ئەردوغان سەری لە کوردستانە و کلکیشی لە ئەفریقا تۆز دەکات! (بەشی دووەم)

Saturday, 20/06/2020, 15:40

5911 بینراوە


میللەتی کورد دەبێت لەو ڕاستییە حاڵی بێت، کە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر هەر چوار پارچەی کوردستان، پەیوەندیی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نییە. تورکیا بۆ خەونێکی زۆر مەزنتر لە لەناوبردنی (پەکەکە) سیاسەت دەکات، کە ئەویش زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە و هەموو ئامرازێک بە ڕەوا یان ناڕەوا بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنێت.
سەرژمێری ئەفریقا بە یەک پۆینت پۆینت دوو بیلیۆن مەزەندە دەکرێت، کە لە %٤٤ موسڵمانن، لەبەرئەوە زەمینەیەکی لەبارە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاینەوە، پارتە ئیسلامییە توندڕەوەکان و حکومەتەکانی ناوچەکە و دنیا بتوانن خۆیان لە خەڵکی ئەو کیشوەرە نزیک بکەنەوە. جگە لەوە چەوساندنەوە لەلاین وڵاتانی ئیمپریالیزم، ڕەگەزپەرستی و برسیەتی، زەمینەیەکی دی لەباریان دروست کردوە، بۆ ئەوەی زلهزێزەکانی دنیا و ناوچەییەکان بتوانن هەستی خەڵک و ئازار و فرمێسکەکانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاربهێنن و هەوڵدەن بۆ پێشاندانی تروسکایەک بە میللەتێک کە لە شەوەزەنگی تارکیی دواکەوتن، نەخوێندەواری، برسیەتی و نەهامەتی گوزەر دەکات. ئەردوغان و دەزگەی هەواڵگری تورکی (میت) لەو زەمینەیە گەیشتوون، زانستییانە کاری لەسەر دەکەن، دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە، بۆ سەرخستنی بیرۆکەی نەتەوەپەرستی شۆڤێنی تورکیی کار بکەن و ئەفریقا بە تورکیاوە گرێ بدەن.
کیشوەری ئەفریقا لە دێرزەمانەوە جێگە سەرنجی ڕوسیا، یابان، چین، ئەمریکا، فرەنسا، ئیتالیا و چەند وڵاتێکی دی ئەوروپا بووە. لەو ساڵانەی ڕابردوودا تورکیاش هاتۆتە ڕێزەوە و هەوڵی داوە جێگە پێگەی خۆی لەو کیشوەرەدا بکاتەوە بە تایبەتی لە دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی١٩٩٠دا کە ئەمریکا لە ئەفریقا کشایەوە و پێ وابوو ئیتر هیچ بەرژەوەندییەکی ئەوتۆی لەوێدا نەماوە. لە ئەنجامدا ئەمریکا بۆشایی بوونی هێزێکی خاوەن شکۆ و کالیزمای لەو کیشوەرە بەجێهێشت کە وڵاتێکی وەک تورکیا جورئەت بکات، بتوانێت بیقۆزتەوە و بە خشکەیی جێگەی پێ خۆی لێ بکاتەوە.
سودان وڵاتێکی دی ئیسلامیە، لە مێژوودا لەژێر هەژموونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووە، ڕەگی ئیخوان لەو وڵاتەدا هەیە کە جێگە سەرنجی ئەردوغان بێت و مرغی لێ خۆش بکات. لە ساڵی ٢٠٠٦وە ئەنقەرە کار بۆ ئەوە دەکات دەستی بەو وڵاتە بگات. سودان لە ساڵی ٢٠١٧دا ١٢،٥٠٠ هیکتار زەوی لە کۆی ٧٨٠،٠٠ هیکتار بۆ ٩٩ ساڵ بەکرێی داوە بە کۆمپانیا تورکییەکان. کۆمپانیا تورکییەکان بە سەدان میلیۆن دۆلاریان لەو وڵاتە خەرجی بووە. لە ساڵی ٢٠١٧دا کاتێک کە ئەردوغان سەردانی سودانی کرد بە بەهای ٦٥٠ میلیۆن دۆلار گرێبەستی ئابووری لەگەڵ ئەو وڵاتە بەست. لە ساڵی ٢٠١٨دا سودان پڕۆژەیەکی عەقاراتی بە بەهای یەک پۆینت ٥ بیلیۆن دۆلار لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد.

ئەردوغان، ئەو نزیک بوونەوەیەی لە سودان بێ مەرامی سەربازی و سیاسی نەبوو، هەوڵی دا جێگەی پێی خۆی لە دەریای سور بکاتەوە و دەستی بگات بە دورگەی سەواکن، تا دواتر چارەنوسی ئەو دورگەیە وەک چارەنوسی قوبرسی لێ بکات. دورگەی سەواکن لە سودان کە بەشێک بووە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و لەو زەماندا قوتابخانەیەکی ئاینی ئیسلامی لێ بووە، کە مەزهەبی شافعی و حەنەفی وانەی سەرەکیی ئەو قوتابخانەیە بووە، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دایمەزراندوە. ئەردوغان توانی کاتێک کە عومەر ئەلبەشیر لە دەسەڵات بوو بە پارە هەڵیخەڵەتێنێت، لەگەڵیدا ڕێککەوێت، بۆ ئەوەی ئەو دورگەیە کە کلیلی دەریای سورە، بەناوی بازرگانی و بەرهەم هێنان بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ بەکرێ بگرێت، دواتر بیکات بە بنکەیەکی مەزنی سوپا و دەزگەی هەواڵگری تورکی، هەموو پاشماوەکانی ئاساواری عوسمانیشی لێ نۆژەن بکاتەوە، دواتریش وەک قوبرس داگیری بکات، بەڵام ئەو هەنگاوەی بەشیر ناڕەزایی لێ کەوتەوە، سودانیەکان لە مەرامی تورکیا حاڵی بوون، هەوڵیاندا ڕێگری بکەن و دوای بەشیر داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە بکەن.
ئەفریقا جێگە تەماعی زلهزێزەکانی وەک ئەمریکا، بریتانیا، فرەنسا، ڕوسیا، چین، یابان، ئیتالیا، گەلێک وڵاتی دی ئەوروپایە. لەو چەند ساڵانەی ڕابردووشدا ئەمریکا دووبارە ستراتیژیەتی سیاسەتەکانی بەرامبەر بە ئەفریقا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بە تایبەتی دوای بوونی ترامپ بە سەڕۆکی ئەمریکا کە پێ وایە ئەفریقا کیشورێکی گرنگە بۆ بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانی ئەمریکا و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی.
ئەفریقا وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان زلهێزەکانی دنیا، لەبەرئەوە فەرامۆش کردنی ئەفریقا لەلایەن ئەمریکاوە بۆشایی دروست کرد، هۆیەکی گرنگ بوو لە گەشەکردنی هەژموونی چین و ڕوسیا لەو کیشوەرە و گەشەپێدانی بەرژەوەندیی ئابوورییان، کە بێ گومان ئەمریکا ئەمە لە بەرژەوەندیی خۆی نابینێت. زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابووریی پێیان وایە فەرامۆش کردنی ئەفریقا لەلایەن ئەمریکاوە هۆی سەرەکیی بووە لە گەشەکردنی ڕێکخراوی ئیسلامی توندڕەو بە تایبەتی ئەلقاعیدە لە بیابانی مەزنی ئەفریقادا. لەو چەند ساڵانەی ڕابردوودا گەشە کردنی چینی وردەبۆرژوا لە ئەفریقا هۆیەکی دیە کە ئەمریکا چاوی لێبڕیەوە بۆ ئەوەی بیکات بە بازارێکی گەرم بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانی. بەرهەمهێنانی نەوت و وزە هۆی ئابووری گرنگن کە ئەمریکا نایەوێت فەرامۆشی بکات. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن، کە ئەمریکا دەستبەرداری بەرژەوەندیی ئابووریی و سەربازییەکانی نابێت لەو کیشوەرە و ئەگەر لەگەڵ تورکیا هیچیشی بۆ نەکرێت بەڵام کۆسپێکی مەزنە لەبەردەم تورکیا.


لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت ئەگەر ئەردوغان پێ وابێت، ئەفریقا پارویەکی چەورە بە ئاسانی قوتی دەدات، ئەوا بێ گومان خەیاڵی خاوە، لەبەرئەوەی زوو یان دەرەنگ ئەفریقیەکان لە مەرامی تورکیا دەگەن و ناهێڵن وڵاتەکانیان داگیر بکات. داگیرکردنی عەفرین لەلاین تورکیا و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئیدلیب لە سوریا و خۆتێهەڵقوڵتاندن لە جەنگی لیبیا، سێ ئەزموونی ئێجگار خوێناوین و تورکیا تا ئێستا زیانێکی زۆری ماڵی و گیانی کردەوە و بەنیوەناچلیش مەرامەکانی نەپێکاوە و هێشتاش لە خاڵی سیفرە، لەبەرئەوە ئەردوغان لە دنیای ئەمڕۆدا ناتوانێت خەونی عوسمانلی بێنێتە دی لەو وڵاتانەی کە زلهێزەکانی دنیا دەیانەوێت بیانخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان.
هەمان ئەزموونی ئەفریقا و وڵاتانی دی، ئەردوغان دەیەوێت لە باشووری کوردستان پەیڕەو بکات، تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە باشوور نەیتوانیوە تورکیا بڕوتێنێتەوە ئینجا جاشایەتی بۆ تورکیا بکات، ئەڵبەتە تورکیا لە باشوور هەموو خێروبێری سامانە سروشتیەکانی دەچێتە باخەڵی و کۆمپانیا تورکییەکان لەو دەڤەرە پارەی چاکیان دەستکەوتووە، واتە هەرێم پارەش دەدات بۆ ئەوەی ببێت بە جاشی ئەردوغان.
هێڕشەکانی تورکیا بۆ کوردستان، داگیرکردنی شاری عەفرین درێژکراوەی ستراتیژیەتی خەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییە. ئەردوغان دەیەوێت چاو لە خومەینی بکات، وەک ئەو کە بوو بە ئیمامی شیعە مەزهەب لە ناوچەکەدا، ئەردوغانیش ببێت بە سوڵتانی سونە مەزهەب و مەزهەبەکانی دی موسڵمانان، هەروها ئەو دەیەوێت مۆدیلی سیاسەتی دەرەوەی ئیران پەیڕەو بکات، سوپا و میلیشیای بەکرێگیراوی لە هەموو شوێنێک بڵاوبکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە تورکیا توانیویەتی سەرانی پدک و ینک بکات بە ئەنگوستیلەی دەستی خۆی و بەبێ کێشە سوپاکەی لە باشووری کوردستان تەراتێن بکات. بەگوێرەی گەلێک سەرچاوەی بیانی تەنیا لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک هەنوکە بە فەرمی ٢٠ بنەکەی سەربازیی و هەواڵگریی تورکیی هەیە.
کۆتایی

تێبینی:

لە دوو بەشدا ناتوانرێت بە تێروتەسەلی باس لە سیاسەت و ستراتیژیەتی تورکیا بکرێت بۆ زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەم دوو بەشە تەنیا نوکە پێنوسێکە لەسەر ئەو بابەتە گرنگە کە دەبێت تاکی کوردی لێ هۆشیار بکرێتەوە.

ئەردوغان سەری لە کوردستانە و کلکیشی لە ئەفریقا تۆز دەکات! (بەشی یەکەم)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە