپێستەکان بێبەزەیی و دەستناپاڕێزن.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4.5/5)