ئەردوغان سەری لە کوردستانە و کلکیشی لە ئەفریقا تۆز دەکات! (بەشی یەکەم)

Tuesday, 16/06/2020, 13:06

5552 بینراوە


ململانێ و کێشمەکێشمی سەپاندنی دەسەڵات و هێز بۆ بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکان لەسەر ئاستی دنیادا بە درێژایی مێژوو هەمیشە هەبووە و هەیە. 
سیاسەتی نێودەوڵەتی، سەپاندنی هێز و دەسەڵات، ئامرازی کارێگەرن لە دنیادا، کە هاڤرکێی بێ هاوتایان لەسەر دەکرێت. هەر میللەتەێک بە درێژایی مێژوو ئەگەر بە بەردەوامیی و نەوە دوای نەوە توانیبێتی لەو هاڤرکێیەدا سەرکەوێت، ئەوا توانیویەتی کیان، حکومەت و وڵاتێکی سەربەخۆش بەرهەم بهێنێت، لە کۆڕ و کۆبونەوە نێودەوڵەتیەکاندا گوتە، گفت و مەرجی هەبێت. ئەو میللەتانەی کە لە دنیادا تا هەنوکە نەیانتوانیبێت لەو هاوکێشەیدا سەنگ بۆ خۆیان دروست بکەن، ئینجا ئەگەر ئۆباڵی ئەو دۆخەیان لە ئەستۆی سەرکردە، حزبە سیاسییەکان و ڕۆشەنبیرەکانیان بووبێت یان کەمتەرخەمی میللەت بوو بێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە لە ڕێرەوەی مێژووی مرڤایەتییدا دواکەوتون، تا واقیعی دنیاش بەو جۆرە بێت، دەبێت یان ژێردەستی قبول بکەن، یان لە هەوڵی بێ پایان بن بۆ دەرباز بوون لەو واقیعە تاڵەدا.
میللەتی کورد لە ڕێرەوەی مێژوو دواکەوتووە، نەوە دوای نەوەی ئەو میللەتە خۆی نەکردوە بە خاوەنی پرسی ڕەوا، تێکڕا قۆڵیان لێ هەڵنەماڵیەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە دنیای واقیعی دوێنێ و ئەمڕۆدا خۆیان لە کۆیلەی دەرباز بکەن. لەنیوەی سەدەی ڕابردوودا لە باشووری کوردستاندا بزوتنەوە و جوڵانەوەی سیاسی هەبوون، بەڵام نوخبەیەکی دیاریکراو لە شۆڕشەکاندا بەشدارییان کردوە، دواتر سەرکردەکانیان جوڵانەوە و شۆڕشەکانیان بەرەو هەڵدێر بردوە. لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووش دیاردەی جاشایەتی بەبێ شەرمانە سەری هەڵدا و کە ژمارەیان ٣٥٠هەزار جاش بوو، کە سەد بەرابەری ژمارەی شۆڕشگێرانی نێو ئەو میللەتە بوو، تا گەیشتن بەو دۆخەی ئێستا کە کوردی تێیدا دەژێت، خاکێکی بێ خاوەن هەر ڕۆژەی سوپای وڵاتێکی دراوسێ و جیهانی هەڵدەکوتێتە سەری بۆردومانی دەکات، وەک ئەوەی تورکیا ئێستا لە چوار پارچەی کوردستاندا ئەنجامی دەدات، ڕۆژێک مەخمور و ناوچەکانی باشوور بۆردومان دەکات، ڕۆژێکی دی ئەو دیوی قەندیل کە دەکات ڕۆژهەڵاتی وڵات بۆردومان دەکات، جارێکی دی ڕۆژئاوا داگیر دەکات و نۆرەیەکی دی باکوور دادەپلۆسێنێت.

ئەوەی تورکیا لە کوردستان دەیکات هەرەمەکی نییە، ئەو وڵاتە بەرنامەی داڕێژڕاوی هەیە بۆ داگیرکردنی هەر چوار پارچەی کوردستان و لەسەر ئاستی دنیاش پەلوپۆ بهاوێت، دەسەڵاتەکانی فرەوان بکات و دووبارە ئیمپراتۆریەتی تورک لە بنکەیەکی لە جاران پانوبەرینتر دابمەزرێنێت. تورکیا ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جگە لە کوردستان لە سوریا، لبنان، عیراق، ئەفغانستان، پاکستان بە ئاشکرا سوپا و دەزگەی هەواڵگری و میلیشیای هەیە.
تورکیا لەژێر پەردەی ئاییەنەوە دەستی گەیشتۆتە وڵاتانی ئەفریقای وەک میسر، سۆماڵیا، لیبیا و گەلیک وڵاتی دیکەی ئەو کیشوەرە. هەندێک لە وڵاتانی ئەفریقی لە مەرامی تورکیا حاڵین وەک میسر، کە هەوڵدەدات بەرانگاری لە تورکیا بکات، نەهێڵێت لە ڕێگەی ئیخوانەوە لاینگر و بنەکەی جەماوەریی بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام لە هەندێک وڵاتی دی ئەو کیشوەرە، تورکیا توانیویەتی هەژموونی خۆی لەژێر ناوی ئاینی ئیسلام، پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و هاریکاری مرۆی لە چەند وڵاتێکدا بسەپێنێت، وەک سۆماڵ.
تورکیا لە ڕێگەی خۆ نزیک کردنەوە لە حکومەتەکان و پارتە دەستڕۆیشتووەکانی نێو میللەتانی ژێردەستی دنیای سێیەم، هەوڵدەدا هەژموونی خۆی بەسەر ئەو میللەت و وڵاتانەدا بسەپێنێت، وەک ئەوەی ئەو لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەدات، بە ناوی بازرگانیەوە هەموو سەرانی ینک و پدکی کڕیوە. لەژێر دروشمی ڕێزگرتن لە مافی کەمەنەتەوەکان لەنێو تورکمانەکانی کوردستان دەیان حزبی دروست کردوە و هەوڵیداوە هەندێکیان بگەیەنێتە پەرلەمانی هەرێم. چەند جارێک سوپای تورکیا هاتۆتە نێو هەرێم، بەڕێزەوە لەلایەن جەماوەریی حزبەکانی باشوور پێشوازییان لێکراوە و سەرانی ینک و پدک مەتەقە لە دەمیان نەهاتۆتە دەرەوە، ئەڵبەتە لە میدیاکاندا بەشانوباڵایان هەڵگوتون، مەشروعیەتیان داوە بە کارەکانی تورکیا گوایە بەهۆی پەکەکەوە ئەو هێڕش بۆ باشوور دەکات!

ئێستا تورکیا هەمان ئەزموون لە سۆماڵ دووپات دەکاتەوە، تەنیا جیاوازیەک کە هەبێت، ئەوەیە هەرێم لەسەر دەرامەتی خۆی و سامانە سروشتییەکانی کوردستان، ئەوە بۆ تورکیا دەکات، بەڵام حکومەتی سۆماڵ پارەیەکی زۆر لە تورکیا وەردەگرێت بەرامبەر بەوەی تورکیا بتوانێت ئەجێندای داڕێژراوی خۆی لە سۆماڵ بخاتە بواری کار پێ کردن.

لە ساڵی برسیەتی ٢٠١١دا تورکیا٢٠١ میلیۆن دۆلاری بەخشی بە سۆماڵیا. بەدەیان نەخۆشخانەی لەو وڵاتە دروست کرد. پارەیەکی زۆری لێ خەرج کردوون، بۆ ئەوەی بتوانێت لە هاڤرکێی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات بۆ سەپاندنی هەژموونی لەو وڵاتەدا براوە بێت. تورکیا لە ٢٠١٣دا ڕێککەوتنی ئابووریی بازرگانی سۆماڵی تورکی واژۆ کرد بۆ هەڵخستنی بوار بۆ کۆمپانیای تورکی و سۆماڵی لە تورکیا و سۆماڵ. هێڵی ئاسمانی تورکی کارێگەرترین و سەرەکییترین هێڵی ئاسمانیە کە لە پایەتەختی سۆماڵ کار دەکات. بە بەهای ١٠میلیۆن دۆلار پڕۆژەی تورکیا لە سۆماڵیا خراوەتە کار. لە ٢٠١٥دا بە ڕێژەی ٨٥،٦ میلیۆن دۆلار لە ماوەی پێنج ساڵدا تورکیا خەرجی پڕۆژەیەکی سۆماڵی بۆ ئاوەدان کردنەوە دەدا. لەهەر نەخۆشخانەیەکی کە تورکیا لە سۆماڵ دروستی دەکات، تورکیا ڕێژەیەکی هەیە بۆ دابین کردنی کار بۆ تورکەکان لەو نەخۆشخانانە. تورکیا بە ڕووکەش پشتیوانی لە حکومەتی سۆماڵ دژی بزوتنەوەی ڕادیکاڵی ئەلشەبابی سۆماڵی دەکات، کە چەند جارێک هێرشیان بۆ سەر سوپای تورکیا هێناوە لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٣ پەلاماریان داون کەلوپەلیان فەرهود کردوون. لەساڵی ٢٠١٦ هەمان ڕێکخراو هێڵی ئاسمانی تورکییان کردە ئامانج. لە ٢٠١٩دا پەلاماردانی هاووڵاتیانی تورکی لە سۆماڵیا.
ئەردوغان بۆ زێتر خۆش کردنی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی سۆماڵ بە ڕووکەش ئەو هەوڵدەدا پشتیوانی نێو دەوڵەتی پەیدا بکات بۆ ئەوەی گروپی ئەلشەباب بە تیرۆریست بناسرێن. ئەردوغان بۆ پتەو کردنی بنەکەی جەماوەریی خۆی لەنێو شەقامی ڕەشوڕوتی سۆماڵدا، لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵدا ٣٦٥ میلیۆن دۆلاری دا بە سۆماڵیا لە کاتێکدا وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆڕۆنا دەست لە قەتەر پان دەکاتەوە.

تورکیا بەخۆڕایی ئەم یارمەتیانەی سۆماڵ نادات، ئەڵبەتە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی هەیە کە تورکیا ئامادەیە بە پارە لەو وڵاتە بکڕێت، پێش هەموو شتێک دەیەوێت ببێت بە ڕابەری یەکەمی ئاینی نێو موسڵمانان لە ناوچەکە و لەو ڕێگەیەوە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی زیندوکاتەوە و بیسەلمێنێت کە تەنیا وڵاتێکی موسڵمانە ڕەواجی لەنێو وڵاتانی دەرەوەی سنووری تورکیادا هەیە. لە ساڵی ٢٠١١دا گەورەترین سەفارەتی تورکی لە سۆماڵ کرایەوە کە لە ساڵی ١٩٩٠وە داخرابوو. گەورەترین بنەکەی سەربازی تورکیا لە سۆماڵ هەیە کە تێچووی پەنجا میلیۆنە، مەشقکردن و کردنەوەی کۆرسی سەربازیی بۆ سوپای سۆماڵی بە زمانی تورکییەبەدەستهێنانی زێتری نەوتی ئەفریقا. کردنی ئەو وڵاتە بە بازارێکی کارا بۆ ساغکردنەوەی کاڵای تورکی. دۆزینەوەی کار بۆ کۆمپانیا تورکییەکان لە سۆماڵیا لەبەرئەوەی وڵاتێکە لە قۆناغی گەشەکردنە. سۆماڵ وڵاتێکی ددان پێندراوە بۆیە ئەردوغان دەیەوێت دەنگیان بەکاربهێنێت لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و بە تایبەتی بۆ مەسەلەی قوبرس و کوردستان و پشتیوانی لێ کردنی لە ناساندنی پەکەکە بە هێزێکی تیرۆریست. سۆماڵیا ڕێگەیەکی ئاسانا بۆ تورکیا بۆ پەڕێنەوە بۆ تەواوی ئەفریقا. لە ٢٠٢٠دا حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند کە سۆماڵیا بانگێشتی تورکیای کردوە بۆ دۆزینەوەی نەوت لە دەریاکانی. کۆمپانیای تورکیی نەخشەی شاری مەغەدیشقۆ دەکێشێت کە ١٠٠٠٠خانوو دروست دەکەن، ئەردوغان ڕایگەیاند کە لە ماوەی ١٢ تا ٢٤ مانگ ئەو پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکان تەواو دەبێت. 
لەگەڵ ئەوەی تورکیا بە پارە پشتیوانی سۆماڵیای بۆ خۆی کڕیوە، بەڵام هێشتا هەڵوێستەکانی جێگە متمانە نین. بۆ مانەوەی حکومەتی سۆماڵ بە لاوازی، پەرەسەندنی گیانی دووبەرەکی لەنێو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە سەرچاوەی زۆر هەن ئاماژە بەوە دەدەن کە میتی تورکی ژێربەژێر یارمەتی جوڵانەوەی توندڕەوەی ئەلشباب ئەلموجاهیدینی سۆماڵیای داوە. هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردوە کە ڕێکخراوی ئەلشەباب لە ئەلقاعیدە نزیکن، تورکیاش پەیوەندیی ژێربەژێر لەگەڵیاندا هەیە، لەبەرئەوە دەزگەی هەواڵگری میتی تورکی بڕی ٦٠٠ هەزار دۆلاری بەنهێنی بۆ ڕێکخراوی ئەلشەباب ناردوە کە دژ بە حکومەتی سۆماڵی هاورێ ئەردوغان سەنگەریان گرتووە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە