ژنکوژەکانی شاخ بناسە

Thursday, 18/06/2020, 2:54

21009 بینراوە


لە دوای روخانی سیستەمی پادشایی عێراق لە رێکەوتی 17 / 07 / 1958 دروستبوونی کۆماری عێراق و دانانی عەبدولکەریم قاسم وەک یەکەم سەرۆکی ئەو کۆمارە، هەر لەو ساڵەدا و لە رۆژی لە 6 / 12 / 1958 مەلا مستەفا لە یەکێتی سۆڤیەتەوە گەڕایەوە بۆ عێراق.
پاش کەمتر لە سێ ساڵ رۆژی 11 / 09 / 1961 پارتی دیموکراتی کوردستان دایە شاخ و شۆڕشیان دژی عەبدولکەریم قاسم راگەیاند، گوایە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم مافەکانی کوردی پێشێل کردووە، ئەم یاخیبوون و شۆڕشەش بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کوردە لە عێراق.ئێمە لێرەدا باس لەو مێژووە ناکەین، چونکە عیسا پژمان کە بەرپرسی ساواک و نوێنەری شای ئێران بوو، کە لەو سەردەمەدا پەیوەندی خۆی وەکو نوێنەری شاه لەگەڵ (مەلا مستەفا، ئیبراهیم ئەحمەد، جەلال تالەبانی، عەلی عەسکەریی و عومەر دەبابە) باس دەکات، کە چۆن بە فیتی ئێران توانی رازییان بکات تا لە عەبدولکەریم قاسم یاخیی ببن و ئەو کارەساتە بەسەر گەلی کورددا بهێنن، هەروەها باسی ئەو ئەو هەموو پەویەندییە دەکات، کە بە پێچەوانەی پرۆپاگەندەکانی پارتی و سەرانی ئەو سەردەمە دەڵێت ئێمە دەستمان هەبوو لەوەی کە مەلا مستەفا لە عەبدولکەریم قاسم هەڵبگەڕێتەوە و هەموو یارمەتییەکمان دا، تا رۆژی ئاشبەتاڵەکە، مەلا مستەفاش بە شێوەیەکی تر ددان بەوەدا دەنێت، کە وەک بەڵگەش چاوی لێدەکرێت، ئەو کاتە بە شای ئێران دەڵێت: (کاری من تمام است).

لای زۆر کەس کە لە مانا و هونەری جەنگ و فەلسەفەی شۆڕش نەگەیشتوون، سادە و ساکارانە بیردەکەنەوە، لە مانای شۆڕش نەگەیشتوون، تەنیا پێیان وایە شۆڕش واتە دەستدانە چەک و تەقەکردن و بەگژاچوونی سەرباز و پۆلیس و پیاوانی ئەو رژێمە دەگرێتەوە، کە ئەمان لێی یاخی بوون، لەوە زیاتر ئەرکی ئەوان نەبووە کە ئەو شۆڕشەی پارتیی و مەلا مستەفا، بە دواییدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حیزبەکانی تر لە کوردستانی باشوور دەستیان داوەتێ لەوە زیاتر بکرێت، بۆیە عەقڵ خێلەکیی سەرکردە و رابەرەکان و دواکەوتووی کۆمەڵگا و زۆربەی پێشمەرگە و چەکدارەکان، زیاتر هەنگاوێکی پێشکەوتووخوازانەیان نەنا، تا ئێمە بتوانین بەراوردی بکەین لەگەڵ شۆڕشی گەلان، بەڵکو تێکڕا پیاوەکانی شاخ لە ماوەی ئەو شەست/حەفتا ساڵەدا کۆمەڵگای کوردییان لە بناغەوە هەڵتەکان، رەوشتیان بە تەواویی تێکدا، کوردیان بە سەدان ساڵ گەڕانە دواوە، ئەو رەوشت و موراڵەی کە باوباپیرانمان شانازیان پیوە دەکرد، ئەمان لە رێشەوە هەڵیانکێشا، ترسناکترین کاریان کە کردیان دەستبردن بوو بۆ نامووسی ژنان، کوشتن و تیرۆرکردنی نەیار و ناحەزانی خۆیان، لە هەمووی خراپتر بە ناوی مەسەلەی ئابڕوو، کوشتن و تیرۆرکردنی ژان و کچانی کوردیان کرد.
ئەو شەڕە چەکدارییەی کە ئەمانە دەستیان دایە، ئەو ڕەوشە ناشرینە بوو، وەک ژن کوژی و تیرۆری سیاسی و دیکتاتوریەتی بەرپرسە حیزبیەکان و تاڵانی ئەرز و ئاسمانی نیشتمان، جگە لە دەستدڕیژی بۆ سەر ژنانی کورد.پاش راپەڕینەکەی ساڵی 1991 و گەڕانەوەی ئەم سمێڵ بابڕ و پێڵاودڕاوانەی شاخ بۆ ناو شارەکان، ئیستا لەشاردا ڕۆژانە دەیان هەواڵ و زانیاری ناخ هەژێن گوێبیست دەبین، هەموو ئەمانە ئەو راستییە دەردەخات، کە هەمووی زادە و درێژکراوەی عەقڵی شاخیانە، بەڵام ئێمە بەهۆی تاوانەکانی بەعس، کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامی دەدا، زۆربەی خەڵک ناچاربوون ئەوانە وەکو فریادرەس و کەسانی گەل و نیشتیمانپەروەر سەیر بکات، هاوکات یەکێک لەو هۆکارانە نەبوونی راگەیاندنێک بوو، وەک سۆسیال میدیای ئێستا کە بست بە بستی مێژووی ئەمانە هەڵبداتەوە و بە خەڵکیان بناسێنێت، هۆکارێکی تریش ئەوە بوو، کە ئەو تاوانانەی بەرپرسەکان ئەنجامیان دەدا، لای زۆر کەس هەر لەو سەردەمەدا پەردەپۆش دەکرا.
ئەمڕۆش کوشتنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە لەدوای ڕاپەڕینەوە کە ڕیژەکەی گەلێک بەرزە، لەکاتێکدا ئەم ئاستە بەرزەی ژن کوشتن لەپێشووتردا لەنێو کۆمەڵگای کوردەوارییدا بە دەگمەن بوونی هەبوو، چونکە ئەوە بەروبومی عەقڵی ئەو چەکدارانەی شاخ بوو، کە کۆمەڵگایان بەرەو ئەو ئاستە بردووە، ئەگەرنا ئەوە هەرئەوکۆمەلگایەی کوردی نییە لەروژئاوا و باکور، مەگەر تاک و تەرا ژن لەسەر نامۆس بکوژرێ؟ ئەمە جگە لەوەی ژنان ڕۆڵیان هاوشێوەی پیاوانە لەخەبات و تێکۆشاندا، بەرادەیەک بۆتە سەروەرییەکی گەورە بۆکورد.

راستە بەشێکی ئەو ژن کوشتنە بەهۆی گەشەی ئیسلامی سیاسی و هاتنە ئارای ئامیرەکانی پەیوەندییە، بەڵام بەشی هەرەگەورەی بۆ ئەو هیزانە دەگەڕێتەوە، کە هەر لەشاخەوە خاوەن عەقڵێکی کۆنەپەرستی بوون و ژنانیان لە خەبات دابراند، بکە ۆ خۆیان خاوەن هیچ بەرنامەیەکی مرۆڤایەتیی نەبوون، دژی خەبات و تێكۆشانی ژنان و هینانە پێشەوەیان بوون، باشترین نمونە رێکخراوێکی مارکسی لینینی وەک کۆمەلەی رەنجدەران مەفرەزەیەک چەکداری ژنی نەک نەبوو، بەڵکو چەندین ژنیش کە روویان لە شاخ دەکرد، لە دوایان بوون و چاویان تێدەبڕین و بێزاریان دەکردن، بۆیە بەپەلە ناچار دەبوون ژیانی هاوسەرگیری لەگەل پیشمەرگەکان بکەن.
*********************

بەرپرسە چاوبز و ژنکوژەکان

ئەو چیرۆکانەی لێرەدا باس دەکەم هەمووی بۆم هاتوون و لەبەر ئەوەی خۆم لە نزیکەوە رووداوەکانم نەدیتووە، بۆیە دەڵێم مانای ئەوە نییە هەموو زانیارییەکان دەقا و دەق دروست بن، هەرچەندە بۆ کۆی ئەوانە بەدواچوونم بۆ کردون، تا گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی کە سەرچاوەکانیان راستن، بەهیوام هەڵە و زانیاریەکانم بۆ راست بکەنەوە لەهەر شوینێک دەیبینن.

1. تیروری مارگرێت بە بڕیاری مەلا مستەفای بارزانی

هەرچەندە تیروری مارگرێت تا رادەیەک بڵاو بۆتەوە، بەڵام ناکرێت لێرەشدا بەسەریدا باز بدەین، چونکە ئەوەی تا ئیستا دەزانین ئەوە یەکەم تیروری ژنی پێشمەرگەیە بەتۆمەتی ناڕەوای ناموسپەرستی، کە لە شاخ ئەنجام دراوە.تەنانەت خودی مەلامستەفا ی بارزانی کە بە بڕیاردەری ئەو تاوانە تومەتباردەکرێ، لە وەڵامی چارەنووسی مارگڕیتدا بەردەوام وەڵامی ئەوە بووە، کە مارگرێتا ناپاک و بێ ڕەوشت بووە ! لەکاتیکدا ئەو تۆمەتەی کە وەک باس دەکرێ بۆتە هۆی شەهیدکردنی، کۆمیدی و تراژیدیە، گوایە 5 چەکداری پارتی دەستدڕێژیان کردوتە سەری، بۆیە مەلامستەفا بریاری داوە ئەو ژنە بکوژێ!
هەر وەک لە ڤیدیۆکەی سەرەوەدا باس دەکات، لەسەر گۆڕەکەی نووسراوە، مارگرێت لە رۆژی  26 / 12 / 1969 ژیانی لەدەست داوە.

****************************************

2- برایەکی فاخیر مێرگەسوری داوای کچی مەلا مستەفا دەکات، لەسەر ئەمە دەیکوژن

هەروەها پێشرەو ئیسماعیل نووسەر لە زاری باوکی باس دەکات (کەخزمی دایکی نێچیر و بەرپرسی لقی چواری پارتی بووە)، کە هۆکاری کۆمەڵکوژی بنەماڵەی فاخیر مێرگەسوری، سەرەتاکەی بەهۆی ژنەوە بووە کەبرایەکی فاخیر بەناوی جەمیل داوای (زەکیە)ی کچی مەلامستەفا ی کردوە و مەلامستەفا و ئیدریسیش ڕازی نەبونە لەمەدا کێشەکە سەریهەلداوە و ئەوبرایەی فاخیر هەندی قسەی کردوە بۆیە ئەوان شەهیدیان کردوە و ماڵی فاخیریش توڵەیان کردوتەوە و بەمەش ماڵی مەلامستەفا شێت دەبن کەپیاویکی ئەوان وەک تەحەدایەک دەکوژنەوە بۆیە لەپای ئەوە مەلامستەفا سەرەتا ئەو بنەماڵە دەگرێ و دواتریش باوکی فاخیر و هەر ١٠ برای شەهید دەکا..بۆزانیاری زیاتر کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە.

****************************************

3.مستەفا چاوڕەش بە تاوانی کوشتنی چەند ژنێک ناسراوە

 مستەفا چاوڕەش، لەگەڵ ئەوەی یەکیک بووە لە بەرپرسە سەربازییەکانی کۆمەلەی مارکسی لینینی، کەچی لە٨٠کانی سەدەی رابردودا (باس لە ساڵی 1981) دەکرێ، هەلساوە خوشکێکی کە پەیوەندی لەگەڵ کەسێک هەبووە تەقەی لەهەردوکیان کردوە، خوشکەکەی شەهید کردوە و کابراش کە ناوی قاسمە ڕەش بووە، دەڵێن لەوکاتدابریندار بووە.وەک باس دەکەن لەدوای راپەرین ئەو پیاوەی پەیوەندی لەگەڵ خوشکەکەشی هەبووە، ئەویشی بەفێل بانگ کردووە و دواتر لەبازیان کوشتویەتی.ئەمە جگەلەوەی وەک لەکوردستان پۆست خوێدنمەوە و بەدواچونم لەگەل ستافی کوردستان پۆست کرد ئەو چەکدارە یان پێشمەرگەیان دەناسی و بۆیانی باسکردوە کەچۆن مستەفا چاورەش، ژنیکی بێتاوانی بەتۆمەتی ئەوەی لەگەل بەعس پەیوەندی هەیە بە پێشمەرگەیەک لەسەرەتای هەشتاکاندا لەنێو سلێمانی کوشتوە.لەکاتیکدا ئەو کۆنە پێشمەرگەیە (ناوەکەی لام هەیە بەڵام ئەخلاقیەن ڕیگام پێنادا باسی بکەم) لای چەند هاوڕێیەک گوتویەتی تائیستاش شەوان ئەو ژنە بێ تاوانە دیتە خەونم، چونکە بۆی دەرکەوتوە کە نەک سەر بەرژیم نەبووە بەڵکو بەهۆی سیکس نەکردن لەگەڵی بەوی کوشتووە، لەکاتی شەهیدکردنەکەشدا، ژنەکە هەڵاتووە و گریاوە لە دەست ئەو کۆنە پیشمەرگە و مناڵێکیشی لەباوەش بووە، کەچی هەر خەڵتانی خوێنی کردوە!؟ تەنانەت ئەوچیروکەی تریشی کە ژنێک (نەرمین حەوێزی) کە ژەهری دابوو بە کۆمەڵێک بەرپرسی یەکێتی و حسک، لە نێویاندا مستەفا چاورەش دەبێ، بەبێ هیچ دادگاییەک دوای راپەرین بەنهینی دەیکوژن، کە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، گوایە نهێنی زۆری ئابروبەرانەی ئەو بەرپرسانەی شاخی لە لابووە.
هەروەها ئەم رووداوەی تریش کە پێشمەرگەیەکی کۆن دەیگێڕێتەوە بخوێنەرەوە:

مسته‌فا چاوڕه‌ش کوڕ و کچێکی له‌ گوندی (‌تیمار) به‌ده‌ستی خۆی کوشت، که‌ دڵخوازی یه‌کتربوون


****************************************

4- سەید کاکە  حەپسەی خوشکی دەکوژێت، چونکە بە بێ پرسی ئەو شوو دەکات

سەید کاکە یەکێک لە ژنکوژەکانی تری شاخە، وەک باسی دەکەن هەر لە سەرەتای گەنجییەوە، کاتێک لە شاخ پارتی بووە، خوشکێکی بەناوی (حەپسە)، بە بێ پرسی ئەو شووی کردوە، بۆیە بڕیار دەدا بیکوژێ، پۆلێک چەکدار دەنێرێ و لە نێو نوێن دا دەیدۆزنەوە و دەیکوژن، سەید کاکە بەمە ناوەستێت، بەڵکو دوای ئەو تاوانە هەڵدەستێ بە زۆر لە ماڵی کابرا (سەید عزیز) كچێکی لەپای ئەوەی کەخوشکەکەی بەبێ پرسی ئەو شووی بەو کردوە و ئەوکوشتویەتی لەپای ئەوە کچی ئەو کابرایە لە خۆی مارە دەکا وەک دەلێن ئەو ژنەیە کەئیستا لەگەلیتی و کۆمەلێک مناڵی هەیە.بەڵام کۆی ئەوەش ئەگەر بڵێین ئەوە کێشەیەکی خێزانییە و هەمان ئەو عەقلیەتە کۆنەپەرستیەی کۆمەلگا بووە، کە ئەو کات خەڵکێکی زۆر ئەو بیرکردنەوەی هەبووە بەلام سەید کاکە یەکیک لەو سەرکردانەی سوۆسیالست بووە کەدژی بەشداری ژن بووە لەشۆرشدا وەک لەشەهیدکردنی زەکیەدا باس دەکەن.

****************************************

5. حسک و شەهیدکردنی تاکە ژنە پیشمەرگەکەیان (زەکیە)

شەهیدکردنی زەکیە تاکە پێشمەرگەی سۆسیالست لەشاخدا، کە هەموو گومانەکان بۆ ئەوە دەڕوات کە زۆرینەی سەرکردایەتیی ئەو کاتی سوسیالست، ئەوەیان پێ هەرس نەکراوە، کە لە ناویاندا ژنە پیشمەرگەیەک قبوڵ بکرێت، بۆیە بەپیی هەندێ چیرۆکی نوێ باس لەوە دەکەن هەوڵیان داوە بینێرنە ئیران لەڕیگادا ئەو پێشمەرگەیەی، کە گوایە بڕیار بووە بیگەینێتە ئێران، ئەو کوشتویەتی و پارەکەی لێ بردوە گەراوەتەوە نێو ڕژێم.بەڵام ئەو حزبە هیچ بەدواچونێکی لەم بارەوە بۆ نەکردوە، لەکاتێکدا دەیانتوانی هەم بەدواچوون لەسەر شەهیدکردنەکەی بکەن، هەمیش لەبری ناردنی بۆئێران ئەوا لەشاخ وەک نمونەیەکی نوێ لەخەباتی ئەو حزبە بەکۆمەڵگایان نیشان بدایە.بەکورتی ئەو دۆسیەیە بەهیوام زیاتری لەسەر باس بکرێ.

****************************************

6- یەکێتی کچ و کوڕێکی دڵخواز تەسلیم بە کەسوکاریان دەکاتەوە و دەیانکوژن

لە یاداشتەکانی نووسەر ئاشتی برایم فەندی، هەروەها  کاوە سووریش لە نووسینێکدا، کە  لە کوردستانپۆست بڵاوکراونەتەوە، هەردووکیان ئاماژە بەوە دەکەن کە کچ و کوڕیکی عاشق پەنا بۆ ناوەندی کۆمەڵە و سەرکردایەتی یەکێتی دەبەن، بەڵام دوای هاتنی سەروک خێل و بنەماڵەی کوڕ و کچەکە، جەلال تالەبانی و نەوشیروان مستەفا رازی دەبن کە کچ و کوڕەیان رادەست بکەنەوە، بەداخەوە دوایی هەردووکیان دەکوژن.لەکاتێکدا ئەو کچ و کوڕە عاشقە ئەگەر واز لە دروشمبازیەتی کۆمەڵەی مارکسی لینینیشیان بهێنایە، وەک سەروک خێڵێکش دەبوو جەلال تالەبانی پرەنسیبی هەبوایە رادەستی نەکردنایە، یان پەیمانی لێوەربگرتنایە، کە نەیان کوژن..

1- ئاشتی برایم ئەفەندی: لە سێبەری شاخ، زنجیرەی ٤٩،٤٨

2- کاوە سوور: دوو هه‌ڵوێستی جیاواز له‌ نێوان پێشه‌وا قازی و تاڵه‌بانی

 لە کۆتاییدا ماوە بڵێم، کە ئەوەی باس دەکەن، هەر بەرپرسەی لەو ناوچەی بووە بۆخۆی عەنتەرێک بووە و خۆی دادگا و یاسا بووە، بۆیە زۆر جار بەرپرسەکان دەستدرێژیان کردوتە سەر ژنان بەبێ ئەوەی هیچ سزادانێک هەبوبێ، چونکە ئەوەی ئێستا دەینین پەروەردەی حزبی و پرەنسیب یەکجار کەم بووە بەکورتی سیمای شۆڕش و گورانکاری یەکجار لاوازبوو لەنێو هیزی پیشمەرگە و بەرپرساندا، بۆیە دەگەینە ئەو باوەرەی ئەو سەرکردانەی ئەو پارتە جیاجیا سیاسیانە کردویانە شەرە تەقە بووە لەگەڵ بەعس، نەوەک شۆڕش.

بابەتی هاوشیوەی باوکسالاریی و ژنکوژیی:

پاسەوانێكی بارزانی ژنێكی مێرداری لە ناوچەی باڵەكایەتی ئیغتساب كرد


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە