شیعر و میعر و چوار سەد ملیۆن دۆلارەکە

Wednesday, 17/06/2020, 2:47

5034 بینراوە


کەمپینی کوا چوار سەد ملیۆن دۆلارەکە، کۆمەڵە شیعرێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بە ئاواز و ریتمی خۆشەوە، دانی پێدا دەنێم ئەو شیعرانەی کە خوێندمنەوە تەنها ڕێکخستنی وەزن و قافیە نەبون.جێگای تێرامانە کە تەنها لای کورد ئەم دیاردەیە هەیە کە باسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەم سەردەمەدا بکەنە هەوێنی شیعر، بۆیە وای بۆ دەچم کە ئەمە کەڵچەرێکە بەڕاستی تایبەتە بە کورد و دەبێت گرنگی پێبدرێت و لێکۆڵینەوەشی لەسەربکرێت.بەڵام پێم سەیرە کە جگە لە شیعر کورد پەنا ناباتە بەر هیچ هونەرێکی تر: کاریکاتۆر، گۆرانی.، شانۆ...تاد.بەتایبەتی گۆرانی ڕاپ کە لەم سەردەمەدا لە هەموو جیهاندا وەک دەنگێکی ئۆپۆزیسیۆن دەبینرێت بەرامبەر بە رووداوە کۆمەڵایەتیەکانی ڕۆژانە..
چەند دە ساڵیک لەمەوبەر کوڕێکی کورد لە خانەوادەیەکی بەناوبانگی سیاسی کوردستان ڕێی کەوتبوە پاریس و لەلایەن خانەوادەکەیەوە داوام لێکرا کە جارە جارە چاودێری بکەم و ئاگام لێی بێت، هەرچەندە بە دەوریا دەهاتم و سەرزەنشتیم دەکرد بەڵام نەیدەویست هیچ فێر ببێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەو و خەیال و ئاواتی زۆربوون.نە زمان فێردەبوو نە هیچ، وەک گونجێک گیرابو، وەک گەنجێک نەیدەتوانی لە جیهانی دەوروبەری تێبگات، دەمزانی کە دەبێت ڕۆژێک سەری بدات بە بەردێکا هەتاوەکو خەبەری بێتەوە و بەئاگا بێتەوە، لەباری ژیانی خۆیی و دەوروبەرەکەی.ئەوەبو ناچار گەڕاندیانەوە بۆ کوردستان و ئیتر لەو ڕۆژەوە هیچ زانیاریەکم نیە لەسەر ژیانی ئەو کوڕە، بەڵام وەهام بیستوە کە ئێستاکە بۆتە کوڕێکی زۆر ڕێکوپێک و خاوەنی خێزان و مندالە، هۆکاری ئەوەی کە پەیوەندیم پێوە ناکات ئەوەیە کە بەهۆی خانەوادەکەیەوە بۆتە کەسێکی بندیوار و پێدەچێت پۆستێکی گەورەی هەبێت لە شوێنێکی گرنگا و بەشێک لەو چوار سەد ملوێن دۆلارە بڕوات بۆ ئەو، بۆیە شەرم دەکا و پەیوەندی پچڕاندوە.
ڕۆژێك شیعرێکی بۆ هێنام کە بۆ کچیکی نوسیب و بەزمانی فەرەنسی، کە خوێندمەوە کیشام بەسەری خۆماو پێم وت : باش بوو پیش ئەوەی بیدەیت بە کچەکە هێنات بۆ من دەنا، ئەو کچە شکاتی لێدەکردیت و دەیانبردیت بۆ بنکەی پۆلیس، پاشان بۆ داداگا، چونکە لەبری ئەوەی کە بنووسی چاوەکانت منی کوشتوە، نووسیوتە : دێم ئەم شەو چاوەکانت دەکوژم، یان لەبری ئەوەی کە بنووسیت چاوی تۆ وەک خەنجەرن، نووسیوتە دێم چاوەکانت بەر خەنجەر ئەدەم......تاد.زیاتر لە نامەیەکی هەڕەشە دەچوو هەتاوەکو نامەیەکی ڕۆمانتیکی و خۆشەویستی، دەبێت ئەوە بوترێت کە بەپێی لێکۆڵینەوەی بیانیەکان لەسەر کورد، کورد گەلێکن لە خۆشەویستیدا زۆر بەتین و بە سۆزن، بەجۆرێک کە دەگاتە ڕەقی و گرژی.بۆیە پێم وت : برا تۆ جاڕیک فێری زمان ببە ئەوسا شیعر بنووسە.
ساڵانی حەفتا لە زۆر ماڵی سلێمانیدا جگە لە ئالەتێکی مۆسیقا هەموو مالێک شاعیرێکی تێدابو، هەموو کەس شیعری دەنوسی، منیش ئەو سەردەمە هەرچەندە بەتەمەن لەوان گەنجتربووم، بەلام خۆم هەڵواسیب و بەهەندێک ئەدیبی سلێمانیدا و ڕۆژێک چووم بۆ کۆریکی شیعری.دوا نیوەڕۆیەکی هەتاوی پایز بوو، لە جادەیەکی سەروی شارەوە، بینیم کە کوڕان خۆیان گۆڕیبوو، لە ناو چیمەنێکی سەوزدا مێزێک و مایکرۆفۆنێک دانرابوون، کچان لە پیشەوە دانیشتبوون.کاک گۆران مەریوانی بەڕێز شیعرێکی نازم حیکمەتی تەرجومە کردبوو بۆ کوردی، نازم حیکمەت لە بەندیخانەوە دەینێرێت بۆ خۆشەویستەکەی، داوای لێدەکات کە گۆرەوی خوری گەرمی بۆ بنێرێت، چونکە سەرما لە قاچەکانیەوە سەرهەڵئەدەن و دەچنە لەشیەوە.لە شوێنێکدا دەڵێت :
وەی ئافرەتێکم خۆشدەوێت
سپی سپی وەک چوڕی شیر.
لە سەر ئەم ڕستەیە بووە دیبەیتێکی دوور و درێژ لەبەردەم هەندێک کچی زانکۆی پێست سپیدا، محەمەدی حەمە باقی دەیوت، کە ناوترێت: چوڕی بەڵکو دەوترێت: چڕی.هەرچەندە مۆسیقای چوڕیم بەلاوە جوانتربوو، بەلام ڕاستی دەکرد منیش لە وانەی کیمیادا بە چڕی خوێندبووم، بەڵام کاک گۆران سووربوو لەسەر وشەی چوڕی.ئەوەی لەو کۆڕەدا بیرم دێتەوە کچێکی پێست سپی بوو، وەک چوڕی شیر، کە لە پێشەوە دانیشتبوو، بە پەرۆشەوە گوێی بۆ هۆنراوەکە شل کردبوو.
سەردەمەکەی وەهابوو: مۆدێلی خۆشەویستی ئەو سەردەمە بۆ گەنجان، ڕۆمانتیکیەک بوو کە تێکەڵ کرابوو لە هەستی شۆڕشگێڕی و خەبات، هەموو گەنجان دوای شیعر نووسین خۆیان ئامادە دەکرد بۆ بەندیخانە هەتاوەکو لەویوە نامەی ڕۆمانتیکی بۆ کیژە پێست سپیەکەیان بنێرن وەک نازم حیکمەت، خۆشەویستەکەیان کە هێشتا سێکسیان لەگەڵ یەکتردا نەکردبوو.
ئیتر هەموو سلێمانی خەریکی شیعر نوسین بوون ئەوەبوو ڕەوانشاد دڵشاد مەریوانی چیرۆکێکی وێنەیی نووسی لەسەر ئەو بابەتە، بڵاوی کردەوە لە گۆڤارێکدا، کە تایبەت بوو بە گەنجان، لە چیرۆکەکەدا وا هاتبوو، کە : کوڕێکی گەنج نەخۆش بوو لەماڵەوە لەسەر جێگە کەوتبوو، کاتێک برادەرەکانی دەهاتن بۆ لای ئەو بە شیعر پێشوازی لێدەکردن، بە شیعر باسی حاڵی نەخۆشیەکەی بۆ دەکردن، هەر بە شیعریش داوای ئاوی دەکرد و نەیدەتوانی بە جۆرێکی تر بدوێت، بۆیە برادەرەکەی بۆی رووندەکاتەوە، کە شیعر چییە و چۆن دەبێت بنووسرێت! شیعر تەنها قافیە و وشە ڕیکخستن نییە.ئەو چێرۆکەم هەرگیز لە بیر نەچویەوە، وەک زۆر لە نووسینەکانی ڕەوانشاد دڵشاد مەریوانی.
ئیتر ئێمەش هاوینان لە ماڵەوە دادەنیشتین و گاڵتەمان بە شیعر دەکرد، لەنێوان خۆماندا پێشبڕکێمان دەکرد، کە کێ دەتوانێت جوانترین میعری بێ مانا بنوسێت و پاشان دەنگمان بە باشترینیان ئەدا.براکەم توانایەکی بێهاوتای هەبوو لە میعر نووسیندا، جوانترین میعر، کە هەرگیز لەبیرم نەچۆتەوە، میعرێکی ئەو بوو، کە ئێستاکەش کاتێک دەیڵێمەوە هەر بە کوڵ پێکەنینم دێ.ئەویش ئەمە بوو :

بخولێ بخولێ پانکەکە
گەرمامانە فێنکمان کە

جا بۆیە دەڵێم، کە باسی چوار سەد ملیۆن دۆلارەکە پێویستی بە میعرێک بوو، نەک بە شیعر، لەبەر ئەوەی ئەم باسانە جێگای پێکەنینن، وەک ئێدیتەری یەکێک لە ڕۆژنامە گاڵتەجاریەکانی بەناوبانگی فەرەنسا کە جۆرێکە لە شارلی ئێبدۆ ناوی Le Canard enchaîné، واتە : قازی بەستراوە، کە لەساڵی 1960 تا دامەزراوە، ئەلێت : من کاتێک ئابڕوچوونی حکومەت و پیاوێکی سیاسیم بەرگوی دەکەوێت، یەکەم کاردانەوەم سەرسوڕمان و ئاخ هەڵکێشان و توڕەبونە، پاشان پێکەنین.
بۆیە کاتێک باسی چوارسەد ملیۆن دۆلارەکەش دەکرێت، شایەنی میعرێکە بۆ پێکەنین، هەروەها چەندەها کاریکاتۆر و گۆرانی گالتەجاڕی و شتی تریش.
ئەرێ بەڕاست ئەو چوار سەد ملیۆن دۆلارە بۆ کوێ ڕۆیشت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە