بۆ پاشکۆی وتاری (ئەم بێدەنگییە لە مێژوو هەموومان لەناو دەبات)

Sunday, 06.21.2020, 0:10

7835 بینراوە


(جاشی باش و سیاسی جاش)

دوای نووسینی بابەتێکم لە کوردستانپۆست بە ناو نیشانی "ئەم بێدەنگییە لە مێژوو هەموومان لەناو دەبات" قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا ‌هێنا، لە هەمووی سەرنج ڕاکێشتر کەسێک بوو بەناوی "ئەردەڵان خۆشناو". دیارە لە کەسە نزیکەکانی ئەنوەر بەگی بێتواتەیە، کە نووسینێکی بۆ کوردستانپۆست لە ژێر ناونیشانی "وەڵامێکی مێژووی بۆ کاک "سمکۆ ساحێبقران" ناردوە. هاوکارانم ووتیان گەر بتوانی وەڵامی بدەیتەوە، چونکە ڕاستەو خۆ قسە لەسەر ووتارەکە دەکات، منیش ووتم بڕوای تەواوم بەئازادی هەیە بۆ نا! هەمووی بۆ بڵاو بکەنەوە، منیش وەڵامی دەدەمەوە.
نووسینەکەم چەند جارێک خوێندەوە، هێندەی تر بەزەیم بە گەلەکەم و بەو کەسەشدا هاتەوە، کە خۆی خستۆتە نێو چاڵێکی جەهەنەمییەوە تێیدا بە ئاسانی قوتار نابێت.
کاکە ئاردەڵان بە چاک و بە خراپ باسی نووسینەکەی منی نەکردوە، تەنها دەیەوێت بڵێت نەنگیی نییە ئەگەرهونەرماندان بچنە لای میر، لە کاتێکدا میر دیوەخانەکەی هەم بۆ لێقەوماوانە، هەم بۆ دبلۆماتکارانی بیانییە، لە دیوەخانەکەیدا سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی ڕۆژانە چارەسەر دەکات، کە یاسا و حکومەت لە بەردەمیدا دەستەوستانن!
ئەردەڵان دەڵێت: (من کتێبێکتان لەسەر بێتواتە و عەشرەتەکەی ئەنوەر بەگی بێتواتە بۆ دەنێرم، خۆم زەحمەتدەکێشم بیخوێنەرەوە ئەوسا پەشیمان دەبیتەوە لە نووسینەکەت، وەک مەلا چۆن هەڵە دەکات نووسەریش دان بەهەڵەی خۆیدا دەهێنێت).
کاتێک مرۆڤ مێژووی کورد دەخوێنێتەوە، پرسیارێکی لا دروست دەبێت و دەڵێت سەیرە بەڕاست تۆ بڵێیت من تاکێکی ئەم نەتەوەیە بم و ئەم هەموو جیاوازییەم لەگەڵیاندا هەیە و عەقڵی خەڵکەکەی ئاوا بەرەو دواوە گەراوەتەوە، بەتایبەتی لەم دنیای تەکنەلۆژیایەدا کەسێکی وەکو ئەم ئەردەڵانە، کە رەخنەی لێگرتووم، شانازیی بە خێڵ و دیواخەنەوە دەکات؟
ئەردەڵان خۆشناو کە نازانم کێیە، بەڵام ئەو هەستە لەلام دروست بووە، رەنگە "زیرەک کەمال" بێت، ئەو مستەشارە ئەنتەرناسیوناڵەی کە سەردەمێک ئەندامی حیزبی شیوعی عێراقی بوو، ئێستا بە داسێکەوە خۆی کردووە بە دیوەخانی پارتیدا و لە قونسوڵەکانەوە دبلۆماتکاران دەبات بۆ دیوەخانی فەخامەتی میر و پێێ دەڵێت:  (میر لەناو هەرێمدا دەوڵەتی هەیە، جا حکومەت و یاسا و دادگا و چ مەهزەلەیە، لەکاتێکدا لە بری یاسا و دادگا دیوەخانی میر و خاوەن عەشرەتەکان بۆنەتە سەرچاوەی چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی نیشتمان.)
بەر لەماوەیەک هاوڕێ و پەیامنێری کوردستانپۆست لە شاری هەولێرەوە ڕاپۆرتێکی مەیدانی لەسەر بابەتێکی گرنگ لەسەر بێتواتەوە و کەمال زیرەک نووسی، لەو کاتەدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.(کلیکی وێنەکە بکە).

ئەردەڵان خۆشناو هیچی لە سەر ووتارەکەم نەنووسیوە، بەڵام منی ڕاکێشا بۆ نێو بابەتێک، کە زیاتر قسەی لەسەر بکەم.
هەڵبەت  لەدوای هەموو سەرکەوتنی گەلێکەوە شۆڕشگێرەکان ئاوا لەگەڵ خائینەکاندا بەر خورد دەکەن و سنورێک بۆ خۆفرۆشان دادەنێن. هۆشێ مینی رابەری فێتنامییەکان یەکێک بوو لەو سەرکردە و رابەرانەی کە لەدوای ڕزگاربوونی ڤێتنام بڕیارێکی دەرکرد و گوتی::
"هەموو ئەوانەی لە ڕۆژە سەختەکاندا چوونە پاڵ دوژمن و خیانەتیان لە گەل و نیشتمانەکەی خۆیان کرد، بیانکوژن و تەرمەکانیشیان بخەنە ناو دەریاوە، گوناح و تاوانەکەش بخەنە ئەستۆی من.
هەروەها وتی: من ناتوانم هەرگیز لەو کەسانە خۆشبم کە ئێمە لەناو قوڕو چڵپاو کێوەکاندا بەرگریمان دەکرد و ئەوانیش لەپاڵ ئەمریکا دژ بە خوشک و براکانیان چەکیان هەڵگرتبوو دەیانکوشتین.ئەو نیشتمانە هی ئەوانەیە، کە ئامادەبوون لە پێناویدا گیان بسپێرن، نەک هی کەسانێکی خۆفرۆش کە لەپێناو حەوانەوە و ئێمە و نیشتمانیان فرۆشت. ئەم نیشتیمانە وەک گۆڕستانیش جێگەی ئەوان نییە بۆیە بیانخەنە ناو دەریاوە با ببن بە خۆراکی قرشەکان".

ئێمەی کوردیش بە پێچەوانەی هەموو گەلانەوە سەوڵ لێدەدەین، گەلێکین هێندە داماوین لەناو ئەو هەرێمە لاقەکراوەدا وا بچکۆلە و بێدەسەلاتین، سەرەداوەکانمان لێ ئاڵۆسکاوە، زۆر بەئاگاییەوە لەتلەتیان کردووین.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، عومەر دزەیی و زیرەک کەمال چی ئەمانەی پێکەوە گرێ داوە؟
بەر لە ٦٠ساڵ کەسایەتیەکی وەک قانعی شاعیر بانگەوازی ئەوە دەکات، کە خۆشحاڵانە سەردەمی دەرەبەگ و عەشرەت نامێنێ و لەناو دەچێت و نەتەوە دروست دەبێت قانع دەڵێت:
بەند بە بەند قانونی ئیسڵاحی دێتەپێش
فەخرە بۆمن بۆجەنابت ئایەتی تەڵقینتە
باغی هێندە مەحکوم و قایم نەبووی من نەتگەمێ
دەستی ئیسعمارە کۆمەکە و پەرژینتە
ئەوەتا داوی شەش دەیە سەرکردەکانی جاش چیان لەو گەلە کرد؟
هاتوون لەسەدەی ٢١دا سەدان دیوەخانیان بۆ عەشرەت و خێڵ و تاقم و دەستە ئاوەدان کردۆتەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەناو ئەو گەرەلاوژێیەدا حاکمی هەموویان بن.
من لەو وتارەی پێشومدا پرسیارێکم کردووە، کە لە دوای ئەنفالی گەلەکەمانەوە هونەرمەندان بەهەموو پیشەکیانیانەوە چی لەگەڵ سەرەک جاشێکدا کۆیان کردوونەتەوە؟ کەسە نەفام و ناوشیارەکەی فەیسبوک لەبەر ئەوەی لەسەر ئەمە قسە بکەن، کەچی سەدان کۆمێنتیان نووسیوە و لێمان دەپرسن ٤٠ ملیاردەکە چی لێهات؟
 نازانم منیش بگریم یان پێبکەنم، بەتایبەتی چی وا دەکات ئاستی تێگەیشتنی گەلەکەم وەها دابەزیبێتە ئاستێکی نزم؟ برادەرێک کە بەپرۆفایلەکەیدا دیارە لە ئەوروپا ژیان دەکات، نووسیوێتی:
:" ئه‌نوه‌ر به‌گی بیتواته‌ یه‌کێ بو له‌و که‌سانه‌ی که‌ پارێزگاری له‌ شه‌ره‌ف و خاکی ئێوه‌ی ده‌کرد، گه‌ر ئه‌و نه‌ده‌بو نه‌ کوردایه‌تی نه‌ که‌سانی وه‌کو ئێوه‌ ده‌یتوانی ئێستا به‌ کوردی و کیبۆردی کوردی نووسین بکات"
من نازانم ئەنوەر بەگ سەرتیب، یان ئامرکەرت بووە، وا بەو شێوەیە پێیدا هەڵدەدات؟!
یان دەستەی کامە هێرش بووە؟
لەکوێدا بەرگری لە من و لە گەلەکەم کردووە؟
بەوەی کوڕەکانی بەقسەی ئەردەڵان خۆشناو خەڵکی ناوچەکەی ئاگادار کردوە و شەهیدەکانی ناشتوە و برینەکانی چاکردۆتەوە، ئەمانە کۆمەڵێ قسەن کە هیچ هزری لەپشتەوە نییە، بەڵکو ئەمانە ڕەمڵ لێدانە، چونکە ئەردەڵان ناهەقی نییە ئەوەتانێ هەموو ئەوانەی جاشی سیاسی بوون لەشانی ئەنوەر بەگەکانەوە وێنەیان گرتووە و ڕێزیان نیشان داون و کردویانن بەکەڵەگا بەسەر گەلەکەیانەوە، بەڵام با ئەردەڵان بچێت ئەرشیفی ڕادیۆی دەنگی کوردستان هەڵبداتەوە بزانێت ئەودەم کۆمەڵە چۆن مژدەی سوتانی ماڵی سەرەک جاشێکی بەخەڵک ڕادەگەیاند و دەیووت وا ماڵی جاشی گەورە ئەنوەر بەگ ئاگری تێبەربوە.
تراژیدیا لەوەدایە نەوشیروان مستەفا لە کتێبی پەنجەکان یەکتر دەشکێنن دەڵێت:
 "پێشمەرگەم دی خەڵکی ناوچەکە چۆن سەلاجەی دابوو بەکۆڵیدا لەدوای شەڕی بێتواتە، ئێمە نەمان توانیبوو پیاوی شۆڕشگێر ئامادە بکەن، بەڵکو هێزی فەرهود بووە ناونیشانی کەسایەتی پێشمەرگە
بەڵام ئاشتی برایم ئەفەندی ئەم قسەیەی نەوشیروان بە درۆ دەخاتەوە،  "لە سێبەری شاخ" زنجیرەی ٤٥،٤٤  لەسەر ئەنوەر بەگی بێتواتە ئاوا دەنووسێت:
نەوشێروان مستەفا ئەمین لە پەرتوکی پەنجەکان یەکتری دەشكێنن لە لاپەڕە ٣٣٤دا دەنوسێت " سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ پێشمەرگە و دانیشتوانی ناوچەکە، بەڵام تاڵان و ڕاورووت، بە تایبەتی لە بێتواتە رەونەقی ئەو سەرکەوتنەی کەم کردەوە، مام جەلال لەم تاڵانە زۆر نارەحەت بوو. فەرماندەکانی کۆکردەوە و سەرزەنشتی کردن و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دانا بۆ وەرگرتنەوەی کەلوپەلی تاڵان." نەوشێروان مستەفا ئەمین خۆی پاراستوە لە گوتنی ڕاستییەکان و دەیەوێت پەرێزپاکی سەرکردەکانی یەکێتی پێشانی جەماوەر بدات، لە مێژوودا پێشمەرگەی خوارەوە تاوانبار بکات بۆ مەسەلەی تاڵان! لە ڕاستییدا من لە نزیک ئەو شەڕە نەبووم هەتا مەسەلەی تاڵانی ببینم بەڵام هەواڵەکانم گوێ لێدەبوو. ئەوەی من بە چاوی خۆم دیتم ئەوە بوو کە ئەسپەکەی سەڕۆک جاش ئەنوەر بەگی بێتواتە تاڵان کرابوو، جەلال تاڵەبانی دەستی بەسەردا گرتبوو، ئەسپێکی رەنگی ڕەش بوو یان خۆڵەمێشی تا بڵێی جوان بوو، مام عەبدولرەحمان کابرایەکی لادێی بوو خزمەتکاری ماڵی تاڵەبانی بوو، لە گوندی بەرگەڵو، نزیک بە بارەگای ئێستگە و نزیک بە ژوورەکەی من ئەو کات ئەسپەوانی ئەو ئەسپەی دەکرد، ئالیکی تایبەتی بۆ ئەو ئەسپە پەیدا دەکرد و خزمەتی دەکرد. نەوشێروان مستەفا ئەمین لەو پەرتووکە روونی نەکردۆتەوە ئەو کات ئەو لیژنەیەی تاڵەبانی پێکیهێنابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە کەلوپەلی تاڵان و گەڕاندنەوەیان بۆ خاوەنەکانیا ئاخۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە ئەو "ئەسپ"ە دزراوەشی گرتبووەوە یان نا!؟

ئاشتی برایم ئەفەندی: "لە سێبەری شاخ" زنجیرەی ٤٥،٤٤

هەربۆیە ئێمە بەم ڕۆژە گەیشتووین. لەم ساتە وەختەدا هاوڕێیەکم کە سەردەمانێک لە چیا بوو ڤیدۆیەکی بۆ ناردم و نووسیبوی سەیرە ئەم میللەتە بۆ وا بێکەرامەت بووە؟ بەتایبەتی ئەوانەی دەم لە هونەر دەدەن، ڤیدۆکەم سەیرکرد زاواکەی شێرکۆ بێکەس، کە جافێکی بە پاشناوی خۆیەوە ناوە، گۆرانی بۆ سەرۆک جاشێک دەڵێت، چونکە وەکو ئەو نەبووە، دەیەوێت بە گورانی لاسایی خیانەت بکاتەوە. جاران خەڵک لەخەمی نەتەوەدا بوو ئێستا لەخەمی عەشرەتدایە.

سەیر لەوەدایە ئەم پەیوەند جافە لە سلێمانی لەدایک بووە، لە دایک و باوکێکی هەڵەبجەییە، خەزوریشی مەرجی بۆ ئەوە دانەناوە، کە کێ بکاتە کوڕ و زاوای خۆی، گرنگ ئەو شیعری نووسیوە و بۆ خەڵکەکەی فڕێداوە، نەیتوانیوە کچێک جوان پەروەردە بکات، تا کەسێکی جوان بۆ ژیانی هەڵبژێرێت. شێرکۆ بێکەس  سەدان هۆنراوەی بۆ نەتەوەکەی نووسیوە، بەڵام جاش دۆستێک دەکاتە هاوشانی خۆی، گۆرانی بۆ جاشێکی جاف دەڵێت: ئیتر ئاو بێنە و دەست بشۆ. هەر جارێک کەسێکم، یان خوشک و براکانم هاوسەرگیرییان  دەکرد، دایکم زۆر جار دەیوت، نەگبەتی لەوەدا نییە کە منداڵەکانت غەریبەیەک دەکەنە هاوسەری خۆیان، بەڵکو لەوەدایە، کە نەوتوانیبێت باش پەروەردەت کردبن بۆ ئەوەی هاوسەرێکی خراپ نەهێننە ناومانەوە..
ئەم کەڵەکە تڕێیە هەرەس دەهێنێت، درەنگ یان زوو، ئەوە مانای ئەوە نییە ئێستا ڤیستڤاڵی گوند و عەشرەت و دیوەخان دەکەن، چونکە شتێک لەسەرو هەموو ئەوانەوە... نەتەوەیە، ئەوەش ڕابەرێکی وەک هۆرشی مین دەبێت لەهەموو شتێک ببورێت، نەک شتێ بڵێ و شتێکی تر نمایش بکات وەک جاش سیاسییەکان.
بەر لە کوژرانی "خالیدی خولەسور" شەوێک چاو پێکەوتنێکی کرد، ئەو پیاوێکی ئاقڵ بوو بە بەرپرسیارێتیەوە قسەی دەکرد ووتی من کۆمەڵەی ڕەجدەران بووم، بەڵام تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا داوایان لێکردووم فەوجی جاش بکەمەوە، منیش فەوجەکەم کردەوە.
پاش ماوەیەک بەڕێزێک بەناوی "ئەزمڕ " ووتارێکی نووسی، کە داخۆ ئێمە خالیدی خولەسور دادگایی بکەین یان خەڵاتی بکەین ؟ (کلیکی وێنەکە بکە)

خالیدی خوله‌ سوور خه‌ڵات بکه‌ین، یان دادگایی؟

وەک دوایی زانییم، کە دوا بڵاو بونەوەی ووتارەکەی "ئەزمر" خالید ی خولەسور پەیوەندی کرد، ووتی من دەتوانم بەڵگە بنێرم، لەگەڵ کتێبدا لە سەر مێژووی ڕووداوەکان تا بە وردی ئاگاداربن کێ وای لەمن کرد، کە فەوجی جاش دامەزرێنم، خالید بەسەریدا تیرۆر کرا و هەمووشتێک چووە سەر خاڵی دەسپێک چونکە خالید دەیووت من لە وردەکاری هەموو دەسپێکێک ئاگادارتان دەکەمەوە.
ئەمانەش دوو بایەتی ترن کە هاوڕێ کۆچکردومان مستەفا حەسەن گەورە یەکێکیانی بۆ وەڵامی عماد ئەحمەد نووسیوە. (کلیکی وێنەکە بکە)

ئەردەڵان خۆشناو هاتووە دەیەوێت میرەکەیمان لێبکات بەپاڵەوانی ڕووداوەکان و وای نیشان بدات میرەکەی خاوەن پایەی کۆمەڵایەتییە، ئەوەتانێ پەستا پەستا دبلۆماتکاران دێنە دیوەخانەکەیان و هەژاران لەوێدا سکیان تێر دەکەن، بە چەقەنەیەک کەیسي کۆمەڵایەتی کوشتن و بڕین لەناو دیوەخاندا چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.

فه‌یله‌سوفی هاوچه‌رخی هیندی (ئۆشۆ) ده‌ڵێ:
پێش ئه‌وه‌ی شۆڕش بکه‌ین، پێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ دروست بکه‌ین، که ‌شۆڕشه‌که‌ بپارێزن.
ئێستا دەسەڵاتی کوردی، کە بووە خاوەنی ئەو هەرێمە سەرەتا هات ئەو کەسانەی دورخستەوە، کە قوربانییان بۆ شۆڕش دابوو، چونکە دەیزانی ئەگەر وانەکات ئەوە ناتوانێت ئەو ژینەگە پیسە دروست بکات، کە هەموو ئاواتەکانی داگیرکەران بەجێ دەهێنێت. دوهەمین بابەت کە دەمەوێت بیگێڕمەوە چیرۆکی نووسەرێکە کە ڕۆژێک لەگەڵ "کوردۆ قاسم"دا لەناوچەی گەرمیان نیوەڕۆیەک دەچنە ماڵێک، کە میوانداریان دەکەن، ئەو دەگێڕێتەوە، کە زۆری لاسەیر دەبێت ئەم خاوەن ماڵە کەسوکارێکی زۆری لە دەورە، دێنەدەرەوە لەکوردۆ قاسم دەپرسێت ئەو خاوەن ماڵەکێیە؟ دەڵێ:
ئەوە تاڵەبانی بەکەللەی سەری تینوە!
دەپرسێت: بۆ، ئەمەکێیە!؟
دەڵێ ئەمە پیاوێکی نیشتمانپەروەرە قوربانی زۆری بۆ کورد و شۆڕشەکەی داوە، بەڵام لەکاتی گفتوگۆی یەکێتی، تاڵەبانی نامەیەکی بۆ دەنوسێت و داوای لێدەکات کە فەوجێکی جاش بکاتەوە. ئەم خاوەن ماڵەش وەڵامی دەداتەوە دەڵێ: من خۆم ڕیسوای بەردەمی گەلەکەم ناکەم جارێک لەساڵی ١٩٦٦دا هەڵەیەکم کرد، بەناوی کوردایەتییەوە بوومە جاش، ئێستا من هێندە دەبەنگ نیم دەست بەو کونەدا بکەم، کە مار پێوەی دابووم، تاڵەبانی تا مرد بەوداخەوە بوو نەیتوانی، کە ئەو پیاوە لەناو بەرێت، کە حسابی بۆ قسەکەی نەکردبوو.
ئەردەڵان خۆشناو، کۆمەڵێ وێنەی ناردوە دەیەوێت سامورایەکی یابانیمان پێشان بدات، نازانێت یابانییەکان زۆر لەوە هوشیارترن، ئەوان تەنیا رێز لە میواندارییەکەی کورد دەگرن، نازانن ئێوە کێن، لاشیان گرنگ نییە کە ئێوە کێ بن، ئەوان خاوەنی (ئایکۆ)نن، وا دەزانن ئێوە وەک ساموراییەکان لە بۆ نیشتمان ئامادەن خۆکوژیی بکەن، نەک جاشایەتی بۆ دوژمن
لە یابان هەر لە سەرەتای خوێندن، وانەیەکیان هەیە بەناوی موراڵ، واتا رەوشت، وا فێرکراون ئەگەر هەر کەسێک هەڵەیەکی گەورەی کرد، یان خۆی دەکوژێت، یان پەنجەی دەقرتێنێت، من دڵنیام ئەگەر ئەو یابانییە، بزانێت لە پاڵ کێدا وەستاوە، یان پەنجەی خۆی دەقرتان، یان خۆی دەکوشت، بەڵام بەداخەوە نازانێت چونکە هاتۆتە کوردستان و بە پیوەری ئەم هەموو ئەردەڵان ناوانەوە لە خیانەت و جاشایەتی دەڕوانێت

من حەزم دەکرد کە ئەردەلان خۆشناو بهاتایە گفتوگۆمان بکردایە لەسەر جاش و هونەرمەند نەک بێت خێڵێکم لەناو گەلێکدا پێ ئاشنا بکات، لەکاتێکدا من خۆم تاکێکی ناو ڕووداوەکان و کارەکتەرێکم لە ماوەی ژیانمدا لەخەمی گەلەکەمدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێک بووم.
من بەسەدان ووتارم نووسیوە بەردەوامیش دەبم تا خوێن لەجەستەمدا بێت، خۆزگەشم ئەوەیە کە کاتێک کەسێک لەناو ئەو ژاوەژاوی تۆڕە کۆمەڵایەتیانەدا کۆمێنتێک دەنووسن، سەرەتا نووسینەکە ناخوێننەوە، تا تێیبگەن، پاشان قسە بکەن، نەک لەخۆیانەوە بێن قسە لەسەر شتێک بکەن، کە هیچ پەیوەندیی بەو باسەوە نەبێت.
ئەردەڵان خۆشناویش ئاوا بیری کردۆتەوە و لە دیوەخانەکەی میریەکەی خۆیەوە پێیان وتووە وەڵامێک بدەرەوە و ئەو وێنانەشیان بۆ بنێرە. ئەردەڵان دەڵێت سمکۆی ساحێبقران بابەتەکانی تێکەڵ کردوە! منیش دەڵیم نەخێر تێکەڵم نەکردووە ئەوە تۆ خۆت لەگەڵ خۆت و عەشرەتەکەدا تێکەڵ بووی، لێ من دەزانم چیم ووتوە، من ووتومە سێ خێزان لەو هونەرمەندانە کە لە ڤیدیۆکەدا دیارن، هەڵگری قوربانین بەدەستی بەعس، چی وایان لێدەکات سەردانی خزمەتکارێکی دوژمنەکەیان بکەن! (جاش) و (هونەر جاش) و (گۆران جاش) (شیعر جاش) و (نواندن) چی بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە؟ زیندووەکانی ناو ئەو قەرەباڵغییە تا ئێستا لێرەو لەوێ نوزەیەکی بچوکیان لێهاتووە، بەڵام ئەوانەی مردوون و یان زیندوون لەسەر ئەژنۆ ڕێ دەکەن. یەکێک لەوانە بەخۆی و چاویلکەی چاوی، ویستی برادەرانی کوردستانپۆست فریوبات و حاشای کرد کە لە ناو ئەو کەسانەدا بێت، دوای ئەوەی وردتر بۆچوونمان بۆ کرد و وێنەکەیمان هێنا و ناوەکەیمان دانایەوە بۆ دادگای مێژوو. ئەمڕۆ هەموو شتێک شێواوە، بەڵام سبەی گەلی ئێمە، وەک گەلی فەڕەنسا چۆن "میرابۆ"یان لەگۆڕ دەرهێنا ئاوا خائین و خۆفرۆشەکان گەورە و بچوکیان دادگایی دەکرێن، چونکە جاران کە مێژوو دەنووسرایەوە سەدساڵی دەویست، تا دەگەیشتە دەستمان، ئێستا ڕۆژانە مێژوو خۆی دێت لە دەرکی ماڵمان دەدات. دیوەخانەکان تەمەنیان زۆر لەوە کورتترە کە چاوەڕوانی دەکەین. ئاخر تراژیدیایە، کوڕەکانی تاڵەبانی لە لەندەن گەورەبوون دەڵێن سەردانی خزمانی جاف و زەنگەنە دەکەین و لای ئەوان هەڵدەپەڕین... 
پێکەنیناوییە سکرتێری کۆنی کۆمەڵە و سکرتێری شۆڕشگێران لای سەرەک جاشێک چا دەخۆنەوە.

(ڤیکتۆر هۆگۆ دەڵێت: خەونەكانت بریتی نین لەوانەی، كە تۆ لە خەودا دەیان بینیت، بەڵكو بریتین لەوانەی كە ناھێڵن بخەویت )

ئەوە باوکی کوردە، لە کاتی پەڕینەوەدا لە چەمی ئاراس و پێش ئاشبەتاڵەکەی 1975

کاتێک عەرەب و عەشرەت تێکەڵ بە یەکتر دەبن
وشەی جاش لەلای مەغریبییەکان ناوی شار و پیشانگای سەیارەیە، لای کوردیش وڵاتی پڕ لە جاش و عەشرەت و دیوەخانی پڕ لە جاشە




(دەنگدراوە: 21 . زۆرباشە: 3.5/5)